سەرتاوتار و شیکاری

تاوانەکانى تورکیا دژ بە کوردانی باکوور لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە

تورکیای بنیاتنراو لە سەر ئێمپراتۆریە کۆن و رووخاوەکەی خەلیفەکانی عوسمانی، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە گۆڕێنی گوتاری سیاسی لە ناوەڕۆکی ئێمپراتۆریەت و خەلیفە و والی و پاشاوە بۆ پێکهاتەی مۆدێڕنی دەوڵەت-نەتەوە و دامەزراندنی تورکیای نوێ لە سەر بنەمای بیری ناسیۆناڵیزم، بەردەوام دەستی داوەتە توواندنەوە و نەهێشتنی هەر چەشنە جیاوازیەک کە بۆ سەر پێکهاتەی یەک زمان، یەک ناسنامە، یەک ئۆل و یەک ئاڵا و یەک چاند و یەک نەتەوە بە مەترسی زانیبێت. هەر لە سەرەتاوە پاش دامەزراندن و دڵنیابوون لە سەقامگیربوونی خۆی رێگای حاشاکردن و بەرپەرچدانەوەی توند دەگرێتە بەر و سەرەتاییترین داخوازیەکان بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەداتەوە. ئەم بیرۆکەیە بە سەر وڵاتی تورکیا زاڵ دەکات کە لە تورکیا بێجگە تورک هیچ نەتەوەیەکی دیکە نیە و ئەوانەشی کە جیاوازن بە توورکی کێوی ناویان دەبات. هەر داوایەکی ڕەوایان هەبووبێت لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت دا سەرکوت کراوە و رووبەڕووی هەموو جۆرە قەڵاچۆکردن و پاکتاوی و ماڵ وێرانی و لەناوبردنێک کراونەتەوە. ئەمە پێنوێنی راستەقینەی دەوڵەتی یەک زمان و یەک ناسنامە و یەک نەتەوەی تورکیای ساختەیە. لە چوارچێوەی ئێمپراتۆریدا دین و ئایین دەخرێتە خزمەتی سیاسەتی سۆڵتان و هەر ئایین و ئایینزایەکی جیاواز بە مەترسی دەزانرا و هەر بۆیە عەلەوی و ئەرمەنی دەخرانە بەر پەلار و راونان و پاکتاوکردن. لەو نێو ئەم گوتارەدا کوردی موسڵمان مەترسی نیە و دەخرێتە خزمەتی دەسەڵاتەوە بەڵام کە کۆماری تورکیا دامەزرا گوتاری ئایینی گۆڕا بۆ گوتاری ناسیۆناڵیستی و نەتەوەپەرستی. بۆیە جیاوازی لە سەر بنەمای نەتەوە ئەبێتە هۆکاری پەراوێز خستن. هەر پارچەکردارێک لە بەرانبەر ئەم گوتارە بەرسڤی دڕندانە و هۆڤێنی بە دوای خۆی دا دەهێنا.
کۆماری تورکیا زۆر زەمەن و دەسەڵات و حکومەتی جیاجیای بە خۆوە بینیوە و زۆربەشیان بە کوودەتای لەشکری و نیزامی دەسەڵاتی پێش خۆیان دەرپەڕاندوە و دەسەڵاتیان قۆرخ­کردووە؛ جیاوازی زۆر لە بیرکردنەوەیاندا هەبووە بەڵام هەموویان لە سەر یەک خاڵ کۆکبوون، ئەویش خاڵی زۆر بەهێزی دەوڵەت نەتەوەی تورکی و ئاسیمیلە کردنی ئەوانەی تورک نین و قەڵاچۆکردن، برسیکردن و لەناوبردنیان. کوردیش بە گشتی لەم بەشە دا پشکی شێری بەرکەوتووە.
دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆیان هەر کامەیان شێوازی جۆراوجۆریان گرتووتە بەر. لە ناویان دا دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان واتە ئاکپارتی لە هەموویان جیاوازترە. لە بەر ئەوەی کە هەم ئایین و هەم ناسۆناڵیزمی نەتەوەپەرستی پێکەوە خستووتە گەڕ و لە ئاکام دا بناژۆخوازیەکی دڕندانەی لێ پیکهێناوە کە تا ئێستا لە مێژووی سەد ساڵی رابردووی تورکیا دا زۆر بێ وێنەیە. گوتاری ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە گەڵ نەتەوەپەرستی و فاشیزم تێکەڵکراون کە زۆر جار وتەکانی "تامس پین" بە بیر دێنێتەوە. ئەو کاتانەی کە باسی تێکەڵ کردنی ئەم چەمکانەی دەکرد و بە "قاتر"ی دەشۆبهاند. لە روانگەی "تامس پین"ەوە تێکەڵ کردنی ئایین و سیاسەت و دەرهێنانی ئایینی سیاسی وەک جووتبوونی گوێدرێژ و ئەسپ وایە و قاتری لێ بەرهەم دێت کە بێجگە لووشکە و جووتک هاویشتن و قەپاڵ گرتن لە شتی دیکە ناگات. رێک ئەم دەسەڵاتەی ئاکپارتی وێنا دەکات کە ئەردۆغان لە سەر پشتی کەری ئاواتەکانی خەریکە تورکیای پێ بەرەو هەڵدێرێکی تۆقێنەر و رووخێنەر دەبات.
دەسەڵاتی ئاکپارتی بە گشتی و کەسی یەکەمی ئەو پارتە واتە ئەردۆغان پاش ئەوەی کە زانی کوردەکان و چەپەکانی تورکیا ناخرێنە خزمەتی ئەو بوونەوەرە سیاسیەی کە تامس پین باسی دەکا شێوازی هەڵسووکەوتی خۆی گۆڕی و لە بن هەموو درووشمەکانی خۆی دا. هەر چەند هەر لە سەرەتاوە کەس ئەو درووشمانەی بە باوەڕی راستەقینەی ئاکپارتی نەدەزانی. ئەردۆغان لە وەرچەرخانێک دا هەموو بەڵێنەکانی خۆی خستە ژێر پێ و ئاراستەی دەسەڵاتی خۆی گۆڕی. خەریک بوو خولیاکانی خۆی بۆ سۆڵتانیزە کردنی دەسەڵات لە مەترسی دا ئەبینی و خۆری دەسەڵاتەکەی خۆی و پارتەکەی لە ئاوابووندا بوون. بۆیە بڕیاری شەڕی دا و ئاگربەستی تێکشکاند و ئەم جارەیان ئیسلامی سیاسی خۆی لە گەڵ پارتی نەتەوەپەرست واتا مەهەپە جووتکرد و بوونەوەرەکەی تامس پین هاتە سەر گۆڕەپانی شەڕ و سیاسەت و یاسا و دەزگای دادی تورکیا. پاش ئەم قۆناخە ئاراستەی هەموو شتەکان گۆڕا. بە دەربە و کوودەتایەکی ساختە ژیان وەستێندرا، پەرلەمان پەک خرا، باری نائاسایی راگەیەندرا، دەنگە ناڕازیەکەن رەوانەی گرتووخانەکان کران، شەقام کپکرا، هەموو جومگەکانی ژیان لە تورکیا بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی میلیتاریزە کرا، دادگەکانی تورکیا بوونە چۆپی دەستی ئاکپارتی و دادوەرەکانیش دەستەمۆی دەسەڵاتی سۆڵتانە یاخی بووەکەی خەلافەتی نێئۆعوسمانی.
