سەرتاوتار و شیکاری

ڕێکارەکانى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ

 لە هیچ یەکێک لە پەیماننامە و جاڕنامەکاندا جەنگ قەدەغە نییە، لێ هەندێ جاریش نەوەک تەنها یاساغ نییە بەڵکوو ناچارییە و پێویستە لە پێناو پاراستنى مافى هاوڵاتییانى مەدەنیدا ئەنجام بدرێت و دەستێوەردانى مرۆیی بکرێت، ئەوەى قەدەغەیە هەندێ کردەن کە ناکرێت لە کاتى پێکدادانى چەکداریدا ئەنجام بدرێت. لە پاڵ چەند کردەیەکى تردا کە بەشێکیان پێشتر ڕوونکراوەتەوە و بە چەند بەشێکى تریش لە داهاتوودا ڕووندەکرێنەوە، بە پێى یاساى نێودەوڵەتیی نەریتى و یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی و یاساى نێودەوڵەتیی مرۆیی، ئەجامدانى ئەم کردانە چى ئەگەر لە چوارچێوەى پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی یان نانێودەوڵەتیدا ڕووبدات ئەوا بە تاوانى جەنگ دەژمێردرێت.

 

بە ئەنقەست سەپاندنى ناسۆرى و زیانگەیاندنى ترسناک بە جەستە و تەندرووستیى

 ئەم کردەیە پەیوەستە بە پاراستنى سەلامەتى جەستەیی و دەروونیى مرۆڤ، جیاوازتر لە کردەکانى تر کە زیاتر لە سەر پاراستنى شکۆى مرۆڤە، واتە لێرەدا مەرج نییە کردەکە بۆ کەمنرخکردنى قوربانییەکە بێت، بەڵکوو دەکرێت پاڵنەرى ئەنجامدانەکەى ئەوە بێت کە تاوانکارەکە بیەوێت زیانێکى جەستەیی بە قوربانییەکە بگەیەنێت، یان لە ئەنجامى دەروونى سادیستى تاوانکارەکەوە بێت، مەرجیش نییە زیانەکە تەنها بۆ جەستە بێت، دەکرێ زیانى دەروونیى و سەپاندنى ناسۆریش بەشێک بێت لە ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ لە ژێر ئەم کردەیەدا.  جیاوازیەکەى ئەم کردەیە لەگەڵ مامەڵەى نامرۆڤیانە و دڵڕەقانە ئەوەیە؛ لێرەدا مەرج نییە کردەکە بێبایەخى و شکاندنى شکۆى قوربانیەکەى لێ بکەوێتەوە. لێرەشدا وەک کردەکانى پێشووتر دەکرێ لە رێگەى کردنى کارێکەوە یان نەکردنى کارێکەوە تاوانەکە ڕووبدات. پێکهاتەکانى تاوان لە بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانی نێودەوڵەتیى پێناسەى ئەم کردەیەى کردووە بە؛ سەپاندنى ئازار و میحنەتییەکى جەستەیی و دەروونیی، یان بریندارکردنێکى ترسناکى جەستە، یان زیانگەیاندنێکى گەورە بە تەندرووستیى.

ئەم کردەیە لە بنەڕتنامەى دادگاى تایبەت بە تاوانی نێودەوڵەتیى بۆ یوگوسلاڤیا، دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا، دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، دادگاى تایبەت لە تەیموورى ڕوژهەڵات و بە تایبەت تر لە دادگاى تاوانی نێودەڵەتیدا بە تاوان ناسێنراوە، هەردوو دادگاکەى عێراق و تەیموورى ڕۆژهەڵات کتومت مەوداى بابەتیى دەسەڵاتى دادوەریی (Subject-Matter Jurisdiction)ى بنەڕتنامەى دادگاى تاوانی نێودەوڵەتییان لەبەرگرتووەتەوە و بەکاریان هێناوە. بەڵام ئەم کردەیە بەشێک نییە لە بنەڕتنامەى دادگاى تایبەت بە تاوانی نێودەوڵەتیى بۆ ڕواندا و دادگاى تایبەت لە سیرالیۆن.
ئەو ناسۆرییە دەروونیی و زیانە جەستەیانە مەرج نییە هەمیشەیی بن و قابیلى چارەسەر نەبن، بەڵام پێویستە ڕادەى ڕژدیی و ترسناکییەکەى هێندە بێت کە قورستر بێت لە ئازارێکى کاتیى، یان سوکایەتى و ئابڕوبردنێک کە ناسۆرییە دەروونیەکەى کاتیى بێت. مەرجیش نییە ئەو زیانە جەستییانە ببێتە هۆى مردنى قوربانییەکە.


