سەرتاوتار و شیکاری

ئایا مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بە مافی مرۆڤ هەژمار دەکرێن؟

ئایا مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بە مافی مرۆڤ هەژمار دەکرێن؟ ئەم توێژینەوەیە، بەم پرسیارەوە خەریک دەبێت و دەیەوێ بەشێوەیەکی ئەرێیی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. ئەم توێژینەوەیە بەرگری لەو ئایدیایە دەکات کە مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بە مافی مرۆڤ دادەنێت. لە ڕوانگەی منەوە، مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافی ژیانکردن بەتایبەتی مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکانیشی لە خۆی گرتووە. لەبەرئەوە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مافەکانی مرۆڤ و مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. چونکە مافەکانی مرۆڤ، مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکانیش لەخۆدەگرن و بەشێکی کڕۆکیین بۆ شکۆمەندی، ئازادی و سەربەخۆیی مرۆڤ. ئاخر نەبوونی خۆژێنی، وەک چاودێری تەندروستی، پەروەردە، خۆراکی تەواو و هەژاری دەبنە هۆی پێشێلی مافەکانی مرۆڤ. لەم توێژینەوەیەدا، سەرەتا هەوڵدەدەم ڕوانگەیەکی تیۆریی مافی مرۆڤ بناغەبڕێژم بۆ ڕەوایەتیدان بە مافەکانی مرۆڤ، پاشان سەرنج دەخەمە سەر مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان و ئارگومێنتی ئەوە دەکەم کە مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە مافی مرۆڤ.

مافەکانی مرۆڤ

 مافی مرۆڤ زاراوەیەکی ناڕوون و کێشەئامێزە، بۆیە ئێمە بەتەواوی نازانین چییە. لە ترادیسیۆنی مافی مرۆڤدا، وەک مافێک پێناسەکراوە کە کەسێک تەنیا لەبەر مرۆڤبوونەکەی ئەم مافەی هەیە نەک لەبەر هیچ پێگەیەک یان پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا(١). پیتەر جۆنس ڕایدەگەیەنێت مافی مرۆڤ بریتییە لە مافێک کە سەرجەم مرۆڤان تەنیا لەبەرئەوەی مرۆڤن ئەم مافەیان هەیە(٢). مافی مرۆڤ کۆمەڵێک ڕوانگەی بنەڕەتی مۆڕاڵییە کە هەموو کەسێک هەیەتی لە ئەنجامی پێگەی مۆڕاڵی خۆیەوە، ئەوان تەنیا وەک مرۆڤ بەدەستی دەهێنن، لەبەرئەوە ئەم ڕوانگانە لەسەر بنەمایەکی مۆڕاڵی گەردوونی بناغەڕێژراون. دوو بناغە بۆ ئەم مافە هەیە یەکەم، توانستی مرۆڤ بۆ ئازارچەشتن و باشبوون، دووەم، شکۆمەندی مرۆڤ(٣). 

زاراوەی مافی مرۆڤ بەهۆی ناڕوونی واتاکەیەوە کێشە دروست دەکات کاتێک ئێمە دەمانەوێ مافی مرۆڤ پراکتیک بکەین، ئەوا دەبێ ئێمە بتوانین بڵێین تەنیا بەهۆی مرۆڤبوونمانەوە کام مافانەمان هەیە. بۆیە زاراوەی مافی مرۆڤ ناکۆکی زۆری لەسەرە. زاراوەی مافی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە لە ترادیسیۆنی 'مافی سروشتی'یەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕەنگە لە دوو ڕێگەوە مافی مرۆڤ وەک مافی سروشتی لێی تێبگەین. یەکەم، مافی مرۆڤ مافێکە لە دەرەوەی یاسایە (non-legal) واتا هەموو کەسێک ئەو مافانەی هەیە جا لە یاسای نووسراو (دانراو)دا دانی پێدانرابێت یان نا. دووەم، خەڵک وەک توانستێکی سروشتی لە مافی مرۆڤ تێگەیشتووە(٤).

