سەرتاوتار و شیکاری

کورتەیەک لەسەر دەستێوەردانی مرۆیی

هیوا موساساڵ: 2021

دەستێوەردانی مرۆیی بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەیە لەلایەن دەوڵەتێک یان گروپێک لە دەوڵەتەوە بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە ناو دەوڵەتێکدا وەک؛ توندوتیژی، کۆمەڵکوژی و جینۆساید، بەبێ ڕوخسەت وەرگرتن و مۆڵەت وەرگرتن لەو دەوڵەتەی کە کۆمەڵکوژی و قەیرانەکەی تێدا ئەنجام دراوە یان هەستاوە بەئەنجامدانی توندوتیژییەکە. ئامانجی سەرەکی دەستێوەردان بریتییە لە پارێزگاریکردن لە مافەبنەڕەتیەکانی مرۆڤ و تاکەکان. دەستێوەردانی مرۆیی تەنها بریتی نییە لەبەکارهێنانی هێز، بەڵکوو لەهەمانکاتدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ڕێگای تری بەدەستەوەیە، بۆئەوەی دەوڵەتان ناچار بکات کە هاوڵاتیان بپارێزن و کۆتای بە جینۆساید بهێنن، ئەوانیش وەک گەمارۆی ئابوری، بڕینی پەیوەندی دیپلۆماسیی. بەڵام  دەستێوەردانی هێز یان ڕەق بریتییە لەڕاستەخۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لەسەر دەوڵەتێک بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

 دووجۆر دەستێوەردانی مرۆیی هەیە ئەوانیش دەستێوەردانی ڕێگەپێدراو و دەستێوەردانی ڕێگەپێنەدراو.

دەستێوەردانی ڕێگەپێدراو

بریتییە لەبەکارهێنای هێز لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بەڕەزامەندی و ڕێگەپێدانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ هەڕەشەکردن لەدەوڵەتێکی تر بۆ وەستاندنی قەیرانی مرۆیی لەناو وڵاتێکدا. ئەم دەستێوەردانە دەبێت بە ئەنجومەنی ئاسایشدا تێپەڕێت. نابێت ڕێگری لێبکرێت لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.

ئەگەر نمونەیەک لەئەم جۆرە دەستێوەردانە وەرگرین ئەوا بڕیاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ درووستکردنی ناوچەی دژە فڕین لەباکوری عێراق، دەکرێت باشترین نمونە بێت. کاتێك بڕیاری ٦٨٨ دەرچو تایبەت بە درووستکردنی ناوچەی دژە فڕین لەباکوری عێڕاق لەساڵی ١٩٩٢ ئەنجومەنی ئاسایش دەنگی پێدا، ئەوە یەکەم جار بوو لەمێژوی درووستبونی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە لەساڵی ١٩٤٥وە کە بڕیارنامەیەک دەربچێت لە ئەنجومەنی ئاسایش، بەبێ ئەوەی ڤیتۆ بکرێت لەلایەن ئەندامەکانیەوە. هەندێک لەسکۆڵەران هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتای هاتنی جەنگی سارد، بەجۆرێک سۆڤیەت دەستەڵاتی لەدەستدابوو وە چیدی نەیدەتوانی ڕێگری بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان درووست بکات وەک ئەوەی کە پێشتر دەیتوانی.

بۆنمونە لەدروستبونی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە واتە لەساڵی ١٩٤٥وە هەتا ٣١/٥ /١٩٩٠.  ٢٧٥ جار ڤیتۆ بەکارهێنراوە لەلایەن پێنج ئەندامە هەمیشییەکەی ناو ئەنجومەنی ئاسایشەوە. لەسەرو هەمویانەوە ڕوسیا کە زۆرترین مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە، بۆڕێگریکردن لە بڕیارنامەکانی ناو ئەنجومەنی ئاسایش، ئەویش لەپێناو بەرژوەندییەکانی خۆیدا نەک لەپێناو مافی مرۆڤ و پاراستنی ئاشتیدا. 

بەکارهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی ڤیتۆ لەڕابردودا کاریگەری خراپی کردبووە سەر نەتەوەیەگرتوەکان و تواناکانی ئەو ڕێکخراوە، بەجۆرێک نەیدەهێشت بەباشی مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکات. بەڵام کۆتای جەنگی سارد لەسەرێکەوە واتە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ڤیتۆ. هەروەها لەسەرێکیشەوە توانای بەخشی بە نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی ڕاسپاردە دەربکات بۆ مامەمەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان و قەیرانەکاندا. بەتایبەتیش قەیرانی ناوخۆی وڵاتان. لەم ڕوەوە ئەنجومەنی ئاسایش لەساڵی ١٩٨٩وە چانسێکی زێڕینی بۆ دروست بوو، بۆ ئەوەی دەستەڵاتی زیادکات، بابەتی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی فراوانترکات و فۆکسی زیاتری بخاتەسەر، بەجۆرێک ئەو بابەتە بخاتەناو پێشینەی کارەکانی خۆیەوە. ئەم خواستەش بێگومان بۆ مامەڵەکردن بوو لەگەڵ قەیرانەکانی مرۆڤ و کەمکردنەوەی توندوتیژی لە جیهاندا، لەگەڵ ئەوەشدا لەم ڕێگەیەوە گرەنتی زیادکردنی دیموکراسی ومافی مرۆڤ بدات.

 ئیدی لەدوای کەوتنی یەکێتی سۆڤیەتەوە، دۆکترینی دەستێوەردانی مرۆیی بەکۆمەڵ (کۆلێکتڤ) بوو بە پێویستیەک بۆ چارەسەرکردن و وەستاندی قەیرانی مرۆیی، بارگرژی ئیتنی و فەندەمینتالیزمی دینی لە ناوچەکانی دوای جەنگی ساردا. لەمەوە دەوڵەتە هاوپەیمانە دیموکراتیەکانی ناچارکرد کە پێویستە بە ئەوپەڕی جسورییەوە کاربکەن بۆ هێنانەدی دیموکراسی، مافی مرۆڤ بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە ناو دەبرێن بە دەوڵەتانی شکستخواردوو. لەم ڕوەوە دەستیوەردانی مرۆیی بەکارهێنرا وەک ڕێگایەکی ناچاریی بۆ وەستانی کۆمەڵکوژی وجینۆساید لەهەندێ وڵاتدا. 

دەستێوەردانی ڕێگەپێنەدراو و ناشەرعی

ئەو دەستێوەردانەیە کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ڕێگەی پێ نەدراوە بەتایبەت لەلایەن ئەنجمومەنی ئاسایشەوە، ڕەنگە نمونەی سڕبیا باشترین نمونەی ئەم فۆرمە لەدەستێوەردان بێت. ناتۆ دەستێوەردانیکرد لە کۆسۆڤۆ بۆ پاراستنی کەمینە موسوڵمانەکان لە بۆسنە، کە لە لایەن دەوڵەتی سڕبیاوە دەکوژران. لەوکاتەدا ناتۆ وەک هاوپەیمانییەکی سەرو دەوڵەت و حکومەت دەستێوەردانیکرد لە کۆسۆڤۆ، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی ڕێگەپێدان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە. ئەم دەستێوەردانە توشی ڕەخنە بویەوە لەلایەن سکۆڵەران و یاساناسانی یاسای نێودەوڵەتیەوە. لەبەرئەوە هەندێک لەسکۆڵەران باوەڕیان وایە کە کە دەستێوەردانی ڕێگەپێنەدراو ناتوانرێت وەک دەستێوەردان لەقەڵەم بدرێت.

ڕۆبێرسۆن باوەڕی وایە کە هیچ گومانی تێدایە نی یە دەستێوەردانی مرۆیی لە کۆسۆڤۆ و وڵاتانی تریش دەبێت بەخێرهاتنیان لێ بکرێت. چون لەو کاتەوەی کە دەستێوەردانەکان ئەنجام دراوە ، چانس و مافی زیاتر دراوە بە بە یاساناسان و ڕێکخراوە ناحكومەییەکان بۆ ئەوەی مافەکانی مرۆڤ بەرەو پیشەوە ببەن و گەشەی پێ بدەن. ئەو سکۆلەرە باوەڕی وایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چیدی ناتوانێت وەک بینەرو تەماشاکارێک بێت لە بینینی چەوساندنەوەو توندوتیژیەکانی سەر مرۆڤ لە دەوڵەتە ستەمکارو دکتاتۆرەکاندا. لەمەوە ڕۆبیرسون ئارگومێنتی ئەوە دەکات کە ئەم دەستیوەردانانە پاساوی هەیە، هیچ پێویست بە پێدانی مۆڵەت و ڕێگەپێدان ناکات لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە.

