سەرتاوتار و شیکاری

جینۆساید و دادگاى تاوانى نێوەوڵەتیی

ئەنجوومەنى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵى ١٩٩٢ کۆمسیۆنى یاساى نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانى ڕاسپارد بە هاوکاریی نوێنەرى دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیى، ڕەشنووسى بنەڕەتنامەیەک بۆ دامەزراندنى دادگایەکى هەمیشەیی تاوانى نێودەوڵەتیی ئامادە بکەن. کۆمسیۆنەکە ساڵى ١٩٩٤ ڕەشنووسى بنەڕەتنامەکەى ئامادە کرد. پاشان ئەنجوومەنى گشتیى کۆمیتەیەکى تایبەتمەندیى بۆ چاوپێداخشاندنەوە بە پڕۆژەڕەشنووسەکە و ئامادەکاریى بۆ بەستنى کۆنفرانسێک، بە مەبەستى دامەزراندنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، درووست کرد. لە مانگى حوزەیرانى ١٩٩٨، بە ئامادەبوونى نوێنەرى ١٦٠ وڵات و دەیان ڕێکخراوى نێودەوڵەتیی، لە ڕۆماى پایتەختى ئیتاڵیا، کۆنفرانسەکە دەستی پێ کرد و ماوەى مانگێکى خایاند. بە دەنگى ١٢٠ بەڵى و ٧ نەخێر و ٢١ دەوڵەتیش دەنگیان نەدا، بنەڕەتنامەى دامەزراندنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی پەسەند کرا، بنەڕەتنامەکە لە ١٢٨ مادە پێک هاتووە، بۆ سیانزە بەش دابەش دەبوو، لە تەمووزى ساڵى ٢٠٠٢ـەوە چووە بوارى کارپێکردنەوە.

دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بە پێچەوانەى دادگاى دادى نێودەوڵەتیی، کە ئۆرگانێکى سەرەکیى نەتەوەیەکگرتووەکانە، بەشێک نییە لە پێکهاتەى نەتەوەیەکگرتووەکان و بەپێی بنەماى ڕێککەوتننامەیەکى نوێ و بە ڕەچاوکردنى سەروەریى دەوڵەتان دامەزرا. دادگاى دادى نێودەوڵەتیی دەسەڵاتى دادوەریى بە سەر هەموو ئەندامەکانى نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەیە، بەڵام دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی تەنها بە سەر ئەو دەوڵەتانەى وا خۆویستانە دەبنە ئەندامى بنەڕەتنامەکەى. دادگاى دادى نێودەوڵەتیی دەسەڵاتى دادوەریى، تەنها بۆ دادبینیى و چارەسەرى ناکۆکیى نێوان دەوڵەتە ناکۆکەکان و بەپێى ئەو پەیماننامە و ڕێکەوتننامانەى لە نێوان یەکدا واژۆیان کردووە، هەیە. بەڵام دەسەڵاتە دادوەرییەکەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی جیاوازە و بۆ دادگایی و سزادانى تۆمەتباری کەسیى تاوانە نێودەوڵەتییەکانە. 

ئێستا دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی تاكه‌ دادگای تاوانى هه‌میشه‌یی نێوده‌وڵه‌تییه‌، ئەم دادگایە كۆمه‌ڵیك تایبه‌تمه‌ندیى و ڕێساى بۆ دادگایی تۆمه‌تباران هه‌یه‌، دەسەڵاتە دادوەرییەکەى گرێدراوی چوار جۆر مەودایە، ئەوانیش:

یەکەم: مەوداى بابەتیى دەسەڵاتى دادوەریى (Subject Matter Jurisdiction)
پێویستە تۆمه‌تباره‌كه‌ یان تۆمه‌تباره‌كان یه‌كێك له‌ تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان ئه‌نجام دابێت، ئەوانیش بریتین لە چوار تاوان، تاوانى جینۆساید، تاوانى دژه‌مرۆڤایه‌تیى، تاوانى جه‌نگ و تاوانى شه‌ڕه‌نگێزیى. واتا ئەم دادگایە لە کاتێکدا دەتوانێت دادبینییەکانى دەست پێ بکات کە تەنهاوتەنها یەکێک لەو تاوانانە ئەنجام درابێت، بەڵام هەریەک لەو تاوانانە بەپێى تایبەتمەندیی و کردەکانى میکانیزمەکانى ئەنجامدانیان لە درێژەدا بۆ لقە تاوانى تر ورد دەبنەوە. تاوانى جینۆساید دەچێتە چوارچێوەى مەوداى بابەتیى دەسەڵاتى دادوەریى دادگاکەوە و بەپێى زنجیرەى تاوانەکان لە بنەڕەتنامەکەى دادگاکەدا تاوانى جینۆساید وەک یەکەم تاوان هاتووە و پاشان تاوانەکانى تر. پێناسە و تایبەتمەندى تاوانى جینۆساید وەک ئەوەى لە پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزاخستنە سەر تاوانى جینۆسایددا هاتووە لەم دادگایەدا هەروەک خۆى وەرگیراوە و بەبێ دەستکارییەکى جەوهەریى دانراوەتەوە.

 دووەم: مەوداى کاتیی دەسەڵاتى دادوەرى (Temporal Jurisdiction)
دەبێت تاوانه‌كە له‌ دواى به‌روارى چوونەبواری کارپێکردنى بنەڕەتنامەى دادگاكه‌وه‌ ئه‌نجام درابێت، كه‌ به‌روارى ١ـى تەمووزى ٢٠٠٢ـیە. یاخود پاش بەروارى ئەندامێتیی دەوڵەتێکى نوێ. ئەم دادگایە دەسەڵاتى دادوەریى بە سەر هیچ یەکێک لەو تاوانانەدا نییە، کە پێش ئەو بەروارە ئەنجام درابێت، مەگەر لە دۆخێکدا کە تاوانەکە بەردەوام بێت تا دواى ئەو بەروارە، ڕوونتر، تاوانێک ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئەو کاتەى بنەڕەتنامەکە چووەتە بوارى کارپێکردنەوە، یان تا ئەو کاتەى دەوڵەتەکە بووە بە ئەندامى دادگاکە، تاوانەکە بەردەوامە.