بە بارمتەگرتن

 بە بارمتەگرتن (Taking Hostage) کردەیەکى ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگە، چى ئەگەر لە ناو پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی یان نانێودەوڵەتییدا ئەنجامبدرێت. بۆ یەکەمجار دادگاى سەربازیی نۆرمبێرگ وەک کردەیەکى قەدەغەکراوى پێکدادانى چەکداریی مامەڵەى لەگەڵ کرد، دواتر لە پەیمانامەکانى ژنێڤ لە ساڵى ١٩٤٩ دەبێت بە بەشێک لە کردە یاساغکراوەکان بەپێى رژێمى یاساى نێودەوڵەتیی مرۆیی. پاشان لە بەشێکى زۆرى بنەڕەتنامەى دادگاکانى تایبەت بە تاوانی نێودەڵەتیی وەک یەکێک لە کردەکانى ئەنجامدانى تاوانی جەنگ ناسێنرا، وەک؛ هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا و ڕواندا، دادگاى تاوانی نێودەوڵەتیی، دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا، دادگاى تایبەت لە سیرالیۆن و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق.[1]

پێکهێنەرەکانى تاوان لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی هەروەک دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا، پێناسەى بە بارمتەگرتنیان لە پەیماننامەى نێودەوڵەتیی دژى بە بارمتەگرتنـى ساڵى ١٩٧٩ەوە وەرگرتووە؛

"یەکەم. گرتن و دەستبەسەرکردنى کەسێک یان زیاتر وەک بارمتە، دووەم. هەڕەشەکردن لێى بە کوشتن، بریندارکردن یان هێشتنەوەى وەک دەستبەسەرێک، سێیەم. لە پێناو ناچارکردنى کەسێکى تر وەک؛ دەوڵەت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کەسی سرووشتیی یان یاسایی، بە کردنى شتێک یان نەکردنى شتێک بە شێوەیەکى ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ بە مەرجى سەلامەتى یان ئازادکردنى بە بارمتەگیراوەکە."

گرتن و دەستبەسەرکردنى کەسەکە پێویستە نایاسایی بێت و بەشێک نەبێت لە پرۆسەیەکى یاسایی درووست، پایە گرنگەکەى بە بارمتەگرتن ئەوەیە پێویستە ئەو دەستبەسەرکردنە لە پێناو ئەوە بێت کەسی سێیەم بە ناچاریی کارێک لە پێناو سەلامەتى و ئازادکردنى کەسی بە بارمتەگیراودا بکات. ناچارکردنەکە مەرج نییە بە شێوەى ئاشکرا بێت، هەر هێندەى ئاماژەیەک هەبوو کە ئەو دەستبەسەرکراوانە لە پێناو دەستخستنى شتێک بێت لە لایەن کەسی سێیەمەوە.

