سەرتاوتار و شیکاری

تاوانە جێندەرییەکان وەک ڕێکارێکى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ

بە نزیکەیی لە هەموو جەنگ و پێکدادانە چەکدارییەکاندا تاوانە جێندەرییەکان (لاقەکردن، کۆیلەکردن بە مەبەستى سێکس، ناچارکردن بە لەشفرۆشیی، بەزۆر سکپڕکردن، بەزۆر نەزۆککردن، یان هەر کردەیەکى ترى بەدڕەفتارى سێکسیى) ڕویانداوە. ئافرەت بە درێژایی مێژوو قوربانییەکى سەرەکى جەنگ بووە. لە بەشێکى زۆرى جەنگەکاندا ئافرەتان وەک دەستکەوتى شەڕ لە لایەن هێزى براوەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکرا، لە پاڵ مەڕوماڵات و شتومەکدا ئافرەتانیش دەستیان بەسەردا دەگیرا و بۆ تێرکردنى ئارەزووى سێکسیى پیاوان بەکاردەهێنران. بە تاوانناساندن و یاساغکردنى تاوانە جێندەرییەکان مێژووەکەى زۆر نوێیە. پێشتر ئەو تاوانانە وەک دەرئەنجام و ئاکامێکى زۆر ئاسایی جەنگ لێى دەڕوانرا و بابەتێک نەبوو جێگاى تێرامان بێت. هەر بۆیە تاوانە جێندەرییەکان لە هیچ یەکێک لە پەیماننامەکانى لاهاى ساڵانى ١٨٩٩ و ١٩٠٧ قسەى لەسەر نەکراوە.

لە دواى کۆتایی جەنگى جیهانیى دووەم و دامەزراندنى ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەشێکى زۆرى کۆشان و هەوڵەکانى ئەو رێکخراوە بۆ بنەبڕکردنى توندوتیژیى دژى ئافرەتان و فەراهەمکردنى مافەکانیان بوو، مافەکانى ئافرەت لە ناو ڕژێمى یاساى نێودەوڵەتیى مافەکانى مرۆڤ لە چاو دوو رژێمەکەى تر بەرەوپێشچوونى باشترى بەخۆوە بینى، وەلێ هێشتا ئەو مافانەى کە پێوستە ئافرەتان هەیانبێت وەک پێویست نەچەسپیوە. جاڕنامەى گەردوونیى مافەکانى مرۆڤ لە ساڵى ١٩٤٨ و پەیماننامەکانى دواترى تایبەت بە مافەکانى مرۆڤ، وەک؛ پەیماننامەى مافە مەدەنیى و سیاسییەکان لە ساڵى ١٩٦٦، پەیماننامەى مافە کۆمەڵایەتیى و ئابووریى و کولتوورییەکان لە ساڵى ١٩٦٦، بە تایبەت پەیماننامەى ڕیشەکێشکردنى هەموو جۆرە هەڵاوێردێک دژى ئافرەتان لە ساڵى ١٩٧٩، بەشێکى زۆرى مافەکانى ئافرەتانى تێدا جێکراوەتەوە و چەسپاوە. هەردوو رژێمى یاساى نێودەوڵەتیی مرۆیی و یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی سوودى زۆریان لە یاساى نێودەوڵەتیى مافەکانى مرۆڤ بۆ پێناسەى مافەکانى ئافرەتان و تێگەشتن لە پێشلێکاریی و توندوتیژییەکان بەرانبەریان، وەرگرتووە. وەلێ ئەم دوو ڕژێمە زۆر درەنگتر چێوەمەند دەبێت و بەم دواییە تاوانە جێندەرییەکان وەک تاوانى سەربەخۆ دەناسێنن.

لە مێژووى زۆر دووردا نا، بەڵکوو لە سەردەمى جەنگى جیهانى دووەمدا تاوانى جێندەرى بێشومار ئەنجامدرا، دیارترینیان؛ ئافرەتانى خۆشیبەخش (Comfort Women)ە. ئیمپراتۆرى یابانى کە هاوشانى نازیزمى ئەڵمانى لە بەرەى میحوەرى جەنگى جیهانى دووەمدا بەرانبەر بەرەى هاوپەیمانان لە شەردابوون، لە ماوەى ئەو جەنگەدا هێزى سەربازیى یابانى نزیکەى دوو سەد هەزار ئافرەتیان ناچار بە لەشفرۆشیی و بە مەبەستى سێکس کۆیلە کرد. ئەو ئافرەتانە بە ئـافرەتانى خۆشیبەخش دەناسران، بە زۆر و بێ ڕەزامەندى خۆیان لەو ناچە و وڵاتانەوە دەهێنران کە هێزى سەربازیى یابان داگیریی دەکردن و دەیخستنە خزمەتى سەربازەکانییەوە. هێزی سەربازیى نازییش هەر وڵاتێکیان داگیر بکردایە، ئافرەتەکانى لاقەدەکرد و بەدڕەفتارى سێکسیى بەرانبەریان ئەنجامدەدا. بەرەى هاوپەیمانیش بە هەمانشێوەى بەرەى میحوەر، بێشومار تاوانى جێندەریى ئەنجامدا. دواى کۆتایی هاتنى جەنگى جیهانى دووەم، هیچ دادگایەک بۆ تاوانى جەنگى بەرەى هاوپەیمانى دانەمەزرا، چونکە ئەو بەرەیە براوەى جەنگەکە بوو، وەلێ دوو دادگا بۆ بەرەى میحوەرى دۆڕاوى جەنگ دامەزرا؛ دادگاى سەربازیى نۆرمبێرگ و دادگاى سەربازیى تۆکیۆ. سەرەڕاى ئەوەى تاوانى جێندەریی یەکێک بوو لە تاوانە دیارەکانى ناو تاوانەکانى جەنگى سەردەمى جەنگى جیهانیى دووەم، بەڵام هیچ یەکێک لەو دوو دادگایە و لە هیچ یەکێک لە دادبنییەکانیاندا تاوانى جێندەرییان وەک ڕێکارێکى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ نەناساند و وەک پێویست گرنگییان بە تاوان و بەدڕەفتارییە سێکسییەکان نەدا.

