ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانییه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕێكخراوه بنكه سهرهكییەکانی له وڵاتانی عێراق و سوریا بوون، ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی چالاكییه‌كانی خۆی ناوبه‌ناو له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌و دوو وڵاته ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كانی ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بوون و نین به‌و دوو وڵاته‌وه، به‌ڵكو سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و ئاشتی و ئارامی جیهانی خستۆته پێش مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌وه.
له‌م نووسینه‌دا، ده‌مانه‌وێت ته‌نها جه‌خت بكه‌ینه سه‌ر به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ی كه یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ به‌جیهانیكردنی مه‌ترسییه‌كانی ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی". له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین و لێیان بکۆڵینەوە له دووتوێی چه‌ند باسێكدا، كه له خواره‌وه ئاماژه‌یان پێده‌كه‌ین.
(أ) جه‌مسه‌رگیری سیاسی جیهانی و گه‌شه‌سه‌ندنی تیرۆریزم:
جه‌نگی سارد و دابه‌شبوونی جیهان بۆ سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری ئایدیۆلۆجی، سیاسی و ئابووری كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر جوڵانه‌وه ڕزگاریخوازی، ناسیۆنالیستی و سیاسییه‌كان. هه‌ریه‌ك له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ڕۆڵی به‌رچاویان ده‌گێڕا له یارمه‌تیدان و پاڵپشتیكردنی گروپه و ڕێكخراوه جۆراوجۆره‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ناوخۆییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌ن به ده‌سه‌ڵات یان پارێزگاری له مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، له پێناو پاراستن و فراوانكردنی هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتیاندا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، كه دواتر له رێگه‌ی ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانیانه‌وه ڕێگریان له په‌لكێشانی وڵاتانی بلۆكی نه‌یار ده‌كرد، هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه ده‌بوونه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ردوو زلهێزه جیهانییه‌كه ڕۆڵیان هه‌بوو له هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات یاخود له ده‌سه‌ڵات لابردن و مانه‌وه‌ی زۆرێك له سه‌ركرده دیكتاتۆرییه‌كانی جیهان([1]).
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسی ئێمه‌یە لێره‌دا یارمه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵێک وڵاتیتری هاوپه‌یمانێتی له پشتگیری و كۆمه‌ك كردنی ئیسلامی سیاسی-جیهادی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی كۆمۆنیزم له جیهاندا به‌تایبه‌ت له وڵاتی ئه‌فغانستان، ئه‌ویش له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا. یارمه‌تییه له‌شكری و لۆجستییه‌كانی بلۆكی ڕۆژئاوا بووه هۆی به‌هێزبوونی ڕه‌وتی سه‌له‌فی جیهادی له جیهاندا، كه دوای ده‌رچوونی سووپای سۆڤییه‌ت له وڵاتی ئه‌فغانستان له ساڵی (1989) و كۆتایهاتنی جه‌نگی سارد ئه‌و جیهادیستانه به وڵاته ئیسلامی-عه‌ره‌بییه‌كاندا بڵاوبوونه‌وه و هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئیسلامی له‌و وڵاتانه‌دا زیاتر به‌ره‌و په‌ڕگیری بچن.. له‌مڕۆدا مه‌ترسی ئه‌و جیهادیستانه ته‌نها بۆ سه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی نیه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان و بچووكبوونه‌وه‌ی جیهان به هۆی دیارده‌ی به‌جیهانیبوونه‌وه، مه‌ترسیه‌كانی ئه‌م جیهادیانهش به‌جیهانی بوون و بوونه‌ته گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی([2]). هه‌ڵبه‌ت، ئه‌گه‌ر كۆتای هاتنی جه‌نگی سارد "جیهادییه عه‌ره‌ب-ئهفغانهكانی" به وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا بڵاوكرده‌وه، ئه‌وا دیارده‌ی به‌جیهانیبوون و شۆڕشی دیجیتاڵی ئایدۆلۆژی جیهادیی به هه‌موو جیهاندا بڵاوكرده‌وه.
نوام چومسكی له كتێبی (لەباره‌ی تیرۆریزمی ڕۆژئاوایی) تیشك ده‌خاته سه‌ر یارمه‌تیه‌كانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و سعودیه له پشتگیری كردنی ئیسلامی توندڕەو و په‌ڕگیر. چۆمسكی ئاماژه به‌وه ده‌كات، یارمه‌تیه‌كانی هه‌ریه‌ك له ئه‌مریكا و سعودییه بۆ جیهادیستیهكانی ئه‌فغانستان له كه‌س شاراوه نیه، كه له وڵاتانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه جیهادیستیهكانیان هانده‌دا بۆ "جیهاد" واتە جەنگ ڕوو له ئه‌فغانستان بكه‌ن و، كه به چه‌كی واشنگتۆن و له‌نده‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژئاوا شه‌ڕیان ده‌كرد([3]).
یارمه‌تییه‌كان بۆ "جیهادیسته عه‌ره‌ب-ئه‌فغانه‌كان" بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م هێزه له دوای كشانه‌وه‌ی سووپای یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له خاكی ئه‌فغانستان ئه‌زموونێكی گه‌وره‌ی چه‌كداری بۆ به‌جێبمێنێت. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و یارمه‌تییه لەشکریی و لۆجستیكیانهی كه بۆیان مابوه‌وه. جیهادیستیهكان ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌یان به سه‌ركه‌وتنی بلۆكی ڕۆژئاوا به‌سه‌ر بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات نه‌ده‌زانی، به‌ڵكو به‌سه‌ركه‌وتنی ئیسلامیان ده‌زانی به‌سه‌ر یه‌كێك له زلهێزه‌كانی جیهاندا. له‌دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه جیهادیستهكان خۆیان ئاماده ده‌كرد بۆ شكستهێنان به زلهێزه‌كه‌ی تری جیهان كه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو([4]). به‌م جۆره ململانێی نێوان دوو ئایدۆلۆژیای دژ به‌یه‌كی جیهانی له نێوان یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمریـكا ده‌گۆڕیت به ململانێی نێوان ڕۆژئـاوا و گروپـه جیهادییـه-تهكفیرییـهكان.
له دوای ده‌رچوونی سووپای یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له وڵاتی ئه‌فغانستان، ئه‌و بیرۆكه‌یه هاته ئاراوه بۆ سه‌ركردایه‌تی ڕێكخراوی قاعیده، كه جیهاد به‌رده‌وامی هه‌بێت دژ به كافران و ئه‌مجاره ئاراسته‌ی دژایه‌تیكردنی به‌ره‌و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بگۆڕیت. ئه‌گه‌رچی شه‌ڕی بۆسنه (1992-1995) بووه هۆی ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا جیهادییه‌كان ته‌ركیزیان له‌سه‌ر دۆژمنه نوێیه‌كه‌یان (وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا) لاوازبێت، به‌ڵام له دوای ئه‌و جه‌نگه دژایه‌تی و په‌لاماره‌كانی ڕێكخراوی قاعیده بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕووی له هه‌ڵكشان كرد، له دوای یازده‌ی سێپتهمبهریشهوه ڕه‌وتی جیهادی-ته‌كفیری پێی نایه قۆناغێكی تازه‌تر([5]).
كاریگه‌ری ڕه‌وتی به‌جیهانیبوون و هێرشی به‌ها مادییگهرا ڕۆژئاواییه‌كان بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كان، په‌ره‌سه‌ندنی ململانێی ئیسرائیل-فه‌له‌ستین، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له دوای جه‌نگی دووەمی كه‌نداو (1992)، كۆمه‌ڵه هۆكارێك بوون بۆ دژایه‌تیكردنی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌لایه‌ن ڕێكخراوی قاعیده و شوێنكهوتوانیانهوه. چوونكه ئه‌و هه‌نگاو و بارۆدۆخهیان به داگیركردنی كه‌لتووری و زه‌مینی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانیان ده‌زانی له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه([6]).
له ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردودا، ئوسامه بن لادن هه‌ستا به دروست كردنی شانه‌ی سه‌له‌فی-جیهادی له به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپی، بۆ ئه‌وه‌ی هزری سه‌له‌فی-جیهادی له‌ناو لاوه موسڵمانه‌كاندا بڵاو بكه‌نه‌وه، له‌و وڵاتانه‌ش وه‌ك ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا. له‌دوای هێرشه‌كانی 11 سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2001 بۆ سه‌ر وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كاریگه‌ری ئه‌و شانه نهێنیانه زیاتر بوون و، له ڕێگه‌ی شانه‌كانه‌وه گه‌نجان به ڕێكخستن ده‌كران و، بۆ وڵاتی عێراق ڕه‌وانه ده‌كران، تاوه‌كو دژ به سووپای هاوپه‌یمانان جیهاد (شەڕ) بكه‌ن. ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی وه‌ك ڕێبه‌رێكی قاعیده له عێراق (2004-2006) له‌و چوارچێوه‌یه‌دا توانیبووی به‌شێك له گه‌نجه موسڵمانه‌كانی ئه‌ڵمانیا له ڕێگه‌ی كه‌سێكی "جیهادی" خاوەن ڕەگەزنامەی ئه‌ڵمانی به‌ناوی (ابو عطا) بۆ نێو ڕێكخراوه‌كه‌ی ڕابكێشێت([7]).
