سەرتاوتار و شیکاری

داخۆ گەرەکە تیۆریی داد، مەیدانی تایبەتی بەهەند وەربگرێت؟

پێشەکی
تیۆرڤانە سیاسییەکان تیۆریی داد لەسەر بنەمای دوانێتیی گشتی و تایبەتی public/private) dichotomy ) دادەمەزرێنن. ئەوان ئارگومێنتی ئەوە دەکەن تیۆریی داد پەیوەستە بە مەیدانی گشتیییەوە (public sphere) و ئەویش تایبەتە بە پیاوان. لە کاتێکدا، مەیدانی تایبەت (private sphere) وەک سروشتی و نا_سیاسی پێناسە دەکەن، ئەم جیهانەیان تایبەتە بە ژنان. فێمێنیستەکان ڕەخنەی ئەم دابەشاندن و دوانێتییە دەکەن و هەوڵدەدەن مەیدانی تایبەتیش بەسیاسی بکەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی تیۆریی دادەوە.

لەم توێژینەوەیەدا، هەوڵدەدەم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە: داخۆ گەرەکە تیۆریی داد، مەیدانی تایبەت بەهەند وەربگرێت؟ بەدرێژایی توێژینەوەکە هەوڵدەدەم وەڵامی ئەم پرسیارە بە ئەرێی بدەمەوە و ئارگومێنتی ئەوە بکەم کە بۆچی دەبێت تیۆریی داد مەیدانی تایبەتیش بەهەند وەربگرێت، بۆ ئەوەی تیۆرییەکی تەواو و کامیل بێت. توێژینەوەکەم بەسەر سێ بەشدا دابەشکردووە. یەکەم، دوانێتی مەیدانی گشتی و تایبەت ڕوون دەکەمەوە، دووەم، وەڵامی فێمێنیستەکان بۆ ئەم دابەشکارییەی نێوان مەیدانی گشتی و تایبەت. لە کۆتاییدا (سێیەم)، ئارگومێنتی ئەوە دەکەم هەرچەندە فێمێنیستەکان ڕەخنەی ئەم دابەشکارییە دەکەن و هەوڵیان داوە مەیدانی تایبەت (خێزان)یش بهێننە نێو مەیدانی گشتییەوە بەڕێی بەسیاسیکردنییەوە، بەڵام ئەوان بەتەواوی سەرکەوتوو نەبوون. چونکە فێمێنیستەکان ڕوانگەیەکی تایبەتی تیۆریی دادیان وەک ئەلتەرناتیڤ دابین نەکردووە، بەڵکو ئەوان لەنێو هەمان بازنەی زاڵی پیاواندا ماونەتەوە.

لە ڕوانگەی منەوە، فێمێنیستەکان گەرەکە تیۆرییەکی داد وەک ئەلتەرناتیڤ پێشکەش بکەن و جارێکی دیکە پێناسەی سیاسەت بکەنەوە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە مەیدانی گشتی و سیاسەتدا بەشداری بکەن.

 

دوانێتی مەیدانی گشتی و تایبەتی

 بەدرێژایی مێژوو، تیۆرڤانە سیاسییەکان بەتایبەتی لیبڕاڵەکان مەیدانی گشتی و تایبەتییان لە یەکدی جیاکردۆتەوە. ئەوان مەیدانی گشتی وەک مەیدانی سیاسی و جیهانی هۆشەکی پێناسە دەکەن، کە شوێنی هاووڵاتییە ئازاد و یەکسانەکانە. لە کاتێکدا، مەیدانی تایبەتی وەک نا_سیاسی یان پێش_سیاسی و سروشتی وەک جیهانی سۆزەکی و ناهۆشەکی کە لە لایەن سروشتەوە بەڕێوەدەبرێت، پێناسە دەکەن. خێزان سەر بە مەیدانی تایبەتییە، شوێنێکە بۆ ژنان و منداڵان، لە کاتێکدا مەیدانی گشتی شوێنێکە بۆ هاووڵاتییە ئازاد و یەکسانەکان، بە جۆرێکی دیکە بێژین تایبەتە بە پیاوان.

لە ترادیسیۆنی پەیمانی کۆمەڵایەتیی لیبڕاڵەکاندا، زاراوەی داد تایبەتە بە مەیدانی گشتی، لە کاتێکدا خێزان سەر بە مەیدانی تایبەتییە، بەڕێی هاوسۆزی و حەزی سروشتییەوە بەڕێوەدەبرێت. تیۆرڤانەکان پەیوەندییە خێزانییەکان لە تیۆرییەکانیاندا بەهەند وەرناگرن، چونکە ئەوان گریمانەی ئەوە دەکەن ئەم پەیوەندییانە لە بنەڕەتەوە سەر بە جیهانێکی سروشتین. تیۆرڤانە سیاسییەکان، لە ترادیسیۆنەوە پێیان وایە خێزانی سروشتی سەرۆکەکەی پیاوە، لەبەرئەوە ژنان بەبێ کرێ ئیشی خێزانی و بەرهەمهێنانی منداڵ دەکەن. لە ئەنجامدا، ژنان لە ئیشی خێزانیدا تەنیا بە کارایی ئاژەڵییەوە پەیوەندکراون، لە کاتێکدا پیاوان دەتوانن ئازادی تەواو بەدەستبهێنن و ژیانێکی ڕاستەقینە بژین(١).  

