سەرتاوتار و شیکاری

تاوانی ئەنفال لەبەر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی

بەشى یەکەم لە دوو بەش

پێشەکی
تاوانی ئەنفال، یەکێکە لە قێزەونترین و نامرۆڤانەترین تاوانەکانی ڕژێمی بەعس کە وەک تیرۆریزمی دەوڵەت لە مێژووی هاوچەرخ دژ بە نەتەوەیەکی ستەمدیدە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامیداوە. ڕژێمی بەعس، بۆ پێدانی ڕوخسار و پاساوێکی ئایینی ناوی سوورەتی ئەنفالی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دانا و ئامانج لەم ناولێنانەش بەخشینی جۆرێک لە پیرۆزیی بووە بەم جەنگە، کە بە دڕندانەترین شێوە لە بەرامبەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا. ئەم پرۆسە تاوانکارییە لە هەشت قۆناغ لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستانی باشوور ڕوویداوە، کە تێیدا دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی سیڤیل و بێتاوان بوونە قوربانی، کە تاکوو ئێستا نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق نەیانتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بەرامبەر بە قوربانیان و بەجێماوانى ئەم کارەساتە و برینەکانی هەر بە ساڕێژنەکراوی ماوەتەوە.

تێگەیشتنی باشتر لە تاوانی ئەنفال پێویستی بە زانینی وردی ڕەوتی مێژوویی ڕووداوەکان و دۆخی پەیوەندییەکانی ئەوکاتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ڕژێمی عێراق هەیە. تایبەتمەندیی دیاری ئەم تاوانانە ئەوەیە، کە  بەرپرسانی هەرە باڵای ڕژێمی ئەوسای عێراقە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە. هەروا ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە ئەوەندە بەرفراوان بوو، کە حکومەتی عێراق هەموو توانا و ئیمکانیاتی سەربازیی، پۆلیس، ئاسایش و کارگێڕیی خۆی خستە خزمەت جێبەجیکردنی ئەوم تاوانە، بۆ ئەوەی شوێنەواری ژیان لە هەموو ئەو ناوچانە لە ناو ببات کە کەوتبوونە بەر ئەم شاڵاوە.

د.کەنداڵ نزان لە وتارێکدا دەربارەی شاڵاوەکانی ئەنفال دەنووسێت: "لەم ڕووداوەدا بنیاتەکانی ژیان لە کوردستانی عێراق سەرەوژێر بوون. پاش ئەم هیستریا شێتانەیە کە بە جینۆسایدی کوردەکان کۆتاییهات، ٩٠% گوندەکانی کوردستان و پتر لە ٢٠% شار و شارۆچکەکانی کوردستان لەسەر نەخشە سڕانەوە. گوندەکان پتر لە ١٥ ملیۆن مینیان لێ چاندرا. نزیکەی ١.٥ ملیۆن کورد لە گوندەکان بۆ کەمپە زۆرەملییەکان ڕاگوازران و نزیکەی ١٠% دانیشتووانی کوردی کوردستانی عێراق قەڵاچۆکران".

هەروا بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ دەربارەی عێراق، لە درێژەی شاڵاوەکانی ئەنفال و پاش و پێش ئەم شاڵاوانەیش ٣٨٣٩ گوند و شارۆچکە، ١٧٥٧ قوتابخانە، ٢٤٥٧ مزگەوت و پەرستگە و ٢٧١ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی کاولکران و لەناوبران و ٢١٩٨٢٨ خیزان ڕاگوازران.

 تاوانی ئەنفال، بێگومان دەچێتە خانەی جینۆسایدی نەتەوەی کورد کە وەک پەڵەیەکی ڕەش بۆ هەمیشە بە ناوچاوانی حکومەتی عێراق دەمێنێتەوە. لەم زنجیرە وتارەدا، هەوڵ دەدەین ڕۆشنایی بخەینە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم تاوانە لەبەر ڕۆشنایی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی.

چەمکی ئەنفال
لە ڕووە ئایینیەکەیەوە، ئەنفال ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانە کە سەبارەت بە جەنگی بەدر دابەزیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غەنیمە (دەستکەوت) لە نێوان جەنگاوەرانی موسوڵمان و، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەستکەوتانە هی خودا و پێغەمبەرن و با جەنگاوەرانی موسوڵمان بە یەکسانی لە نێوان خۆیاندا دابەشی بکەن. تەرخانکردنی سوورەتێک بۆ ئەم بابەتە نیشانەی ئەوەیە، کە غەنیمە لەو سەردەمەدا گرنگیی خۆی هەبووە. زیاتر لە خویندنەوەیەک لە زەینیەتی بەعسییەکاندا هەیە بۆ چەمکی ئەنفال و ئەم بابەتە ڕەهەندی هزریی، ئابووریی، سیاسی، کەلتووریی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی هەیە. ئەنفال وشەیەکی عەرەبییە، کە کۆی وشەی (نفل)ە و بە واتای دەستکەوت و غەنیمە یا تاڵانی دێت و دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێت بەمجۆرەی خوارەوە:
١) لە ڕووی زمانەوانییەوە: بە واتای غەنیمە و دەستکەوت دێت و لە پیش هاتنی ئایینی ئیسلام، عەرەبەکان وشەی ئەنفالیان بە واتای دەستکەوت و تاڵانی جەنگ بەکارهێناوە.
٢) لە ڕووی زاراوەییەوە: ئەنفال واتای زیادەی دەستکەوت دەگەیەنێت، واتە ئەو دەستکەوت و ماڵ و سامانەی کە بە هۆی جەنگەوە بە دەست دێت. پێش ئایینی ئیسلام ئەنفال جگە لە سامان و ماڵ و چەک و دارایی، ئافرەتیشی دەگرتەوە.