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین سیسته‌می دوو جه‌مسه‌ری جه‌نگی سارد ڕۆڵێكی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی هه‌بووه له‌سه‌ر به‌هێزبوونی "جیهادستییهكان" و كۆبوونه‌وه‌یان له چوارده‌وری یه‌كتر، كه ئه‌وه‌ش متمانه و گڕوتینێكی زیاتر پێبه‌خشین و، له چوارچێوه‌ی چه‌ند ڕێكخراوێكی كاریگه‌ردا پێكه‌وه‌ی به‌ستنه‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رنجی جیهادیستییهكانی جیهانیان بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانیان له خاكی ئه‌فغانستان ڕ‌اكێشا.
له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و له‌ناوچوونی ئه‌و دوژمنه سه‌ره‌كییه‌ی كه وڵاتانی كه‌نداو و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ جیهادیستییهكانیان دروست كردبوو، ئه‌و گروپانه ئاراسته‌ی دژایه‌تی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانیان بۆ ڕۆژئاوا و ئه‌مریكا گۆڕی، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بنكه سه‌ربازییه‌كانی له دوای شه‌ڕی كۆیتهوه (1991) له وڵاتانی ئیسلامی دامه‌زراند. ئه‌و هه‌نگاوه بۆ گروپه جیهادییه‌كان و له‌سه‌رووی هه‌موویه‌وه بۆ قاعیده داگیركردنی وڵاتانی ئیسلامی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی بوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خاچپه‌رستی ڕۆژئاواییه‌وه (به وته‌ی ئه‌وان)، بۆیه دژایه‌تیكردنی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بووه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌لقاعیده و جیهادیستییهكان به گشتی. ده‌توانین بڵێین جه‌نگی سارد جیهادییه‌كانی هێنده‌ی تر به‌هێزكرد و، له دوای كۆمۆنیزمه‌وه كردنیه گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهانی.
(ب) پشێوی سیاسی و سته‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا:
له زۆرێك له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌و سیسته‌مانه‌ی كه هه‌بوون و هه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای حوكمێكی تاكڕه‌ویی و دیكتاتۆری بونیاد نرابوون و نراون، كه به‌شێوه‌یه‌كی سته‌مكارانه كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌ده‌بن. ئه‌م ڕژێمانه بانگه‌شه‌ی سیكۆلاریزم، سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزمیان ده‌كرد، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا سیسته‌مگه‌لێكی دواكه‌وتوو و كۆنه‌پارێز بوون. ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی كه ئه‌م سیسته‌مانه له‌سه‌ری وه‌ستاوبوون یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ده‌ركه‌وتن و به‌هێزبوونی هێزه ئیسلامییه فێنده‌مێنتالیسته‌كان. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ئیسلامی سه‌له‌فی – جیهادی به دیوێكدا به‌رهه‌می شكست و لاوازی ڕژێمه سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه‌یه له ئه‌نجامدانی چاكسازی ڕیشه‌ی و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكراسی([8]).
سیسته‌مه سیاسییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی-ئیسلامی له دابڕانێكی قوڵ و گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریبوون، ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه بووه كه جه‌ماوه‌ر خۆیان به به‌شێك له سیسته‌می سیاسی نه‌زانن، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی پاساو و ڕهوایهتیدانیی دینیه‌وه له شیوه‌ی گروپی توندڕه‌وی دینیدا به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتداران ببنه‌وه. جێگه‌ی ئاماژه پێدانه، كاتێك سته‌م و زۆری ده‌سه‌ڵات له‌ژێر بیانوو و په‌رده‌یی دینییدا نابێت، واته له ژێر ڕهوایهتیدانێكی ده‌ره‌وه‌ی دینی و بنه‌مایه‌كی نامه‌زهه‌بی بێت، ئه‌وا بانگه‌وازی دینی و بونیادگه‌را دینییه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چه‌كداری، هێز و گوڕوتینی زیاتر ده‌دات به‌خۆی([9]).
به‌رپابوونی شۆڕشه‌كانی "به‌هاری عه‌ره‌بی" له ساڵی (2011)ده‌رفه‌تێكی زێڕین بوو بۆ هێزه ئیسلامییه پهڕگیرهكان، تاوه‌كو به هێزێكی گه‌وره‌وه بێنه نێو گۆڕه‌پانی ناڕه‌زاییه سیاسییه‌كانه‌وه. به‌هاری عه‌ره‌بی بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌كانی هێنده‌ی تر به‌هێز كرد. ئه‌و هێزه ئیسلامییانه سیسته‌م و كارنامه‌ی سیاسی‌یان وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌كی سیسته‌می باوی كۆمه‌ڵگه به‌یان كرد.
ئه‌گه‌رچی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی بوونه هۆی گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی پارتی فه‌رمانڕه‌وا له به‌شێك له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا وه‌ك لیبیا، تونس و میسر، به‌ڵام وڵاتی سوریا یه‌كێك له‌و وڵاتانه بوو كه له ساڵی (2011)ه‌وه شۆڕشی تێدا هه‌ڵگیرساوه و ئێستاش له شێوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا درێژه‌ی هه‌یه. سه‌رۆكی سوریا (به‌شار ئه‌سه‌د) تا ئێستا ئاماده نییه ده‌ست له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگرێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی به‌رده‌وامی كوشتار و كاره‌ساته مرۆییه‌كان له‌و وڵاته‌دا. ڕاگه‌یاندنه‌كان ڕۆڵێكی ئیجگار گه‌وره‌یان گێراوه له گواستنه‌وه‌ی كاره‌ساته مرۆییه‌كانی ئه‌و وڵاته، هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌رنجی به‌شێك له موسڵمانانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی ڕاكێشاوه، تاوه‌كو له ژێر پاڵنه‌ری یارمه‌تی مرۆڤ دۆستانه په‌یوه‌ندی به گروپه توندڕه‌وه‌كانی هاوشێوه‌ی به‌ره‌ی نوسره و ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه بكه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ڕژێمی ئه‌سه‌د. بۆیه به‌شێك له‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"یه‌وه ده‌كه‌ن، ته‌نها به هۆكاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕژێمی دیكتاتۆری (به‌شار سه‌د)ه‌وه‌یه([10]). به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌كه‌وێت كه سته‌م و زوڵمی ده‌سه‌ڵات له وڵاتانی عه‌ره‌بی_ئیسلامی هۆكارێك بووه بۆ دروست بوونی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه تێیدا گروپ و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان گه‌شه بكه‌ن و، ببنه مه‌ترسی بۆ سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان. قه‌یرانه‌كانی سوریا و باڵاده‌ستی ڕێكخراوه ئیسلامییه جیهادییه‌كانی وه‌ك ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و به‌ره‌ی نوسره جیهادییه‌كی جیهانی (Global Jihadist) دروست كردووه، كه ئاماده‌ی شه‌ڕكردنه له هه‌ر كوێیه‌كی جیهاندا بۆ سه‌رخستنی شه‌ریعه‌تی خودا و سه‌ركه‌وتنی موسڵمانان. جیهادیسته جیهانییه‌كان هه‌موو جیهان به پانتایی خه‌باتی جیهادی خۆیان ده‌زانن و، جه‌نگاوه‌ری سنوربڕن. ئه‌گه‌ر له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دژایه‌تیكردنی حكومه‌ته كۆمۆنستییهكهی ئه‌فغانستان و بوونی سووپای سور له‌و وڵاته‌دا هۆكاری كۆبوونه‌وه‌ی جیهادییه‌كان بووبێت، ئه‌وا له دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه سوریا و ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د هۆكاری سه‌ره‌كی گردبوونه‌وه‌ی جیهادییهكانن له‌و وڵاته‌دا. ده‌توانین ئاماژه به‌وه بكه‌ین كێشه‌ی سیاسی سوریا پرسی تیرۆری برۆدته چوارچێوه‌یه‌كی جیهانییه‌وه.