 سێیەم: مەوداى شوێنیی دەسەڵاتى دادوەریى (Territorial Jurisdiction)
ده‌بێت تاوانه‌كە یان تاوانەکان له‌سه‌ر خاكى یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌ندامه‌كانى ئه‌م دادگایه‌، یان دژى یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌ندامه‌كان، ئه‌نجام درابێتن، لە دۆخێکی وادا گرنگ نییە ئەو دەوڵەتەى تاوانەکەى ئەنجام داوە، ئەندامى دادگاکەیە یان نا، بەڵکوو شوێنى ڕوودانى تاوانەکە گرنگە. پێویستە لەسەر خاکى یەکێک لە دەوڵەتە ئەندامەکان بێت. یان دەرەنجامى تاوانەکە کاریگەریى لەسەر دەوڵەتەکێکى ئەندام هەبێت. بۆ نموونە ڕەوشى میانمار-بەنگلادیش ساڵى ٢٠١٩، لەم ڕەوشەدا میانمار ئەندامى دادگاکە نییە و تەنها بەنگلادیش ئەندامە. میانمار لە نێو خاکى وڵاتەکەی خۆی تاوانى دژەمرۆڤایەتیى دژی موسڵمانە ڕووهینگییەکان ئەنجام دا و لە سەرەنی ئەمەوە ملیۆنان کەس بۆ نێو خاکى بەنگلادیش دەرپەڕێنران. بەمەش دەرئەنجامى تاوانەکە لە سەر خاکى وڵاتێکى ئەندام دەرکەوت. یان ڕەوشى ئەفغانستان-ئەمەریکا ساڵى٢٠٢٠، لەم ڕەوشەدا ئەمەریکا ئەندامى دادگاکە نییە، بەڵام ئەفغانستان ئەندامە. کەیسەکە لە سەر ئەو تاوانانەیە، گوایە ئەمەریکا لە پڕۆسەى داگیرکاریى ئەفغانستاندا تاوانى جەنگى لەو وڵاتەدا ئەنجام داوە. یان ڕەوشى فەلەستین-ئیسرائیل، فەلەستین ئەندامى دادگاکەیە و ئیسرائیل ئەندام نییە تێیدایە. ئەم ڕەوشە ئێستا لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی لە قۆناغى لێکۆڵینەوەدایە.

چوارەم: مەوداى کەسیی دەسەڵاتى دادوەریى (Personal Jurisdiction)
دەبێت تاوانەکە لەلایەن هاووڵاتیی دەوڵەتێکى ئەندامى دادگاکەوە یان دژى هاووڵاتییانى یەکێک لە دەوڵەتە ئەندامەکان ئەنجام درابێت، لەم دۆخەدا گرنگ نییە ئەو وڵاتەى تاوانەکەى لە سەر ئەنجام دراوە، ئەندامى دادگاکەیە یان نا، بەڵکوو ئەگەر ئەو کەسەى تاوانەکەى ئەنجام داوە، هاووڵاتیی یەکێک لە دەوڵەتە ئەندامەکان بێت، ئەوا دادگا دەسەڵاتى دادوەریى بە سەریدا هەیە. بۆ نموونە ڕەوشى ئێراق-بەریتانیا لە ساڵى ٢٠٠٦، لەم کەیسەدا ئێراق ئەندامى دادگاکە نییە و تەنها بەریتانیا ئەندامە. کەیسەکە سەبارەت بە تاوانى جەنگە وا لە پڕۆسەى داگیرکاریى ئێراقدا سەربازە بەریتانییەکان لە شارى موسڵ ئەنجامیان داوە. پاش نزیکەى پانزە ساڵ لە لێکۆڵینەوە و ساڵى ٢٠٢٠، داواکارى گشتیى دادگاکە ڕەوشەکەى لە سۆنگەی نەبوونى بەڵگەى پێویستەوە داخست.

سەربارى ئەو چوار تایبەتمەندییەى سەرێ، لە دوو دۆخی تریشدا دادگاکە دەسەڵاتى دادوەریى بۆ دادگایی تۆمەتبارانى تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەیە، ئەوانیش:

یەکەم: دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی لەلایەن ئەنجوومەنى ئاسایشەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەى وا لە وڵاتێکى نائەندامى دادگاکە ڕوویان داوە، ڕابسپێردرێت. لەم دۆخەدا بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایش قابیلى ڕەتکردنەوە نییە، هەرچەندە ئەو وڵاتەى لێکۆڵینەوەکانى لێ دەست پێ دەکرێت، ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیش نەبێت. بۆ نموونە ڕەوشى لیبیا لە ساڵى ٢٠١١، لیبیا ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی نییە، بەڵام ئەنجومەنى ئاسایش بە بڕیارى ژمارە ١٩٧٠، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ڕادەسپێرێت تا کنەوپشکنین و لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەى وا دەچنە چوارچێوەى مەوداى بابەتیی دەسەڵاتى دادوەریى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییەوە، بکات. جا ئەو تاوانانە لە سەر خاکى لیبیا ڕوویان دابێت یان هاووڵاتییانى لیبیا لە وڵاتێکى تر ئەنجامیان دابێت. ڕەوشى سوودانی ساڵى ٢٠٠٥، سوودان ئەندامى دادگاکە نییە، بەڵام ئەنجوومەنى ئاسایش بە بڕیارى ژمارە ١٥٩٣ دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ڕادەسپێرێت تا لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی حکومەتەکەى عومەر بەشیر بکات. گرنگترین تایبەتمەندى "ڕاسپاردنى دادگاکە لە لایەن ئەنجوومەنى ئاسایش"ەوە ئەوەیە کە ئەنجوومەنەکە ناتوانێ سنوورى مەودای کاتیی و مەوداى بابەتیی دەسەڵاتى دادوەرى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ببەزێنێ، بەڵام دەتوانێ سنوورەکانى مەوداى شوێنیی و مەوداى کەسیی دەسەڵاتى دادوەرى دادگاکە ببەزێنێ. وردتر؛ ئەنجوومەنى ئاسایش ناتوانێ دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ڕابسپێرێ بۆ دادگاییکردنى ئەو تاوانانەى وا لە پێش چوونە بوارى کارپێکردنى بنەڕتنامەکەیەوە (تەمووزى ٢٠٠٢) ڕوویانداوە، هەروها ناتوانێ دادگاکە ڕابسپێرێ بۆ دادگاییکردنى جۆرە تاوانێک کە نەچێتە ناو یەکێک لەو چوار تاوانەوە. بەڵام دەتوانێ دادگاکە ڕابسپێرێ بۆ دادگاییکردنى ئەو تاوانانەى وا لەسەر خاکى دەوڵەتێکى نائەندامى دادگاکە ڕوویانداوە یان هاوڵاتیی یەکێک لە دەوڵەتە نائەندامەکان ئەنجامیانداوە.