ئەنفال بریتییە لەو ئۆپەراسیۆنەی کە دژی موشریک و بێباوەڕان ئەنجامدراوە، هەربۆیە ناولێنانی ئەم ئۆپەراسیۆنە دژ بە نەتەوەیەک کە زۆرینەی موسوڵمانە جێی پرسیار و هەڵوەستە لەسەرکردنە؟ چونکە سوورەتی ئەنفال باس لە جەنگ و جیهاد دەکات دژ بە موشریک و بێباوەڕان.
بەمجۆرە دەردەکەوێت، ئەنفال بریتییە لە بەخشینی ماڵ و سامانی کۆکراوەی جەنگ بە هەندێک لە سەربازان و جەنگاوەران کە دیل و دەستگیرکراوانیشی دەگرتەوە، بەڵام ئەوەی ڕژێمی بەعس لە ژێر ناوی ئەنفال ئەنجامیدا بریتیبوو لە کوشتن و لەناوبردن و بێسەروشوێنکردن نەتەوەیەک بە جەستە و کەلتوورەکەیەوە، لە پاڵ ئەمەیشدا بە تاڵانبردنی ماڵ و سامانی ئەو نەتەوەیە و بەسووتماککردنی خاک و ژینگەکەیشی دەگرتەوە. هەروەک دەزانین ئایدۆلۆژیای بەعس بۆ خۆی ئایدۆلۆژیایەکی نائایینی و سیکۆلار بووە، بەڵام لێرەدا بۆ ڕەوایەتیدان بە کردارە دڕندانە و نامرۆڤانەکەی خۆی دەیەوێت لە ژێر پەردەی ئایین تاوانەکەی خۆی پەردەپۆش بکات و، لانیکەم لەبەردەم کۆمەڵگە ئیسلامییەکان وای پیشان بدات کە گەلی کورد لە ئایین هەڵگەڕاونەتەوە و ئەمانیش ئەرکی سەر شانیانە لە ناوی ببەن. 

قۆناغەکانی تاوانی ئەنفال لە کوردستانی باشوور
تاوانی ئەنفال، یەکێکیە لەو تاوانە گەورانەی کە ڕژێمی عێراق بەپێی نەخشە و پلانێکی تۆکمە بە هەشت قۆناغ لە ساڵی ١٩٨٨ لە بەشێکی زۆری ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی باشوور جێبەجێکردووە. هەندێک لە توێژەران وەک د.جەبار قادر بۆ ئەم تاوانە، پرۆسەکانی ئەنفالی بەکارهێناوە ئەویش بە هۆی ئەوەی کە ئەم تاوانە بە چەندین قۆناغی زەمەنیی جیاواز و لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستان ئەنجامدراون، کە لێرەدا بە کورتی ئەو قۆناغانە دەخەینەڕوو:

١) ئەنفالی یەکەم لە ٢٣/٢-١٩/٣/١٩٨٨ ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو: لەو سەردەمەدا، بارەگەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەی دۆڵی جافایەتی، سەرگەڵوو، بەرگەڵوو، یاخسەمەر و هەڵەدن و هتد بوو و، خەڵکێکی زۆری سیڤیلیش لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەژیان و ناوچەکە ١٥٠ گوندی لە خۆ دەگرت. لە شەوی ٢٣/شوبات هێزەکانی ڕژێمی عێراق هێرشێکی بەربڵاویان بۆ ناوچەکە دەست پێکرد و هێزەکانی پێشمەرگەیش نزیکەی ٣ هەفتە بەرگرییان کرد و ٢٥٠ کەس لەم هێرشانەدا شەهید بوون و پاشان خەڵکی سیڤیل بەرەو سنوورەکانی ئێران بەڕێکەوتن. لە مانگی نیسان ژمارەیەک لە پەناخوازان لە نزیک سنوورەکانی ئێران دەستگیر کران و، ژمارەیەک لەو خەڵکانەیش کە پاش لێبوردنی گشتی ڕژێم گەڕابوونەوە دەستگیر کران و ڕەوانەی کوشتارگەکانی باشووری عێراق کران. هێزەکانی عێراق، بە سەرکردایەتی سوڵتان هاشم ئەحمەد ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە و ئەمەیش لە لایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق پشتڕاست کراوەتەوە.