 

ناچارکردنى کەسی بەندکراو بە خزمەتکردن لە ڕیزەکانى بەرەى دوژمندا

 ڕیشەى یاساغکرنى کردەى ناچارکردنى بەندکراو یان هەر هاوڵاتییەکى ترى بەرەى دووژمن بە خزمەتکردن لە بەرەى هێزەکەى بەرانبەردا دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەکانى ژنێڤ لە ساڵى ١٩٤٩ و پەیماننامەکانى لاهاى لە ساڵى ١٩٠٧، ئەم کردەیە تەنها ئەوە ناگرێتەوە کە کەسەکە وەک چەکدار دژى وڵاتەکەى خۆى بۆ وڵاتى بەرانبەر بجەنگێ، بەڵکوو هەر کارێک بچێتە خزمەتى بەرەى دژى وڵاتى خۆیەوە یاساغە و بە تاوانى جەنگ بۆ ئەو وڵاتە دەژمێردرێت. ئەو کەسەى ناچار بە خزمەتکردن دەکرێت مەرج نییە لە کاتى جەنگەکەدا دەست بەسەر کرابێت، بەڵکوو دەکرێت کەسەکە پێشتر و پێش ئەوەى پێکدادانە چەکدارییەکە دەستى پێ کردبێت لە وڵاتى بەرانبەر بێت و لە کاتى جەنگەکەدا ناچار بە خزمەت کردن دژى وڵاتى خۆى بکرێت. هەروەها دەکرێت هەر جۆرە خزمەت کردنێک لە ڕیزى بەرەى دوژمندا نەک تەنها دژى وڵاتەکەى خۆى، بەڵکوو دژى وڵاتانى هاوپەیمانى وڵاتەکەى خۆى هەر بە تاوانى جەنگ دەژمێردرێت. ئەم کردەیە لە هەردوو بنەڕەتنامەى داداگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا و ڕواندا و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە ئێراق و دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا و دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییدا هەیە، بەڵام لە بنەڕەتنامەى دادگاى تایبەت لە سیرالیۆندا نییە. پێکهاتەکانى تاوانى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی مەرجى ئەوەى داناوە کە کەسەکە بەزۆر ناچارى ئەو خزمەتکردنە کرابێت و دەڵێت؛ "بەزۆر ناچارکردنى کەسێک یان زیاتر لە ڕێگەى هەڕەشە یان کارێکەوە بۆ ئەوەى بەشداریی بکات لە ئۆپراسیۆنەکانى دژ بە وڵاتەکەى خۆى یان هێزەکەى خۆى یان هەر خزمەتێکى تر لە هێزیی بەرانبەردا."

 

 

بێبەشکردنى زیندانیانى جەنگ یان هەرکەسێکى ترى خاوەنپارێزبەندى لە مافى دادگایکردنێکى دادپەروەرانە لە دادگایەکى سەربەخۆدا

 ڕیشەى یاساغکردنى ئەم کردەیە دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەکانى ژنێڤى ساڵى ١٩٤٩ و پرۆتۆکۆڵى زیادکراوى یەکەمى ساڵى ١٩٧٧، بەدیاریکراوى هەردوو پەیماننامەى سێیەم و چوارەمى ژنێڤى ساڵى ١٩٤٩. ئەو دوو پەیماننامەیە لایەنە بەشەڕهاتووەکانى ناو پێکدادانێکى چەکداریی ئەرکدار دەکات زیندانیان و دەست بەسەرکراوانی یەکترى لە دادگایەکى سەربەخۆ و بەپێى مەرجە یاساییەکان دادگایی بکەن. ئەم کردەیە مامەڵە لەگەڵ دادگادا دەکات و کووشتن و ئازاردانى بەرەى دووژمن بە بێ دادگاییکردن ناچێتە چوارچێوەى ئەم کردەیەوە لە پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیدا بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، بەڵکوو دەچێتە چوارچێوەى کردەکانى ترەوە (پێشتر ڕوونکراوەتەوە)، ئەم دۆخە بۆ ئەوەیە ئەو کەسانەى دادگایی دەکرێن ماف و مەرجە یاساییەکانیان پێ بدرێت و بنەماکانى دادگایەکى سەربەخۆ و بێلایەن و دادپەروەر بوونى هەبێت.

