سەرەتا ئینفۆگرافیک

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ نەک هەر پێشێلکردنی مافی قوربانییەکەیە، بەڵکو کەسوکاریشی تووشی زەبری دەروونیی توند دەکات، کە خۆیان بەهۆی ڕووداوەکەوە لە دۆخی نادڵنیایی و ئازارادان. بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بریتییە لە دەستبەسەرکردن یان ڕفاندنی کەسێک لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە، یان بە هاوکاری و کارئاسانیی ئەوان لەلایەن گرووپە ڕێکخراوەکانی ترەوە و دواتریش ڕەتکردنەوەی دداننان بە چارەنووس یان شوێنی کەسەکەدا. بۆیە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤە و بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی وەک پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەسەکان لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، بەئاشکرا قەدەغەیە و بەپێی بنەڕەتنامەی ڕۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتییش، بە تاوانی دژەمرۆڤایەتی دادەنرێت.  
لە عێراقدا، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، پرسێکی بەردەوام بووە و لە چەند شەپۆلێکدا دووبارە بووەتەوە. بەپێی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، عێراق (لە کۆتایی شەستەکانەوە تا ئێستا) خاوەنی گەورەترین ژمارەی بێسەروشوێنکراوانە لە جیهاندا، کە لای کەم ٢٥٠،٠٠٠ کەس و لای زۆریش نزیکەی ملیۆنێکە. شەپۆلی یەکەم سەردەمی ستەمکاریی بەعسییەکانە، قۆناغی دووەم پاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بە ڕێبەرایەتیی ئەمەریکا لە ٢٠٠٣، دواتریش لە سایەی حوکمڕانیی داعشدا پاش ٢٠١٤، ئینجا قۆناغی ئازادکردنی ناوچەکان لە داعش و تۆڵەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەتایبەت لە سوننەکان، کۆتا جاریش لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا کە دەیان خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووس و دەنگی ناڕازی، بێسەروشوێن کران. دۆخەکە بەهۆی ناسەروەریی یاسا و نەبوونی لێپرسینەوە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەبوونی هێزگەلی سەروو-دەوڵەتییەوە، خراپتر بووە. هەرێمی کوردستانیش حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بە خۆیەوە دیوە، بەتایبەت لە ماوەی گرژیی سیاسیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆدا، هەروەها لە پێکدادانی چەکداریی هێزە کوردییەکان لەگەڵ حکومەتی بەغدادا. سەرەڕای ئەوە، عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەهۆی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەیسی بێسەروشوێنکردنی ژنان و کچانی ئێزدیی ڕفێندراو لەلایەن داعشەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوونەتەوە.
بەهۆی ترس لە تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی شەفافییەت و لاوازیی ڕێکارە دادوەرییەکانەوە، داتاکان لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا،  بە ناتەواوی ماونەتەوە. چارەسەرکردنی ئەم پرسەش پێویستیی بە چاکسازیی یاسایی بەهێز، لێپرسینەوە لە تاوانکاران و پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان و خێزانەکانیان. لە ٢٠١٩وە چەند هەوڵێک هەن بۆ تێپەڕاندنی یاسای بێسەروشوێنکراوان لە عێراقدا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لەسەر پێناسەی بێسەروشوێنکردن و هەندێ جیاوازیی ترەوە، تا ئێستا سەریان نەگرتووە. ئێستاش دیسان پرۆژەیاسایەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە و بڕیارە بەم زووان بخوینرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.