سەرتاوتار و شیکاری

ناسانامە و بارى یاسایی کەمینەکانى هەرێمى کوردستان

بەشى یەکەم لە دوو بەش

پێشەکیی
هەرێمی کوردستان چەندین کەمینەی ئایینی و نەتەوەیی و زمانیی لە ئامێز گرتووە. زۆرینەیان خاوەن ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵن لەم بۆتە جوگرافییەدا، هەشە لە مێژ نییە بە هۆکارگەلی جوودا پەیدابووە و ئێستا بەشێکی دانەبڕاوە لە پانۆرامای کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتووریی هەرێم. سەرەڕای ئامادەگیی بەرچاوی ئەم دیاردەیە، کەمترین تێکستی لەمەڕ نووسراوە، بە شێوەیەک، لە کێڵگەیەکی مەعریفیی وەک یاسادا، هیچ دەقێکی کوردیمان لە بەردەستدا نییە کە دوور یان نزیک شەنوکەوێکی یاسایی پرسی کەمینەکان بکات و گرفت و ئاریشە یاساییەکانیان دەستنیشان بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە پرسی کەمینەکان لە جیهاندا بووەتە تێما و بابەتێکی گرنگی ناو کایەکانی ڕۆشنبیری بە گشتی و تەقەلا و توێژینەوە یاساییەکان بە تایبەتی. چاوبڕین لە پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە دیارەی کتێبخانەی کوردی ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی نووسینی ئەم باسە بێت.

ناساندنی کەمینەکان
سەرەتا پێویستە هێمایەکی ڕەوتەنی بۆ ئەوە بکەین کە بەکارهێنانی وشەی (کەمینە) لە زمانی کوردیدا و (أقلیة) لە عەرەبیدا بۆ خۆی خاڵێکی پڕ کێشەیە، گەر چاو بە فەرهەنگەکاندا بخشێنین، (کەم) لە کوردیدا دژی (فرە)یە و (القلة) لە عەرەبیدا دژی (الكثرة)یە، هەر لێرەشەوەیە بەشێک لە تاکەکانی سەر بە کەمینەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم زاراوانە پلارەکین و تەنها ڕەهەندێکی ژمارەییان نییە، بەڵکو بە هێماگەلێکی نەرێنی و ناژمارەیی بار کراون، بە شێوەیەک، گۆکردنی کەیل و لێوانلێوە لە هەجووکردنی ئەوی دیکەی (کەم). پێ دەچێت هەر لەبەر ئەمە بێت یاسادانەری دەستووری عێراقی و پەرلەمانی کوردستان وشەی (مکون/ پێکهاتە)یان لەجیاتیی (أقلیة/ کەمینە) بەکار بردووە.

بەو پێیەی کە (Minority) لە وشەی لاتینی (Minor) وە ڕەگ دەگرێت. ئێمە لە زمانی ئینگلیزیدا لەبەردەم هەمان گرفتداین، بەڵام بە بەڵگەی جێگیرکردنی (Minority) لە تیکڕای پەیماننامە و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکاندا، پێ دەچێت ئەو گرژی و هەستیارییەی دروست نەکردبێت.

لە زەمینی زمانەوانی دەردەچین و دێینە سەر پێناسەی کەمینەکان، هەرچەندە کارێکی ئاسان و سانا نییە بە هۆی بوونی تێڕوانین و دیدگای جیاواز و جۆراوجۆر لەسەری، بەڵام دیاریکردنی وردی ئەم چەمکە و دەرخستنی گشت لایەنەکانی پێداویستییەکی یاسایی و لۆگیکییە. وەک ڕێزێکیش بۆ خوێنەرانی قەدرگرانمان، تا بتوانین لەو بێسەروبەرییەی کە زۆرێک لە پەرتووک و ماستەرنامە و دکتۆرانامەکان لەمەڕ پێناسەی کەمینەکان تێی کەوتوون، خۆمان دوور دەگرین. ئەمەش سەرەتا بە دیاریکردنی ئەو پێودانگانەی کە پێناسەکان پشتی پێ دەبەستن، پاشان بە پۆلاندنی پێناسەکان بە گوێرەی لایەنی پێناسەکار.


پێودانگی ژمارەیی
بەپێی ئەم پێودانگە، کەمینەکان ئەو گرووپە ڕەگەزی و ئیتنیکی و ئایینی و زمانییانەن کە ژمارەی تاکەکانیان کەمترە لە هاونیشتیمانییەکانیان، بە چاوپۆشین لەوەی هەژمووندارە یاخود نا، دەسەڵاتدارە یاخود دەسەڵاتبەسەرداسەپاوە.
هەندێک لە دەوڵەتان فراوانکارییەکیان لەم پێودانگەدا کردووە و مەرجی ئەوەیان داناوە بۆ ئەوەی گرووپێک کەمینەبوونی بدەینە پاڵ، پێویستە ژمارەی تاکەکانی بگاتە ئاستێکی دیاریکراو. هەرچەندە (ئاستێکی دیاریکراو) دەستەواژەیەکی سرک و لاستیکییە و بە ئاستەم دەتوانین شتێکی لەسەر بونیاد بنێین، بەڵام لەبەر ئەوەی لە لایەک بە کەمینە ناساندنی هەر گرووپێک گراناییەکی زۆر دەخاتە سەر بوودجەی گشتی و لە لایەکی دیکەوە ئامانجی ئەم گرووپانە بە ژمارەیەکی دیاریکراو نەبێت بەدی نایەت، ئێمەش بە پێویستی دەزانین کە ئەم ژمارەیە لە ئاستێکی دیاریکراودا بێت، وەلێ لەمەدا لەتەک هیچ ڕەهابێژییەکدا نین، چونکە دەشێت کەمینە سەرەڕای کەمیی ژمارەی تاکەکانی، خاوەن ئاراییەکی مینۆکیی گەورە بێت، جگە لەوە دانانی بەربەستی ژمارەیی ئەوە دەگەیەنێت کە گرووپە بچووکەکان وەدەر دەنرێن لە چوارچێوەی پاراستنی کەمینەکان، ئەمە لە کاتێکدا ئەوە ئەوانن زیاتر ئاتاجی ئەم پاراستنەن.هەڵبەت ناتوانین ئەم پێودانگە نادیدە بگرین لە دیاریکردنی کەمینەکاندا، بەڵام سەیرکردنی وەک تاکە پێودانگ دەمانخاتە بەردەم ئاریشەی گەورەوە، چونکە گرووپگەلێک هەن سەرەڕای کەمیی ژمارەیان، باڵادەستن بەسەر کایەی سیاسی و ئابووری و کولتووریدا، ئەمانە پێویستیان بە پاراستنی یاسایی نییە، دیارترین نموونە بۆ ئەمە، کەمینەی سپیپێست بوو لە باشووری ئەفریکا.

پێودانگی هەژموون یاخود باڵادەستی
بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر، ئەم پێودانگە ژمارە نادیدە دەگرێت و چاو لە هەژموون و باڵادەستی دەبڕێت، (کەمینە)کان لێرەدا ئەو گرووپە ڕەگەزی و ئیتنیکی و نەتەوەیی و ئایینی و زمانییانەن کە خاوەن هەژموونی سیاسی و ئابووری و کولتووری نین لە وڵاتدا.
هەرچەندە ناتوانین باشییەکانی ئەم پێوەرە نەنرخێنین، بە تایبەت لەوەدا کە لە ڕێگەی پێدانی ماف و جیاوکی کەمینەکانەوە، چارەسەری کێشەی زۆرینە پەراوێزخراوەکان دەکات، بەڵام ئەوەشی لێ دەخوێنینەوە کە بەگوێرەی ئەم پێودانگە، کەمینە تەنها لەو وڵاتانەدا هەن کە جیاکاری دەکرێت لە نێوان هاووڵاتیاندا و تێیدا گرووپێک یاخود چەند گرووپێک ڕەشمەی کایەکانی سیاسەت و ئابووری و کولتووریان بە دەستە و گرووپێک یان گرووپگەلێکی دیکە لە پەراوێزدان، بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت لە وڵاتێکدا کەمینە بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی جیاکارییەکی گشتی و تایبەتیی ئەوتۆ لە گۆڕێدا بێت.

پێودانگی ژمارە - هەژموون
زۆرێک لە لێکۆڵەرە یاساییەکان هەردوو پێوەرەکە لەیەک دەدەن و لە پێناسەکانیاندا تیشک دەخەنە سەر ژمارە و هەژموونیش، کەمینەکان لای ئەمان بریتین لەو گرووپە ڕەگەزی و ئیتنی و نەتەوەیی و ئایینی و زمانییانەی کە ژمارەی تاکەکانیان کەمترە بەراورد بە هاونیشتیمانییەکانیان و هەژموونداریش نین لە وڵاتدا.
دوای باسکردنی ئەم پێودانگانە، گواستنەوەی میکانیکی دیارترینی ئەو پێناسانەی بۆ کەمینەکان کراون، ڕادەپەڕێنین.

پێناسەی دادگای نێودەوڵەتیی هەمیشەیی داد
پەیماننامەی یۆنانی - بولگاریی پەیوەنددار بە کۆچی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵەکان (١٩١٩)، کۆمیتەیەکی هاوبەشی بۆ ئاسانکاری لەم کۆچکردنەدا پێک هێنابوو، کۆمیتەکە هەر لە سەرەتاوە ڕووبەرووی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە لێکدانەوەی (کۆمەڵەکان/Communities) کە لە مادەکانی (٦) و (٧)ی پەیماننامەکەدا هاتبوو. لەبەر ئەمە ئەنجوومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکان، بە بڕیارێک لە (١٦ی یه‌نایری ١٩٣٠)دا داوای لە دادگای نێودەوڵەتی هەمیشەیی داد کرد بۆچوونی ڕاوێژکاریی خۆی سەبارەت بە (کۆمەڵەکان) بخاتە ڕوو.

لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، دادگا لە (٣١ی یولیوی ١٩٣٠)دا بۆچوونی ڕاوێژکاریی خۆی دەرکرد و کۆمەڵەکانی بەم شێوەیە ناساند ((گرووپێکە لە خەڵکی لە دەوڵەتێکدا یان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەژین، خاوەن بنچینەی ڕەگەزی و ئایین و زمان و نەریتی تایبەتی خۆیەتی، یەکانگیرە بە شوناسی ڕەگەز و ئایین و زمان و نەریت لەژێر سایەی هەستکردن بە سۆڵیدارێتی لە نێوانیاندا بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە نەریت و شێوازی پەرستن و گەرەنتیی فێرکردن و پەروەردەی نەوەکانیان بەگوێرەی ڕۆح و نەریتی بنچینە ڕەگەزییەکەیان و بەدیهێنانی یارمەتیی ئاڵوگۆڕ بۆ هەریەکەیان)).


پێناسەی کۆمیتەی لاوەکیی نەهێشتنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکان
ئەم کۆمیتەیە پتر لە هەر دەزگایەکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی هەبووە لە چەمکاندنی (کەمینەکان)دا، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوودا فرانشیسکۆ کاپۆتۆرتی (F. Capotoriti) ی وەک بڕیاردەری تایبەت دیاری کرد بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لەمەڕ پێناسەی کەمینەکان بە مەبەستی چەسپاندنی دەقی مادەی (٢٧) ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (١٩٦٦).کاپۆتۆرتی لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی (١٩٧٧)یدا بەم شێوەیە پێناسەی کەمینەکانی کرد ((گرووپێکە لە ڕووی ژمارەییەوە کەمترە لە باقیی دانیشتوانی دەوڵەتەکەی، لە دۆخێکی ناباڵادەستدایە، تاکەکانی –کە هاووڵاتیی ئەو دەوڵەتەن- هەڵگری تایبەتمەندیی ئیتنی یان ئایینی یان زمانی جوودان لە هیی زۆرینەی دانیشتوان، لە نێوانیشیاندا –گەر بە شێوەیەکی ناوەکییانەش بێت- هەستێکی سۆڵیدارێتییان تیدا دەگەڕێت بە ئاڕاستەی پاراستنی کولتوور یان نەریت یان ئایین یان زمانیان)). لە ساڵی (١٩٨٥)دا جارێکی دیکە ئەم کۆمیتەیە لەتەک گرفتی ناساندنی کەمینەکاندا دەرگیر بوو، کاتێک جۆن دیشین (J. Deshenes) ی ئەندامی ڕاسپارد بۆ داڕشتنی پێناسەیەکی نوێی کەمینەکان. دیشین بەم شێوەیە پێناسەی کرد ((گرووپێکە لە هاووڵاتیانی دەوڵەتێک، کەمینەیەکی ژمارەیی پێک دەهێنن، لە دۆخێکی ناباڵادەستدان لەو دەوڵەتەدا، هەڵگری تایبەتمەندیی ئیتنی یان ئایینی یان زمانیی جیاوازن لە هیی زۆرینەی دانیشتوان، هەستێکی سۆڵیدارێتی لە نێوانیاندا دەبینرێت کە ویستێکی بەکۆمەڵ بۆ مانەوە –وەک گرووپێکی جیاواز- دەیبزوێنێت، ئامانجیشیان یەکسانییە لەتەک زۆرینەدا لە یاسا و لە واقیعدا –Fact)). دوای هەموو ئەوەی کە باسمان کرد، جێی خۆیەتی پێناسەی دڵخوازی خۆمان بخەینە ڕوو، لە دیدی ئێمەوە، کەمینە ((گرووپێکی ناباڵادەستە لە دەوڵەتدا، ژمارەی کەمترە لە هاونیشتیمانییەکانی، تاکەکانی بە یەکێک یاخود زیاتر لە بەستەرە جیاکارەکانی (ڕەگەز، ئیتنیک، نەتەوە، ئایین، زمان) پێکەوە گرێ دراون، خاوەن ویستێکی (ئاشکرا یان نێوەکی)ن بۆ پاراستنی ئەم تایبەتمەندییانە و گەشەپێدانیان)).

توخمە پێکهێنەرەکان
لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیەی کە بۆ کەمینەکان کردمان، هەر گرووپێکی مرۆیی ئەم توخمانەی لە خۆیدا کۆ کردەوە، دەتوانین بە کەمینە ناودێری بکەین:

توخمی وڵاتنامە (الجنسية):
تاکەکانی سەر بە کەمینەکان بە شێوەیەکی گشتی هەڵگری وڵاتنامەن لە دەوڵەتدا، لێرەشەوە ئەوە هەڵدەهێنجێنین کە بێگانەکان و پەنابەرەکان و کۆچبەرەکان نابنە کەمینە. بەڵام بە شێوەیەکی ڕیزپەڕانە، بە چاکی دەزانین کە وڵاتنامە نادیدە بگیرێت بۆ ئەو گرووپانەی لەبەر جیاوازییە ڕەگەزی و ئیتنی و نەتەوەیی و ئایینی و زمانییەکان لە وڵاتنامە بێبەش کراون، لەبەر ئەوەی ئەم کردەیە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە، بە دیاریکراوی مادەی (٩)ی ڕێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی نەبوونی وڵاتنامە (١٩٦١).

توخمە بابەتییەکان:
مەبەستمان لە توخمگەلی بابەتی بنەما جیاکارەکانی وەک ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و زمانە. خاڵی گرنگی جێمەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئەم تایبەتمەندییانە پێویستە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە زۆرینەی داببڕێت، تەنها جیاوازی لە شێوەزاردا یاخود لە مەزهەبی ئایینیدا نابنە پاسا و هەنجەت بۆ دروستبوونی کەمینەی زمانی یان ئایینی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە، هەورامییەکانی هەرێمی کوردستان و کوردانی فەیلی هیچ کامیان کەمینەنین، ئاخر هەورامی شێوەزارێکی زمانی کوردییە، نەک زمانێکی جیاواز، هەمان شت بۆ کوردانی فەیلی دروستە، ئەوان وەک شیعە خاوەن ئایینێکی دیکەی جیاواز نین لە ئایینی زۆرینە.

توخمی ژمارەیی:
پێویستە کەمینە لە ڕووی ژمارەییەوە کەمتر بێت لە باقیی هاووڵاتیان، ئەمەش بە ئەستەم لەم دوو شیمانەیە دەردەچێت:
کەمینەیەک یان چەند کەمینەیەک لەتەک زۆرینەیەکدا دەژین کە زیاتر لە نیوەی هاووڵاتیان پێک دەهێنێت. زۆرینەیەک لە ئارادا نییە و وڵات لە چەند کەمینەیەک پێک دێت. لێرەدا ئەو گرووپ یاخود گرووپانەی باڵادەستن، پێگەی یاسایی زۆرینە وەردەگرن و بە پێچەوانەشەوە گرووپ یاخود گرووپە ناباڵادەستەکان دەبنە کەمینە. ڕەنگە هەبێت بپرسێت ئەی ئەگەر وڵاتێک لە دوو گرووپی بەحەشیمەت یەکسان پێک بێت، ئەو کاتە چی؟! هەرچەندە پێ دەچێت ئەمە تەنها گریمانەیەک بێت و بەس، وەلێ دەڵێین پێویستە لێرەدا ڕەگەزی ژمارە وەلا بنێین و تیشک بخەینە سەر باڵادەستی، بە شێوەیەک، گرووپی باڵادەست زۆرینەیە و ئەوی دیکە کەمینە.

توخمی ناباڵادەستی:
ئەو گرووپە بچووکانە لە لوتکەی هەرەمی سیاسی و ئابووری و کولتووریی کۆمەڵگەدان، نابنە کەمینە، زۆر بە سادەیی، لەبەر ئەوەی پێویستیان بەو پاراستنە نییە کە کەمینەکان لێی سوودمەند دەبن.

توخمی کەسی یاخود دەروونی:
ڕەگەزە بابەتییەکانی بەس نین بۆ دروستبوونی کەمینە، بەڵکو دەبێت تاکەکانی سەر بە کەمینەکان لە ئاستێکی هۆشیاریی وادا بن کە پەی بە جیاوازبوونی خۆیان ببەن، بە جۆریک، جێناوی (ئێمە) بۆ خۆیان و (ئەوان) بۆ ئەوانی دیکە بەکار بهێنن. ئەمە جگە لەوەی دەبێت هەڵگری ویستی پاراستنی ئەم تایبەتمەندییانە و گەشەپێدانیان بن.

پۆلاندنی کەمینەکان
کەمینەکان لە ڕوانگە و کێڵگەی مەعریفیی جیاواز و جۆراوجۆرەوە پۆلێن دەکرین، بەڵام سروشتی یاساییانەی کارەکەمان وا دەخوازێت ئێمە تەنها تیشک بخەینە سەر ئەو پۆلاندنانەی کە لە ڕووی یاساییەوە بایەخدارن. پۆلاندنی کەمینەکان بەپێی دابەشبوونی جوگرافییان بەسەر دەوڵەتەکاندا، کەمینەکان لەم گۆشەنیگایەوە دوو جۆرن: ئەو کەمینانەی کە تاکەکانی لە چوارچێوەی هەرێمی دەوڵەتێکدا قەتیس ماون. ئەو کەمینانەی کە تاکەکانی بەسەر هەرێمی چەند دەوڵەتیکدا پەرت بوون. گرنگیی یاسایی ئەم پۆلێنکردنە لەوەدا دەردەکەوێت ئەو کەمینانەی دەکەونە هەرێمی زیاد لە دەوڵەتێکەوە، مافی چێکردنی پەیوەندیی سنووربەزێنیان هەیە کە لە لاپەڕەکانی دواتردا باسی دەکەین.
پۆلاندنی کەمینەکان بەپێی دابەشبوونی جوگرافییان لە نێو دەوڵەتدا

لەم ڕووگەیەوە دیسان کەمینەکان دوو جۆرن:
ئەو کەمینانەی کە تێکڕای یاخود زۆرینەی دانیشتوانی بەشێک لە هەرێمی دەوڵەتەکە پێک دەهێنن.
ئەو کەمینانەی تاکەکانی پەرشبڵاو بوونەتەوە بە سەرتاسەری هەرێمی دەوڵەتەکەدا، یاخود ئەگەر چڕییەکی نیشتەنییشیان لە بەشێکی هەرێمی دەوڵەتەکەدا هەبێت، بەو ڕێژەیە نییە کە ببنە زۆرینە لەو بەشەدا. بایەخی ئەم دابەشکارییە لە ڕووی یاساییەوە لەوەدایە، کە ئەو کەمینانەی تەواوی یاخود زۆرینەی تاکەکانیان لە شوێنێکدا چڕ بوونەتەوە، ئەگەر سەرجەمی یاخود زۆرینەی دانیشتوانی بەشێکی هەرێمی دەوڵەتێک پێک بهێنن، ئەوا دەتوانن داوای خۆسەریی کولتووری و تەنانەت سیاسی بکەن، بۆ نموونە، کورد وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی لەبەر ئەوەی زۆرینەی بەشێک لە هەرێمی عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا پێک دەهێنێت، دەتوانێت بە ڕەخسانی مەرجەکانی دیکە داوای سەربەخۆیی کولتووری و سیاسی بکات، بەڵام مەندائییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم مافەیان بە هۆی پێکنەهێنانی زۆرینە لە هیچ جێگه‌یەکدا نییە.

