سەرتاوتار و شیکاری

جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە کڵاوڕۆژنەى یاسای نێودەوڵەتییەوە

دەستپێک

 لە  ٢٤ی شوباتی ئەمساڵ، ڤلادیمێر پۆتین لە وتارێکی تەلەڤزیۆنییدا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی دا تا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت 'لەنێو خاکی ئۆکراینا' وەڕێ بخەن، ئەمەش لە کاتێکدا بوو ڕووسیا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکرد. ئەو هێرشە سەربازییەی ڕووسیا لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراوەکان بە 'لەشکرکێشیی'، 'داگیرکاریی'، 'شەڕەنگێزیی' لەقەڵەم درا. بە شێوەیەکی گشتییش، لە یاسای نێودەوڵەتییدا، بە جەنگێکی نێودەوڵەتیی دادەنرێت. ئەو جەنگە جارێکی تر ڕۆڵ و کاریگەریی وڵاتە زلهێزەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لە پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی خستە ژێر پرسیارەوە.

ئەم وتارە دەرفەتێکە بۆ شیکارێکی یاسایی و پاساو و بیانووەکانی پشتی ئەم جەنگە، تا لێکۆڵینەوە لە هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتیی لەمەڕ ئەم جەنگە  بکەین و بزانین تا چ ڕادەیەک جێبەجێ دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەم پرسیار و ئارێشە یاساییانە دەخەینە ڕوو: ئایا لە ڕوانگەی بنەماکانى یاسای نێودەوڵەتییەوە، پاساوەکانی ڕووسیا بۆ هێرشی سەر ئۆکراینا ڕاست و ڕەوان؟ لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بە سەرپێچی بۆ سەر چ بنەمایەکى یاسای نێودەوڵەتیی دادەنرێت؟ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتییەکان، بە تایبەتیش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا، دەتوانن چ ڕۆڵیک لەم جەنگەدا وازیی بکەن؟ ئۆکراینا و دەوڵەتانی تر، چ چارەیەکی تری یاساییان هەیە؟ ڕۆڵی دادگا نێودەوڵەتییەکان لەو جەنگەدا چییە؟

 لە سێ بەشی پوختدا، هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدەین:

بەشی یەکەم: هەڵسەنگاندنی پاساوە یاساییەکانی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە کڵاوڕۆژنەی یاسای نێودەوڵەتییەوە
لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کۆمەڵێک بنەماى گرینگ، کە بڕبڕەی پشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەو ڕێکخراوەی لە سەر دامەزراوە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بە تایبەتیش  بنەماى سەروەریی پیادەکردنی دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەتان. هۆکاری سەرەکیی پاراستنی ئەو بنەمایەش تاوەکوو ئەمڕۆ، بنەماى قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێزە، جا ئەمە لە مادەی دووی بڕگەی چواری بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێ دراوە. ئەو مادەیە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا، داوا لە وڵاتە ئەندامەکانی دەکات (لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیاندا، خۆیان لە هەڕەشەی پەنابردنە بەر هێز یان بەکار‌هێنانی هێز، بەدوور بگرن، کە دژی یەکێتیی خاک یان سەربەخۆیی سیاسی هەر وڵاتێک، یان بە هەر شێوەیەک بێت و لەگەڵ ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان نەگونجێت). دەستێوەردانی ڕووسیا لە کاروباری ناوخۆی ئۆکراینا، لە ڕێی بە سەربەخۆناسینی هەردوو کۆماری جوداخوازی لۆگانسک و دۆنێتسک و بەستنی چەندین پەیماننامە لەگەڵیان، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یەکێتیی و سەروەریی خاکی ئۆکراینایە. جگە لەوەش، ڕووسیا بەو هێرشەی، بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی دەکەوێتە ئەستۆ، ئەمە بەهۆی ئەوەی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەوە.

ئەو بنەماگەلەى سەرێ، بە درێژایی مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دەیان جار پێشێل کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەش، هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتیی لەو بارەیەوە نەگۆڕ و ئاشکرایە، بە شێوەیەکی گشتیی، بەکارهێنانی هێز قەدەغەیە، بەڵام نەک بە ڕەهایی، چونکە دوو هەڵاوێردە لە نێو بنەڕەتنامەى ناوبراو هەن و ماف بە وڵاتانی ئەندام دەدەن تا پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی ڕەوای هێز.