یاساکاری و ئیدیۆلۆژی لەسەر بنەمای مەیدانە سەربەخۆکانی خێزان، کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت دامەزراون. ئەم مەیدانانە بەڕێی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە کە شتێکی ناوەندییە بۆ لیبڕالیزم لە یەکدی جیاکراونەتەوە. پەیمانەکە وەک ڕێسایەکی ناچارەکیی سیاسی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان تاکە هۆشمەند و یەکسانەکان لەبری هایەرارکی (هەڕەمی)ی سروشتی بناغەڕێژراوە. تاکەکان دەبێت واز لە بەشێک لە مافە سروشتییەکانیان بهێنن بۆئەوەی ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن. بۆیە دەوڵەت بریتییە لە پەیمان و ڕێککەوتن، بۆ مسۆگەرکردنی مافە بنەڕەتییەکان و پاراستنی هاووڵاتیان لە مەترسی دەرەکی داڕێژراوە. لە کاتێکدا خێزان وەک شتێکی سروشتی یان خواوەندی پێناسەکراوە؛ لە ئەنجامدا، خێزان نامێژوویییە یان بەشێکی نا_سیاسییە لەنێو ژیانی مرۆڤدا (٢).
لە دیاریکردنە کولتوورییەکاندا پیاوان وەک بەدەستهێنەری داهات پێناسەکراون، لە کاتێکدا، ژنان وەک خزمەتی خێزانی و سێکسی بۆ پیاوان و بەخێوکردنی منداڵان دیاریکراون. هەروەها لە ترادیسیۆنی دابەشاندنی مەیدانی گشتی و تایبەتدا پیاوان و ژنان پەیوەستکراون بە مەیدانی جودا و شێوازی هەست و سۆزی جوداوە. تیۆرڤانە سیاسییەکان جودایی دەکەن لە نێوان ئەدگاری سۆزەکی و بەشەکی تایبەتکراو بە مەیدانی تایبەتی: ژنان و ئەدگاری هۆشەکی، بێلایەن و هزری ئەبستراکت داواکراو بۆ مەیدانی گشتی: پیاوان. لە ئەنجامدا، زۆر لە تیۆرڤانە پیاوەکان ئەو بڕوایە پەسەند دەکەن ژنان  لە سروشتیانەوە بۆ سیاسەت و چالاکی ئابووری لە دەرەوەی ماڵ نەگونجاو و شیاو نین. بۆیە زۆرینەی دامەزراوە جڤاکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی پیاوان دامەزراون (٣).

ڕەخنە و وەڵامی فێمێنیستەکان

 فێمێنیستەکان وەڵامیان هەیە و ڕەخنەی دوانێتی مەیدانی گشتی و تایبەتی دەکەن. ئەوان هەوڵدەدەن خێزان و مەیدانی تایبەت بەسیاسی بکەن بەڕێی بەکارهێنانی تیۆریی دادی لیبڕاڵەکانەوە. فێمێنیستەکان داواکاری بۆ فراوانکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ مەیدانی تایبەتی بەرز دەکەنەوە و ڕەخنەی لێک جوداکردنەوەی مەیدانی گشتی و تایبەتی دەکەن. هەروەها داوا دەکەن بۆ ناساندنی خێزان وەک دامەزراوەیەکی سیاسی، گشتی و دەسەڵاتدار(٤). ژنە فێمێنیست ئۆکین ئارگومێنتی ئەوە دەکات بۆ فێمێنیستەکان مەیدانی تایبەتی و کەسەکی، ئیشی ناو ماڵ، خێزان، سێکسوالێتی و بەخێوکردنی منداڵ سیاسین؛ بۆیە ئەوان داوای ئەوە دەکەن سێکسفرۆشی، دەستدرێژیی سێکسی، پۆرنۆگرافی، لەباربردن و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان گەرەکە ببن بە بەشێک لە یاسا لیبڕاڵەکانی تیۆریی داد. هەرچەندە، زۆرینەی تیۆرڤانە سیاسییەکان ئەم مەیدانانە وەک سیاسی دانانێن. خێزان شتێکی ناوەندییە بۆ سیاسەتی فێمێنیزم؛ بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە و داڕشتنەوەی جیاکاری نێوان مەیدانی گشتی و تایبەتی بۆ هەر پڕۆژەیەکی فێمێنیستی شتێکی کڕۆکییە. پەیامی سەرەکی ڕەخنەی فێمێنیستی لە جیاکاری مەیدانی گشتی و تایبەتی وەک ئۆکین دەبێژێ بریتییە لە ''ئەوەی کەسەکییە سیاسییە''(٥).

دوو ڕووبەڕووبوونەوەی فێمێنیستی بۆ دابەشاندنی مەیدانی گشتی و تایبەتی هەیە. یەکەم، فێمێنیستەکان دەیانەوێ مەیدانی تایبەتی فراوان بکەن و ئەوە ڕابگەیەنن مەیدانی تایبەتی بەشێوەیەکی سادە ''سروشتی'' نییە، چونکە پراکتیکەکانی ئەدگاری سیاسییان هەیە. دووەم، ئەوان دەیانەوێ ئەلتەرناتیڤێک بۆ دوانێتی مەیدانی گشتی و تایبەت دابین بکەن(٦). هەروەها لەنێو ڕەهەندی لیبڕاڵیدا فێمێنیستەکان سێ ڕەخنەیان لە ''خێزانی سروشتی'' هەیە. یەکەم، خێزان وەک سروشتی و نا_سیاسی تۆمارکراوە، لەبەرئەوە ژنان بەسروشتی بۆ ئیشی بەرهەمهێنانی منداڵ گونجاون. لە ئەنجامدا، خێزان ناسیاسیکراوە و ئیشی ناوماڵی ژنان و دۆخی ژنان لەنێو خێزاندا نە لە ڕووی ئابوورییەوە و نە لە ڕووی سیاسییەوە وەک ئیش هەژمارناکرێن.  دووەم، ژیانی ژنان و ئیشکردنیان تەنیا لەنێو مەیدانی تایبەتی یان خێزانی دەردەکەوێت. بۆیە ژنان لە کۆمەڵگەی شارستان (مەدەنی)دا بەراورد بە پیاوان بەشدارییەکی کەمتریان هەیە. سێیەم، مەیدانی تایبەتی شوێنێک نییە بۆ ژیانی خۆمەندی ژنان، بەڵکو شوێنێکە بۆ بەکارهێنانی بێسنووری ژنان لە لایەن هاوسەر و منداڵەکانیانەوە(٧).

