سەرتاوتار و شیکاری

پاراستنی مافی کەمینەکانی هەرێمی کوردستان بەپێى بنەمای تێوری هاوڵاتییبوونیی چەند کەلتووریی

ساڵ: 2022

نووسینى: عیباد ڕووحى و هێمن قاسم

پوختە
کوردستان وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان خاوەن کۆمەڵێک پێکهاتەیە و هەر کامەیان پێناسە و کەلتووری جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە. هاوکات لە نەبوونی دەستێوەردانی دەسەڵاتەکانی دەوروپشتیدا ژیانێکی ئاشتییانە بەڕی دەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی کوردیی بە گوێرەی هێز و توانای خۆی هەوڵی داوە تا ئەو ئاشتییە بپارێزێت و پتەوی بکات. لەم سۆنگەوە کۆمەڵێک هەوڵ و هەنگاوی کردووە بە کردار و بڕوای خۆی بەو پێکەوەژیانە سەلماندوە و هەموو کەمینە جیاجیاکانی کوردستانی ڕەچاو کردووە، جا جێگە و پێگەی ڕامیاریی و یاسایی بۆ داناون. گەرەکە هەموو هەوڵێکی، یاسایی بۆ پتەوکردنی ئەو ئاشتیی و پێکەوە‌ژیانە، چاوگەی خۆی لە دەستوور و زاگۆنی بنگەیی هەرێمی کوردستاندا بدۆزێتەوە. کورد خۆی کەمینەیەکی پەراوێزخراو و ئەنفالکراو و قڕکراوی دەستی کەلتووری زاڵی دەوڵەتیی و گەلی سەردەست بووە، بۆیە دەبێ بە ئەزموون­ وەرگرتن لەو مێژووە، لە کاتی دانانی بەردی بناغەی دەسەڵات و حکومەتی یاساییدا، ڕەچاوی ئەوە بکات تا هیچ شووناس و کەلتوور و کەمینەیەکی خەڵکی کوردستان بەو دەردە نەچێت و ئەو دیرۆکەی بەسەردا دووبارە و تاقیی نەکرێتەوە. بیرۆکە و تێوری هاووڵاتیی چەندکەلتووریی یەکێکە لەو تێوریانەی دەکرێت ببێتە بنەما بۆ پارستنی مافی کەمینەکانی ئەو وڵاتانەی خاوەن فرەچەشنیی کەلتووریین. بۆیە بە قوبووڵکردنی کوردستان وەک وڵاتێکی فرەچەشن و چەندکەلتووریی و خاوەن گەلێک پێکهاتەی جیاجیا، پێویستە لە کاتی دانانی دەستووردا ئەم جیاوازییانە ڕەچاو بکرێن، سا بەپێی بنەمای ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان دەستووری بنەڕەتیی کوردستان وەک دەستوورێکی هاوچەرخ بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان، پابەندی تێوری ‌هاووڵاتیی چەندکەلتووریی بێت و بە فەرمیی ئەم بابەتە لە دەستووردا بناسێندرێت، هەروەتر دەرفەتی بەشداریی سیاسیی و یاسایی  ڕاستەقینە بۆ زۆرینە و کەمینە بەرهەم بێت. ویل کیملیکا و ئایریس ماریۆن یانگ، دوو بیردۆزی بواری مافی هاووڵاتیی بوون، ئەوان باسیان لە شارۆمەند یان هاووڵاتیی چەندکەلتووریی کردووە و بە چڕیی ئەم بابەتەیان شڕۆڤە کردووە. دژی بیرۆکەی هاووڵاتی بەرابەر و یەکسان تێورییەکەی خۆیان پتەو و بەهێز کردووە. لەم ڕوانگەوە چوارچێوەیەکی یاسایی و تازەیان بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان پێشکەش کردووە، دەکرێت بە ئاوڕدانەوە لە پێکهاتەی کەلتووریی هەرێمی کوردستان لە ڕێی دەستوورێکی هاوچەرخەوە، وەک ڕێچارەی پاراستنی مافی کەمینەکان، کە ئەم تێوریە بە بنەما بگرێت و کەڵکی لێ وەربگیرێت. بۆیە لەم توێژینەوەیەدا بە وردیی ئەم بیرۆکە ڕاڤە دەکرێت و لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستاندا بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی سەردەمییانە لێک دەدرێتەوە.

دەستووری هەر وڵاتێک پێنوێنی گرێبەستی پێکەوەژیانی گەل یان گەلانی ئەو وڵاتەیە، دەکرێت بە سەرنج و چاوخشانێک بەو گرێبەستەدا مرۆڤ لە ڕەوشی یاسایی و سیاسیی و ڕێژەی باوەڕی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە پێکەوەژیان تێ بگات. هەرێمی کوردستان و گەلی کورد هەموو کارەساتێکی بە سەردا تاقیی کراوەتەوە. لە سۆنگەی خەبات و کۆڵنەدانی خۆیەوە گەیشتووە بەو قۆناغەی ئەو گرێبەستە بنووسێتەوە و باوەڕی خۆی بە پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کەلتوور و ناسنامەی دانیشتوانی خۆی بسەلمێنێ. کوردستان خاوەنی گەلێ پێکهاتە و چاند و کەلتووری جیاوازە و جیاوازییەکان بەپێی بنەمای زمان و زاراوە و ئایین و ئایینزا و ڕەچەڵەک و ڕەگەز و جوگرافیا و ژینگە و هتد... بەر چاو دەکەون، پێویستە لە کاتی دانانی ئەو گرێبەستەی وا ئاوێنەی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و یاسایی دانیشتوانی کوردستانە و ناوی دەستوور یان زاگۆنی بنگەیی لێ دەنرێت، جێی ئەم جیاوازیی و فرەچەشنییە بکرێتەوە و هیچ ڕەنگ و دەنگێک پەراوێز و پشتگوێ نەخرێت. هەرێمی کوردستان بە شووناسی زاڵی کوردییەوە دەناسرێت و ڕەنگ و دەنگی کورد بەرچاوە، گەلێک دەنگ و ڕەنگی دی هەن و شووناس و کەلتووری تایبەت بە خۆیان هەیە، پێناسەیان لە پێناسەی زۆرینەی کۆمەڵگا جیاوازە. گەر لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە سەیری ئەم جیاوازییە بکرێت ئاکام و دەرهاویشتەکانی جیاواز دەبن لە ڕوانگەی مافی هاوڵاتییبوون. مافی مرۆڤ لە سەر بنەمای بەرابەریی و یەکسانیی بنیات نراوە و هەموو تایبەتمەندییەک ڕەت دەکاتەوە و دەقێکە، بێ جیاوازیی، بۆ هەموو مرۆڤان، بەڵام بەپێی ئەو بنەمایەی مرۆڤەکان تەنیا لە گەوهەردا وەک یەکن و لە ژیانی ئاسایی خۆیاندا جیاوازیی زۆریان تێدا جێگیر بووە و بوونەتە خاوەنی کۆمەڵێک جیاوازیی و تایبەتمەندیی، سا ناکرێت وەک یەک دابنرێن. بۆیە چەمکی مافی هاووڵاتی­بوون دێتە گۆڕێ تا بەرسڤی ئەو پرسیارانە بداتەوە وا لێکەوتەی ئەو جیاوازییانەن. شارۆمەندی یەکسان و هاوڵاتییبوونی جیاواز یان هاوڵاتییبوونی چەندکەلتووریی لەو بیرۆکە یاسایی و سیاسیی و فەلسەفییانەن کە دەکرێت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم دۆخە پەنایان بۆ ببرێ. بۆیە لەم توێژینەوەیەدا پێداگریی لەو بابەتانە دەکرێتەوە و هاوڵاتییبوونی چەندکەلتووریی وەک ڕێگایەک بۆ پاراستنی کەمینەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەر باس، هەروەتر چۆنێتیی پاراستنی مافی کەمینەکان لە ڕێی ئەم بیرۆکە و پێگەی لە دەستوورێکی هاوچەرخدا بۆ هەرێمی کوردستان، لێک دەدرێتەوە. بۆیە لەم توێژینەوەدا بە شەش بەش سەرپاکی ئەو مژارانەی ئاماژەیان پێ کرا، دەخرێنە بەر باس و لێکدانەوە.