پۆلێنکردنی کەمینەکان بەپێی تایبەتمەندییە جیاکارەکانی
کەمینەکان بەگوێرەی ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە لایەکەوە تاکەکانی پێکەوە دەبەستێت و لە لایەکی دیکەوە لە گرووپەکانی دیکەی دادەبڕێت، بەسەر چوار جۆردا دابەش دەکرێن:

کەمینە ڕەگەزییەکان (Racial Minorities):
ڕەگەز (العرق) لە دیدی فەرهەنگسازانەوە بریتییە لە بنچینەی هەر شتێک، کەواتە لە پێناسەکردنی گرووپە ڕەگەزییەکاندا، توخمگەلی بایۆلۆگیی وەک ڕەنگی پێست و قژ و چاو و درێژی و کورتیی باڵا زەق دەکرێنەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە (دینکن میتشیل) باوەڕی وایە کە زاراوەی ڕەگەز بۆ ئەو گرووپانە بەکار دێت کە تاکەکانی هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکی بایۆلۆگیی بۆماوەیی هاوبەشن. لای کۆمەڵەی ئەنسرۆپۆلۆگی شاهانەی بەریتانیا، کۆمەڵە ڕەگەزییەکان بریتین لە ئەو کۆمەڵە بایۆلۆگییانەی کە چەند تایبەتمەندییەکی بۆماوەیی هاوبەش جیایان دەکاتەوە لە گرووپەکانی دیکە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە، دەتوانین بڵێین کەمینە ڕەگەزییەکان بریتین لەو کەمینانەی تاکەکانی هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکی بایۆلۆگیی بۆماوەیی جیاوازن لە زۆرینەی هاووڵاتیان. دیارترین نموونە بۆ ئەم جۆرە لە کەمینە، ڕەشپێستەکانی ئەمەریکان؛ ئەوان سەرباری زمان و ئایین و کولتووری هاوبەش لەتەک زۆرینەی سپیپێستدا، ڕەنگییان وایان لێ دەکات جیاواز دەربکەون لەو وڵاتەدا. شایانی باسە لە ئێستادا بە هۆی جووڵەی مرۆیی بەردەوامەوە ڕەگەزە مرۆییەکان بە پوختی و بێگەردیی جارانیان نەماونەتەوە. ئەگەر ڕەگەزێکیش بانگەشەی پوختیی خۆی بکات، ناتوانێت لافی باڵایی و نەبەردی و دلاوەری بەسەر ڕەگەزەکانی دیکەدا لێ بدات وەک ئەوەی لە ئەڵمانیای هیتلەریدا بینیمان کە چۆن دیماگۆگییانە تیۆرەکەی داروین بۆ داروینیزمی کۆمەڵایەتی بەگەڕ دەخەن و شکۆ دەدەنە ڕەگەزی ئەڵمانی، لەبەر ئەوەی خۆشبەختانە لە یاسای گشتیی نێودەوڵەتیدا هەموو ئەو تیۆرانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕەگەزێکی دیاریکراو بە سروشتی خۆی باڵاترە یاخود نەویترە لە ئەوانی دیکە، هیچ بنەمایەکی نییە لە زانستدا و پێچەوانەی پرەنسیپە ئەدەبی و مۆڕاڵییەکانی مرۆڤن. ماوەتەوە بڵێم کە سەرەتا زاراوەی ڕەگەزی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەکار دەبرا، وەلێ کۆمیسیۆنی لاوەکیی نەهێشتنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکان لە ساڵی (١٩٥٠)دا بڕیاری گۆڕینی دا بە زاراوەی (ئیتنی)، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییەی کە زاراوەی دووەم هێما بۆ مەودایەکی بەرفراوانتر دەکات و سەرباری شەقڵە بایۆلۆگییەکان، تایبەتمەندییە کولتووری و مێژووییەکانیش دەگرێتە خۆی.

کەمینە زمانییەکان (Linguistic Minorities):
ئەو کەمینانەن کە بە شێوەیەکی گشتی شوناسی خۆیان لە بەکارهێنانی زمانێکی جیاواز لە زمانی زۆرینە یاخود فەرمییەوە وەردەگرن. بە بیری خوێنەری هێژا دەهێنمەوە کە گرنگە جیاکاری بکەین لە نێوان زمان (Language) و شێوەزاردا (Dialect)؛ ئەمەی دووەمیان نابێتە بنەما بۆ دروستبوونی کەمینەی زمانی.

کەمینە نەتەوەییەکان (National Minorities):
هەندێک لە لێکۆڵەران، لەوانە پرۆفیسۆر (F. Ermacora)، پێیان وایە کە خاڵی جیاکەرەوە لە نێوان کەمینەی ئیتنی و نەتەوەیی بریتییە لە خواستی جۆری دووەم بۆ شادبوون بە مافە سیاسییەکان و ویستیان بۆ بەشداریی سیاسی لە دەوڵەتدا وەک گرووپێکی سەربەخۆ لەو تاکانەی کە پێکی دەهێنن. لە سایەی ئەم جیاکارییەشەوە دەتوانین بڵێین کە کەمینە نەتەوەییەکان سەرجەم ئەو کەمینە ئیتنییانەن ئەم ویست و خوازیارییەیان تێدا بەدی دەکرێت.

کەمینە ئایینییەکان (Religious Minorities):
کەمینە ئایینییەکان ئەو کەمینانەن کە پەیڕەوکردنی ئایینێکی جیاواز لە ئایینی زۆرینە یان لە ئایینی فەرمیی دەوڵەت لە داڕشتنی شوناسیاندا دەبێتە تاکە بنەما یاخود شابنەما. لێرەدا بە باشی دەزانین ئەو پێودانگانە بخەینە ڕوو کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانین بڕیاری ئەوە بدەین کە کەسێکی دیاریکراو سەر بە کەمینەیەکی دیاریکراوە.

پێودانگی کەسی:
ئەم پێودانگە پشت بە ڕاگەیاندنی خودی کەسەکە دەبەستێت، بەو واتایەی ئەگەر کەسێک خۆبەندی (انتماء)ی خۆی بۆ کەمینەیەک ڕاگەیاند بەبێ هیچ تۆبزکاری و زۆرلێکردنێک (اكراه)، ئەوا ئەم کەسە سەر بەو کەمینەیەیە کە خۆی دیاریی دەکات.

پێودانگی بابەتی:
بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر، لێرەدا دەڕوانینە ڕەگەزە بابەتییەکانی وەک (ناوی کەسەکە، بنچینەی، زمانی خۆیی و باوانی، ئایینی باوک و باپیرانی...هتد). دەربارەی ئەوەی کار بە کام لەم دوانە بکرێت، بە تەواوی لەتەک مامۆستا (وائل احمد علام)دا هاوڕاین و بە چاکی دەزانین پشت بە پێودانگی یەکەم بۆ کەمینە ئایینییەکان و هەردوو پێودانگەکە پێکەوە بۆ جۆرەکانی دیکەی کەمینە ببەسترێت، چونکە ئەگەر تەنها ڕەچاوی پێودانگی کەسی بکەین بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە فڵانەکەس سەر بە ئەم یان ئەو کەمینە ئیتنی و نەتەوەیی و زمانییەیە، زۆر جار بە هەڵەدا دەچین و دەشێت ئەندامێکی زۆرینە لەبەر کۆمەڵێک بەرژەوەندی خۆی بداتە پاڵ کەمینەیەک، بە هەمان شێوە ناتوانین پێودانگی بابەتی بە تەنها وەرگرین، چونکە دەکرێت کەسێکی سەر بە کەمینە ناوێکی زۆرینەی لە خۆی نابێت و بە زمانی ئەوانیش بپەیڤێت. لە کۆتاییدا دەڵێین گرنگیی یاسایی ئەم پۆلاندنە لە جۆری ئەو داخوازییانەدا ڕەنگ دەداتەوە کە هەر یەک لەم کەمینانە بۆی تێ دەکۆشێت، بۆ نموونە، کەمینە زمانییەکان داخوازییەکانیان لە بەکارهێنانی زمان و ئایینییەکان لە مافی ئایینداریدا چڕ دەکەنەوە.