تاوان لە دوای تاوان، تۆقاندن، راوەدوونان، رفاندن، قەڵاچۆکردن، برسی و شەوتاندن و بێ ماڵ­وحاڵ و ئاوارەکردن، تۆقاندن و بێ سەرووشوێن کردن، دیل کردنی چالاکان و شانۆگەری دادگەکان بوون بە بەشێک لە کرداری دەسەڵاتی تورکیا و هەنووکەش درێژەی هەیە. قورسایی و قووڵایی ئەم کردەوانە و هۆڤێنی بوونیان لە کوردستان دەنگی رێکخراوە ناونەتەوەییەکانی دەرهێنا و زۆر شوێن و ناوەند هاتنە دەنگ. راپۆرتەکانی شوێنە پێوەندیدارەکان زۆرتر ئاستی بەڕبەڕیەت و دڕندانە بوونی ئەم هێرشانە ئەخاتە بەرچاو. لەم وتارە دا جەخت لە سەر خاڵەکانی راپۆرتی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت کە ئاوڕی لەم بابەتە داوەتەوە. سەرەڕای دوورەپەرێزی ئەم ناوەندە بەڵام قورسایی و بەربڵاوی جینایەتەکانی خستووەتە روو. ئەم وتارەش لە سەر ئەو راپۆرتە بە پێی یاسای نێونەتەوەیی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو تاوانانەی تورکیا دەکات کە لە بەرانبەر خەڵکی ئاسایی و هاووڵاتیان نواندوویەتی.


راپۆرتی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان
پاش کۆتایی هێنان بە پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا لە مانگی ئاگۆستی 2015 دەوڵەتی تورک دەستی دایە راگەیاندنی باری نائاسیایی و قەدەغە کردنی هاتووچۆی هاووڵاتیان لە شارەکانی کوردستان لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا. لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دا ئاماژە کراوە بە راوڕووت و تاڵان کردن و خاپوور کردنی ناوچەی سووری ئامەد و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە و هەروەها باس لەوە کراوە کە دەوڵەتی تورکیا لە ژێر ناو و پاساوی بەربەرەکانێ لە گەڵ تێرۆریزم دا هەستاوە بە گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتوان و دێمۆگرافیای کوردستان.
لەم ساڵانەی دوایی دا بەردەوام باس لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کراوە لە کوردستاندا بەرانبەر بە خەڵک، بەڵام ئەم راپۆرتەی دوایی راشکاوانە باسی تاوانە بەربڵاو و پلان بۆ داڕێژراوەکانی تورکیا دەکات دژ بە خەڵک. ئاستی ئەم تاوانکاریانە لە هەندێک حاڵەت دا ئەوەندە بەربڵاو و ئاراستەدار و سیستەماتیکە کە دەکرێت بچێتە خانەی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتیەوە.
تورکیا بە مەبەستی بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی کوردەکان سەرجەم هێزە نیزامیەکانی خۆی هەناردەی جزیر، سوور و سڵۆپی و نۆسەیبین دەکات و کۆمەڵکوژی خەڵکی ناوچەکە دەکات. بە سەدان کەس لە ژێر نهۆمی بینایەک لە جزیردا بە زیندووی دەسووتێندرێن. شارەکان دەڕووخێندرێن و خەڵک برسی و ئاوارە و کوژراو دەکرێن.
لە سەر ئەم بنەمایە ئەلحسێن وەک کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤ داوا لە تورکیا دەکات کە ئامادەکاری بۆ بکەن کە سەردانی تورکیا بکات بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوانەی لە کوردستانى بندەستی ئاکپارتی دا روویانداوە بەڵام تورکیا داواکەی بێ وەڵام دەهێڵێتەوە. هاوکات هەوڵی شێواندن و پەردەپۆش کردنی راستییەکان و تاوانە هۆڤێنیەکانی خۆی دەدا. داوبەدوای رەتکردنەوەی ئەم داوایە، نەتەوەیەکگرتووەکان لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوون و ڕوونکردنەوەی کوشتوبڕەکانی دەوڵەتی تورکیا پێکهێنا و بۆ ئەم مەبەستە رایسپاردن.
تورکیا هەوڵی سڕینەوەی شوێن پێیەکانی خۆی لە تاوانەکانی لە کوردستان دەدا و ئەلحسێن بەردەوام داوای سەردانی بۆ تورکیا دەکرد. لە مانگی ژۆئەنی 2016 رایگەیان کە تورکیا رێگەیان پێ نادات سەردانی باکووری کوردستان بکەن و لە بەرانبەر لێکۆڵینەوەی بێلایەن و سەربەخۆدا ئاستەنگیان بۆ سازدەکات بۆیە لێژنەیەکی تایبەیتان بۆ ئەم مەبەستە و بۆ کارەساتەکانی سوور، جزیر و نوسەیبین پێکهێناوە.