لە پەیماننامەکانى ژنێڤ لە ساڵى ١٩٤٩ و پرۆتۆکۆڵە زیادکراوەکانى لە ساڵى ١٩٧٧دا؛ ئەم پەیماننامانە و پرۆتۆکۆڵە زیادکراوەکانە تایبەتە بە رژێمى یاساى نێودەوڵەتیى مرۆیی، لە چەندین شوێندا باسى تاوانە جێندەرییەکان کراوە و لە کاتى ململانێى چەکداریدا یاساغى کردووە، گرنگترین تایبەتمەندی ئەم پەیماننامانە ئەوەیە؛ ئەم پەیماننامانە تاوانە جێندەرییەکانى یاساغ نەکردووە لەبەرئەوەى دژى جەستە و مافى ئافرەتە، بەڵکوو بە شێوەیەکى کۆنەپارێزتر بیری لێکردووەتەوە و بە تاوانى ناساندووە، چونکە پێیوایە ئەو تاوانە جێندەریانە دژى شەرەف و ئابڕووى ئافرەتە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بەرانبەر بە تاوانە جێندەرییەکان تا ناوڕاستى نەوەدەکان و نووسینەوەى بنەرتنامەى دادگاى تاوانی نێودەوڵەتیى بەرکار بوو. پێش نووسینەوەى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانی نێودەوڵەتیى و لە دادبینییەکانى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا و دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیى بۆ ڕواندا، تاوانە جێندەرییەکان تاوانێکى سەربەخۆ نەبوون و بەشێک بوون لە تاوانەکانى ترى وەک؛ تاوانى ئەشکەنجە، تاوانى مامەڵەى دڵرەقانە و نامرۆڤیانە و شکۆشکێن، تاوانى بە ئەنقەست سەپاندنى ناسۆرى و زیانگەیاندنى ترسناک بە جەستە و تەندرووستیى.

پێکدادانە چەکدارییەکانی دواى ساڵانى نەوەدەکان، تاوانە جێندەرەییەکانى کرد بە بابەتێکى ئاوکێش و پڕ مشتومڕ، جەستەى ئافرەت لەو پێکدادانانەدا بووە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى شەڕەکان. لە پێکدادانەکانى وڵاتى سیرالیۆن کە دواتر دادگاى تایبەتى سیرالیۆنى لە ساڵى ٢٠٠٢ بۆ دامەزرا، نزیکەى سی لە سەدى تاوانەکان پەیوەندار بوون بە تاوانە جێندەرییەکان و بەرانبەر ئافرەتان ئەنجامدران. لە شەڕى هووتووەکان دژى تووتسیەکان لە وڵاتى ڕواندا نزیکەى نیوەى ئافرەتى تووتسى لاقەکران، تاوانە جێندەرییەکان شەقڵێکى تایبەتى ئەو پێکدادانى چەکدارییە بوو، دواتر و لە کاتى دامەزراندنى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا، دادگاکە سەلماندى تاوانە جێندەرییەکانى دژى تووتسییەکان بەشێکن لە کردەى ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید و تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتیی. لە پێکدادانە چەکداریی و ڕەچەڵەکیەکانى یوگوسلاڤیاى پێشوودا، چەکدارە سڕبەکان لە ڕێگەى جەستەى ئافرەتەوە ویستیان پاکتاوى ڕەچەڵەکیى (Ethnic Cleansing)ى گرووپە ناسڕبەکان بکەن و بەزۆر ئافرەتى ناسڕبیان سکپڕ دەکرد و نەیاندەهێشت منداڵەکان لەباربەرن لە پێناو ئەوەى منداڵى سڕبى بخەنەوە. وەلێ لە هیچ یەکێک لەو دادگایەنەدا تاوانە جێندەرییەکان وەک تاوانگەلێکى سەربەخۆ و ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ بەشێک نەبوون لە بنەڕەتنامەکانیان.

بنەڕەتننامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی لە ساڵى ١٩٩٨دا پێناسەیەکى نوێتر بە بەرى تاوانە جێندەرییەکاندا دەکات و وەک تاوان دەیناسێنێ لەبەرئەوە نا کە دژى ئابڕووە بەڵکوو لەبەر ئەوەى ئەو تاوانانە خۆى لە خۆیدا تاوانێکى سەربەخۆییە و دژى جەستە و دەروون و ژیانى مرۆڤە. لە هەمووى گرنگتر، لە دواى نوسینەوەى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانی نێودەوڵەتییەوە جگە لە "بەزۆر سکپڕکردن" سەرجەم تاوانە جێندەرییەکانى تر دەکرێت بەرانبەر بە ئافرەتان یان پیاوان ئەنجام بدرێن و سەربەخۆیانە دەبن بە رێکارێک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جەنگ. تاوانە جێندەرییەکان ڕێکارێکن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جەنگ، چى ئەگەر ئەم تاوانانە لە ناو پێکدادانى چەکداریى نێودەوڵەتیى یان نانێودەوڵەتیشدا ڕووبدات، هەروەها تاوانە جێندەرییەکان دەکرێ رێکارێک بن بۆ ئەنجامدانى تاوانى دژەمرۆڤایەتى یان تاوانى جینۆساید. بەڵام لەم دوو تاوانەى تردا چوارچێوە و ویستى ئەنجامدانى تاوانە جێندەرییەکان جیاوازە لە ئەنجامدانى تاوانە جیندەرییەکان وەک ڕێکارێکى تاوانى جەنگ.

بە هۆى فراوانبوون و چێوەمەندبوونى پێناسەى تاوانە جێندەرییەکان لەکاتى ململانێى چەکداریی و زۆربوونى ئەم تاوانانە لە پێکدادانە چەکدارییەکانى ئەم ساڵانەى دواتردا، ئەنجوومەنى ئاسایش لە ساڵى ٢٠٠٩دا ئۆفیسێک بۆ دۆکۆمێنتکردن و بەدواداچوون و هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنى تاوانە جێندەرییەکان لە کاتى پێکدادانى چەکداریدا دادەمەزرێنێت. تاوانە جێندەرییەکان نەک تەنها وەک ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ گرنگیی پێدەدرێت، بەڵکوو لەم سالانەى دواتردا بەدڕەفتارییە سێکسییەکان وەک چەکێک لە کاتى جەنگ و پێکدادانى چەکداریی (sexual violence as a weapon of war and armed conflict)دا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت. دەزگاى نۆبڵیش، خەڵاتى ساڵى ٢٠١٨ى بۆ ئاشتى تەرخانکرد بۆ نادییە موراد و دەنیز موکویگێ، ئەو دوو کەسەى وەک سیمبولى بەرگریی و هەوڵدان بۆ ڕیشەکێشکردنى بەدرەفتاریی سێکسیی وەک چەکى جەنگ، ناسراون. تاوانە جێندەرییەکان دەکرێت بە چەندین شێوە و ڕەفتار ئەنجام بدرێن، لەوانە؛

لاقەکردن
لاقەکردن (Rape) وەک کردەیەکى ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ دەکرێ لە پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی و نانێودەوڵەتیشدا ڕووبدات، هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا و ڕواندا کردەى لاقەکردنیان بە بەشێک لە تاوانە شکۆشکێنەرەکان وەرگرتووە یان هەندێجار لەژێر بەستەى تاوانى ئەشکەنجەدا یان وەک زیانگەیاندنێکى جەستەیی و دەروونیی مامەڵەیان لەگەڵ کردووە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا لەژێر بەستەى کردەى ئەشکەنجەدا بۆ پێناسەى کردەى لاقەکردن دەڵێت:

"لاقەکردن وەک کردەیەکى تاوانى جەنگ ئەگەر تا رادەى ئازار چەشتنێکى بە سوێى جەستەیی و دەروونیی بێت، ئەوکات ئەم کردەى لاقەکردنە وەک کردەى ئەشکەنجە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت و یەکێکە لە ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ."

ئەوەى ئەو دوو دادگایە پشتگوێیان خستووە تاوانى لاقەکردنە وەک کردەیەکى سەربەخۆ و یاساغکراو بەپێى سرووشتى تاوانەکە، پەیوەستکردنی لاقەکردن بە ئەشکەنجەدان و شکۆى مرۆڤەوە بە ماناى ئەوە دێت؛ لاقەکردن ئەگەر شکۆ شکێنیى تێدا نەبێت و بەشێک نەبێت لە ئەشکەنجەى قوربانییەکە کەواتە تاوان نییە، هیچ یەکێک لە پەیماننامەکانى ژنێڤ و پەیماننامەکانى مافەکانى مرۆڤ پێناسەى لاقەکردنى تێدا نییە. دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی پێناسەیەکى نوێ بۆ کردەى لاقەکردن دەکات و بە تاوانێکى سەربەخۆى دەناسێنێ و پەیوەستى نەکردووە بە هیچ یەکێک لەو کردانەى ترەوە، هەروەها ئەم تاوانە دەکرێت بەرانبەر هەردوو رەگەز ئەنجام بدرێت. پایەکانى تاوانى لاقەکردن بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانی نێودەوڵەتیی دوو پایەیە؛ پایەى بەرجەستە کە بریتییە لە پەلاماردان و دەستدرێژى سێکسیی بە شێوەیەک کردەى لاقەکردنى لێ بکەوێتەوە. پێکهاتەکانى تاوان لە بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی پێناسەى پایەى بەرجەستەى لاقەکردنى کردووە بە:

"دەستدرێژیکردنە سەر جەستەى کەسێک (نێر یان مێ) بەشێوەیەک کە کردەکە ببێتە هۆى چوونەژوورەوەى، چى ئەگەر کەمیش بێت، ئەندامى سێکسیی (Sexual Organ) بۆ ناو هەر ئەندامێکى جەستەى قوربانییەکە، یان تێکردنى شتێک بۆ ناو یەکێک لە ئەندامێکی سێکسیى جەستەى قوربانییەکە."