کەمینەکانی هەرێمی کوردستان
ماددەی (١)ی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان-عێراق، هەر یەک لە (تورکمان، کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن) بە کەمینەی نەتەوەیی و (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی، و هیی دیکە)ی بە کەمینەی ئایینی و ئایینزایی لە قەڵەم داوە. هەڵبەت بەسەرکردنەوەی هەریەک لەو کەمینانەی ناویان هاتووە لەم ماددەیەدا و ئەوانەشی بە مەبەست یاخود به‌بێ مەبەست فەرامۆش کراون، کارێکی خراپ نییە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نزیکەی سەرجەم ململانێ و پێکدادان و دابەشبوونە ڕادیکاڵەکان لە بۆتەی کۆمەڵگەی کوردستاندا ئایینین نەک نەتەوەیی، ئێمە زیاتر گرنگی بە کەمینە ئایینییەکان دەدەین. وەک چەسپاندنێکی ئەم ستراتیژە، ئەو کەمینانەی کە (ئایینی - نەتەوەیی - زمانی)ین، ئێمە تەنها بایەخ بە ڕەهەندە ئایینییەکەی دەدەین، واتە لەبری ئەوەی ئاشوورییەکان وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی باس بکەین، دێین کەمینەی (مەسیحی) وەردەگرین. دەبێت ئەوەش بڵێین کە لە نێو ئەم کەمینانەشدا تیشک دەخەینە سەر ئەوانەی کە مرۆڤی کورد کەمترین زانیاری و زۆرترین بەدحاڵیبوونی لەبارەیانەوە هەیە. پشتبەست بەم دوو بنەواشەیە، ئێمە لەم بەشەدا پەیجۆری هەریەک لە کەمینەکانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، بەهائی) دەکەین.

کەمینەی مەسیحی
مەسیحییەت کە لە ئێستادا زۆرترین باوەڕدار و شوێنکەوتووی هەن لە جیهاندا، ڕۆژگارێک ئایینی زۆرینەی دانیشتوانی عێراقی عەرەبی و بەشێکی سەرەکیی خەڵکی ئەم هەرێمەی خۆمان بووە، بەڵام لە دوای لەشکرکێشیی ئیسلامی بۆ ئەم ناوچەیە، گڵۆڵەی ژمارەی مەسیحییەکان (گاور، دیان، فەلە) دەکەوێتە لێژی، بە شێوەیەک، لە ئەمڕۆدا کەمینەیەکی تەرێز و مافخوراو و چەوساوەی زێدی ڕەسەنی خۆیانن.

عیسای مەسیح لە ئینجیلەکاندا
مەسیح بە عیسای کوڕی مەریەم دەگوترێت کە لە بەیت لەحم لە خێزانیکی مامناوەند هاتووه‌تە دونیاوە، ئەو باوکی دارتاش بوو، خۆشی هەمان پیشەی باوکی هەڵگرتبووه‌وە. ئینجیلەکان شتێکی ئەوتۆ لەبارەی منداڵیی مەسیحه‌وه‌ ناڵێن، بەڵام لە دەوروبەری سی ساڵیدا کە سەرگەرمی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بوو، ڕووبەڕووی کێشمەکێشێکی قورس ببووه‌وە، بە تایبەت لەتەک ڕاهیبە جوولەکەکاندا، تا دواجار بە ڕێنیشاندەریی یەک لە قوتابییەکانی خۆی بە ناوی (یەهوزای ئەسخەریوتی) لە لایەن سەربازە ڕۆمانییەکانەوە قۆڵبەست دەکرێت و پاش دادگاییکردنی لە خاچ دەدرێت. لە ڕۆژی سێیەمیشدا هەڵدەستێتەوە و خۆی نیشانی هاوەڵانی دەدات و بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێت.

بیروباوەڕ و سرووت:
ترینیتی (التثليث):
لە ئایینی مەسیحییەتدا خواوەند لە سێ کەسایەتی یاخود ڕاستتر لە سێ ئوقنوم پێک هاتووە، ئوقنومی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز، هەڵبەت بەدحاڵیبوونێکی ئابڕووبەر لە لای موسوڵمانان لەمەڕ ئەم پرسە هەیە کە بێگومان زادەی بێئاگاییەکی قووڵە لە بنەما سەرەتاییەکانی یەزدانناسیی ئەم ئایینە، چونکە مەسیحییەکان یەکتاپەرستن و بوونی سێ ئوقنوم بە هیچ شێوەیەک واتای فرەخوایی نابەخشێت. سەرەتا ئەگەر بابەتییانە چاوێک بە پەیمانی کۆن و نوێدا بخشێنین، بەر کۆمەڵێک دەق دەکەوین کە ڕاشکاوانە باس لە بوونی خوایەکی تاک و تەنها دەکەن، لەوانە ((ئەی ئیسڕائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە))، لە پەیمانی کۆنداو ((یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات... لێی پرسی چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟ عیسا وەڵامی دانەوە لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە ئەی ئیسڕائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە)) لە پەیمانی نوێدا. ئێستا دەپرسین ئەی بوونی سێ ئوقنومی یەزدانی چۆن پێچەوانە ڕاناوەستێت لەتەک بیرۆکەی بوونی تاکە خوایەکدا؟ هەنگاو بە هەنگاو وەڵامی ئەم پرسیارە دەچنین و سەرەتا بەوە دەست پێ دەکەین کە ئوقنوم وشەیەکی سریانییە و بەرامبەرەکەی لە یۆنانیدا (هیبوستاسیس-ὑπόστᾰσις)ە کە واتای (کەس، سروشت، چییەتی و هتد) دەگەیەنێت، سێ ئوقنومەکەی ترینیتیی پیرۆزیش بریتین لە (خاسیەتی خودیی) جەوهەری یەزدان، ئەگەر بە زمانێکی یاسایی بدوێین دەڵێین ئەمانە پایەکانی (أركان) خودی خوان. هەوڵ دەدەین بە نموونەیەک بابەتەکە ڕوونتر بکەینەوە. ئەم پەرتووکەی دەیخوێنیتەوە، هەڵگری دوو جۆر خاسیەتە، خودی و ناخودی، خودییەکان پایەکانی ئەم پەرتووکەن وەک کاغەز و مەرەکەب و هتد، خاسیەتە ناخودییەکانیش ئەوانەن کە ناچنە ئەم چییەتییەوە (ماهية)، وەک باشی و خراپی و بەسوودی و هتد، ئەمەی باسم کرد، بۆ خواش دروستە، ئەو خاوەنی کۆمەڵێک خاسیەتی خودییە، خوا دەبێت هەبێت (ئوقنومی باوک)، و ئەم خوایەی کە هەیە دەبێت ئاوەزمەند بێت (ئوقنومی کوڕ، وشە، لۆگۆس)، ئەم بوونە ئاقڵە دەبێت زیندوو بێت (ڕۆحی پیرۆز). لە پاڵ ئەمانەدا، خوا خاوەن کۆمەڵێک خاسیەتی ناخودییە، وەک میهر و خۆشەویستی و دانایی و هتد. ئەوەی زۆر گرنگە بیزانین، ئەوەیە کە خوا زۆر جار بە یەک لە ئوقنومەکانی گوزارشت لە خۆی دەکات، بۆ نموونە، لە پەیمانی نوێدا خوا بە ئوقنومی وشە (کوڕ، لۆگۆس) تەعبیر لە خۆی دەکات ((لە سەرەتادا وشەکە هەبوو...))
ئەم ترینیتییە تەنانەت لە مرۆڤیشدا ئامادەگیی هەیە، ئێمە خاوەنی (ڕۆح و جەستە و نەفس)ین و هەرسێکیان پێکەوە مرۆڤ پێک دەهێنن و دەشتوانرێت بە یەکێک لەمانە گوزارشت لە خۆمان بکەین، بۆ نموونە دەتوانم من بڵێم (ئەم پەرتووکەم بە گیان نووسیوە). لە کۆتاییدا گرنگە بڵێم کە عیسا بە کوڕی خوا لە قەڵەم دەدرێت، واتای ئەوە ناگەیەنێت کە زادەی پەیوەندیی سێکسیی خوایە، یاخود باوک لە چرکەساتێکی مێژوویدا کوڕ دەهێنێتە بوون، وەک چۆن عەقڵیەتی میللی ئیسلامی و قورئان وێنای دەکەن، بەڵکو ئەو کوڕی خوا و کوڕی مرۆڤیشە، لاهوت و ناسوتە، واتە لە لایەک ئەو سروشتی خوای هەڵگرتووە، لە لایەکی دیکەوە ئەم سروشتە یەزدانییە لە جەستەی مرۆڤدا دەرکەوتووە.

گوناهی یەکەم (الخطيئة الأولى):
بەگوێرەی پەیمانی کۆن، خوا ئادەم لە گڵ و حەواش لە یەکێک لە پەراسووەکانی ئادەم دەئافرێنێت. ئەم دوانە لە باغچەی عەدەندا داناسەکنێن و لە درەختی (زانینی چاکە و خراپە) دەخۆن کە خوا لێی یاساغ کردبوون. ئیتر لێرەوە خۆیان و نەوەکانیان بەر سزای خوا دەکەون و مەرگ و تاوان دەخزێنە دونیای مرۆڤەوە، وەک پۆڵس دەڵێت ((... لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناهـ هاتە جیهانەوە، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی دەگرتەوە...)). ئاشکرایە لە لاهوتی مەسیحییەتدا قسەی زۆر لەمەڕ چییەتیی گوناهی یەکەم و مانەوەی بۆ ئێمە کراوە؛ بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، ئەو ڕاڤەیەی بە تەواوەتی لەتەک کتێبی پیرۆزدا یەک دەگرێتەوە، ڕاڤەکەی سانت ئاگۆستینە (٣٥٤-٤٣٠)؛ ئەو بڕوای وابوو کە خوا بە بە بێگەردی ئادەم و حەوای دروست کرد، هەرچەندە ئەم جووتە توانستی گوناهکردنیان هەبوو (Posse Peccare)، بەڵام بە هەمان شێوە توانستی گوناهنەکردنیشیان هەبوو (posse non peccare). ئەوەی لە تاوانی یەکەمدا دەقەومێت، ئەوەیە کە مرۆڤ توانستی گوناهنەکردن (posse non peccare) لە دەست دەدات و (non posse non peccare) شوێنی دەگرێتەوە کە واتای (ناتوانستی گوناهنەکردن) دەگەیەنێت. بە کورتی، گوناهی یەکەم (Original Sin) بووە هۆی سیخناخبوونمان بە سروشتێکی بەد و شەڕانگێز، بە شێوەیەک کە ئاستەمە گوناهی کردەیی (Actual Sin) ئەنجام نەدەین، وەک لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە ((کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش...))