پاش هەڤدیتن و چاوپێکەوتنی ئەم لێژنەیە لە گەڵ قوربانیان و لێقەوماوانی تاوانەکانی تورکیاو نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و توێژینەوە لە سەر وێنەکانی مانگی دەسکرد و نرخاندنیان، درێژەیان بە کارەکانی خۆیاندا و کۆمەڵێک بەڵگەنامە و فیلم و وێنەیان بەدەستخست.
ئەم لێژنەیە لە بنکەی خۆی لە ژێنێڤ بەردەوام دەبێت لە کارەکانی خۆی و لە رۆژی 10ی مانگی مارسی 2017 لە کۆنفەرانسێکی رۆژنامەوانیدا راپۆرتێکی خۆی بڵاودەکاتەوە. باس لە پێشێل کردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ دەکات و سەرەڕای هەندێک نواندنی سیاسیانە و هەڵسووکەوتی دوورەپەرێزی باس لە قورسایی جینایەتەکانی تورکیا دەکات.
پاش ئەم راپۆرتە، تورکیا دەبێتە مژاری کۆبوونەوەکانی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان. لە سێ کۆبوونەوە دا باس لە دڕندانە بوونی تاوانەکان دەکرێت و بەربڵاوی تاوانەکانی تورکیا دژی مرۆڤایەتی لێکئەدرێتەوە.
لەم راپۆرتانە باس لە نەهێشتنی ئازادی رادەربڕین، بیر و باوەڕ و ئایین دەکرێت. باس لەوە دەکرێت کە تورکیا پەیماننامەکانی مافی مرۆڤی بە گشتی بنپێ کردووە. شاری سووری ئامەدی تێکداوە و رووخاندوویەتی. دیمۆگرافیای کوردستان و ناوچە کوردیەکانی گۆڕیوە. لە زۆر شوێنیش دا تاوانەکانی شەڕی چەکداری ئەنجامداوە و یاساکانی مافی مرۆڤدۆستانەی ناونەتەوەیی ژێرپێ خستووە.
سەبارەت بە سوور، نوسەیبین و جزیر، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە شارەکان کاولکراون و خەڵکەکەشی کوژراون. باس لە کۆمەڵکوژى خەڵکی شارەکان دەکەن. ئۆپەراسیۆن و هێرشی نیزامی لە سی بەش و ناوچەدا روویانداوە و نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئاوارە و بێ ماڵ و ژیان بوون. 1786 خانوو لە نوسێبین دا بە تواوەتی خاپوور کروان و 70٪ خانووەکانی ناوچەی سوور رووخێندراون. تەنانەت ئەم هۆڤێتیە پاش کۆتایی هاتنی هێرشی نیزامی هەر درێژەی کێشاوە و خانووەکان تێکەڵ بە خۆڵ کراون و شوێنی ژیان نەماون.
وێنەکانی مانگی دەسکرد دەریدەخەن کە بەچەکی قورس ئەم کاولکاریانە روویانداوە و شەپۆلێکی بەربڵاوی بیری دڕندانەی دەوڵەتی تورک و بەڕبەڕیبوونی دەردەخات. ئەڵێی لەم شارانە دا بوومەلەرزەی قورس رووی داوە و مەحشەری بەسەرداهاتووە. لە نێو کوژراوەکاندا ژمارەیەکی بەرچاوی ژن و منداڵ هەن کە بە دەیان حەفتە بێ نان و ئاو و بێ کارەبا و دەوا و دەرمان ماون و لە ژێر خانوو و پەردووە رووخاوەکاندا گەمارۆدراون و پاشان گوللەباران کراون.
ئەم راپۆرتانە ئەو راستیە دەردەخەن کە تورکیا بۆ پەردەپۆش کردن و شاردنەوەی راستییەکان لە کاتی هێرش کردندا خانووەکانی بە تەواوەتی رووخاندووە و کاولی کردوون. تەرمی کوژراوەکان وایان لێهاتووە کە نەناسراونەتەوە. هەر کەس کوژراوە بە ئەندامی گرووپی تێرۆریستی دانراوە و ماڵباتەکەشی خراوەتە بەر زەخت و گوشار و لێپیچینەوە.