هەڵاوێردەی یەکەم: کاتێک ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە ژێر ڕۆشنایی بەندی حەوتی بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەگرێتە بەر. نموونەی زیندووش بۆ ئەم دۆخە، بریتییە لە بڕیاری ٦٨٨ـی ئەنجوومەنی ئاسایش (١٩٩١) بە مەبەستی پاراستنی کوردەکانی ئێراق و درووستکردنی ناوچەی دژەفڕین، هەروەها بڕیاری ١٩٧٣ـی (٢٠١١) سەبارەت بە لیبیا. لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، بەهۆی  ئەوەی ڕووسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەو ڕێکخراوەیە و مافی ڤیتۆی هەیە، ئەنجوومەنی ئاسایش نەیتوانیوە هیچ بڕیارێک دەر بکات، لە بەشی دووەمدا بە شێوەیەکی وردتر ئەو خاڵە ڕوون دەکەمەوە.

هەڵاوێردەی دووەم: لە مادەی ٥١ـی بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، سا بە درێژایی مێژووی ئەم ڕێکخراوە، زۆرترین مشتومڕی بەدوای خۆی داهێناوە. بەگوێرەی ئەو مادەیە، کاتێک دەوڵەتێک هێرشێکی سەربازیی (شەڕەنگێزیی) دەکرێتە سەر و تا ئەو کاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەگرێتە بەر، دەوڵەتی هێرش­بۆکراو مافێکی ڕەوا و سرووشتیی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات، جا ئەو بەرگرییە بە تەنیا بێت یان بەکۆمەڵ و لەگەڵ وڵاتانی تر. نموونەش بۆ ئەو مادەیە، داگیرکردنی ئەفغانستان بوو لە ٢٠٠١ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.

بە مەبەستی ڕەوایەتیییدان بەم هێرشە، لە سەرەتاوە بەرپرسانی ڕووسیا هێرشەکەیان بەستەوە بە بەرگریی ڕەوای ڕووسیا دژی ئەو مەترسییە تەناهییانەى وا سەرچاوەکانیان ئۆکراینا و ناتۆیە. ڤلادیمیر پۆتین لە وتارەکەی ٢٤ـی شوبات، ڕوونی کردەوە؛ یەکیک لە ئامانجەکانی 'ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت بە پاراستنی ئەو ڕووسییانەیە وا بۆ ماوەی هەشت ساڵە لە هەر دوو هەرێمی لۆگانسک و دۆنێتسک ڕووبەڕوی تۆقاندن و جینۆساید بوونەتەوە، هەروەها داماڵینی ئۆکراینایە لە چەک و پاککردنەوەیەتی لە نازییەکان. هەر لەم وتارەیدا، پۆتین ڕای گەیاند، ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، پشت بە مادەی ٥١ـی بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت. هیچ گومان لەوەدا نییە ڕووسیا ڕاڤەیەکی فراوانی بۆ ئەم مادەیە کردووە، بە تایبەتیش بۆ چەمکی شەڕەنگێزیی، جا سوودی لە دۆخی بەرگریی ڕەوای تاک و کۆمەڵ وەرگرتووە. خودی کێشەکە پەیوەستە بە نەبوونی پێناسەی چەمکی شەڕەنگێزیی لە هەمان مادەدا، بۆیە وڵاتان بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان ڕاڤەی بۆ دەکەن. بەهۆی گرنگیی هەبوونی پێناسەیەکی ورد، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیاری ٣٣١٤ (١٩٧٤)، بەم ڕەنگە پێناسەی کردووە (پەنابردنە بۆ هێز لەلایەن دەوڵەتێکەوە دژی سەروەریی و یەکێتیی خاک یان سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەتێکی تر، یان بەر هەر شێوازێکی تر، کە لەگەڵ بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان نەگونجێت). بەپێى یاساى نەریتیی نێودەوڵەتیی پێویستە بۆ ڕەوایەتییدان بۆ بەکارهێنانی هێز و بەپێی بنەمای مادەی ٥١، چەند مەرجێک هەبن:

یەکەم: پێویستە دوژمنکارییەکە  دژی دەوڵەتی هێرش­بۆکراو ڕووی دابێت.

دووەم: دوژمنکارییەکە ڕوودانی زۆر نزیک بێت و و دەوڵەتی  هێرش­بۆکراو جگە لە بەکارهێنانی هێز، هیچ ڕێچارەیەکی تری ئاشتییانەی بۆ پێشگرتن لە هێرشەکە نەبێت.

سێیەم: کاردانەوەی دەوڵەتی هێرش­بۆکراو درەنگ نەکەوێت و هاوبەرانبەری دوژمنکارییەکە بێت.

