یەک: بەرکوڵ
جینۆساید وەک کردەوە و پێڕەوێکی یەکلاکردنەوەی هاوکێشە و
ململانێکان، سەدان و هەزاران ساڵە هەیە. بەڵام وەک تێگەیشتنی یاسایی و تەنانەت وەک
خودی زاراوەکەش، داهێنراوی سەدەی بیستەمن. زاراوەی جینۆساید بۆ یەکەمین جار
لەلایەن ڕافائێل لێمکین-ەوە، داتاشرا و بەکارهێنرا(1). زاراوەکە لە هەردوو بڕگەی (Genos)ی یۆنانی،
واتە خێڵ یان نەژاد و (Cide)ی لاتینی، واتە کوشتن و قڕکردن، دروست بووە.
واتە جینۆساید مانای کوشتنی نەژاد و کۆمەڵ، یان لەناوبردنی گرووپێک دەدات، جا
سەرجەمی ئەندامانی گرووپەکە یانیش هەندێکیان.
بەپێی پێناسە وردەکارییەکی تری تاوانی جینۆساید لای
لێمکین، جینۆساید تەنیا خۆی لە دەستبەجێ لەناوبردنی گرووپێکدا نابینێتەوە، بەڵکو
پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە، لە زنجیرەیەک کردەوەی جیاوازیش پێکدێت، کە مەبەست لێیان
کوشتنی مرۆڤەکان و لەناوبردنی دامودەزگا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە لە کەلتوور،
زمان، هەستی نەتەوەیی، ئاین و ئابووری. هەروەها مەبەستیش لێیان لەناوبردنی ئاسایش،
ئازادی، تەندروستی و کەرامەتی تاکەکانە. جینۆساید دەرهەقی گرووپێک وەک یەک قەوارە
ئەنجام دەدرێت، ئەو کردەوانەشی تێیدا دەرهەقی تاکەکان ئەنجام دەدرێن، بە سیفەتی
کەسییان نابێت، بەڵکو بەو پێیەی ئەندامی ئەو گرووپە دیاریکراوەن(2). هێندەی
پەیوەندیی بە باسی فەلسەفە و تەکنیکەکانی جینۆسایدەوە هەیە، دەشێت هەموو
ڕەهەندەکانی ژیانی گرووپێک ببنە بابەتی جینۆساید، یان بەر هەڵمەتی جینۆساید بکەون.
تەکنیکەکانی جینۆسایدیش بریتیین لە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئاینی، ئەخلاقی،
ئابووری، بایۆلۆجی و جەستەیی.
بەم مانایە بێت، جینۆساید کوشتنە، لەناوبردنە، قڕکردنە،
تێکدانە، سەرلێشێواندنە، ئاوارەکردنە، گۆڕینی بیروباوەڕە، هەڵتەکاندنی ژێرخان و
سەرخانی کۆمەڵگە و گرووپێکی دیاریکراوە. لێرەشەوە کەلتوور و بابەتەکانی، زمان وەک
نموونە، دەشێت قڕ بکرێن، کپ و کوێر بکرێنەوە، سەروبن بکرێن. بەکورتی، دەشێت شتێک
بەناوی 'جینۆسایدی کەلتووری'یەوە هەبێت، کە شان بە شانی کوشتن و قڕکردنی جەستەیی و
بایۆلۆجی شایەنی ئاوڕلێدانەوەیە.
دوو: جینۆسایدی کەلتووری
ئەگەر تۆزێک لەسەر نموونە و لە ئاستی بەراوردکاریدا
بوەستین، دەکرێت سەردەمی حوکمی نازییەکان لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا وەک نموونە
بهێنینەوە. وەک ئەوەی لێمکین باسی دەکات(3)، نازییەکان لەو شوێنانەی داگیریان
کردوون زمانی لۆکاڵی، ناوی کەسەکان، ناو و نیشانی شوێنە گشتییەکانیان کردووە بە
ئەڵمانی. هەروەها زمانی دادگاکان، زمانی خوێندنگەکان، زمانی حکومەت و فەرمانگەکان
و تەنانەت ناوی شەقامەکانیشیان کردووە بە ئەڵمانی. لە پۆڵەندا بەو بیانووەی، کە
لەوانەیە دنەی هەستی سەربەخۆیی وڵات بدەن، هەموو هونەرێکی ئازاد (جوان)یان قەدەغە
کرد. نەک تەنیا ڕادیۆ و ڕۆژنامە و شارەکان خرانە ژێر چاودێریی توندەوە، بەڵکو
وێنەکێش، مۆسیقار، ئەندازیاری تەلارساز، پەیکەرتاش، نووسەر، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری
شانۆیی ئەگەر بیانویستایە لە کارەکانیان بەردەوام بن، دەبوو مۆڵەتی کارکردن
وەربگرن.
