ساڵ: 2022
ئەم توێژینەوەیە
لە بنەما یاساییەکانی بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی لە هەرێمى کوردستان
دەکۆڵێتەوە، ئەمەش بە شیکاریی خەسڵەتە کاریگەرەکان و بە
مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی. هەروەتر، لە ئەنجامدا توێژینەوەکە مەبەستێتى
پێویستیی و ڕێکارەکانى جێبەجێکردنی یاساى یاساغکرنى تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە
هەرێمی کورستانی ئێراق بخاتە ڕوو. جا ئەمە لە سەر بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمیی
و بنەماکانی تری دەسەڵاتیی دادوەریی.
ئەم توێژینەوەیە
ئامانجێتى کێشە بنچینەییەکانی ئەم پڕۆسەیەیە، وەک، ئاڵۆزیی و پێکهاتە جیاکەرەوەکانی
یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی و بەربەستە یاساییەکانی بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی
نێودەوڵەتیی و ڕەهەندە کردەیی و تەکنیکییەکانی ئەم بوارە، بدۆزێتەوە. لە ئەوانەش؛ ئاریشەکانى
توانای دادوەر و داواکاری گشتیی و پارێزەران. سا ئەم توێژینەوەیە ئاماژە بەو
لەمپەرانە دەدات وا لەوانەیە لە کاتی بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتییدا
ڕووبەڕووی ببنەوە و پێشنیاری خۆى بۆ زاڵبوون بە سەر ئەو کێشانەدا دەکات.
لەم توێژینەوەدا
بەربەستە سەرەکییەکان شیی کراونەتەوە و ئەو ئارێشانەى یاساسازان و دادوەر و
داواکاریی گشتیی و پارێزەران لە بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی تووشی
دێن، باسیان لێوە کراوە، لەم چوارچێوەیەشدا توێژینەوەکە دەیەوێت پڕۆسەى یاسادانانى
یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانى سەرشانى هەرێمى کوردستان و ئێراق، ئەوانەى وا لە ڕێى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە لەسەر شانیانە، چارە بکات، ئەمەش
بەهۆی ئەوەی ئێراق دەوڵەتێکی جووتجەمسەرە و دەرکردنی یاسای ناوخۆیی گەرەک، ئەمەش
بۆ پێدانی کاریگەریی بە ڕێککەوتننامە پەسەندکراوەکان. هەروەها ئێراق چەندین
پەیماننامەی فرەلایەنی پەسەند کردووە، لە نموونەی ئەوانەش؛ پەیماننامەکانى ژنێف و
پەیماننامەى جینۆساید؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئێراق لە دەرکردنی یاسا نێوخۆییە
پێویستەکان بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانەی وا ئەو پەیماننانە یاساغیان کردووە، شکستی
هانیوە.
لە لایەکی ترەوە،
ئامانجی گشتیی ئەم توێژینەوەیە، لێکۆڵینەوەیە لەو کێشانەی لە کاتی جێبەجێکردنی
یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی و دادگایی تاوانباران دەردەکەون و زۆربەی جار ڕووبەڕووی
یاساسازان و دادوەرانی هەرێمی کورستانی ئێراق دەبنەوە. ئەم ئامانجەش تەنها گرنگیی
بە نوێکردنەوەی یاسا نادات، بەڵکوو دەتوانرێت وەک ڕێگەیەک بۆ گۆڕینی کەلتووریی
یاسایی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق تێی هەڵبڕوانرێت، ئەمەش بە هێنانەناوەوەی تەواوی
یاسای نێودەوڵەتیی.