چوارەم: پێویستە دەوڵەتی هێرش­بۆکراو هەر زوو ئاگاداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بکاتەوە.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو مەرجانەی سەرێ بۆمان دەردەکەوێت، کە لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا لە سەر بنەمای ماددە ٥١ـی بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ ڕەوایەتییەکی یاسایی نییە، لەبەر ئەوەی هیچ یەکێك لەو مەرجانەی سەرێی تێدا جێگیر نەبووە. ڕوونتر بێژین، ئۆکراینا هیچ کاتێک هێرشی سەربازیی نەکردووەتە سەر ڕووسیا، بە پێچەوانەوە، ئەوەی ئەنجامی داوە تەنیا بەرگریی بووە لە خاکەکەی، بەگوێرەی هەمان مادە، ئەمە مافێکی سرووشتیی خۆیەتی. واتە ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆ ناچێتە نێو چوارچێوەی تاوانی شەڕەنگێزیی دژی ڕووسیا، بەڵکوو تەنیا وەک هەڕەشەیەکی تەناهیی دوور دەبینرێت. هەروەها دەبوو ڕووسیا پێش دەستپێکردنی ئەو هێرشە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئاگادار بکردایەتەوە نەک دواتر.

لەبەر ئەوەی ئۆکراینا هێرشی سەربازیی نەکردووەتە سەر ڕووسیا، کەواتە ئەو تیۆرییەی ڕووسیا پشتی پێ بەستووە، بریتییە لە بەرگریی ڕەوای پێشوەختە، واتە دەوڵەتێک دەتوانێت پەلاماری دەوڵەتێکی تر بدات، تەنانەت پێش ئەوەی هێرشە سەربازییەکە ڕووی دابێت. داهێنەری ئەو تیۆرییە لە یاسای نێودەوڵەتییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کاتێک لە ٢٠٠٣ و لە سەر ئەو بنەمایە ئێراقی داگیر کرد. لە ٣ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دیسانەوە هەمان تیۆری بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانیی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، بەکار هانی. مسۆگەر ئەو تیۆرییە لەگەڵ ئامانجی مادەی ٥١ ناگونجێت، هەر بۆیە تا ئەمڕۆش لەلایەن زۆربەی وڵاتان پەرچ دەدرێتەوە، چونکە ئازادییەکی زۆر بە دەوڵەتان دەدات و ڕێخۆشکەری پەنابردنە بەر هێزە. تەنانەت دادگای دادی نێودەوڵەتییش، لە کێشەی چالاکییە سەربازیی و نیمچە سەربازییەکانی نیکاراگوای (١٩٨٦) بە نایاسایی لە قەڵەمی داوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەگوێرەی ئەو مادەیە دەبێت شەڕەنگێزییەکە سەرەتا ڕووی دابێت، ئینجا دەوڵەتەکە مافی وەڵامدانەوەی دەبێت.

بەرگریی ڕەوای بەکۆمەڵ، پاساوێکی تری ڕووسیایە لەو جەنگە. بەگوێرەی بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە کێشەی نیگاراکوا (١٩٨٦)، کاتێک ئەو وڵاتەی جەنگەکە لە سەر خاکەکەی ڕووی داوە، ڕەزامەندیی بە دەستێوەردانی سەربازیی لە ناوخۆی وڵاتەکەی دەدات و داوای هاوکاریی لە دەوڵەتانی تر دەکات تا پشتی بگرن، ئەو دەستێوەردانە ڕەوایە. نموونەی زیندووش ئێراقە، کاتێک لە ٢٥ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە ڕێی نامەیەکی ڕەسمییەوە لە پێش ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد تا لە جەنگی دژ بە داعش هاوکاریی سەربازیی بکەن.

بە پێچەوانەوە ئۆکراینا، هیچ کاتێک داوای هاوکاریی سەربازیی لە ڕووسیا نەکردووە، بەڵکوو ئەوە هەر دوو هەرێمی جوداخوازی لۆگانسک و دۆنێتسک بوون ئەو داوایەیان کردووە. تەنانەت ئەگەر واش بێت، ئەمە ڕەوایی بە لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا نادات، لەبەر ئەوەی لە یاسای نێودەوڵەتییدا، بەسەربەخۆناسینی تاکلایەنەی هەر دوو هەرێمەکە لەلایەن ڕووسیاوە، ڕاستەوخۆ نایانکات بە دەوڵەت و هەر وەک بەشێکی ئۆکراینا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لە کۆتاییشدا، لە وتارەکەی ٢٤ـی شوباتی پۆتین، خاڵێکی گرینگ بەدی دەکەین، ئەویش بریتییە لە بەراوردکردنی ئەو داگیرکارییە لەگەڵ دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە ئێراق یان هیی ناتۆ لە لیبیا، ئەمە بە ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت؛ بۆچی هەمان کاردانەوەیان بە دوای خۆیان نەهێنا؟