پێش داتاشینی زاراوەکەش، لێمکین لە کۆنفرانسی
نێودەوڵەتیی ساڵی 1933ی تایبەت بە یەکخستنی یاسای تاوانەکان لە مەدرید، باسی دوو
جۆر تاوانی کرد و دەیویست وەک تاوان لە یاسای نێودەوڵەتیدا بناسێنرێن. یەکەمیانی
ناونابوو "بەربەریزم"، کە بریتی بوو لە لەناوبردنی گرووپی نەتەوەیی،
ئاینی، یان ئیتنی. دووەمیانی ناونابوو "تێکدانی ئەنقەست (vandalism)"، کە
بریتی بوو لە تێکدان و لەناوبردنی کەلتوور و کارە هونەرییەکانی ئەو گرووپانە.
بەڵام دواتر هەردوو جۆر یان هەردوو ڕەهەندەکەی لە ڕێگەی داتاشینی زاراوەی جینۆسایدەوە،
کرد بە یەک. بەم شێوەیە، هەوڵەکانی لێمکین هۆکاری ئەوە بوون، بۆ یەکەمین جار
"جینۆسایدی کەلتووری" وەک کاتیگۆرییەکی نوێی تاوان لە یاسای
نێودەوڵەتیدا، دەربکەوێت(4). بەڵام هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی بەرهەڵستیی بەهێزی
دەوڵەتانێک بووەوە و لێکدانەوەکانی لێمکین لە کۆنفرانسەکەی مەدریددا، ڕەت کرانەوە.
لێمکین لە هەوڵەکانی بۆ دانانی پەیماننامەیەکی تایبەت بە
جینۆساید، بەردەوام بوو و هەر ئەویش بە ئیلهامبەخشی پەیماننامەی جینۆساید،
ناسراوە. دواتر لە 1946دا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمین جار
تاووتوێی مژاری جینۆسایدی کرد. لە هەمان ئەو کاتەدا باسی جینۆسایدی کەلتووری، یان
ڕەهەندی کەلتووریی جینۆسایدیش، کرا. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیژنەیەکی
تایبەتی سێ کەسیی ڕاسپارد بۆ نووسینەوە و ئامادەکردنی ڕەشنووسی پەیماننامەی
جینۆساید، کە یەک لەوانە لێمکین بوو. لیژنەکە سەرەتا پێشنیازی ئەوەی کرد، کە لە
ڕەشنووسی پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆسایددا، جینۆساید بە جۆرێک
بناسێنرێت، لە یەک کاتدا لایەنی بایۆلۆجی و لایەنی کەلتوورییش بگرێتەوە. دواتر
بڕیار درا جیا بکرێنەوە و مادەیەک تایبەت بکرێت بە جینۆسایدی کەلتووری، کە نموونەی
پراکتیکی وەها جینۆسایدێکیش وەک قەدەغەکردنی زمانی نەتەوەیی، لەناوبردنی
سیستەماتیکیی تابلۆ و پەیکەرەکان، یان هەر بابەتێکی تری مێژوویی و هونەری و ئاینی.
ئەوە بوو لیژنەی ئامادەکردنی پەیماننامەکە پێشنیازەکەی پەسەند کرد و مادەیەکی بۆ
جینۆسایدی کەلتووری تەرخان کرد، کە بڕیار بوو مادەی 3 بێت. بەپێی مادەکەش،
جینۆسایدی کەلتووری بریتی دەبوو لە کۆی یان بەشێک لەم کردەوانەی خوارەوە:
ا. بەزۆر گواستنەوەی منداڵی گرووپەکە بۆ گرووپیکی تر.
ب. دوورخستنەوەی بەزۆر و سیستەماتیکی کەسانێک، کە نوێنەرایەتیی
کەلتووری گرووپەکە بکەن.
ت. قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی، تەنانەت لە
وتووێژی تایبەتییشدا.
پ. لەناوبردنی سیستەماتیکی کتێبەیلێک، کە بە زمانی
گرووپەکە چاپ کراون، یان کتێبی ئاینی، یان قەدەغەکردنی چاپکردنی کتێبی نوێ.
ج. تێکشکاندنی سیستەماتیکی شوێنەوارە مێژوویی و
ئاینییەکان، یان لەناوبردنی بەڵگەنامە و کەلوپەلی خاوەن بەهای مێژوویی، هونەری،
یان ئاینی.