 بەڵام بەپێچەوانەی ڕۆبێرسۆنەوە هەندێ لە سکۆڵەران باوەڕیان وایە کە کە دەستێوەردانی مرۆیی ناشەرعییە و ڕێگە پێنەدراوە و بەتەواوی چەمکی دەستێوەردانی مرۆیی ڕەفزدەکەنەوە. ئەوان قوڵتر لەمەدەڕۆن بەجۆرێك کە دەستێوەرنەدان وەک نۆرم و بەهایەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەناسێینن دەیخەنەڕوو، کە تێیدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگری کردوە لە دەستێوەردان لەڕێگەی بەکارهێنانی یاساوە.

هەروەها هەمان گروپ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەگەڵ دەستێوەرداندا نییە و ڕەفزیکردوە کە هێز بەکاربهێنرێت بۆ هەڕەشەکردن و دەستێوەردان لە دەوڵەتانی تر، بێجگە لە بەرگری ڕەوا وەک کارێکی بەکۆمەڵ، کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕێگەی پێدراوە.
بە باوەڕی ئەمان کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەسەر سەروەری بونیادنراوە، ئەمە مانای وایە کە هەموو دەوڵەتان دەبێت ڕێز لەیەک بگرن، بەجۆرێک ئایدیای سەروەری ڕێگەنادات کە دەوڵەتێک یان گروپێک دەوڵەت دەستێوەردان لەناو دەوڵەتێکی تردا بکەن. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارگژییەی لەنێوان لۆجیکی پارێزگاریکردن لە سەروەری کە لەڕێگەی دەستێوەرنەدانەوەیە لەگەڵ لۆجیکی پارێزگاریکردن لەمافەکانی مرۆڤ کە لەڕێگەی دەستێوەردانەوەیە. هەردوو سکۆڵەر سلاتەرو ناردین ئارگومێنتیی ئەوە دەکەن کە شتێکی شیاوە کە ئێمە جیاوازی لەنێوان مافی دەستێوەردان و بڕیاری دەستێوەردان بکەین. ماف بابەتێکی ئەخلاقییە وە بڕیاردان بابەتێکی وردبینانەیە، لەمەوە ئەوە ڕوندەبێتەوە کە شتێکی شیاوە ئارگومێنتی ئەوەبکەین کە مافی دەستێوەردان زۆرناکات و ناچارمان ناکات بۆ بڕیاردان.
 لاسکی یەکێکیترە لەو سکۆڵەرانەی کە باوەڕی وایە کە سەروەری ڕەوایی و شەرعیەت دەدات بە دەوڵەتان، بۆ ئەنجامدان و کردنی کار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان. لاسکی ئەو دیدە مارکسییە قبوڵدەکات کە دەڵێت کاری دەوڵەتان وەک هێزو ئامێری چینی دەسەڵاتدار وایە.

لاسکی لەئەنجامدا بەردەوام دەبێت و دەڵێت کە دەوڵەتان ڕۆڵێکی بێ سنورو گەورەیان هەیە لەناو هەردوو سنوری خۆیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. بەگوێرەی لاسکی سەروەری بارێکی گەورەیە و شوێنێکی گەورەی گرتوە لەدامەزراندنی یاسادا، ئەمە مانای وایە کە سەروەری هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی بەرژوەندە نەتەوەیییەکانی دەوڵەتان نەک لەپێناو بەزرکردنەوە و گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤدا. بەم پێیە دەستێوەردان ڕێگەی پێ نەدراوە لەلایەن سیستمی نێودەوڵەتیی و یاسای نێودەوڵەتییەوە.

