ئازادیی ئایین و باوەڕ مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤەکانە و
گرنگییەکی زۆری بۆ تاک و کۆمەڵ بە گشتی هەیە. ئەم ئازادییە تەنیا لە مافی پەرستندا
کورت نابێتەوە، بەڵکە بەردی بناغەی کۆمەڵێکی دادپەروەر، ئاشتەوا و پێشکەوتووە و لە
ماددەی ١٨ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی پێ دراوە.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بە هەندێک لە سوودە سەرەکییەکانی
بدەین:
1-پاراستنی شکۆ و سەربەخۆیی تاک
بەبێ هەبوونی ئەم ئازادییە، مرۆڤەکان ناتوانن شکۆ و
سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، بە تایبەت لەو کۆمەڵگانەدا کە دەمارگیرییەکی ئایینی
زەقتر هەیە، دەکرێ بەردەوام تووشی سەرکۆنە و سووکایەتی و ڕەتکرانەوە ببن، ئەمەش
هەستی نامۆبوون و شکان لای باوەڕدارانی ئایینێکی دیاریکراو دروست دەکات و وایان لێ
دەکات، بیر لە جێهێشتنی زێدی خۆیان بکەنەوە و چیتر هەست بە پارێزراوی نەکەن.
2-دروستبوونی گیانی لێبووردەیی و تێگەیشتن
بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەکان، ئایین و نەریت و کولتووری
جیاوازییان لەخۆ گرتووە. لە هەندێ قۆناغدا پێکدادانی توند لەنێوان ئایینەکاندا
دروست بووە و لە هەندێ قۆناغی تریشدا، هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی ڕێژەیی نراوە.
ئازادیی ئایین و باوەڕ پردی دروستبوونی لێکتێگەیشتن و گیانی لێبووردەییە لەنێوان
ئایینەکاندا. بە دەستەبەربوونی ئەم ئازادییە، باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان، نەک
تەنیا بە گیانێکی لێبووردەوە دەکرێ یەکتری قبووڵ بکەن، بەڵکە دەکرێ بیکەنە هەوێنی
پێکەوەنانی کۆمەڵگەیەکی تەبا و دادپەروەرتر.
3-پاراستنی مافی کەمینەکان
ئازادیی ئایین و باوەڕ وەک قەڵغانێک وایە بۆ کەمینەکان.
باوەڕدارانی کەمینە، هاوشانی زۆرینە، بەشێکی گرنگن لە بونیاد و فەرهەنگی کۆمەڵگە و
نەتەوەیەک و مافی خۆیانە کە ئازادانە پەیڕەوی لە سرووتەکانیان بکەن، جا چ بە تەنیا
بێت، یان بە کۆمەڵ، چ لە شوێنە گشتییەکاندا بێت، یاخود تایبەت. توندوتیژی و
ڕەتکردنەوە و جیاکاریکردن بەرانبەریان، تەنیا پێشلێکردنی مافێک نییە، بەڵکە
هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی مێژوویەک و لەناوبردنی ناسنامەی ڕەسەنیان.
4-هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە
کۆمەڵگەکان بەبێ ڕەخنەکردن، پرسیارکردن و تێفکرین
ناتوانن پێش بکەون. ئازادیی ئایین و باوەڕ هاندەرێکە تا مرۆڤەکان سەرلەنوێ سیستەمە باوەڕییەکان بخەنە ژێر
پرسیارەوە و بەهای نوێ بەرهەم بهێنن و سەرئەنجام جۆرێک لە گەشەسەندنی فکری دروست
ببێت. بەبێ ئەم ئازادییە، کۆمەڵ لە ڕەوتی پێشکەوتنخوازانە دادەبڕێت و هەر بە
چەقبەستوویی دەمێننەوە و توانای خۆگونجاندن و نوێبوونە لەدەست دەدات.