لەم راپۆرتە دا باس لەوە کراوە کە ژنانی بنەماڵەی یەک لە قوربانیان بانگهێشتی دادگە کراوە بە مەستی رادەستکردنەوەی تەرمی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە حاڵیکدا کە تەرمەکە پارچە پارچە بووە و لە سێ پارچەدا تەرمەکەیان رادەست کردوونەوە. بنەماڵەکەی کە داوای روونکردنەوەیان لە دادگە و پزیشکی داد کردووە خراونەتە بەر ئەشکەنجە و تۆمەتی پاڵپشتی کردنی تیرۆریان خراوەتە پاڵ و تێوەگلان و بە تیرۆر حوکمدراون.
راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بە رفاندنی زۆرەملی، ئەشکەنجە، کوشتنی گوماناوی و بکوژی نادیار، پەرەپێدانی ڕقوقین و نەفرەتی جڤاکی، قەدەغەبوونی دەرمانی خێرا، قەدەغە کردنی خۆراک و ئاو و پێداویستیەکانی ژیان، توندووتیژی دژی ژنان دەکات و بە دەرهاوێشتە و ئاکامی بڕیارەکانی شوورای وەزیرانی دەوڵەتی تورکیا لە مانگی مارسی 2016ی دەزانێ.
پاش کوودەتاکەی ژووئیەی 2016 زۆرتر لە سەد هەزار فەرمانبەر لە کار دەرکران و زۆرتر لە دە هەزار مامۆستا بێ ئەوەی مافی بەرگری لە خۆیان بێت بە تۆمەتی پاڵپشتی و پێوەندی لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لە کار دەرکران و بێ ماڵوحاڵ کران. ئەمە سەرەتای راگەیاندنی باری نائاسایی و دۆخی ئاوارتەیە لە تورکیا. سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکانی خەڵک لە شارە کوردیەکاندا کە بە شێوازی دیمۆکراتیک هەڵبژێردرابوون بە پاساوی تیرۆر لە کار و پۆستەکەیان لابران دوورخرانەوە و ڕەوانەی گرتیگە کران. میدیاى ئازاد و سەربەخۆکان داخران و مامۆستاکانی زانکۆ و پارێزەرە سەربەخۆ و بێلایەنەکان بێکارکران. بە گشتی رەوشی مافی مرۆڤ لە تورکیا داڕما و تووشی پێشێلکارییەکی بەربڵاو هات.
پاش خوێندنەوەیەکی کورت و خێرا بە سەر ئەم راپۆرتە دا پێویستە لە روانگەی یاسای نێونەتەوەییەوە لێکدانەوە و شڕۆڤەی بۆ بکرێت ئەم کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا ئەچێتە چوارچێوەی کام تاوانی نێوەدەوڵەتیەوە. بۆ ئەم مەبەستەش بە پێ یاسای نێودەوڵەتى ئەم کردەوانە هەسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.