لە کۆتاییشدا، گریمانەی کۆمەڵکوژکردنی ڕووسەکانی هەر دوو هەرێمی لۆگانسک و دۆنیتسک، کە ڕووسیا وەک پاساوی دەستێوەردانی مرۆڤانە بەکاری هێنا، مەبەست لێی تەنیا پاراستنی ڕووسەکانی ئۆکراینا نییە، چونکە بە ڕوانین لە قەبارەی لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا، تەنانەت کار گەیشتە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش، زۆر لەوە گەورەترە تەنیا بۆ مەبەستی سەرەکیی پاراستنی ڕووسەکانی ئەو دوو هەرێمە بێت، بەڵکوو بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیە لە کیێڤ. کورت و پوخت، پاساوی دەستێوەردانی مرۆیی، بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەنجوومەنی ئاسایش ناڕەوایە. بەڵگەش بۆ ئەمە، دەستێوەردانی ناتۆ بوو لە کۆسۆڤۆ لە ساڵی ١٩٩٩.

 بەشی دووەم: ڕۆڵ و هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا 
جەنگی نێودەوڵەتیی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی، کە سەرەکیترین ئامانجی ئەو ڕێکخراوەیە، بە شێوەیەکی مکۆم خستە ژێر پرسیارەوە و وەک ڕێکخراوێکی بێدەسەڵات دەری خست. زۆربەی ڕەخنەکانیش ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کران، ئەمە دەسەڵاتی بڕیاردانی ئەو ڕێکخراوەیە و تایبەتمەندە بە پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی. بەگوێرەی بەندی حەوتی ئەو بنەڕەتنامەیە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەڵەتیی بگرێتە بەر، ئەمە خۆی لە سەپاندنی سزای ئابووریی و ڕێگەدان بە بەکارهێنانی هێز دژی سەرچاوەی ناسەقامگیرییەکە دەبینێتەوە.

گومانی تێدا نییە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەر تێکڕای دەوڵەتان جێبەجێ دەبێت و پابەندن، بەڵام کێشەی سەرەکیی دەرکردنی بڕیار لەو ئەنجوومەنە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی قورسایی دەنگی وڵاتان لە کاتی بڕیاردان. ڕوونتر بڵێین، ئەو ئەنجوومەنە لە ١٥ ئەندام پێک هاتووە و دەیان کاتیین و پێنجەکەی تریش ئەندامی هەمیشەیین، لە نێویشیاندا ڕووسیا. بۆ ئەوەی بڕیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە (جگە لە بڕیارە ئیجرائییەکان) پەسەند بکرێن، پێویستە بە لایەنی کەم نۆ ئەندام دەنگی ئەرێ بدەن، سا نابێت هیچ ئەندامێکی هەمیشەیی مافی ڤیتۆ بەکار بهێنێت. مێژووی ئەو ڕێکخراوە سەلماندوویەتی، هەر بڕیارێک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەندامێکی هەمیشەیی بێت، ئەوا ئەو ئەنجوومەنە پەکی دەخات. باشترین نموونەش، سەردەمی جەنگی سارد بوو، کاتێک ئەو ئەنجوومەنە بەهۆی زۆریی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لەلایەن یەکێتی سۆڤێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەیتوانی هیچ بڕیارێکی گرینگ دەر بکات. دەتوانین بڵێین، مافی ڤیتۆ بۆ پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی زیانی پتر بووە لە سوود.

دوای لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەلبانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەر بنەمای بەندی حەوتی بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆژەبڕیارێکیان پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد. شائامانجی ئەمە شەرمەزارکردنی ئەو دوژمنکارییە و ناچارکردنی ڕووسیا بوو بە وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکانی و کشانەوەی هێزەکانی لە ئۆکراینا بوو. بەڵام وەک چاوەڕێ دەکرا، بەهۆی ڤیتۆی ڕووسیاوە، ئەو پڕۆژەبڕیارە شکستی هێنا. زۆرینەی دەوڵەتانی ئەندام، پشتگیریی ئەو پڕۆژەبڕیارەیان دەکرد و یازدە دەوڵەت بوون و سێ دەوڵەتیش دەنگیان نەدا، ئەوانەش بریتی بوون لە چین و ئیمارات و هیند. خاڵێکی جیاکاریی ئەو پڕۆژەبڕیارە، کە زیاتر وەک نەرمینواندنێک دەبینرێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی شەرمەزارکردن بوو لە جیاتی ئیدانە، کەچی لەو دۆخانەدا ئەمەی دوایی زیاتر بەکار دێت.
 لەبەر ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش یەکەمجاری نییە بکەوێتە دۆخی بنبەست، بۆیە هەر لە سەرەتای جەنگی سارد و کاتی جەنگی کۆریا، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیاری (ڤ)٣٧٧ـی  لە ساڵی١٩٥٠ دەکرد، ئەویش بە ناونیشانی 'یەکێتیی لە پێناو پاراستنی ئاشتیی' و پتر بە بڕیاری 'ئەیچسن' ناسراوە (وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا)، ئامانجی سەرەکیی ئەو بڕیارە، پڕکردنەوەی ڕۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو لە کاتی بوونی هەڕەشە لە سەر ئاشتیی و ئاسایش. واتە؛ کاتێک ئەو ئەنجوومەنە بەهۆی ئەوەی لایەنێکی قەیرانەکە یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ناتوانێت بڕیارێك دەر بکات، ئەوا کۆمەڵەی گشتیی دەتوانێت شوێنی بگرێتەوە و دەستبەجێ تاوتوێی کێشەکە بکات و ڕاسپاردەی پێویست بە وڵاتەکان بسپێرێت، وەک بەکارهێنانی هێز یان سەپاندنی سزا. بەپێی ئەو دۆکترینە، ئەوە ڕاستە کە ئەنجوومەنی ئاسایش دەسەڵاتی سەرەکیی پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەڵام تاکە دەسەڵات نییە.