مەبەست لە کەمینە و جۆرەکانی و چۆنێتیی پاراستنیان
سەدەی بیستەم بە سەردەمی ژیانەوە و گەشەسەندنی مافی کەمینەکان ناسراوە. یەکەمین سیستەمی یاسایی بۆ پاراستنی کەمینەکان پاش شەڕی یەکەمی جیهانیی لە چوارچێوەی کۆمەڵەى گەلان'ـدا هاتووتە ئارا. بەڵام بە هۆی کەموکووڕییەکانییەوە نەیتوانی ببێت بە سیستەمێکی جیهانپۆش. پاش کۆتایی شەڕی سارد و ڕووخانی سۆڤییەت و یۆگسلاڤیا و سەرهەڵدانی گەلان، جارێکی دی مافی کەمینەکان بووەوە ڕۆژەڤ.

بە گشتیی پێنج ساتەوەختی مێژوویی بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان هەن. یەکەم: لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە دەست پێ دەکات تا ساڵی 1812، واتە کاتی کۆنگەرەی ڤیەننا. دووهەم: لە 1812ـەوە تا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیی درێژەی هەیە. سێهەم: لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە تا 1945 بەردەوام دەبێت. چوارەم: لە 1945ـەوە تا ڕووخانی دیواری بەرلینی خایاند. پێنجەم: لە ڕووخانی دیواری بەرلینەوە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە.

پاش دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی مافی کەمینەکان پێی ناوەتە قۆناغکی ڕێکخراوتر و زۆر بەرچاوتر هەوڵی بۆ دراوە. پاش شەڕی دووەمی جیهانیی، بۆ یەکەم جار، لە ساڵی 1966 مژاری پاراستنی مافی کەمینەکان لە ماددەی 27ـی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنیی و سیاسییەکاندا داکۆکیی لێ کرا. "لەو وڵاتانەی گرووپ یان کەمینەیەکی نەتەوەیی و ئایینزایی یان زمانیی هەیە، نابێت مافی ئەوانەى سەر بە کەمینەیەکن، بۆ سوودمەندبوون لە کەلتووری خۆیان و ڕادەربڕین و بەڕێوەبردنی باوەڕە ئایینەکانی خۆیان و بەکارهێنانی زمانی خۆیان پشت گوێ بخریت." پەسەندکردنی ئەم ماددەیە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چەسپاندنی مافی کەمینەکان لە یاسای نێونەتەوەییدا.

ماددەی یەکەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی بۆ لابردنی هەر چەشنە هەڵاواردنێکی ڕەچەڵەکی لە ساڵى 1965 دەڵێت: "هەڵاواردنی ڕەچەڵەکیی بە دانانی هەر چەشنە جیاوازیی و ئاستەنگ و هەڤیازییەک، لە سەر بنەمای ڕەچەڵەک و ڕەنگ، یان چاوگەی نەتەوەیی دەگوترێت، کە مەبەستییەتی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەماییەکانی لەناو بەرێت."

پەیماننامەی 1989 سەبارەت بە مافی تاکەکانی سەر بە گرووپە خۆجێیەکان دەڵێت: "خۆجێیەکان دەبێت لە پڕۆسەی یاسادانان و بڕیاردان و هەڵبژاردنی بەرپرسانی ناوچەیی خۆیاندا بەشدار بن". واتە نابێت هیچ کەسێک بە بیانوو و پاساوی سەر بە گرووپێکی کەمینە لە پڕۆسەی بڕیاردانی کۆمەڵایەتیدا بێبەش و بێبەریی بکرێت. لە پەیماننامەکەدا هاتووە کە "خۆجێیەکان بۆ بەشداریی لەو بڕیاردانانەى کاریگەریی لە سەر شێوازی ژیان و باوەڕ و نەریت و وڵاتی ژێردەسەڵات و گەشەی ئابووریی کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییان دەبێت، مافی هەڤیازیی و لە پێشبوونیان هەیە."

هەمووئەم بەڵگەنامانە باسی مافی کەمینەکان و هەندێک جار چۆنێتیی پاراستنیان دەکەن، بەڵام ئەوەی جێ پرسیارە ئەوەیە کەمینە کێیە و بە چ گرووپ و تاقم و دەستەیەک دەگوترێت کەمینە. لە زۆربەی سەرچاوەکاندا کەمینە بە گرووپێکی ژمارەکەم لە چاو گرووپەکانی دی دانراوە. لە فەرهەنگی فارسیی عەمیددا کەمینە بە مانای "کەمێتیی ژمارەی ڕێژەی جەماوەر یان گرووپێک، کە خاوەن ڕەچەڵەک یان ئایینزا یان دابونەریتی تایبەتن و لە وڵاتیکدا دەژین، زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتە خاوەن ئەو ئایینزا یان ئەو دابونەریتە تایبەتە نەبن". سەرەڕای هەموو ئەو باسانەی وا سەبارەت بە کەمینە و پاراستنی مافەکانیان لە یاسای نێودەوڵەتیدا کراوە، بەڵام هەموو لە سەر یەک پێناسەی دیاریکراو بۆ کەمینە کۆک نین. دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە بڕیارێکی ڕاوێژکارانەی خۆیدا لە 1930 لە وەڵامی کۆمیسیۆنی تێکەڵی یۆنانیی-بوڵگارییدا واتایەک لە کۆمەڵگا دێنێتە ئاراوە کە سیستەمی پەیماننامەی کەمینەکانی جڤاتی گەلان وەک هاوتای کەمینەکان کەڵکی لێ وەگیراوە. دادگەی لاهای ئاوا کەمینە پێناسە دەکات: "گرووپێک لەو کەسانەی وا لە وڵاتێک یان نیشتمانێکی تایبەتدا دەژین و خاوەن ڕەچەڵەک و ئایینزا و زمان و نەریتی تایبەت بە خۆیانن، بە هۆی شووناسی هاوبەشی ڕەچەڵەکیی و ئایینزایی و زمانیی و نەریتییان هەستی هاوپەیمانیی و پێکەوەژیانیان لەگەڵ یەکتر هەیە. نەریت و ڕێورەسمەکانی خۆیان دەپارێزن و منداڵەکانیان بەپێی بنەمای کەلتوور و نەریتەکانی خۆیان پەروەردە دەکەن، لەو پێناوەشدا دەستی یەکتر دەگرن و یارمەتیی یەکدی دەدەن."

کاپۆتۆرتی ڕاپۆرتنووسى تایبەتی کۆمیسیۆنی قەدەغەی هەڵاواردن و پاراستنی کەمینەکان، واتایەکی بۆ کەمینە پێشکەش کردووە کە هەمووان زۆریان لا پەسەندە. "ئەوگرووپەیە کە لە باری ژمارەوە لە جەماوەر و دانیشتوانەکەى تری وڵاتەکە کەمتر بن و لە دۆخ و ستاتۆی ناحاکم و بێدەسەڵاتییدا بن. ئەم ئەندامانە، هەرچەندە هاونیشتمانیی ئەو دەوڵەتەن، لێ تایبەتمەندیی ئەتنیکیی و ئایینزایی یان زمانیی جیاوازیان لەگەڵ کەسانی تری ئەو وڵاتەدا هەیە".