گریفن ڕوانگەیەکی دوالیستی لەسەر بنەمای دوانێتی کەسێتی و پراکتیکێتی دادەمەزرێنێت. ئەو دەبێژێ: ''مافی مرۆڤ دەتوانرێ وەک پاراستنی پێگەی مرۆڤ و کەسێتییەکەی ببینرێت. بیرۆکەی کەسێتی دەتوانرێت لە ڕێگەی بیرۆکەی سەربەخۆییەوە باشتر ڕوون بکرێتەوە. بۆ ئەوەی سەربەخۆ بیت، ئەوا گەرەکە (یەکەم) خۆت ژیانت هەڵبژێریت واتا لەلایەن هیچ کەسێک یان شتێکی دیکەوە کۆنترۆڵ نەکرێت و هەڵبژاردنەکەت ڕاستەقینە بێت. (دووەم) دەبێت لایەنی کەم تا ئاستێکی دیاریکراو پەروەردە، خوێندن و زانیاریت هەبێت. (سێیەم) گەرەکە توانای پەیڕەوکردنی ئەو ژیانەت هەبێت کە بۆ خۆت هەڵبژاردووە، بۆیە پێویستە لایەنی کەم تاڕادەیەک سەرچاوەی مادیت لەبەردەستدا بێت. (چوارەم) ئەوانی دیکە نابێت تۆ بوەستێنن لەو ژیانەی کە خۆت پێتوایە ژیانێکی باشە، واتا دەبێت ئازادیت هەبێت''. بەڵام کەسێتی لە خۆیدا بەس نییە، بۆیە مافی مرۆڤ بناغەیەکی دیکەی پێویستە ئەویش پراکتیکە. واتا ئەو مافە تا چەند شیاوی پراکتیککردنە (٥).

مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان

 لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم پێناسەی مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بکەم و ئارگومێنتی ئەوە بکەم کە بریتین لە مافی مرۆڤ. ئایدیای مافی ئابووری-کۆمەڵایەتی وەک مافی مرۆڤ ناکۆکی زۆری لەسەرە. هەندێ لە فەیلەسوفان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان مافی خۆژێنن و چەقی تێگەیشتنن لەم مافانە. مافی خۆژێنی وەها پێناسە دەکرێت وەک ''هەبوونی هەوای پاک، ئاوی پاک، خۆراکی پێویست، جلوبەرگی پێویست، شوێنی مانەوەی پێویست، چاودێری تەندروستی پێویست''(٦).

ئایدیای خۆژێنی لە خۆیدا بەس نییە چونکە لایەنی کەمی تێگەیشتنی مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش دەکات، پەروەردە فەرامۆش دەکات و گرنگییەکی کەم بە خزمەتگوزاری تەندروستی دەدات، هەروەها سەرنجێکی کەم دەخاتە سەر توانستی چالاکی بەشداران. خۆژێنی داواکارییەکانی هەبوونی ژیان جێبەجێ دەکات بەڵام مەرجەکانی توانینی بەڕێوەبردنی ئەم ژیانە فەرامۆش دەکات. مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی پەروەردە و چاودێری تەندروستیش لەخۆ بگرێت دەبێت خۆژێنی تێپەڕێنێت و لایەنی کەم ژیانێکی باش دابین بکات(٧).  

کەواتە چۆن دەتوانین ڕەوایەتی بە مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان وەک مافی مرۆڤ بدەین؟ ئایا پێداویستییەکان دەبن بە بناغەیەک بۆ مافەکان؟ ئایا دەتوانین بەسادەیی بڵێین هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە پێویستییەتی؟ لێرەدا چەند هۆکارێک هەن کە ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین. یەکەم، داواکاری بۆ پێویستی ناتەواوە چونکە کاتێک من داوا دەکەم کە 'من پێویستم بە xە' ڕەنگە تۆ پرسیار بکەی 'بۆ چی پێویستتە؟' داواکارییەکەم بە ناتەواوی دەمێنێتەوە تاکو مەبەستی پێویستییەکەم دیاری نەکەم. لە ئەنجامدا، فۆرمولەی داواکارییەکە بەم شێوەیە بێت 'A پێویستی بە xە بۆ y'. دوو تاقیکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی مافێک وەک مافی مرۆڤ دابنرێت، یەکەم، شیاوی پراکتیککردن بێت؛ ماف هاوپەیوەندە لەگەڵ ئەرک بۆیە دەبێت ماف لە هەموو دۆخێک و لە هەموو کۆمەڵگەیەک لایەنی جێبەجێکاری هەبێت و ئەرکی جێبەجێکردنەکەی بکەوێتە ئەستۆ. دووەم، گەردوونێتی؛ مافی مرۆڤ دەبێت گەردوونی بێت، واتا نابێت مافێک بێت تەنیا بۆ گروپ، نەتەوە یان تاکێکی دیاریکراو بێت؛ هەروەها مافی گەردوونی دەبێت لەگەڵ ئەرکی گەردوونی هاوپەیوەند بێت. بەگوێرەی ئەم تاقیکردنەوانە مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان مافی مرۆڤ نین، چونکە مافی مرۆڤ لە سەرجەم جیهان داوا دەکرێت و گەردوونییە بەڵام مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان لە حکومەتێک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو نەک سەرجەم جیهان داوا دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی. پیتەر جۆنس لە وەڵامی ئەم تاقیکردنەوانەدا ئارگومێنتی ئەوە دەکات کە مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان مافی مرۆڤن. چونکە بۆ نموونە، مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی مافێکی گەردوونییە لەبەرئەوەی مافێکە بۆ هەمووان، بۆیە هەمووان پێویستیان بەم مافەیە. هەروەها مافی پەروەردە و چاودێری تەندروستی مافی مرۆڤن چونکە ئەم مافانە بەشێوەیەکی لۆژیکی و بەڕوونی لەبری هەموو مرۆڤایەتی داوا دەکرێن(٨).    