پێناسەیەکى ترى پایەى بەرجەستەى لاقەکردن زۆر ڕوونترە، ئەم پێناسەیە ڕاپۆرتنووسى تایبەت بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ "شێوەکانى کۆیلەی هاوچەرخ" پێشنیاری کردووە، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیى بۆ یوگوسلاڤیا لە چەند کەیسێکدا هەمان پێناسەى بەو ڕوونیی و ئاشکراییە وەرگرتووە، لاقەکردن بریتییە لە:

"تێکردنى ئەندامى نێرینەى پیاو بۆ ئەندامى زاوزێی مێ، یان تێکردنى ئەندامى نێرینەى پیاو بۆ پشتەوە یان دەمی قوربانییەکە چى ئەگەر مێ بێت یان نێر، یان تێکردنى شتێکى تر (پەنجە یان هەر تەنێک) بۆ ئەندامى زاوزێى مێ، یان تێکردنى شتێکى تر بۆ پشتەوەى قوربانییەکە چى ئەگەر مێ بێت یان نێر."

پایەى دووەم بریتییە لە "نەبوونى ڕەزامەندیى لاقەکراوەکە"، پێکهاتەکانى تاوان لە بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیى پێناسەى ئەم پایەى کردووە بە:

"دەستدرێژیکردنەکە لە دەرئەنجامى بەکارهێنانى هێزەوە ئەنجام درابێت، یان بە هەڕەشەى بەکارهێنانى هێز، یان لە دەرئەنجامى ترساندن بە توندوتیژیی و بەندکردن و ئازاردانى دەروونیی، یان خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات، یان سوود وەرگرتن لەو ڕەوشە مەترسیدارەى وا قوربانییەکەى تێدایە، یان هەر شێوەیەکى تر کە دەستدرێژیکردنەکە ڕەزامەندییەکى بێ چەندوچوونى لێ هەڵنەکڕێت. ئەگەر ڕەزامەندییەکیش هەبوو ئەوا پێویستە بێخەوش بێت و بەپێى سرووشت و تەمەن و شێوەى ورووژاندنى قوربانییەکە زیاتر لێی بکۆڵرێتەوە."

هەڕەشەکردنەکە دەکرێ دژى قوربانییەکە یا کەسێکى ترى نزیک یان خزم و کەسوکارى قوربانییەکە بێت، نەبوونى ڕەزامەندییەکە دەکرێت لەڕێگەى ڕەوشى ڕووداوەکان و نەبوونى ڕێگاچارە بۆ بەرگریی قوربانییەکە بخوێنرێتەوە. یان دەکرێ تەنها بە هەبوونى پێکدادانى چەکداریی لە ناوچەکە و سوودوەرگرتنى پەلاماردەرکە لەو پێکدادانە چەکدارییە بۆ ئەنجامدانى کردەى لاقەکردنەکە بەڵگەى نەبوونى رەزامەندییەکە بێت لاى قوربانییەکە. ڕێکارەکانى دادگاییکردن و کۆکۆدنەوەى بەڵگە (Rule of Procedure and Evidence)[1] لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی جارێکی تر پێناسەى نەبوونى ڕەزامەندى لە لایەن قوربانى تاوانە جێندەرییەکان دەکاتەوە، ئەم پێناسەیە سەرجەم کردەکانى ناو تاوانە جێندەرییەکان و بەدڕەفتارییە سێکسییەکان و لە ناویاندا لاقەکردنیش دەگرێتەوە، پێناسەکە بەم شێوەیەیە؛

"لە حاڵەتى تاوانە جێندەرییەکان و بەدڕەفتارە سێکسییەکاندا، دادگا پێویستە ڕەچاوى ئەم بنەمایانە بکات: یەکەم؛ ڕەزامەندیی قوربانییەکە بە شێوەى گوتە یان ئاماژە بە رەزامەندیی وەرناگیرێت لە کاتى هەبوونى هەڕەشە، ترس، ناچارکردن، خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات، یان سوود وەرگرتن لەو ڕەوشە مەترسیدارەى وا قوربانییەکەى تێدایە، دووەم. ڕەزامەندیی قوربانییەکە بە شێوەى گوتە یان ئاماژە بە رەزامەندیی وەرناگیرێت لە کاتێکدا کە قوربانییەکە تواناى ئەوەى نەبێت بە شێوەیەکى ئارەزوومەندانە و بێ خەوش ڕەزامەندیی دەرببرێت، سێیەم. ناکرێت بێدەنگیی و بەرگریی نەکردنیی قوربانییەکە بە ماناى ڕەزامەندیی لێک بدرێتەوە، چورەم. ئامادەیی و دەستبازیی و سرووشتیی ئاوێزان بوونى قوربانییەکە لە کاتى تاوانە جێندەریی و بەدڕەفتارییە سێکسییەکاندا نابێت بە ماناى ڕەزامەندیی لێک بدرێتەوە."

دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا پێیوایە هەر کردەیەکى سێکسی خۆویستانەى ئەو ئافرەتانەى وا لە بەندینخانەکاندان لەگەڵ چەکدار و هێزیی سەربازیی بەرانبەر ناچێتە چوارچێوەى سێکسی ئارەزوومەندانەوە، چونکە بەندکردن و دەستبەسەرکردنى ئەو ئافرەتانە بە ماناى ئەوەیە ئەوان رێگەچارەیەکى تریان نییە جگە لە خۆبەدەستەوەدان. دەکرێ هەرەشەکە بۆ سەر کەسی سێیەم بێت، بۆ نموونە دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا، نموونە بە لاقەکردنى ئافرەتێک دەهێنێتەوە کە هەرەشەى کوشتنى منداڵەکەى لێکراوە ئەگەر نەچێتە ژێربارى داواى لاقەکردنەکەوە. یان دەکرێت لە ڕێگەى بەڵێنێکەوە بێت، وەک ئەوەى بەڵێنى ئازادکردنیی دەدرێت و ڕێگەى پێ ئەدرێت هەڵبێت. یان دەکرێت لەڕێگەى خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتەوە بێت، وەک ئەوەى ئەگەر ئامادەبێت سێکسی لەگەڵ بکرێت ئەوا لە شوێنێکى پیس و خراپدا دەیگوازنەوە بۆ شوێنێکى پاکتر و باشتر. هەرجۆرە ڕەزامەندییەکی لەم چەشنە ناچێتە چوارچێوەى ڕەزامەندیی ئارەزوومەندانە و بێخەوشەوە.

کۆیلەکردن بە مەبەستى سێکس
کۆیلەکردن بە مەبەستى سێکس (Sexual Slavery) کردەیەکى ترى ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگە بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، چ ئەگەر لەناو پێکدادانى چەکداریى نێودەوڵەتیی یان نانێودەوڵەتیدا و چ ئەگەر بەرانبەر نێر یان مێ ڕووبدات. لە هیچ یەکێک لە بنەڕەتنامەى دادگاکانى ترى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیدا ئەم کردەیە یەکێک نییە لە ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ، وەلێ لە بەشێکیاندا تاوانى دەمرۆڤایەتییە، بەڵام ئاوها بە سەربەخۆیی و لەژێر ناوى کۆیلەکردن بە مەبەستى سێکس نا، بەڵکوو لەژێر بەستەى کۆیلەکردن یان لاقەکرندا. لە هەندێکى تریاندا تاوانى دژەمرۆڤایەتییە بەڵام لەژێر بەستەى مامەڵەى نامرۆڤیانەدا. بۆ یەکەمجار دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ سیرالیۆن کردەى کۆیلەکردن بە مەبەستى سێکسى ناوهێناوە، دادگاکە ئەم کردەیەى وەک یەکێک لە شێوەکانى ناچاریی هاوسەرگیریکردن وەرگرتووە و بە ڕێکارێکى ئەنجامدانى تاوانى دژەمرۆڤایەتیى ناساندووە لەژێر بەستەى ئابڕووبردن و مامەڵەى نامرۆڤیانە و بەدڕەفتارییە سێکسییەکاندا.

کۆیلەکردن بە مەبەستى سێکس لە هیچ شوێنێکى یاساى مرۆیی نێودەوڵەتیی پێناسە نەکراوە، هیچ یەکێک لە پەیماننامەکانى پێش بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیش بەو ڕوونییە ئەم کردەیەى یاساغ نەکردووە، بەڵام پەیماننامەى ریشەکێشکردنى کۆیلەداریی لە ساڵى ١٩٥٦دا پێناسەى کۆیلەکردنى بە شێوەیەکى گشتى کردووە، دادگاى تاوانیی نێودەوڵەتیش بۆ پێناسەى کۆیلەکردن بە مەبەستی سێکس سوودى لە پێناسەى ئەم پەیماننامەیە وەرگرتووە، پەیماننامەکە پێناسەى کۆیلەکردنى بە شێوەیەکى گشتى کردووە بە؛

"کۆیلەکردن بریتییە لەو دۆخەى وا کەسێک هەموو یان بەشێک لە دەسەڵاتى بەسەر مافى خاوەنداریی کەسێکی تردا هەیە و بەسەریدا دەسەڵاتەکانى جێبەجێ دەکات. مامەڵەکردن بە کۆیلەوە بریتییە لە کرداری دەست بەسەرداگرتن و بەدەستهێنان یان پێدانى کەسێک بە مەبەستى کەمکردنەوەى مافەکانى تا ڕادەى کۆیلەکردن، ئەوەش لە ڕێگەى کڕین و فرشتن یان گۆرینەوەوە."
لە هەمان کاتدا دادگاى تاوانی نێودەوڵەتیی تاوانى "کۆیلەکردن"ى بە یەکێک لە کردەکانى ئەنجامدانى تاوانی دژەمرۆڤایەتیى ناساندووە، بنەڕەتنامەى دادگاکە پێناسەى کۆیلەکردنى کردووە بە؛
"کۆیلەکردن بریتییە لە بەکارهێنانى هەموو یان بەشێک لە دەسەڵاتى کەسێک بەسەر مافى خاوەندارێتیی کەسێکى تردا"