ناردنی مەسیح بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی:
لە ئایینی مەسیحیەتدا ئادەم و مەسیح دوو فیگۆرن تەواو پێچەوانە کار دەکەن، یەکەم مەرگ و دووەم نەمریمان پێ دەبەخشێت. خوا بە سزادانی ئادەم دادگەری و بە ناردنی مەسیح خۆشەویستیی خۆیمان بۆ بەیان دەکات. ئاخر سزای مەرگ لەسەر گوناهی یەکەم دانرابوو، وەک لە ڕۆمادا هاتووە ((کرێی گوناهـ مەرگە))، بەڵام لەتەک ئەمەشدا خوا نایەوێت کەس لەناو بچێت، لەبەر ئەوە ئوقنومی کوڕ بەرگی مرۆڤ دەپۆشێت و دێتە نێو جیهانی مرۆڤەوە، بە لەخاچدانی سزای گوناهەکانمان لە ئەستۆ دەگرێت، وەک لە مزگێنی بە گێڕانەوەی یۆحەنادا هاتووە ((بۆ بەیانی یەحیا بینی عیسا دێتە لای، گوتی ئەوەتا بەرخی خوا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات!))
ئەو دونیا:
کەم نین ئەو دەقانەی لە پەیمانی نوێدا باس لە گەڕانەوەی شکۆمەندانەی مەسیح و لێپرسینەوە و پاداشت و سزا دەکەن، وەک چۆن کەم نین ئەو بۆچوونانەی لەمەڕ ئەم دەقانە لە لاهوتی مەسیحییەتدا گەڵاڵە بوون، لەبەر ئەوە ئۆدیسیۆسئاسا ئێمە خۆمان لەو تەونە ئاڵۆزە قوتار دەکەین و دەقگەرایانە ئەم وێنەیە لە ئینجیلی مەتاوە دەگوازینەوە (کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت، ئەوکات هەموو نەتەوەکان لە بەردەمیدا کۆ دەبنەوە و ئەویش دەست بە جیاکردنەوەیان دەکات، ئەوانەی لای ڕاستیەوەن، لە بەرەکەتی خوادا دەژین و دەبنە میراتگری ئەو شانشینەی لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆیان ئامادە کراوە، ئەوانەشی لای چەپیەوەن دۆزەخ مەنزڵی ئەبەدییان دەبێت).

گرنگترین سرووتەکان (ڕیتواڵ):
دیارترین ڕیتواڵەکان لە مەسیحیەتدا بریتین لە نوێژ (١ تیمۆساوس٢: ١) و ڕۆژوو (مەتا ٦: ١٦) و لەئاو‌هەڵکێشان (مەتا ٣: ١١) و هتد.

پەرتووکە پیرۆزەکانیان:
کتێبی پیرۆز هەردوو پەیمانی کۆن و نوێ دەگرێتەوە، پەیمانی کۆن لە (٣٩) پەرتووک پێک هاتووە. هەرچی پەیمانی نوێشە، هەریەکە لە مزگێنی (بە چوار گێڕانەوە) و کردار و نامەکان و ئاشکراکردن دەگرێتە خۆی، کە سەرجەمیان دەکاتە (٢٧) پەرتووک.

ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:
لە ساڵی (٢٠٠٣)دا ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق لە نێوان (١- ١.٤) ملیۆندا بوو، ئەم ژمارەیە ساڵانی دواتر بۆ (٤٥٠-٥٠٠) هەزار کەم دەکات. لەمەڕ دابەشبوونی جوگرافییان، زۆرینەیان دانیشتووی بەغدا و موسڵ و ناوچە کوردنشینەکان بوون، بەڵام دوای شاڵاوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، زۆربەی مەسیحییەکان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

کەمینەی ئێزیدی
زۆرینەی ئەو ئێزیدییانەی بەریان دەکەوم، ناخوازن شتێک لەمەڕ ئایینەکەیان بەیان بکەن، ئەوان وەک باڵندەیەکی باڵشکاوی بەردەم توندئاژۆیی ئیسلامی هەمیشە لە هەڵپەی پووشبەسەرکردنی ئایینەکەیاندان لەپێناو ڕاگرتنی دڵی زۆرینەیەکی بێدڵدا، زۆرینەیەک کە زێدیان بە ڕاوگەیەک دەبینێت بۆ سەلماندنی سوارچاکیی خۆی لە کوشتن و ڕاپێچکردنیاندا. خۆشبەختانە ئەم سڕمەگۆییە ڕێگر نەبووە لەوەی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوە و وتار دەربارەی ئەم کەمینەیە بێنە دەر، بەڵام ئەوەی لەم تێکستانەدا تێبینی دەکرێت، بوونی بۆچوونجیاییەکی بێشومارە، بە شێوەیەک، کە تەنها لەمەڕ بنچینە و زمانە کوردییەکەیان نیمچەکۆدەنگییەک بەدی دەکرێت.

بنچینە و ناوی ئەم ئایینە:
دکتۆر خەلیل جوندی لە کتێبەکەیدا (الايزيدية و الإمتحان الصعب) هێما بۆ چوار تیۆری دەکات کە لە لایەن وردکۆڵەرانەوە لەمەڕ ئەم پرسە داڕێژراوە. یەکەم: ئێزیدییەکان گرووپێکی ئیسلامیی یاخی و گومڕان و دەردێنە پاڵ یەزیدی کوڕی معاوییە، واتە ئەوان ئێزیدی نین و یەزیدین. دووەم: ئایینێکی سەربەخۆیە و بێژەی (یەزیدی)یش دەگەڕێتەوە بۆ شاری (یزد)ی زێدیان لە وڵاتی ئێران. سێیەم: ئێزیدی ئایینیکی کۆنی دۆڵی دوو ڕووبارە. ئەمە لەسەر بنەمای ئەو لێکچوونانەی لە نێوان ئایینی ئێزیدی و ئایینە کۆنەکانی وەک سۆمەری و بابلی و ئاشووریدا بەدی دەکرێت. چوارەم: ئەم ئایینە پاشماوەی مانەوی یاخود زەردەشتییە. لە ڕاستیدا پرسی بنچینەیی ئەم ئایینە تا هەنووکە بابەتی گەنگەشە و مشتومڕی ناوەند و خانەکانی توێژینەوەیە؛ لەبەر ئەوە لەم کورتە نووسینەدا بوێریی ئەوەمان نییە پشتگیریی یەکێک لەم تیۆرانە بکەین، ئێمە تەنها ئەوەندە دەڵێین کە تیۆری یەکەم و دووەم ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە بوونەتەوە. بەڵام لەبارەی بێژەی ئێزیدی یاخود یەزیدییەوە، ئەوەندە بەڵگە لە بەردەستدا هەن کە بەبێ دڕدۆنگی بڵێین ئەوان ئێزیدین لەبەر ئەوەی (ئێزید) دەپەرستن.

شێخ ئادی:
ئادی (عدي أو ‌آدي بن مسافر) کەسایەتییەکی دیار و مشتومڕ‌ئامێزە لەم ئایینەدا، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە شێخ لە ساڵی (١٠٧٤ ز) لە (بعلبك) لەدایک بووە و نەوەد ساڵێک ژیاوە، لەمەڕ ڕەسەنی ئەم فیگۆرە، هەندێک بنچینەیەکی ئەمەوی دەدەنێ و بە موسوڵمانێکی سۆفیگەری دەزانن، هەندیکی دیکەش وای دەبینن کە کورد بووە و باپیرانی لە ناوچەی هەکارییەوە بۆ شام کۆچیان کردووە، کاتێکیش دێتە لالش دەبینێت ئایینە کۆنەکەیان لە لەسەروبەندی لەنێوچووندایە، بۆیە بیر لە ژیانەوەی ئایینی باب و باپیرانی دەکاتەوە و چینی شێخەکان (طبقة الشيوخ) دروست دەکات بۆ رێنمایی و بەرچاوڕوونکردنی خەڵکی ڕەشۆکی و سەرڕێ خستنەوەی ئایینە کۆنەکەیان و ڕێکخستنەوەی ئێزیدییەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا.

بیروباوەڕ و سرووت:
یەکتاپەرستی و تاوسی مەلەک:

ئێزیدییەکان ئیمانیان بە خوایەکی تاک و تەنها هەیە و لە گەواهیدانەکانیاندا دەڵێن: ((شەهدا دینێ من ئێک ئەللا، تاوسی مەلەک حەق حەبیب ئەللا)). ئەم خوا بێگەردە سەرەتا لە نوری خۆی حەوت فریشتە بە ناوەکانی (عزراییل و دەردائیل و ئیسرافیل و میکائیل و جوبرائیل و شەمنائیل و تورائیل)وە دەئافرێنێت. بەگوێرەی ئووستورەناسی (mythology)ی ئێزیدی، عزراییل (تاوس مەلەک) ئەو مەلەکەیە کە ڕەتی دەکاتەوە کڕنووش بۆ ئادەم بەرێت، لە پاداشتی ئەمەدا خوا دەیکاتە گەورەی فریشتەکان. لێرەوە بە ڕوونی دەبینین بۆچی لە لایەن ئیسلامییەکانەوە تۆمەتی شەیتانپەرستییان بۆ دادەتاشرێت.

