سەرتاوتار و شیکاری

ئایا وڵاتانی ڕۆژئاوا بەشدارێکی ڕاستەوخۆی جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیان؟

لەژێر ڕۆشنایی بنەڕتنامەى ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، پەنابردنە بەر هێز لە لایەن دەوڵەتان بە شێوەیەکی گشتیی قەدەغەیە، تەنیا لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراو نەبێت. هەر بۆیە چەند چەمکێکی تر هەن بۆ ئاماژەدان بە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی وەک؛ دوژمنکاریی، بەرگری ڕەوا، ڕێ پێدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی یان دەستتێوەردانی مرۆیی. لە جەنگی نێودەوڵەتی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا کە ساڵێک پێش ئێستا دەستی پێکرد و تا وەکوو ئەمڕۆش بەردەوامە، بە فەرمی تەنیا دوو وڵات لە جەنگدان، ئەوانیش ڕووسیا و ئۆکراینا، کە پێیان دەگوترێت (Belligerent) واتە وڵاتانی بەشەڕهاتوو. چەمکێکی تریش کە بریتییە لە (Co-belligerent) و تەوەری سەرەکی شیکارییەکەی ئێمەیە بەم دوایییانە زۆر بەکار دەهێنرێت بەتایبەتیش لەلایەن ڕووسیا بۆ تۆمەتبارکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە پڕچەککردنی سوپای ئۆکراینا لە دژی نەیارێکی هاوبەش کە رووسیایە. مێژووی ئەو چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیی، بەشداریکردنی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەو جەنگە تەنیا بۆ پاڵپشتیکردنی شانشینی یەکگرتوو بوو، دواتر هاتە ناو جەنگەکە دژی ژاپۆن و دواتریش دژی ئەڵمانیای نازی. دەستەواژەی Co-belligerent لە ماددە چواری  پەیماننامەى  چوارەمی جنێڤی ١٩٤٩ تایبەت بە پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی جەنگدا ئاماژەی  پێکراوە  بەبی ئەوەی پێناسە بکرێت، هەر بۆیە لەلای خۆیەوە کۆمیتەی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی پێناسەی کردووە بەوەى  کە بەو دەوڵەتانە دەگوترێت  کە بە شێوەیەکی  ڕاستەوخۆ لە جەنگێکی نێودەوڵەتیی  تێوەگڵاون لە بەرژەوەندی وڵاتێک دژی دوژمنێکی هاوبەش، بەبێ پێویستیی هەبوونی پەیماننامەی  هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ ئەو وڵاتە. لە بنەچەدا، جەنگەکە تەنیا لە نێوان دوو یان چەند دەوڵەتێک هەڵگیرساوە و دواتر وڵاتی تر بەشدار دەبن.

هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو پشتیوانی بێسنووری خۆیان بۆ یەکیەتیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دووپات کردەوە و دەستییان کرد بە سەپاندنی زنجیرە سزایەکی قورسی ئابووریی و دارایی سەر کەرتی گشتیی و تایبەتیی ڕووسیا، وە ناردنی هاوکاری مرۆیی، ئابووریی و سەربازیی، هەموو ئەمانەش بەبێ ئەوەی خۆیان بە لایەنێکی ڕاستەوخۆی جەنگەکە هەژمار بکەن. ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا هەر لە سەرەتای جەنگەکە دووپاتی کردەوە کە وەک یەکێتی ئەورووپا دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن بەبێ ئەوەی بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان هەبێت. بە هەمان شێوە، جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای پێکدادانە سەربازییەکانەوە و لە ترسی پەڕاندنی هێڵی سوور، ڕەتیکردەوە کە پۆڵەندا فڕۆکەی جەنگی میگ ڕادەستی ئۆکراینا بکات.