ژمارەیەک دەوڵەت دژی دانانی وەها مادەیەک بوون، لەوانەش بەرازیل،
پێرو، هۆڵەندا، ئەمەریکا، سوید، ئێران، هندستان و دانیمارک. ژمارەیەکی تریش لەگەڵی
بوون، لەوانەش یەکێتیی سۆڤییەتی و پاکستان و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات. بیانووی
ڕەتکردنەوەی مادەکەش، خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینییەوە:
یەکەم، بەپێچەوانەی جینۆسایدی جەستەیی و بایۆلۆجییەوە،
جینۆسایدی کەلتووری "ویژدانی مرۆڤایەتی" ناهەژێنێت.
دووەم، قەدەغەکردنی جینۆسایدی کەلتووری بەشێکە لە
سیستەمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ یان مافی کەمینەکان، نەک یاسای مرۆیی (یان یاسای
جەنگ) و یاسای تاوانەکان.
سێیەم، جینۆسایدی کەلتووری زاراوەیەکی زۆر ناڕوونە و بۆ
پەیماننامەی جینۆساید ناشێت.
چوارەم، لەوانەیە ڕێگە بۆ خراپ بەکارهێنانی خۆش بکات،
یان لەوانەیە ئاستی قبوڵکردنی پەیماننامەی جینۆساید کەمتر بکاتەوە(5).
ڕافائێل لێمکین بۆ خۆی لەو کەسانە بوو، کە دانانی ئەو مادەیەی
بەپێویست دەزانی، چونکە پێی وابوو ئەو گرووپانە دەپارێزێت، کە ناتوانن بەبێ ئەو
یەکێتییە ئەخلاقی و ڕۆحییەی کەلتوورەکەیان بۆیان دەستەبەر دەکات، بژین و بمێننەوە.
بۆ لێمکین، لایەنی کەلتووری هێندە گرنگ بوو، هەندێک جار دەیخستە پێش لایەنی
بایۆلۆجییەوە. بە باوەڕی ئەو، زۆربەی جار دەستبردن بۆ کەلتوور، پێش هێرش و
لەناوبردنی بایۆلۆجی دەکەوێت و یەکەمیان دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ دووەمیان(6). بەڵام لە
دواییدا نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەر فشاری دەوڵەتانێک کە خۆیان لە ڕووبەڕووبونەوەی
تۆمەتی جینۆسایدی کەلتووری دەترسان، لەکاتی دەرچوواندنی پەیماننامەی ڕێلێگرتن و
سزادانی تاوانی جینۆساید لە 1948دا، تەنیا ددانی بە جینۆسایدی جەستەیی و
بایۆلۆجیدا نا. واتە ئەو مادەیەی تەیبەت بوو بە قەدەغەکردنی جینۆسایدی کەلتووری،
وەلا نرا. ئەو دەوڵەتانەی دژی مادەی سێی پێشنیازکراو بوون، دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی
و خاوەن پێشینە و ناوبانگی خراپ بوون لە مێژووی ماف و بێبەشکردنی گرووپەکان و
جینۆسایددا، لەوانەش ئەمەریکا، فەرەنسا، هۆڵەندا، بەریتانیا، بەلجیکا، دانیمارک، بەرازیل،
سوید، کەنەدا، نیو زیلاند و ئوسترالیا. جگە لەوەش، پێدەچێت پێناسەی خودی زاراوەی کەلتوور
بەشێک بووبێت لە کێشەکە، بەو مانایەی هەر دەوڵەتە و لە گۆشەنیگای ئایدیۆلۆجیای
زاڵی خۆیەوە، ویستبێتی پێناسەی کەلتوور بکات، لە ئەنجامیشدا نەتوانرابێت لەسەر
پێناسەیەکی گشتی و گشتگیر ڕێک بکەون. واتە دواجار، ئاواتەکەی لێمکین، بەوەی
جینۆسایدی کەلتووری شان بە شانی جینۆسایدی جەستەیی و بایۆلۆجی، وەک تاوانێکی دیار
و سەربەخۆ لە یاسای نێودەوڵەتیدا بناسرێت و سزای شیاوی بۆ دابنرت، بەدی نەهات(7).
سێ: جینۆسایدی کەلتووری بەدەر لە پەیماننامەی جینۆساید
دەتوانین بەدەر لە پەیماننامەی جینۆساید، لە هەندێک
سەرچاوە و پەیماننامەی تردا، باسی کەلتوور و ڕێزگرتنی کەلتووری گەلان بدۆزینەوە.