ڕەنگە بتوانین لە ڕوانگەی پاراستنی مافی کەمینەکانەوە واتایەکی گشتگیر بۆ کەمینە پێشنیار بکەین و ئاوا بێت: "کەمینە بەو گرووپە دەگوتریت وا ڕێژەی لە گرووپەکانی تری خەڵکی وڵاتێک یان هەرێمێک کەمترە و لە دەسەڵات و حوکمدا نین و بەشداریی کاریگەریان نییە، ئەندامانی ئەم گرووپە تایبەتمەندیی جیاوازی ئەتنیکیی و ئایینزایی یان زمانییان هەیە، بۆ پاراستنی ئەم جیاوازیی و تایبەتمەندییانەش هەستێکی هاوبەشی یەکگرتوویان هەیە. گرووپی کەمینە بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی بە کۆمەڵ یان پەرشوبەڵاو، هاونیشتمانی یان بیانیی­بوون، کۆنیی و تازەیی نیشتەجێبوونیان لە وڵاتێکدا، سوود لەو پاڵپشتییانە دەبینن وا لە سیستەمی مافی کەمینەکاندا هاتووە." بەپێی ئەم بۆچوونانە دەکرێت بڵێن چەندین کەمینە لە هەرێمی کوردستاندا هەن و خاوەن تایبەتمەندیی و جیاوازیی تایبەت بە خۆیانن، کە لە زۆربەی خەڵکی کوردستانیان جیا دەکاتەوە. پێویستە وەک کەمینە بناسرێن و پێش گشت شتێک مافەکانیان لە دەستووردا پارێزراو بێت. کوردستان خاوەنی دەیان کەمینەی ئایینیی و ئایینزایی و زمانیی و ئەتنیکیی و کەلتووریی جیاوازە. بە مەبەستی پاراستنی مافی کەمینەکانی کوردستان لە دەستووری داهاتووی کوردستان، پێویستە تێگەیشتنێکی یاسایی و فەلسەفیی لە چەمکی هاوڵاتییبوون و بەرابەریی و مافی جیاوازێتیی هەبێت. بۆیە لە درێژەی بابەتەکەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو مژارانە و لە ڕوانگەی تێوری هاووڵاتیبوونی چەندکەلتوورییەوە سەیری مافی کەمینەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

واتای هاوڵاتییبوون
مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتییبوون دوو واتای یاسایی و فەلسەفیین، بەردەوام ئەو تاک و دەستە و تاقمە جیاجیایانەى کۆمەڵ پەنایان بۆ بردووە وا هەڵگری شووناسێکی هاوبەشن، تا مافەکانیانی پێ بەدەست بێنن. لە ڕێی ئەم بابەتانەوە هەوڵیان داوە مافەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن. مافی مرۆڤ لە سەر بنەمای هاوسانیی و مرۆڤبوونی ڕووت بنجی بەستووە و گەشەی سەندەوە، هەروەتر بۆ هەموو مرۆڤەیل یەک پێوانەی هەیە. بە پێچەوانەوە مافی هاوڵاتییبوون هەڵگری هەندێک تایبەتمەندییە و جێی جیاوازییەکانی تێدا دەبێتەوە.

هاوڵاتییبوون یان شارۆمەندیی مژارێکە بۆ پێکەوەگرێدانی تاک و جڤاک و باسی پێوەندیی تاک کۆمەڵگا دەکا و مافە سەرەکیی و پێکهێنەرەکانی ماف و ئەرک و شووناس و بەشدارییە. تەوەری هاوڵاتییبوون لە سەر بنەمای بەستێنە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە؛ بە شێویەک، لە هەر سەردەمێکدا پێوەندیی و ماکە پێکهێنەرەکانی جیاواز و لە گۆڕاندا بوون. لە کۆمەڵناسیی سیاسییدا شڕۆڤەکردنی واتای هاوڵاتییبوون لە ساڵەکانی 1940وە بە نووسینەکانی کەسانێکی وەک ت.هـ. مارشاڵ گەڵاڵە دەکرێت. لە ساڵەکانی 1980 بەدواوە لە ژێر کاریگەریی هەندێک تەوەری وەک پۆست-مۆدێرنیزم و جیهانگیریی و سەرهەڵدانی بزاڤە جڤاکییە نوێیەکان، کۆچی بەربڵاو و بەلێشاو بۆ ڕۆژئاوی جیهان، شێوازی کلاسیک و کۆنی شارۆمەندیی، کە مۆدێل و شێوازێکی جیهانپۆش و یۆنیڤێرساڵ و بەرهەمی دێمۆکراسییە لیبراڵەکان بوو، تەنگەژەی هاتە ڕێ و ڕووبەڕووی ڕەخنەی بنەڕەتیی بووەوە. بیردۆزانی جڤاکخواز و سۆسیالیستەکان، پۆست-مۆدێڕنەکان و فێمێنیستەکان، لایەنگرانی مافی کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزیی و ڕەچەڵەکییەکان، هەر کامەیان بە شێوازی تایبەت بە خۆیان واتای کلاسیک و کۆنی شارۆمەندیی و هاوڵاتییبوونیان دایە بەر ڕەخنە و لێکدانەوە و بە ناکارامەییان دانا. هاوکات هەندێک بابەتی تری وەک هاوڵاتییبوونی چەندکەلتووریی یان فرەکەلتووریی و هاوڵاتییبوونی جیهانیان خستە بەر باس و وەک جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤێک بۆ مۆدێلی لیبڕاڵیستیی شارۆمەندیی پێشکەش کرا.

شارۆمەندیی یان هاوڵاتییبوون واتایەکە ڕەگوریشەی وا لە ئەندێشەی سیاسیی یۆنانی دێرین. بەڵام لە بنەڕەتدا واتایەکە گرێدراوی ئەندێشەی سیاسیی مۆدێڕنە.  شارۆمەند لە وشەی لاتینیی 'سیۆیتاس' جیا بووەتەوە. ئەم وشە هاوتای وشەی 'پۆلیس'ـە لە زمانی یۆنانییدا. پۆلیس یان شار، تەنیا شوێنێک نییە بۆ هاووڵاتییان؛ بەڵکوو یەکەیەکی سیاسیی و سەربەخۆیە. شارۆمەند یان هاووڵاتیی کەسێکە سەر بەو یەکە سیاسییەیە و هەڵگری هەموو مەرجە پێویستەکانە بۆ بەشداریی لە بەڕێوەبردن و ئیدارەی گشتیی شار.

مارشاڵ لەو بیردۆزانەیە وا لە گوتاری هاوڵاتییبووندا کاریگەریی و پێگەیەکی زۆر بە هێزی هەیە و باس و بابەتەکانی بە خاڵی دەستپێکی کلاسیک بۆ مژاری هاووڵاتیبوون دادەنرێت. مارشاڵ سێ جۆر ماف بۆ شارۆمەندیی دیار دەکات: مەدەنیی، سیاسیی و جڤاکیی. مافە مەدەنییەکان بریتین لە دەستەبەری ئازادییە تاکەکەسییەکان، وەک ئازادیی ئاخافتن و ڕادەربڕین، ئازادیی ئەندێشە و بیروباوەڕ، مافی خاوەندارێتیی تاکەکەسیی، مافی بەستنی گرێبەستی باوڕپێکراو و مافی بەهرەمەندبوون لە یەکسانیی و دادوەریی. مافە مەدەنییەکان لە سەدەی 19 بەدواوە بە 'مافە سیاسییە پۆزەتیڤەکان'ـەوە دەبەسرێنەوە، لە ڕێی ئەوانەوە شارۆمەندی چالاک، هێز و توانا و پێگەی ئەوەی پێ دەبەخشرا تا بتوانێ لە پێکهێنانی باوەڕ و بڕیاردانی گشتییدا بەشدار بێت. مافە جڤاکییەکان لە سەدەی بیستدا پەرەیان سەند و گەشەیان پێ درا، لە ڕێی ئەم مافانەوە، بەپێی پێوەرێکی بنەڕەتیی لە بواری خۆشبژێویی ژیانەوە، پاڵپشتیی هاووڵاتییان دەکرا. ئەم مافە جڤاکییانە گرنگیی و قورساییەکی زۆر تایبەتیان هەبوو؛ چون دەرفەتی بەشداریی ڕاستەقینەی بۆ چینی کرێکاری کۆمەڵگا دەڕەخساند تا وەک هاووڵاتیی بەشداریی پڕۆسەکان بن. ڕاستییەکەى ئەوەی گرنگ و جێبایەخە گرێدراوی تاکێکە بە دەوڵەتەوە و پەیوەندیی نێوان تاک و دەوڵەتە. لە بەستێنی ئەم پەیوەندییەدا ماف و یاساکانی هاوڵاتییبوون پێک دێن و یاسا و ڕێساکانی واتا دەکرێنەوە.