کراسگۆڕکێ (دۆنادۆن) و خواڕوودان (حلول):
ڕۆح لە بیروباوەڕی ئێزیدیدا نەمر و جاویدانە، لە تەنێک دەردەچێت و بەگوێرەی کردەوەکانی لە تەنێکی دیکەدا دەگیرسێتەوە. بە شێوەیەک، ئەگەر باشییەکانی لە خراپییەکانی زیاتر بوو، دەچێتە جەستە پاک و باڵاکانەوە (بەهەشتی)، بە پێچەوانەوە، بۆ جەستە پیس و دزێوەکان (دۆژەیی). ئەگەریش باشی و بەدییەکانی یەکسان بوو، لە جەستەی مەخلوقە کەساس و بەدبەختەکاندا دەردەکەوێت (تاریستانی). هەرچی خواڕوودانە (حلول) لەم بەستێنەدا گواستنەوەی سیفەتە یەزدانییەکانە بۆ مرۆڤ لە ڕێگەی فریشتەکانەوە، کاتێک ئەمە ڕوو دەدات، کەسەکە خەسڵەتی یەک لە فریشتەکانی خوا هەڵدەگرێت و بە (خاس-چاک) دەناسرێت. ئەم هەبووە دوای تەواوبوونی کارەکەی کە جێبەجێکردنی ویستی خوایە لە سەر زەوی، ڕۆحی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی پێی دەڵێن (بەهەشتا باقی) و ئیتر بە (مەلەک) دەناسرێت.

نوێژ و ڕۆژوو:
نوێژی ئەم ئایینە لە شێوەی نزادایە و ڕوولەخۆر (کە پێی دەڵێن قوبلەت بدۆر) ئاڕاستەی خوا و فریشتەکانی دەکرێتط لە دیارترینی ئەم نزایانە بریتین لە ١. نزای (بەیانی) لە خۆرهەڵاتندا. ٢. نزای (ئێوارە) لە خۆرئاوابووندا. ٣. نزای (پشت گرێدانێ) کە لە خەو هەڵدەستن. ٤. نزای (بەرێ سپێ) پێش ڕۆژهەڵاتن. لە پاڵ نوێژدا ئێزیدییەکان چەند جۆرێک ڕۆژوو دەگرن. ١. ڕۆژیێت ئیزی: کە سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممەی پێش هەیینیی یەکەمی مانگی کانونی یەکەمی یولیانیە. ٢. ڕۆژیێت خدر لیاس: دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممەی پێش پێنجشەممەی یەکەمی مانگی شوباتی یولیانیە. ئەم ڕۆژووە بۆ پیاوانی ئایینی و ئەوانەی ناوەکانی (خدر و لیاس)یان هەڵگرتووە، سێ ڕۆژە و بۆ گشتی خەڵک تەنها چوارشەممەیە. ٣. ڕۆژیا خودانی: ئەمە ڕۆژووی تایبەتی هەر خێزانیکە. ٤. ڕۆژووەکانی دیکە: وەک ڕۆژووی چلەگرەکان.

پەرتووکە پیرۆزەکانیان:
زۆرێک دوو پەرتووکی کاڵوکرچ بە ناوەکانی (جلوە و مەسحەفی ڕەش) دەدەنە پاڵ ئێزیدییەکان کە بە هەردووکیان دە لاپەڕەیەک تێپەڕ ناکەن. توێژەر و نووسەری دیار لە بیروباوەڕی ئێزیدیدا (عزدين سليم باقسري) نکۆڵی لەوە دەکات ئەمانە کتێبی ئێزیدییەکان بن و دەڵێت له‌ لایەن نائێزیدییەکانەوە بۆ شێواندن و ناشرینکردنی ئێزیدییەکان نووسراون؛ ئەو دەڵێت زۆرینەی دەقە پیرۆزەکانی ئەم ئایینە نەنووسراونەتەوە و لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە ئەزبەر کراون.

ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:
نها ژمارەی ئێزیدییەکان خۆی دەدا لە (٤٠٠ بۆ ٥٠٠) هەزار و کەم دەکات. هەرچی نشینگەیانە، زۆرینەی ئێزیدییەکان دەکەونە هەردوو پارێزگای موسڵ و دهۆکەوە، بە تایبەت دەڤەرەکانی (شێخان و سنجار و بەعشیقە و سێمێل و تلکیف و زاخۆ).

کەمینەی سابیئەی مەندائی
ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، دەبینین کەمینەی مەندائی هەمیشە قوربانیی هێرشی دوژمنکارانەی زۆرینەی ئیسلامی بووە، هەڵبەت هۆکارانێکی جۆراوجۆر لە گۆڕێدان، بەڵام به‌بێ دڕدۆنگی یەکێک لە هۆکارەکان ئەو وێنە چەوتەیە کە هەر خودی زۆرینەی ئیسلامی لەمەڕ ئەم کەمینەیە لە خەیاڵدانی خۆیدا دای تاشیوە، لەوانە، ئەو واتەواتەی کە باس لەوە دەکات مەندائییەکان هەسارە و ئەستێران دەپەرستن، یاخود گوایە ئەمان ئەو کەسانە لە خۆیان دەکوژن کە کەوتوونەتە گیانەڵاوە. تراژی- کۆمیدییەکە لەوەدایە کە ئایینی مەندائی یەکێکە لە کۆنترین ئایینە یەکتاپەرستەکان ئەگەر کۆنترین نەبێت. لەمەڕ کوشتنی ئەو کەسانەش کە دەگەنە سەرەمەرگ، زۆر بە سادەیی بوختانێکی گەورەیە و ئەوان تەنها بەرگی ئایینیی بە بەردا دەکەن و جەستەی پاکژ دەکەنەوە پێش مردنی.

زمان و بنچینەی مەندائییەکان:
مەندائییەکان بە زمانی مەندائی دەدوێن کە شێوەزارێکی زمانی ئارامییە، سەبارەت بە بنچینەی ئەم کەمینەیە، دوو بۆچوون هەیە، یەکەمیان پێی وایە لە بنەڕەتدا خەڵکی فەلەستین بوون و لەژێر جەور و ستەمکاری جووەکاندا کۆچیان کردووە بۆ حەڕان و لەوێشەوە بۆ باشووری عێراق، ئەوەی ئەم بۆچوونە پشتئەستوور دەکات، ئەوەیە کە یەحیای پەیامبەر و مامۆستایان لە ڕووباری ئەردەندا خەڵکی لە ئاو هەڵکێشاوە. بۆچوونی دووەم کە هیی زۆرینەی لێکۆڵەرانە، وای دەبینێت مەندائییەکان دانیشتوانی ڕەسەنی دۆڵی دوو ڕووبارن، بە بەڵگەی حزوری لەمێژینەیان لەم ناوچەیەدا. لەبارەی هاتنیان لە فەلەستینەوە، لە ڕاستیدا ئەوە کۆچکردنێک بووە بۆ پاڵ برا مەندائییەکانیان لە عێراقدا. ئەمە جگە لە بوونی لێکچوونێکی زۆر لە نێوان داب و نەریتی مەندائییەکان و دانیشتوانی دۆڵی دوو ڕووباردا و ئامادەگیی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە دەق و ئەدەبیاتی مەندائیدا.

بیروباوەر و سرووتە سەرەکییەکان:
یەکتاپەرستی (سـهدوثا إد هيي):

مەندائییەکان نەک تەنە ئاسمانییەکان ناپەرستن، بگرە زۆر لە پێش ئیسلامەوە بەیداخیان دژی ئەم جۆرە لە پەرستن بەرز کردووه‌تەوە، بەڵگەشمان ئەم دەقەیە لە (كنزا ربا)دا ((باسم الحي العظيم أشرق نور الحي، وتجلى منداهي بأنواره، فأضاء جميع الأكوان، حطم ألوهية الكواكب، وأزال أسيادها من مواقعهم)).
ئەو دونیا:
لە ئایینی مەندائیدا خەڵکی ڕاستەوخۆ یان دوای پاکبوونەوە بە سزای گونجاو پێ دەنێنە جیهانی ڕووناکییەکانەوە (المي دنهورو)، لە كنزا ربادا هاتووە ((إذهبـي أيتها النفس إلى البلد الذي منه أخذوك... إذهبي إلى الدار التي فيها أبوك، وفيها أهلك وذووك. لقد كسرت القيود، وعبرت الحدود، ونزعت ثوب الجسد)).
نوێژ (البراخا):
كنزا ربا ژمارە و کاتی نوێژەکانی دیاری کردووە، هەموو مەندائییەک ڕۆژانە پێویستە ڕوو بکاتە باکوور و سێ نوێژ بکات، بەیانیان و نیوەڕوان و ئێواران.
ڕۆژوو (صوما):
ڕۆژوو لەم ئایینەدا دوو جۆرە، ڕۆژووی گچکە (صوما زوطا) و ڕۆژووی گەورە (صوما ربا). یەکەم خۆگرتنەوەیە لە خواردنی گۆشت بۆ ماوەی (٣٦) ڕۆژ لە ساڵێکدا، دووەمیش دوورکەوتنەوەیە لە بەدکاری بە شێوەیەکی گشتی.
لەئاوهەڵکێشان (المصبتا):
لەئاوهەڵکێشان لای مەندائییەکان سێ جۆرە، یەکەمیان (مصبوتا)یە کە لە ئاوهەڵکێشانی گشتییە و ڕۆژانی یەکشەممان لە ئاوی ڕۆیشتوودا (اليردنا)، دەکرێت. دووەم: (طماشة) کە لەئاوهەڵکێشانی تایبەتە و هاوشێوەی وسڵی شەرعییە لای موسوڵمانان. سێیەم (رشامة)یە و وەک دەستنوێژی موسوڵمانانە.

پەرتووکە پیرۆزەکانیان:
سەرەکیترین پەرتووکە پیرۆزەکانی ئەم ئایینە بریتین لە گەنجی یەزدانی (كنزا ربا) و ڕێنماییەکانی یەحیا (دراشا اد يهيا). یەکەمیان بنەماییترین پەرتووکە و بە شێوەیەکی گشتی باس لە خوا و دروستبوون و کۆچی ڕۆح بۆ ئەو دونیا و چەندین بابەتی دیکە دەکات. دووەمیشیان باس لە ژیانی یەحیای پەیامبەر دەکات لەتەک ڕێنمایی و پەنددادان و ڕێنیشاندانەکانیدا.

ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:
نیشتیمانی سەرەکیی مەندائییەکان عێراقە، ئەوان پێش ساڵی (٢٠٠٣) ژمارەیەکی بەرچاویان لە پارێزگاکانی (بەغدا و عەممارە و بەسرە و کوت و دیالە)دا دەژیان، بەڵام ساڵانی دواتر بە هۆی ئەو پاشاگەردانییەی لە عێراقدا تا نها دەگوزەرێت، ژمارەیان بۆ (٨ - ١٠) هەزار کەم دەکات. بەهەرحاڵ، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە لە ماوەی ڕابوردوودا بە هۆی سەقامگیریی ئەمنی و بوونی جۆرێک لە هەڵکردنی ئایینی تێیدا، ژمارەیەکی زۆری مەندائی لە هەرێمی کوردستاندا گیرساونەتەوە.

کەمینەی کاکەیی
یارسان/ ئەهلی هەق/ عەلی ئیلاهی

هەرچەندە بە نیازی ئەوە نین کە کێوماڵێکی تەواوەتیی ئایینی کاکەیی بکەین و لە ڕەهەندە جیاوازەکانیدا قاڵ ببینەوە، بەڵام وەک دەستپێکێک بە پێویستی دەزانم هێما بۆ ئەوە بکەم کە نووسین لەمەڕ کاکەیی تاقەتپڕوکێنانە سەخت و دژوارە، ئەمەش بە هۆی نەبوونی ژێدەری پێویست بەراورد بە ئایینەکانی دیکە و بوونی خەرەندێک جیاوازی لە نێوان ئەو هەوڵانەدا کە بۆ شەنوکەوکردنی ئەم ئایینە دراون. هەڵبەت گشت ئەمانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێویستە لەسەر یارسانەکان نهێنیپارێز بن، بچووکترین زانیاری لەبارەی ئایینەکەیانەوە نەدرکێنن. لەم بارەیەوە سان سەهاکی بەرزنجی (١١٣٣-١٢٣٠ز) کە فیگۆرێکی دیاری ئەم ئایینەیە، گوتوویەتی ((راز نەکەران فاش راز نەکەران فاش، هانا ئەی یاران راز نەکەران فاش...)) ئەم سڕمەگۆییە لای کاکەییەکان گەیشتووه‌تە ئاستێک، کە لە هەندێک ناوچەی عێراقدا دەگوترێت ((كتوم للسر كالكاكائي)).

لەبارەی بنچینەی ئەم ئایینەوە:
زێدەگۆیی نییە گەر بڵێین ژمارەی بۆچوونەکان لەمەڕ بنچینەی ئەم ئایینە لە ژمارەی لێکۆڵەرانیەوە نزیکە. هەڵبەت ئەمە سەراسیمەکەر نییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەرەتا باسمان کرد. هەرچۆنیک بێت (دەبلیو، ئاڕ، های) پێی وایە کاکەییەکان سۆفیگەرن و لەو باوەڕەدان کە خوا لە (عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب)دا جێگیر بووە. مامۆستا (كريم نجم حضر الشواني) کە توێژینەوەیەکی تێروتەسەلی لەمەڕ ئەم ئایینە هەیە، بۆچوونی وایە کە سەرەتا ڕێبازێکی سۆفیگەری بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بار دەکرێت بە کۆمەڵێک بیروبۆچوون و دەچێتە دەرەوەی سۆفیگەری. هەر لەم بارەیەوە پارێزەر و توێژەر (عباس العزاوي) کاکەیی دەباتەوە سەر ئەو بزوتنەوەیەی کە بە (الفتوة) ناودێر دەکرا و لە ئەنادۆڵ و شوێنەکانی دیکە لە ژێر ناوی (الأخية)دا تەشەنەی کرد، بەڵام (رشيد الخيون) لە کتێبەکەیدا (الأديان والمذاهب بالعراق) بەرمەبنای ئەوەی کە (الفتوة) کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە توێژی گەنجان بووە، نەک ئایینزا، پەیوەندییەک نابینێت لە نێوان ئەم دوانەدا. لە هەمان بەستێندا (ئەیوب ڕۆستەم) لە لێکۆڵینەوەکەیدا کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئەم کورتەباسەمانە، لەمەڕ کاکەیی ئەم وێنەیە دەچنێت ((کاکەییەکان لە بنەڕەتدا میترائی –میهرپەرست- بوون، بەڵام بە درێژایی مێژوو بە مەبەستی هەڵکردن لەتەک دەرەوەی خۆیاندا، سیما و ئادگاری ئایینەکانی دیکەیان پۆشیوە، بە تایبەت زەردەشتی و ئیسلام)).

بیروباوەڕ و سرووت:
خوا:
لەم ئایینەدا خوا خۆرێکی دەرە وەسف و درکە، بەڵام ئەو کاتەی دێتە نێو تەنەوە، ئێمە ڕاستەوخۆ دەتوانین بەر ئەم حەقیقەتە بکەوین. بە واتایەکی دیکە، بیرۆکەی خوا بە پەنهانی دەمێنێتەوە هەتا لە ڕێگەی خواڕوودانەوە (حلول) خۆی لە دونیای ماتەر هەڵدەکێشێت.
خواڕوودان (حلول):
بە بڕوای یارسانەکان خوا حەوت جار خۆی دەخاتە تەنی مرۆڤەوە، هەموو جارێکیش ئەو چوار فریشتەیەی لەتەکدایە کە پێش مرۆڤ ئافراندوونی (جوبرەئیل، ئیزرائیل، میکایل، ئیسرافیل). هەر لەم بارەیەوە لەو باوەڕەدان کاتێک خوا لە تەنی (عەلی کوڕی ئەبووتالیب)دا جێگیر دەبێت. پێغەمبەری ئیسلام تەنها فریشتەیەک بووە لەتەکیدا، هەر وەک چۆن پیر بنیامین (پیر خدری شاهۆ) فریشتەیەک بووە لە دەوری (سان سەهاک)دا. هەر لەبەر ئەمەیە بە (عەلی ئیلاهی) ناودێر دەکرێن
کراسگۆڕکێ (دۆنادۆن):
لەم ئایینەدا ڕۆحی مرۆڤ لە هەزار و یەک تەندا جێگیر دەبێت، ئەم گەڕانەش بە گوێرەی کردەوەکانی بە چوار جۆر ڕوو دەدات. نەسخ: لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ. مەسخ: بۆ گیانلەبەر. روسخ: بۆ ڕووەک. فەسخ: بۆ گیانلەبەری چزووداری وەک مار و دووپشک.
نوێژ و ڕۆژوو:
کاکەییەکان پێیان وایە کاتێک سان سەهاک لە بەرزنجەوە بەرەو هەورامان کۆچی دەکرد، لەشکرێک بە سەرپەرشتیی براکانی شوێنی دەکەون و لە ئەشکەوتی (نەوێ)دا سێ ڕۆژ لەتەک هاوەڵانیدا بەرەنگاریان دەبنەوە. لەو ماوەیەدا سان سەهاک هیچ ناخوات، دوای سەرکەوتنیشی، گۆشتی کوڵاوی کەڵەشێر و برنج و شیرینیی خواردووە.
ڕۆژووگرتنی کاکەییەکان لە هەمان ئەو سێ ڕۆژەدایە کە سان سەهاک هیچی نەخواردووە، دوای ئەم رۆژووگرتنەشیان دەیکەنە جەژن و هەمان خواردن دەخۆن کە سان سەهاک دوای شەڕی ئەشکەوتی (نەوێ) خواردوویەتی، هەرچی نوێژە، کاکەییەکان دەڵێن ((ئێمە ئەهلی نیازین، نەک نمازی)).

پەرتووکە پیرۆزەکانیان:
سەرەکیترین کتێبی پیرۆزی یارسانەکان (سەرەنجام)ە کە لە شەش بەش پێک دێت و بە هەورامی و هەورامیی جافی نووسراوە.

ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مافی کەمینەکان لە ساڵی (٢٠١١)دا، ژمارەی کاکەییەکان لە عێراقدا نزیکەی دووسه‌د هەزارە، سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافییان، کاکەییەکان لەم شوێنانەدا نیشتەجێن: ١. گوندەکانی بەری ڕۆژئاوای داقوق و نێوەندی قەزاکە و شاری کەرکووک. ٢. لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە. ٣. هەولێر و موسڵ و بە دیاریکراوی ئەو کۆمەڵە گوندەی دەکەونە نزیک زێی گەورە. ٤. ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی و گوڵاڵە.


کەمینەی بەهائی
بەهائی (البهائية) یەکێکە لەو ئایینانەی کە بە بەباشی لەتەک پێدراوەکانی دونیای مۆدێردندا هەڵدەکات، ئەمەش بە لەهەناوگرتنی خواستی مرۆگەرایی (Humanism) و گەڵاڵەکردنی دیدگایەکی عەقڵانی و زانستی و گەردوونی (Universal) لە زۆرێک لە پرسە ئایینییەکاندا و ڕەتکردنەوەی گشت کەڵکەڵەیەکی ئەوپەڕگیری (Extreminism) و دەمارگیری.