له پاڵ ئه‌وه‌ی كه ئاماژه‌یان پێكرا، دۆخی ئابوری و سیاسی وڵاتی عه‌ره‌بی-ئیسلامی یه‌كێك بووه له بنه‌ڕه‌تیترین هۆكاره‌كانی دروست بوونی ژینگه‌ی تیرۆر. ئه‌گه‌رچی هه‌ژاری و خراپی دۆخی ئابووری قوتابخانه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤی تیرۆریست نیه، هه‌روه‌ها مه‌رج نیه ئه‌وانه‌ی ده‌بنه تیرۆریست هۆكار و پاڵنه‌ری ئابووری له پشته‌وه بووبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یارمه‌تیده‌رێكی گرنگه بۆ ڕاكێشانی مرۆڤ بۆ نێو گروپه توندڕه‌وه‌كان. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یاده‌وه‌رییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ ڕابردووی وڵاتانی ڕۆژئاوادا نیه، هه‌روه‌ها ئه‌و وتاره تیاییدا زاڵه كه هۆكاری دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌كانیان بۆ داگیركاری وڵاتانی ڕۆژئاوا بگه‌ڕێننه‌وه، ئه‌مه‌ش وای كردووه رق و توڕه‌بوونێكی ده‌سته‌جه‌معی دروست ببێت كه یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ گروپه تیرۆریستییه‌كان تاوه‌كو ڕامی بكه‌ن و له رێگه‌یه‌وه هێزبدهنهبهر خۆیان([11]).
بوونی سته‌م و سیسته‌مێكی دیكتاتۆری له وڵاتانی عه‌ره‌بی_ئیسلامی، هه‌روه‌ها خراپی بارودۆخی ئابووری و برسێتی و هه‌ژاری هۆكارێك بوون بۆ زیادبوونی دیارده‌ی كۆچ له‌و وڵاتانه‌وه به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپی له ده‌یه‌ی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیست به‌شێوه‌كی به‌رچاو. به‌شێك له‌م كۆچبه‌رانه به‌هۆی هۆكاری سیاسییه‌وه ڕوویان له‌و وڵاتانه ده‌كرد، كه هه‌ندێكیان سه‌ركرده و ئه‌ندامی پارته ئیسلامییه ئۆپۆزسیۆنه‌كان بوون، ئه‌و كه‌سایه‌تییانه له وڵاتانی خۆیاندا ڕووبه‌ڕووی گرتن و له‌ناوبردن ده‌كرانه‌وه. یه‌كێك له سه‌ركرده ئیسلامییه كۆچكردووه‌كان ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری ئه‌میری ئێستای قاعیده بوو، كه له دوای چه‌ند سالێك زیندانی له وڵاتی میسر به‌ره‌و هۆڵه‌ندا كۆچی كرد([12]). ئه‌م كه‌سایه‌تییه سیاسی-ئیسلامییانه خاوه‌ن دید و به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی دیاریكرا بوون، كه كۆچكردنیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی كاریگه‌ری دیاری له‌سه‌ر ڕه‌وه‌ندی ئیسلامی ئه‌و وڵاتانه دروست كرد. له ده‌یه‌ی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیست به‌دواوه ڕه‌وه‌ندی ئیسلامی له ئه‌وروپا ڕه‌هه‌ندیكی سیاسی وه‌رده‌گرێت، ئه‌م ڕه‌وه‌نده له دوای ساڵی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه زیاتر به‌ره‌و شوناسی دینی و كلتووری خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه و، چه‌ندین ڕێكخراوی و كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی‌یان پێكده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیانی تێدا ڕێكبخه‌ن([13]). سه‌رهه‌ڵدانی وڵاتانی شكست خواردوو و لاواز گه‌لێك ئاكامی نه‌رێنی به‌دوای خۆییدا ده‌هێنێت و، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێته هۆی دروست بوونی نائارامی و نه‌بوونی ئاسایش له نێو خودی ئه‌و وڵاتانه‌دا، كه كاریگه‌رییه‌كانی دهپهڕنەوه بۆ ژینگه‌ی هه‌رێمی و جیهانی، وه‌ك دروست بوونی مافیای نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی تیرۆریزم، كه ئه‌ویش كاره‌سات و پشێوی بۆ وڵاتانی جیهان دروست ده‌كات([14]). له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، شكستی ئه‌زموونی سیاسی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاته دیكتاتۆرییه‌كانی تر ئاكامه نه‌رێنییه‌كانی ته‌نها بۆ نێوخۆی ئه‌و وڵاتانه نه‌بووه، به‌ڵكو پریشكی خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان فرێداوه و، له كێشه‌یه‌كی ناوخۆییه‌وه بووه به كێشه‌یه‌ك بۆ وڵاتانی تر، كه ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ڕێگه‌ی دروست بوونی دیارده‌ی كۆچ و، په‌ڕێنه‌وه و سنوربڕی هزری توندڕه‌وه‌ی و به نێونه‌ته‌وه‌یی بوونی ڕێكخراوه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و... هتد ئاكامهكی ده‌بینرێت.
(ج) گه‌شه‌ی ته‌كنه‌لۆجیایی زانیاریی و په‌یوه‌ندی:
ميديا جيهانيیهكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك فه‌یسبووك و تویته‌ر له ئێستادا تۆڕێكى به‌رفراوانى زانيارى جيهانین، كه ده‌توانن له هه‌موو جێگەیەكی ئه‌م جیهانه‌دا بوونیان هه‌بێت و ڕۆشنایی بخه‌نه سه‌ر ئه‌و دیارده و ڕووداوانه‌ی كه هه‌ن یان ڕووده‌دن. ته‌كنه‌لۆجیایی زانیاری و په‌یوه‌ندی له ئێستادا ده‌ریچه‌یه‌كی یەکجار گه‌وره و خێران له گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان به كۆی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كان و دروست كردنی په‌یوه‌ندی له نێوان تاكه‌كاندا.
ميدياكان به‌هۆی گرنگی و كاریگه‌رییانه‌وه له‌مڕۆدا ئامرازێكی سه‌ره‌كى و بنه‌ڕه‌تین بۆ ئه‌و گروپانه‌ى كه په‌ناده‌به‌نه به‌ر كارى توندوتيژى و تيرۆر. به‌بێ ته‌كنه‌لۆجیای گواستنه‌وه‌ی زانیاری كرده‌وه‌ی گروپه تیرۆریستییه‌كان و ئایدۆلۆژیایی ئه‌و گروپانه له بازنهيهكى ته‌سكى دووره‌په‌رێزدا ده‌مێننه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌يان بۆ ناڕه‌خسێت كه وه‌ك گروپێكى خاوه‌ن ئامانجى سياسى, دينى, ئابورى و ...هتد خۆيان به دنياى ده‌ره‌وه بناسێنن، تاوه‌كو بتوانن له ڕێگه‌ى به‌رنامه و دروشم و كرهوهكانيانهوه سه‌رنجى خه‌ڵكى و حكومه‌ته‌كان بۆ لاى خۆيان ڕابكێشن، هه‌روه‌ها ئه‌ندامى نوێ بهێننه ڕیزه‌كانیانه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه "ئه‌كته‌رى ڕاديكاڵ پێويستى به‌وه هه‌يه كه چالاكيه‌كانى ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ر جيهاندا په‌خش بكات و، خۆى به دونيا بناسێنێت. پێويستى به‌وه هه‌يه كه له په‌راوێزه‌كاندا نهژى و نه‌مرێت. ئه‌وه‌ى كه ده‌توانێت و‌ڵامى ئاره‌زوويه‌كى له‌م شێوه‌يه بداته‌وه, ميديا لۆكاڵيهكان نين كه له ڕووبه‌رێكى ته‌سكدا خۆيان په‌خش ده‌كه‌ن, به‌ڵكو ئه‌و "ماسميديا"يانهن, كه له‌سه‌ر ئاستى جيهان ده‌بينرێن"([15]).
ئه‌گه‌ر له‌پێشوودا ته‌له‌فزیۆنه جیهانییه‌كان وه‌ك الجزیره، العربیه، CNN و BBC ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی چوونه نێو مه‌یدانی كۆمه‌ڵگه ناوخۆی و جیهانییه‌كان بووبێت بۆ رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان ئه‌وا ئێستا ڕێگه‌ی كاریگه‌رتر و به‌رده‌ستتر تۆڕه جۆراوجۆره‌كانی سه‌ر ئینته‌رنێتن وه‌ك فه‌یس بووك، تویته‌ر، ویبلاگهكان و...هتد. له ئێستادا تۆڕی ئینته‌رنێت گرنگترین ناوه‌ندی چالاكییه مه‌جازییه‌كانی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانن.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دیارده‌ی به‌جیهانیبوون بریتیه له خیرایی گواستنه‌وه‌ی زانیاری، ئه‌ویش له رێگه‌ی كۆمه‌ڵی كه‌ناڵی ئه‌لیكترۆنیه‌وه، كه جیهانی ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی نوێ كردووه و كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری به‌رچاوی له بواره جۆراوجۆره‌كان هێناوه‌ته كایه‌وه. له ئێستادا ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی بواری ته‌كنه‌لۆجی زانیاری و په‌یوه‌ندی بووه‌ته ئامرازێكی گرنگی گروپه تیرۆریستییه‌كان تاوه‌كو بتوانن له ڕێگه‌یه‌وه رێكخستنه‌كانی خۆیان تۆكمهتربكهن، هه‌روه‌ها پێگه و پایه‌ی خۆیان به‌هێز بكه‌ن، جگه له‌وه‌ی وه‌ك ناوه‌ندێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ندامی نوێ سوودی لێوه‌رگرن و بۆلای خۆیانی ڕابكێشن. یه‌كێك له‌و گروپانه كه له جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك سوود له‌م زه‌مینه نوێیه وه‌رگرتووه (كه به‌رئه‌نجامی دیاده‌ی به‌جیهانیبوونه) ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"یه. ئه‌م ڕیكخراوه توانیبووی به‌شێكی به‌رچاوی جیهادییه‌كان چی وه‌ك تاك و چی وه‌ك گروپ له رێگه‌ی كه‌ناڵ و ئامرازه‌كانی جیهانی نوێی په‌یوه‌ندی بۆ لای خۆی ڕابكێشێ([16]).