٢) ئەنفالی دووەم لە ٢٢/٣-١/٤/١٩٨٨ ناوچەی قەرەداغ: لە ٢٢ ئازار هێزەکانی ڕژێم هێرشەکانی خۆیان بۆ گوندەکانی تەکیە و بەڵەکجاڕ و سەیوسێنان لە ناوچەی قەرەداغ دەست پێکرد و، خەڵکی ناوچەکە بە پیادە بەرەو شاخەکانی دەوروبەر هەڵهاتن کە لە ڕێڕەوی هەڵاتنی خەڵک بەرەو سلێمانی و کۆمەڵگەکانی نەسر و زەڕایەن و شاخی زەردە و ناوچەی گەرمیان، بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە لایەن هێزەکانی ڕژێم و جاشەکان دەستگیر کران و لەوێوە بەرەو کەمپی دوبز و پاشان باشووری عێراق گوازرانەوە. لەم هێرشەدا، هەموو گوندەکانی ناوچەی قەرەداغ لەگەڵ خاک یەکسان کران. ئەم شاڵاوە بە سەرکردایەتی لیوا ڕوکن ئەیاد خەلیل زەکی سەرۆکی فەیلەقی دوو ناسراو بە هێزەکانی یەرمووک ئەنجامدراوە.

٣) ئەنفالی سێیەم لە ٧/٤-٢٠/٤/١٩٨٨ ناوچەی گەرمیان: ئەو بەشە لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە کە بەرەو ناوچەی گەرمیان بەڕێکەوتبوون لە هەفتەی دووەمی مانگی نیسان لە هەشت لاوە کەوتنە بەر هێرشی سوپای عێراق و خەڵکیان ئابڵوقە دا و گوندەکانی ناوچەکەیان کاولکرد. ئەم قۆناغەی ئەنفال، ناوچەکانی خورماتوو، قادرکەرەم، سەنگاو، دەربەندیخان و چەمچەمالی گرتەوە و بە پێچەوانەی دوو قۆناغەکەی دیکەی ئەنفال کە ئامانجی سەرەکی هێزی پێشمەرگە بوو، ئەمجارە خەڵکی سیڤیل پتر بوونە ئامانجی هێرشەکە. هێزە عێراقییەکان، هەرچی خەڵکی سیڤیل دەکەوتە بەردەستیان دەیانگواستەوە بۆ کەمپەکانی تۆپزاوا، تکریت و نوگرەسەلمان و ناوچەکەیان بە تەواویی لە دانیشتووانەکەی چۆڵکرد و هەموو گوندەکانیان تەختکرد. لە ئەنجامی ڕەفتاری دڕندانەی سەربازانی عێراقی و جاشەکان بە دەیان کەس لە تاو برسێتی و ئازار و ئەشکەنجە شەهید بوون و هەزاران کەس بۆ کەمپە زۆرەملییەکان گواسترانەوە. ئەم قۆناغەی ئەنفال بە سەختترین و دڕندانەترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێت، کە زۆرترین خەڵکی تێدا بێسەروشوێن کرا و لە ڕووی جوگرافیشەوە بەربڵاوترین ناوچەی گرتەوە، و زیاترین گوندی تێدا ڕووخێندرا و زیاترین سامانی هاووڵاتیان تێیدا بە تاڵان برا.

٤) ئەنفالی چوارەم لە ٣/٥-٨/٥/١٩٨٨ دۆڵی زێ: ئەو بەشە لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە کە لە دەست هێزەکانی ڕژێم قوتاریان ببوو، بەرەو کەنارەکانی ڕووباری زێی بچووک لە جووڵەدا بوون و هێزەکانی ڕژێم لە ناوچەکانی گۆگ تەپە، چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، تەقتەق، کۆیە، خەلەکان، دووکان، تیلەکۆ و عەسکەر هێرشیان کردنەسەر و بە فڕۆکەیش بۆمبای کیمیاوییان بەسەر ناوچەکەدا باراند و، پاشان ڕژێم لێبوردنێکی گشتی درۆینەکەیان ڕاگەیاند و بە فریواندنی خەڵک توانیان کەسانێکی زۆر دەستگیر بکەن، کە پاشان ژنان و پیاوانیان لێکجیا کردەوە و بەرەو کەمپەکانی هەرمۆتە و تەقتەق گواستیانەوە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا پتر لە سێسەد کەس بوونە قوربانی و شەهید بوون.  

٥) ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم لە ١٥/٥- ٢٦/٨/١٩٨٨ ناوچەکانی شەقلاوە و ڕواندز: ئەم قۆناغەی ئەنفال لە ناوچەکانی شەقڵاوە، ڕواندز، هیران،نازەنین، بالیسان، سماقووڵی، چوارقوڕنە، ڕانیە، چیای قەندیل، چیای باواجی، دیبەگە و پردێ جێبەجێکرا. هێزەکانی ڕژێم بۆ خۆیان وشەی پاکسازی (تطهیر)یان بۆ کردارەکانی کاولکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژیی بەکار دەهێنا و، عەلی حەسەن مەجید پێداگریی لەسەر بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکی کیمیاویی دەکردەوە دژ بە هاووڵاتیانی کورد. ئەو خەڵکانەی کە لەم ناوچانەدا دەستگیر دەکران بەرەو کەمپەکانی تۆپزاوا، تکریت، دوبز، نوگرەسەلمان، قەڵای دهۆک و سەلامیە دەگوازرانەوە. ئەم کەمپانە کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیان تێدا نەبوو و ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە شێوەیەکی هەڕەمەکیی لە پیر و منداڵ و ئافرەت لەم کەمپانەدا جێگیر دەکران و کەمترین بنەما مرۆییەکانی تێیدا ڕەچاو نەدەکرا.