 بەپێی ئەو بنەمایە، لە ٢٧ـی شوبات، ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری ئیجرائی (٢٠٢٢)٢٦٢٣ پەسەند کرد. لەو بڕیارەدا تەنانەت بەکارهێنانی مافی ڤیتۆش پێشی پێ نەگرت، ئەنجوومەنی ئاسایش، ددانی بەوە نا کە نەیتوانیوە بە ئەرکەکانی خۆی هەڵبستێت، هەر بۆیە داوای کۆبوونەیەکی بەپەلە و نائاسایی کۆمەڵەی گشتیی کرد. لە ٢ـی مارس، کۆمەڵەی گشتیی بڕیارێکی دەرچوواند و ١٤١ وڵات بە ئەرێنیی دەنگیان بۆ دا، ئەو بڕیارە لەشکرکێشییەکەی ڕووسیای شەرمەزار کرد و  بە شەڕەنگێزیی لەقەڵەمی دا. هەروەها داوای لە ڕووسیا کرد دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە سەپاندنی سزاکان یان بژاردەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دژی ڕووسیا نەکرد، واتە وڵاتانی سەرپشک کرد.

ئەو لەشکرکێشیەی سەر ئۆکراینا سەرەتایەکی گرینگی چاوخشاندنەوەیە بە چۆنێتیی دەرکردنی بڕیار لە ئەنجوومەنی ئاسایش، وڵاتان بە شێوەیەکی گشتیی ڕەخنەی توند لە بەکارهێنانی بێشوماری مافی ڤیتۆ دەگرن. بۆیە لە ٢٤ـی ئەپرێڵ، کۆمەڵەی گشتیی لە بڕیارێکی گرنگدا، پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ناچار کرد، کە پێویستە لە داهاتوودا پاساو بۆ بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ بهێننەوە. هەر لەو بڕیارەدا، بە توندیی ئیدانەی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی کرد. لە بڕیارێکی هاوشێوەدا و لە ٧ـی ئەپرێڵ و بەهۆی پابەندنەبوونی بە یاساکانی جەنگ، ئەو کۆمەڵەیە ڕووسیای لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرد. لە لایەکی ترەوە، ڕێکخراوە هەرێمایەتییەکان، بە تایبەتیی یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆڵ و کاریگەرییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەهێزتر بوو، ئەمەش بەهۆی ئەو هەڕەشە شێلگیرەی ئەو لەشکرکێشییە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەورووپا چێی دەکات. ئەم هێرشە وای کرد وڵاتانی یەکێتییەکە یەکگرتووتر بن و یەک سیاسەتی ئابووریی و سەربازیی لەگەڵ ڕووسیا پەیڕەو بکەن. کاریگەریی ئەو جەنگە بە جۆرێک بوو، بۆ یەکەمین جار و لەوەتەی مێژووی درووستبوونی، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا ناردنی چەک و یارمەتیی سەربازیی بۆ ئۆکراینا دا. هەروەها هەر لە ڕۆژانی یەکەمی داگیرکارییەکەوە، یەکێتیی ئەورووپا زنجیرەسزایەکی زیرەکی ئابووریی بە سەر بەرپرسانی ڕووسیا و کەسە نزیکەکانی پۆتیندا سەپاند. بە شێوەیەکی گشتیی، ئەو سزایانە وەک ئامڕازی فشارن بۆ ناچارکردنی ڕووسیا تا هێرشەکانی ڕابگڕێت. ئەو سزایانە هەموو ناوەندە گرینگەکانیان کردە ئامانج. بۆ نموونە، سزا دارایی و ئابوورییەکان، بانکە ڕووسییەکان و کۆمپانیا گشتییەکانی بواری بەرگریییان خستە لیستی سزاکانەوە. هەروەها ناوەندی وزەش، کە بڕبڕەی پشتی پەیوەندیی ئابووریی ڕووسیایە لەگەڵ ئەورووپا، بیبەش نەبوو لە سزاکان و گەمارۆی خرایە سەر. هەروا کۆمپانیاکانی بوارەکانی فڕۆکەوانیی و تەکنۆلۆژیاش خرانە لیستی سزاکانەوە. گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە هەندێک لەو سزایانە، مێژووەکەیان دەگەڕیتەوە بۆ ڕووداوەکانی ٢٠١٤ و ناکۆکییەکانی پەیوەست بە لکاندنی کریمیا لەلایەن ڕووسیاوە، بەڵام لە ٢٠٢٢ توندتر کران و کۆمەڵێک سزای نوێش سەپێنران.