هاوپەیمانی پیرۆزو ڕەخنەکانی سەر ئەو هاوپەیمانیە
 لەسەدەی هەژدەدا دەستێوەردانی مرۆیی وەک ئارگومێنتێک لەنێوان وڵاتاندا سەریهەڵداو دروست بوو. ئەو دەوڵەتانە هێزەکانیان دژ بە دەوڵەتانی تر بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن کە سەرکوتکردنی سەر کەمینەکان بوەستێنن. لەوکاتەدا دەوڵەتانی وەک فڕانسەو بەریتانیاو ڕوسیا ڕازیبون پێکەوە کە دەستێوەردان لە دەوڵەتی عوسمانی بکەن بۆ پارێزگاریکردن لە مافی کەمینەیەکی دیاریکراو و تایبەت، وەک کریستیانییەکان کە لە ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا دەژیان. ئەم دەوڵەتانە هاوکاریان پێشکەشی کەمینە کریستیانییەکان دەکرد، کە دەستیان بەشۆڕش و سەرهەڵدان کردبوو لە دژی دەوڵەتی عوسمانی و داوای سەربەخۆییان دەکرد. دوابەدوای ئەم سەر‌هەڵدان و شۆڕشانە، دەوڵەتانی زلهێز ڕێکەوتننامەیەکیان ڕاگەیاند کەناو دەبرا بە هاوپەیمانی پیرۆز. هاوپەیمانی پیرۆز وەک یاسایەکی پشتگیری دەبینراو دەخوێنرایەوە، لەسەر ئەو بیرۆکە خۆی بونیاد نابوو کە دەوڵەتان قەوارەیەکی دابڕاونین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وە دەوڵەتان ئازادنین لە کردن و ئەنجامدانی هەر کارێک لەناو دارەمەیتی سەروەریاندا.

بۆنمونە لە ئارتیکەڵی یەکی میساقی هاوپەیمانی پیرۆزدا کە دەوڵەتانی ناوبراو لەسەری ڕیککەوتون هاتوە: کە ڕێگە دەدات بە بەکارهێنانی هێز دژ بەلایەنی سێیەم، ئەگەر هاتو ئەو بەها باڵایانە کەوتنە بەردەم مەترسی سەرکوتکردن و هەڕەشەوە لەلایەن هێزی سێیەمەوە. لەم ڕوەوە ئەندامەکانی هاوپەیمانی پیرۆز بەبێ گوێدانە چەمکی سەروەری هێز بەکاردەهێنن لەپێناو پاراستنی ئەو بەها باڵایانەدا. بەهاکانی کریستیانی دواتر بوو بە پرەنسیپی مافەکانی مرۆڤ لەناو هاوپەیمانی پیرۆزدا.

بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم دەستێوەردانە دەستێوەردانێکی پوخت و بێ خەوش بوە لەلایەن هاوپەیمانی پیرۆزەوە. لەسەرێکەوە ئەم دەستێوەردانە بۆ پاراستنی کریستیانییەکان بوە لە دەوڵەتی عوسمانیدا، بەجۆرێک تەنها بۆ کەمینیەکی تایبەتی کریستیانی ئەنجامدراوە نەک هەمو کەمینەکان کەلەژێر دەستەڵاتی عوسمانیدا دەچەوسانەوە، وەک یەزیدی و گروپە کەمینەکانی تری وەک شیعە و جولەکەو کوردەکان. واتە کریستیانیەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانی دەپارێزران لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە لەبەر کریستیانیبوونەکەیان نەک لەبەر مرۆڤبونەکەیان. لەسەرێکیکەوە ئەم دەستێوەردانە ئامانج و مەبەستی سیاسی لەپشتەوە بوە نەک مەبەستی مرۆڤایەتی. بەجۆرێک ئەو دەستێوەردانە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی ئەوروپپیەکان لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەکارهاتوە. سەرەڕای ئەوەش دەستێوەردان و بەکارهێنانی کەیسی کریستیانییەکان لەپێناو کەمکردنەوەی سەروەری دەوڵەتی عوسمانیدا بووە. هەروەها بۆ بڵاوکردنەوەی ناسەقامگیری بوە لەناو ئەو ئیمپراتۆرەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بەرژەوەندی و ستراتیژی هاوپەیمانی پیرۆز پاڵینا بە دەوڵەتانی ناو هاوپەیمانی پیرۆزەوە بۆ دەستێوەردان لە هەرێمەکان و ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا. ئامانج و مەبەستی ئەوان گەشتن بوو بە بەرژەوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانیان لەژێر پەردەی پاراستنی مافی کریستیانییەکاندا.

