ساڵ: 2022
ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی بە هاوکارى بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیاى ناوەندى کۆنڕاد ئەدەناوەى ئەڵمانى ئەم توێژینەوەی ئەنجامداوە، توێژنەوەکە هەوڵ دەدات بەشداربێت لە بەهێزکردنی سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. ئەم توێژینەوەیە لێکدانەوە و شرۆڤەی ئەو بەربەست و سنووربەندیی و ئاڵنگارییانە دەکات کە ڕێگرن لە بەهێزبوونى سیستەمیی دادوەریی لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ تێگەیشتن لە کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم سیستەمی دادوەریی هەرێمی کوردستان، پێویستە ستانداردە یاساییە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاوبکرێت و لەژێر ڕۆشناییاندا توێژینەوەکە هەوڵ دەدات چەند پێشنیازی یاسایی و تەکنیکیی بخاتەڕوو.
بەدرێژایی میژووى نوێ، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی چەندین ئاڵۆزیی و پشێوی سیاسیی و یاسایی و کۆمەڵایەتیی بۆتەوە، ئەمەش کاریگەریی هەبووە لەسەر دەسەڵاتى دادوەریی. سیستمى دادوەریی گرنگییەکى بەرچاوى هەیە لە بونیادنانی هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانى مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان و ڕوبەڕوبوونەوەى گەندەڵی و تاوان و بەڕێوەبردنی حکوومەت و دادپەروەرییدا، ئەم دەسەڵاتە لە هەرێمى کوردستاندا پێویستیی بەوەیە چەندین ڕیفۆرمی یاسایی و بونیادی گرنگى لە ڕەهەندە کارگێڕیی و یاسایی و مرۆییەکاندا تێدا ئەنجام بدرێت. توێژینەوەکە ئەم باس و خواسانەى بەر باس داوە.