بەشی سێیەم: ئۆکراینا، چ یاساچارەیەکی هەیە؟

 ئۆکراینا، بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکیی خۆی لە پێش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی بە چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، جگە لەو بەرگرییە سەربازییەی دەیکات، هەر لە سەرەتای جەنگەوە جەنگێکی یاسایی دژی ڕووسیا لە پێش دادگا نێودەوڵەتییەکان بەرپا کرد. ئامانجی سەرەکیی ئەو جەنگە یاساییە جێگیرکردنی ئەو ڕاستییەیە، کە ئۆکراینا لە ڕووی یاساییەوە دەوڵەتێکی هێرش­بۆکراوە، هەروەتر بەرپرسیارێتیی یاسایی بخاتە ئەستۆی ڕووسیا و ناچاری بکات زیانەکانی قەرەبوو بکاتەوە. ئێستاکانێ هەر یەکە لە دادگای دادی نێودەوڵەتیی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لەو جەنگە دەکەن. ئەوەی یەکەمیان، بەرزترین دەستەی دادوەریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە، کە بەپێی بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەتمەندە بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی نێوان وڵاتان، ئەوەی دووەمییان بە هەمان شێوە دادگایەکی هەمیشەییە، بەڵام تایبەتمەندە بە دادگایی تاکەکان بۆ ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی وا ئەنجامیان داوە.

سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، لە پاش ناکۆکییەکانی نیمچەدوڕگەی کریمیا، ئۆکراینا لە ٢٠١٧وە سکاڵایەکی دژی ڕووسیا لە پێش دادگای دادى نێودەوڵەتیی تۆمار کرد. سکاڵاکە لە سەر بنەمای هەردوو ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی پاڵپشتی دارایی بۆ تیرۆر و بنبڕکردنی هەموو جۆرە جیاکارییە ڕەگەزییەکانە. بڕیاری کۆتایی لەو کێشەیە لە ٢٠٢٣ دەردەچێت. هەروەک تێبینیی دەکەین، بڕیارەکانی ئەو دادگایە بلەز دەرناچن. سکاڵای دووەمیش بۆ ٢٧ شوباتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، لە سەر بنەمای ڕێککەوتننامەی ١٩٤٨ تایبەت بە نەهێشتن و بنبڕکردنی تاوانی جینۆسایدە، جا هەردوو دەوڵەت واژوویان کردووە. ئامانج لە سکاڵاکە بە ناڕەوادانانی پاساوی سەرەکیی داگیرکارییەکەی ڕووسیایە، کە بریتییە لە جینۆسایدی ڕووسەکانی دۆنباس. بە پێچەوانەوە، ئۆکراینا ڕووسیا بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لە ئۆکراینا تۆمەتبار دەکات. هەر لەو سکاڵایەدا، ئۆکراینا، داوای چالاککردنی بەپەلەی ڕێوشوێنە کاتییەکانی ماددە ٤١ـی سیستەمی بنەڕەتیی ئەو دادگایەی کرد. ئەو ڕێوشوێنانە بەپەلە و پێش دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دەردەچن. ئامانج لەمانە پێشگرییە لە خراپتربوونی تەڵەزگەکە. هەر بۆیە دادگای دادى نێودەوڵەتیی لە ١٦ـی ئادار، لە بڕیارێکیدا داوای لە ڕووسیا کرد، دەستبەجێ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی نێو خاکی ئۆکراینا بهێنێت. ئایا ئەو ڕێوشوێنانە پێبەندن بۆ ڕووسیا؟ سەرەڕای ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردن بۆ ناچارکردنی دەوڵەتان بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە لەگۆڕێ نییە. بەڵام بەگوێرەی بڕیاری ئەو دادگایە لە کێشەی لاگراند (٢٠٠١)، جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنانە، پێبەندن بۆ دەوڵەتان، واتە بە جێبەجێنەکردنیان، بەرپرسیارێتیی یاساییان دەکەوێتە ئەستۆ و لە پێواژۆکانی دواتری ئەو سکاڵایەدا پێگەیان لاواز دەکات.