پێوەندیی نێوان هاووڵاتیی یەکسان و مافە بنەڕەتییەکان
سەرجەم مرۆڤ لە مافە سەرتایی و سرووشتیەکانی خۆی و گەوهەردا ئازاد لە دایک دەبێ، شکۆ  و کەرامەت و مافی هاوسانییان لێل یەکتر هەیە. ئەم مافانە بە هیچ شیوەیەک داوڕ ناکرێن و کەس بۆی نییە بنپێیان بخات، سا لە یاسای باوی هەر وڵاتێک و یاسای نێونەتەوەییدا گونجاوە و ڕەزامەندیی هەموو خاوەنمافەکانی وا لەگەڵ. ئەو ئازادییانەی لە مافی مرۆڤدا هەن، سەرپاکی مرۆڤەیل بێ جیاوازیی، بە تایبەت لە سەر بنەمای ڕەچەڵەک و ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و ئایین و باوەڕی سیاسیی یان هەر باوەڕێکی دی، بە شێوەی هاوسان و بەرابەر لێی بەهرەمەند دەبن. بەپێی ئەم بنەمایە، تاکەکان هەڵگری ماف و ئەرک دەبن و مافەکانی ئەوان لەگەڵ کەسانی دی واتای خۆی دەدۆزێتەوە، بە واتایەکی تر دەبێت مافی تاکەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵگاکەیاندا ببیندرێتەوە. بۆیە مرۆڤ لە هەندێک ماف سوودمەند دەبێت کە گرێدراوی مافە گەوهەریی و سرووشتییەکانی خودی مرۆڤە. یاساکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ ئامرازێکن بۆ مرۆڤ تا بەو دەستاوێژانە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بگاتە سەخەریی و کەرامەتی پارێزراو بێت. بۆیە مافی مرۆڤ مافێکی بنچینەیی و نەگوازراو و حاشاهەڵنەگرە و نکوڵی لێ ناکرێ، سا بۆ مانەوەی مرۆڤ پێویستە. مافی مرۆڤی ئەم سەردەمە چوارچێوەیەکی مۆدێڕن و پێشکەوتووی مافە سرووشتییەکانە و بە واتای کۆمەڵە ماف و ئیمتیازێکە و دەبێ هەر تاکێک بێ لەبەرچاوگرتنی هەر تایبەتمەندییەکی ڕەچەڵەک ئایین و ئایینزا و ئەتنیک و زمان و ڕەگەز، یان هەر جیاوازییەکی دی لەم مافانە سوودمەند بێت. بە واتایەکی دیارتر و ڕوونتر "مافەکانی مرۆڤ، ئەو مافانەن وا مرۆڤ تەنیا لە بەر مرۆڤبوون، ئەبێتە خاوەنیان، نەک لەبەر تایبەتمەندییەکی دیاریکراو یان پێگەیەکی تایبەت".

مافەکانی مرۆڤ لە سەر بنەمای بەرابەریی و هاوسانیی دانراون و هەر چەشنە هەڵاواردن و نابەرابەرییەک هاوتای پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤە. بەڵام دەکرێت مافەکانی تایبەت بە هاووڵاتیی و پەیوەست بە چەمکی شارۆمەندیی، لە هەر کۆمەڵگا و هەر وڵات و لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی هەر دەوڵەتێکدا، لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دی بگۆڕدرێ و لە سەر بنەمای تایبەتمەندییەکانی هەر جڤاکێک دانراوە و هەڵگری ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆیەتی؛ هاوکات نابێت پێچەوانەی پێز و پڕەنسیپە بنچینەییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی بێت. بێگومان لە ئەگەری دەستەوداوێن ­بوونی واتای بەرابەریی ڕواڵەتیی بۆ دانانی یاسای تایبەت بە مافی هاووڵاتیی و دیاریکردنی ماف و ئەرکەکان، مافەکان پێشێل دەکرێن. گەرچی مافەکانی هاوڵاتییبوون بە مانایەکی دیکە ڕەهەندی گووراو و پێشکەوتووی مافەکانی مرۆڤە، ئەمەش ڕەهەندی ئەرێنیی هەیە و پێچەوانەی مافی مرۆڤ دەقێکی جیهانپۆشە، هەڵگری تایبەتمەندییە دیارەکانی هەر کۆمەڵگایەکە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی جیاوازیی زۆرە و ناتوانرێ لە گشت کۆمەڵێکدا جێبەجێ بکرێت. شارۆمەندیی لە پێوەندیی سیاسیی نێوان تاک و دەوڵەتدا ڕەنگڕێژ دەبێت و دەبێت هەڵگری تایبەتمەندیەکانی ئەم پێوەندییە بێت، هاوکات لەگەڵ پابەندبوونی بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، تایبەتمەندییە جیاوازەکانیشی ڕەچاو بکرێ. کەوابوو دەتوانین بڵێین بەشێکی مافی شارۆمەندیی لە سەر بنچینەی مافی مرۆڤ شین دەبێت، بەشێکی تریشی، پێچەوانەی مافی مرۆڤ، کە بەپێی هاوسانیی و نەبوونی هەر جۆرە هەڵاواردنێک بنیات نراوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی و جیاوازیی لای هاووڵاتییان هەیە، نکۆڵیی لەم جیاوازییانە و پەرچدانەوەیان بە قازانجی زۆرینەی زاڵ و دژی کەمینەی پەراوێزخراو و ژێردەست، پێشێلی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی لێ دەکەوێتەوە.

مافی هاوڵاتییبوون ئەو بەشەی مافەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە وا لە ئەنجامی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسیی حاکم بە سەر تاکەکاندا بیچمێکی نیشتمانیی لەخۆ دەگرێت و تەنیا تایبەتن بە شارۆمەندانی دەوڵەتێک. بەڵام مافی مرۆڤ گرێدراوی مرۆڤە وەک مرۆڤ نەک وەک هاونیشتمانیی دەوڵەتێک. شارۆمەندیی ئاقارێکی هاوبەشی لەگەڵ واتای نەتەوایەتیی و هاونیشتمانییدا هەیە، بەڵام مافی مرۆڤ داپۆشەری مافە بنەڕەتیی و جیهانییەکانە، ئەمەش بێ ڕەچاوکردنی کلتوور و دابونەریتی نەتەوەیی و نیشتمانیی وڵاتان. پابەندێتیی بە واتای بەرابەریی و هاوسانیی مافی هاوڵاتییبوون پێشێلکردنی پێزە سەرەکییەکانی مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤە، بە تایبەت لە کۆمەڵگای فرەچاندیی و چەندکەلتوورییدا. بۆیە دەکرێت بگوترێت مافەکانی مرۆڤ، بنەڕەتیی و نەگوازراو و نکوڵی ­لێنەکراون و بۆ مانەوی ژیانی مرۆڤ پێویستن. لە سەر بنەمای سەخەریی مرۆڤ دانراون و حاشاهەڵنەگر و ڕانەگوێزراو و هەڵنەپەسێراون. لە فەلسەفەی مافی مرۆڤدا، ئەم مافانە پێش لەدایکبوونی مرۆڤ لەدایک دەبن و سرووشتیین؛ بۆیە هیچ دەوڵەت و دەسەڵات و هێزێک بۆی نییە خۆی بە خاوەنی بزانێ و لە پێدان و وەرگرتنەوەیدا ڕێگەپێدراو بێت. دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنیان و ڕەخساندنی هەلومەرجێک بۆ دەستەبەربوونیان. بەڵام مافەکانی هاوڵاتییبوون، ئەو مافانەن وا مرۆڤ لە سەر بنەمای پێگەی هاووڵاتیبوونی لە دەوڵەت یان کۆمەڵگایەکدا لێی سوودمەند دەبێت. ڕاستییەکەی ئەمە ڕوانینێکی گشتگیرە بە سەر ئەو کۆمەڵە ماف و ئیمتیازەی هاووڵاتیاندا وا گرێدراوی هاووڵاتییە و هاوکات کۆمەڵێک یاسا و ڕێسایە و بە سەر کۆمەڵگادا حاکمە. کەوابوو بنەمای مافی مرۆڤ، خودی مرۆڤە؛ بەڵام بنەمای مافی هاوڵاتییبوون پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیی و دەوڵەتە. لە مافی مرۆڤدا جیهانپۆشە، بەڵام لە هاوڵاتییبووندا فرەتر گرێدراوی تایبەتمەندییەکانی هەر کۆمەڵگایەکە. مافی مرۆڤ، هەموو مرۆڤ و ڕێکخراو و کۆمەڵگایەک دەکاتە بەردەنگ و ڕاسپاردە و بڕیار؛ بەڵام مافی هاوڵاتییبوون، جڤاکێک بە کۆمەڵیک تاکەوە و لە پانتاییەکی دیاریکراوی دەوڵەتێک یان وڵاتێکدا، دەکاتە بەردەنگ.