تیۆرڤانە سیاسییەکان دەسەڵاتی هاوسەر و باوک لەنێو خێزان بەسەر ژن و منداڵەکاندا وەک سروشتی دەبینن. تیۆرڤانە لیبڕاڵەکانی سەرەتا پێیان وابوو باوکان و هاوسەرەکان دەبێ دەسەڵاتیان بەسەر منداڵ و ژنەکاندا هەبێت، تەنانەت مافی ''سزادانی'' فیزیکیشیان هەیە. بۆیە لێرەدا پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان توندوتیژیی خێزانی و جیاکاری نێوان دەسەڵاتەکان؛ هەروەها پەیوەستبوون لە نێوان سێکسەکان (نێر و مێ)دا هەیە. ئەم پەیوەندییە کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان و منداڵان لەنێو خێزاندا دەنوێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیۆرڤانە سیاسییەکان پەیوەندییەکانی نێو ژیانی خێزانی فەرامۆش دەکەن. بۆیە لە ئەنجامدا، مەیدانی تایبەتی، ماڵەوە دەبێتە شوێنێکی مەترسیدار بۆ ژنان و منداڵان. هەرچەندە، بۆ ئۆکین ڕووبەڕووبوونەوەی دوانێتی مەیدانی گشتی و تایبەتی، ڕەتکردنەوەی ژیانی خۆمەند یان بەهای مەیدانی تایبەتی و خۆمەند نییە لەنێو ژیانی مرۆڤدا، هەروەها ڕەتکردنەوەی هیچ جیاوازییەکی گونجاو و شیاو نییە لە نێوان مەیدانی گشتی و تایبەتیدا. هەروەها واتای یەکایەتی پێدانێکی سادە یان سەرجەمی نییە بە مەیدانی کەسەکی و سیاسی. بە جۆرێکی دیکە بێژین، مەیدانی کەسەکی و سیاسی بەتەواوی هاوشێوە و وەک یەک نین(٨).

ئۆکین جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ''ئەوەی کەسەکییە سیاسییە''، هەروەها دابەشاندنی مەیدانی گشتی و تایبەتی داڕشتنێکی سەرلێشێوێنەرە. هەرچەندە دەسەڵات بەشێوەیەکی باو پەیوەست بە سیاسەتەوە شیاوی لێتێگەیشتنە، بەڵام دەسەڵات لە مەیدانی تایبەتی و ژیانی خێزانیشدا شتێکی گرنگ و ناوەندییە. لەبەرئەوە ناتوانرێ بوترێ خێزان مەیدانی تایبەتییە و نا-سیاسییە، چونکە دەسەڵات هۆکارێکی گرنگە تێیدا و خێزان و مەیدانی تایبەتی بەڕێی بڕیاری سیاسییەوە دروستکراون. لەبەرئەوە خێزان بەجەختییەوە سیاسییە و شوێنێکە تێیدا خەڵک دەبن بە جێندەری خۆیان، واتا دەبن بە ژن و پیاو. لە خێزانی داڕێژراو لەسەر بنەمای جێندەری، ئیش لە نێوان ژن و پیاو دابەشکراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاستەنگە ناخەکی و پراکتیکییەکان لە بەردەم ژندا لە سەرجەم مەیدانکانی دیکەدا(٩).

ژنان لە پەیمانی کۆمەڵایەتی وەدەرنراون بەهۆی چاودێریکردن، ئیشکردنە بێکرێیەکەیان و بەرهەمهێنانەوەی منداڵ لەنێو خێزاندا، لەبەرئەوە هەڵاواردنەکەیان پەیوەندی بە جیاکردنەوەی نێوان مەیدانی گشتی و تایبەتییەوە هەیە. پەیمانی سێکسوالی بەشە ڕێگەپێنەدراو و کۆنتڕۆڵکراوەکەی پەیمانی کۆمەڵایەتییە. چونکە پەیمانی کۆمەڵایەتی هەروەها پەیمانی سێکسوالی دەهێنێتە گۆڕێ و ئازادیی شارستان مافی پیاوسالارانە پێشنیاز دەکات. باوکسالاری مۆدێرن ئەدگارێکی پەیمانەکی هەیە. پیاوسالاری فۆڕمێکی مافی سیاسییە سەرجەم پیاوان بەهۆی پیاوبوونەکەیانەوە پراکتیکی دەکەن. پەیمانی کۆمەڵایەتی پتر پراکتیککردنی دەسەڵاتە نەک ئاڵوگۆڕی نێوان یەکسانەکان؛ لەبەرئەوە ئەمە پەیمانێکی کۆیلایەتییە و فۆڕمێکی داواکارییە. بۆیە لە ئەنجامدا، ژێردەستەیی ژنان بەڕێی پەیمانەکەوە مسۆگەرکراوە، چونکە چەوساندنەوەی ژنان لەنێو پێکهاتە قووڵەکانی لیبڕالیزم نووسراوەتەوە(١٠). لە ترادیسیۆنی لیبڕاڵیدا، تاکێتی بریتییە لە نێرێتی و نێرێتی سەرەوەری تاکە پیاوەکانە کە جەستەی ژن بەکاردەهێنن. لیبڕاڵەکان لەسەر دابەشکردنێکی تیژی نێوان مەیدانی گشتیی پیاوان و مەیدانی تایبەتیی ژنان کۆکن(١١). چونکە بۆ مێتۆدی زاڵی لیبڕاڵەکان جیاوازی نێوان مەیدانی گشتی و تایبەتی بریتییە لە سەرچاوەی بەرژەوەندییە لیبڕاڵییەکان (مافەکان، تاکایەتی، دیموکراسی و هاووڵاتییەتی). بەڵام بۆ فێمێنیستەکان جیاکاری نێوان مەیدانی گشتی و تایبەتی سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژنانە، لەبەر دوو هۆ: یەکەم، مەیدانی تایبەتی لە بەرپرسیارێتی سیاسی و پرەنسیپە لیبڕالەکان وەدەرنراوە. دووەم، لە مەیدانی تایبەتیدا ئیش و چالاکی وەک کۆمەڵگەی شارستان بەهای بۆ دانەنراوە(١٢). دابەشکردنی ئیش لەنێو خێزاندا بووەتە هۆی هێنانەگۆڕێی ئاستەنگی دەروونی و پراکتیکی دژ بە ژنان لە سەرجەم مەیدانکانی دیکەدا. بۆ فێمێنیستەکان کێشەکە ئەوە نییە ''ژنان فێر نەبوونە کە چۆن لە دەسەڵاتدا بن'' بەڵکو ئەوەیە ''لە ئێستادا دەسەڵاتدارێتی بە شێوەیەک فۆڕمی پێدراوە کە دەنگی ژنان تێیدا کپکراوە'' (١٣).