 ڕووسیا بە بەردەوامیدان بە لەشکرکێشییەکەی دەری دەخات، کە هیچ ڕێزێک لە بڕیارەکانی ئەو دادگایە ناگرێت، بەڵام ئەوە جێی سەرسووڕمان نییە، چونکە لە کێشەی نێوان ڕووسیای فیدراڵ و جۆرجیا (٢٠٠٨)، بە هەمان شێوە پابەندی ڕێوشوێنە کاتییەکان نەبوو. ئەو سکاڵایە تەنیا لە سەرەتاکانێتیی و تا ئێستا ڕووسیا ئامادەی هیچ دانیشتنێکی نەبووە، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو بۆ دادگا تا بە شێوەیەکی سەرەتایی وەک دادگای تایبەتمەند خۆی لەو کێشەیە بناسێنێت و بڕیار دەر بکات. بە هەمان شێوە، دادگای ئەورووپیی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە یەکی ئاداردا و بە سکاڵایەکی هاوشێوە، چەند ڕێوشوێنێکی کاتیی ڕاگەیاند و بەپێی ناواخنەکەى، داوای لە ڕووسیا کرد خۆی لە بەئامانجگرتنی کەسانی سڤیل و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بەدوور بگرێت.

پرسی بەرپرسیارێتیی لە یاسای نێودەوڵەتیی تەنیا تایبەت نییە بە دەوڵەتان، بەڵکوو تاکەکانیش دەگرێتەوە، جا لە هەر پۆستێکدا بن، تەنانەت ئەگەر پارێزبەندی یاسایشییان هەبێت. ئەوەی لێرە گرنگە، بەرپرسیارێتیی تاوانکارییە پەڕاوی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی جەنگی ئۆکراینایە. ئەو دامەزراوە دادوەرییەی تایبەتمەندی ئەو پرسەیە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە و بەگوێرەی بنەرەتنامەى ڕۆما (پەیڕەوی ناوخۆ) لە ساڵی ١٩٩٨ درووست بووە و بنکەکەی لە شاری لاهایە. بەگوێرەی مادەی پێنجی بنەرەتنامەکە، تەنیا چوار تاوانی نێودەوڵەتیی هەن و دەچنە نێو تایبەتمەندیی بابەتی ئەو دادگایە، ئەوانیش: تاوانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتیی، تاوانی جەنگ و تاوانی شەڕەنگێزیی.

هەرچی مەوداى دەسەڵاتی دادوەرییە، بەگوێرەی ماددە ١٢ـی هەمان بنەڕەتنامە، ئەو دادگایە دەتوانێت لە یەکێک لەم دۆخانەدا لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی سەرێ بکات: ئەنجامدەری تاوانەکان هاووڵاتیی یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی دادگاکە بێت، هاووڵاتیی وڵاتێک بێت، کە تایبەتمەندییەکانی ئەو دادگایەی قەبووڵ کردووە، تاوانەکان  لەسەر خاکی وڵاتێکی ئەندامی ئەو دادگایە ڕوویان دابێت یان لەسەر خاکی وڵاتێکی نائەندام، کە تایبەتمەندییەکانی ئەو دادگایەی قەبووڵ کردبێت. هەر لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە، سێ بژاردەی یاسایی بۆ کردنەوەی پەڕاوی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ئۆکراینا هەبوون، جا ئەمە لە سەر داوای یەک یان چەند وڵاتێکی ئەندامی ئەو دادگایە و بە فەرمانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، یان بە دەستپێشخەریی داواکاری گشتیی ئەو دادگایە. سەرەڕای ئەوەی نە ڕووسیا و نە ئۆکراینا ئەندامی ئەو دادگایە نین، کەچی لە ٢ـی ئادار، کەریم خانی داواکاری گشتیی دادگاکە، لە سەر داوا و پاڵپشتیی ٤٤ دەوڵەتی ئەندام، تیمێکی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی دژەمرۆڤایەتیی و تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا درووست کرد. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئۆکراینا، لە ساڵانی  ٢٠١٤ و ٢٠١٥، بە دوو بەیاننامە، دەسەڵاتی ئەو دادگایەی بۆ لپێچینەوە لەو تاوانانەی لە ٢٠١٣ـەوە تا ئەمڕۆ لەسەر خاکەکەی ڕوویان داوە، قەبووڵ کرد.