پێناسەى کردەى کۆیلەکردن بە مەبەستی سێکس وەک یەکێک لە ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ نزیکە لە پێناسەى کۆیلەکردن وەک ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى دژەمرۆڤایەتیی، وەلێ کەمێک جیاوازتر. پێکهێنەرەکانى تاوان لە بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی پێناسەى کۆیلەکردن بە مەبەستی سێکسى کردووە بە؛

"یەکەم. بەکارهێنانى هەموو یان بەشێک لە دەسەڵاتى کەسێک بەسەر مافى خاوەندارێتیی کەسێک یان چەند کەسێکى تردا، ئەمەش لە ڕێگەى کڕین و فرۆشتن و ئالوگۆڕکردنەوە، یاخوود لە ڕێگەى سەپاندنى دەسەڵاتەکانیەوە بە مەبەستى کەمکردنەوەى ئازادییەکانى قوربانییەکە، دووەم. کەسەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان یەکێک لەو کردانەى کە سرووشتى سێکسی هەیە بەرانبەر قوربانیەکە ئەنجام بدات."

لە پێناسەى کۆیلەکردن بە مەبەستی سێکس وەک یەکێک لە ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ، دوورمەودا تر و وردتر کردەکەى یاساغکردووە، بە شێوەیەک؛ ئەگەر تاوانبارەکە نەک تەنها لە ڕێگەى مامەڵەوە قوربانییەکەى بەدەست خستبێت، بەڵکوو بە شێوەیەک لە شێوەکانى ترى سەپاندنى دەسەڵات قوربانییەکەى بەدەست خستبێت ئەوا هەر وەک کۆیلەدار ئەژماردەکرێت، پێدانى پارە و شێوەکانى مامەڵەکردن بۆ بە دەستخستنى کۆیلە دەکرێ وەک یەکێک لە بەڵگەکانى سەلماندنى کردەى کۆیلەکردن سوودى لێ وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر مامەڵە و پارەدان بوونى نەبوو، ئەوە ماناى وا نییە کە کردەى کۆیلەکردن بوونى نییە. دەکرێت پێشکەشکردن و کردنە دیاریی ئافرەتان بۆ بەرپرسە سەربازییەکان وەک کردەى کۆیلەکردن مامەڵەى لەگەڵ بکرێت. مەرجە کۆیلەکردنەکە بە مەبەستی سێکس بێت، بەڵام مەرج نییە تەنها لاقەکردن بگرێتەوە، بەڵکوو هەر کردەیەکى تر کە سرووشتەکەى سێکسیی بێت دەگرێتەوە.

مەرج نییە کۆیلە ئەشکەنجە بدرێت، دەکرێت کۆیلە بێت و خواردنى باشى پێ بدرێت، جلوبەرگى پاک و جوانى پێشکەش بکرێت، لە شوێنى باش و فراواندا بێت، مەرج نییە کارى زۆرەملێى پێ بکرێت، تەنانەت ئەگەر مامەڵەى باش و مرۆڤیانەشى لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئازادییەکانى لێ وەرگیرابێتەوە ئەوا هەر وەک کردەى کۆیلەکردن ئەژماردەکرێت. کۆیلەکردن و کۆیلەداریی پێناسە کۆنەکەى لەدەستداوە و پێویستە بەپێى ئێستا و بە لەبەرچاوگرتنى ئازادیی و مافە هەنووکەییەکان مامەڵەى لەگەڵ بکرێت. مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێکدا وەک ئەوەى ئەو کەسە "شتێک"ى خۆت بێت، دەکرێت وەک نموونەیەک بۆ سەلماندنى کۆیلەکردن لێى بڕوانرێت. یان بەکارهێنانى کەسێک بەدەر لە ویستیی خۆى بە مەبەستى سوود لێ وەرگرتن بەکار بهێنرێت. کەمکردنەوەى ئازادییەکانى قوربانیی دەکرێت لە ڕێگەى بەربەست دانان لە جوڵە و ئازادییەکانى هاتوچۆوە بێت، یان سنووردارکردنى ئازادییەکانى ترى  وەک ئازادى ویستن (Freedom of Choice) و شوێنى مانەوە و شێوەى ژیانەوە بێت. یان ئازادیی دەربڕین (Freedom of Expression) و مافى پەرستش (Right to Worship)ى لێ زەوت بکرێت.

بەکارهێنانى کۆیلەکە پێویستە بۆ مەبەستی سێکس بێت، بەکارهێنانى قوربانى بۆ تێرکردنى ئارەزووە سێکسییەکان پایەیەکى سەرەکیی ئەم کردەیەیە، واتە گەر کۆیلەکردنەکە بە مەبەستی سێکس نەبێت ئەوا ناچێتە چوارچێوەى ئەم کردەیەوە وەک ڕێکارێکى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ.