دوو جۆر مێتۆدی جیاواز بۆ یەکسانی سێکسوالی هەیە. یەکەم، مێتۆدی جوداوازی، کە دەڵێ نایەکسانییە سێکسییەکان ڕەوایەتی پێدراون، ئەگەر جودایی ڕاستەقینە لە نێوان ژنان و پیاوان هەبێت. دووەم، مێتۆدی زاڵبوون کە دەڵێ نابێت هەرگیز جودایییە سێکسییەکان وەک سەرچاوە بۆ ڕەوایەتیدان بە نایەکسانییەکان و زاڵبوونی پیاوان بەکاربهێنرێت. لە دەرەنجامدا، کێشەکە بریتییە لە زاڵبوون، بۆیە چارەسەرەکە تەنیا نائامادەیی جیاکاری و هەڵاواردن نییە، بەڵکو ئامادەیی دەسەڵاتە. یەکسانی تەنیا داواکاری بۆ دەرفەتی یەکسان بۆ هاندانی ڕۆڵە پیاوانەکان بەرزناکاتەوە، بەڵکو هەروەها دەسەڵاتی یەکسانیش بۆ دروستکردنی ڕۆڵی ژنانە یان ڕۆڵی نا-جێندەرییانە(١٤).

تیۆرڤانە پیاوەکان ئەوەیان قبووڵکردووە ژنان لە مەیدانی تایبەتی، لەناو ماڵ و خێزاندا بمێننەوە، ئەمەش لە ڕێگەی ناساندنی سروشتی ژن وەک بەشەکی، سۆزەکی و نا-گەردوونییەوە ڕەوایەتییان پێداوە. لەبەرئەوەی ژن تەنیا پەیمانی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی دەزانێت؛ بۆیە ژن لەنێو ژیانی سیاسیدا مەترسیدارە، چونکە ڕەنگە بەرژەوەندی گشتی بکاتە قوربانی هەندێ بەرژەوەندی تایبەت یان پەیوەندی کەسەکی. لە دەرەنجامدا، ژنان لە مەیدانی گشتیدا وەدەرنراون(١٥).

لە فۆرمولەی کلاسیکیی لیبڕالیزمدا، مەیدانی تایبەتی بەڕێی خۆشەویستی، بەهاکانی ئەرک، نەریت و سروشت بەڕێوەدەبرێت، بۆیە مافەکان بۆ ئەم مەیدانە بەکارناهێنرێن. لە ڕوانگەی لیبڕاڵەکانەوە، کەسان هەڵگری مافن کە بەرژەوەندییان لەنێو کۆمەڵگەی شارستان هەیە. بەڵام لە ترادیسیۆنی لیبڕالیدا، ژنان کەسێتی شارستانیان نییە، ئەوان تەنیا ئەندامی خێزانن، لە کاتێکدا کەسێتی لەنێو کۆمەڵگەی شارستاندا بەدەستدەهێنرێت. لە دەرەنجامدا، بکەری لیبڕاڵ پیاوە کە ئازادانە لە نێوان خێزان و کۆمەڵگەی شارستاندا دەجووڵێت. مەیدانی تایبەتی نە شوێنی ئیشکردنە و نە شوێنی دەسەڵات، بەڵکو شوێنێکی سروشتییە. بەهۆی ئەمەوە، لە دەوڵەتە لیبڕاڵەکاندا، خێزان وەک دامەزراوەیەکی سیاسی دانیپێدا نەنراوە؛ بۆیە دۆخی ژنان وەک کرێکاری بێکرێ لەنێو خێزاندا لە سیاسەت داماڵراوە(١٦). ئەم دابەشکردنانە دەبنە هۆی بەهاپێدانی ژنان و پیاوان بەشێوەیەکی جیاواز. لەبەرئەوە دۆخی ژنان وەک هاووڵاتی بەڕێی ڕۆڵە نادیارەکەیانەوە لەنێو خێزان یان مەیدانی تایبەتی کاریگەری لەسەر نوێنراوە کە پەیوەستکراوە بە ناهۆشەکێتی و سۆزەکێتییەوە لە کاتێکدا مەیدانی گشتی پەیوەستکراوە بە هزرینی ئەبستراکت و هۆشەکی. پیاوان پێگەی کاریگەری خۆیان لەنێو مەیدانی گشتیدا بەڕێی دووانێتی (مەیدانی گشتی و تایبەتی)یەوە بەدەستدەهێننەوە کە ئامرازێکی کاریگەرە بۆ پیاوان تاکو کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی پێبکەن. دابەشکردنی مەیدانی گشتی و تایبەتی بریتییە لە دروستکراوێکی پەیمانەکی و ئایدیۆلۆژی و کردەکی چونکە ئەم دابەشکارییە خزمەتی مەبەستەکانی ئایدیۆلۆژی لیبڕاڵ دەکات(١٧).