مافی مرۆڤ لە سەر بنەمای حاشاکردن لە هەر چەشنە هەڵاواردن و جیاوازییەکی نێوان مرۆڤەکان بنیات نراوە، سەبارەت بە هەموو مرۆڤێک یەک ڕوانین و ڕەهەندی هەیە، هەروەها بۆ سەرجەم مرۆڤ و هەموو دەسەڵاتەکانی جیهان تەنیا یەک دەق و ڕاسپاردە و فەرمانی هەیە، بۆیە لەم ڕوانگەوە دەگوترێت جیهانپۆشە. بەڵام لە بەرانبەردا هێندەی هەموو دەوڵەت و سامانە سیاسییەکانی دنیا دەقی ماف و یاسای هاوڵاتییبوون هەیە و هەر کامەیان هەڵگری تایبەتمەندیی و ناسنامەی تایبەت بە خۆیانن. کەوابێ مافی مرۆڤ و یاساکانی لە هەموو وڵاتەکاندا لە وێنەی یەکن. لە کۆمەڵگایەکی نێو دارستان و ئەشکەوتەوە بگرە تا مۆدێڕنترین وڵاتەکان هەموو بە یەک شێواز دەبنە بەردەنگی یاسای مافەکانی مرۆڤ، بەڵام لەمەڕ مافی شارۆمەندیی و یاساکانی، ناکرێت داوای یاسا و ڕێسایەکی یەکسان و وەکهەڤیی بکرێت؛ گەرچی هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە دێن.

سیستەمی مافی هاوڵاتییبوون لە سەر بنەمای بە فەرمی ناسین و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی هەر کۆمەڵگایەک دەڕسکێ و چرۆ دەکات. کەوابوو مافەکانی هاووڵاتیی و یاساکانی لە دەستوور و لە یاساکانی تردا لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دی جیاوازە. سەرجەم ئەم یاسایانە پابەندی پڕەنسیپ و پێزی هاوبەشن، بەڵام دەبێت لە کردار و پراکتیکدا جیاوازیی و تایبەتمەندییەکانی هەر کۆمەڵگا و گرووپێک، بە هەموو فرەچەشنیی و فرەڕەهەندییەکانییەوە، لە بەر چاو بگیرێ. دەکرێ لە دۆخێکی وادا بگوترێ کە ناکرێت یاساکانی هاووڵاتیبوونی دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی دیدا جێبەجێ بکرێت. دەبێت لە یاساکانی مافی شارۆمەندییدا تایبەتمەندیی دیرۆکیی و جڤاکیی و چاوگەی مێژوویی و نەریتیی و جیاوازیی ئایینی و ئایینزایی و ڕەچەڵەکیی و زمانیی و ئەتنیکیی و نەتەوەیی و مەیلی سیاسیی و جڤاکیی و ڕەگەزیی و تایبەتمەندیی ژینگەیی و بابەتی لەم چەشنانە ڕەچاو بکرێن. ڕەچاوی چین و توێژە لاواز و پەراوێزخراو و کەمینەکان و یاساکانی پێوەندیدار بەوان بکرێت و گرنگیی بە جیاوازیی و تایبەتمەندییەکان بدرێت. پێڕەوکردنی جۆرێک لە هەڵاواردن و نابەرابەریی قەرەبووکەرەوە بە قازانجی ئەم چین و توێژانە زۆر پێویستە و لە باری یاساییەوە فرە گونجاوە.

دەکرێت بگوترێت مافی هاوڵاتییبوون ئاڵوگۆڕی مافی مرۆڤە لە مافە تاکەکەسییەکانەوە بە ئاڕاستەی  مافی ئەو گرووپ و دەستە و گەلە، هەروەها مافی ئەو خەڵکانەى وا هەڵگری ناسنامە و فرەچەشنیی کەلتووریی و جیاوازیی و پێناسە و هێماکانی خۆیانن. ئەم جیاوازییانە لە بەستێنی مافی هاوڵاتییبووندا پێگەی خۆی پەیدا دەکات و دەبێت لە یاسای بنچینەیی هەر وڵاتێکدا دەستەبەر بکرێت و پارێزراو بێت؛ تەنانەت دەبێت بۆ سوود و قازانجی ئەو توێژ و گەل و خەڵکانەی شووناس و هەبوون و ناسنامە و تایبەتمەندییەکانیان وا لە بن مەترسییدا، چەشنە هەڵاواردن و نابەرابەریی قەرەبووکردنەوەیەک بێتە گۆڕێ، تاکوو بتوانن خۆیان و ناسنامە و چاندی خۆیان بپارێزن و هاوشانی گەل و گرووپی سەردەست، لە بەڕێوەبردن و بڕیارداندا بەشدار بن. ئەم بابەتە بۆ ئەو گرووپانەی مەترسی لەناوچوونیان هەیە، زۆر گرنگە.


‌هاوڵاتییبوونی جیاواز
لە ڕوانگەی لیبراڵ دێمۆکراسییەوە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شارۆمەندیی، 'بەرانبەریی'ـە. ڕاستییەکەی بەرانبەریی ئاکامی بڕوابوونە بە تاکخوازیی و تاکەگەرایی. بەرانبەریی واتای ئەوەیە لانی کەم تاکەکان لە بواری نرخ و بەها ئەخلاقییەکانەوە بەرانبەر لەدایک دەبن. ئەم بڕوایە لە پابەندێتیی لیبراڵیزم بە ماف و ئیمتیازە هاوسانەکان، بە تایبەت لە شێوازی هاوسانیی و بەرانبەریی یاسایی و بەرابەری سیاسییدا دەردەکەوێ. لەم ڕوانینەدا بەرانبەریی و یەکسانیی دەبێتە بەردی بناغەی شارۆمەندیی و چەمکی هاوڵاتییبوون. گەرچی ئەم بابەتە بە ڕووکەش زۆر بەنرخ و جوان و جێی ڕەزامەندییە، بەڵام لە کڕۆکدا و کاتی جێبەجێکردن نابەرابەریی و نایەکسانیی و دژوازیی فرەی لێ دەکەوێتەوە.