دووەم: دەوڵەتێکى نائەندامى دادگاکە خۆویستانە داوا لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بکات تا دەستێوەردانى یاسایی لە وڵاتەکەیدا بکات. لەم دۆخەدا دەوڵەتە نائەندامەکە دەتوانێ مەوداى بابەتیى و شوێنیی و کاتیی دەسەڵاتى دادوەریى دادگاکە دیاریی بکات، دادگاکە ئەرکدارە لێکۆڵینەوەکانى تەنها لەو چوارچێوەیەی وا بۆى هێڵکێش کراوە، دەست پێ بکات، واتە ئەگەر تاوانێکى تر لە هەمان وڵاتدا ڕووی دابێت، بەڵام نەچێتە چوارچێوەى ئەو مەودایانەوە وا دەوڵەتەکە ڕەزامەندى پێشوەختەى لە سەر داوە، ئەوا دادگا مافى لێکۆڵینەوەى نییە. بۆ نموونە ڕەوشى ئۆکرانیای ساڵى ٢٠١٤، ئۆکرانیا ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی نییە، بەڵام خۆویستانە داواى لە دادگا کرد تا لێکۆڵینەوەکانى لەسەر ئەو تاوانانەى وا لە خۆپیشاندانەکانى مەیداندا ڕوویان داوە، دەست پێ بکات.

دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بنەماى تەواوکاریى ڕەچاو دەکات، بەپێى ئەم بنەمایە گەرەکە دادگاکە وەک دواپەناگە پەناى بۆ ببرێت، پێویستە دادگا پێش هەر لێکۆڵینەوە و پشکنینێک تەماشاى ئەوە بکات بزانێ ئاخۆ تۆمەتبارانى ئەو تاوانە لە وڵاتەکەى خۆیاندا دادگایی دەکرێن یان نا. گەر دەوڵەتەکە دادگاییان نەکات یان دادگاییەکى ڕووکەشانەیان بکات، ئەوکات دادگاکە تواناى دەستێوەردانى یاسایی هەیە و دەسەڵاتە دادوەرییەکەى چالاک دەبێت. دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی خۆی پۆلیس و هێزى نییە تا بەو دەستاوێژە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکات. ڕاستییەکەی بە پێچەوانەوە تۆمەتبارەکانى ئەم دادگایە فرەتر سەرۆک و پلەدارەکانى دەوڵەتن و هێزی سەربازییان لە بن دەستە، دادگا لە ڕێى هەمانگیى نێودەوڵەتیی و خۆڕادەستکردنەوەى خۆویستانەوە، تۆمەتبارەکان لە هۆڵەکانى دادگادا ئامادە دەکات.

دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە تا نها، هیچ کەسێکى لە سەر ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید سزا نەداوە. ڕەوشى سوودانی لێ بترازێ، هیچ پەڕاوێکى لێکۆڵینەوەى بۆ هیچ وڵاتێکى تر نەکردووەتەوە. جینۆسایدى دارفۆر لە سوودان تاکە ڕەوشی دادگاکەیە، بەڵام هێشتا تۆمەتبارەکان ڕادەستى دادگا نەکراون. سەرەتا داواکارى گشتیی دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، بە ڕەچاوکردنى مەوداکانى دەسەڵاتى دادوەریى، پەڕاوى لێکۆڵینەوە ئامادە دەکات و پاشان ئاڕاستەى دادگاى لێکۆڵینەوەى دادگاکەى دەکات. سیستمى دادگاکە سێ قۆناغە و دادوەران بۆ هەرسێ دادگاى لێکۆڵینەوە و دادگا و دادگاى پێداچوونەوە دابەش بوون. پاشان دادگاى لێکۆڵینەوە چاو بە پەڕاوەکەى داواکارى گشتییدا دەخشنێتەوە و ڕێپێدان پێشکەشى داواکارى گشتیى دەکات تا لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان (Preliminary Examination) دەست پێ بکەن، ئەم قۆناغە بۆ هەڵسەنگاندنى زانیارییەکانە. بەڵام لەو دوو دۆخەی وا دەوڵەت خۆى داوا لە دادگا بکات یان ئەنجوومەنى ئاسایش دادگا ڕابسپێرێت، ئەوا پێویست بە ڕێپێدانى دادگاى لێکۆڵینەوە ناکات و ناچارە دەستبەجێ لیکۆڵینەوە سەرەتاییەکانى دەست پێ بکات. پاش تەواوبوونى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دیسانەوە داواکارى گشتیى پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ  تۆمەتبارەکان ئامادە دەکات، لەم قۆناغەدا پێویستە سەرجەم بەڵگە و پێدراوە یاساییەکان بخاتە ڕوو، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ تایبەتمەندییەکانى ئەو تاوانانە و پەیوەندیی تاوانەکان بە بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییەوە بکات، لەم قۆناغەدا دیسان لارینەبوونى دادگاى لێکۆڵینەوەی گەرەک، گەر دادگاى لێکۆڵینەوە ڕێگەپێدانى بۆ بکات، ئەوا فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکان دەردەچێت. ڕەوشى سوودانی تایبەت جینۆسایدى دارفۆر، ئێستا لەم قۆناغەدایە و فەرمانەکە بۆ گرتنى عومەر بەشیر دەرکراوە، بەڵام هێشتانەکێ دەستگیر نەکراوە.