فێمێنیستەکان ئارگومێنتی ئەوە دەکەن زاراوەکانی هۆش و هۆشەکێتی بوونە بە ڕێگەیەکی سەرەکی لە پراکتیکی کۆمەڵایەتی و ترادیسیۆنی ڕۆشنبیری بۆ بە کەم-هۆشتر ناساندن و پۆلێنکردنی ژنان، منداڵان، چینی کرێکاران، ئاژەڵان، زیندانیان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئەو کەسانەی نەخۆشی مێشکیان هەیە. دووانەکی (دوالیزمی) دێکارتی بانگەشەی سەربەخۆیی هۆش لە جەستە دەکات کە ڕێگە بەوە دەدات هزرین تەنیا بە هۆشەوە بلکێندرێت و هۆشیش تەنیا پەیوەست بکرێت بە پیاوانەوە. لە ئەنجامدا، هزرین و هۆشەکێتی لە نزیکەوە بەشێوەیەکی ئەرێنی پەیوەستکراون بە هۆش، زانین، هەقیقەت و باڵایی پیاوان، لە کاتێکدا تایبەتێتی، ناچالاکێتی، ڕیتمی جەستەیی، حەز، سۆز، ... هتد پەیوەستکراون بە ژنانەوە. لە تیۆریزەکردنی سۆز و هۆشدا، کاریگەرییەکی فراوان لە سەر داڕشتنی هەر یەکێکیان هەیە. ئەمە واتای ئەوەیە دانپێدانان و پێزانینی ڕۆڵی هەست و سۆزەکان لە ئیشی تیۆریدا و ڕۆڵی هۆش و ئاوەز لە ئیشی هەست و سۆزەکیدا. چونکە هەست و سۆز شتێکی زیادە نییە، بەڵکو ئەدگارێکی سەرەکی و پێویستە بۆ هەموو هزراندنێک. ئاخر هەست و سۆز لەنێو هۆشدا گەشە دەکات، بەشداری دەکات. فێمێنیستەکان ئارگومێنتی ئەوە دەکەن هەست و سۆزەکان ڕۆڵیان هەیە لەنێو هزراندنی مەیدانی گشتی، هزراندنی پڕاکتیکی و دیارهێنانی هۆش و ئاوەز کە بەرجەستە کراوە. هەست و هۆش پەیوەستن بە یەکدییەوە، چونکە هەست بە تەنیا داینامیکە، ئاڕاستە دیاری دەکات، هەڵدەبژێرێت و هاندەرە. لە کاتێکدا هۆش تەنک و ئەبستراکتە(١٨).  

فێمێنیستەکان تیۆریی کۆگنتیڤ (زانینمەند) بەکاردەهێنن بۆ پەیوەندی نێوان هەست و هۆش، چونکە تیۆریی کۆگنتیڤ ئاماژە بەوە دەکات هەست بەشێکە لە هۆش. هەندێ لە تیۆرڤانە سیاسییەکان تیۆریی کۆگنتیڤی هەستیان قبووڵکردووە و لەنێو تیۆرییەکانیاندا گونجاندوویانە بۆ دوورکەوتنەوە لە بەبایۆلۆژیکردنی هەست و سۆزەکان. هەروەک دی سۆسا دەبێژێ: ''هەست و سۆزەکان بریتین لە فێنۆمێنێکی هۆشەکی''(١٩).

فێمێنیستەکان خەبات بۆ هاووڵاتیبوون دەکەن، چونکە هەندێک لە تیۆرڤانە سیاسییەکان ژنان وەک هاووڵاتی دانانێن. بۆ نموونە، جۆن ڕاوڵز جیاوازی دەکات لە نێوان تێگەیشتنی سیاسی بۆ کەس (تاک) یان هاووڵاتی لە شوناسی 'مۆڕاڵی یان نا-دامەزراوەیی'یەوە. ئەو دووانێتێییەک دادەرێژێت لە نێوان کەس وەک هاووڵاتی کە ئەمە سەر بە مەیدانی سیاسەتە و کەس وەک تاک لەنێو مەیدانی تایبەتیدا، ئەمەیان پەیوەندی بە مەیدانی سیاسییەوە نییە. لێرەوە گەرەکە هاووڵاتییان لەنێو سیاسەتدا وەک ئەوەی هەمووان یەکسان بن کارلێک بکەن، بەڵام هەمان شت بۆ ژیانی خێزانی ڕاست نییە(٢٠). ئۆکین ئارگومێنتی ئەوە دەکات جۆن ڕاوڵز مەیدانی تایبەتی بەشێوەیەکی بێکاریگەر دەبینێت. بۆ ئۆکین دابەشکردنی نێوان هاووڵاتییان و کەسە ڕاستەقینەکان کێشەئامێزە، چونکە زۆر نایەکسانی ڕاستەقینە لەنێو مەیدانی تایبەتدا بوونیان هەیە. ئۆکین پرسیاری ئەوە دەکات چۆن خەڵکی ڕاستەقینە دەتوانن خۆیان وەک یەکسان ببینن ئەگەر ئەوان لە خێزانگەلێکەوە هاتبن هەڕەمێتی دەسەڵات لە نێوان جێندەرەکاندا بوونی هەبێت. سەرەڕای هەر یەکسانییەکی فۆرمال لەنێو مەیدانی گشتیدا تاکی ڕاستەقینە ڕەنگە خۆی وەک یەکسان نەبینێت ئەگەر ئەو لەنێو خێزانێکدا گەورە بوو بێت، وەک کەسێکی یەکسان ڕەفتاری لەگەڵ نەکرابێت. لە ڕوانگەی ئۆکین، بەڕێی دوورخستنەوەی هۆشی گشتییەوە لە پەیوەندییە خێزانییەکان، ڕاوڵز تیۆرییەکەی خۆی بێدەسەڵات کردووە لە دروستکردن و هێنانەئارای یەکسانی ڕاستەقینەدا. لەبەرئەوە سیاسەتی ڕاوڵزی بە ئەبستراکتی دەمێنێتەوە، ناتوانێ کاریگەری لەسەر ئەدگاری ڕاستەقینەی خەڵکە ڕاستەقینەکان هەبێت(٢١).