٦) ئەنفالی هەشتەم لە ٢٥/٨-٦/٩/١٩٨٨ لە ناوچەی بادینان: ڕۆژی ٢٦/ئاب/١٩٨٨ هێزەکانی عێراق لە ناوچەی زیرەشکان چەکی کیمیاوییان بەسەر بارەگەی پێشمەرگەکانی پارتیدا باراند و، ڕۆژی دواتر هێرشی بەربڵاوی فڕۆکەکانی سوپای عێراق بۆ ناوچەکە بەردەوامبوو و چەکی کیمیاوییان بەسەر خەڵکیشدا باراند. هێرشەکان بۆ ناوچەی بادینان، کانی ماسی، بێگۆڤا، مانگیش، تووکا،  بیرجینی، تلاکرۆ، بەکرەقەرە، ورمیلی، بلیجان، ڕۆسی، شاخی گارە، بالووکە و هتد گرتەوە. بە هۆی ئەم هێرشانە ٤٣٠٠ کەس کە هەوڵیاندابوو بەرەو تورکیا هەڵبێن شەهید کران و، ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش کە بە سێزدەهەزار کەس مەزەندە دەکران نەیانتوانی بگەنە سنوورەکانی تورکیا و لە لایەن ڕژێمەوە دەستگیرکران و بۆ قەڵای دهۆک گواسترانەوە و لەوێشەوە بۆ کەمپەکانی باشووری عێراق ڕاگوازران و پاشان بێسەروشوێن کران. فەیلەقی پێنج بە سەرکردایەتی فەریق ڕوکن یوونس زەرب سەرپەرشتی ئەم شاڵاوەی لە ئەستۆ بوو.  

دوای شاڵاوەکانی ئەنفال، یەکەم کەس کە بە شێوەیەکی جیدی و ئاکادیمی تاوانی ئەنفالی بە جینۆسایدی گەلی کورد لە قەڵەمدا نووسەری عێراقی کەنعان مەکیە بوو، کە لە ساڵی ١٩٩٢ و لە گۆڤاری (harpar) ئەم بابەتەی باسکرد و تێیدا دەڵێت: "ئەنفال کردەوەیەکی سیستماتیککراو بوو کە لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە بەرامبەر بە کورد کرا".

هەر هەشت قۆناغەکەی تاوانی ئەنفال لە لایەن دادگەی باڵای تاوانی عێراق بە تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆیی و جینۆساید ناسراون. هەروا سەبارەت بە هەر هەشت قۆناغەكەى شاڵاوەكانى ئەنفال، لە ڕاپۆرتێكى دیکەی شارەزايانى نێودەوڵەتيدا هاتووە: " ٢٤٥١ گوند ڕوخێنراون و لە سەرزەوى سڕاونەتەوە، نزيكەى ١٣٤٤ قوتابخانە تێكدراون و ڕووخێنراون، ٢٠٢٧ مزگەوت تێكدراون و ڕوخێنراون، ١٨٢ هەزار هاووڵاتى كوژراون يان لە سێدارە دراون يان بێسەرو شويێنكراون، سەدان خێزان ئاوارەى توركياو ئێران بوون، دەست بەسەر هەموو سەروەت و سامانى هاووڵاتيان بە تايبەت بەرهەمە كشتوكاڵیەكانياندا گيراوە و، ژينگەى سروشتىیان وێرانکراوە و ڕەزو باخەكانيان سووتێنراوە و، دەستگیراوە بەسەر تەواوى سامانى ئاژەڵى هاووڵاتياندا و، سياسەتى سووتاندنى خاك، مينڕێژكردنى ناوچەكان بەکارهێنراوە بۆ ئەوەى ڕێگريبكرێت لە گەڕانەوەی هاووڵاتیان.

لەم شاڵاوانەدا، چەندین جۆر تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراون کە سەلمێنەری ئەوەن کە ئەم تاوانە دەچێتە خانەی جینۆساید، کە لە بڕیارەکانی دادگەی تایبەت بە ئەنفال پشتی پێبەستراوە وەک كوشتنى بە كۆمەڵ، ڕاگواستن، برسيكردن، تينووكردن، زيندانيكردن، تۆقاندن، ئازارى دەروونى و جەستەيى، جياكردنەوەى پیاو لە ژن لە یەکتر و ڕێگریىکردن لە نزيكبوونەوە و مومارەسەى سيكسى لە نێوانیاندا. هەروا بۆ پشتڕاستكردنەوەى تاوانى دژەمرۆیى پشت بە بەڵگەى كوشتن بە بێ هۆ و بەبێ دادگەییکردن، گواستنەوەى بە زۆرەملی، زيندانیكردن و بێبەشكردن، ئەشكەنجەدان، دەستدرێژيكردنە سەر ئافرەتان، چەوساندنەوە، بێسەروشوێنكردنى بە زۆر بەستراوە. جگە لەمەیش بۆ سەلماندنى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ، پشت بە بەڵگەى هێرش و پەلامار بۆ سەر گوندەكان و تێكدانیان، ڕووخاندن و تێكدانى قوتابخانە و شوێنە ئايینيەكان، دەركردنى بڕياری ڕاگواستنى گوندنشينەكان بەستراوە. 
هەروا ئەگەر سەیری ماوەی شاڵاوەکانی ئەنفال بکەین دەبینین کە لە ماوەی ٢٣/٢/١٩٨٨ هەتا ٢٦/٨/١٩٨٨ و بەپێی پلانێکی تۆکمەی پیشوەخت ئەنجامدراوە و ئامادەکاریی باشی بۆ کردووە لە لایەن حکومەتی ئەوسای عێراقەوە.

