نوێترینەکان

ناوەند خوێندنگەیەکی هاوینەی پێنج ڕۆژەی بۆ پۆلێک لە خوێندکارانی یاسای زانکۆکانی کوردستان سازدا:

ناوەندی کوردستان لە ڕوانگەی سازاندنی زەمینەک بۆ ئاشناکردنی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە بنچینەکانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و پرسە یاساییەکانی پەیوەست بە لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان خوێندنگەیەکی هاوینەی بۆ پۆلێک لە خوێندکاری کۆلێژی یاسا لە زانکۆکانی گەرمیان، ڕاپەڕین، دهۆک و کەرکوک ڕێکخست لە ڕێکەوتی ٢٧-٣١ تەممووزی ٢٠٢٥ لە پارێزگای سلێمانی، کە بە هاوکاری دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لەڕێگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (IFA) جێبەجێی دەکات.

لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژدا، بەشداربوان ئاشناکران بە پوختەیەک لە کاروچالاکییەکانی ناوەند لە چۆنێتی زەمینەسازی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. پاشان، د.توانا عەبدولڕەحمان پوختە باسێکی پێشکەشکرد لەسەر یاسای تاوانی نێودەوڵەتی. هاوتەریب بە کۆمەڵێک وانەی تایبەتمەند بە ڕەهەندەکانی جێبەجێکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە عێراق و یاسای تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن دادوەرانی بەڕێز دادوەر ڕزگار ئەمین، د.سەردارعەلی عەزیز پێشکەشکران. ئەوەی شایەنی باسە لە ڕۆژی دووەمدا د.محمد ناسیح بەشداربوانی ئاشناکرد بە ڕۆڵی یادگە لە دووبارە نەبوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا. پاشان خوێندکاران لە میانەی گەشتێکی زانستیدا بۆ مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە لە نزیکەوە بینەری ئەرشیفی تاوانە نێودەوڵەتیەکان بوون کە دەرهەق بە نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە. کۆتا بابەتی ڕۆژەکەش تایبەت بوو بە دەروازەیەک بۆ یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی کە لەلایەن هۆشیار مستەفا، بەڕێوبەری ئۆفیسی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە پارێزگای سلێمانی پێشکەشکرا.

لە دەستپێکی سێیەم ڕۆژدا، هاوڕێ ئەحمد، سەرۆکی ناوەند بابەتێکی پێشکەشکرد دەربارەی تاوانی جینۆساید لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتییدا. پاش پشوویەکی کورت، خوێندکاران ئاشناکران بە گفتوگۆیەک دەربارەی تاوانی دژبەمرۆڤایەتی و پرسی دادپەروەری لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتییدا، کە لەلایەن بەڕێزان د.ئاوارە حوسێن و د.بەفراو ڕەئوف لە زانکۆی هەڵەبجە پێشکەشکران. سەربار، لە چوارەم ڕۆژی خوێندنگەکەدا د.عیباد ئیبراهیم دەروازەیەکی خستەڕوو لەسەر جۆری تاوانەکانی جەنگ لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆییدا. پاشان، بەڕێز حەسەن جەمیل باسێکی فراوانی خستەڕوو لەسەر گرنگی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان وەک بەشێک لە دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی. کۆتا چالاکی خوێندکارانیش لەم ڕۆژەدا بریتی بوو لە شیمانەکردنی چەند کەیسێکی گریمانەی لەلایەن خوێندکارانەوە بۆ لێکۆڵینەوە و دادبینی لە تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا کە لەلایەن تیمی ناوەند ڕێنوێنیان پێدرا لەمەڕ چۆنێتی شیمانەکردنیان و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی ڕەخنەییان لە چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان.

لە کۆتا ڕۆژی خولەکەشدا، د.سەرکەوت جەلیل خوێندکارانی بەشداربووی ئاشناکرد بە چییەتی گوتاری ڕەقاوی لە تاوانی جینۆسایدا. ئەوەی شایەنی باسە، پاش بە کۆتا هاتنی بابەت تیۆرییەکان، خوێندکارانی بەشداربوو دابەشکران بەسەر چەند گروپێکدا، هەر یەکێکیان گەڵاڵەنامەی دەستپێشخەرییەکانی خۆیان خستەڕوو کە ئامادەیان کردبوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە لە کۆمەڵگاکانی خۆیان بەدی دەکەن بە مەبەستی چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی هەرەوەزی لەگەڵ گەنجانی هاوتەمەنی خۆیان لە چوارچێوەی پڕۆگرامی دەستپێشخەری گەنجاندا، کە ناوەند لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەری خستووە بۆ پاڵپشتی گەنجان لە چارەسەرکردنی گرفتە ناوچەییەکانیاندا.