ئەنجوومەنى ئاسایش لەبەر ڕۆشنایی ڕاپۆرتى کۆمسیۆنى نێودەوڵەتیی بۆ تێهەڵچوونەوەی ڕووداوەکانى دارفۆر، کە کۆمسیۆنەکە پێشتر و بە بڕیارى ئەنجوومەنى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان، وەک کۆمسیۆنێکى گەڕان بۆ ڕاستییەکان (Fact-Finding Mission دامەزرابوو. ئەنجوومەنى ئاسایش لە ساڵى ٢٠٠٥ و لە ژێر بەندى حەوتى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان و بە بڕیارى ١٥٩٣ دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ڕاسپارد تا دادگایى تۆمەتبارانى تاوانەکانى سوودان بکات. ئەم بڕیارە یەکەم بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایشە بۆ ڕاسپاردنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی. بڕیارەکە لە ١ـى تەمووزى ساڵى ٢٠٠٢ـەوە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ئەرکدار دەکات، ئەمەش هاوکاتى چوونە بوارى کارپێکردنى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییە (ئەنجوومەنى ئاسایش ناتوانێ دادگاکە ڕابسپێرێت بۆ ئەو تاوانانەى وا پێش ئەو بەروارە ڕوانداوە). هەر تاوانێکى نێودەوڵەتیی لە سوودان ڕووی دابێت، لێی بکۆڵێتەوە و بکەرەکانى ڕاپێچی دادگا بکات و دواتر تاوانباران سزا بدات. بەپێى ئەوەى بڕیارەکە لە ژێر بەندى حەوتى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکاندایە، واتە پەیوەندیى بە ئاسایش و سەقامگیریى نێودەوڵەتییەوە هەیە، کەواتە خەسڵەتی ناچارکردنى تێدایە و پێویستە سەرجەم دەوڵەتە ئەندامەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەچاوى بکەن. سەرەڕاى ئەو خەسڵەتی ناچارکردنە، بەڵام عومەر حەسەن بەشیر پاش بڕیارى دەستگیردنەکەی سەردانى چەندین وڵاتى کرد. چەند وڵاتێکیان ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بوون و دەستگیریان نەکرد.

داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی لە ساڵى ٢٠٠٨ یەکەم پەڕاوی بەڵگەیی بە مەبەستى لاری ­نەبوونیان و دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردنی عومەر بەشیر، ئاڕاستەى دادگاى لێکۆڵینەوە کرد. بەپێى بنەڕتننامەى دادگاکە، پێویستە داواکارى گشتیى، بە مەبەستى دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران، بەڵگەکان ئاڕاستەى دادگاى لێکۆڵینەوە بکات، بنەڕەتنامەکە دەڵێت:

"١. لە پاش تەواوبوونى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پێویستە دادگاى لێکۆڵینەوە لە سەر داواى داواکارى گشتیى، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکان دەربکات. ئەگەر داواکەى داواکارى گشتیى لە سەر بنەماى بەڵگە و زانیاریى درووست بێت، پێویستە داواکەى داواکارى گشتیى ئەم مەرجانەى تێدا بێت:
أ. بەڵگەى پێویست هەبێت کە کەسەکە یەکێک لە تاوانەکانى سنوورى دەسەڵاتى دادوەرى دادگاکەى ئەنجام دابێت، یان ب. فەرمانى دەستگیرکردنەکە پێویستییەک بێت لە پێناو: I. بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونى کەسەکە لە دادگا، II. بۆ دڵنیابوون لەوەى ئەو کەسە بەربەست و تەگەرە بۆ لێکۆڵینەوە یان پڕۆسەکانى دادبینیى درووست ناکات، III. بۆ دڵنیابوون لەوەى کەسەکە بەردەوام نەبێت لە تاوان.
٢. دەبێت داواکە ئەم پێداویستیانەى تێدا بێت: أ. ناوى تۆمەتبارەکە یان هەر زانیارییەکى پەیوەندییداری تر، ب. دیارییکردنى ئەو تاوانەى وا کەسەکە ئەنجامی داوە، بەپێى چوارچێوەى مەوداکانى دەسەڵاتى دادوەریی دادگاکە، ج. کورتەیەک لەو ڕاستییانەى وا ئەنجامدانی تاوانەکە دەسەلمێنێت. د. پوختەیەک لە بەڵگە و زانیارییەکان تا ببسەلمێنێ ئەو کەسە تاوانەکەى ئەنجام داوە، هـ . دیارییکردنى ئەو هۆکارانەى وا داواکارى گشتیى پێیوایە پێویستە ئەو کەسە دەستگیر بکرێت.
٣. پێویستە فەرمانى دەستگیرکردن ئەمانەى تێدا بێت: أ. ناوى کەسەکە یان هەر زانیارییەکى تایبەتى تر، ب. ئاماژە بەو تاوانانە درابێت وا دەچنە چوارچێوەى دەسەڵاتى دادوەریى دادگاکەوە، ج. کورتەیەک لە بەڵگە و زانیارییەکان بۆ سەلماندنى ئەنجامدانی تاوانەکان."

