سەرەتا وانەکان

دەروازەیەک بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی/ د. بەفراو ڕەئوف

ئەم دادگایە ڕووکنی دادوەریی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە ساڵی ١٩٤٥دا دامەزراوە،  لە مادەکانی ٩٢-٩٦ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە کار و چالاکییەکانی ئەم دادگایە کراوە، لە ساڵی ١٩٤٦ پەیڕەوی ناوخۆیی دادگاکە نووسراوەتەوە. دادگاکە لە شاری لاهای هۆڵەندایە لە باڵەخانەی ئاشتی. بە گوێرەی مادەی ٣٦ ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای دادی نێودەوڵەتی (پێویستە دەوڵەتان ڕەزامەندیی دەرببڕن بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لەم دادگایەدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی دوو جۆر بڕیار دەردەکات (دادوەری و ڕاوێژکاری). ئەم دادگایە لە بڕیارەکانیدا جەخت دەکاتەوە لە سەروەریی وڵاتان، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان. دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی تاوانی جینۆساید و لە زۆر بارودۆخدا بڕیارەکانی کاریگەرییان هەبووە لە کۆتاییپێهێنانی ئەنجامدانی ئەم تاوانانە لە لایەن دەوڵەتانەوە.
بە وتەی خاتوونی دادوەر، پرۆفیسۆر رۆزالین هیگینس، "دادگای دادی نێودەوڵەتی فانۆسی دەریایی ئۆقیانووسی یاسای نێودوڵەتییە" بەهۆی ئەو ڕۆڵە باش و بێلایەنییەی دەیگێڕێت لە چارەسەرکردنی گرفتە نێودەوڵەتییەکان لە ئێستادا لە ناو تاکەکەکان و میدیاکانیشدا بە باشی دەناسرێت و بە بایەخەوە سەیردەکرێت.