ڕاگه‌یاندن ڕه‌گه‌زێكی گه‌وره و گرنگی ڕێكخراوه‌كه‌ی پێكده‌هێنا، كه له رێگه‌یه‌وه چالاكی و بانگه‌شه و پروپاگه‌ندە و شەڕی دەروونی خۆی بڵاوده‌كرده‌وه. هه‌روه‌ها وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگ بۆ پرۆسه‌ی چەکدارگیریی (تجنید) به‌كاریده‌هێنا. ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت ببوونه مه‌یدانێكی گرنگی كاری ڕێكخراوه‌كه و ئه‌م مه‌یدانه‌ش ناونراوه "جیهادی ئه‌لیكترۆنی"([17]). ڕێكخراوه‌كه له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و سه‌دان هه‌زار هه‌ژماری ئه‌لیكترۆنی له تۆڕه‌كانی وه‌ك تویته‌ر و فه‌یسبووك و چه‌ندین سایتی ئینته‌رنێتییه‌وه ئه‌م پرۆسه‌ی جیهاده‌ی به ڕێوهدهبرد.
شایه‌نی ئاماژه پێكردنه، كه ئه‌م ڕێكخراوه ته‌نها به بڵاوكردنه‌وه‌ی چالاكی، سه‌ربازگیری، بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و كۆمه‌كی دارایی سوودی له تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت وه‌رنه‌ده‌گرت و وه‌رناگرێت، به‌ڵكو وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگ ته‌ماشای ده‌كرا بۆ ڕاهێنان و مه‌شق پێكردنی لایەنگرانی و "جیهادییه‌كان" له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ئه‌ویش به مه‌به‌ستی هه‌ستان به ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی له وڵاته‌كانی خۆیاندا. ڕێكخراوه‌كه له ڕێگه‌ی تۆڕی ئینته‌رنێته‌وه چه‌ندین ڤیدیۆ، ئۆدیۆ و نامیله‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه، كه تایبه‌تن به ڕێنمایی و ته‌كنیكه‌كانی چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی و چۆنیه‌تی دروستكردنی بۆمب و چه‌كی سووك بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی([18]). له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌توانرێت بوترێت ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" نه‌ك ته‌نها جیهادی بردۆته نێو جیهانی مه‌جازییه‌وه و، ئینته‌رنێت وه‌ك چه‌كێكی گرنگی جیهاد ته‌ماشا ده‌كات (جیهادی ئه‌لیكترۆنی)، به‌ڵكو ئه‌م مه‌یدانه كراوه به ناوه‌ندێكی گرنگ بۆ مه‌شق و ڕاهێنانی چه‌كداری كه ده‌توانین ناوی لێبنێین (بنكه‌ی مه‌شق و ڕاهێنانی ئه‌لیكترۆنی). ئه‌گه‌ر بنكه بهرجهستهكانی ڕێكخراوه‌كه له وڵاتانی عێراق، سوریا، میسر، لیبیا و ئه‌فغانستان به به‌رده‌وامی له ژێر مه‌ترسی هێرشه ئاسمانییه‌كاندا بووبون، ئه‌وا بنكه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی سه‌ره‌ڕای پارێزراوبوونیان ده‌كرا له هه‌موو شوێنێكدا بوونیان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و بنكانه ڕووبه‌ڕووی له‌ناوبردن ببنه‌وه، به‌ڵام دانانه‌وه‌ی بنكه‌ی نوێی له شوێنیان كاری چه‌ند خوله‌كێكه و، ده‌توانرێت به ئاسانی و به هه‌مان چه‌ك و كه‌ره‌سته و هێزی مرۆییه‌وه پێكبهێنرێنهوه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان ته‌كنه‌لۆجیایی زانیاری و په‌یوه‌ندی بۆ به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراو به‌كارده‌هێنن، له‌وانه‌ش وه‌ك پڕوپاگه‌نده سیاسی و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رنامه و چالاكییه‌كانیان، گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ندامی نوێ و ڕێكخستنیان، دابینكردنی دارایی ڕێكخراوه‌كانیان، دروست كردنی په‌یوه‌ندی له نێوان ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه سه‌ر به ڕێكخراوهكهن و توندوتوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هێزه‌كانی دوژمن، هه‌روه‌ها ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایه فه‌زایه‌كی گه‌وره‌یه و ده‌توانن به‌ئاسانی خۆیانی تێدا بشارنه‌وه و ئاشكرا نه‌بن له‌كاتی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كانیان([19]).
وه‌ك ڕوون ده‌بێته‌وه ته‌كنه‌لۆجیایی زانیاری و په‌یوه‌ندی ڕه‌نگێكی جیهانی به ڕێكخراوه‌كه دابوو و، له ڕێگه‌یه‌وه ده‌ستی گه‌یشتووه به هه‌موو پنتێكی ئه‌م جیهانه. ڕێكخراوه‌كه خاوه‌نی چه‌ندین سایت و ماڵپه‌ڕ و ئه‌كاونتی چالاك بوو (له ئێستاشدا به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار بوونیان هه‌یه) و له رێگه‌یه‌وه ئایدۆلۆژیا و دنیابینیی و چالاكییه‌كانی بڵاوده‌كرده‌وه، ئه‌مه‌ش وای كردبوو به ئاسانی به هه‌موو جیهاندا بڵاوببێته‌وه و، دان به هیچ سنورێكدا نه‌نێت.
(د) دیارده‌ی كۆچ و ڕۆڵی له به‌جیهانیكردنی تیرۆردا
دیارده‌یی كۆچ یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك. له مڕۆدا بابه‌تی كۆچ بووه به بابه‌تێكی جیهانی و، له ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی به‌شێك له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كیشوه‌ری ئه‌فریقیا، هه‌روه‌ها خراپی دۆخی ئابووری به‌شێك له ناوچه‌كانی جیهان دیارده‌كه ڕۆژ به ڕۆژ به‌ره‌وه هه‌ڵكشانی زیاتر ده‌چێت. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و به‌تایبه‌ت له ساڵی (2015)ه‌وه لێشاوێكی گه‌وره‌ی كۆچ له وڵاتانی باكوری ئه‌فریقیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بۆ ئه‌وروپا ده‌ستی پێكرد، كه به دیارده‌یه‌كی نائاسایی له قه‌ڵه‌م درا و، وڵاتانی ڕۆژئاوایی دووچاری گرفت و كێشه‌ی زۆر كرده‌وه. ئاكامه‌كانی كۆچی به كۆمه‌ڵ جۆراوجۆرن، به‌ڵام لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین دیارده‌كه به تیرۆریزم ببه‌ستینه‌وه، ڕوونی بكه‌ینه‌وه كه دیارده‌ی كۆچ چۆن تیرۆری برۆدته ئاستێكی جیهانی و ڕهنگیگی تری پێبه‌خشیوه.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژووی كۆچ بكه‌ین له‌سه‌ده‌ی بیستدا ده‌بینین په‌نابه‌رانی نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی هاوڵاتیانی ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، ڕوسیا، ئه‌رمه‌نی و ئاشوری بوون، هه‌روه‌ها په‌نابه‌رانی سه‌رده‌می جه‌نگی سارد په‌نابه‌رانی پاكستان، وڵاتانی كۆمۆنیستی، كۆریا، ڤێتنام و هتد بوون، به‌ڵام له‌مڕۆدا په‌نابه‌ران خه‌ڵكانێكن كه له وڵاتی عێراق، سوریا، ئه‌فغانستان، لیبیا، یه‌مه‌ن و باكوری ئه‌فریقیاوه له ترسی جه‌نگ و مردن هه‌ڵهاتوون، كه به‌شێكی زۆریان په‌نابه‌ران هاوڵاتی سورین([20]). به گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كان له ئێستادا پێنج میلیۆن و شه‌سه‌د هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی سوری وڵاتی خۆیان به‌جێهێشتووه و به‌سه‌ر به‌شێك له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپادا بڵاوبوونه‌ته‌وه، بۆ نموونه ته‌نها توركیا نزیكه‌ی سێ میلیۆن و شه‌سه‌د هه‌زار په‌نابه‌ری سوری له خۆگرتووه. هه‌روه‌ها وڵاتی ئه‌وروپا به‌تایبه‌ت ئه‌ڵمانیا به هه‌زاران په‌نابه‌ری سوریان له‌خۆیانگرتووه[21]. ئه‌م دیارده‌یه كاریگه‌ری خۆی بۆ سه‌ر وڵاتانی میواندار دروست ده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی جیاوازی زمان، كولتوور، سیسته‌می سیاسی و ژینگه‌ی گشتی ئه‌و وڵاتانه به نیسبه‌ت په‌نابه‌رانه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م دیارده‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست بوونی دیارده‌ی توندوتیژی، هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم ده‌بێت. جێی ئاماژه‌یه كه به‌شێك له كرده تیرۆریستییه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوای له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه ئه‌نجامدراون كه پێشتر به‌شێوه‌ی نایاسایی كۆچیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا كردووه، هه‌رچه‌نده ئه‌م حاڵه‌تانه به مانای پێكه‌وه گرێدانێكی توندی دیارده‌ی كۆچ و تیرۆریزم نایه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته كه په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆز له نێوان ئه‌و دوو دیارده‌یه‌دا هه‌یه.