داواکەى داواکارى گشتیى زیاتر لە سەد پەڕەیە و بەپێى ئەو ستاندارد و مەرجانەى سەرێ پێشکەشى دادگاى لێکۆڵینەوەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی کردووە تا لارینەبوون و فەرمان بۆ دەستگیرگردنی عومەر بەشیر نیشان بدەن. لە داواکەدا داواکارى گشتیى دە تۆمەتى ئاڕاستەى عومەر بەشیر کردووە، ئەو، سێ کردەى تاوانى جینۆساید و پێنج کردەى تاوانى جەنگ و دوو کردەى تاوانى دژەمرۆڤایەتیی ئەنجام داوە. لێرەدا تەنها لەسەر ئەو بەشەى دەدوێم وا گرێدراوی تاوانى جینۆسایدە. داواکارى گشتیى بە وردیى باسى ڕووداوەکە دەکات و بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاکە سەلماندوویەتى تاوانى جینۆساید ڕووی داوە و گەرەکە عومەر بەشیر دەستگیر و دادگایی بکرێت.

سەرەتا داواکارى گشتیى بەپێى بنەماى تەواوکاریى ڕوونکردنەوە دەدات، دەڵێت، هیچ دادبینیی و لێکۆڵینەوەیەک لە دادگا ناوخۆییەکانى سوداندا بۆ دادگایی عومەر بەشیر سەر ڕێ نەخراوە، بۆیە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بەپێى دەسەڵاتە دادوەرییەکەى تواناى دەستێوەردانى یاسایی هەیە. پاشان دەچێتە سەر باسکردنى پاشخان و مێژووى ڕووداوەکە. عومەر بەشیر لە ساڵى ١٩٨٩ دەسەڵاتى سیاسیى سوودان دەگرێتە دەست، کاتێ دەسەڵات دەگرێتە دەست، کەمپەینێک دژى نەیارەکانى دەست پێ دەکات و بەشێک لە گرووپە خاوەنپارێزبەندەکان دەچەوسێنێتەوە، لەناویاندا سێ ڕەچەڵەک بە تەواویى بەر شاڵاوێکى سیستماتێکى لەناوبردن و سەپاندنى جەوروستەم دەکەون، ئەوانیش؛ ڕەچەڵەکەکانى فوور، مەسالیت و زەغاوە. لەبەر ئەوەى عومەر بەشیر سەرۆکى سوودان و بەرپرسى هێزە چەکدارەکانە و بەپێى پیلانى ئەو ئەو شاڵاوانە ئەنجام دراون، لەو سۆنگەوە، داواکارى گشتیى بە بەرپرسى یەکەمى تاوانەکەى دەبینێ.

لە ساڵى ٢٠٠٣ بە دواوە دەسەڵاتەکەى عومەر بەشیر شاڵاوێک بۆ سەر هەرێمى دارفۆر دەست پێ دەکات کە ڕێژەى ٤٠%ـى دانیشتوانی ئەو هەرێمە لەو سێ ڕەچەڵەکە پێکه هاتبوون. شاڵاوەکە ئەو گوندانە دەکاتە ئامانج وا ئەو ڕەچەڵەکانەى لێ نیشتەجێن، بە شێوەیەک ٩٧%ـى گوندەکانى ڕەچەڵەکى فووریی و ٨٥%ـى گوندەکانى ڕەچەڵەکى مەسالیت بەر هێرش و پەلامارەکان دەکەون. سەرەنجام نزیکەى دووملیۆن و نیو هاووڵاتیى سەر بەو سێ ڕەچەڵەکە بە ئامانج دەگیرێن و زۆرینەی کردەکانى میکانیزمى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید و تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتییان بەرانبەر دەنوێنرێ، لەوانە؛ کوشتن و لەناوبردن، دەرپەڕاندن لەسەر خاک و ئاوى خۆیان، بەدڕەفتاریى سێکسیى، وێرانکردن و خاپوورکردنى ماڵ و موڵکیان، ڕووخاندنى شوێنەوار و پەرەستگا و شوێنە گشتییەکانیان.

داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ سەلماندنى تاوانەکە پشتى بە کۆمەڵێک سەرچاوەى بەڵگەیی بەستووە، لەوانە، چاوپێکەوتن لەگەڵ قوربانیى و گەواهیدەران، چاوپێکەوتن لەگەڵ پلەدارانى ناو حکومەتەکەى عومەر بەشیر. ئەو بەڵگە و دۆکیومێنتانەى حکومەتى سوودان پێشکەشى داواکارى گشتیی کردوون، ڕاپۆرت و زانیارییەکانى دەستەى گەڕان بە دواى ڕاستییەکان لە سوودان، ڕاپۆرت و بڕیارەکانى یەکێتیى ئەفریقیا، هەروەها شێوەکانى ترى زانیاریی ڕۆژنامەوانیی. داواکارى گشتیى لە کۆى پێنج کردەکەى تاوانى جینۆساید، بە سێ کردەیان عومەر بەشیر تۆمەتبار دەکات، کەوا تاوانى جینۆسایدى ئەنجام داوە، ئەوانیش؛ یەکەم. کوشتنى ئەندامانى گرووپە پارێزبەندەکان، دووەم. زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونیى بە ئەندامانى گرووپێکی پارێزبەند، سێیەم. خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گرووپێکی پارێزبەند بە مەبەستى لەناوبردنى تێکڕا یان بەشێکیان.

داواکارى گشتیى بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت تاوانى جینۆساید ئەنجام دراوە، شیتەڵکارییەک بۆ بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی لە هەمبەر تاوانى جینۆساید دەکات و بەپێى ڕەوشى سوودان ئارگومێنتى بۆ دەهێنێتەوە. پایەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید باس دەکات و لە درێژەدا یەک یەک بەپێى ڕەوشەکە پاسادانیان دەکات، پایەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بەپێى ئەم داوایەى داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بریتین لە: یەکەم. بەئامانجگرتنی یەکێک لە گرووپە پارێزبەندەکان، دووەم. لانى کەم یەکێک لە کردەکانى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید ئەنجام درابێت، سێیەم. ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لەگۆڕێ بێت، چوارەم. ئەو کردەیە کاریگەریى لە سەر سڕینەوەى بەشێکى جەوهەریى (Substantial Part) گرووپەکە چێ کردبێت. سەرەتا دەچێتە سەر پێوەرەکانى جیاکردنەوە و پێناسەى گرووپە ڕەچەڵەکییەکان، بۆ ئەمەش پشت بە دادبینییەکانى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا دەبەستێت و ئاوا پێناسەى گرووپی ڕەچەڵەکیى دەکات:

"گرووپی ڕەچەڵەکیی ئەوانەن وا ئەندامەکانى ڕایەڵەیەکى هاوبەشى زمانەوانیى و فەرهەنگییان هەیە، بەڵام گرنگ نییە ئەو ڕایەڵانە سەرپاک لەئارا بن، بەڵکوو دەکرێت گرووپێک خۆى پێ گرووپێکی ڕەچەڵەکیى جیاوازتر بێت یان هێرشبەر و ئەنجامدەرى تاوانەکە ئەو کۆمەڵە خەڵکەى پێ گرووپێکی ڕەچەڵەکیى جیاواز بێت"

بۆ بڕیاردان لەوەى ئەو گرووپە یەکێکە لە گرووپە پارێزبەندەکان، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی هەمان پێودانگی هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگووسلاڤیا و ڕوانداى ڕەچاو کردووە و لە زۆر شوێندا پەراوێزى بۆ هێناوەتەوە و پشتى بە دادبینییەکانى ئەو دوو دادگایە بەستووە. گرنگترین تایبەتمەندیى ئەم دادبینییە ئەوەیە، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیش بۆ بڕیاردان لە گرووپە پارێزبەندەکان پێیوایە پێویستە ڕەچاوى پێدراوە فەرهەنگیی و ناوچەییەکان بکرێت و بەپێى بارودۆخەکە هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکان بکرێت.

دارفۆر لە ١٢٠ هۆز و تیرە پێک هاتوون، هەموو ئەو هۆزانە لەگەڵ سەرپاکی خەڵکى سووداندا هەمان ئایین پەیڕەو دەکەن، کە ئایینى ئیسلامە، هەمان لەشولار و ڕووخساریان هەیە و بە هەمان زمان دەدوێن، کە زمانى عەرەبییە. هەرسێ گرووپی فۆر، مەسالیت و زەغاوە لە هەرێمى دارفۆرى سوودان نیشتەجێن، بەڵام ئەو سێ گرووپە، جگە لە زمانى عەرەبیى، بە دیالێکتى خۆشیان دەدوێن، هەروەها شوێنى نیشتەجێبوونیان دیارە و هەر گرووپەی لە شوێنێکى دیاریی­کراوى دارفووردا نیشتەجێن. ئەو ناوچانەى لێی دەژین بە خاک (دار)ـى خۆیانى دەزانن. ئەو ناوچانەى خەڵکى مەسالیتى لێ دەژێت، پێى دەڵێن دارمەسالیت. ئەو ناوچانەى خەڵکى زەغاوەى لێ دەژێت پێی دەوترێت دارزەغاوە، بەڵام هەردوو ناوچەکە دەکەونە ناو دارفۆرەوە. بە کۆى گشتیى زۆرینەى خەڵکى دارفۆر لە هۆزى فۆرن. ئەو سێ هۆزە خۆیان بە جیاواز دەبینن و ئەو لایەنەشى هێرشى کردوونەتە سەر، بە جیاوازیان دەبینن، ئەو جیاوازییانەش هۆکارى هێرش و پەلامارەکانە و عومەر بەشیر ویستوویەتى بەشێک یان تێکڕایان خاشەبڕ بکات. لەم ڕوانگەى سەرەوە، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، ئەو سێ هۆزەی وەک گرووپی ڕەچەڵەکیى ناساندووە و بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییش، گرووپی ڕەچەڵەکیى هەر وەک پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزاخستنە سەر تاوانى جینۆساید، یەکێکە لە گرووپە پارێزبەندەکان.

داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بە سێ تۆمەت، کە بریتین لە سێ کردەى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، عومەر بەشیر تۆمەتبار دەکات، سێ کردەکە بریتین لە؛ یەکەم. کوشتنى ئەندامانى گرووپێکی پارێزبەند، دووەم. زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونیى بە ئەندامانى گرووپێکی پارێزبەند، سێیەم. خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گرووپێکی پارێزبەند بە مەبەستى لەناوبردنى تێکڕا یان بەشێکیان. سەبارەت بە کردەى یەکەم، ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو گوند و ناوچانە بوو وا زۆرینەیان هاووڵاتیى سەر بەو سێ گرووپە بوون، ئەو گوندانەى وا خەڵکەکەى سەر بەو سێ هۆزە نەبوون، تەنانەن چەند سەد مەترێک لە گوندەکانى ئەو هۆزانەوە دوور بوون، بەڵام سەلامەت بوون. هێزەکانى عومەر بەشیر پتر لە دەیان هەزار هاووڵاتیى ئەو سێ ڕەچەڵەکەیان کوشت و نزیکەى سێ هەزار گوندیان تەفروتوونا کرد. داواکارى گشتیى زۆر بە وردیى ئەو شوێن و ناوچانەى وا بەر پەلامارەکان کەوتوون، هەروەها ژمارەى قوربانییەکانى، بەپێى کات و گوند، تۆمار کردووە.