 بەگوێرەی بنکووڵکارییەکی ئینیستیتوتی کێلی ئەڵمانی، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی ١٤١ ملیار یۆرۆ یارمەتی دارایی، مرۆیی و سەربازییان بۆ ئۆکراینا ناردووە کە پشکی شێر بەر ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەوێت بە ٧٣ ملیار یۆرۆ، یەکیەتی ئەورووپا بە پەنجا و چوار ملیار یۆرۆ، وە وڵاتانی تر وەک کەنەدا و شانشینی یەکگرتوو بە ١٢ ملیار بەشدارن. ئەگەر تەنیا تیشک بخەینە سەر هاوکارییە سەربازییەکان بە چەکی قورس و سووکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بایی ٤٤ ملیار یۆرۆ، شانشینی یەکگرتوو نزیکەی پێنج ملیار، ئەڵمانیا و پۆڵەندا بە دوو ملیار و نیو بەشدارییان کردووە. لەو هاریکارییانەش ئەگەر تەنیا چەند دانەیەکییان بژمێرین، ئۆکراینا ٣٦٨ تانکی وەرگرتووە و ١٠٤ی دانەی تریش لە داهاتوویەکی نزیکدا رادەست دەکرێت وەک تانکی پێشکەوتووی ئەبرامزی ئەمریکی، لیۆپاردی ئەڵمانی و چالێنجەری بەریتانی. ٢٩٣ تۆپهاوێژ، درۆن، سیستەمی بەرگری، مووشەکی دوور مەودا، زرێپۆش، بەرگری کەناری. جگە لە مەشق پێکردن، ڕاوێژ و ڕاهێنانی ئەفسەرانی ئۆکراینی لەسەر هەندێک جۆری چەک، بۆ نموونە ڕاهێنانیان لەسەر فڕۆکەی ئێف-١٦ی ئەمریکی لەلایەن پۆڵەندا یان لەسەر تۆپهاوێژی قەیسەر لەلایەن فەرەنسا و وە هەروەها ئاڵوگۆڕ پێکردنی زانیاریی هەواڵگریی بەتایبەتیش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

 گوومانی تێدا نییە کە ئەو هاوکارییانە ڕۆڵێکی بەرچاوییان هەبووە لە پڕچەککردنی سوپای ئۆکراینا و بەهێزکردنی بەرخودانی ئۆکراینا دژی لەشکرکێشی ڕووسیا و وە لە ئەنجامدا گرتنەوەی چەند شارێکی داگیرکراو، واتە هاوسەنگی شەڕەکەیان گۆڕیوە. ئەو بەشدارییە گەورەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی ناردنی چەک و تەقەمەنی  پرسیار گەلێکی یاسایی دەهێننە ئاراوە بەتایبەتیش ئەوانەی پەیوەستن بە یاسای گشتی نێودەوڵەتیی، بۆیە دەکرێت لە خۆمان بپرسین ئایا وڵاتانی پاڵپشتیکار بە لایەنێکی ڕاستەوخۆی جەنگی  Co-belligerent نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا دادەنرێن؟

لە ڕێگەی تیشک خستنە سەر چەند چەمکێکی یاسای گشتی نێودەوڵەتیی هەوڵ دەدەم وەڵامێکی گونجاوی ئەو پرسیارە بدەمەوە، کە بریتین لە  مافی بێلایەنی دەوڵەتان، یاسای ناکۆکییە چەکدارییەکان و مافی پەنابردنە بەر هێز.

 یەکەم: سەبارەت بە پرەنسیپی بێلایەنی کە بنەما یاسایییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەکانی پێنجەم و هەشتەمی لاهای ساڵی ١٩٠٧ تایبەت بە ماف و پابەندییەکانی دەوڵەتانی بێلایەن لە کاتی جەنگی وشکانیی و ئاویی. مەبەست لەو پرەنسیپە دووپاتکردنەوەی ڕۆڵی ئەو وڵاتانەیە کە بەشداری جەنگێکی نێودەوڵەتیی ناکەن، ئەمانەی دوایی دەبێت خۆیان بە دوور بگرن بە هەموو شێوەیەک لە ناردنی چەک و پشتیوانیی سەربازیی بۆ لایەنێک لە لایەنەکانی جەنگێک کە ڕێڕەوی جەنگەکە بگۆڕێت لە بەرژەوەندی لایەنێک. هەرچەندە وڵاتان بە گشتیی لەسەریانە بێلایەن بن و ئەو بنەمایەش بەگوێرەی رای ڕاوێژکاری دادگای دادی نێودەوڵەتی  لە ساڵی ١٩٩٦ سەبارەت بە شەرعیەتی بەکارهێنانی یان هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بووەتە بەشێکی دانەبڕاوی یاسای نێودەوڵەتیی نەریتیی.

 سەرەڕای ئەمە، لەڕووی واقیعییەوە وڵاتان کەم پێ وەی پابەند دەبن و زۆر جاریش پێشێل دەکرێت، بەو هۆیەوە لەڕووی کردارییەوە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوا بە دوای جەنگی دووەمی جیهانی پەسەند کرا چووە شوێنی و دەوڵەتان ناچار بوون لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکانی چەسپاندنی ئاشتی بکەن. بۆیە بەبێ دوو دڵی دەتوانین بڵێین، ئەو وڵاتانەی سەرەوە لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا بێ لایەن نین. سەرەڕای ئەمە، بۆ ئەو وڵاتانە بێلایەن یان لایەن دار بوون لەو جەنگە زۆر جێگەی بایەخ نییە، زانینی ئەمەش جێگەی سەرسووڕمان نییە، چونکە ئەوەی گرنگە بۆیان ئەو ئاراستە باو و پەسەندە یاساییەیە کە وڵاتی بێلایەن دەتوانێت لە سەر بنەمای بەرگری ڕەوای بە کۆمەڵ کە بنچینەی چارتی سانفرانسیسکۆیە هاوکاری وڵاتی هێرش بۆ کراو بکات [بۆ نموونە ئۆکراینا]. ئەو میکانیزمە چۆن کاردەکات ؟ کاتێک ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە بەگوێرەی بەندی حەوتی بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان دەسەڵات پێدراوی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر، دەبێت پێوەی پابەند بن، نموونەی زیندووش دەرکردنی هێزەکانی عێراقە لە کوەیت لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانی پشت ئەستوور بە بڕیاری ٦٦٠ی ئەنجوومەنی ئاسایش. ئەوەی جێگەی رەخنەیە لە پێکدادانەکانی ئۆکراینا بێ دەسەڵاتیی ئەنجوومەنی ئاسایشە لە گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بە هۆی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لەلایەن ڕووسیا دژی هەر بڕیارێک کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی بێت.
ئەو بارودۆخە پاساوێکی بەجێیە بۆ وڵاتانی پاڵپشتیکەری ئۆکراینا و دەرخەری چەقبەستوویی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە کاتێک دەوڵەتێکی زلهێز لایەنێکی ناکۆکییەکانە. بەڵام شەرمەزارکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا لە بڕیارێکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی ئاداری ٢٠٢٢ کە ١٤٣ وڵاتی ئەندام بە بەڵێ دەنگییان دا و وە هەروەها دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی ڤلادمیر پۆتین لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە هۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، سوود بە پێگەی ئۆکراینا دەگەیەنن وەک وڵاتێکی هێرش بۆ کراو. کەواتە پاساوی یاسایی بۆ ناردنی پاڵپشتییە سەربازییەکان لە لایەن ئەو وڵاتانە بۆ نموونە فەرەنسا، پیادەکردنی بەرگری ڕەوای بە کۆمەڵی ئۆکراینایە دژی شەڕەنگێزیی ڕووسیا و وەڵامێکیشە بۆ پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی مافەکانی مرۆڤە. پیادەکردنی ئەو مافەش مەرج نییە تەنیا لە ڕێگەی ناردنی هێزی سەربازی بێت، بەڵکوو دەکرێت لە ڕێگەی ناردنی پێداویستی سەربازی بێت وەک چەکی سووک و قورس.