لە بنەڕەتنامەى هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا و دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا و دادگاى تایبەت لە سیرالیۆندا بەهەمان شێوە ئەم کردەیە یاساغە بەبێ ئەوەى جیاوازى بکات لە نێوان پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی و نانێودەوڵەتیدا، بەڵام بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق ئەم کردەیەیان جیاکردووەتەوە بەپێى سرووشتى پێکدادانەکان، لە پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیدا بەو شێوەیەى سەرەوە وەریگرتووە، بەڵام لە پێکدادانى چەکدارى نانێودەوڵەتیدا لەژێر بەستەى کردە یاساغەکانى ماددە سێیى هاوبەشى پەیماننامەکانى ژنێڤى وەرگرتووە و زیاتر وردی کردووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ یەکێک لەو دادگایانە کەسیان لەپاى ئەنجامدانى ئەم کردەیە سزا نەداوە.

پێکهاتەکانى تاوان لە بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ئەم کردەیەى لەناو پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیدا پێناسەکردووەتەوە بە؛

"بێبەشکردنى کەسێک یان زیاتر لە دادگاییکردنێکى دادپەروەرانە لە ڕێگەى نکۆڵیکردن لە مافە یاساییەکانى لە دادگادا، بە تایبەت پێشێلکردنى پەیماننامەى سێیەم و چوارەمى ژنێڤى ساڵى ١٩٤٩."
بەڵام لە پێکدادانى چەکداریی نانێودەوڵەتیدا پێناسەى کردووە بە؛

"یەکەم. سزادان یان لە سێدارەدانى کەسێک یان زیاتر، دووەم. ئەو کەسە یەکێک بێت لەوانەى دەرلەشەڕن وەک؛ ئەو چەکدرانەى خۆیان ڕادەستکردووە، یان بەهۆى نەخۆشیی و بریندارییەوە تواناى شەڕکردنیان نەماوە، یان کەسى مەدەنیی، یان ئەوانەى کارى چارەسەرکردنى پزیشکیی دەکەن، یان کەسایەتی ئاینیی، بەو مەرجەى بەشدارێکى چالاکى شەڕەکە نەبن، سێیەم. بڕیارى سزادان و لەسێدارەدانەکە لە دادگایەکەوە دەرنەچوبێت یان لە دادگایەکى سەربەخۆ و بێلایەنەوە دەرنەچووبێت کە مافەکانى تۆمەتباری بەپێى بنەماکانى یاساى نێودەوڵەتیی تێدا ڕەچاوکرابێت."

بۆ ئەوەى ئەم کردەیە بە تاوانى جەنگ بژمێردرێت ئەوا هەردوو پەیماننامەى سێیەم و چوارەمى ژنێڤ ڕوونکردنەوەى زیاتریان داوە، بە تایبەت پەیوەست بە مافەکانى تۆمەتبار لە کاتیی دادگایکردندا، لەوانە؛ تۆمەتبار مافى خۆیەتى لەو تۆمەتەى ئاراستەیکراوە ئاگاداربکرێتەوە، تۆمەتبار مافى خۆیەتى پارێزەرێکى شارەزاى هەبێت و بەشێوەیەکى خۆویستانە هەڵی بژاردبێت، تۆمەتبار مافى خۆیەتى سوود وەربگرێت لە بنەماى "هیچ تاوان و سزایەک بەدەر لە یاسا بوونى نییە"، تۆمەتبار مافى خۆیەتى سوود وەربگرێت لە بنەماى "تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەوکاتەى تاوانەکەى دەسەلمێت"، تۆمەتبار مافى خۆیەتى لە دادگادا ئامادەبێت. هەموو ئەو مافانە و مافەکانى تریش کە لە پەیماننامەى مافە مەدەنیی و سیاسییەکاندا هەن بەشێکن لە مافى قوربانى لەژێر ئەم بەستەیەدا.

