هاوینی
٢٠١٤، چەکدارانی داعش چوونە ناو شاری موسڵ و ترس سەراپای شوێنەکەی داگرت. خەڵکێکی
زۆر ڕایان کرد، لەنێو ئەو کەسانەدا کە بە تەنیا مانەوە و نەیانتوانی هەڵبێن،
ئافرەتێکی ٩٨ ساڵی مەسیحی بوو بە ناوی کامیلیا حەداد لەگەڵ هاوڕێکەی. ئەم دوو
ئافرەتە، زۆر لەوە بەتەمەنتر بوون کە توانای هەڵهاتنیان هەبێت. دەربازبوون مەحاڵ
بوو و شارەکەش لەژێر هەڕەشەی تۆقێنەری چەکدارەکاندا بوو.
خۆر بەرە
بەرە ئاوا دەبوو، لە کاتێکدا کە دەنگی فیشەک و تەقینەوە لە دوورەوە دەهات، کامیلیا
لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە سەیری دەرەوەی دەکرد. خەڵکی هەڵدەهاتن، دوکان و بازاڕەکان
دادەخران، چپەچپی هەواڵ و پێشهاتی کارەساتبار، جێی نزاکانی گرتبووەوە. کامیلیا بە
تەنیا مابووەوە، هەرچەند ترسابوو، بەڵام باوەڕ و ئومێدی لەدەست نەدابوو.
لەپڕ
تەقە لە دەرگا دەدرێت، سەیر دەکا ئیلیاس ئەبو ئەحمەدی دراوسێیانە، پیاوێکی موسڵمان
کە چەندان ساڵ لەو گەڕەکەدا ژیابوو. زیاتر خەم لە نیگای چاوانیدا بەدی دەکرا نەک
ترس. بە ئافرەتەکە دەڵێت: دەتوانی هەر لێرە بمێنیتەوە، من دەتپارێزم.
خێزانەکەی
ئیلیاس، میوانداری کامیلیا و مارییان کرد و لە ژوورەکانی دواوە، حەشاریان دان.
چەندان هەفتە دڵیان ئۆقرەی نەگرت، بەردەوام دەنگۆی کارەساتی گەورەتر بڵاو دەبووەوە،
چەکدارەکان بەو ناوەدا دەهاتن و دەچوون و کەسانێکیش پرسیاریان لە خێزانەکەی ئیلیاس
دەکرد. هەندێ جار کامیلیا لە دەرەوە گوێی لە تەپەی پێ دەبوو، دڵی دادەخورپا و
وایدەزانی کە پێیان زانیون، بەڵام ئیلیاس بە زمانێکی نەرم و دەنگێکی لەسەرخۆوە،
هەموو جار دووری دەخستنەوە و نەیدەهێشت دەستیان پێیان بگات.
لە بەر
ڕووناکیی مۆمێکی کزدا، خۆراک و سەرین و نوێن و پێداویستییەکانی تریان بۆ کامیلیا و
ماری دەبرد. منداڵەکانی ئیلیاس بە بێدەنگی ئاویان بۆ دەبردن. شەوێکیان چەکدارەکان
دێن و پرسیاری شوێنی مەسیحییەکان لە ئیلیاس دەکەن، بەڵام ئیلیاس چاونەترسانە،
ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەپێناو پاراستنی ئەواندا دەخاتە مەترسییەوە و هیچیان پێ
ناڵێت.
دوای
ئازادکردنی موسڵ و گەڕانەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان، ژیان ئاسایی دەبێتەوە و کامیلیاش
ڕزگاری دەبێت، هەمووشی بە هەوڵ و خەمخۆریی خێزانەکەی ئیلیاس کە موسڵمان بوون. لەو
ساتانەدا، جیاوازیی ئایینی نەبووە ڕێگر، دڵسۆزی و مرۆڤایەتی، بوونە پاڵنەری ئەو
کارەی ئیلیاس. ئەم چیرۆکە، وەک نموونەیەکی گەش و جوانی هەڵکردنی نێوان ئایینەکان و
مرۆڤدۆستی دەمێنێتەوە. ڕەنگە بیروباوەڕ ترازان و جیاوازی دروست بکات، بەڵام
هاوخەمی و مرۆڤدۆستی، هەمیشە پردی بەیەکگەیشتنەوە و ئاشتەوایی بنیاد دەنێتەوە.