باوەڕە سەرەکییەکانی ئەم ئایینە:
یەکتاپەرستی (التوحيد):
گەر چاوێک بە پەرتووکە پیرۆزەکانی ئەم ئایینەدا بخشێنین، گەلێک سیمای سۆفیگەریی ئیسلامی لە ئەندێشەسازیی بەهائیدا بۆ خوا بەدی دەکەین، وەلێ ئەم گەڕانەوە و باوەشکردنە بە سۆفیگەریی ئیسلامیدا لە ئاستێکی میانڕەوانەدایە و دواجار بەهائییەکان بڕوایان بە خوایەکی تاک و جاویدان و ئافرێنەر هەیە. هەر ئەم بوونە بان- سروشتییەشە کە دەبێتە سەرچاوەی گشت سرووش و دەرکەوتنەکان. لەم بارەیەوە بەهائوڵڵا دەڵێت ((سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی کە پەیامبەرانی بۆ ناردووین و پەرتووکەکانی بۆ دابەزاندووین لەسەر ئەوەی کە هیچ خوایەک جگە لە خۆی بوونی نییە...)) ئەم حەقیقەتەش بە داڕشتنی جیاواز لە زیاد لە شوێنێکدا پاتەوپات دەبێتەوە.
خۆبەدەرخستن (التجلي):
هەر وەک چۆن فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوئیل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) دیوارێکی ئەپستمۆلۆگی بە دەوری زانینی شتەکان لە خۆیاندا (نۆمینا-Nominal) هەڵدەچنێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە توانستی زانینی ئێمە دیاردەکان (فینۆمینا-Phenomena) تێ ناپەڕێنێت، بە هەمان شێوە لە بەهائییشدا خودی خوا بە نۆمینا دەکرێت و پێیان وایە مەعریفەی مرۆڤ لەمەڕ خواوەند تەنها پەیپێبردنی خەسڵەتەکانیەتی و پەل ناهاوێژێت بۆ خودی یەزدان.
پرسیارێک کە لێرەدا ڕەوایە بکرێت، ئەوەیە کە چۆن پەی بە خەسڵەتەکانی خوا دەبەین؟ بە بڕوای بەهائوڵڵا، ڕاستە خودی خوا لە دەستڕاگەیشتنی مەعریفیی مرۆڤدا نییە، بەڵام بە هۆی ئەوەی خواوەند دروستکەرە، دەتوانین لە ڕێی دروستکراوەکانیەوە پەردە لەسەر خەسڵەتەکانی هەڵماڵین. ئێمە بە وردبوونەوە لە شتە هەرە سادەکانی وەک چڵەدارێک، دڵۆپەئاوێک و پریشکەئاگرێک زانیارییەکمان لەمەڕ گەورەیی و مەزنیی خوا لا گەڵاڵە دەبێت، مادام پەیابەران و ڕواڵەتە یەزدانییەکان (مظاهر الالهية) بەرزترین فۆرمی ئافرێنراون، کەواتە بێگەردترین ئاوێنەی خەسڵەتە یەزدانییەکانیشن.
بە کوردی و بە کورتی، ئەوەی ئێمە ناومان ناوە (خۆبەدەرخستنی یەزدانی)، پوختەکەی ئەوەیە کە خواوەند لە ڕێی هەبووەکانەوە بە بێگیان و گیاندارەوە بە ئاست و پلەی جیاوازەوە خۆی بەدەردەخات و گشتیان بەڵگە و هێما و نیشانەن لەسەر دانایی و توانا و دادی ئەو.
یەکێتیی ئایینەکان (وحدة الأديان):
بەهائییەکان بڕوایان بەوە هەیە کە هەموو ئایینەکان لە بنچینە و جەوهەر و ئامانجدا یەک دەگرنەوە، ئەو وردە جیاوازییانەشی کە لە نێوانیاندایە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێداویستییەکانی سەردەمێکی دیاریکراو، واتە ڕاستییە ئایینییەکان ڕێژەیین و پێبەپێ لەتەک پەرەسەندنی توانستی مرۆڤ و داخوازییەکانی قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا ڕێ دەکه‌ن.
سەرباری ئەمە، بەهائییەکان پردێکی دیکەی پەیوەندی لە نێوان ئایینەکاندا هەڵدەبەستن، ئەویش بە دداننان بە دورستیی ئایینە سەرەکییەکانی دیکەدا و کردنی هەریەکەیان بە بەشێک لە پلانێکی یەزدانی، نەک هەر ئەوەندە، بگرە داوای ئەوەش دەکات کە جیاکاری نەکرێت لە نێوانیاندا.
یەکێتیی ڕەگەزی مرۆیی (وحدة جنس البشري):
بەهائوڵڵا هەموو ڕەگەزە مرۆییەکان دەباتەوە سەر یەک ئەسڵ و بنچینە، بەمەش ئەم ئایینە بەرسڤی سەرجەم جۆرەکانی هەڵاواردن و دەمارگیری، بە تایبەت ڕەگەزی دەداتەوە. بەهائوڵڵا بەمەوە ناوەستێت و شێلگیرانە شانی دابووە بەر دروستکردنی زمان و کولتوورێکی جیهانی، هەر لەم سۆنگەیەشەوە فەرموویەتی ((شانازی نییە هەر کەسێک نیشتیمانی خۆی خۆش بوێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە هەموو جیهانی خۆش دەوێت)).
ئەو دونیا:
بەهائی وەک زۆرێک لە ئایینەکانی دیکە لە جووتتەوەری جەستە و ڕۆح دەرناچێت، مردنی جەستەش لەم ئایینەدا دەسپێکی گەشتێکی ئەبەدییە، بۆیە مرۆڤ تا لە ژیاندا بێت، پێویستە لەسەری چاپووکانە شارایەک لە فەزیلەتە ڕۆحییەکان کەڵەکە بکات تا ببێتە توێشووی ئەم سەفەرەی.
هەرچی پەیوەندیدارە بە چییەتیی ئەو دونیا، بەهائییەکان لێرەشدا بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوشوناسییەک لەتەک فەلسەفەی کانتدا دەکەن، یان لانی کەم گوێمان لە دەمودوویەکی دیکەی کانتی دەبێت. ئەوان بڕوایان وایە ئێمە ناتوانین زانیارییەکی ئەوتۆ لەم بارەیەوە بە دەست بخەین، کاتێک مرۆڤ ئەم دونیا بەجێ دەهێڵێت، پێ دەنێتە دونیایەکی (دەرە-شوێنکات)ەوە، لەبەر ئەوە هەر وێناکردنێک لەم بارەیەوە دژوارە، هەر وەک لە دەقە پیرۆزەکانیاندا هاتووە ((نەلواویی تێگەیشتن لەو دونیا، وەک نەلواویی ئاولەمەیە لە پزدانی دایکیدا لەم دونیا)).

گرنگترین سرووتەکانی ئەم ئایینە:
نوێژ:
بەهائییەکان بە (نێر و مێ)وە هەر کە گەیشتنە تەمەنی باڵقبوون، سەرپشکن لەوەی ڕۆژانە لە نێوان سێ نوێژی (گەورە، مامناوەند، بچووک)دا یەکێکیان هەڵبژێرن و ڕووەو گڵکۆی بەهائوڵڵا دای ببەستن. نوێژی یەکەم و سێیەم یەک جار و دووەم سێ جار لە بیستوچوار کاتکۆدا دادەبەسترێت، هەمووشیان دەستنوێژیان گەرەکە کە تەنها شوشتنی دەست و ڕوخسارە.
ڕۆژوو:
شێوازی ڕۆژووگرتن لەم ئایینەدا نزیکە لەوەی کە لە ئیسلامدا هەیە. بەهائییەکان هەموو ساڵێک لە سەرەتاکانی مانگی ئازارەوە ڕۆژانە دەست دەکەن بە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە تاکو نەورۆز. ئەو مانگەشی تێیدا بە ڕۆژوو دەبن، بە مانگی (العلاء) ناودێر دەکرێت کە وەک مانگەکانی دیکەیان لە نۆزدە ڕۆژ پێک دێت.
زەکات:
یەکێکی دیکە لە فەریزەکانی ئەم ئایینە زەکاتە و ڕێژەکەشی لە لایەن بەهائوڵڵاوە بە لە سەدا نۆزدە دیاری کراوە. هەڵبەت ئەمە کۆمەڵێک وردەکاریی لەتەکدا هاوپێچە کە لێرەدا دەرفەت نییە لەبارەیانەوە بدوێم.
حەج:
لە حەجی بەهائیدا ئافرەت دەرهاوێژراوە و تەنها ئەو پیاوە باڵقانە دەگرێتەوە کە توانستیان هەیە. ئەو شوێنانەشی کە پێویستە لانی کەم سەردانی یەکێکیان بکرێت، بریتین لە ماڵی پیرۆز (البيت المبارك)ی حەزرەتی باب لە شیراز و ماڵی مەزن (البيت الأعظم)ی حەزرەتی بەهائوڵڵا لە بەغدا. وەلێ بە هۆی ئەوەی ڕژێمی ئێران ماڵی بابی شیرازی کاول کرد و ماڵی بەهائوڵڵاش لە بەغدا دوای ئەوەی گۆڕرا بۆ حوسەینییە، لە (١٩ی یولیوی ٢٠١٣)دا هەندێک کەسی نەناسراو خاپووریان کرد، لە ئێستادا بەهائییەکان هەندێک شوێنی دیکەیان دیاری کردووە وەک گڵکۆی بەهائوڵڵا و باغچەی بەهائییەکان لە حێفا و هتد.

پەرتووکە پیرۆزەکانیان:
لە دیارترین پەرتووکە پیرۆزەکانی ئەم ئایینە هەردوو پەرتووکی (الأقدس) و (الايقان)ە کە خودی بەهائوڵڵا نووسیونی، ئەمە جگە له‌ پەرتووکی پیرۆزی ئایینەکانی دیکە.

ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:
ژمارەی شوێنکەوتوانی ئایینی بەهائی نزیکەی پێنج ملیۆن دەبێت و بە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئامارێکی وردمان لە بەردەستدا نییە، لەبەر ئەوەی بەهائییەکان لە ترسی کافراندنیان لە لایەن زۆرینەی ئیسلامییەوە شوناسی ئایینیی خۆیان دەشارنەوە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەم ئایینە بە شێوەیەکی فەرمی بەپێی یاسای قەدەغەکردنی چالاکیی بەهائی، ژمارە (١٠٥)ی ساڵی (١٩٧٠) یاساغ کراوە. بەڵام ئەوەی کە نکۆڵیی لێ ناکرێت، ئەوەیە کە ژمارەیەکی بەرچاوی بەهائی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و بڵاوبوونەوەی پەتای سامناکی دەمارگیری و ئەوپەڕگیریی ئایینی، بەشێکی زۆری بەهائییەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق لە شوێنی خۆیان هەڵدێن و کۆچ دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان.

خانەوادەیەکى ئێزیدى لە جێ نزگەى لالش