هاووڵاتیبوون تەنیا ڕەهەندی شارستان، یاسایی، سیاسی و ئابووریی-کۆمەڵایەتی نییە بەڵکو هەروەها بناغەی مۆڕاڵیشی هەیە. بۆیە پەیوەستی ئێتیکی بریتییە لە بناغەیەکی لۆژیکی بۆ ڕاهێنانی بنەڕەتی بۆ هاووڵاتیبوون، لەبەرئەوەی تێگەیشتنی فێمێنستەکان بۆ هاووڵاتیبوون داندەنێت بە بەهای هەمەکی و گەردوونی بۆ سەرجەم ئەندامانی جڤاتی سیاسی. لە لایەکی دیکەوە، مۆدێلەکانی لیبڕاڵ و کۆمارییەکان بۆ هاووڵاتیبوون، هاووڵاتی وەک هەمەکی و گەردوونی دەبینێت لە ڕووی گرنگی ناوەڕۆکی چالاکییەکان، لەوانە 'بەهای شارستان، بەشداریکردن، خزمەتگوزاری گشتی و دەنگدان' کە هەموو ئەوانە بەزەروورە لە ڕووی چالاکییە دژەکانی 'دیکە'وە پێناسەکراون. لە دەرەنجامدا، هاووڵاتی لیبڕاڵ و کۆماری دووانێتی خود و ئەویدی لەخۆ دەگرێت. لە ئەنجامدا، هاووڵاتییان لە 'ئەوانی دیکە'ی وەک ژنان، منداڵان، شێتەکان، خزمەتکارەکان و بێگانەکان جیاکراونەتەوە. لێرەدا دوو جۆر هاووڵاتیبوونی فێمێنیستی هەن: یەکەم، فێمێنیستەکان لە دووانێتی مەیدانی گشتی و تایبەتیدا، پەیوەست بە مەیدانی گشتییەوە وەڵامی پرسیارەکە دەدەنەوە دەبێژن: 'ژنان پێویستە لە مەیدانی تایبەتی ڕزگار بکرێن بۆ ئەوەی ببن بە هاووڵاتی یەکسان'. دووەم، ئەوان لە ڕوانگەی مەیدانی تایبەتییەوە وەڵامی پرسیارەکە دەدەنەوە 'ئەوەی ژنان لە مەیدانی تایبەتیدا دەیکەن پێویستە وەک هاووڵاتی ژمێرەیان بۆ بکرێت' (٢٢).

فێمێنیستەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە تیۆریی داد لە خۆیدا لایەنگری پیاوانە چونکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەوان داڕێژراوە. لەبەرئەوە هەر تیۆرییەکی داد کە بیەوێت وەڵامی بەرژەوەندییەکان و ئەزموونەکانی ژنان بداتەوە ئەوا دەبێت جەخت لەسەر داد بکاتەوە لەگەڵ بەتەنگەوەبوون. لە ئەنجامدا، دوو جۆر ئێتیک بوونیان هەیە: ئێتیکی بەتەنگەوەبوون (care) و ئێتیکی داد. یەکەمیان پەیوەستە بە فێمێنیستەکان و ئەوی دیکەیان پەیوەستە بە لیبڕالیزم. ئایا دەتوانین ئێتیکی بەتەنگەوەبوون بۆ مەیدانی گشتی بەکاربهێنین؟ زۆر لە تیۆرڤانە سیاسییەکان دەڵێن ناتوانرێت لە دەرەوەی مەیدانی تایبەتی، ژیانی خێزانی و هاوڕێیەتیدا بەکاربهێنرێت، چونکە ئەم جۆرە ئێتێکە لەتەک بەرپرسیارێتی خەڵکدا خەریکە کە ئەم بەرپرسیارێتییە بەهۆی بەشداریکردنە لە پەیوەندییەکی تایبەتیی دیاریکراو لەبری ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی ناچاری بێت کە خەڵک بەرانبەر یەکدی وەک ئەندامانی مەیدانی گشتی هەیانە. لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی فێمێنیستەکان ئارگومێنتی ئەوە دەکەن هەرچەندە ئێتیکی بەتەنگەوەبوون لە سەرەتاوە لەنێو کۆنتێکستی پەیوەندییە تایبەتییەکانەوە سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە، دەتوانرێ بۆ مەیدانی گشتیش بەکاربهێنرێت و پێویستە بۆ مەیدانی گشتیش درێژبکرێتەوە(٢٣).

دانوستاندن

فێمێنیستەکان ڕەخنەی دووانێتی و دابەشکردنی مەیدانی گشتی و تایبەتی دەکەن، چونکە ئەوان پێیان وایە ئەم دابەشکردنە لایەنگری پیاوە و لە بەرژەوەندی ئەواندایە، لەبەرئەوە ئەندامانی خێزان بوونی یەکسانیان نییە. پیاوان باڵاترن و سەرۆکی خێزانن، لە کاتێکدا ژنان نزمتر سەیر دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە. ژنان دەبێت لە خزمەت پیاواندا بن و منداڵان بەخێو بکەن. ئۆکین ئارگومێنتی ئەوە دەکات تاقیکردنەوەیەکی تەواو و ڕەخنەکردنی جیاکردنەوەی مەیدانی گشتی و تایبەتی دەبێتە هۆی هێنانەئارای تیۆرییەکی داد کە بەتەواوی مرۆڤانە (هیومانیست) بێت. ئۆکین مکووڕە لەسەر ئەوەی مەیدانی تایبەتی دەتوانرێ بپارێزرێ تەنیا ئەگەر ئەندامەکانی یەکسان بن، تاکو دادپەروەری لەنێو خێزاندا نەبێت، ژنان ناتوانن لەنێو سیاسەت، لەسەر ئیش، یان لە هەر مەیدانەکی دیکە مافی یەکسان بەدەستبهێنن. بۆیە ئۆکین دەبێژێ پێویستە دەوڵەت و سیستەمە یاسایییەکەی دادپەروەری لەنێو ژیانی خێزانیدا بەهێز بکەن (٢٤).