داڕشتنی ڕوانگەیەکی فرەیی وەک پنتی دەرچوون گرنگە بۆ ڕەوایەتیدان بە مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان وەک مافی مرۆڤ. نیکل پێی وایە کە خەڵک خاوەن داواکاری مۆڕاڵی ئەبستراکت و ئاسایشن لەسەر چوار ئاست ١. داواکاری ئاسایش بۆ هەبوونی ژیان، ٢. داواکاری بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ئەو کەسە، ٣. داواکاری دژی چەوساندنەوە و ستەمکاری بەرانبەر بەو کەسە، ٤. داواکاری دژی بێدادی. سەرجەم ئەم پرنسیپانە توخمی گرنگی شکۆمەندی مرۆڤن. مافی ئاسایش بۆ هەبوونی ژیان، ئاسایش شتێکی کڕۆکییە بۆ ژیانی مرۆڤ، دژی کردارەکانی ئەوانی دیکە دەوەستێتەوە کە دەبنە هۆی لەناوبردنی ژیانی کەسەکە، تێکدانی تەندروستی و مردنی. ئەم مافە ئەرکی نەرێیی و ئەرێیی لەخۆ دەگرێت. ئەرکی نەرێیی مافی ئازادی و پاراستن لە زیان، توندوتیژی و کوشتن دەگرێتەوە. هەروەها ئەرکی ئەرێیی لەخۆ دەگرێت ئاخر هەبوونی ژیان داواکاری ئەوە بەرز دەکاتەوە کە جەستەی کەسێک گەرەکە بتوانێت زۆرینەی کارایی و ئەرکە ئاسایییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بۆئەوەی یەکێک توانستی جەستەی بە چالاکی بمێنێتەوە گەرەکە پێداویستی و ئاتاجە فیزیکییەکانی وەک ئاو، خۆراک، شوێنی مانەوە  و خەوتنی هەبێت. خەڵک بەگشتی ئەم پێداویستییانە لە ڕێگەی ئیشەوە دابین دەکەن، بەڵام  کاتێک کەسێک بە تەنیا خۆی ناتوانێ ئەم پێداویستییانە دابین بکات بەهۆی نەخۆشی، منداڵی، ساوایی، بێکاری، پیری، و نوقسانی جەستەیی و بە پشت بەستن بە خۆیان نەتوانن بمێننەوە ئەوا مافیان بەسەر حکومەت و ئەوانی دیکەوە هەیە کە بیان ژێنن، یارمەتییان بدەن و ئەم پێداویستییانەیان بۆ دابین بکەن. مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن گەرەنتی پێشکەوتن، سەربەخۆیی و ئازادی بکەن. چونکە بەبێ دابینکردنی پێداویستییە فیزیکی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک چاودێری تەندروستی و پەروەردە ناتوانین ماف و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان بەدیبهێنین(٩).

هەندێ لە لێکۆڵیار و فەیلەسوفان مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان ڕەت دەکەنەوە و وەک مافی مرۆڤ ژمێرەی بۆ ناکەن، چونکە ئەوان پێیان وایە ئەو جۆرە مافانە مافی هاووڵاتین و پەیوەستن بە وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوەوە، لە کاتێکدا مافی مرۆڤ دەبێت گەردوونی بێت. بۆیە ناتوانرێت مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بەسەر هەموو کۆمەڵگەکاندا جێبەجێ بکرێت. بەڵام مافی هاووڵاتی بریتییە لەو مافانەی مرۆڤ کە تاکەکان لەژێر سایەی دۆخێکی سیاسیدا هەیانە. بۆیە مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتی پەیوەستن بەیەکەوە و ناتوانرێت لە یەکدی جیابکرێنەوە(١٠).
لە ڕوانگەی منەوە، مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان نەک تەنیا مافی مرۆڤن، بەڵکو ئەوان بریتین لە بناغەی مافەکانی ترى مرۆڤ یان مافە سیاسی و مەدەنییەکان. چونکە کاتێک خەڵک خۆراکی پێویست، چاودێری تەندروستی و پەروەردەی هەبوو، ئەوجا داواکاری بۆ مافە سیاسی و مەدەنییەکانی بەرز دەکاتەوە. بۆیە مافەکانی مرۆڤ دوای مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان دێن. ئاخر بەهۆی نەبوونی ئەو مافانەوە ڕەنگە مافەکانی مرۆڤیش پێشێل بکرێن. بۆ نموونە، ئەگەر خەڵک خۆراکی پێویستی نەبێت، چاودێری تەندروستی و پەروەردەی نەبێت و بە دەست هەژارییەوە بناڵێنێت، ئەوا ئەو خەڵکە ناتوانن مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان بپارێزن و ناتوانن بزانن وەک مرۆڤێک چ مافێکیان هەیە. بۆیە لە ئەنجامدا، نەبوونی مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان دەشێ کاریگەری لەسەر شکۆمەندی مرۆڤ و سەربەخۆیی مرۆڤ دابنێت کە دوو بناغەی سەرەکین بۆ ڕەوایەتیدان بە مافەکانی مرۆڤ.