له ئێستادا تیرۆری ئاینی یان تیرۆر له به‌رگی ئایینی‌دا زه‌قترین تایبه‌تمه‌ندی دیارده‌ی تیرۆره و ئاینی ئیسلام له‌م نێوه‌نده‌دا زۆرترین قسه و باسی لێوه‌ده‌كرێت له نێو ده‌زگاكانی لێكۆڵینه‌وه، میدیاكان و پانتاییه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه. جێگه‌ی بایه‌خدانه ئاماژه به ڕێژه‌ی موسڵمانان له وڵاتانی ڕۆژئاوادا بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگ و قورسایی په‌یڕه‌وكه‌رانی ئه‌و ئایینه له وڵاتانی ڕۆژئاوادا بزانرێت، كه به‌هۆی كۆچه‌وه ڕوویان له‌و وڵاتانه كردووه. له ئێستادا موسڵمانان گه‌وره‌ترین كه‌مینه‌ی دینین، هه‌روه‌ها له دوای ئاینی مه‌سیحیه‌وه به ئاینی دووه‌م له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت له وڵاتانی ڕۆژئاوا. هه‌ر چه‌نده ئامارێكی ورد له‌سه‌ر ژماره موسڵمانه‌كانی ڕۆژئاوا له‌به‌رده‌ستدا نیه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ئاماری نزیكهییه كه بۆ ژماره‌ی موسڵمانان مه‌زه‌نده ده‌كرێت.
ڕۆژ له دوای ڕۆژ ژماره‌ی موسڵمانان له وڵاتانی ڕۆژئاوادا ڕووی له زیادبوونه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی پیوPew Research Center))* پێشبینی ئه‌وه ده‌كات كه ڕێژه‌ی موسڵمانان له(6%) ه‌وه بۆ (8%) زیاد بكه‌ن تاوه‌كو ساڵی (2030) له وڵاتانی ڕۆژئاوادا. به گوێره‌ی ڕاپۆرتی پیو كه له كۆتایی ساڵی (2017) بڵاوی كردۆته‌وه، (000،770،25) میلیۆن موسڵمان له وڵاتانی ئه‌وروپادا ده‌ژین، كه زۆرترین ڕێژه‌یان له فه‌ره‌نسادان و ژماره‌یان (720.000،5) میلیۆن موسڵمانه. دوابه‌دوای فه‌ره‌نسا ئه‌ڵمانیا دێت به ڕێژه‌ی (000،950،4) میلیۆن و به‌ریتانیا به ڕێژه‌ی (000،130،4)میلیۆن. كه‌مترین ڕێژه‌شیان له لۆكسهمبۆرگدان كه (10.000) هه‌زار موسڵمانن([22]).
هه‌مان سه‌نته‌ر له توێژینه‌وه‌یه‌كی خۆیدا كه ساڵی (2016)دا بڵاوی كردۆته‌وه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه موسڵمانان له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نزیكه‌ی (3،300،000) موسڵمانن له كاتێكدا دانیشتوانی ئه‌مریكا نزیكه‌ی (300.22،0000)ه و، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش گریمانه ده‌كرێت بۆ دوو هێنده به‌رزببێته‌وه و ڕێژه‌كه بگاته (8،100،000) تاوه‌كو ساڵی (2050). له ئێستادا موسڵمانان (1%) دانیشتووانی ئه‌و وڵاته پێك ده‌هێنن، به گوێره‌ی پێشبینییه‌كان له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا بۆ (2%) به‌رزده‌بێته‌وه([23]). له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ئامارانه ده‌رده‌كه‌وێت كه ژماره‌ی موسڵمانان له وڵاتانی ڕۆژئاوادا نزیكه‌ی (28) میلیۆن موسڵمانه. موسڵمانان سه‌ره‌تا به‌هۆی هۆكاری سیاسی و ئابورییه‌وه له ڕێگه‌ی كۆچه‌وه ڕوویان له‌و وڵاتانه كردووه و، دواتر به‌هۆی پرۆسه‌ی (كۆكردنه‌وه‌ی خێزان) و دروست كردنی ژیانی هاوسه‌رێتی ڕوویان له گه‌شه و زۆربوون كرد.
له ئێستادا یه‌كێك له گیروگرفته‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بریتیه له دیارده‌ی كۆچ و ئاوێتهنهبوونی كۆچبه‌ران به كولتووری كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییهكانهوه. له نێو ئه‌م ڕه‌وه‌نده‌ی كوچبه‌ران و كه‌سانی سه‌ر به كولتووره جۆراوجۆره‌كان، موسڵمانان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك به‌شێكی نامۆی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه ماونه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی نائامادهییان به قبوڵكردنی به‌ها ڕۆژئاواییه‌كان و پابه‌ند بوون و پاراستنی به‌ها و نه‌ریته ڕه‌سه‌نه‌كانی خۆیان([24]).
شایه‌نی ئاماژه پێكردنه كه دانیشتووانه ناڕه‌سه‌نه‌كان له به‌شێك له وڵاتانی ڕۆژئاوا دووچاری جیاكاری و گیروگرفتی نه‌ژادی بوونه‌ته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، ئه‌مه‌ش هۆكارێك بووه له‌وه‌ی كه‌به‌شێك له‌و چه‌كدارانه‌ی له وڵاتانی ڕۆژئاواوه هاتوونه‌ته نێو ڕێزی ڕێكخراوه توندڕه‌وه‌كان به‌گشتی و ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" به‌تایبه‌ت، كه‌سانێك بن كه له وڵاته‌كانی خۆیاندا ڕووبه‌ڕووی جیاكاری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و ئابوری بوونه‌ته‌وه. واته به‌هۆی بێبه‌شبوونه‌وه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه ڕه‌نج و ئازاریان كێشاوه، له ڕێگه‌ی هاتنه نێو ئه‌م ڕیكخراوانهوه ده‌یانه‌وێت گۆڕانكارییه‌ك له ژیانی خۆیاندا بكه‌ن و، له هه‌ستی بێبه‌ش بوون خاڵی ببنه‌وه([25]).
سنووردانانی كولتووری وایكردووه به‌شێك له په‌نابه‌ران و بیانییه ئیسلامییه‌كانی ڕۆژئاوا زیاتر په‌یوه‌ست بن به شووناسی دینی خۆیانه‌وه و، وه‌ك سه‌نگه‌رێك بۆ پارێزگاری و هێرشبردنه سه‌ر ئه‌ویدی په‌نای بۆ ببه‌ن. له ئێستادا به‌شێك له لاوه موسڵمانه‌كانی ڕۆژئاوا دیدگایه‌كی بونیادگهراییانهیان هه‌یه و، به‌شێوه‌یه‌كی توند پابه‌ندن به ڕێسا و یاساكانی ئاینی ئیسلامه‌وه. بونیادگه‌راكان له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه و به‌دواداچوونی خۆیانه‌وه شێوازی دیندارییان هه‌ڵبژاردووه، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له ڕۆشنبیرانی و خوێندكارانی عه‌ره‌بی وڵاته ڕۆژئاواییه‌كان یارمه‌تیان وه‌رگرتووه تاوه‌كو بتوانن زانیاری زیاتر به‌رده‌ست بخه‌ن. به‌لای ئه‌م گروپانه‌وه ئیسلام ده‌توانێ شوێنگره‌وه‌ی ژیانی په‌راوێزخراوی ئه‌وان بێت، ده‌توانێت چاره‌سه‌ر بێت بۆ كێشه جۆراوجۆره‌كانیان له نێو كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كاندا. ئه‌م بونیادگهراییانه له‌ڕێگه‌ی ڕه‌خنه گرتن له دونیایی مۆدێرن و كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كانی ڕۆژئاواوه‌وه ئیسلام وه‌ك ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ر و فریادڕه‌سی دۆخی ههنوكهییان ده‌بینن. ئه‌م گروپانه بابه‌تی په‌روه‌رده و هوشیاری به به‌ردی بناغه‌ی كاره‌كانیان ده‌زانن و، گرنگیه‌كی یه‌كجار زۆری پێده‌ده‌ن([26]). ئه‌و موسوڵمانه فه‌نده‌مێنتالیستانه مه‌رج نیه كه له په‌یوه‌ندیدا بن به ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانه‌وه، یان هه‌ر ڕێكخراوێكی توندڕه‌وی ئیسلامی، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نیه به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و جیهادیستیانهی په‌یوه‌ندی به رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌كه‌ن سه‌ر به‌و فێندهمێتالیستانهن.