هەڵسەنگاندنی کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بە پێی یاسای نێودەوڵەتى:
هەرچەند راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرووەکان زۆر دوورەپەرێزی و خۆبوواردنی پێوەدیارە بەڵام دەکرێت بەردێکی بناغە بێت بۆ دانپێدانان بە تاوانێکی بەربڵاو و سەلمێندراو کە بۆ یەکەمجارە بەم شێوە و لە ئاوەها ئاستێکدا باسی لێوەدەکرێت. بە درێژایی مێژووی تورکیای کۆماری، گەلی کورد تووشی کۆمەڵکۆژی و پاکتاوکردنی نەتەوی بووە. لێرەدا باس لەو مێژووە ناکرێت و تەنیا کردەوەکانی دەوڵەتی تورک پاش تێکدانی پێڤاژۆی ئاشتی لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 بەم لاوە باس دەکرێت و شڕۆڤەی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت لە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
ماددەی 7ی دەستوورنامەی دادگەی تاوانى نێونەتەوەیی بە وردی نموونەکانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی باس دەکات کە زۆربەیان لە گەڵ ئەو راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا یەکدەگرنەوە. ماددەی 7  دەڵێ مەبەست لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەو کردەوانەن کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەربڵاو یان رێکخراودا دژی هەر جەماوەرێکی مەدەنی، بە شارەزایی و بە ئاگابوون لەو هەڵمەت و هێرشە ڕووئەدەن. وەکوو کوشتنی بە ئەنقەست، لەناوبردن، دەرکردن و راگوێزانی زۆرەملی جەماوەر و دانیشتوان، ئەشکەنجە، زیندانیکردن و بێبەشکردن لە ئازادی بە پێچەوانەی یاسای نێونەتەوەیی، ئازاردانی بەردەوام لە بەر هۆکاری سیاسی، رەگەزی، نەتەوی، قەومی، کولتووری، ئایینی، تووناکردن و بێسەرووشوێن کردنی زۆرەملی، هەڵاوێردى رەگەزی و هتد. سەرجەم ئەم بابەتانە لە راپۆرتەکەدا هاتووە و بێ پێچوپەنا سەلمێنەری ئەو راستییەن کە دەوڵەتی تورک دەستی داوەتە تاوان دژی مرۆڤایەتی لە شارەکانی کوردستاندا و بەرپرسیاریەتی یاسایی دەوڵەتی تورک و بەرپرسیاریەتی سزایی و تاوانکاری تاکەکەسی سەرکردە و فەرماندەر و بکەر و پلانداڕێژەر و یارمەتیدەر و رێخۆشکەرانی لێکەوتووتەوە. جا ئێستاکە لە بەر زاڵبوونی پێوەندی نێودەوڵەتی بە سەر یاسای نێودەوڵەتیدا ئەم تاوانکاریە بە زەحمەت بهێنرێتە بەردەم دادگە و موحاکمە بکرێت بەڵام ئەمە بۆ خۆی هەنگاوێکی گرینگ و رێخۆشکەرە بۆ ئەم مەبەستە.
لە راپۆرتەکەدا باس لە گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و نیشتەجێ کردنی ئاوارە سووریەکان لە جێگای کوردان کراوە و باس لە سەپاندنی دۆخێک نەشیاو و نەگونجای ژیانکراوە بە سەر خەڵکێکدا کە خاوەن یەک پێناسەی هاوبەشن و تەنیا لە بەر ئەو پێناسەیە بوونەتە قوربانی و بە هۆی کوردبوونیان برسیکراون و سووتێندراون و گوولەباران کراون و تەنیا یەک مەبەستی لە پشتەوە بووە. لە راپۆرتەکە باس لەو مەبەستە نەکراوە و ئەمە ئیشی دادگە و دادوەرە کە ئەو مەبەستە بسەلمێنی کە مەبەست و ئامانجی تایبەتی لەناوبردنی گرووپی قوربانیە کە هەڵگری یەک ناسنامەی هاوبەشن و ئەویش ناسنامەی نەتەوی کورد بوونە. ئەمە ئەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە واتە کۆمەڵکوژى یان و پاکتاوی نەتەوەیی کە بە پێی پەیماننامەی 1948 نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە رێگریکردن لە ژینۆساید و سزادانی، قەدەغەکراوە و قورسترین تاوانی نێودەوڵەتیە. ماددەی 6ی ئەساسنامەی دادگەی سزای نێونەتەوەیی (دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی) باس لەم تاوانە دەکات. بەربڵاوی وێرانکاری و کاولکاری و کوشتوبڕەکانی جەلادەکانی دەوڵەتی تورک و ئاستی دڕندەیی و هۆڤێنی بوونی هێرش و پەلامارەکان سەلـمێنەری ئەم تاوانەی تورکیا و سەرکردەکانی ئەم وڵاتە و ئاکپارتین. ئەم رەوتەی ئاکپارتی و نەتەوەپەرستەکان گرتوویانەبەر بەرەوە کردنەوەی دۆسیەیەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی دەچێت دژ بە بکەرانی ئەم تاوانانە.