ئەگەر خەڵک پێداویستییە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکانیان نەبێت، ئەوا ڕەنگە ئەوان زۆر بەهەژاری بژین، لە ئەنجامی ئەمەشەوە ڕەنگە ئامانجەکانیان بەلاوەبنێن و دەستبەرداری مافەکانیان ببن. ئاخر نەبوونی خۆراک و بەدخۆراکی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە مێشک، ئازاری فیزیکی، توانستی سەربەخۆی هۆشەکی، هەروەها دەبێتە هۆی نەبوونی لایەنی کەمی ژیانێکی باش و شایستە بە مرۆڤ(١١).

لە ڕوانگەی منەوە مافی ژیانکردن کە بنەڕەتیترین مافی مرۆڤە، لە خۆیدا مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکانی هەڵگرتووە. چونکە ئێمە دەتوانین مافی ژیانکردن بۆ ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە بەکاربهێنین کە پێویستن بۆ ڕێگەگرتن لە هەژاری، نەبوونی سەربەخۆیی، و مەرگ. هەروەها مافی ژیانکردن پەیوەستە بە بڕێکی دیاریکراوی خۆژێنی و پێداویستییە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان. بۆیە مافی ژیانکردن دەتوانێ ببێت بە بناغەی مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکانی وەک مافی ئیشکردن، مافی پەروەردەی بنەڕەتی، چاودێری تەندروستی، خۆراکی پێویست، و لایەنی کەمی ستانداردی ژیانکردن.

دەرەنجام
لەم توێژینەوەیەدا، هەوڵمدا ئارگومێنتی ئەوە بکەم مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە مافی مرۆڤ. هەروەها مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان نەک تەنیا مافی مرۆڤن، بەڵکو دەتوانن ببن بە بناغەیەکی پتەو بۆ مافەکانی مرۆڤ، مافە سیاسی و مەدەنییەکان. چونکە مرۆڤ کاتێک دەتوانێ داواکاری بۆ مافە سیاسی و مەدەنییەکانی بەرز بکاتەوە، ئەگەر مافە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکانی بەدەستهێنابێت. چونکە مرۆڤ ئەگەر خۆراکی پێویست، پەروەردەی بنەڕەتی، چاودێری تەندروستی نەبێت و بەهەژاری بژی، ئەوا ناتوانێ بیر لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانی بکاتەوە و دەستبەرداری مافەکانی دەبێت و مافەکانی پێشێل دەکرێن.   

 

---------------

 

سەرچاوەکان

1. Griffin. James (2001) First Steps in an Account of Human Rights. European journal of Philosophy, Vol. 9. No. 3. PP. 306-327.
2. Jones. Peter (1994) Rights. London: Palgrave macmillan.
3. Ashford. Elizabeth (2007) The Duties Imposed by the Human Right to Basic Necessities. In: Thomas Pogge (ed.) Freedom from Poverty as a Human Right: who owes what to the very poor? Oxford: Oxford University Press. PP. 183-218.
4. Jones. Peter (1994) Rights. London: Palgrave macmillan.
5. Griffin. James (2001) First Steps in an Account of Human Rights. European journal of Philosophy, Vol. 9. No. 3. PP. 306-327.
6. Nickel. James W (2005) Poverty and Rights. The philosophical Quarterly, Vol. 55, No. 220. PP. 385-402.
7. هەمان سەرچاوەی پێشوو
8. Jones. Peter (1994) Rights. London: Palgrave macmillan.
9. Nickel. James W (2005) Poverty and Rights. The philosophical Quarterly, Vol. 55, No. 220. PP. 385-402.
10. Jones. Peter (1994) Rights. London: Palgrave macmillan.
11. Ashford. Elizabeth (2007) The Duties Imposed by the Human Right to Basic Necessities. In: Thomas Pogge (ed). Freedom from Poverty as a Human Right: who owes what to the very poor? Oxford: Oxford University Press. PP. 183-218.


پەیماننامەى مافە ئابووریى و کۆمەڵایەتیى و کلتووریەکانیى ساڵى ١٩٦٦ە کە بە واژۆکراوى نوێنەرى وڵاتێک پێشکەشى سەرۆکى کاروبارى یاسایی نەتەوەیەکگرتووەکانى دەکات