وەها دەردەکەوێت ئۆکین و فێمێنیستەکانی دیکە لە پێشکەشکردن و دابینکردنی ڕوانگەیەکی ئەلتەرناتیڤ بۆ تیۆریی داد شکستیان هێنابێت، ئاخر ئەوان تەنیا هەوڵیان داوە تیۆریی دادی جۆن ڕاوڵز و لیبڕاڵەکان بۆ مەیدانی تایبەتی و ژیانی خێزانی بەکاربهێنن. هەروەها ئۆکین و فێمێنیستەکانی دیکە، بەزۆری ڕەخنەکانیان لە ڕاوڵز و لیبڕاڵەکان گرتووە هەرچەندە تیۆریی دیکەی نا-لیبڕاڵ بوونیان هەیە. دابەشکردنی مەیدانی گشتی و تایبەتی مێژوویەکی درێژی هەیە و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گریکی کۆن. هەروەها سەرمایەداریش بە هەمان شێوەی لیبڕالیزم پیاوسالارە، هەردووکیان لە دابەشکردن و جیاکردنەوەی مەیدانی گشتی و تایبەتیدا هاوشێوەن. لەم دووانێتییەدا پیاو لە بەرانبەر ئیشەکەیدا لە مەیدانی گشتی کرێ وەردەگرێت، لە کاتێکدا ژنان بەبێ کرێ ئیشی ماڵەوە، بەخێوکردنی منداڵ و چاودێریکردنی بەتەمەنەکان دەکەن. مەیدانی گشتی مەرجدارە و جیهانێکە لە بەرژەوەندی پیاواندایە و لایەنداری پیاوانە؛ لەبەرئەوە هەموو کەسێک ناتوانێت بچێتە نێو ئەم جیهانەوە، چونکە هەڵاواردن و جیاکاری هەیە. مەرجەکان لە لایەن پیاوانەوە دانراون، بۆیە بەرژەوەندییەکانی پیاوان مسۆگەر دەکەن. مەرجەکان بریتین لە کەسەکە دەبێت هاووڵاتی بێت، هۆشمەند، ئازاد و یەکسان بێت، بۆیە کەسی نوقسان و خاوەن پێداویستی تایبەت، ژنان و منداڵان بۆیان نییە لەنێو مەیدانی گشتیدا بن. ڕەنگە ژنان و فێمێنیستەکان تەنیا هەوڵیان دابێت داواکاری و مەرجەکانی پیاوان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی بچنە نێو مەیدانی گشتییەوە لەبری ئەوەی تیۆرییەکی دادی تایبەت بە خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤ پێشکەش بکەن. فێمێنیستەکان دەبێت ڕووبەڕووی چەند دووانەکی و دوالیزمێک ببنەوە، چونکە تیۆرڤانە سیاسییە پیاوەکان لەسەر بنەمای دووانەکی دێکارتی تیۆرییەکانی خۆیان داڕشتووە ئەمەش بۆتە هۆی هێنانەگۆڕێی جیاکاری و دووانەکی دیکە وەک هۆشەکی و ناهۆشەکی یان سۆزەکی، مەیدانی گشتی و تایبەتی، پەیمانی کۆمەڵایەتی و دۆخی سروشتی، یان دۆخی سەرەتایی بە زمانی ڕاوڵز بێژین، هەروەها سروشتی و سیاسی. ئەم دووانەکییانە بوونەتە هۆی هەڵاواردن و وەدەرنانی ژنان، منداڵان، بەتەمەنەکان، ئەو کەسانەی نەخۆشی مێشکیان هەیە لەگەڵ ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن لەنێو سیاسەت و مەیدانی گشتیدا(٢٥).

ژنان هەوڵیان داوە بێنە نێو مەیدانی گشتییەوە، بۆ ئەمەش، ئەوان خۆیان وەک پیاو لێکردووە، واتا بەپیاوکراون چونکە ئەوان مەرجەکانی پیاوانیان جێبەجێکردووە لەجیاتی هەڵوەشاندنەوەی دووانەکییەکان و ڕەتکردنەوەی مەرجەکان، ژنان دوای پیاوان کەوتوون بۆ ئەوەی بتوانن بچنە نێو مەیدانی گشتییەوە. لە ئەنجامدا، ئەوان وەک پیاوان ڕەفتاریان نواندووە. هەروەک ئۆکین ئارگومێنتی دەکات ژنان بەسادەیی لەنێو مەیدانی گشتیدا نەدەتوانرا دەنگیان ببیسترێ یان ببینرێن. هەندێ جار ژنان لەنێو مەیدانی گشتیدا بینراون، ئەگەر ئەوان هەتا ڕادەی شیان لەسەر شێوەی پیاوان خۆیان دەرخستبێت. ئەگەرنا ژنان بێدەنگکراون بەڕێی شەرمەزارکردن یان هەراسانکردنی سێکسییەوە. فێمێنیستەکان خەبات دژی دابەشکاری و دووانێتی مەیدانی گشتی و تایبەتی دەکەن کە لە لایەن پیاوانەوە دروستکراون لەبەرئەوە ژنان ناتوانن بەئاسانی بچنە نێو سیاسەتەوە لە مەیدانی گشتیدا(٢٦).

فێمێنیستەکان تەنیا وەڵامی ڕوانگەکانی پیاوانیان داوەتەوە و ڕەخنەیان کردووە، بۆیە گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان ژنان و پیاواندا نییە، ئەوەی هەیە مۆنۆلۆگی پیاوانە لەبارەی ژنەوە. لە کۆتاییدا، فێمێنیستەکان دەبێت دووبارە پێناسەی سیاسەت بکەنەوە و ڕوانگەیەکی نوێ لەبارەی دووانێتی مەیدانی گشتی و تایبەتی بهێننەگۆڕێ، هەروەها تیۆرییەکی نوێ لەبارەی داد پێشکەش بکەن کە هێز و توانا بە ژنان بدات بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە سیاسەت؛ بێمەرجی پیاوانە بێنە ناو مەیدانی گشتییەوە.