چەمک و پێناسەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین باس لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکەین، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتوون و پاشان نموونەکانی ئەو تاوانانە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و پشت ئەستوور بە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق سەبارەت بە کەیسی ئەنفال دەخەینەڕوو، چونکە لە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق تایبەت بە کەیسی ئەنفال ئاماژە بە هەر سێ جۆری تاوانەکانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆیی و تاوانی جینۆساید کراوە و بەرپرسانی باڵای ڕژێمی بەعس لە کەیسی ئەنفال لەسەر هەر سێ تاوانەکەدا ئیدانەکراون و حوکمدراون.

تاوانی نێودەوڵەتی، بریتییە لەو کردارەی کە پێشێلکردنی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی بێت بە جۆرێک کە زیان بەو بەرژەوەندییانە بگەیەنێت، کە ئەم یاسایە دەیپارێزێت و سیفەتی تاوان بدرێتە پاڵی و ئەنجامدەرانی شایانی سزا بن. تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەو جۆرەی کە لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتی تاواندا (ICC) هاتووە چوار تاوانە، کە بریتیین لە تاوانەکانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆیی، تاوانی جینۆساید و تاوانی دوژمنکاریی. پێناسەکردنی ئەمەی چوارەمیان مشتومڕێکی زۆری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە و لە دەقی پەیڕەوەکەیشدا هێشتا پێناسەی بۆ نەکراوە و بۆ داهاتوو بە جێهێڵراوە، هەربۆیە ئێمەیش لە باسکردنی خۆ دەبوێرین و ئاماژە بە سێ تاوانەکەیتر دەکەین:

١) تاوانەکانی جەنگ: لە سەردەمە کۆنەکان و هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم جەنگ لە دەرەوەی بازنەی یاساوە بوو، بە جۆرێک کە هیچ یاسا و ڕێسایەک نەبوو کە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری جەنگاوەران ڕێکبخات. هەربۆیە، جەنگەکانی ئەو سەردەمە بەوپەڕی هۆڤیگەری و بە دڕندانەترین شێواز ئەنجامدەدران و هەموو ڕێگەیەک دەگیرایەبەر بۆ ملکەچپێکردنی دوژمن. لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێکخستنی یاسای جەنگ سەریهەڵدا و، ئەم هەوڵانە هەتا ئێستایش بەردەوامە بۆ گەشەپێدان و هەموارکردنی یاساکانی تایبەت بە جەنگ.
یەکەم هەوڵ بە گرێدانی ڕێککەوتننامەی جنیڤ لە ساڵی ١٨٦٤ بۆ باشترکردنی دۆخی بریندار و نەخۆشەکانی گۆڕەپانی جەنگ هاتەئاراوە، پاشان ڕێککەوتنەکانی لاهای یەکەم لە ١٨٩٩ و لاهای دووەم لە ١٩٠٧ گرێدران و ئینجا چوار ڕێککەوتنەکەی جنیڤ لە ١٩٤٩ گرێدران کە بریتین لە: یەکەم/ تایبەتە بە پاراستنی بریندار و نەخۆشەکانی هێزە چەکدارەکان لە گۆڕەپانی جەنگ، دووەم/ باشترکردنی دۆخی بریندار و نەخۆشەکان و خنکاوەکانی هێزە چەکدارەکان لە دەریاکان، سێیەم/ دەربارەی چۆنێتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ دیلەکانی جەنگ و، چوارەم و کۆتایی تایبەتە بە کەسانی سیڤیل لە کاتی جەنگدا.

سەبارەت بە پێناسەی تاوانەکانی جەنگ، یاسازان (دی فابر) بەمجۆرە پێناسەی دەکات: "ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دەدرێن دژ بە یاسا و نەریتەکانی جەنگ". هەروا لە پەیڕەوی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕواندا هاتووە: "بیرۆکەی تاوانەکانی جەنگ بەرفراوانە بە جۆرێک کە هەموو پێشێلکارییەکی ترسناک بۆ ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆڤدۆستانە لە خۆ دەگرێت، کە دەبێتە هۆی بەرپرسیارێتیی سزایی بۆ ئەنجامدەرانی بە بێ لەبەرچاوگرتنی سروشتی جەنگەکە، کە نێودەوڵەتی بێت یا نانێودەوڵەتی". هەروا هەمان پێناسە لە لایەن دادگەی نێودەولەتیی تایبەت بە یۆگۆسلاڤیا لە کێشەی تادیک (TADIC)  خراوەتە ڕوو و، لە بەندی هەشتەمی پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتی تاوانیشدا هاتووە. هەروا ئەو بابەتانەی کە لە ڕێککەوتننامەی جنیڤی ساڵی ١٩٤٩ وەک تاوانەکانی جەنگ باسکراون، لە بەندی (٨)ی پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتی تاوان و بەندی (١٣)ی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقیشدا ڕەنگیانداوەتەوە.