به‌شێك له‌و فه‌نده‌مێنتالیستانه له دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ناوخۆی سوریاوه ڕوویان له‌و وڵاته كرد بۆ جیهاد كردن دژ به ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د. ڕۆشتنی ئه‌م جیهادیستییانه چه‌ند جێگه‌ی مه‌ترسی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی و ڕۆژئاوا به‌تایبه‌ت بێت، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتانی خۆیان وه‌ك مه‌ترسییه‌كی ئاینده‌یی ته‌ماشا ده‌كرا. ئه‌و چه‌كدارانه دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان توندڕه‌وتر ده‌بن و، به‌چاوی دوژمنایه‌تییه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیان ده‌ڕوانن. هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی زۆریان له جه‌نگی پارتیزانی وه‌رگرتووه و، ده‌توانن هه‌ڵمه‌تی تیرۆریستی ورد و كاریگه‌ر ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها ده‌توانن له ڕیگه‌ی دروستكردنی شانه و گروپی تیرۆریستی بچووكه‌وه ئاسایش و ئارامی ئه‌و وڵاتانه بخه‌نه ژێر مه‌ترسیه‌وه (هه‌رچه‌نده له ئێستا ڕاده‌ی مه‌ترسییه‌كانیان به‌و ئاسته نیه كه پێشبینی ده‌كرا)([27]). ده‌كرێت لێره‌دا ئاماژه به (عبدالحميد ابا عود)* بكه‌ین وه‌ك داڕێژه‌ری په‌لاماره تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر شاری پاریس. ئه‌باعود له ساڵی (2014)ه‌وه په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كردووه و، پێش ئه‌نجامدانی زنجیره هێرشه تیرۆریستییه‌كان هاتۆته فه‌ره‌نسا و سه‌رپه‌رشتی ئه‌و شانه‌یه‌ی كردووه كه كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجامدا([28]). هه‌ر بۆیه مه‌ترسییه‌كانی ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" ته‌نها له‌و چه‌كدار و شانه نوستووانه خۆی نه‌ده‌بینییه‌وه كه له به‌شێك له وڵاتانی جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی بوونیان هه‌یه و ئاماده‌ی هه‌ر چالاكییه‌ك ده‌بوون ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كه‌وه پێیان بسپێردرایه، به‌ڵكو مه‌ترسییه‌كان خۆی له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه زیاتر ده‌خسته‌ڕوو كه له وڵاتانی ڕۆژئاواوه هاتبوونه نێو ڕێكخراوه‌كه([29]).
سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كداره بیانییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه بۆ وڵاته‌كانی خۆیان یان ئه‌و په‌ڕگیره ئیسلامییانه‌ی كه به‌یعه‌تیان به رێكخراوه‌كه دابوو، مه‌ترسی چوونی تیرۆریستانی ڕێكخراوه‌كه له‌گه‌ڵ شاڵاوی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌و وڵاته ئه‌گه‌ری كراوه بوو. له هێرشه‌كانی (11/11/2015) بۆ سه‌ر شاری پاریس، یه‌كێك له هێرشبه‌ره‌كانی خۆكوژه‌كانی سه‌ر یاریگای (Stade de France) گه‌نجێكی په‌نابه‌ری سوری بوو به‌ناوی (أحمد المحمد) كه ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م پێش ئه‌و كرده‌وه‌یه خۆی گه‌یاندبووه ئه‌و وڵاته([30]).
ده‌كرێت له كۆتاییدا ئاماژه به‌و ڕاستییه بكه‌ینه‌وه، كه سیاسه‌تی جیاكاری، تێكه‌ڵنه‌بوونی ڕه‌وته كۆچبه‌ران به ژینگه‌ی كولتووری وڵاتانی ڕۆژئاوایی، په‌راوێزبونی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌ند هۆكارێكی تر هۆكاری نامۆبوونی به‌شێك له ڕه‌وتی په‌ناهه‌نده‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون و ڕێكخراوه سه‌له‌فی_جیهادییه‌كان توانیویانه سه‌ركه‌وتووبن له ڕاكێشانی سه‌رنجی به‌شێك له‌و ڕه‌وه‌نده به‌لای خۆیاندا، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی پێشنیاركردنی شوناسی ئاینی وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ دۆخی بێ شووناسی یان نامۆبوونی ئه‌و تاكانه. به‌م شێوه‌یه گروپه ڕادیكاڵه‌كان ده‌توانن سه‌ركه‌وتووبن له گیان بهبهرداكردنهوهی ئه‌و مرۆڤانه و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌یان له دوایشدا به‌كارهێنانیان.
(ھ) نامۆیی و دووباره هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ناسنامەی ئاینی:
ئۆلیڤه‌ر ڕوا (Olivier Roy)* له‌باره‌ی په‌راوێزبوون و دیارده‌ی نامۆبوونه‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كاره‌كته‌ره تیرۆریستییه ئیسلامییه‌كانی ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا منداڵی خودی ئه‌و كۆمهڵگهیانهن، ئه‌و ئه‌كته‌رانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه نه‌نێردراون بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی تاوه‌كو هه‌ڵسن به ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستانه، به‌ڵكو به‌شێكیان له مناڵییه‌وه له‌و وڵاتانه گه‌وره‌بوون یاخود له‌دایك بوون و، په‌روه‌رده‌ی وڵاته ڕۆژئاواییه‌كانیان وه‌رگرتووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ژین له ئه‌نجامدا مرۆڤگه‌لێكی تێكشاو و نامۆییان لێ دروست بووه. هه‌ڵگرتنی شووناسی ئاینی له‌و دۆخه نه‌خوازراوه ده‌روونی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه تێیدا ده‌ژین ده‌توانێت كه‌سایه‌تیه‌كی نوێ بۆ ئه‌م ئه‌كته‌رانه دروست بكات، كه ده‌كرێت ناوبنرێت موسڵمانگهلی دووباره له‌دایك بوو (Born Again Muslims)([31]). به‌شێك له كرده تیرۆریستییه‌كانی ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" له ڕۆژئاوا ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه و، له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه ئه‌نجامدراون كه له خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه له دایك بوون و گه‌وره بوون. له ئێستادا ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" بووه‌ته چه‌ترێكی گه‌وره بۆ ئه‌و كه‌سانه تاوه‌كو له په‌ناییدا تۆڵه‌ی خۆیان له كۆمه‌ڵگه بكه‌نه‌وه و، له ژێر په‌رده‌ی دینییدا شهریعییهت به كرده‌وه‌كانی خۆیان بده‌ن.
نامۆبوون ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییهكانهوه، به‌ڵكو له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا، كه لانكه‌ی دروست بوونی مرۆڤی تیرۆریست و توندڕه‌وه، مرۆڤی نامۆ و په‌راوێزخراو یه‌كێكه له به‌رئه‌نجامه دیاره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگانه. له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پرۆسه‌ی به مۆدێرنكردن له هه‌ندێ لایه‌ندا ناكۆكی و دژایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ كولتوور و پێکهاتەی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌دا. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه گۆڕانكارییه‌كان و به مۆدێرن بوون ده‌كرێت هه‌ستی نامۆبوون و به‌رهه‌ڵستكاری دژ به پرۆسه‌كه له‌گه‌ڵ خۆیدا دروست بكات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هنتینگتۆن ئاماژه به‌وه ده‌كات: "ڕه‌نگه مۆدێرنیزم له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ستی بێگانه‌بوون و دابڕان له په‌یوه‌ندییه كۆنه‌كاندا پێكبهێنی و ببێته هۆی قه‌یرانی ناسنامه، له‌م نێوه‌نده‌دا ئاین ده‌توانێت وەڵامگۆی ئه‌م قه‌یرانه ده‌بێت"([32]). به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه ئاین ده‌توانێت ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕێت له به‌خشینه‌وه‌ی ناسنامه بۆ تاك له كاتێكدا له قه‌یرانی ناسنامه‌دا ده‌ژیت. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره ئایین ده‌توانێت چه‌كێكی گاریگه‌ر بێت بۆ خۆ بونـیادنـانهوه و بهگـژداچوونهوهی دیارده‌ی بهجیـهانیبوون و پرۆسـهی مۆدێرنەکردن.