لە تێوری  لیبراڵییدا، وا دادەنرێت هەموو هاووڵاتییان کەسێتیی ئازاد و یەکسانیان هەیە و لە پێگەی هاووڵاتیبوووندا هاوشێوەن. بۆ ئەم مەبەستە جیاکردنەوەی نێوان ماف و ئەرکەکانی تاک وەک شارۆمەند و ئەندامێتیی تاک لە گرووپێکی دیاریکراودا بەپێی ئەتنیک و زمان و ئایین و ئایینزا و چین و پێگەی کۆمەڵایەتیی و تایبەتمەندییە خۆجێی و کەلتوورییەکان پێویستە. بەم شێوەیە لە بنەتاوە بواری سیاسیی بەپێی گشتگیریی یان گشتخوازیی دادەنرێت. بۆیە لەم بوارەدا بەرانبەریی و تێگەیشتن لە جیاوازیی و تایبەتمەندییە چاندییەکان بە باشترین شێوە دەردەکەوێ، لەم دۆخەدا جیاوازییەکان بۆ 'شووناسی ناگشتیی' بەرتەسک دەکرێنەوە.

شێوازی سیاسەتی یانگ بەپێی بۆچوونە بنەڕەتییە لیبراڵییەکان دامەزراوە، کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا لە پێکهێنانی بەشێک لە ژیانی تاکەکەسییدا بەشدار بن. بەڵام سەرەڕای نایەکسانیی دابەشکارانە لە سەرچاوەکانی پارە و کات و زانیاریی لە نەریتی  لیبراڵییدا، دوو هۆکاری دی هەن و دەبنە هۆی نایەکسانیی لە هاوڵاتییبووندا. یەکەم: لیبراڵیزم تێگەیشتنێک لە شارۆمەندیی پەسەند دەکات کە حاشا لە جیاوازییە جڤاکییەکان دەکات؛ چونکە لیبراڵیزم تەنیا پشتگیریی لە گشتگیریی، بە واتای یەکسانیی بەشداریی هەمووان دەکات. بەپێی ئەم بۆچوونە پێویستە تاکەکان بۆ هاوڵاتییبوون ئەو تێگەیشتنەی لە ژیان و ئەزموونی تاکەکەسیی خۆیانەوە هەیانە و بەدەستیان هێناوە، وەلای بنێن و پشتگوێی بخەن. بە واتایەکی تر دەبێ هاووڵاتییان لە کاتی ماف و ئەرکەکاندا شووناس و ناسنامەی خۆیان لەبیر بکەن. دووەم: ئەو یاسا و زاگۆنانەی لەلایەن هاووڵاتییان و نوێنەرەکانیانەوە پەسەند دەکرێن، بەبێ ڕەچاوکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانیان و ئەو جیاوازیی و نایەکسانییەی لە کۆمەڵگادا هەن، بە سەر هەموو تاکەکاندا جێبەجێ دەکرێت. کەوابوو لیبراڵیزم یەکسانیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا دەرناخات؛ بەڵکوو زاڵبوونی 'ئامانجی یەکسانی' بە سەر 'جیاوازیی'ـدا دەردەخات. لە بۆچوونێکی وادا سەرومڕ واتای یەکسانیی ڕەت دەکرێتەوە. ئامانجی یەکسانیی لە پێزەکانی جیلی یەکەمی مافی مرۆڤە، ئەمە لە پەنای ئامانجی ئازادییدا بەردەوام داکۆکییان لێ کراوە. ناکرێت لە دیاریکردنی مافی هاوڵاتییبووندا هەر بەو ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە سەیر بکرێت. بۆیە یانگ لەو بڕوایەدایە بۆ ئەوەی شارۆمەندیی سەرپاک گشتگیر بێت، دەبێت سیاسەتی جیاوازیی بە شێوەیەک ڕەچاو بکرێت و شووناسە گشتییەکان لە ڕێکخراو و ناوەندەکانی بڕیارداندا جێیان بکرێتەوە.

چەندکەلتوورخوازیی یان فرەکەلتوورگەرایی لێگەڕینە تا لە جیهانپۆشگەرایی و گشتخوازی درۆیینە و ڕووکەش و ناڕاست دەرباز بێت. تا ئەو گرووپ و چین و توێژانەی لە بواری کەلتوورییەوە لە ژێردەستییدان، هەروەها ئەو ستەملێکراوانەى لە بواری گشتییدا پەراوێزخراو و لەبیرکراون یان بە شێوەیەک پشتگوێ خراون، دەرفەتی بیستنی دەنگ و بینینی ڕەنگەکانیان بۆ بڕەخسێ. لەم ڕوانگەوە، نەک هەر تاکێک وەک دەنگێک و زۆرینەی ژمارەکان ڕەچاو بکرێت، بەڵکوو هەر تاکێک وەک بەشێک لە گرووپێک و لە بەستێنی گرووپ و دەستەکەی خۆیدا وەک دەنگی ناسنامە و شووناسێک دەبیسرێت و گوێی بۆ ڕادەگیرێت و لە بەر چاو دەگیرێت. ئەم ڕوانینە لە سەر بنەمای قبووڵکردنی جیاوازییەکان دامەزراوە و زۆرینەی ژمارەکان ناکاتە پێوەر و بنەما؛ بەڵکوو جیاوازیی ناسنامەکان بە بنەما وەردەگرێت و هەر شووناس و ناسنامەیەک وەک چاند و کەلتوورێکی جیاواز بە شیاو و هەڵگری مافی بەشداریی و بڕیاردان و هەبوون و پەسەندکراو دەزانێ.

یانگ هەوڵی زۆری دا تا لە نێوان مافە تاکەکەسییەکان، کە بیرۆکەی لیبراڵیی داکۆکیی لێوە دەکات و مافە گرووپیەکانی تاک، وەک ئەندامی گرووپە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان، جۆرە پێوەندییەک ساز بکات. لەم پێودانگەدا یانگ پێی وایە مافەکانی تاک، لە چەشنی ئەو تاکێتییەی لە لیبراڵیزمدا داکۆکیی لێ دەکرێت تەواو مسۆگەر نابێت؛ چونکە بەشێک لە شووناسی تاک ڕەگوڕیشەی لە گرووپێکی کۆمەڵایەتیی تایبەتدایە و تاکخوازیی لیبراڵیی ڕەچاو ناکرێت و ناچار ناتوانێت وەڵامی هەموو پێداویستییەکانی بداتەوە. لەم سۆنگەوە، یانگ بە گەڵاڵەکردنی مۆدێلی سیاسەتی جیاوازیی دەگەڕێت تا بەشکوو بە پێکهێنانی جۆرێک لە پێکەوەژیانی نێوان مافە تاکەکەسییەکان و مافە گرووپییەکاندا، کەموکۆڕیی مافە تاکەکەسییەکان دابپۆشێ.

لە مافە تاکەکەسییەکاندا مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژێر کاریگەریی ڕوانگە لیبراڵییەکاندایە و حاشای لێ ناکرێت و سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ قەرزاری خەبات و ئەندێشەی لیبراڵەکانە. بەڵام لەلایەکی ترەوە هەر ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی مافەکانی مرۆڤ بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت و بۆ هەندێک مافی تاکەکەسیی بەرتەسک بکرێتەوە. هەرچەن ناکرێت بە تەواوی وا دابنرێت، بەڵام ئەم بابەتە گشتگیرە. لە ژێر کاریگەریی ئەندێشەی تاکخوازانەدا تاک بە شێوەیەکی بەرچاو و بەربڵاو لە بەها و نرخ و ئەخلاق و ڕەوشتە گرووپیی و جڤاکییەکان دوور دەخرێتەوە و ئەتۆمیزە دەکرێت. ئەگەرچی هەنووکە دەقی تری مافی مرۆڤ وەک جیلی دووەم و سێیەم و چوارەم پێک هاتووە و ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئەوەی زۆر باسی لێوە دەکرێت، هەر ئەو جیلی یەکەمەی مافی مرۆڤە وا زۆرتر لە سەر مافە تاکەکەسییەکان خۆی دابەستووە. زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی ڕەنگاڵەیی ئەتنیکیی و کەلتووریی و پێناسە جڤاکییە جیاوازەکانیان هەیە، بە واتای یەکسانیی و بەرانبەریی دادەنێن، کەچی خۆی لە خۆیدا ئەم مژارە کێشەی ئاوەکییکردن و تواندنەوە و دەستەمۆکردنی کەمینە جیاوازەکانی لێ کەوتووتەوە.