تاوانەکانی جەنگ، یەکێکە لەو چوار تاوانەی کە لە لایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بە تاوان دانراوە و، دەکرێ بەپێی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی بخرێتە بەردەم دادگە ناوخۆیی یا نێودەوڵەتییەکان و ئەنجامدەرانی سزا بدرێن. ئەم تاوانانە، دەکرێت لە لایەن هێزە چەکدارەکان دژ بە هێزی چەکداری دوژمن یا کەسانی سیڤیل (چ خودیی یا دوژمن) ئەنجام بدرێن، هەروا دەکرێت کەسانی سیڤیل ئەم تاوانە دژ بە کەسانی سەربازیی یا سیڤیلی دوژمنیش ئەنجام بدەن.  

ئەگەر ئەو تاوانانەی کە لە شاڵاوەکانی ئەنفال ئەنجامدراون لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی جنیڤ و پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتی تاوان  بەراوردیان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە تاوانەکانی جەنگ بە ڕوونی لەم شاڵاوانەدا ئەنجامدراون. بۆ نموونە لە ئەنفالی یەک لە ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو، هاووڵاتیان لە کاتی نیوەشەو کە لە خەودا بوونە و هیچ دەرفەتێکیان بۆ بەرگریی لە خۆکردن نەبووە کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزە عێراقییەکان، کە ئەمەیش نیشانەی خووی دڕندانەی ئەو ڕژێمەیە. جگە لەمەیش بە مەبەستی دروستکردنی نائارامیی و پشێویی لە ناوچەکە، حکومەتی عێراق هەڵساوە بە کۆچاندنی زۆرەملی دانیشتووانی ناوچەکە. لە ئەنفالی دوو دژ بە دانیشتووانی ناوچەی قەردەاغ، گوندەکانی ناوچەکە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە لەگەڵ خاک یەکسان کراون و، پاشان دوای هاووڵاتیان کەوتوون و لە ڕێڕەی هەڵاتندا هاووڵاتیان کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزەکانی عێراقی، کە نموونەی ئەم تاوانانەیش لە تەیمووری ڕۆژهەڵات ڕوویانداوە. هەروا لە ئەنفالی سێ لە ناوچەی گەرمیان پاش کردارە سەربازییەکان، جیاکردنەوەی ڕەگەزیی هاووڵاتیانی دەستگیرکراو ئەنجامدراوە و ژنان بە زۆرەملی بۆ شوێنیکی دیکە گواستراونەتەوە، نموونەی ئەم تاوانە لە هێرشی سربەکان بۆ سەر شاری سربریتسایش ئەنجامدراوە. ئەگەر ئەم حاڵەتانە لەگەڵ پێناسەی تاوانەکانی جەنگ لە یاسای نێودەوڵەتی بەراورد بکەین، دەگەینە ئەو ئەنجامە کە تاوانەکانی جەنگ لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ لە کوردستانی باشوور  بە ئاشکرایی ڕوویانداوە، کە ئەم ڕاستیەیش لە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ بە ڕوونی دانیپێدانراوە. 

٢) تاوانە دژەمرۆییەکان: ئەم تاوانە، لە چاو تاوانەکانی جەنگ چەمکێکی نوێباوە و واتا و پێناسەی جۆراجۆری لە لایەن شارەزایانی یاسایی و دادگە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ کراوە، بەڵام ئەم چەمکەیش هەر وەک چەمکەکانی دیکەی یاسای نێودەوڵەتیی چەندین قۆناغی گەشەکردنی بڕیوە هەتا گەیشتووەتە سەردەمی دانانی پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان لە ساڵی ١٩٩٨، کە دەتوانین بڵێین لەم کاتەدا پێناسەیەکی تێر و تەواوی بۆ کراوە و لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانراوە. بەپێی بەندی (٧/ب ١) لە پەیڕەوی ئەم دادگەیە، تاوانی دژەمرۆیی بریتیە لە هەر یەک لەو کردارانەی خوارەوە کە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەربڵاو و سیستماتیک دژ بە هەر کۆمەڵێک لە دانیشتووانی سیڤیل ئەنجام دەدرێن: کوشتنی بە ئەنقەست، لەناوبردن، بە کۆیلەکردن، دوورخستنەوەی دانیشتووان یا ڕاگواستنی زۆرەملیی دانیشتووان، بەندکردن یا بێبەشکردنی توند لە هەر جۆرە ئازادییەکی جەستەیی بە جۆرێک کە پێچەوانەی ڕێسا سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی بێت، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی یا کۆیلایەتیی سێکسی و هتد، کە لە بەندی (٧) ئەم تاوانانە بە وردیی باسکراون.

ئەم تاوانانە، بۆی هەیە لە لایەن بەرپرسانی پلە باڵای وڵات لە کاتی جەنگە نێودەوڵەتی یا ناوخۆییەکان ئەنجام بدرێن. هەروا ئەم تاوانانە، بەو مەرجە بە تاوانی دژەمرۆیی لە قەڵەم دەدرێن، ئەگەر لە چوارچێوەی هێرشێکی بەربڵاو و سیستماتیک دژ بە کۆمەڵێک لە دانیشتووانی سیڤیل و بە زانینەوە ئەنجام بدرێن. بەندی (٧) لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتی تاوان، هێرشی بەربڵاو و سیستماتیک لە کاتی جەنگ و ئاشتیدا دەگرێتەوە.