ناچارکردن بە لەشفرۆشیی
ناچارکردن بە لەشفرۆشیی (Enforced Prostitution) کردەیەکى ترە لە ڕیکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ، ئەم کردەیە دەکرێت لە پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی و نانێودەوڵەتیی چى بەرانبەر مێ یان نێر، ئەنجام بدرێت. لە ڕژێمى یاساى نێودەوڵەتیی مافەکانى مرۆڤ و بەشێک لە سیستمى یاسایی ناوخۆى وڵاتان، لەشفرۆشیی خۆویستانە یاساغ و قەدەغە نەکراوە. جیاوازى نێوان کۆیلەکردن بە مەبەستى سێکس و ناچارکردن بە لەشفرۆشى ئەوەیە؛ لە یەکەمیانە کەسەکە ڕاستەوخۆ قوربانییەکە بۆ سێکس و تێرکردنى ئارەزووە سێکسییەکانى خۆى یان ئەوانى تر بەبێ هیچ سودێکى ماددى و مەعنەویی بەکاردەهێنێت، بەڵام لە ناچارکردن بە لەشفرۆشیدا، کەسەکە قوربانییەکە ناچار بەکارى لەشفرۆشیى دەکات لە پێناو دەستخستنى سودێکى ماددى یان مەعنەوی و بۆ تێرکردنى ئارەزووە سێکسییەکانى کەسی سێهەم بەکاریدەهێنێت. ئەم کردەیەش وەک بەشێک لە تاوانە جێندەرییەکانى تر، جگە لە بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، لەناو هیچ یەکێک لە بنەڕەتنامەى دادگاکانى ترى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیدا بەدیناکرێت. پێکهاتەکانى تاوان لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی پێناسەى ناچارکردن بە لەشفرۆشیی کردووە بە:

"یەکەم. ناچارکردنی کەسێک یان زیاتر بە کردنى کردەیەک کە سرووشتى سێکسى هەبێت، ئەمەش لە رێگەى بەکارهێنانى هێز، یان لە دەرئەنجامى ترساندن بە توندوتیژیی و بەندکردن و ئازاردانى دەروونیی بەرانبەر قوربانییەکە یان کەسێکى قوربانییەکە، یان خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات، یان سوود وەرگرتن لەو ڕەوشە مەترسیدارەى وا قوربانییەکەى تێدایە، یان هەر شێوەیەکى تر کە ڕەزامەندییەکى بێ چەندوچوونى لێ هەڵنەکڕێت، دووەم. ناچارکردن بە لەشفرۆشیی لە پێناو دەستخستنى بڕێک مادە یان هەرسوودێکى تر بێت."

لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ئەو کەسەى کردە سێکسییەکە ئەنجام دەدات ئاگاداری ئەوە نەبێت کە قوربانییەکە بە ناچاریی ئەم کارەى پێکراوە، لێرەدا تاوانەکە بۆ ئەو کەسەیە وا قوربانییەکەى ناچار بە کارى لەشفرۆشیی کردووە. ئەگەر قوربانییەکە بەرهەڵەستییەکى بەرانبەر بەدڕەفتارەکە نواند و ئەوش بەردەوام بوو لە کارەکەى ئەوا لەم حاڵەتەدا دەچێتە چوارچێوەى کردەى لاقەکردنەوە.

بەزۆر سکپڕکردن
بەزۆر سکپڕکردن (Forced Pregnancy) کردەیەکى ترى ئەنجامدانى تاوانى جەنگە، ئەم کردەیەش وەک ئەوانى تر، چی ئەگەر لە ناو پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی یان نا نێودەوڵەتیدا ڕووبدات هەر بە تاوانى جەنگ ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەم کردەیە تەنها کردەى ناو تاوانە جێندەرییەکانە کە تەنها بەرانبەر ئافرەتان ئەنجام دەدرێت، کردەکانى ترى ناو تاوانە جێندەرییەکان چی بەرانبەر مێ یان نێر ئەنجام بدرێت هەر بە تاوان ئەژمێردرێت. کردەى بەزۆر سکپرکردن بە پێچەوانەى تاوانە جێندەرییەکانى ترەوە بە تەنها بۆ پاراستنى جەستە و دەروونی ئافرەت نییە، بەڵکوو بۆ پاراستنى جەستەى ئافرەتە وەک گۆرەپانى یەکلاکردنەوەى پاکتاوى ڕەچەڵەکیی، کردەى سکپڕکردنەکە پێویستە بەزۆر بێت، ئەمەش دەرئەنجامى لاقەکردن بێت. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە؛ کاتێک لاقەکردن وەک کردەیەکى ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ یاساغ بێت، سکپڕکردنەکەش دەرئەنجامى ئەو لاقەکردنە بێت، هۆکار چییە دەرئەنجانى تاوانەکە سزاى لەسەرە؟ وەڵامى ئەم پرسیارە لە پێکهێنەرەکانى تاوانى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیدا بە ڕوونى دراوەتەوە، بە تاوانناساندنى بەزۆر سکپڕکردن لە پێناوى سەلامەت بوونى جەستەى ئافرەتە وەک مێکانیزمێک بۆ پاکتاوى ڕەچەڵەکیی. ئەم تاوانە لەکاتى پێکدادانە ڕەچەڵەکییەکانى یوگوسلاڤیادا بە شێوەیەکى بەربڵاو لە لایەن پیاوە چەکدارە سڕبییەکانەوە دژى ئافرەتە ناسڕبییەکان ئەنجامدرا، پیاوە سڕبەکان ئافرەتانیان بەزۆر سکپڕ دەکرد و نەیاندەهێشت کۆرپەکان لەبار بەرن و دواتر دایکەکە ناچار دەکرا وەک منداڵێکى سڕبیی بەخێوى بکات. کەواتە لێرەدا بۆ ئەوەى کردەکە وەک رێکارێکى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ بژمێردرێت، پێویستە ویستێکى تایبەت (Special Intention) بوونى هەبێت. ئەو ویستە تایبەتەش بریتییە لە سکپڕکردن لە پێناو گۆڕانکاریى لە دیمۆگرافیاى ناوچەکەدا بێت. پێکهاتەکانى تاوان لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی پێناسەى سکپڕکردنى کردووە بە:

"بەزۆر سکپڕکردنى ئافرەتێک یان زیاتر بە مەبەستى درووستکردنى کاریگەریی لەسەر داڕشتەى ڕەچەڵەکیی یان دانیشوانى ناوچەیەک، یان بەزۆر سکپڕکردنەکە ببێتە هۆى پێشێلکارییەکیی گەورەى یاساى نێودەوڵەتیی."