دەرەنجام
تیۆرڤانە پیاوەکان لەسەر بنەمای دابەشکردن و جیاکردنەوەی نێوان مەیدانی گشتی و تایبەتی تیۆریی دادیان داڕشتووە. ئەوان مەیدانی گشتی وەک جیهانی هۆشەکی و سیاسی پیاوان پێناسە دەکەن، لە کاتێکدا مەیدانی تایبەتی وەک جیهانی سروشتی و سۆزەکی ژنان دەناسێنن. لە ئەنجامدا، ژنان هەڵاوێردراون لە سیاسەت و لە مەیدانی گشتی وەدەرنراون. فێمێنیستەکان ڕووبەڕووی دابەشکاری و دووانێتی مەیدانی گشتی و تایبەتی بوونەتەوە؛ ئەوان هەوڵیان داوە خێزان بەسیاسی بکەن بۆ ئەوەی ژنان لە مەیدانی تایبەتی ئازاد بکەن و توانستیان پێبدات تاکوو لە مەیدانی گشتیدا بەشداری بکەن. هەرچەندە، ژنان و فێمێنیستەکان لە پێشکەشکردنی تیۆرییەکی داد وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ تیۆریی دادی لیبڕاڵ کە لەسەر بنەمای پیاوسالاری دامەزراوە شکستیان هێناوە. بۆیە دەبێت ژنان و فێمێنیستەکان جارێکی دی پێناسەی سیاسەت بکەنەوە و ئەلتەرناتیڤێکی ژنانە پێشکەش بکەن.          



سەرچاوەکان

1. Kymlicka. Will (2002) contemporary political philosophy: An introduction. Oxford: Oxford University Press.
2.  Brace. Laura (2007) the social contract. In: Blakeley. Georgina and Bryson. Valerie (ed.) the impact of feminism on political concepts and debates. Manchester: Manchester University Press. And Brown. Wandy (1995) states of injury, power and freedom in late modernity. Princeton, New Jersey: Princeton University Press.
3. Kymlicka. Will (2002) contemporary political philosophy: An introduction. Oxford: Oxford University Press.
4. Brace. Laura (2007) the social contract. In: Blakeley. Georgina and Bryson. Valerie (ed.) the impact of feminism on political concepts and debates. Manchester: Manchester University Press.
5. Okin. Susan Moller (2004) The public/ Private Dichotomy. In: Farrelly. Colin (ed) contemporary political philosophy. London: Sage. And Prokhovnik. Raia (1998) public and private citizenship: From gender invisibility to feminist inclusiveness. Feminist Review, No. 60, pp. 84-104.
6. هەمان سەرچاوەی پێشوو
7. Brown. Wandy (1995) states of injury, power and freedom in late modernity. Princeton, New Jersey: Princeton University Press.
8. Okin. Susan Moller (2004) The public/ Private Dichotomy. In: Farrelly. Colin (ed) contemporary political philosophy. London: Sage.
9. Okin. Susan Moller (1989) Justice, Gender, and Family. New York: Basic Books.
10. Brace. Laura (2007) the social contract. In: Blakeley. Georgina and Bryson. Valerie (ed.) the impact of feminism on political concepts and debates. Manchester: Manchester University Press.
11. Kymlicka. Will (2002) contemporary political philosophy: An introduction. Oxford: Oxford University Press.
12. Prokhovnik. Raia (2007) Rationality. In: Blakeley. Georgina and Bryson. Valerie (ed.) the impact of feminism on political concepts and debates. Manchester: Manchester University Press.
13. Okin. Susan Moller (2004) The public/ Private Dichotomy. In: Farrelly. Colin (ed) contemporary political philosophy. London: Sage.
14. Kymlicka. Will (2002) contemporary political philosophy: An introduction. Oxford: Oxford University Press.
15.هەمان سەرچاوەی پێشوو
16. Brown. Wandy (1995) states of injury, power and freedom in late modernity. Princeton, New Jersey: Princeton University Press.
17. Thornton. Margaret (1991) The public/private dichotomy: Gendered and Discriminatory. Journal of Law and Society, Vol. 18. No. 4, pp. 448-463.
18. Prokhovnik. Raia (2007) Rationality. In: Blakeley. Georgina and Bryson. Valerie (ed.) the impact of feminism on political concepts and debates. Manchester: Manchester University Press.
19. هەمان سەرچاوەی پێشوو
20. Brettschneider. Corey (2007) The politics of the personal: A liberal approach. The American Political Science Review, Vol. 101. No. 1, pp 19-31.
21. Okin. Susan Moller (1989) Justice, Gender, and Family. New York: Basic Books.
22. Prokhovnik. Raia (2007) Rationality. In: Blakeley. Georgina and Bryson. Valerie (ed.) the impact of feminism on political concepts and debates. Manchester: Manchester University Press.
23. Kymlicka. Will (2002) contemporary political philosophy: An introduction. Oxford: Oxford University Press.
24. Okin. Susan Moller (1989) Justice, Gender, and Family. New York: Basic Books. And Okin. Susan Moller (2004) The public/ Private Dichotomy. In: Farrelly. Colin (ed) contemporary political philosophy. London: Sage.
25. Brown. Wandy (1995) states of injury, power and freedom in late modernity. Princeton, New Jersey: Princeton University Press.
26. Okin. Susan Moller (2004) The public/ Private Dichotomy. In: Farrelly. Colin (ed) contemporary political philosophy. London: Sage.

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى مافەکانى مرۆڤ دەربارەى یەکسانى جێندەریى - ٢٠٢٠