ڕوون و ئاشکرایە مادەی چوار ئاماژە بە چوار تاوان دەدات، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک بەربەستی یاسایی و دارایی ئەو دادگایە ناتوانێت لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ گشتیان بکات. بۆ نموونە؛ یەکێک لەو دوو مەرجەی لێ بترازێت، ئەو دادگایە ناتوانێت لێکۆڵینەوە لە تاوانی شەڕەنگێزیی بکات، یەکەمیان ئەندامێتیی ئۆکراینایە لەو دادگایە و دووەمیان ئەنجوومەنی ئاسایش فەرمان بکات پەڕاوێک لەمەڕ ئەو تاوانە بکاتەوە. هەرچی تاوانی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆڤایەتیین، سەلماندنیان قورسترە و بابەتێکی هەستیارترن.

 ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی ئەو تیمە زیاتر بەرەو جێگیرکردنی تاوانەکانی جەنگ دەچن، ئەمەش شتێکی ئاساییە، چونکە زۆربەی بەڵگەکانی پەیوەندیدار بە جەنگی ئۆکراینا، پشتڕاستی ئەو تاوانە دەکەنەوە وا پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیییە. مادەی هەشتی بنەڕەتنامەى ڕۆما، خەسڵەتەکانی ئەو تاوانەی ژماردووە. بە شێوەیەکی وردتر، بۆ ئەوەی مادەی هەشت جێبەجێ بێت، دەبێت سێ مەرج هەبن: یەکەم، تاوانەکە لە مادەی هەشت باسی لێوە کرابێت و یاساخ بێت. بۆ نموونە، کوشتنی بەئەنقەست، ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە، بۆمباران و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و شوێنی نیشتەجێبوون و هتد... دووەم، پێویستە تاوانەکە لە کاتی جەنگ ڕووی دابێت. سێیەم، دەبێت تاوانبار بەئەنقەست تاوانەکەی ئەنجام دابێت. بەگوێرەی چەندین ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، هێزەکانی ڕووسیا تاوانی جەنگییان لە ئۆکراینا ئەنجام داوە. نموونەی زیندووش، کوشتاری خەڵکی شارۆچکەی بۆچایە لە ئەپرێڵی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا، ئەمەش پاش کشانەوەیان لەو ناوچەیە.
جەنگی ئۆکراینا بەو ئاڵۆزییەوە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی قورسی یاسایی ڕووبەرووی کارەکانی ئەو دادگایە دەکاتەوە. سەرەتا نابێت بیرمان بچێتەوە، لایەنێکی جەنگەکە وڵاتێکی زلهێزی وەک ڕووسیایە و جگە لەوەی هیچ هاوکارییەکی ئەو دادگایە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان و ڕادەست کردنی تۆمەتباران ناکات، لێ بەردەوامیشە لە تاوانکارییەکانی لە ئۆکراینا. هەروەها ئەو دادگایە پێویستی بە هاوکاریی دارایی و مرۆیی دەوڵەتان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانە بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگەکان و دەستنیشانکردنی کەسانی تاوانبار.

کۆتایی
ئەو جەنگە نێودەوڵەتییە بۆمانی دەرخست، کاتێک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش لەو جەنگە تێوە دەگڵێت، یاسای نێودەوڵەتیی تا چ ڕاددەیەک جێبەجێ دەبێت. سەرەڕای ڕێزنەگرتنی یاسای نێودەوڵەتیی لەلایەن ڕووسیاوە، کە توانی ئەنجوومەنی ئاسایش پەک بخات، بەڵام هەموو هەوڵەکان لەوە چڕبوونەوە کە ڕووسیا ناچار بکەن ڕێز لە یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی بگرێت. ڕوون و ئاشکرایە ئۆکراینا ناتوانێت بە جەنگە یاساییەکەی، زیانە مرۆیییەکان داکشێنێت یان لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا بوەستێنێت، بەڵکوو ئەوە ڕێکەوتنە سیاسییەکانن جەنگ ڕادەگرن؛ بەڵام هەوڵەکانی وا دەکەن لە پێش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی زیان بە ناوبانگی یاسایی ڕووسیا بگەیەنێت و پێگەی یاسایی خۆشی قایمتر بکات. کۆمەڵێک پرسی یاسایی تری پەیوەست بەو جەنگە هەن تا ڕوونیان بکەینەوە، بە تایبەتیش یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و یاساکانی جەنگ، بەڵام لەبەر کەمیی دەرفەت، ناتوانین لێرەدا بەرباسیان بدەین.