بۆ نموونە، بەپێی مادەی 22ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، هەموو کەسێک شیاوی
ئەوەیە، کە مافە کەلتوورییەکانی بۆ بەرجەستە بکرێن، چونکە بەشێکی دانەبڕاو(indispensable)ن لە کەرامەت و پەرەپێدانی کەسێتیی خۆی. لە پەیماننامەی مافە
مەدەنی و سیاسییەکان(مادەی 27)دا هاتووە، لەو وڵاتانەی کەمینەی ئیتنی، ئاینی، یان
زمانییان تێدایە، نابێت ئەندامانی ئەو کەمینەیە لە مافی بەکارهێنان و پێڕەوکردنی
کەلتوور و زمانی خۆیان بێبەش بکرێن. واتە بەپێی پەیماننامەی مافە مەدەنی و
سیاسییەکان هەرچەندە دەوڵەتێک پەیماننامەکەی واژۆ و پەسەند کردبێت، هاوکات ڕێگەش
لەو مافەی کەمینەکانیش بگرێت، ئەوکات ئیدانە دەکرێت و داوای کۆتاییهێنان بەو
کردەوەیەی لێ دەکرێت. بەڵام وەها کردەوەیەک ناگاتە ئاستی جینۆساید، چونکە مافی
کەلتووری وەک مافێکی تری مرۆڤ، ناسێنراوە و جیاوازە لە تاوانی جینۆساید.
کەلتوور بۆ خۆی پێناسەی زۆری بۆ کراوە، بەڵام لە
سادەترین پێناسەدا دەشێت بڵێین شێوازی ژیانی نەتەوە یان ئیتنییەکی دیاریکراوە.
واتە چۆنێتیی بیرکردنەوە و ڕەفتاری گرووپێکی دیاریکراوە، لە شوێنکاتێکی
دیاریکراودا. بێگومان شێوازی ژیانیش کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاوازی هەیە، لەوانە سیاسی،
کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتووری. واتە کۆی ئەو بابەتانەی گرووپێکی دیاریکراو
لەسەریان ڕێک کەوتوون و دەژین، هەروەها نەوە لە دوای نەوە هێناویانن و زیندوو
ڕایانگرتوون. زمانیش یەکێکە لە گرنگترین ڕەگەز و پێکهێنەرەکانی کەلتووری
گرووپەکان، ئەگەر گرنگترینیان نەبێت. چونکە زمان تەنیا توخمێکی ڕووتی کەلتوور
نییە، بەڵکو بنچینەی بەشێک لە توخمەکانی تریشە، لەوانە بیرکردنەوە (نووسین) و
هونەر (گۆڕانی) و ئاین (دەقە پیرۆزەکان و پێڕەوکردنی سرووتەکان). ئەگەر گرووپێک
بەکارهێنانی زمانی خۆیانیان لێ قەدەغە بکرێت، چییان بۆ دەمێنێتەوە؟ بێگومان لە
یەکێک لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان بێبەش دەکرێن. لە ڕووی دەروونییشەوە هیچ لەوە
ناخۆشتر نییە، کە مرۆڤێک لە بەکارهێنانی زمانی خۆی دوور بخرێتەوە و ناچار بکرێت بە
زمانێکی تر بیر بکاتەوە و بئاخڤێت. لە وەها حاڵەتێکدا نەک تەنیا لە ڕووی
دەروونییەوە، بگرە سەرتاپای بوونی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە: ئەگەر بوونێکی ڕەسەن و
یەکێکی تری ناڕەسەن هەبێت، ئایا کەسی بێبەش لە زمانی خۆی، ناڕەسەن نابێت؟ ئەگەر
گرتنی قوڕگی کەسێک و بەزۆر وەرچەرخاندنی لە زمانی دایکی، ناڕەسەنی ناکات، ئەی چی
دەیکات؟ بەپێی یاسای مافەکانی مرۆڤیش بێت، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە، ئازادانە
بە زمانی دایکی بیر بکاتەوە و بنووسێت و بخوێنێت و بخوێنێتەوە و بژی.
لە ئەدەبیاتی ئەم بابەتەدا، کۆمەڵێک چەمک و زاراوەی
پەیوەندیدار هەن. لەوانەش گۆڕینی کەلتووری و جینۆسایدی کەلتووری. یەکەمیان
پرۆسەیەکی نەرم و درێژخایەنە، وردە وردە کەلتوورەکە بە کۆمەڵێک توخمی نوێ و نامۆ ڕادەهێنرێت،
یان بڵێین بەسەریدا دەسەپێنرێت. مەبەستیش لێی خوڵقاندنی ناڕێکی و شڵەژانی کەلتوورییە،
واتە ئەمیان زیاتر لە شێوەی تواندنەوە(assimilation)دایە. بەڵام
دووەمیان گۆڕینێکی توند و سەرلەبەریی و یەکجارییە؛ مەبەست لێی لەناوبردنی
کەلتوورێکە. جینۆساید کاتێکە، وەک لێمکین دەڵێت، نەشتەرگەری بۆ کەلتوورێک دەکرێت،
یان شارستانێتییەک ئەنقەست دەکوژرێت. لەم بەستێنەدا و پاش بەراورد، ئەوەی یەکەمیان
هەرچەندە تاوان و سەرپێچییە، بەڵام ناگاتە ئاستی ئەوەی دووەم. هەمان کات، دەکرێت
لە ڕووی تەکنیکییەوە پرسەکە لەوە قووڵتریش بکرێتەوە. هەندێک کەس، لەوانەش سکرتێری
گشتیی پێشووی یونسکۆ، زاراوەی "پاکتاوی کەلتووری" بەکار هێناوە، کە
نزیکە لە "پاکتاوی ئیتنی"یەوە. هەندێکی تریش کۆی جینۆساید بە دوو بەش
یان دوو جۆر دەبینن، جۆرێکی "ڕەق" کە جینۆسایدی بایۆلۆجییە، لەگەڵ
جۆرێکی "نەرم" کە جینۆسایدی کەلتوورییە. بەڵام هەموو ئەمانە، لە ڕووی
یاساییەوە، زۆر بایەخدار نین، بەو پێیەی مادەی سێی پێشنیازکراوی جینۆسایدی
کەلتووری، لە پەیماننامەکە دەرهێنرا و کێشرایەوە؛ هەرچەندە لە ڤێرژنی پەسەندکراوی
پەیماننامەکەدا، هەندێک وردە ڕەهەند و پراکتیکی جینۆسایدی کەلتووری ماونەتەوە.
چوار: قەدەغەکردنی زمانی کوردی
ئایا قەدەغەکردنی زمانی کوردی و هەندێک سیمبوڵی تری
نەتەوەیی کوردان، بەتایبەت لە تورکیا و ئێران، نموونەیەکی جینۆسایدی کەلتوورییە؟
دیارە لە تورکیا هەر پاش ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی و دامەزراندنی تورکیای نوێ و مۆدێرن
لەسەر دەستی موستەفا کەمال(ئەتاتورک)، کوردانی ئەو وڵاتە نکوڵی لە بوونیان کراوە و
ئێستاشی لەگەڵ بێت، نکوڵییان لێ دەکرێت. وەزیری داد لە سەردەمی ئەتاتورکدا
وتوویەتی، "هەموو ئەوانەی ڕۆڵەی ڕاستەقینەی تورکی نین، تەنیا یەک مافیان لەم
وڵاتەدا هەیە، ئەویش ببنە خزمەتکار و کۆیلە." جگە لە قەدەغەکردن و داگیرکردنی
زەویی کوردان و بەشینەوەی بەسەر تورکاندا، گۆڕانی دیمۆگرافیشیان بەسەر کورداندا
هێناوە. بەپێی پلانی دەوڵەت، لە ناوچەیەکەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازرانەوە، بە
ئامانجی ئەوەی کوردان لە هیچ ناوچەیەکدا لە 5%ی دانیشتووان زیاتر نەبن، هەروەها بۆ
ئەوەشی پرۆسەی تواندنەوەیان ئاسانتر و سەرکەوتووتر بێت. جلی کوردی قەدەغە کرا،
کوردان نازناوی "تورکە شاخاوییەکان"یان بەسەردا بڕا. لە ناوەندە
ڕەسمییەکاندا ئەگەر ویستبێتیان کەسێک سووک بکەن، پێیان وتووە کورد. کوردستانیشیان
ناونا "ڕۆژهەڵاتی تورکیا". بۆ
یەکەمین جار ساڵی 2001 بوو، کە ڕێگە بە چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی درا،
کەچی تا ئێستاش زمانی کوردی لە ناوەندەکانی دەوڵەت(بەڕێوەبردن و بڕیاردان و خوێندن)دا
قەدەغەیە. تا ساڵی 2003 هیچ نەتەوەیەک، بە کوردیشەوە، بۆیان نەبوو ناوی تایبەتی
خۆیان لە منداڵەکانیان بنێن. هەر بۆ نموونە، تا ئێستاش کوردان بۆیان نییە ناوێک لە
منداڵەکانیان بنێن، کە پیتەکانی ق، و، خ (Q, W, X) لەخۆ
بگرێت، چونکە ئەو پیتانە لە زمانی تورکاندا نین. لە ئێرانیش هەمان شت ڕاستە، تا
ئێستا مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ سەرجەمی نەتەوەکانی تری غەیری فارس، قەدەغەیە.
سەرۆکانی ئێران، بەردەوام لە کارنامەی پێش سەرۆکایەتییاندا بەڵێنی ئاوڕدانەوە لە
مافی نەتەوەکانی تر دەدەن، بەڵام هەمیشەش لەبیریان دەچێتەوە(8).
بەم پێیەش، کورد و مافە پێشێلکراوەکانی، پرسی دیموکراسی
و بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەو وڵاتانەدا دەخەنە بەر پرسیاری گەورە و گومانی
قووڵەوە. چونکە ناکرێت لە وڵاتێکدا ئاسان باسی دیموکراسی بکرێت، کەچی کۆمەڵێک
نەتەوە لە بنەڕەتیترین مافی خۆیان، کە بەکارئانینی زمانی دایکی خۆیانە، بێبەش بن.
کورد تەنیا جینۆسایدی جەستەیی و بایۆلۆجی نەکراوە و ناکرێت، وەک ئەوەی لە شاڵاوی
ئەنفال لە باشووری کوردستان و دێرسیم لە باکووری کوردستاندا بینرا، بەڵکو کەلتوور(لە
نێویدا زمان)ەکەشی بەر هێرش کەوتووە و داگیر و قەدەغە کراوە(9).
مەخابن هەوڵەکان
بۆ دانانی مادە و بەندی تایبەت بەم جۆرەی جینۆساید لە پەیماننامەی تایبەت بە
تاوانی جینۆسایددا، سەریان نەگرت. بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە بەپێی
حوکمی پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی (بە جاڕنامە و ڕاسپاردەکانی کۆمەڵەی
گشتییشەوە پەیوەست بە کەمینەکان)، پێڕەوکردنی کەلتوور و زمان، مافێکی نکۆڵی لێ
نەکراوە و دەبێت ڕێزی بگیرێت. بێگومان پاراستنی ژیانی کەسێک، یان مافی ژیان،
گرنگترە لەوەی کەلتوورەکەی بپارێزرێت، بەڵام "ژیانی ڕووت" ژیان نییە،
بەڵکو جۆرێکی ترە لە کۆیلایەتی. ئەوەی کەسێک هەر بژی و نەمرێت، ئیتر گرنگ نەبێت چی
بەسەر بیرکردنەوە و دنیابینی و کەلتووری تاکەکەسی و دەستەجەمییدا دەهێنرێت،
کورتکردنەوە و داماڵینی ژیانە لە هەموو مانایەک، دوورخستنەوەی مرۆڤەکانە لە هەموو
ئەگەرێکی داهێنان. لەمەشدا زلهێزەکان سەرکەوتوو بوون و لەبەر هێشتنەوەی ئاوی ڕووی
خۆیان، دانانی بەندی تایبەت بە جینۆسایدی کەلتوورییان پەسەند نەکرد. یەکێک لەو
نەتەوانەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دەکرا سوود لە وەها مادە و بەندێک
ببینێت، کوردە. بەڵام لەبریی ئەوە، باجی ئەو بۆشاییە یاساییەی نێو پەیماننامەکانی
مافی مرۆڤ و جینۆساید، دەدات. بەپێی تێگەیشتن و حوکمی یاسایی لە زاراوەکە، ئەوەی
بەسەر زمانی کوردیدا هێنراوە و دەهێنرێت، ناچێتە خانەی جینۆسایدەوە، بەو پێیەی
کاتیگۆرییەکی وا لە پەیماننامەی جینۆسایددا نییە. بەڵام دەکرێت پێڕەوکردنی سیاسەتی
تواندنەوە بێت دەرهەق بە نەتەوەیەک و سیمبوڵەکانی، بێبەشکردنی ملیۆنان مرۆڤ بێت لە
مافێکی بنەڕەتی و ئاسایی و سروشتی و دانەبڕاو.
جگە لەوە و لە پاش لێمکین، جیهان هەر لەسەر بۆچوونی خۆی
لە هەڵاواردنی جینۆسایدی کەلتووری لە مانا و دەلالەتەکانی جینۆساید بەپێی مادە و
بەندەکانی پەیماننامەی جینۆساید، سوور بوو. لە ساڵی 1971دا لیژنەی لاوەکیی
قەدەغەکردنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکۆدێم
ڕوهاشیانکیکۆ-ی وەک بڕیاردەری تایبەت دەستنیشان کرد. داواشی لێ کرا، کە دۆخی
هەنووکەیی یاسای جینۆساید لە جیهاندا بپشکنێت و هەر پێشنیازێکیشی هەبوو، بیخاتە
ڕوو. ڕوهاشیانکیکۆ دەیویست بۆچوونی توێژەران و دەوڵەتانیش لەسەر ئەوە بزانێت، ئایا
جینۆسایدی کەلتووری وەک بەشێک لە تاوانی جینۆساید بناسرێت یان نا. بەڵام دوای
چەندان ساڵ گەڕان و پشکنین، لە ڕاپۆرتی ساڵی 1978دا گەیشتە ئەوەی، کە هیچ
کۆدەنگییەک لەبارەی مامەڵەکردنی جینۆسایدی کەلتووری و کردەوەکانی لە چوارچێوەی
مانا و لێکدانەوەکانی پەیماننامەی جینۆسایددا، نییە. هاوکات بڕیاردەری تایبەت
داوای ئەوەشی کرد، کە مانا و دەلالەتی جینۆساید بەو شێوەیەی دەوڵەتانی ئەندامی
پەیماننامەکە ویستوویانە، زێدەڕەویی تێدا نەکرێت و بەرفراوانانە لێک نەدرێتەوە،
چونکە وەها کارێک هەڵەیە(10).
هەروەها لە پراکتیکی دادگا نێودەوڵەتییەکانیشدا، هەمان
لۆجیک دەبینرێت و هیچکامیان وەک تاوانێکی سەربەخۆ لە یاسا یان نەریتی
نێودەوڵەتیدا، سەیری جینۆسایدی کەلتوورییان نەکردووە. دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی
تایبەت بە یوگۆسلاڤیای پێشوو(11)، کە تایبەت بوو بە دادگاییکردنی سەرانی تۆمەتبار
لە تاوانەکانی جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا،
لە بڕیارێکی ساڵی 2001دا مامەڵەکردنی جینۆسایدی کەلتووریی وەک تاوانێک لە سایەی
یاسای نێودەوڵەتیدا، ڕەت کردووەتەوە. لەبریی ئەوەش، وەک بەشێک یان بەڵگەیەک بۆ
سەلماندنی ڕەگەزی "نیاز" لە تاوانی جینۆساید، لێکی داوەتەوە. واتە
تێکدانی کەلتووریی بۆ سەلمانانی ئەوەی، کە دەستدرێژیکار نیازی لەناوبردن و قڕکردنی
گرووپێکی هەبووە، بەکار هێناوە. هەروەها دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە
ڕواندا، هەمان بۆچوونی هەبووە(12). دادگای دادی نێودەوڵەتییش، کە تاکە ئۆرگانی
دادوەریی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە حوکمێکی ساڵی 2007دا پشتی بڕیاری دادگاکەی
یوگۆسلاڤیای گرت و ڕایگەیاند، سەرباری هەندێک پێشهات و گۆڕانکاریی نوێ لە جیهاندا،
بەڵام جینۆساید تەنیا بریتییە لە تێکدان و لەناوبردنی جەستەیی و بایۆلۆجی(13).
بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندن، سەرباری سڕینەوەی مادەی سێی
پێشنیازکراو، چەند ڕەهەندێکی جینۆسایدی کەلتووری لە نێو پێناسەی هەنووکەیی
جینۆسایددا، دەبینرێنەوە. لەوانەش "بەزۆر گواستنەوەی منداڵانی گرووپێک بۆ
گرووپێکی تری مرۆیی" و "گەیاندنی زیانی جدیی جەستەیی یان دەروونی بە
ئەندامانی گرووپێک"، کە دوو کردەوە یان پراکتیکی جینۆسایدن بەپێی پێناسە و
حاڵەتەکانی چەمکەکە لە مادەی 2ی پەیماننامەکەدا. دەکرێت جۆری دووەمیان،
زیانگەیاندنی دەروونی بە ئەندامانی گرووپێک، بە جۆری تر لێک بدرێتەوە و ئاسۆکانی
فراوان بکرێن، بە جۆرێک، کە کورد لە پرسی قەدەغەکردنی زمانەکەیدا، لێی سوودمەند
بێت.
پێنج: ئەنجامگیری
بەو شێوەیە، جینۆسایدی کەلتووری هەرچەندە هەوڵێکی زۆری
بۆ دراوە، بەڵام هێشتا نەبووەتە بەشێک لە یاسا و نەریتی نێودەوڵەتی. بەڵام لە ڕووی
ئەکادیمییەوە بایەخی پێ دراوە و دەدرێت، کە ئەوەش وا دەکات وەک زاراوە و وەک
بابەتیش بە زیندوویی بمێنێتەوە. جگە لەوەش، لای کەم هێندەی پەیوەندیی بە زمانی
کوردییەوە هەیە، ئەوەی بەسەریدا هێنراوە و دەهێنرێت، بەتایبەت لە تورکیا و ئێراندا،
جۆرێکە لە گۆڕین و تواندنەوەی کەلتووری، سەرباری ئەوەی پەلامارەکانی دەوڵەتی
تورکیا توندتر و چڕترن، کە ئەوەش نزیکتری دەکەنەوە لە جینۆسایدی کەلتووری. بەڵام
گەر ڕۆژێک قەدەغەکردنی جینۆسایدی کەلتووری ببێتە بابەتێکی یاسایی و بەشێک لە
گرەنتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، کورد لە وەها دۆخێکدا دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت
و لە دڕندەیی دەوڵەتانی دەوروبەر و ئەوانی تریش، پارێزراو بێت.
بۆ ئێمەی کورد، پرسەکە پرسێکی گەرم و گرنگ و هەنووکەیی و
ڕۆژانەییە، بەردەوام بەری دەکەوین و لەگەڵی دەژین؛ بۆ ئێمە، دواجار، قەدەغەکردنی
زمان لە کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوور لە ناوەندەکانی دەوڵەت و بازاڕ و فەزای گشتیدا،
واقیعە و دەبێت بگۆڕدرێت. جینۆسایدی کەلتووری بێت یان تواندنەوەی کەلتووری،
تاوانێکە و هەیە، دەبێت کاری جدی بۆ وەستاندن و کۆتاییهاتنی بکرێت.
بەرپرسیارێتییەکەش، جگە لە دەوڵەت و ناوەندەکانی بڕیار و فەرمانڕەوایانی ئەو دوو
دەوڵەتە، دەکەوێتە سەر دەستەبژێر و چالاکوان و ئازادیخواز و یەکسانیخوازان، گرووپ
و تاقم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەگشتی، ئەوانەی پێیان وایە بە بوارەکانی
ئازادی و مافەکانی مرۆڤەوە مژۆڵن. بۆچوون و دنیابینیی رافائێل لێمکین زۆر فراوان و
گشتگیر و کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام ئەوەی لە پەیماننامەی جینۆسایددا چەسپێنرا، شتێکی
کەمتر و گچکەتر و بەرتەسکترە لەوەی ئەو وێنای دەکرد. کەمترین کارێک بۆ یادی لێمکین
بکرێت، مانادانە بەم پرسە یاساییانە بە شێوەی کاری بەکۆمەڵ(کۆلێکتیڤ)، چونکە پرسی
ماف و جینۆساید، پرسی کەلتووری و شارستانی و کۆمەڵایەتی و گەردوونی و داینامیکی
گشتیین، پرسێکی ناوچەیی و گچکە نین، تا بە تەنیا بخرێتە ئەستۆی گەلێک یان گرووپێکی
دیاریکراو و هیچ هاوکارییش نەکرێن.
سەرچاوەکان
1_ پارێزەرێکی پۆڵەندی بوو
(1900 – 1959)، لە 1942 بۆ یەکەمین جار زاراوەی جینۆسایدی چێکرد و لەوێوە ئیتر ئەو
پرسە ، مانا و ڕێڕەوێکی تری گرت:
Douglas
Irvin-Erickson, Rafael Lemkin and the Concept of Genocide (University of
Pennsylvania Press 2017).
2_
Dominik J Schaller and Jurgen Zimmer, The Origins of Genocide: Rafael Lemkin
as a historian of mass violence (Routledge 2009).
3_ Douglas
Irvin-Erickson (n 1).
4_ Jayme Herschkopf and Julie Hunter, 'Genocide
Reinterpreted: An Analysis of the Genocide Convention's Potential Application
to Canada's Indian Residential School System', paper prepared for the Canadian
Truth and Reconciliation Commission, Apr 2011, p. 6.
5_Ibid.
6_ Edward C. Luck, Cultural Genocide and the
Protection of Cultural Heritage, J. Paul Getty Trust Occasional Papers in
Cultural Heritage Policy, no.2, 2018.
7_ Damien Short, 'Cultural Genocide and
Indigenous Peoples: A sociological approach' (2010) 14(6) International
Journal of Human Rights, 831-846.
8_ بۆ خۆم لە چەندان کوردی باکوورم
بیستووە، لەبریی "ئەحمەد کایا" وتوویانە "ئەحمەد قایا". بۆ
خوێندنەوەی پانۆرامایەکی ورد و ڕێکوپێکی تاوان و سەرپێچییەکانی دەوڵەتانی تورکیا،
ئێران، عێراق و سوریا دەرهەق بە کورد، بڕوانە جەمال نەبەز، بیری نەتەوەیی کوردی نە
بیری قەومیەتی ڕۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی ڕۆژاواییە، ستۆکهۆڵم، 1984.
9_ مارف عومەر گوڵ،
جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا، چ 4، چاپخانەی ئاراس،
هەولێر، 2007.
10_
Jayme Herschkopf and Julie Hunter (n 4).
11_ International
Criminal Tribunal for the Former Yugoslavia (ICTY).
12_ International
Criminal Tribunal for Rwanda (ICTR).
13_ Case
Concerning the Applications of the Convention on the Prevention and Punishment
of the Crime of Genocide (Bosnia and Herzegovina v. Serbia and Montenegro),
ICJ, Judgment (26 Feb 2007), p. 344.