تایبەت بە کردەى دووەم، داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، چەندین جۆرى زیانى جەستەیی و دەروونیى دژى ئەو سێ ڕەچەڵەکە ڕیز کردووە، لەوانە؛ بەزۆر ڕاگواستن، لاقەکرن، بەدڕەفتاریى سێکسیى، ئەشکەنجە، مامەڵەى نامرۆڤانە و دڵڕەقانە، بەو مەرجەی کاتیى نەبن و کاریگەرییەکى هەمیشەیی لەسەر قوربانیى جێ بهێڵن. داواکارى گشتیى لە داواکەیدا بە درێژیى هەڵوەستەى لە سەر هەریەک لەو تاوانانە کردووە، بۆ نموونە؛ بەدڕەفتارى سێکسیى سیستماتیکیانە وەک چەکێک دژى نۆرم و فەرهەنگی گرووپی قوربانیى، وەک دەستاوێژی ئازارچەشتن و جێهێشتنى مۆرکى ئابڕووبەرانە، لە پێناو زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونیى گرووپی بەئامانجگیراو. ئەو بەدڕەفتارییانە بۆ درێژمەودا کاریگەریی دەخەنە سەر گرووپی بەئامانجگیراو. دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، هەروەک هەردوو دادگا تایبەتەکەى تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا و یوگووسلاڤیا، ئەمیش تاوانە ژێندەرییەکانى وەک کۆمەڵە تاوانێک، لەژێر چەترى کردەى دووەمى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا ناساندووە و پێیوایە بەدڕەفتارییە سێکسییەکان بەشێکن لە زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونیى ئەندامانى گرووپێکی پارێزبەند، چونکە ئەو تاوانانە کاریگەریى نەرێنییان لە سەر دەروون و جەستەى ئافرەتە قوربانییەکانى ئەو سێ ڕەچەڵەکە درووست کردووە. یەکێک لەو جیاوازییانەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی لەگەڵ دوو دادگا تایبەتەکەدا هەیەتى، لەم کەیسەى عومەر بەشیردا ئەوەیە، کە دوو دادگا تایبەتەکە ڕاگواستنى بەزۆر و ئەوەى پێى دەوترێت پاکتاوى ڕەچەڵەکیی (Ethnic Cleansing) وەک یەکێک لە میکانیزمەکانى کردەى جینۆساید نەناساندووە، بەڵام ئەم دادگایە بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵى ئەوە دەدات تا بیسەلمێنێ ڕاگواستنى بەزۆر بەشێکە لە میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لەژێر کردەى دووەمدا، چونکە ئەو خەڵکانەى بەزۆر ڕادەگوێزرێن، لە سۆنگەی سوێی ئەو ڕاگواستنەوە، تووشى ئازاری دەروونیى و جەستەیی دەبن، دادگاکە دەڵێت:

"بەزۆر ڕاگواستن کردەیەکە قوربانییەکان ئازارى دەروونیى جەستەیی پێ دەچێژن. ڕێگریی لە گەڕانەوەى ئەو خەڵکەى وا بەزۆر ڕاگوێزراون و جێهێشتنى ماڵ و سامانیان، دەستبەرداربوون لە دابونەریت و سرووتەکانیان، بێبەریکردنى ئەندامەکانى گرووپێکی پارێزبەند لەو ڕایەڵەى بە نیشتیمان و خاک و ئاویانەوە دەبەستێ، بەشێکە لە ئازاری دەروونیى."

دادگاکە دوورتر دەڕوات و پێیوایە وێرانکردن و خاپوورکردنى ماڵ و خانووەکانیان، کوشتن و لاقەکردنى ئازیزەکانیان، ڕاڕایی و نادڵنیایی لە گەڕانەوەیان، بەرگەگرتنى ناسەقامگیریی و ژیانى پڕ کڵۆڵیی و هەردەوێڵیی، برسێتیى و قاتوقڕیى لە کامپەکانى پەنابەراندا، بەشێکە لە ئازاری دەروونیى و دەچێتە  ناو خانەى کردەى دووەمى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدەوە.

تایبەت بە کردەى سێیەمى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، جیاوازتر لە دوو کردەکەى تر، کە لایەنى ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید ئەندامانى گرووپە پارێزبەندەکان دەکاتە ئامانج، چ بە کوشتن یان زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونیى، ئەوا ئەم کردەیە تێکڕاى گرووپەکە و ڕایەڵەکانى پێکەوەبەستنیان دەکاتە ئامانج و دەیەوێ لە ڕێى خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گرووپێک، یان بەشێک، گرووپێکی پاێزبەند لەناو بەرێت. بە شێوەیەکى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی پێیوایە هێرشى هێزەکانى عومەر بەشیر بۆ سەر ئەو سێ گرووپە، بووەتە هۆى وێرانکردنیان و ژیانی ئاسایی لێ تاڵ کردوون. داواکارى گشتیى لە درێژەى داواکەدا سەرجەم ئەو جەوروستەمانەى ڕیز کردووە وا کاریگەریى لە سەر گرووپەکان وەک گشت هەیە. ئاوارەیی و دەربەدەریى، دەستڕانەگەشتن بە خواردن و ئاوى خواردنەوە، ناچارکردن بە ژیان لە بیابانە بێفەڕەکان و دوور لە ئاوەدانیى و سەرچاوەکانى ژین، بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى و پەتا، نیشتەجێکردنى ڕەچەڵەک و تیرەى تر لە شوێنى سێ ڕەچەڵەکە بە ئامانجگیراوەکە بەشێکە لە خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گرووپەکان، ئەویش بە مەبەست (ویست)ى لەناوبردنى تێکڕا یان بەشێکیان. دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی جیاوازتر لە دوو دادگا تایبەتەکەى پێش خۆى، پێیوایە بێبەشکردنى ئەو ناوچانەى وا خەڵکەکەى بۆ ئاوارە بووە، لە خێروبێرەکانى وڵاتى سوودان و ڕێگریی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەکی مرۆیی بۆ ئاوارە هەڵهاتووەکان لەلایەن هێزەکانى عومەر بەشیرەوە، بەشێکە لە میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لە ژێر کردەى سێیەمدا.