لیبراڵیزەکردنی مافی مرۆڤ و تەشەنەسەندنی بۆ مافی هاوڵاتییبوون بووتە هۆی ئەتۆمیزەکردنی مرۆڤەکان و پەراوێزخستنی گەلان و داپڵۆساندنی شووناسە جیاوازەکان و کەمینەکان. دابەزاندنی مافی گەلان و گرووپە جیاوازەکان بۆ ئەو مافانەی لە دەق و بەڵگەنامە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا هاتوون، وەک ئەو بابەتەی لە جاڕنامەى مافی مرۆڤ و خەڵکی ئەفریقیا هاتووە، ناتوانێ پاڵپشتیی مافە کەلتوورییە جیاوازەکان بکات و پاراستنی نەریتە بەنرخەکانی لێ بکەوێتەوە. باوەڕ بە تاکهێڵیی و تاکڕەهەندانە دیتنی نەتەوەکان و خەڵکانی دنیا لە بواری مافی مرۆڤدا هەڵەیەکی بەرچاوە و دەرهاویشتەی بیری لیبراڵیی و سەرمایەدارییە. مسۆگەر ئەم بیرۆکانە خزمەتی گەورەی مرۆڤیان کردووە و مرۆڤایەتیی لە زۆر بواردا قەرزداریانە، بەڵام درێژەدان و شوێنکەوتنی بێ ئەملاوئەولای ئەم بیرۆکانەی کە تا ئێستا کراوە، ئاسایشی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوەژیان ئەخاتە مەترسییەوە. بۆیە کەسانێکی وەک تیلۆر و یانگ و کیملیکا 'چەندکەلتوورگەرایی' وەک جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤ بۆ بیرۆکەی لیبراڵیی مۆدێرن پێشنیار دەکەن.

هاووڵاتیبوونی چەندکەلتووریی و مافی کەمینەکان
هاوڵاتییبوونی چەندکەلتووریی لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و قبووڵکردنیان دامەزراوە. ئاماژە بەو کۆمەڵگایانە ئەکات وا خاوەنی کەلتووری فرەچەشن و جیاوازن. هەندێ جار بۆ هاوتای فرەچەشنیی کەلتووریی کەڵکی لێ وەردەگیرێ. هەروەها ئاماژە بەو ئایدۆلۆژیا و سیاسەتانە ئەکات وا پەرە بە فرەچەشنیی کۆمەڵگا دەدەن. لەم گۆشەنیگایەوە چەندکەلتووریی بە ئاڕاستەی هزر و خولیای تاکەکان لە دەربڕینی شووناسی خۆیاندا بەسوودە. ئەم سیاسەت و پڕۆگرامانە لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا بەپێی پێکهاتەی سیاسیی هەر وڵاتێک جیاواز دەبێت. سەرەڕای ئەوەی وشەی چەندکەلتووریی بە گشتیی بۆ پێناسەکردنی گرووپە هەژار و بێبەشەکانی وەک ئەفریقییەکانی ئەمریکا و ژنان و هاوڕەگەزخوازان و هتد... کەڵکی لێ وەردەگیرێت، زۆرێک لە بیردۆزان بۆ پێناسەکردنی کۆچبەران، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و گەلانی خۆجێی کەڵکی لێ وەردەگرن. پێزی فرەچەشنیی کەلتووریی وەک یەکێک لە ئازادییە بنەڕەتییەکان لە یاساى ماف و ئازادییەکانی کەنەدا هاتووە و بەو پێیە کەنەدییەکان بە هەموو جیاوازیەکانییەوە ڕێز لە هەبوونی یەکتر دەگرن. هەوڵ ئەدەن تا بە ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی و جیاوازییەکان پێکڕا بژین.

مژارێکی کێشەداری دی کە فەیلەسووفە سیاسییە کلاسیکە لیبراڵەکان لەگەڵ چەندکەلتوورگەرایی هەیانبووە، نابەرابەریی و جیاوازیی نێوان گرووپە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگا فرەکەلتوورەکانی ئەمڕۆ و ئەرکەکانی دەوڵەتە بەرانبەر بەوان. لە ڕوانگەی هەندێک فەیلەسووفی سیاسیی لیبراڵەوە، بەو پێیەی هەموو تاکەکان خاوەنی کۆمەڵێک ئازادیی و مافی یەکسانن، بۆیە دەوڵەت دەبێ چاوپۆشیی لە جیاوازییەکانی نێوانیان بکات. چونکە دەوڵەت هیچ ئەرکێکی بەرانبەر کەسایەتیی کەلتووریی کۆمەڵگا نییە. لە بەرانبەر ئەم ڕوانگە و بیرۆکە و بیر و بۆچوونانەدا بیردۆزانی وەک کیملیکا هەوڵیان داوە بە داکۆکیی­کردن لە  چەندکەلتوورگەرایی دەرچەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئەتنیک و نەتەوە جیاجیاکان، لە کۆمەڵگای چەندکەلتووریی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا بدۆزنەوە، هەروەها پاڵپشتیی مافی گرووپە کەلتوورییەکان، بە تایبەت کەمینە کەلتوورییەکان بکەن.

بە بڕوای کیملیکا فامکردن و تێگەیشتن لە کەلتوورێک پێشمەرجی داوەریی و هەڵسەنگاندنی زیرەکانە و ئارەزومەندانە بۆ ڕێنمایی و ئاڕاستەکردنی ژیانمانە. لە ڕوانگەی ئەوەوە هەندێک جار کەلتوورەکان مافی ئەویان هەیە لە بەرانبەر کۆمەڵگای گەورەتردا پشتیوانیی بکرێن و بپارێزرێن. بە بڕوای چەندکەلتوورگەرایان تا ئێستا دەوڵەتەکان بەرانبەر کەلتوور بێهەڵوێست نەبوون. پێیان وایە، پێوەندیی دەوڵەت و ڕێکخراوە فەرمییە ئایینییەکان، دیاریکردنی زمانێکی فەرمیی بۆ خوێندگە و فێرگەکان، پاڵپشتییان لە هەڵبژاردنی کەلتوورێکی تایبەت و زۆر جاریش وەک کەلتووری زاڵ و سەردەست بەرانبەر کەلتوورەکانی دی، هەندێک یاسا و ڕێگریی بۆ بڕێک لە گرووپە کەلتوورییەکان، سیاسەتی هەڤیازیی ­خو­زانەی کەلتووریی و زمانیی دەوڵەتان بووتە هۆی هەڤیازیی و زاڵبوونی سیاسیی و ئابووریی گرووپێکی زاڵ و سەردەست بە سەر گرووپەکانی تردا. دۆخێکی ئاوا زۆرتر فەرهەنگی زاڵ و کەلتووری چینی سەردەست بەهێزتر دەکات و زۆرتر گرووپی کەمینە لاواز و بێهێز دەکات و دەیچەوسێنێتەوە.

کۆمەڵگاخوازان یان جڤاکگەرایان لە ڕێی بە فەرمی ناسینی بایەخی بەرانبەر بۆ چاندە جیاوازەکان، داکۆکیی لە دەرفەت و ئازادییە شووناسمەندەکان بۆ کۆی هاووڵاتییان و تەنانەت بە دابینکردنی هەندێک مافی تایبەت بۆ گرووپە کەمینە کەلتوورییەکان دەکەن. بۆ میناک، چارڵز تەیلۆر پێداگریی لە سەر بە فەرمی ناسینی شووناسە کەلتوورییەکان لە بواری گشتییدا دەکات. ڕاستییەکەى ئەم بە فەرمیی ناسینە بەپێی ڕێز و قورسایی بۆ شووناسی تاکەکانە لە بوار و کەشی گشتییدا. بە فەرمیی ناسینێک، ڕێگر دەبێت لە بە دیهاتنی هاووڵاتیی پلە دوو، هەروەها درووستبوونی پێگەی نابەرامبەر و نایەکسانی شارۆمەند، بە هۆکاری شووناسی تاکەکەسیی یان کەلتووریی.