شیاوی باسە، ناوەڕۆکی بەندی(٧) لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەقاودەق لە بەندی (١٢)ی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق ڕەنگیداوەتەوە. ئەگەر سەرنجی ئەو تاوانانە بدەین کە وەک تاوانی دژەمرۆیی لە قەڵەم دەدرێن بۆمان دەردەکەوێت، کە بەشێکی زۆری ئەو تاوانانە وەک کوشتنی بە ئەنقەست، ڕاگواستنی زۆرەملیی دانیشتووان، بەندکردن و بێبەشکردن لە هەر جۆرە ئازادییەکی جەستەیی، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی، بێسەروشوێنکردنی تاکەکان و هتد، بە شێوەی بەربڵاو دژ بە دانیشتووانی سیڤیلی کوردستانی باشوور لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفال بە شێوەی بەربڵاو و سیستماتیک ئەنجامدراون، کە بەڵگەنامەکان و وتەی دادخوازان و شایەدەکان لە دادگەی ئەنفال ئەم ڕاستیانە دەسەلمێنن. هەربۆیە، دەبینین دواجار دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە کەیسی ئەنفال، بەشێک لە بەرپرسان و تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال بە تاوانی دژەمرۆیی ئیدانە دەکات و حوکمیان دەدات.    

٣) تاوانی جینۆساید: جینۆساید تاوانێکی کۆن و چەمکێکی نوێیە. تاوانی جینۆساید، یەکێکە لە مەترسیدارترینی تاوانەکان کە هەڕەشە لە مرۆڤ و بە نرخترین مافی مرۆڤ دەکات کە مافی ژیانە، هەربۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆری بەم تاوانە داوە بە تایبەت پاش جەنگی جیهانی دووەم و، ئەم بابەتە ئیدی بە بابەتێکی ناوخۆیی سەیر ناکرێت کە دەوڵەتێک دژ بە گرووپ یا کەمینەیەک ئەنجامی دەدات، بەڵکوو پرسێکی نێودەوڵەتییە کە سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخی پێدەدات.

زاراوەی جینۆساید  (Genocide)تا بەر لە ساڵی ١٩٤٤ بەم ناو و واتایە بوونی نەبووە. لە ڕووی زمانەوانییەوە، لە دوو وشەی گریکی (Genos) بە واتای ڕەگەز و بنەچە و وشەی لاتینی (Caeder) بە واتای کوشتن و فەوتاندن پێکهاتووە. بە لێکدانی هەر دوو وشەکە (Genocide) بە واتای فەوتاندنی بنەچە دروست دەبێت. لەبەر ئەوەی ئەم تاوانە پێشێلکردنێکی بەربڵاو و ترسناکی مافی مرۆڤە و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، هەربۆیە بە تاوانێکی دڕندانە و دژە مرۆڤانە لە قەڵەمدراوە. بۆ یەکەمجار، ڕافایل لیمکین لە ساڵی ١٩٤٤ پاش کوشتارگەکانی جەنگی جیهانی دووەم ئەم زاراوەیەی بە کارهێنا بۆ ئاماژەکردن بە لەناوبردنی گرووپە ئایینی  و نەتەوەییەکان و ئەوانیتر. بەو حاڵەیش کاتێک کە دادگەی نۆرمبێرگ لە ٨/ئاب/١٩٤٥ پێکهات لە پەیڕەوەکەیدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەم تاوانە نەکرابوو، بەڵام بۆ یەکەمجار لە بڕیارێکی دادگەی ناوبراو لە ٣٠/٩ و ١/١٠/١٩٤٦ ئاماژە بە لەناوبردنی گرووپەکان کرابوو. هەوڵەکانی لیمکین و پاڵپشتیی کاریگەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گوشاری میدیاکانی ئەو سەردەمە، وایکرد تا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە (٩٦) لە ١١/١٢/١٩٤٦ بە زۆرینەی دەنگ جەخت لەسەر گرنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید بکاتەوە. پاش ئەم بڕیارە، کۆمەڵەی گشتی لە بڕیارێکی تردا داوای لە ئەنجومەنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا ڕێککەوتنێک بۆ پێناسەکردنی جینۆساید و دادگەییکردنی ئەنجامدەرانی ڕێکبخات. ئەوە بوو کۆمیتەیەک بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن ئەنجومەنی ناوبراو پێکهات و لیمکین بووە ئەندامی ئەم کۆمیتەیە و، پاشان ڕەشنووسی ئەم ڕێککەوتنە لە لایەن کۆمیتەکەوە ئامادەکرا و پێشکەش بە کۆمەڵەی گشتی کرا و، سەرەنجام لە ٩/١٢/١٩٤٨ ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی ئەنجامدەرانی بە زۆرینەی دەنگ و بە هەندێک گۆڕانکاریی لە لایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکرا و ڕێککەوتنەکە لە ١٢/١/١٩٥١ەوە بەرکارە.