بەزۆر نەزۆککردن
بەزۆر نەزۆککردن (Enforced Sterilization) کردەیەکى ترى ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگە، ئەم کردەیەکە یاساغە چى ئەگەر لە کاتى پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی و نانێودەوڵەتیی و چى بەرانبەر مێ یان نێر ئەنجامبدرێت. ئەم کردەیە پێویستە بە شێوەیەکى زۆرداریى و بێت و قوربانییەکە رەزامەندیی تێدا نەبێت. هەرچەندە ئەم کردەیەش وەک کردەى بەزۆر سکپڕکردن کاریگەریی لەسەر گۆڕانکاریی دیمۆگرافیا هەیە، لە کردەى بەزۆر سکپرکردندا ئەنجامدەرانى تاوانەکە دەیانەوێ لە رێگەى سکپڕکردنى ئافرەتانى لایەنى بەرانبەرەوە ژمارەى ڕەچەڵەکیی خۆیان زیاد بکەن، لەم کردەیەشدا رەنگە بیانەوێ لە رێگەى نەزۆککردنى ئافرەت و پیاوى لایەنى بەرانبەرەوە ژمارەى رەچەڵەکیی بەرانبەر کەم بکەنەوە، وەلێ ئەم ئارگومێنتە بەهیچ شێوەیەک لەم کردەیەدا ئاماژەى پێ نەکراوە کە مەرجەکەى ئەوەبێت بۆ گۆڕانکاریی لە ڕشتەى دانیشتوانى ناوچەیەک بێت. لە کاتى گفتووگۆکانى نوسینەوەى پێکهاتەکانى تاوانى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیدا مشتومڕ لەسەر ئاریشەى کۆنترۆڵى لە دایکبوون (Birth Control) وەک ئەوەى لە هەندێ دەوڵەتدا خێزان ناچارە تەنها یەک یان دوو منداڵ بخاتەوە، درووست بوو. پێکهاتەکانى تاوان ئاماژە بەوە دەکات ئەم کردەیە ئەو جۆرە ئاریشەیە ناگرێتەوە و یاساغ نییە. پێکهاتەکانى تاوان پێناسەى بەزۆر نەزۆککردنى کردووە بە:

"یەکەم. بێبەشکردنى کەسێک یان زیاتر لە تواناکانی وەچەخستنەوە، دووەم. ئەو بێ بەشکردنە یەکێک نەبێت لە پرۆسەکانى چارەسەرکردن، یان بەبێ ڕەزامەندییەکى بێ خەوشى قوربانییەکە ئەنجام بدرێت."


----------------------------
[1]  ڕێکارەکانى دادگاییکردن و کۆکردنەوەى بەڵگە بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسا و ڕێکار بۆ پرۆسەکانى دادگاییکردن و شێوەکانى سەلماندن و کۆکردنەوەى بەڵگە لە دادگاکانى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی، بە زۆرى ئەم ڕێکارانە لە لایەن دادوەرەکانى دادگاکەوە دەنووسرێت و هەر ئەوانیش هەموارى دەکەنەوە بێ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ ئەو لایەنەى وا بنەڕەتنامەى دادگاکەى نوسیوەتەوە، بۆ نموونە؛ هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا و رواندا کە بنەڕەتنامەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى ئاسایشەوە نوسراوەتەوە کەچى ڕێکارەکانى دادگاییکردن و کۆکردنەوەى بەڵگەى هەردوو دادگاکە لە لایەن دادوەرەکانەوە نوسرایەوە، ئەمە بۆ دادگا تێکەڵ و بە نێودەوڵەتیکراوەکانیش ڕاستە، دادگاى ناوازەى کەمبودیا و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، بنەرتنامەى هەردووکیان لە لایەن پەرلەمانى دەوڵەت خۆیەوە دەنوسرێتەوە و هەر ئەوانیش مافى هەموارکردنەوەیان هەیە بەڵام ڕێکارەکانى دادگاییکردن و کۆکردنەوەى بەڵگە لە لایەن دادوەرەکانەوە دەنوسرێتەوە و هەمواردەکرێتەوە. ئەمە بۆ دادگاى تاوانی نێودەوڵەتیی بە شێوەیەکى ترە، بنەرەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی و ڕێکارەکانى دادگاییکردن و کۆکۆدنەوەى بەڵگە هەردووکى لە لایەن ئەنجوومەنى گشتى دادگاکە (کە بریتییە لە دەوڵەتە ئەندامەکانى) دەنووسرێتەوە و هەمواردەکرێتەوە.