ده‌كرێت بوترێت هۆكارێكی جێگه‌ی تێبینی چوونی خه‌ڵكانێك بۆ نێۆ ڕێكخستنی گروپه تیرۆریستییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی قه‌یرانی شووناس. ده‌سه‌ڵاتخوازی وڵاتانی ڕۆژئاوا له ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها سته‌مكاری و سه‌ركوتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له نێوخۆی وڵات‌دا كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌ستی نامۆیی و بێ‌شوناسی له هه‌مان كاتدا گه‌ڕان به دوای شوناسێكدا. به‌شێكی دیاری خه‌ڵك له‌و وڵاتانه‌دا چاوه‌ڕێن ده‌سه‌ڵاتێك دروست ببێت كه رزگاریان بكات له ژێر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی وڵاتانی ڕۆژئاوا و جارێكی تر شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیانیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه([33]). وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت دووركه‌وتنه‌وه له ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئاینی بۆ موسڵمانان ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به وڵاتانی ڕۆژئاواییه‌وه، به‌ڵكو وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (عه‌ره‌بی و ئیسلامی) هه‌ست به‌و نائاماده‌ییه‌ی ناسنامه (هویت) ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی شێوەی سیسته‌می سیاسی ئه‌و وڵاتانه كه خۆیان له چوارچێوه‌ی ناسیۆنالیزم، سیكۆلاری و سۆسیالیزمدا ڕێكخـستووه.
له ئاستێكی به‌رینتردا ده‌كرێت قه‌یرانی ناسنامه بۆ ڕه‌وت و دیارده‌یه‌كی جیهانی بگه‌ڕێنینه‌وه كه ئه‌ویش دیارده‌ی به‌جیهانیبوونه. له ڕاستیدا دیارده‌ی به‌جیهانیبوون گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌ی به‌سه‌ر چه‌مكی شوێندا هێناوه. له‌مڕۆدا شوێن یان جوگرافیایی مرۆیی ئاماژه نیه بۆ سنورێكی تایبه‌تمه‌ندی دیاریكراو و دابڕاو، به‌ڵكو به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆجیای په‌یوه‌ندییه‌وه سنوری جوگرافی نێوان مرۆڤه‌كان له چوارچێوه‌ی وڵاته‌كاندا به ڕاده‌یه‌ك كاڵبووه‌ته‌وه، كه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ هه‌موو مرۆڤه‌كانی جیهاندا له په‌یوه‌ندیدا و ئاڵوگۆڕی كلتووریدا بیت. له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ناسنامه (هویت) كه تایبه‌ته به شوێن و ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراوه‌وه تووشی قه‌یران و هه‌ڕه‌شه‌ی لاوازبوون یان له‌ناوچوون بووه‌ته‌وه. كاتێك دیارده‌ی به‌جیهانیبوون سنوره‌كان لاواز ده‌كات، ئاوێته‌بوون و له‌ناوچوونی كلتووره بچووك و لاوازه‌كان ئه‌گه‌رێكی به‌هێز و چاوه‌ڕوان كرا‌و ده‌بێت له نێو كلتووره باڵادهستهكهدا([34]).
هه‌ڕه‌شه‌ی توانه‌وه‌ی كولتووره ناوچه‌ییه‌كان له ده‌رئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی دروست بوونی كاردانەوە، كه هه‌ندێك جار ئه‌م په‌رچه‌كردارانه ده‌گۆڕدرێن بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به دیارده‌ی به‌جیهانیبوون. مامۆستای به‌شی فه‌لسه‌فه له زانكۆی هارڤارد ئه‌مارتیا سن (Amartya Kumar Sen) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه : "له‌ناو بزوتنه‌وه‌كانی دژ به به‌جیهانیبوون به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون دژایه‌تی ڕۆژئاوایی بهدیدهكریت، په‌یوه‌ست بوون به ناسنامه‌ی ناڕۆژئاوای له چوارچێوه‌ی دین (وه‌ك ئیسلامییه بونیادگه‌راكان)، ناوچه‌گه‌ری (په‌یوه‌ست بوون به به‌ها ئاسیاییه‌كان)، كولتوور (وه‌ك پوهست بوون به به‌ها و ڕه‌وشته‌كانی كۆنفۆسیۆسی)، ده‌توانێت ڕۆڵ بگێڕێت له لهبهریهكههڵوهشانهوهی یه‌كێتی جیهانی"([35]). ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" نموونه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و ڕه‌وتانه‌یه كه بۆ پاراستنی ناسنامه‌ی ئیسلامی (وه‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات) په‌ناده‌باته به‌ر كاری توندوتیژی و تیرۆریستی و دژ به ڕه‌وتی به‌جیهانیبوون وه‌ستاوه‌ته‌وه، ئه‌م كرده‌وانه‌ش ڕۆڵ ده‌گێڕێت له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كێتی و هاوشێوه بوونه‌ی كه دیارده‌ی به جیهانیبوون هه‌وڵی پێكهێنان و دروست كردنی ده‌دات.
توانای ڕاكێشانی ئایدیۆلۆژی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی وه‌ك "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" هاوكات له‌گه‌ڵ بوونی قه‌یران و بۆشایی ناسنامه له دونیای مۆدێرندا ژینگه‌یه‌كی یارمه‌تیده‌ری هێناوه‌ته کایەوە بۆ ده‌ست ڕاگه‌یشتن به ئه‌ندامی نوێ له سه‌رانسه‌ری جیهان، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه هه‌ست به نامۆیی و بێ ناسنامه‌ی ده‌كه‌ن و، له په‌راوێزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدان. ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیه‌وه توانیبووی خۆی به هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان بگه‌یه‌نێ و ئه‌ندامی نوێ بهێنێته نێو ڕێكخستهكانیهوه. وه‌ك ڕون و ئاشكرایشه كه به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌م ڕێكخراوه له وڵاتانی كیشوهرەکانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه په‌یوه‌ندیان پێوە كردووه، ئه‌مه‌ش ئه‌و موسڵمانانه‌ن كه دووچاری جۆرێك له نامۆیی هاتوون به هۆی سیاسه‌تی جیاكاری و نوشستیان لە ژیان، ئه‌ویش هەندێک جار له‌به‌ر ڕه‌نگی پێست، پهنابەریبوون و موسڵمان بوون. بوونی چالاكی سیاسی و هه‌ڵمه‌تی ڕاگه‌یاندنی نهژادپهرستانەی هه‌ندێك ڕێکخراوێکی ئەوروپی و ئەمریکی، هه‌روه‌ها رقلێبوون به هۆكاری نەتەوەپەرستی یان جیاوازی کولتووری جۆره هه‌ستیكی پەراوێزکردنی له نێو به‌شێك له موسڵمانانی ئه‌و وڵاتانه دروست كردووه، كه یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌یه‌وه ڕێكخراوێكی تیرۆریستی وه‌ك "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" بۆ لای خۆی ڕایانبكێشێت([36]).
وه‌ك ده‌ركه‌وت یه‌كێك له به‌شداربووانی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی (13/11/2015) بۆ سه‌ر شاری پاریس كه دواتر له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پۆلیسدا خۆی ته‌قانده‌وه كچه مهغریبییهكی دانیشتووی فه‌ره‌نسا بوو به‌ناوی (حسناء آیه بلحسان). به گویڕه‌ی زانیاری خێزانه‌كه‌ی، ئه‌و كچه سه‌ره‌ڕای موسڵمانبوونی به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئاینی ئیسلامه‌وه نه‌بووه، ته‌نانه‌ت براكه‌ی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه بۆ جارێكیش ناوبراو ته‌ماشای كتێبی قورئانی نه‌كردووه، به‌ڵكو كه‌سێكی نامۆ و تووڕه بووه و، كاته‌كانی خۆی به خواردنه‌وه كحولییه‌كان و له‌گه‌ڵ كه‌سانی لاده‌ر له یاسا وه‌ك قاچاخچییه‌كانی مادده هۆشبه‌ره‌كان به‌سه‌ر بردووه([37]). ئه‌م چیرۆكه ده‌توانێت له كاریگه‌ری هه‌ستی نامۆبوون بۆ چوونه نێو ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و چه‌مكی دووباره له‌دایك بوونه‌وه (Born Again Muslim) تێمان بگه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌توانین بگه‌ین به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه چوونی ڕۆژئاواییه‌كان بۆ نێو ڕێكخراوێكی وه‌ك ده‌وڵه‌تی ئیسلامی یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دابڕانه قووڵه‌ی كه له نێوان ڕه‌وه‌ندی كۆچبه‌ران و دانیشتووانی ڕه‌سه‌نی ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه، كه ڕێكخراوه‌كه تیرۆریستییه ئیسلامییه‌كان ده‌توانن له رێگه‌ی به‌خشینه‌وه‌ی ناسنامه و دووباره بونیادنانهوهیانهوه بیانكات به كاره‌كته‌رێكی تازه له‌دایك بوو.