بەپێی بەندی (٢)ی ئەو ڕێککەوتنە، پێناسەی جینۆساید بریتییە لە هەر یەک لەم کردارانەی خوارەوە کە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یا بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، ئەتنیکی، ڕەگەزیی یا ئایینی ئەنجام بدرێت:
ئا) کوشتنی ئەندامانی ئەم گرووپە.
ب) پێگەیاندنی زیانی جەستەیی یا ڕۆحی ترسناک بە ئەندامانی ئەم گرووپە.
ج) ملکەچکردنی بە ئەنقەستی گرووپەکە لە دۆخێکی ژیانی وەها کە ببێتە هۆی لەنابردنی ماددی هەموو یا بەشێک لەو گرووپە.
د) سەپاندنی ڕێوشوێنی وەها کە ببێتە هۆی ڕێگرییکردن لە زاوزێ لە ناو گرووپەکە.
ه) گواستنەوەی زۆرەملیی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپێکی تر.

جگە لەمەیش پێناسەی جینۆساید بەو جۆرەی کە لە ڕێککەوتننامەی ئاماژەپێکراودا هاتووە، لە بەندی (٢)ی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی ڕواندا و بەندی (٤) لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی یۆگۆسلاڤیا و بەندی (٤)ی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) و بەندی (١١) لە یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق دەقاودەق جێگیر کراوە.

دەتوانین پێناسەی تاوانی جینۆساید لە دوو بەشی تاوانی فیزیکی و تاوانی بایۆلۆژی پۆلێن بکەین. کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە، پێگەیاندنی زیانی جەستەیی یا ڕۆحی ترسناک بە ئەندامانی ئەم گرووپە و ملکەچکردنی بە ئەنقەستی گرووپەکە لە دۆخێکی ژیانی وەها کە ببێتە هۆی لەنابردنی ماددی هەموو یا بەشێک لەو گرووپە دەچێتە خانەی تاوانە فیزیکییەکان. هەروا سەپاندنی ڕێوشوێنێکی وەها کە ببێتە هۆی ڕێگرییکردن لە زاوزێ لە ناو گرووپەکە و، گواستنەوەی زۆرەملیی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپێکی تر دەچێتە ڕیزی تاوانە بایۆلۆژییەکان. هەروا مەرج نیە لەناوبردنی هەموو یا بەشێک لەو گرووپە بە تەواوەتی بەدیبێت، بەڵکوو تەنیا دەستپێکردنی یەک لەو کردارانەی کە لە بەندی (٢)ی ڕیککەوتنەکەدا هاتووە، بەسە بۆ ئەوەی بە تاوانی جینۆساید لە قەڵەم بدرێت، جگە لەمەیش گرنگ نیە تاوانەکە لە کاتی جەنگدا بێت یا لە کاتی ئاشتی و لە هەردوو حاڵەتەکە هەر بە جینۆساید دادەنرێت.

هەروەک دەزانین لە تاوانی جینۆساید مەرجە دژ بە گرووپێکی نەتەوەیی، ئەتنیکی، ئایینی و ڕەگەزیی ئەنجام بدرێت، کە بێگومان کورد وەک گرووپێکی نەتەوەیی لە عێراق ئامانجی شاڵاوەکانی ئەنفال بوون. ئەگەر سەرنج بدەین لە پێناسەی تاوانی جینۆساید کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە وەک یەکێک لە نموونەکانی جینۆساید لە قەڵەم دەدرێت، کە لە هەر هەشت قۆناغی ئەنفال بە دەیان هەزار ‌هاووڵاتی گرووپی نەتەوەیی کورد کوژراون. هەروا بڕگەکانی (ب) و (ج) لە بەندی (٢)ی ڕێککەوتننامەکە، بە تەواویی لەسەر هەموو قۆناغەکانی تاوانی ئەنفالدا دەچەسپیت، کە بریتین لە پێگەیاندنی زیانی جەستەیی و ڕۆحی ترسناک یا ملکەچکردنی بە ئەنقەستی ئەو گرووپە لە دۆخێکی ژیانی وەها کە ببێتە هۆی لەناوچوونیان.  هەروا لە شاڵاوەکانی ئەنفال هەر وەک لە بەڵگەنامەکان و وتەی دادخواز و شایەدەکان بە ڕوونی دەردەکەوێت، ژنان و پیاوان لە یەکتر جیا دەکرانەوە، کە ئەمەیش بە کردەوە ڕێگریی کردن بووە لە زاوزێی ئەندامانی ئەو گرووپە، کە ئەم حاڵەتەیش بڕگەی (د) لە بەندی (٢)ی ڕێککەوتننامەکەی لەسەر دەچەسپێت. سەبارەت بە بڕگەی (ه) لە هەمان بەند، گواستنەوەی زۆرەملیی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپەکانی دیکە، ئەمەیش بە ڕوونی لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفال ڕوویداوە. هەربۆیە، تاوانی جینۆساید بە هەموو ڕەهەند و بڕگەکانی پێناسەکەی بەو جۆرەی کە لە بەندی (٢)ی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨ و، بەندی (٤)ی پەیڕەوی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و بەندی (١١)ی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقدا هاتووە لە شاڵاوەکانی ئەنفال بەدیدەکرێت و، لەسەر ئەم بنەمایەش بەرپرسانی ڕژێمی بەعس لە لایەندادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بە تاوانی جینۆساید حوکمدران.

دایکێک وێنەى کچە ئەنفالکراوەکەى بە دەستەوە گرتووە