 

بە نایاسایی ڕاگواستن و دەرکردن و گەمارۆدان

 بنەچەى ئەم کردانە وەک تاوانى جەنگ دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەکانى ژنێڤ، دواتریش بۆ یەکەمجار لە بنەڕەتنامەى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسڵاڤیا دەبێت بە بەشێک لە کردەکانى ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ، وەلێ لە بنەڕتنامەى هیچ یەکێک لە دادگاى تایبەت لە سیرالیۆن و دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا وەک کردەى تاوانى جەنگ نابینرێت، بەڵام وەک یەکێک لە کردەکانى تاوانى دژەمرۆڤایەتى لە هەموو ئەو دادگایانەدا هەیە، بێ ڕەچاوکردنى ئەوەى کە بەشێکیشە لە کردەى ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ لە بەشێکیاندا، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییش ئەم کردانەى وەک ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى دژەمرۆڤایەتیی و تاوانى جەنگ ئەژمارکردووە، سەبارەت بە تاوانى جەنگیش بە جیاوازییەکى کەمەوە ئەم کردانە دەکرێت کردەى ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ بن چ ئەگەر لە کاتى پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی یان نانێودەوڵتیدا ڕووبدات.

ڕاگواستن (Transfer) بریتییە لە گواستنەوەى کەسێک یان زیاتر لە شوێنیی ڕەسەنیی خۆیانەوە بۆ شوێنێکى ترى ناو وڵاتەکەى خۆى، بەڵام دەرکردن (Deportation) بریتییە لە دەرکردنى کەسێک یان زیاتر لە شوێنیى ڕەسەنى خۆیانەوە و جێنشین کردنیان لە وڵاتێکى تر، واتە لە دەرکردندا پێویستە سنوورى یاسایی وڵاتی خۆى ببەزێنرێت و لەودیو سنوورەکانى خۆیەوە نیشتەجێ بکرێت. لە پێکدادانى چەکدارى نێودەوڵەتیدا لەپاڵ ئەو کردانەدا دەکرێت تاوانى جەنگ ڕووبدات ئەگەر دەوڵەتیی داگیرکەر بەشێک لە هاوڵاتیانى خۆى بەشێوەى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بهێنێت و لە وڵاتى داگیرکراودا نیشتەجێیان بکات، گەمارۆدان (Confinement) بریتییە لەوەى کەسێک یان زیاتر لە شوێنێکدا گەمارۆ بدرێت و ئازادییەکانى جوڵەى لێ زەوتبکرێت. بەڵام مەرجى ئەو ڕاگواستن و دەکردن و نیشتەجێکردن و گەمارۆدانە ئەوەیە لە پێناو سەلامەتى هاوڵاتیان نەبێت، ئەگەر لە پێناو سەلامەتى هاوڵاتیان بوو ئەوا پێویستە هەر دەمودەست پێکدادانە چەکدارییەکە تەواوبوو بیانگێرێتەوە شوێنیی ڕەسەنیی خۆیان.

دادگاى باڵاى تاوانەکان لە ئێراق کە هەمان بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانیی نێودەوڵەتیی وەک خۆى وەرگرتبوو و کارى لەسەر دەکرد، لە کەیسى ئەنفالدا عەلى حەسەن مەجید و چەند هاوڕێیەکى بە کردەی ڕاگواستنى خەڵکى مەدەنى لە کاتى پێکدادانى چەکداریی نانێودەوڵەتیدا تاوانباردەکات و دەیسەلمێنێت ئەو تۆمەتبارانە تاوانى جەنگیان ئەنجامدانە بە کردەى ڕاگواستنى خەڵکى مەدەنیی لە زێدى باپیرانیان و نیشتەجێکردنیان لە شوێنێکى تر و دواى تەواوبوونى جەنگ نەیگەڕاندوونەتەوە هەمان شوێنى خۆیان.

-------------
[1] سەرەڕاى ئەوەى بە بارمتەگرتن یەکێکە لە کردەکانى ڕێکارى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ لە بنەڕەتنامەى دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، بەڵام دادگاکە هیچ کەسێک بەم کردەیە تاوانبار ناکات.

 

عەلى حەسەن مەجید (عەلى کیمیاویی)ە لەبەردەم یەکێک لە دادوەرەکانى لێکۆڵینەوەى دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق