سەرتاوتار و شیکاری

ناسانامە و بارى یاسایی کەمینەکانى هەرێمى کوردستان

بەسى دووەم لە دوو بەش

کەمینەکان لە پەیماننامە و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکاندا
لە سەرەتای ئەم بەشەدا ئەو پەیماننامە و ڕاگەیه‌نراوە نێودەوڵەتییانە دەخەینە ڕوو کە پەیوەندیدارن بە کەمینەکانەوە، پاشان بە دیاریکردنی ئەو مافانەی کە ئەم پەیماننامە و ڕاگەیەنراوانە بۆ کەمینەکانی فەراهەم دەکەن، پێ دەنێینە کرۆکی بابەتەکەمانەوە، لە دواتەوەریشدا باس لە پێکارەکانی پاراستنی ئەم مافانە دەکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی.

پەیماننامە و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان
لەبەر ئەو جیاوازییە یاساییە زۆر و زەوەندانەی کە لە نێوان پەیماننامە و ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیدا هەن، بە تایبەت لە ڕووی هێز و بەها و سەنگی یاساییەوە، بە باشی دەزانین بە جیا و لە شوێنی سەربەخۆدا لەتەکیاندا دەرگیر ببین.
پەیماننامە یاخود ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ئەو یەکگرتنەی ویستی دوو کەس یان زیاتری کەسانی یاسای گشتیی نێودەوڵەتییە کە شوێنەواری یاسایی دیاریکراوی لێ دەکەوێتەوە، بەپێی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی. لەمەڕ کەسەکانی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی کۆدەنگییەک لە گۆڕێدا نییە، وەلێ بۆچوونی جێبەخۆگرتوو بەو ئاقارەدا دەڕوات کە لە پاڵ دەوڵەتدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڤاتیکان بە کەسانی ئەم یاسایە دابنێت. لێرەوە ئەنجامگیریی ئەوە دەکەین ئەو پەیماننامانەی کە لە نێوان (١. دوو دەوڵەت یان زیاتر. ٢. دوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی حکومی یان زیاتر. ٣. دەوڵەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی حکومی. ٤. دەوڵەتانی کاسۆلیک و ڤاتیکان)دا دەبەسترێن، دەبنە پەیماننامەی نێودەوڵەتی. پەیماننامەکان لە ڕووی ڕۆڵی یاساییانەوە دوو جۆری سەرەکین، گرێبەستی (العقدية) و گشتی (العامة)، پەیماننامەی گرێبەستی ئەوانەن کە لە نێوان دوو کەس یان ژمارەیەکی سنووردار لە کەسانی یاسای نێودەوڵەتی بە مەبەستی ڕێکخستنی پرسێکی تایبەت بە خۆیان گرێ دەدرێن و تەنها لایەنەکانی پێوەی پێبەند دەبن. نموونە بۆ ئەم جۆرە، پەیماننامەی دوو دەوڵەتە بە مەبەستی دیاریکردنی سنووری نێوانیان. بەڵام پەیماننامەی گشتی کە سەرچاوەی سەرەکیی یاسای گشتیی نێودەوڵەتییە، ئەو پەیماننامانەن لە نێوان ژمارەیەکی زۆری کەسی یاسایی نێودەوڵەتیدا بە مەبەستی چێکردنی بنەمای یاسایی گشتیی نێودەوڵەتی دەبەسترێن و هێزی پێبەندکاریان زۆر جار لایەنەکانی تێ دەپەڕێنێت. باشترین نموونە بۆ ئەم جۆرەیان پەیماننامەکانی مافی مرۆڤن.
ئەمەی باسمان کرد، دەستگیرۆییمان دەکات بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی ناتوانیت بە بیانووی لایەننەبوونی دەوڵەتەکەی لەو پەیماننامانەی کە پەیوەندیدارن بە مافی مرۆڤەوە، هەستێت بە پایەماڵکردنی مافی هاووڵاتیان. چونکە پەیماننامەکانی بواری مافی مرۆڤ، لە نێویاندا مافی کەمینەکان، لە جۆری گشتین و هێزی پێبەندکردنیان لایەنەکان تێ دەپەڕێنێت.

ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان
ڕاگەیاندنەکانی مافی مرۆڤ بریتین لە دەرکردنی ڕێساگەلێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (United Nations) وەک کەسێکی یاسایی نێودەوڵەتی. لەمەڕ هێزی پێبەندکاری ئەم ڕاگەیاندنانە، هەوڵگەلێکی فیقهی هەن بە ئاڕاستەی دانی هێزی پێبەندکاری پێیان، وەلێ بە بڕوای ئێمە ئەمە بارکردنی ڕاگەیاندنەکانە بە کۆمەڵێک ڕەهەند کە هەڵگری نین، ئەگەر چاوێک بە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بخشێنین و لە دەستڕۆییەکانی دەرکەری ئەم ڕاگەیاندنانە بڕوانین کە کۆمەڵەی گشتییە، تۆزقاڵێک گومانمان نامینێت لەوەی کە ڕاگەیاندنەکانی مافی مرۆڤ لە ڕاسپاردەیەک (توصية) زیاتر نین و خۆبەخۆ هێزی پێبەنکاریان نییە. بەڵام بێگومان ئەمە بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم ڕاگەیاندنانە بەدەرن لە بەهای مۆڕاڵی و مینۆکی.
ئەمانەی ناویان دەبەین، گرنگترین ئەو ڕاگەیەنراوە نێودەوڵەتییانەن کە پەیوەستن بە مافی کەمینەکانەوە.
١- جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ (١٩٤٨).
٢- ڕاگەیاندنی مافەکانی منداڵ (١٩٥٩).
٣- ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی هەموو شێوەکانی جیاکاریی ڕەگەزی (١٩٦٣).
٤- ڕاگەیاندنی مافەکانی ئەو کەسانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی یان ئیتنی و سەر بە کەمینە ئایینی و زمانییەکانن (١٩٩٢).

مافەکان
کەمینەکان دوو جۆر مافیان هەن، گشتی (العامة) و تایبەت (الخاصة). ئەوان وەک هاووڵاتییەک بە مافەکانی ژیان و سەربەستی و خاوەندارێتیی تایبەت وڵاتنامە (الحق في الجنسية) و بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و ڕادەربڕین و خۆنیشاندان و کار و دامەزراندنی سەندیکا و بیمەی کۆمەڵایەتی و سەرجەم مافەکانی دیکە شاد دەبن. ئەم مافانە بۆ گشت هاووڵاتیانە بە زۆرینە و کەمینەوە. سەرباری گرنگییان، مافە گشتییەکان مەبەستی ئێمە نین، ئەوەی جێی بایەخی ئێمەیە، لە ڕاستیدا مافە تایبەتییەکانە، واته‌ ئەو مافانەی کە تایبەتن بە کەمینەکان، یاخود زیاتر کەمینەکان لێی سوودمەندن. بەشێک لە توێژەران مافە تایبەتەکان بۆ دوو گرووپ دابەش دەکەن. ١. مافە کۆمەڵییەکان (الحقوق الجماعية) یاخود مافە تایبەتە تاکییەکان (الحقوق الخاصة الفردية): ئەمانە مافی کەسانی سەر بە کەمینەکانن. ٢. مافی کۆمەڵەکان (الحقوق الجماعات) یاخود مافە تایبەتە کۆمەڵییەکان (حقوق الخاصة الجماعية): مافی خودی کەمینەکەن نەک ئەو کەسانەی سەر بە ئەون.

مافە کۆمەڵییەکان
ئەم مافانەی لەم بەشەدا دانەبەدانە باسیان دەکەین، لە چەشنی کۆمەڵییەکانن، واته‌ لەو مافانەن کە بۆ کەسانی سەر بە کەمینەکانە، نەک بۆ خودی کەمینەکە.

مافی شادبوون بە کولتوور
مەبەست لە کولتوور کۆمەڵێک شەقڵی ڕۆحی و فیکری و مادی و زانستییە کە کەمینەیەک وەک گرووپێکی مرۆیی جیا دەکاتەوە. مافی شادبوون بەم کولتوورە بێئەنداز گرنگە بۆ کەسی سەر بە کەمینە، چونکە نەک تەنها توانستی بیرکردنەوە لە خۆی و شوناسەکەی دەداتێ و هەستی خۆبەندیی تێدا دەڕسکێنێت، بەڵکو دەروەستیشی دەکات بە پاراستنی خۆبەندییەکەی بۆ کەمینە و گرووپەکەی. دەربارەی ئەو دەقانەی ددان بەم مافەدا دەنێن، لە ماددەی (٢٧)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هاتووە ((لەو دەوڵەتانەی کە کەمینەی ئیتنی، ئایینی و زمانیی تێدایە، نابێت کەسانی سەر بەم کەمینانە بێبەش بکرێن لە مافی شادبوون بە کولتووری خۆیان یان دەرخستنی ئایینیان و پەیڕەوکردنی سرووتەکانی یان بەکارهێنانی زمانیان، به‌ هەڤڕا لەتەک ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەکانیان)). ئەم دەربڕینەی ماددەی (٢٧) لە ماددەکانی (٢)ی ڕاگەیاندنی مافەکانی ئەو کەسانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی یان ئیتنی و سەر بە کەمینە ئایینی و زمانییەکانن و ماددەی (٢٥)ی چارتەری عەرەبیی مافەکانی مرۆڤ بە کەمەکێک جیاوازییەوە پاتەوپات بوونەتەوە.

مافی پیادەکردنی بیروباوەڕی ئایینی
کەسانی سەر بە کەمینەکان مافی پیادەکردنی بیروباوەڕی ئایینیان هەیە. تا ئێرە گرفتێک لە گۆرێدا نییە، وەلێ وەک دەڵێن شەیتان لە وردەکارییەکاندایە، لێڵی و تەمتوومانی ئەم ڕستەیە ئەو کاتە خۆی بەدەردەخات کە پرسیار لە چییەتیی ئایین دەکرێت و دەچینە بەردەم بۆچوونگەلێکی جیاواز و ئاڵۆسکاو لە سەرجەم کایە مەعریفییەکاندا، لەبەر ئەوەی هیچ دەقێک نییە لە یاسای گشتیی نێودەوڵەتیدا کە پێناسەی ئایین بکات، ئەم هەڵوێستەی یاسادانەری نێودەوڵەتییش نەبووەتە شوێن پلاری ڕەخنەکاران، چونکە کارێکی لەم شێوەیە نەک دژوارە، بەڵکو زێدەگۆییمان نەکردووە ئەگەر بڵێین ئاستەم و نەلواوە. تاکە شتێک کە لەم نووتەکەدا دەستمان بگرێت و چوارچێوەیەکی گشتی بۆ تێگەی ئایین لە کۆنتێکستی یاسادا دیاری بکات، لێدوانی ژمارە ٢٢ (٤٨)ی کۆمیسیۆنی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤە لەسەر ماددەی (١٨)ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (١٩٦٦)کە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ماددەی ناوبراو بیروباوەڕە یەکتاپەرستەکان (التوحيدية) و نایەکتاپەرستەکان (غير التوحيدية) و خواناباوەڕییەکان (الإلحادية) و مافی پەیڕەونەکردنی (ئایین) و (بیروباوەڕ) دەپارێزێت. ئەمە سەرباری ئەوەی کە بە پێویستی دەزانێت ڕاڤەیەکی فراوان بۆ هەردوو وشەی (ئایین) و (بیروباوەڕ) بکرێت و تەنها کورت نەکرێتەوە بۆ ئایین و بیروباوەڕە کلاسیکەکان. لێرەوە بەرەئەنجامگیریی ئەوە دەکەین کە مافی پیادەکردنی بیروباوەڕی ئایینی بۆ کەسانی سەر بە سەرجەم ئایینەکانە بەبێ هیچ هەڵاوێر و ئاوارتنێک. لەمەڕ شوێنی ئەم مافە لە چوارچێوەی پاراستنی نێودەوڵەتیی کەمینەکاندا، ماددەی (٢٧)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئەم مافەی لە خۆ گرتووە و پاش ئەم بە هەمان شێوە ماددەی (٢)ی ڕاگەیاندنی مافەکانی ئەو کەسانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی یان ئیتنی و سەر بە کەمینە ئایینی و زمانییەکانن، لەتەک ماددەی (٢٥)ی چارتەری عەرەبی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافەیان لە خۆیاندا جێگیر کردووە.

مافی بەکارهێنانی زمان
بە نیسبەت کەمینە زمانییەکانەوە، پێنەدانی مافی بەکارهێنانی زمان خۆبەخۆ واتای لەکەمینەخستن دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر زمان تاکە سیمای جیاوازیی کەمینەکە نەبێت، وەک لە کەمینەیەکی نەتەوەیی وەک کورد و ئایینی وەک مەندائیدا دەبینرێت، ئەوکات نەبەخشینی ئەم مافە داماڵینی بەشێکە لە شوناسی کەمینەکە و ڕێخۆشکردنە بۆ لەنێوبردنی بەشەکەی دیکەی. لەبەر ئەم گرنگییەی زمان، ماددەکانی (٢٧)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و (٢)ی ڕاگەیاندنی مافەکانی ئەو کەسانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی یان ئیتنی و سەر بە کەمینە ئایینی و زمانییەکانن و (٢٥)ی چارتەری عەرەبیی مافەکانی مرۆڤ، جگە لە مافی شادبوون بە کولتووری خۆیان و پیادەکردنی بیروباوەڕی ئایینیان، مافی بە کارهێنانی زمانیش بۆ کەسانی سەر بە کەمینە دەڕەخسێنن.

مافی خوێندن
ئەم مافە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ مانەوەی کەمینە وەک گرووپێکی مرۆیی خاوەن شوناسی تایبەت و جیاواز لە زۆرینە، ئاخر فێرکردن لە لایەک باشترین ڕێگه‌یە بۆ چاندنی کولتوور و ئایین و زمان و داب و نەریتی کەمینە لە کەسانی سەر بە کەمینەدا، لە لایەکی دیکەوە بۆ گواستنەوەی شوناسی کەمینە لە نەوەیەکەوه‌ بۆ نەوەیەکی دیکە چاکترین ئامرازە. لە دەرەوەی چوارچێوەی پاراستنی کەمینەکان گەلێک ڕاگەیاندن و پەیماننامەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم مافە دەقیان داوە، لەوانە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ[1] و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە پڕبایەخە و دەچێتە سنووری پاراستنی نێودەوڵەتیی کەمینەکانەوە، دەقی ماددەی (٥، بڕگەی ١-ج)ە لە ڕێککەوتننامەی تایبەت بە نەهێشتنی جیاکاری لە بواری فێرکردندا کە وا لە دەوڵەتانی لایەن دەکات ددان بە مافی کەسانی سەر بە کەمینە نیشتیمانییەکاندا بنێن لە پراکتیزەکردنی چالاکیگەلی فێرکاریی تایبەت بە خۆیان، لە نێویاندا بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان و خوێندن بە زمانی خۆیان.

مافی چێکردنی پەیوەندیی سنووربەزێن لەتەک کەسانی سەر بە هەمان کەمینە
بەگوێرەی ماددەی (٢، بڕگەی ٥) لە ڕاگەیاندنی مافەکانی ئەو کەسانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی یان ئیتنی و سەر بە کەمینە ئایینی و زمانییەکانن، کەسانی سەر بەو کەمینانەی کە تاکەکانی دەکەونە سنووری دوو دەوڵەت یاخود زیاترەوە، مافی چێکردن و پاراستنی پەیوەندیی سنووربەزێنیان لەتەک ئەندامانی هەمان کەمینەدا هەیە و لەم ڕێگەیەشەوە ئەم کەسانە دەتوانن پەیوەندی لەتەک ئەو هاوئایین و نەتەوە و زمان و ڕەگەزانەدا ببەستن کە هاووڵاتیی دەوڵەتێکی دیکەن. بۆ نموونە، ئێزیدییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن پەیوەندی لەتەک ئێزیدییەکانی تورکیا و سوریادا لەمەڕ کاروباری ئایینیی خۆیان ببەستن، بە هەمان شێوە کاکەیی و زەردەشتی و مەندائییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن لەتەک کاکەیی و زەردەشتی و مەندائییەکانی ئێراندا ڕایەڵبەندی چێ بکەن لە هەمان بواردا.

مافی جیاکارینەکردن
جیاکاری (التمييز): هەر جیاوازیکردنێک (تفريق)، ڕیزپەڕکردنێک (استثناء)، کۆتکردنێک (تقييد)، ڕەپێشخستنێک (تفضيل)ە کە لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ڕەنگی پێست، ئایین، زمان، بۆچوونی سیاسی و ناسیاسی یان هەر شتێکی دیکە کە یاسا دیاریی کردووە، دامەزراوە بە ئامانجی پەکخستن و کۆسپدانان لە بەردەم دداننان بە سەرجەم ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ یان لە بەردەم پێشادبوون و پراکتیزەکردنیان بە شێوەیەکی یەکسان. لەم پێناسەیەوە دەردەکەوێت جیاکاری سێ توخمی (کردە، بنەما، ئامانج) لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە.
١- کردە: جیاوازیدان، ڕیزپەڕکردن، کۆتکردن، بەباشترزانین.
٢- بنەما: بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ڕەنگی پێست، ئایین، زمان، بۆچوونی سیاسی و ناسیاسی یان هەر شتێکی دیکە کە یاسا دیاریی کردووە.
٣- ئامانج: پەکخستن و کۆسپدانان لە بەردەم دداننان بە سەرجەم ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ یان لە بەردەم پێشادبوون و پراکتیزەکردنیان بە شێوەیەکی یەکسان.
جیاکارینەکردن لەو بنەمایانەی یاسای نێودەوڵەتییە کە زۆرترین پەیماننامە و ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی دەقی لەسەر داوە، لەوانە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، ڕاگەیاندنی مافەکانی منداڵ، ڕێككەوتننامەی مافەکانی منداڵ، چارتەری عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤ، جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ.لە پاڵ ئەمانەدا کۆمەڵێک پەیماننامە و ڕاگەیاندنی دیکە هەن کە بابەتەکەیان جیاکارینەکردنە، جا لە بوارێکی دیاریکراودا بێت وەک ڕێککەوتننامەی تایبەت بە نەهێشتنی جیاکاری لە بواری فێرکردندا، یاخود لەسەر بنەمایەکی دیاریکراو بێت وەک ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی هەموو شێوەکانی جیاکاریی ڕەگەزی لەتەک ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی هەموو شێوەکانی جیاکاریی ڕەگەزی.

مافی بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان لە دەوڵەتدا
بە ئامانجی پاراستنی شوناسی کەمینەکان و گەشەپێدانی بڕگەکانی (٣ و ٤) لە ماددەی (٢)ی ڕاگەیاندنی مافەکانی ئەو کەسانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی یان ئیتنی و سەر بە کەمینە ئایینی و زمانییەکانن، ئەو مافە بە کەمینەکان دەدات کە لە بەڕێوەبردنی کاروباری تایبەت بە خۆیان لە دەوڵەتدا بەشدار بن، ئەمەش لە ڕێگەی ١. بەشداریکردن لەو بڕیارانەی کە پەیوەستن بە کەمینەکەوە، یاخود بەو ناوچانەی کە تێیدا دەژین لەسەر ئاستی نیشتیمانی و هەرێمی. (بڕگەی ٣). ٢. دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان. (بڕگەی ٤).

مافی کۆمەڵەکان
وەک باسمان کرد، ئەم جۆرە لە مافە تایبەتەکان کۆی ئەو مافانە دەگرێتەوە کە کەمینەکە هەیەتی، وەک گرووپێکی مرۆیی کە هەموو مەرجەکانی بوون بە کەمینەی تێدایە. دیارترینی مافە کۆمەڵییەکان مافی بوون و دیاریکردنی چارەنووسن.
مافی بوون مافی بوون جیاوازە لە مافی ژیان، یەکەمیان بوونی کەمینە و کۆمەڵە مرۆییەکان دەپارێزێت دژ بە هەر کردەیەک کە ببێتە هۆی لەنێوچوونی هەمەکی یان هەندەکییان لە کورتماوە و درێژماوەدا، لێ دووەمیان ژیانی تاکەکان دەپارێزێت. هەڵبەت کەسانی سەر بە کەمینەکان لەو پارێزگارییەی کە مافی ژیان فەراهەمی دەکات، سوودمەندن، بەڵام ئەمە بەس نییە، ئەوان پێویستیان بە مافێکە کە ڕێگری لە قڕکردنیان بکات، ئەم مافەش مافی بوونە کە لە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید (کۆمەڵکوژی) و ستاتۆی ڕۆمای دادگای نێودەوڵەتیی تاواندا جێگیر کراوە. بەگوێرەی ماددەی (٢)ی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید و ماددەی (٦)ی ستاتۆی ڕۆمای دادگای نێودەوڵەتیی تاوان، هەر کردەیەک لەوانەی ڕیزیان دەکەین، جینۆسایدە وەختایەک بە مەبەستی لەنێوبردنی هەمەکی یان هەندەکیی گرووپێکی (نەتەوەیی، ئیتنی، ڕەگەزی، ئایینی) ئەنجام دەدرێت:
١- کوشتنی ئەندامانی ئەو گرووپە.
٢- ئازاردانی ترسناکی جەستەیی و ڕۆحیی ئەندامانی ئەو گرووپە.
٣- بە ئانقەست گرووپەکە بخرێنە گوزەرانێکەوە کە لەنێوچوونی هەمەکی یاخود هەندەکیی بەدوادابێت.
٤- گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەوتۆ کە ڕێگە لە زاوزێی بگرێت لە گرووپەکەدا.
٥- بە زۆر گواستنەوەی منداڵان لە گرووپەکەوە بۆ گرووپێکی دیکە.
ئیستا دەمەوێت هێما بۆ چەند خاڵێک بکەم. یەکەم: هەموو کەمینەیەک گرووپێکی مرۆییە، بەڵام هەموو گرووپە مرۆییەکان کەمینە نین، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم ماددانە کەمینەکان دەگرێتەوە. دووەم: هەرچەندە ئەم ماددانە سەرجەمی گرووپە نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئیتنی و ئایینییەکان دەپارێزێت، بەڵام بەبێ هیچ گومانێک ئەگەر سەیرێکی عێراق بکەین، هەر لەوەی کە دەرهەق بە کورد کرا وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی و ئەوەشی کە نها بەرامبەر ئێزیدییەکان دەکرێت لە لایەن (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)ەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە سوودمەندی سەرەکی لەم ماددانە کەمینەکانن، ئاخر کۆتاجار ئەوە ئەوانن کە ڕووبەڕووی زۆرترین هەوڵی کۆمەڵکوژی و قڕکردن دەبنەوە.
لەم دوانە بترازێت، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید گرووپ و کەمینە زمانییەکان بەدەردەکات لەو پارێزگارییەی کە بۆ گرووپ و کەمینە نەتەوەیی و ئیتنی و ڕەگەزی و ئایینییەکانی دەستەبەر کردووە. ئەمە جگە لەوەی لە پێواری دەزگایەکی چاودێریدا ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبووە لە بنەبڕکردنی تاوانی جینۆساید و پێبەندکردنی دەوڵەتانی ئەندام بە ڕێگریکردن لەم تاوانە، ئەمە بە پێچەوانەی ستاتۆی ڕۆماوە کە وەک هەوڵێکی باشتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی دەنوێنێت.

مافی دیاریکردنی چارەنووس
لە سەرەتادا مافی دیاریکردنی چارەنووس تەنها بنەمایەکی سیاسی بوو، دواتر بە چەندین ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بە یاسا موتوربە دەکرێت و دەبێتە بنەمایەکی سیاسی و یاسایی. دیارترینی ئەو ڕێککەوتننامانەشی کە ئەم مافەیان تێدا دەقبەند کراوە، بریتین لە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. وەک لە ماددەی (١، بڕگەی ٢)ی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەقی لەسەر دراوە، یەک لە مەبەستەکانی ڕێکخراوەکە بریتییە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە پرەنسیپی کۆمافیی وەکیەک و دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و گرتنەبەری هەر ڕێگەیەکی دیکەی گونجاو و لەبار بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی ئاشتیی جیهانی. جارێکی دیکە لە چاپتەری نۆیەمدا هاتووە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای مافی وەکیەکی و دیاریکردنی چارەنووسی گەلان کار بۆ بەدیهێنانی ئاستێکی باڵاتری گوزەران و چارەسەری ئاریشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ساخڵەمییەکان و ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و هەندێک مژاری دیکە دەکات. بە هەمان شێوە، مافی دیاریکردنی چارەنووس پێگەیەکی باش لە هەردوو (پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان)دا داگیر دەکات، بە شێوەیەک، ماددەی (١، بڕگەی ١)ی هەردوو پەیماننامەکە بەوە دەست پێ دەکات کە هەموو گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە.
مافی دیاریکردنی چارەنووس دوو دیوی هەیە، نێوخۆیی و دەرەکی. لە ڕووی نێوخۆییەوە مافی گەلانە لە هەڵبژاردنی ئەو فۆرمە لە فەرمانڕەوایەتی کە بە گونجاو و لەبار و لواوی دەبینێت بۆ خۆی، هەرچی ڕووی دەرەکییەتی، بریتییە لە مافی گەلان لە دیاریکردنی پێگە و ستاتۆی نێودەوڵەتیی خۆی بە جیابوونەوە (انفصال) لە دەوڵەتی دایک و دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ یاخود بە لکان (اندماج) یان یەکگرتنی (اتحاد) لەتەک دەوڵەتێکی دیکەدا. سەبارەت بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کەمینەکان، بەر لە هەر شتێک دەبێت ئەوە بزانین کە گومان لەوەدا نییە کە کەمینەکان لەتەک زۆرینەدا دەتوانن بەم مافە شاد بن، واته‌ کەمینەی ئاشووری دەتوانێت لەتەک زۆرینەی کوردیدا پشتبەست بەم مافە دەوڵەتی کوردستان دروست بکەن، بەڵام ئەوەی ئایا ئەم کەمینەیە خۆی دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئەم مافە، مایەی باسوخواسە. سەرەتا دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە ئەوە (گەل)ە خاوەنداری لەم مافە دەکات، نەک (کەمینە)، بەڵام دەکرێت کەمینە گەل بێت. هێنانەوەی کورد وەک نموونە بۆ ئێرە یارمەتیدەرە، ئێمەی گەلی کورد لە عێراقدا کەمینەیەکی نەتەوەیین. کەواتە ئەوەی کەمینەیەک لە سایەی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا لە دەوڵەتی دایک جیا ببێتەوە و دەوڵەتی خۆی پێک بهێنێت، جگە لە ویستی جیابوونەوە و جمین و کۆبوونەوەیان لە ناوچەیەکی دیاریکراوی هەرێمی دەوڵەتەکەدا، پێویستە کەمینەی سەربەخۆخواز بە لەخۆگرتنی خەسڵەتەکانی نەتەوە ببێتە گەل و یەکێکیش لە پاساوەکانی پراکتیزەکردنی ئەم مافەی هەبێت، بۆ نموونە چەوساندنەوە لە لایەن زۆرینەوە.

کۆمیتەی لاوەکیی نەهێشتنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکان
ماددەی (٦٨)ی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەقی داوە لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەتوانێت بۆ پەرەپێدان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کۆمیتە پێک بهێنێت، لەسایەی ئەم دەقەدا ئەنجوومەنەکە لە خولی (٣٢)ی خۆیدا و بە بڕیاری ژمارە (٨٤٥) لە ساڵی ١٩٤٦دا کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی دامەزراند، ئەمیش ساڵێک دواتر، واته‌ ساڵی ١٩٤٧ کۆمیتەی لاوەکیی نەهێشتنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکانی دامەزراند کە دواتر ناوی گۆڕا بۆ (کۆمیتەی لاوەکیی پەرەپێدان و پاراستنی مافی مرۆڤ).
ئەم کۆمێتەیە لە (٢٦) کەسی لێهاتووی بواری مافی مرۆڤ پێک دێت کە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ بە لەبەرچاوگرتنی دابەشبوونی جوگرافی، دادپەروەرانە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵیان دەبژێرێت. ئەرکی کۆمیتەکە لەم دوانەدا خۆی دەبینێتەوە:
١- تاوتوێی ئەوەی بە جیاکارینەکردن و پاراستنی کەمینەکانەوە بەندە، لەتەک بەرزکردنەوەی ڕاسپاردە بۆ کۆمیتەی مافی مرۆڤ لەم بوارانەدا.
٢- هەر کارێکی دیکە کە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی یان کۆمیتەی مافی مرۆڤ پێی دەسپێرێت.
سەرباری ئەمە، بەگوێرەی ڕێکاری (١٥٠٣) ، دەکرێت کەسانی سەر بە کەمینەکان و ڕێکخراوە ناحوکمییەکان و ئەو کۆمەڵانەی لە پرسی کەمینەکاندا کار دەکەن لە لای کۆمیتەی لاوەکیی نەهێشتنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکان، سکاڵا بکەن لەسەر بوونی شێوازێکی چەسپاو لە پێشێلکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی کەمینەکان، ئەگەر کۆمیتەی لاوەکی بۆی دەرکەوت ڕاستە، بابەتەکە بەرز دەکاتەوە بۆ کۆمیتەی مافی مرۆڤ و ئەمیش دەتوانێت ڕاسپاردە پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بکات.

کۆمیتەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ
کۆمیتەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ هەژدە کەس لە خەڵکانی خودان ئاکاری بەرز و لێوەشاوەیی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا لە خۆ دەگرێت، وەک لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هاتووە، هەر دەوڵەتێکی نێو پەیماننامەکە بۆی هەیە لایەنی زۆر دوو کەس لە هاووڵاتیانی خۆی بپاڵێوێت بۆ ئەندامێتیی کۆمیتەکە. دواتر لە کۆبوونەوەیەکی دەوڵەتانی لایەندا ئەندامان هەڵدەبژێررێن لەتەک ڕەچاوکردنی ئەمانەدا. یەکەم: نابێت زیاد لە یەک هاووڵاتیی دەوڵەتێک ببێتە ئەندام. دووەم: لە هەڵبژاردنی ئەندامەکاندا پێویستە ڕەچاوی دابەشبوونی جوگرافیی دادپەروەرانە و نوێنەرایەتیی شارستانیەتە جیاوازەکان و سیستەمە یاساییە سەرەکییەکان بکرێت. ئەندامانی کۆمیتەکە بۆ چوار ساڵ هەڵدەبژێررێن و دەکرێت جارێکی دیکە هەڵبژێررێنەوە ئەگەر کاندیک کرانەوە. پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەرچەندە ئەم ئەندامانە دواجار هاووڵاتیی دەوڵەتانی لایەنن لە پەیماننامەکەدا، بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەن. ئێستا با بزانین ڕۆڵی ئەم دامەزراوەیە لە پاراستنی مافی کەمینەکاندا چییە. کۆمیتە لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانە دەکات کە دەوڵەتانی نێو پەیماننامەکە پێبەندن بە پێشکەشکردنی لەمەڕ جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی پەیماننامەکە و هێنانەدیی ئەو مافانەی کە لە خۆی گرتووە، لە نێویاندا مافی کەمینەکان، پاشان ڕاپۆرتەکانی خۆی و سەرنج و تێبینییەکانی بۆ دەوڵەتانی نێو پەیماننامەکە دەنێرێت، لەوانەشە ئەم سەرنج و تێبینییانە و کۆپییەک لەو ڕاپۆرتانەی کە لە لایەن دەوڵەتانەوە پێی گەیشتووە، بۆ ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بنێرێت.
لە پاڵ ئەمەدا، دەوڵەتانی لایەن دەتوانن ددان بە دەسەڵاتی کۆمیتەدا بنێن بۆ وەرگرتن و لێکۆڵینەوە لەو بەلاغانەی کە تێیدا دەوڵەتێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایا دەوڵەتێکی دیکە پێبەندییەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەکە جێبەجێ نەکردووە، بۆ نموونە، دەکرێت فەڕەنسا بەلاغێکی لەو شێوەیە ئاڕاستەی کۆمیتە بکات و بانگەشەی ئەوە بکات کە عێراق ئەرکەکانی خۆی بەگوێرەی ماددەی (٢٧) پشتگوێ خستووە و ئازادیی ئایینداریی بۆ کەمینە ئایینییەکان دەستەبەر نەکردووە. بەڵام دووپاتی دەکەمەوە بۆ ئەوەی کۆمیتە بەم کارە هەستێت، پێویستە هەردوو دەوڵەتە لایەنەکە ددانیان بە دەسەڵاتی کۆمیتەدا نابێت.
جگە لەم دوانەی باسمان کرد، هەر دەوڵەتێک دەبێتە لایەن لە پرۆتۆکۆڵی سەرپشکانەی (اختياري) یەکەمدا، خۆبەخۆ ددان بە تایبەتمەندیی ئەم کۆمیتەیەدا دەنێت بۆ وەرگرتنی سکاڵای ئەو تاکانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بوونەتە قوربانیی بنپێخستنی ئەو مافانەی کە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا جێگیر کراون. کەواتە کەسانی سەر بە کەمینەکان وەک تاکێک دەتوانن سکاڵا بکەن و تێیدا بانگەشەی ئەوە بکەن کە مافەکانی ماددەی (٢٧)ی پەیماننامەکە پایەماڵ کراون.
دوای وەرگرتنی، کۆمیتە نامەکان ڕەوانەی دەوڵەتی تۆمەتبار دەکات، ئەمیش دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا داخویانییەک یان ڕوونکردنەوەیەک بە نووسین بۆ کۆمیتە بنێرێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی پرسەکە لەتەک ئاماژەدان بەو ڕێوشوێنانەی کە گرتوونیەتە بەر بۆ هەڵگرتنی ستەمەکە ئەگەر پێویستی کرد. لە کۆتاییشدا کۆمیتە بۆچوونی خۆی بۆ دەوڵەتی تۆمەتبار و تاکی سکاڵاکەر دەنێرێت و لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیشیدا بۆ کۆمەڵەی گشتی ئاماژە بە پوختەی ئەو کارانە دەدات کە کردوونی.


کۆمیتەی نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی
ماددەی (٨)ی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی هەموو شێوەکانی جیاکاریی ڕەگەزی دەقی داوە لەسەر دروستکردنی کۆمیتەیەکی (١٨) کەسی لە خەڵکانی شارەزا و خودان ئاکاری بەرز کە دەوڵەتانی لایەن بە دەنگدانی نهێنی بۆ ماوەی (٤) ساڵ لە نێو لیستی ئەو ناوانەدا هەڵیان دەبژێرن کە دەوڵەتانی لایەن لە ڕێککەوتنەکەدا لە هاووڵاتیانی خۆیان کاندیدیان کردوون، بە شێوەیەک، هەر دەوڵەتە و دەتوانێت کەسێک لە هاووڵاتیانی خۆی بپاڵێوێت. بەڵام پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا ڕەچاوی عەدالەتی دابەشبوونی جوگرافی و نوێنەرایەتیی شارستانیەتە جیاوازەکان و سیستەمە یاساییە سەرەکییەکان بکرێت.
پێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددە و بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە خۆیان لەمانەدا دەبیننەوە:
١- ڕاپۆرتی دەوڵەتانی نێو ڕێککەوتننامەکە بەگوێرەی ماددەی (٩).
٢- بەلاغی دەوڵەتانی نێو ڕێککەوتننامەکە بەگوێرەی ماددەی (١١).
٣- سکاڵای تاک و گرووپەکان کە پێکارێکی سەرپشکییە و دەوڵەتان پێوەی پێبەند نین تاکو ددان بە تایبەتمەندیی کۆمیتەدا نەنێت لەم بوارەدا. وەک دەبینن، پێکارەکانی پاراستنی مافەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە هەمان ئەوانەن کە لە کۆمیتەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤدا بینیمان، لەبەر ئەوە، بە پێویستی نازانین باسیان بکەین.

کۆمیتەی عەرەبیی مافەکانی مرۆڤ
پێشتر ئاماژەمان داوە بەوەی کە چارتەری عەرەبیی مافەکانی مرۆڤ لە ماددەی (٢٥)دا مافەکانی شادبوون بە کولتوور و پیادەکردنی بیروباوەڕی ئایینی و بەکارهێنانی زمان بە کەمینەکان دەبەخشێت. هەڵبەت ناتوانین ستایشی پێدانی ئەم مافانە نەکەین، بەڵام ئەوەی ئەم ڕیسە دەکاتەوە به‌ خوری، نەبوونی پارێزگارییەکی ئەوتۆ و لەخۆنەگرتنی میکانیزمی کارایە بۆ پێبەندکردنی دەوڵەتانی لایەن لە چارتەرەکەدا. ئاخر مافی بێ پارێزگاری وەک دەمانچەی بێ فیشەکە. تاکە پێکاری کۆمیتەی عەرەبیی مافەکانی مرۆڤ بۆ فشارخستنە سەر دەوڵەتانی لایەن و جێبەجێکردنی ماددە و بڕگەکانی چارتەرەکە بریتییە لەو ڕاپۆرتانەی کە دەوڵەتانی نێو پەیماننامەکە پێبەندن بە پێشکەشکردنی. ئەمە لە کاتێکدایە پێشکەوتنێکی زۆر باش لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکی و تەنانەت ئەفریکی لەم بوارەدا هەیە، ئەگەر سەیرێکی پەیماننامە و پرۆتۆکۆڵە ئەورووپیەکان بکەین، دەبینین کە هاووڵاتیی دەوڵەتە ئەورووپیەکان ڕاستەوخۆ دەتوانن بچنە بەردەم دادگای ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ و دژی حکومەتەکانیان سکاڵا بکەن.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا گرنگە ئەوە بڵێم کە وەک چۆن پەیماننامە و ڕاگەیاندنە هەرێمییە ئەورووپی و ئەمه‌ریکی و ئەفریکیەکانمان وەلانا، بە هەمان شێوە ئەو دامەزراوە و پێکارانەمان فەرامۆش کردوون کە لەسەر ئەو ئاستە هەرێمییانە کار دەکەن. ئەمە جگە لەوەی تخووبی کارکردنی ئێمە پەیماننامە و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان بووە، ئەمەش خۆبەخۆ واته‌ دوورخستنەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحوکمییەکان و میدیا و ڕای گشتیی جیهانی و چەندین پێکاری دیکەی گرنگ کە لە ئێستادا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە پاراستنی کەمینەکاندا.

کەمینەکان لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا
دوای هەوڵدانمان بۆ ناساندنی کەمینەکان و دیاریکردنی پێگەی یاساییان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، جێی خۆیەتی لەم بەشەدا لەسەر دەستووری عێراقی و ئەو یاسایانە بوەستین کە لە هەرێمی کوردستاندا کارپێکراون و پەیوەندییەکی تەنگاتەنگ و نزیکیان لەتەک کەمینەکاندا هەیە.

کەمینەکان لە دەستووردا
ئەوەی وا دەکات باسی کەمینەکان بکەین لە دەستووری عێراقدا، دوو پاڵنەری سەرەکییە:
١- لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا دەستووری هەرێمەکان، ویلایەتەکان، کانتۆنەکان، ئیمارەتەکان دەبێت لەو سنوورە دەرنەچن کە دەستووری فیدڕاڵی دەیکێشێت. ئەمە بنەواشە یان بنەمای (باڵایی دەستووری فیدڕاڵی)یە کە ماددەی (١٢٠)ی دەستووری عێراقی جەختی لەسەر دەکاتەوە بە دەقی ((هەرێم دەستوورێک بۆ خۆی دادەڕێژێت، هەیکەلی دەسەڵاتەکانی هەرێم و دەستڕۆیی و میکانیزمی پراکتیزەکردنی ئەو دەسەڵاتانە دیاری دەکات، بە مەرجێک ناکۆک نەبێت لەتەک ئەم دەستوورەدا)). ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، گەر هەرێم بووە خاوەن دەستووری خۆی، دەبێت لەو چێوەیەدا بێت کە دەستووری فیدڕاڵی ڕەنگڕێژی کردووە.
٢- لە ئەگەری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدا گومانمان هەیە لەوەی لە دەستووری عێراقی (٢٠٠٥) باشتر و شارستانیتر لە عەقڵی کوردییەوە سەرچاوە بگرێت، بەڵگەمان بۆ ئەمە پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستانە، ئەو پرۆژەیەی کە پڕ بوو لە پاشاگەردانی و بێسەروبەریی فیکری و سیاسی و یاسایی.
وەک باسمان کرد، دەستووری عێراقی زاراوەی (پێکهاتە)ی لەبری (کەمینە) داناوە، لای هەندێک ئەمە مایەی ستایشە و لای هەندێکی دیکە ڕەخنە،بە لەبەرچاوگرتنی ئەو میراتە یاساییەی کە لە بەشی پێشوودا لەتەکیدا دەرگیر بووین، ئێمە زاراوەی (کەمینە) بە گونجاوتر دەزانین، پتر خۆمان بەمەوە سەرقاڵ ناکەین، ئەوەی زیاتر بەلامانەوە شایستەی گەنگەشەیە، ماددەی (٢)ی دەستوورەکەیە کە تێیدا هاتووە:
((یەکەم: ئیسلام ئایینی فەرمیی دەوڵەتە و سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانانە:
ا- نابێت یاسایەک دابنرێت لەتەک حوکمە جێگیرەکانی ئیسلام ناتەبا بێت.
‌ب- نابێت یاسایەک دابنرێت لەتەک بنەما دیموکراسییەکان ناتەبا بێت.
‌ج- نابێت یاسایەک دابنرێـت کە ناکۆک و ناتەبا بێت لەتەک ئەو ماف و ئازادییە بنەڕەتییانەی کە لەم دەستوورەدا هاتوون.
دووەم: ئەم دەستوورە ناسنامەی ئیسلامیی زۆرینەی گەلی عێراق دەپارێزێت، هەروەها تەواوی مافە ئایینییەکانی سەرجەم تاکەکان دەپارێزێت لە ڕووی ئازادی بیروباوەڕ و مومارەسەی ئایینییەوە، وەک مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان و مەندائییەکان)).
ئەم ماددەیە کە بە جیاوازییەکی کەمەوە لە پرۆژە لەبارچووەکەی دەستووری هەر‌ێمی کوردستاندا دانرابوو، لەو ماددانەیە کە زۆرترین ڕەخنەی ئاڕاستە کراوە، دیارترینیان ئەمانەن:
١- دەوڵەتوەک بوونێکی خەیاڵکرد و مینۆکی و گریمانەیی (افتراضي) بە سروشتی خۆیی ناکرێت ئایینی هەبێت، لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕەخنەیەدا، دەتوانین بڵێین لە ڕستەی (ئیسلام ئایینی فەرمیی دەوڵەتە)دا دالەکان لە مەدلوولی خۆیان ترازێنراون، ئاخر نە کەسی خەیاڵکرد دەتوانێت باوەڕدار بێت، نە ئایین دەدرێتە پاڵ کەسی مینۆکی.
٢- ئیسلام نەک هەڵگری هەمان گوتار و دونیابینیی دیموکراسی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە بەریان دەکەوێت، ئەم دژیەکی و بەیەکداکێشانە بە تایبەت لە پرسەکانی یەکسانیی ژن و پیاو، یەکسانیی موسوڵمان و ناموسوڵمان، ئازادیی ئایینگۆڕین، ئازادیی ڕەخنەگرتن لە ئیسلام و چەندینی دیکە زۆر بە زەقی دەردەکەوێت.
بۆ دوورخستنەوە و قوتاربوون لەم دژیەکییەی ترنجاوەتە ئەم ماددەیەوە، دەبێت لە دەرگای دادگای باڵای فیدراڵی بدەین، واته‌ ئەو دەستە دادوەرییە سەربەخۆیەی کە چاودێریکردنی ڕادەی دەستووریبوونی یاسا و پێڕەوە کارپێکراوەکان و لێکدانەوەی دەقەکانی دەستووری لە ئەستۆدایە. ئەگەر تەماشایەکی پێکهاتەی ئەم دادگایە بکەین، کەمەکێک گومانمان نامێنێت لەوەی کە دواقسە لە دەستووری عێراقیدا بۆ حوکمە جێگیرەکانی ئیسلامە، نەک بنەماکانی دیموکراسی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، ئاخر دەستوورەکە نەک هەر ئەندامێتیی کەمینە ئایینییەکانی لە دادگاکەدا مسۆگەر نەکردووە، بەڵکو چاوی لەوە بڕیوە کە بە پسپۆڕانی بواری فیقهی ئیسلامی سیخناخی بکات.
٣- ماددەکە تەنها ناوی (مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان و مەندائییەکان)ی هێناوە، باشتر بوو کەمینەکانی (کاکەیی، بەهائی، یەهوودی، زەردەشتی)ی لە یاد نەکردایە.
لەبەر ئەوە، پێویستە هەموو هەوڵ و کۆششی کەمینە ئایینییەکان بە ئاڕاستەی گۆڕینی ئەم ماددەیەدا بێت، بە شێوەیەک، کە ئیدی نە ئیسلام ئایینی فەرمیی دەوڵەت بێت، نە حوکمە جێگیرەکانی ببنە پێودانگی سەرەکیی دەستووریبوونی یاساکان. هیوادارین گەر ڕۆژێک کورد بوو بە خاوەن دەوڵەت و دەستوور، خۆی لەم گاڵتەجاڕییە بەدوور بگرێت و بوونی زۆرینەیەکی ئیسلامی نەکاتە هەنجەت و بیانوو بۆ بەئیسلامیکردنی دەوڵەت و سیستەمی یاسایی، لەبەر ئەوەی بەشێکی دیاری ئەم زۆرینە موسوڵمانە نە پێبەندن بە فەرزە ئایینییەکانەوە، نە ئیسلامیان وەک سەرچاوەی یاسادانان و ئایینی فەرمی لا پەسەندە.
ئەو ماددانەی دیکە کە لە نزیکەوە پەیوەندییان بە کەمینەکانەوە هەیە، بریتین لە ماددەی (٣)،ماددەی (٤)، ماددەی (٧، بڕگەی یەکەم)، ماددەی (١٠)، ماددەی (١٤)، ماددەی (٣٧، بڕگەی دووەم)، ماددەی (٤١)، ماددەی (٤٢)، ماددەی (٤٣، بڕگەی یەکەم)، ماددەی (٤٩، بڕگەی یەکەم)، ماددەی (١٢٥).
بەگوێرەی ماددەی (٤١)ی دەستوورەکە ((عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسێتییان بەپێی ئایین و ئایینزا و بیروباوەڕ و هەڵبژاردنی خۆیان، ئەمەش بە یاسا ڕێک دەخرێت)). کەواتە بەپێی ئەم ماددەیە، پێویستە باری کەسێتیی عێراقییەکان لە چەند یاسایەکدا یاخود لە یاسایەکدا، بەڵام بە حوکمی جیاواز ڕێک بخرێت، وێڕای ئەم دەقە، تا ئەم ساتەوەختە هیچ یاسایەک پشتبەست بەم ماددەیە لە عێراقدا دەرنەکراوە.
پێش ئەوەی هەر شتێکی دیکە باس بکەین، پێم باشە لەبارەی پرسی باری کەسێتی (احوال شخصية)یەوە سەرپێییانە ئەوە بڵێم کە لە نێو تیكڕای ئەو مۆدێلانەی هەن، من باوەڕم وایە باشقە (مۆدێل)ی دوانەیی (الثنائية) باشترینیانە، لەم باشقەیەدا هەرچەندە دەوڵەت ئایینی نییە، بەڵام ڕێگە بە تاکەکان دەدرێت لە پرسەکانی باری کەسێتییاندا بگەڕێنەوە بۆ شەریعەتی ئایینەکەیان، دەکرێت ئێمەی کوردستانی ئەم مۆدێلە وەک ئاسۆیەک وەربگرین، تاکو لە داهاتوودا هەم ببینە خاوەن یاسایەکی عەلمانی، هەم موسوڵمانەکان لەباری کەسێتییاندا سەرپشک بکەین لە نێوان یاسا عەلمانییەکە و شەریعەتی ئیسلامیدا.
ماددەی (٤٢) دەقی داوە لەسەر ئەوەی ((هەر تاکێک مافی ئازادیی بیروباوەڕی هەیە)). لەو گرنگتر دەقی ماددەی (٤٣)یە کە تێیدا هاتووە ((یەکەم: شوێنکەوتوانی هەر ئایین و ئایینزایەک ئازادن لە: ا‌- ئەنجامدانی دروشمە ئایینییەکانیان، لەوانەش، دروشمەکانی حوسەینییە. ب‌- بەڕێوەبردنی ئەوقاف و کاروباری دامودەزگا ئایینییەکان، ئەمەش بە یاسا ڕێک دەخرێت. دووەم: دەوڵەت ئازادیی ئەنجامدانی پەرستشەکان و شوێنەکانی بەندایەتی دەپارێزێت)). هەڵبەت ئەگەر ئەم دوو ماددەیە بە دابڕاوی لە ماددەکانی دیکەی دەستوورەکە وەربگرین، وا دەردەکەوێت کە پارێزگارییەکی زۆر چاک بۆ کەمینەکان، بە تایبەت کەمینە ئایینییەکان، مسۆگەر دەکەن؛ بەڵام دەستوور یەکەیەکی پارچەپارچەنەکراوە و ئەم ماددانە و سەرجەم ئەوانەی دیکە کە پەیوەندیدارن بە کەمینەکانەوە لە وێنا گشتییەکەی دەستووردا ماددەگەلێکی بۆش و بەتاڵ و بێجەوهەرن، چونکە ئەم ماددانە بەو ناواخنەی کە پەیماننامە و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان بە باڵایاندا دەبڕن، بە دڵنیاییەوە لەتەک حوکمە جێگیرەکانی ئیسلامدا پێچەوانە دەوەستنەوە.
ماددەی (٤٩، بڕگەی یەکەم) نوێنەرایەتیکردنی کەمینەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا مسۆگەر دەکات و تێیدا هاتووە ((ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێک دێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەدهەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق، نوێنەرایەتیی گەلی عێراقی دەکەن بە گشتی. هەڵبژاردنیشیان بە ڕێگەی دەنگدانی ڕاستەوخۆ و نهێنی دەبێت، ڕەچاوی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراقیش دەکرێت)). ئەگەر ئەوە قبووڵ بکەین کە سەرجەم ماف و ئازادییە سیاسییەکان دواجار پێکاری پاراستن و گەشەپێدانی مافە مەدەنییەکانن، ئەو کات ئەم ماددەیە، وەک کورد دەڵێت، قوڕبەسەر دەهێنێتە پێکەنین، چونکە ئەوان مافە مەدەنییەکانیان وەک پێویست نەدراوەتێ تا بە جۆشەوە بەرگریی لێ بکەن. لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانێک لەسەر بنەمای دەستوورێک دامەزرابێت کە مافی کەمینەکانی بنپێ ناوە، ناکرێت وەک مەتەرێزی بەرگریکردن لە ماف و ئازادیی کەمینەکان تەماشا بکرێت

کەمینەکان لە یاسادا
دواکارمان خستنەڕووی گرنگترینی ئەو یاسا کارپێکراوانەن کە پەیوەندیدارن بە کەمینەکانەوە لە هەرێمی کوردستاندا، جا ئەم یاسایانە لە هەرێمەوە دەرچووبن یاخود لە بەغداوە.

یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستانى عێراق - ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥
ئەم یاسایەمان کردووە بە یەکێک لە هاوپێچەکانی ئەم پەرتووکە، لەبەر ئەوە ئێمە تەنها لەسەر ئەو مادانە ڕادەوەستین کە ڕەخنەمان لێیان هەیە. سەرەتا بە ناونیشانەکەی دەست پێ دەکەین کە لە ڕووی یاساییەوە هەڵەیە، لەبری (یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان – عێراق) دەبوو (یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان– عێراق) بوایە.
ماددەی (١) دەقی داوە لەسەر ئەوەی کە ((مەبەستی ئەم یاسایە لەم دەستەواژە و زاراوانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریانە:... دووەم: پێکهاتەکان: کۆمەڵە نەتەوەییەکان (تورکمان، کلدانی، سریانی، ئاشوری و ئەرمەن) و کۆمەڵە ئایین و ئایینزاکان (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی و هیی دیکە) کە هاووڵاتیی کوردستانی عێراقن)). باشتر بوو یاسادانەر لەبری ئەمە، پێناسەیەکی وردی زاراوەی (کەمینەکان)ی بکردایە.
لە ماددەی (٢)ی یاساکەدا هاتووە ((حوکمەکانی ئەم یاسایە بەسەر گشت هاووڵاتیانی کوردستان -عێراق کە لەو پێکهاتانەن پیادە دەکرێت)). باشتر بوو ئەم یاسایە بەسەر ئەندامانی زۆرینەشدا پیادە بکرایە لەو ناوچانەدا کە کەمینە تێیدا زۆرینەیە، واته‌ وەک چۆن ئەم یاسایە مەسیحییەکی سلێمانی دەپارێزیت، چاکتر بوو مسوڵمانێکی عەینکاواشی پاراستبا.
ماددەی (٣) دەقی داوە لەسەر ئەوەی ((دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق یەکسانیی تەواو و کاریگەر بۆ پێکهاتەکان مسۆگەر دەکات: یەکەم: حکومەت مافی یەکسانی و هاودەرفەتی لە ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ڕێگەی یاسا و سیاسەتی کاریگەر بۆ ئەو تاکەی سەر بە پێکهاتەیەکە، مسۆگەر دەکات، هەروەها مافی بەشداریکردنیان لە وەرگرتنی ئەو بڕیارانەی تایبەتە بە خۆیان، مسۆگەر دەکات.دووەم: سەرجەم شێوەکانی جیاکاری دژی هەر پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانی کوردستانی عێراق قەدەغە دەکرێت و سەرپێچیکار سزا دەدرێت بەپێی یاسا بەر کارەکان. سێیەم: قەدەغەکردنی هەر بانگەشەیەکی ئایینی، یان سیاسی، یان ڕاگەیاندن، بە تاک یان بە کۆمەڵ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بۆ ڕق و قینە یان توندوتیژی، یان تۆقاندن، یان دوورخستنەوە و پەراوێزخستن، کەوا لەسەر بنەمای نەتەوەیی، یان ئەتنی، یان ئایینی، یان زمانەوانی بینا کرابێت. هەشتەم: ١- حکومەت پابەند دەبێت بە پارێزگاریکردن لە زمانی دایک، لە ڕێگەکانی مسۆگەرکردنی فێربوونیان، ڕۆشنبیربوون و بەڕێوەبردنی کەناڵی ڕاگەیاندنی تایبەت بە خۆیان. ٢- حکومەت کردنەوەی بەشی تایبەت بە زمانە نەتەوەییەکانی پێکهاتەکان لە زانکۆکانی کوردستان و دامەزراندنی ئەکادیمیای زانستیی زمانەوانی تایبەت بە خۆیان بەپێی پێویستییان مسۆگەر دەکات)).
ئەم ماددەیە کۆمەڵێک ڕەخنەی ئاڕاستە دەکرێت، یەکەم: لە یاسادا شتێکمان نییە بە ناوی یەکسانیی تەواو و کاریگەر، یەکسانی لە یاسادا ڕەها و ڕێژەییە، یاسایی و فیعلییە، بە کورتی، ئەمە وشە فڕێدانە. دووەم: یەکسانی و جیاکارینەکردن دوو ڕووی یەک دراون، بە دیاریکراوتر، هەمانگۆیی و تۆتۆلۆگین. لەبەر ئەوە، نەدەبوو هەریەکە و بڕگەیەکی بۆ تەرخان بکرێت. سێیەم: لە کۆتایی بڕگەی دووەمدا هاتووە ((سەرپێچیکار سزا دەدرێت بەپێی یاسا بەر کارەکان))، خۆ گەر یاسایەکی دیکە سزای لەسەر ئەم کردانە دانابێت، دەبێت مەبەست لە داڕشتنی ئەم بڕگەیە چی بووبێت؟ ئەوەی دەبینرێت، بێواتاییەکی پڕشوورەییە، ئەوجی بێئاگاییە لە یاسا، دەبوایە یاسادانەر سزای زیاتری دیاری بکردایە، چونکە ئەوکات لەژێر ڕۆشنایی بنەمای (الخاص يقيد العام) یاساکانی دیکەمان وەلا دەخست و کارمان بەم بڕگەیە دەکرد. چوارەم: بڕگەی سێیەم بڕگەیەکی بێفەڕی ئینشاییە نەک سزایی، باشتر بوو سزای بەندکردنی دیاری بکردایە کە لە (٣) ساڵ زیاتر نەبێت. پێنجەم: بڕگەی هەشتەم پێویست نەبوو، ئاخر ئێمە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠١٤)مان هەیە، ناکرێت پرسێک بە دوو یاسا ڕێک بخرێت، ئەمە لە بێشیرازەیی تەشریعی زیاتر هیچی دیکە نییە.
لە ماددەی (٤)دا هاتووە ((یەکەم: هەر تاکێک مافی هەیە ناسنامەی ئایینیی خۆی ئاشکرا بکات... دووەم: هەر پێکهاتەیەک بە یەکسانی لەگەڵ زۆرینە بۆی هەیە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی بە ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادیی ڕادەربڕین، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئازادیی کۆبوونەوە و دامەزراندنی کۆمەڵە و ڕابیتەکان و ئازادیی پیادەکردنی بیروباوەڕی ئایینییشەوە پیادە بکات... سێیەم: هەر پێکهاتەیەک مافی گوزارشتکردنی هەیە لە ڕۆشنبیری و نەریتەکانی...))
هەرچەندە ئەم بڕگانە جێی ستایشن، بەڵام دەکرێت هەندێک وردەڕەخنەشی ئاڕاستە بکەین. یەکەم: باشتر بوو بڕگەی یەکەم هەم مافی دیاریکردنی ناسنامەی ئایینی و هەم مافی ئاشکراکردنی ئەم ناسنامەیەی بەخشیبا. دووەم: ئەو ماف و ئازادییانەی بڕگەکانی دووەم و سێیەم فەراهەمی دەکەن، ماف و ئازادیی تاکەکەسین، ناکرێت بدرێنە پاڵ گرووپ و کۆمەڵە و کەمینەکان.
لەتەک هەموو ئەمانە، یاساکە بە شێوەیەکی گشتی شایستەی پێداهەڵگوتنە، بە تایبەت ئەگەر بزانین ماددەی (٥) مافی چێکردنی پەیوەندیی سنووربەزێن لەتەک کەسانی سەر بە هەمان کەمینە بۆ کەمینەکان دابین دەکات و ماددەی (٦) بەشداریی کەمینەکان لە دەسەڵاتە گشتییەکان و دامودەزگا حکومی و ئیدارییەکاندا مسۆگەر دەکات.


یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق - ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠١٤)
یەکێک لەو یاسایانەی کە ناکرێت بەرز نەینرخێنین، یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠١٤)یە، بەگوێرەی ئەم یاسایە، هەریەک لەزمانەکانی کوردی و تورکمانی و سریانی و ئەرمەنی زمانی فەرمین، زمانی کوردی زمانی فەرمیی سەرەکییە، ئەوانی دیکەش لە کاتی پێویستدا لە یەکە بەڕێوبەرایەتییەکانی خۆیاندا دەبنە زمانی فەرمی. لە یاساکەدا هاتووە ((لە هەر یەکەیەکی بەڕێوەبردندا کە چڕیی دانیشتوانەکەی سەر بە پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە بن، زمانی خۆیان لە پاڵ زمانی کوردیدا دەبێتە زمانی فەرمی بۆ خوێندن و ئاخاوتن، کاروباری کارگێڕی و نێوخۆییان)). بەڵام ((دەبێت دامەزراوەکانی ئەم جۆرە پێکهاتانە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامودەزگاکانی هەرێم، زمانی کوردی بەکاربێنن)).


یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستانى عێراق - ژمارە (١١)ی ساڵی (٢٠١٠)
زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین پرشنگدارترین ڕووی ئەم یاسایە بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (دووەم)ە کە تێیدا هاتووە ((نابێ مەبەست لە خۆپیشاندان هاندانی گرووپێک دژی گرووپێکی دیاریکراو بێت بە هۆی ئایین یان نەتەوە... یان هاندانی گرووپێک دژی گرووپێکی دیکە بێت)).

یاسایی ڕۆژنامەگەری - ژمارە (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)
لە باشییەکانی یاسای ڕۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەر بە بڕی ملیۆنێک بۆ پێنج ملیۆن دینار و ڕۆژنامەی بڵاوکەرەوە بە پێنج ملیۆن بۆ بیست ملیۆن دینار غەرامە دەکات لە کۆمەڵێک حاڵەتدا، لەوانە: ١- چاندنی تۆوی ڕق و کینە و لێکترازاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵ. ٢- سووکایەتیکردن بە بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان. ٣- سیمبول و پیرۆزییەکانی هەر ئایین و ئایینزایەک و لەکەدارکردنیان. لە کاتی دووبارەبوونەوەشیدا، دادگا دەتوانێت ئەم سزا داراییە زیاد بکات، بە مەرجێک لە دوو هێندەی ئەو گوژمە پارەیەی دیاری کراوە، زیاتر نەبێت.

یاساکانی هەڵبژاردن
لە هەمواری چوارەمی (یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردستان – عێراق)دا پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری و پێنجی دیکە بۆ تورکمان و کورسییەکیش بۆ ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستاندا تەرخان کراوە. بە هەمان شێوە لە (یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان لە هەرێمی کوردستان- عێراق)دا: ١- لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک: دوو کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری و یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان کراوە. ٢- لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: دوو کورسی بۆ کلدان، سریان، ئاشووری و سێ کورسی بۆ تورکمان تەرخان کراون. ٣- لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: یەک کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان کراوە. هەرچەندە بە هۆی کۆکردنەوەی گەلێک ڕووی ئەرێنی و نەرێنی لە یەک کاتدا، ڕەنگە هاوڕاییەک لەمەڕ خودی کۆتا (Quota) نەبێت، بەڵام وەک تاکە ئامراز و دوائامرازی مسۆگەرکردنی بەشداریی کەمینەکان لە دەسەڵاتە گشتییەکاندا، ئێمە نەک تەنها لەتەک مانەوەیداین، بگرە ئاواتەخوازین لە داهاتوویەکی نزیکدا کورسیی کۆتا بۆ کەمینەکانی ئێزیدی و کاکەیی و زەردەشتی کە خاوەن قورساییەکی ژمارەیین، لە هەریەک لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا تەرخان بکرێت.

یاسای سزادانی عێراقی - ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)
یاسای سزادانی عێراقی پارێزگارییەکی زۆر باش بۆ کەمینە ئایینییەکان فەراهەم دەکات، ماددەی (٣٧٢، بڕگەی ١) سزای (بەندکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە سێ ساڵ)ی دیاری کردووە بۆ:
١- ئەوەی بە یەکێک لە ڕێگە ئاشکراکان دەستدرێژی بکاتە سەر بیروباوەڕی یەکێک لە تایەفە ئایینییەکان یان سووکایەتی بە دروشمەکانی بکات.
٢- ئەوەی بە ئەنقەست هەستا بە شێواندنی ڕێوڕەسمەکانی تایەفەیەکی ئایینی یان ئاهەنگێک یان کۆبوونەوەیەکی ئایینی یاخود بە ئەنقەست ڕێگریی کرد لە یەکێک لەم کارانە یان تێکی دا.
٣- ئەوەی هەستا بە تێکدان یان لەنێوبردن یان شێواندن یان پیسکردنی بینایەکی ئامادەکراو بۆ ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی تایەفەیەکی ئایینی یان هەر هێمایەک یان شتێکی دیکەی پیرۆزی ئایینی.
٤- ئەوەی هەستا بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبی پیرۆزی تایەفەیەکی ئایینی و بە ئەنقەست گۆڕانکاریی لە دەقەکەیدا کرد، بە شێوەیەک کە واتاکەی بگۆڕێت یان سووکایەتیی بە یەکێک لە حوکمەکانی یان ڕێنماییەکانی کرد.
٥- ئەوەی بە ئاشکرا سووکایەتی بە هێمایەک یان کەسێکی پیرۆز یان شکۆدار یان ڕێزداری تایەفەیەکی ئایینی بکات.
٦- ئەوەی بە ئاشکرا لاسایی لەخواترسێک یان ئاهەنگێکی ئایینی بکاتەوە بە مەبەستی سووکایەتیپێکردن.

یاسایی باری کەسێتیی هەموارکراو - ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)
بە شێوەیەکی گشتی، جگە لە مەسیحی و یەهوودی و سابیئە و ئێزیدییەکان کە پاشکۆی سەرپەرشتیکردنی تایەفە ئایینییەکان ژمارە (٣٢)ی ساڵی (١٩٨١) ددانی پێدا ناون، حوکمەکانی یاسای باری کەسێتیی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)، بەسەر تێکڕای عێراقییەکاندا جێبەجێ دەکرێت، بە کاکەیی و بەهائی و زەردەشتییەکانەوە.بۆیە ئاواتەخوازین یاسای باری کەسی جارێکی دیکە هەموار بکرێتەوە، بە شێوەیەک، لە ماددەکانی (١٢، ١٣، ١٧، ٣٤، ٣٧، ٤٧، ٤٨ و هتد)دا ڕەچاوی ئایینێکی دیاریکراو نەکرێت، ئەگەر نەشتوانرا لە بەستێنی سیستەمی دەستووری عێراقیدا ئەمە بکرێت، پێویستە هەرچی زووە، ئەم کەمینانە بەدەر بکرێن لە حوکمەکانی یاسایی باری کەسێتیی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩).

ژنانى تەمبوورژەنى ئایینى یارسان