لێرەدا ده‌توانین به‌و خاڵه بگەین كه نامۆبوون دیارده‌یه‌كی جیهانییه و، له نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات كه له بارودۆخێكی خراپی ئابووری و ده‌روونیدان و، دووچاری په‌راوێزبوون بوونه‌ته‌وه له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ش یارمه‌تیده‌رێكی به‌هێزه بۆ هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كرده‌ی توندوتیژی له نێو به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه دووچاری ئه‌و دۆخه ده‌بنه‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان به‌گشتی توانیویانه سوود له‌و دۆخه ده‌رونییه‌ی ببینن و له رێگه‌ی شورینهوهی مێشك و پێدانی شوناسێكی جیهادی_ته‌كفیری جارێكی تر گیانێكی تر به‌به‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا بكه‌نه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه نامۆبوون وه‌ك دیارده‌یه‌كی جیهانی ڕۆڵی هه‌بووه له به‌جیهانیكردنی تیرۆر و، پرۆسه‌ی چهكدارگیری له‌لایه‌ن ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له هه‌موو شوێنێكی جیهاندا.
([1]) هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك، چاپخانه‌ی كارۆ، سلێمانی، 2012، ل169-172.
([2])مهدی عباس زاده، بنادگرایی اسلامی و خشونت (بانگاهی بر القاعده)، فصلنامه سیاست، دوره (39). شماره (4)، سال 1388 (2009)، ص122.
([3]) نوام چومسكی و أندره ولچك، درباره تروریسم غرب از هیروشیما تا پهپادها، ت. مازیار كاكوان، انتشارات مهراندیش، تهران، 1394(2015)، ص125-126.
([4]) ساموێل هنتینگتۆن، پێكدادانی شارستانییه‌كان، و. مامه‌ند ڕۆژه، مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری، سلێمانی، 2005، ل200-201.
([5]) علیرضا میریوسفی و حسین غریبی، خشونت هویتی و سیر تطور اندیشه های جهادی-تکفیری در خاورمیانه (1980_2015)، فصلنامه سیاست جهانی، دوره پنجم، شماره اول، بهار1395(2016)، ص187.
([6]) مهدی عباس زاده، جهانی شدن و القاعده، فصلنامه سیاست، دوره (41). شماره (3)، سال1390 (2011)، ص182.
([7]) سیدعلی نجات، كالبدشكافی داعش، موسسه فرهنگی مطالعات و تحقیقات بین المللی ابرار معاصر تهران، تهران، اسفند 1394 (2016)، ص164.
([8])عه‌لی حه‌رب، تیرۆر و تیرۆرسازان، و. هه‌ڵكه‌وت عه‌بدولڵا، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2015، ل54-55.
([9]) مایكل مان، جیهانی شدن و 11 سپتمبر، ت. علی امینی، از كتاب (جهان شدن و جهانی سازی پیشینه و چشم انداز)، هری مگداف، جان بلامی فاستر و دیگران، چاپ و صحافی تكثیر، تهران، 1383، ص112.
([10]) سیدعلی نجات، مصدر سابق، ص167-168.
([11]) امارتیا سن، هویت و خشونت توهم تقدیر، ت. فریدون مجلسی، ناشر پایان، تهران، 1394 (2015)، ص215.
([12]) ڕێكه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم، ئیماره‌تی ئیسلامی هۆڵه‌ندا، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، سلێمانی، 2006، ل124.
() به‌رزان فه‌ره‌ج و بڕوا به‌رزنجی، شارلی هێبدۆ (له پاریس چی ڕوویدا)، بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای میلله‌ت، سلێمانی، 2015، ل135.
([14]) ساموێل هنتینگتۆن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل29.
([15]) عادل باخه‌وان، تيرۆريزم وه‌ك بيناكردنى كۆمه‌ڵايه‌تى، ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م، سلێمانى، 2007، ل129.
([16]) محمدرضا حاتمی، شكل گیری تهدیدات منطقه ای داعش در كانون پویش جهانی شدن، فصلنامه مطالعات روابط بین الملل، دوره (8)، شماره (30)، 1394 (2015، ص148_149.
([17]) سیدعلی نجات، مصدر سابق، ص126.
([18]) فه‌رهاد حه‌سه‌ن، داعش و به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گۆڤاری جۆرناڵ، ژماره (1)، 2016، ل91.
() عهليڕهزا گه‌نجى و پيته‌ر فلێمينگ و ئه‌ویتر، ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى و ئاسايشى تۆڕه‌كان، و. عارف سه‌ليمى، چاپخانه‌ى ده‌زگاى ئاراس، هه‌ولێر، 2007، ل89.
([20]) Yonah Alexander, Mark Krikorian and others, The Refugee Crisis: Humanitarian and Security Implications, THE INTER-UNIVERSITY CENTER FOR TERRORISM STUDIES, Arlington (USA),2016 , pp.2_3.
[21] Kathryn Reid, Syrian refugee crisis: Facts, FAQs, and how to help,https://www.worldvision.org/refugees-news-stories/syrian-refugee-crisis-facts.
* پیۆ سه‌نته‌رێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیه، كه ناوه‌نده‌كه‌ی له شاری نیۆركی ئه‌مریكادایه. ئامانجی ئه‌م سه‌نته‌ره ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه و ڕاپرسیه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ت و كێشه و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندی به جیهانه‌وه هه‌یه.
([22]( Report by pewresearch, Europe’s Growing Muslim Population, https://www.pewforum.org/2017/11/29/europes-growing-muslim-population
)[23]( BESHEER MOHAMED, A new estimate of the U.S. Muslim population,, http://www.pewresearch.org/fact-tank/2016/01/06. date: 3/8/2016.
([24]) ساموێل هانتینگتۆن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل244-245.
([25]) سیدعلی نجات، مصدر سابق، ص169.
([26]) د. داوود كیانی، اسلام گرایی در غرب پس از 11 سپتامبر 2001، چاپ و صحافی: زلال كوثر، تهران، 1392 (2013)، ص134-135.
([27]) سیدعلی نجات، مصدر سابق، ص170.
* عبدالحمید (1987_2015) له‌دایك بووی به‌لجیكا و به ڕه‌گه‌ز مه‌غریبی. كه ناوبراو به داڕێژه‌ری زنجیره په‌لاماره‌كه‌ی سه‌ر شاری پاریس دانرا و بووه هۆی مردنی (132) هاوڵاتی و برینداربوونی (350) هاوڵاتی تر.
([28])بڕوانه بۆ: تقریر قناة الجزیره، عبدالحمید أباعود "العقل المدبر" لهجمات باریس، http://www.aljazeera.net/encyclopedia/icons/2015/11/18. تاریخ: 6/8/2016.
([29]) ڕیچاد هاس، به‌ڕیوه‌بردنی قه‌یرانی ڕێكخراوی داعش، له كتێبی (ئێمه له جه‌نگداین)ه‌وه، دۆمینیك مۆیسی و كارڵ بیڵت و ئه‌وانی تر، و. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د حسێن، چاپخانه‌ی كارۆ، سلێمانی، 2016، ل113.
([30]) بڕوانه بۆ: كمال قبيسي، السوري الذي انتحل شخصية لاجئ ليفجر نفسه بالفرنسيين، http://www.alarabiya.net/ar/arab-and-world/syria/2015/11/16. تاریخ: 6/8/2016.
* ئۆلیڤه‌ر ڕوا (1949) له فه‌ره‌نسا له دایك بووه پرۆفیسۆر و دیپلۆماتی فه‌ره‌نسی (EuropeanUniversity Institute)ه، هه‌روه‌ها پسپۆرە له بواری ئاین، ئیسلام و سیكۆلاریزم.
([31]) ئۆلیڤه‌ر ڕوا، تیرۆریزم و له كهلتورخستن، و. عزیز ڕه‌ئووف، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژماره (77)، ساڵی 2014، ل6-8.
([32]) ساموێل هنتینگتۆن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل68.
() محمد سالار كسرایی و سعیده داوری مقدم، برأمدن داعش در خاورمیانه، فصلنامه روابط خارجی، سال هفت به‌همه‌ن م، شماره اول، بهار 1384، ص203.
() ﻋﻠﻴﺮﺿﺎ ﺳﻤﻴﻌﻲ اصفهانی و حمداالله اكوانی و غیره، ﺗﺤﻠﻴﻞ گفتمانی جهانی ﺷﺪن ﻭ ظهور اسلام ﺳﻴﺎﺳﻲ سلفی ـ جهادی در خاورمیانه ﻋﺮبی، مجله پژوهش های ﺳﻴﺎﺳﺖ اﺳﻼﻣﻲ، ﺳﺎل ﺳﻮم، ﺷﻤﺎره هفتم، 1394 (2015)، ص96-97.
([35]) امارتیا سن، مصدر سابق، ص189-190.
([36]) محمد سالار كسرایی و سعیده داوری مقدم، مصدر سابق، ص204.