مۆدێلی شارۆمەندیی چەندکەلتووریی کیملیکا لە سەر ئەم مژارە چڕ بووەتەوە کە چۆن دەکرێت مافی کەمینەکان لەگەڵ مافە تاکەکەسییەکان پێکەوە بژین و هاوکات پڕەنسیپەکانی وەک ئازادیی تاک، دیموکراسیی و دادپەروەریی و یەکسانیی کۆمەڵایەتیی پارێزراو بن. کیملیکا لەگەڵ ئەوەی ناتەبایی و دژوازییەک لە نێوان مافی تاک و مافی گرووپدا بە دی ناکات، پێی وایە مافە گرووپییەکان دەتوانن وەک ئامرازێک ڕێگریی بکەن لە داپڵۆساندنی جڤاکێکی بچووکتر لەلایەن جڤاک و گرووپێکی گەورەترەوە، هەتاوەکوو سەرچاوەکان و ئەو ڕێکخراوانەی وا کەمینەکان لە سەری دەژین و گرێدراوی ئەوانەن، لە بەرانبەر بڕیارەکانی زۆرینەدا پارێزراو بن.

کیملیکا، مافی خۆبەڕێوەبەریی، مافی چەند ئەتنیکیی، مافی نوێنەرایەتیی تایبەت وەک ڕێچارە کردارییەکانی خۆی بۆ پاراستنی مافە گرووپییەکان دادەنێ. بە بڕوای کیملیکا مافی خۆبەڕێوبەریی و خۆسەریی بە واتای سپاردنی دەسەڵاتە بە کەمینەکانی ناو دەوڵەتێک، کە لە ڕێی جۆرێک لە سیستەمی فێدراڵییەوە جێبەجێ دەکرێت. ماف و یاساکانی چەند ئەتنیکیی لە ڕێی یارمەتیی ئابووریی یاسایی و گشتیی بە کەمینە کەلتوورییەکان لە شووناسی گرووپیی و جڤاکیان پاڵپشتی دەکات و دەیانپارێزێت. مافی نوێنەرایەتیی تایبەت، نوێنەرایەتییەکی دەستەبەرکراو بۆ کەمینەکان لە ڕێکخراو و ناوەندە سیاسییەکاندا گەرەنتیی دەکات. کیملیکا مافی خۆسەریی و خۆبەڕێوەبەریی زۆر بەربڵاو دەکات و مەودایەکی زۆر کەمی بۆ لەگەڵ جیابوونەوە و دابەشبوون دادەنێ. بەرانبەر ئەم مافانە، یاسای چەند ئەتنیکیی و چەندکەلتووریی بە دەستەبەری ڕاکێشان و تەڤلیبوونی کەمینەکان لە دڵی کۆمەڵگای سیاسییدا دادەنێت. بەڵام ئەم بابەتە نەک لە ڕێی حاشا و نکۆڵیی جیاوازییە کەلتوورییەکانەوە، بەڵکوو لە ڕێی دانپێدانان و قبووڵکردنی جیاوازییەکانەوە وەک بەشێکی زۆر پێویست لە دەوڵەتێکی چەندکەلتووریی سەقامگیر پێک دێت. ڕوانگە و نووسینەکانی کیملیکا زۆرترین کاریگەریی لەم بوارانەدا داناوە و دەکرێت وەک پێڕەوێک بۆ ڕێنمایی دەوڵەتانی خاوەن فرەچەشنی کەلتووریی کەڵکی لێ وەربگیرێت. لەم پێڤاژۆیەدا جۆرێک لە ئاشتیی و پێکهاتن لە نێوان مافە تاکە کەسییەکان و مافە گرووپیەکان و یەکگرتوویی نەتەوەیی و نیشتمانیی، لە سەر بنەمای قبووڵی کەلتوورە جیاوازەکان، لە ژێر چەتری چەندکەلتوورگەراییدا؛ بەرهەم دێت.

ئاکام
ئەو ڕەوتانەی بەپێی بنەمای بەرانبەریی و یەکسانیی  و نەبوونی جیاوازیی لە سیستەمی مافی مرۆڤدا دانراون، زۆر پێویستن. لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشنی کەلتوورییدا، کە خاوەنی گرووپە کەلتوورییە جیاوازەکانە، پشتبەستن بە پێزی بەرانبەریی لە بواری مافی هاووڵاتیبووندا لە گەشبینترین ئاستدا ئەگەری هەیە وەکیەککردن و وەکهەڤیی­ کردنی کەلتوورەکان و تواندنەوەیان لە کەلتووری زاڵی دەوڵەتی لێ بکەوێتەوە. بەڵام زۆر جار ڕووبەڕووی پەرچەکردار و بەرپەرچدانەوەی کەلتوورەکانی لێ کەوتۆتەوە، کە پەراوێز خراون یان سەرکوت کراون و لەلایەن کەلتووری زاڵی دەوڵەتییەوە تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە. ئەم شێوازە لەو دەوڵەتانەی وا کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە فرە بەرچاوە، لە ناوچەکانی تری جیهانیش نموونەی زۆرن. ناکرێت تەنیا بە پشتبەستن بە مافی مرۆڤ و پڕەنسیپی هاوسانیی و بەرابەریی دڵقایم بن بەوەی مافی سەرجەم پيکهاتەکان دەستەبەر کراوە. لە سیستەمێکی وادا کەمینە بەرچاو ناکەوێت و مافەکانی ڕەچاو ناکرێت. لەبەرچاونەگرتنی جیاوازییەکان و پێناسە و شووناسە جیاجیاکان لە کۆتاییدا پلەبەندیی هاووڵاتیانی لێ دەکەوێتەوە. کەلتووری زاڵی دەوڵەتیی دەبێتە پلەی یەک و ئەوانی دی پەراوێز دەخرێن. لە دۆخێکی وادا ئاسایش و تەناهیی یاسایی بۆ هەموو هاووڵاتییە ناسنامە و شووناس جیاوازەکان بەرهەڤ دەبێت. ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان لە دەستووری بنەڕەتیی هەر دەوڵەتێکەوە دەست پێ دەکات و بۆ ناو هەموو یاسا و بڕیار و ڕاسپاردە و پێڕەوەکان شۆڕ دەبێتەوە. کوردستانی خاوەن ڕەنگامەی پێکهاتە جیاوازەکان، لە درێژایی مێژوودا ئاشتییانە، پێکەوە ژیاون و ئەگەر دەوڵەتانی داگیرکەر و زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان دەستیان وەرنەدابێتە پێوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکان، ئەوا لە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانەدا هەڵیان کردووە. بۆیە پێویستە لە کاتی دانانی دەستووردا ڕەنگامەیی هەموو جیاوازییەکان لە دەستووردا خاڵکوت بکرێـت و پێگەی خۆیان بچەسپێنن. کوردستان خۆی قوربانیی پاکتاو و پاکۆدانی گەل و سیاسەت و کەلتووری زاڵی دەوڵەتان بووە، سا بۆیە ئەبێت لە دەستوورێکی هاوچەرخدا پاراستنی مافی هەموو خەڵکێکی کوردستان ڕەچاو بکات، ئەم مەبەستەش بێ پابەندبوونی دەستوور بە سیستەمی چەندکەلتووریی و فرەیی چاندیی نایەتە گۆڕێ و مافی هەموو کەمینەکان مسۆگەر نابێت.

مەراسیمى سەرى ساڵى ئاینى ئێزیدى - ٢٠١٨