وە گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە ئەم ناوە ناوێکی ئاینی بوو وە گومان دەخاتە سەر دەستێوەردانەکانیان لە دەوڵەتی عوسمانیدا، چون خودی ناوەکە پێمان دەڵێت کە دەستێوەردانەکان ڕەگی لەناو پاڵنەرێکی ئاینیدایە نەک کەیسێکی مرۆیی، دین یەکێکە لە هۆکارەکان لەتەنیشت هۆکارەکانیتری وەک سیاسی و سترتیژی. بۆ نمونە پەیماننامەی هاوپەیمانی پیرۆز، لەساڵی ١٨١٥ دەوڵەتی عوسمانیشی ناچارکردوە بەوەی کە گەرەنتی پاراستن و ماف بدات بە کریستیانییەکان. بەڵام ئەمە هەموو ئەوشتە نەبوو کە هاوپەیمانی پیرۆز دەیویست. بۆنمونە لەساڵی ١٨٢٧ دا هاوپەیمانی پیرۆز دەستێوەردانیکرد لە کێشەی نێوان یۆنانییەکان و عوسمانییەکاندا، هەروەها پاڵپشتی یۆنانییەکانی کرد لە جەنگەکەدا دژ بە عوسمانیەکان. هەندێ نمونەی دەستێوەردان یان زنجیرەک دەستێوەردان هەیە کە لە لایەن هاوپەیمانی پیرۆزوە ئەنجامدراوە، لەناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی عوسمانیدا وەک دەستێوەردان لە یۆنان لەساڵی ١٨٢٦، لە سوریا لەساڵی ١٨٦٠، دورگەو شاری کریتی لەساڵی ١٨٦٦، ئەرمینیا لەساڵی ١٨٩٦وە مەسەدۆنیا لەساڵی ١٩٠٥.  هەریەک لەم دەستێوەردانانە  دەسەڵاتی هاوپەیمانی پیرۆزی زیاد و فراوانکرد لە ناوچەکانی دەسەڵاتی عوسمانیدا. ئەوکاتە دەوڵەتە ئەوروپییەکان بە پیاوە بەهێزەکە و بەپێچەوانەوە دەوڵەتی عوسمانی بە پیاوە نەخۆشەکە ناوی دەرکردبوو. هەروەها دەوڵەتە ئەوروپییەکان کەیسی کریستیانییەکانیان بەکاردەهێنا بۆ دەستکەوتنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان لەبەڵکان، ئەوان دەیانویست بەهەر ڕێگەیەک بێت دەوڵەتی عوسمانی لەناو ببەن، چونکە یادگارییەکی تاڵیان لەگەڵیدا هەبوو کاتێک دەوڵەتی عوسمانی ڕۆشتە ناو ئەوروپاوە لەسەدەکانی پێشودا. 

لەبەرئەوەبوو کاتێک سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی بەڵکان سەریهەڵدا دژ بەعوسمانیەکان ئەوەبوو ڕاستەوخۆ ئەو شۆڕش و سەرهەڵدانانە لەلایەن ئەوروپییەکانەوە هاوکاریکرا و ئامادەی خۆیان پشاندا بۆ دەستێوەردان لەناوخۆی دەوڵەتی عوسمانیدا. هەرلەو کاتەدا کەچی ڕوسیا لەزنجیرەیەک هێرشی یەک لەدوای یەکدا شۆڕشی پۆڵەندیەکانی سەرکوتکرد لەساڵای ١٨٣٠ ، ١٨٣٤، ١٨٦٤ دا، بەوەوەشەوە نەوەستا تەنانەت سەربازە ڕوسییەکان کۆمەڵکوژی گەورەیان ئەنجامداو گوندەکانیان وێرانکرد. بەڵام دەوڵەتە ئەوروپیەکان بێدەنگ بوون لەئاست ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕوسەکان و هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەری نەبوو. لەماوەی شۆڕشەکانی بەڵکان بۆ سەربەخۆییان نزیک بە دەیان هەزار موسوڵمان کوژران و ئەشکەنجەدران و لەماڵەکانیان ڕاگوێزران لەلایەن کریستیانییەکانەوە بەڵام دەوڵەتە ئەوروپپیەکان هیچ کاردانەوەیکیان نەبوو تەنها فۆکسیان لەسەر کریستیانییەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانی بوو.

 

 

کۆبوونەوەى هێزى هاوپەیمانى ناتۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستێوردانى مرۆیی