بەو پێیەی، وەک بنەما، دەستوەردان لە یاسای نێودەوڵەتییدا قەدەغە و ڕێلێگیراوە، هەموو جۆرە دەستوەردانێک بۆ خۆی کاتیگۆرییەکی ئاڵۆزە و سەر دەئێشێنێت. لەو نێوەندەشدا، دەستێوەردانی مرۆیی (humanitarian intervention) یەکێکە لە پرسە هەرە ئاڵۆزەکان و لە لایەن یاساناس و دیپلۆمات و سیاسەتمەدارانەوە، زۆرترین مشتومڕی لێ کراوە. دەستێوەردانی مرۆیی وەک ئاڵنگارییەکی هاوچەرخ، کە لە بەرانبەر سەروەریی دەوڵەتدا قوت بووبێتەوە، دەردەکەوێت. چونکە وەک حاڵەتێکی بەکارهێنانی هێز بەبێ ویست و ڕەزامەندیی دەوڵەتی ئامانج، دەناسێنرێت و ئاماژەی بۆ دەکرێت و هاوکات هەر لەو ڕێیەشەوە لە جۆرەکانی تری دەستوەردان هەڵدەبوێردرێت، لەوانەش؛ کاری مرۆیی (humanitarian action)، کە پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی دەوڵەتی ئامانج و بگرە هەندێک جار لەسەر داوای خۆیشی، دەبێت.
دوو پرسیاری گەورە و گرنگ بە دەوری دەستێوەردانی مرۆییدا، دەخولێنەوە. یەکەم، پرسیاری یاساییبوون (legality)، دووەمیش ڕەوایەتیی (legitimacy). بەپێی بنەڕەتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان (لێرە بەدوا بنەڕەتنامەکە)، دەسەڵات بە ئەنجوومەنی ئاسایش (لێرە بەدوا ئەنجوومەنەکە) دراوە، کە ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە بەرانبەر بەکارهێنان یان هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزدا، بپارێزێت و بەرقەرار بکات. سرووشت و کرۆکی ئەو هەڕەشەیەش، دیاریی نەکراوە و نەچەسپێنراوە. بەڵکووو بۆ مەزەندە و هەڵسەنگاندنی دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە، پاڵپشت بە دۆخ و شوێنکات، جێ هێڵراوە. بەڵام ئەوەش ناکاتە ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیدا، بە ڕەهایی ئازاد و دەستکراوە بێت، بەڵکوو دەبێت بە جۆرێک بەڕێوەیان ببات، کە خزمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی وەک گشتێک بکات. یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ئەوەی لە بنەڕەتنامەکەیدا باس کراوە، چەسپاندنی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤە. بەم پێیە، یاساییە گەر داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بکرێت، لە سەروەختی دەرچوواندنی هەر بڕیارێکدا، بە تایبەت لە سایەی بەندی حەوتەمی بنەڕەتنامەکەدا، ئەو مافانە بەهەند بگرێت.
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەو مشتومڕە زۆرەی، دەوری تیۆریا و پراکتیکی دەستێوەردانی مرۆیی داوە. دەیەوێت یاساییبوون و ڕەوایەتیی بابەتەکە لە سایەی یاسای نێودەوڵەتییدا، شی بکاتەوە. وەک سەرەتاش ڕەنگە گرنگ بێت بوترێت، کە سەرباری هەر نیاز و ڕازێکی پەنهانی دەوڵەتانی دەستوەردەر، دەبێت لای کەمی پێودانگی مرۆڤیی لە کردەی دەستوەردانەکەدا هەبێت. مەرجیش نییە پاساوی مرۆییانە تاقە پاڵنەری دەستوەردان بێت، هێندە هەیە کە دەبێت پاڵنەری بەرایی یان سەرەکیی بێت.
وەک هەوڵێک بۆ خۆلادان لەوەی دەستێوەردانی مرۆیی کورت بکرێتەوە بۆ ئامرازێک، کە خزمەتی بەرژەوندییەکانی دەوڵەتانی دەستوەردەر بکات، ئەم توێژینەوەیە داوای جێبەجێکردنی دەستەجەمیی (collective)ـی هەر کردەوەیەک دەکات، کە لە سایەی سەردێڕی مرۆیی (humanitarianism)ـدا بێت. باشترین ڕێگەیەکیش بۆ سەرگرتنی وەها کارێکی دەستەجەمیی، بەدەستهێنانی ڕێگەپێدانی ئەنجوومەنی ئاسایشە. بەڵام هەر ئەم خاڵە بۆ خۆی کێشەدارە. چی دەبێت، یان دەبێت چی بکرێت گەر ئەنجوومەنەکە، لەبەر هەر هۆیەک بووە، بڕیاری دا نەجووڵێت؟ ئایا دەوڵەتانی تر، بە مەبەستی ڕاگرتنی پێشێلکارییە بەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، مافی دەستوەردانیان هەیە؟ ئەم پێچلێدانە بە دەوری ئەنجوومەنی ئاسایشدا، پەسەند نییە.