پاش ئەوەى داواکارى گشتیى بە مەبەستى دەرکردنى فەرمانى دەستگیرگردن بۆ عومەر بەشیر، ئەو داوایە ڕەوانەى دادگاى لێکۆڵینەوەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی دەکات، دادگاى لێکۆڵینەوە هەڵسەنگاندن بۆ داواکە دەکات و ئەو ئارگومێنت و بەڵگانەى داواکارى گشتیى پێشکەشى کردووە، دەپشکنێت و بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاکە شیکردنەوەى بۆ دەکات. سەرەتا جارێکی تر بە پێناسى کردەکانى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید و گرووپە پارێزبەندەکان و ویستى جینۆسایددا دەچێتەوە. دادگاکە لە سەر تایبەتمەندیى ئەو سێ گرووپەی کراونەتە ئامانج، داواى ڕوونکردنەوەى زیاتر دەکات و پرسیارى ئەوە دەکات چۆن ئەو سێ گرووپە سێ گرووپی ڕەچەڵەکیین و چۆن دەڕۆنە خانەى پێناسەى گرووپی ڕەچەڵەکییەوە؟ گەلۆ پێناسى ئەو گرووپانە لە ڕووى ئەنترۆپۆلۆژییەوە گرووپی جیاوازى ڕەچەڵەکین یاخود بەپێى دنیابینیى ئەنجامدەرانى تاوانەکە بە گرووپی جیاوازى ڕەچەڵەکیى بینراون؟ دادگاى لێکۆڵینەوەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی دەگەڕێتەوە بۆ دادبینیى دادگاى دادى نێودەوڵەتیی تایبەت بە کەیسى بۆسنا دژى سڕبیا، دادگاکە پێیوایە پاکتاوى ڕەچەڵەکیى و تاوانى جینۆساید دوو تاوانى جیاوازن و پاکتاوى ڕەچەڵەکیى ناچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە. لەم بارەیەوە داواى ڕوونکردنەوەى زیاتر لە داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی دەکات، چونکە داواکارى گشتیى لە چەندین شوێندا پاکتاوى ڕەچەڵەکیى بە بەشێک لە میکانیزمى تاوانکاریى جینۆساید ناساندووە. سەبارەت بە ویستى جینۆساید، دادگاى لێکۆڵینەوە پرسیارى ئەوە دەکات داواکارى گشتیى چۆن دەیسەلمێنێت هێزە چەکدارەکان ویستى تاوانى جینۆسایدیان هەبووە؟ چۆن عومەر بەشیر ویستوویەتى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپە پارێزبەندەکان لەناو بەرێت؟ چۆن ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى گرووپە چەکدارەکان یەکسانە بە ویستى جینۆساید لاى عومەر بەشیر؟ بۆیە دادگاى لێکۆڵینەوە داواکەى داواکارى گشتیی، سەبارەت بە دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردنى عومەر بەشیر، لە پاى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ڕەت دەکاتەوە، بەڵام بۆ دوو تاوانەکەى تر (تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتیى)، پشتگیریى داواکە دەکات و فەرمانى دەستگیرکردن دەر دەکات. سەبارەت بە تاوانى جینۆساید، دادگاکە داواى ڕوونکردنەوەى زیاتر لە داواکارى گشتیی دەکات، تا بۆ دادگا ڕوون ببێتەوە عومەر بەشیر ئەو تاوانانەى ئەنجام داوە؟

داواکارى گشتیى لە بەردەم دادگاى پێداچوونەوەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییدا، تانە لە بڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوە دەدات و پێیوایە داواکەى داواکارى گشتیى بەشى پێویست بەڵگەى تێدایە تا باوەڕ بە دادگا بهێنێ، کە عومەر بەشیر تاوانى جینۆسایدى ئەنجام داوە و گەرەکە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەر بکات. پاشتر داواکارى گشتیى بەڵگەى زیاتر بۆ پاسادانى داواکەى پێشکەشى دادگاى پێداچوونەوە دەکات، لە هەمانکاتدا بەپێى بنەماى ڕێنوێنیى دادگا (Amicus curiae)،[1] کۆمەڵێک ڕێکخراو و شارەزا تێبینى خۆیان پێشکەشى دادگاى پێداچوونەوەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی دەکەن. دادگاى پێداچوونەوە بە وردیى  بەڵگە و ئارگۆمێنتەکان تەتەڵە دەکات و پێیوایە بۆ دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردن، مەرج نییە بەڵگەکان هێندە بەهێز بن وەک ئەوەى بۆ دەرکردنى بڕیارى تاوانبارێتیی و سزادان پێویستن، دادگاى پێداچوونەوە داوا لە دادگاى لێکۆڵێنەوە دەکات بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، هەروەها لە پاى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ عومەر بەشیر دەربکات. پاشان دادگاى پێداچوونەوە دووبارە بە بڕیارەکەیدا دەچێتەوە. سا لە پاى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، فەرمانى دەستگیرگرن بۆ عومەر بەشیر دەردەکات. لە ساڵى ٢٠١٠ـەوە ئەو فەرمانە دەرچووە، بەڵام هێشتا عومەر حەسەن بەشیر دەستگیر نەکراوە و لە سەر تاوانى جینۆساید و تاوانەکانى تر دادگایی نەکراوە.


------------------
[1]  ئەم بنەمایە بەشێکە لە نەریتى سیستەمى یاسایی (Common Law)، پێش بڕیاری دادگا، ماف بە ڕێکخراو و شارەزایان دەدات تا تێبینیی و بارى سەرنجى خۆیان پێشکەش بە دادگا بکەن، دادگاش لەبەر ئەو ڕۆشناییە یاسایی و بەڵگەییانە بڕیارێکى درووستر دەر دەکات. ئەم بنەمایە بنەمایەکى ڕاوێژکارییە و ناچارى نییە، مەرج نییە دادگا پێوەى پابەند بێت. ئەم بنەمایەش لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى کاری پێ دەکرێت.

 

عومەر حەسەن بەشیرە لە ساڵى ٢٠١٩ دواى ئەوەى دەسەڵاتى لێ سەندرایەوە و لە دادگایەکى شارى خەرتووم هێنرایە بەردەم دادوەران

 

عومەر حەسەن بەشیرە لە ساڵى ٢٠١٩ دواى ئەوەى دەسەڵاتى لێ سەندرایەوە و لە دادگایەکى شارى خەرتووم هێنرایە بەردەم دادوەران