 بەگوێرەی زۆرینەی ڕێبازەکانی یاسای نێودەوڵەتیی ناردنی هاوکاری سەربازیی نابێتە هۆی راگەیاندنی جەنگ دژی ڕووسیا. هەر وەک ڕوونە، وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاگاداری ئەو ڕاستییەن کە بەزاندنی هێڵی سوور واتای تێوە گڵانە لە جەنگێکی نێودەوڵەتیی لەگەڵ زلهێزێکی ئەتۆمی هەر بۆیە لەگەڵ هەر ناردنێکی چەک دووپاتی دەکەنەوە کە نایانەوێت بچنە جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا. واتە ڕۆژئاوا خەریکی شەڕێکی بە وەکالەتە لەگەڵ ڕووسیا، نموونەیەکی تری هاوشێوەش، جەنگی ناوخۆیی سووریا و لیبیایە. سەرەڕای ئەمە و بەهۆی نەبوونی پێناسەیەکی یاسایی وورد، دەکرێت ڕووسیا تاک لایەنە هەندێک ڕەفتاری وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بەشداریکردن لە جەنگ ڕاڤە بکات و  وەڵامی هەبێت، بۆ نموونە هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە، پۆتین هۆشیاری دا بە ڕێکخراوی ناتۆ لە درووستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە ئۆکراینا، پاراستنی ئاسمانی ئۆکراینا لەلایەن فڕۆکەکانی ڕێکخراوی ناتۆوە دەبووە هۆی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ناتۆ و ڕووسیا، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا دەست بەجێ ئەو داوایەی سەرۆکی ئۆکراینایان ڕەت کردەوە.

دووەم: یاسای پێکدادانە چەکدارییەکان کە لەلایەن هەر چوار پەیماننامەى جنێڤی ١٩٤٩و هەر دوو پرۆتۆکۆلی زیادکراوى ساڵی ١٩٧٧ ڕێکخراوە. بەگوێرەی ماددە دووی هاوبەشی هەر چوار پەیماننامەکە، ئەو پەیماننامانە ڕاستەوخۆ جێ بە جێ دەبن  لە کاتی بەرپابوونی جەنگێکی نێودەوڵەتیی جا بە فەرمی ڕاگەیەنرا بێت یان نا، واتە تەنیا هێرشی سەربازیی بەسە بۆ کارابونی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، بێ گوێ دانە ژمارەی قوربانیان، ماوەی جەنگەکە یان ژمارەی ئەو هێزانەی کە بەشدارن. دادگای تایبەت بە تاوانی نێودەوڵەتی لە یۆگسلاڤیای پێشوو لە هەر دوو کەیسی دوسکۆ تادیکی ساڵی ١٩٩٥ و میلان میلۆتینۆڤیچی ساڵی ٢٠٠٩ هەمان بۆچوونی دووپات کردەوە. نموونەی زیندووش بۆ ئەو ڕێسایانەی کە لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا جێبەجێ دەبن وەک مامەڵەی دیلی جەنگ لەگەڵ ئەندامانی هێزە سەربازییەکان.

 ئاشکرایە کە بۆ شەڕی نێوان دوو لایەنی جەنگەکە [ئۆکراینا و ڕووسیا] یاساکانی جەنگ جێبەجێ دەبن، بەڵام ئەی چی سەبارەت بە وڵاتانی رۆژئاوا ؟ لە یاسای پێکدادانە چەکدارییەکان، ناردنی چەک دەبێتە هۆی تێوەگڵانی ڕاستەوخۆ لە جەنگەکە؟ بۆ دەستکەوتنی وەڵامێک دەچینەوە سەر بڕیارێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە یوگسلاڤیای هەڵوەشاوەیە لە کەیسی دوسکۆ تادیک دژی داواکاری گشتیی دادگاکە  (The Prosecutor V. Tadic 1999). لەو ڕەوشەدا، دادگای ناوبراو دەبووایە سەرەتا سرووشتی جەنگەکە یەکلایی بکاتەوە ئایا نێودەوڵەتییە یان نا نێودەوڵەتیی، بۆ ئەوەی دواتر بتوانێت بڕیار بدات. بەگوێرەی بڕیاری کۆتایی دادگاکە، پاڵپشتی بێ وچانی کۆماری پێشووی یوگسلاڤیا بۆ گرووپە چەکدارییە سڕبەکانی بۆسنا سروشتی جەنگەکەی لە نا نێودەوڵەتییەوە گۆڕی بۆ نێودەوڵەتیی. بە واتایەکی تر، لەبەر ئەوەی  گرووپە چەکدارییە سڕبەکان لە ژێر کۆنترۆلی گشتی (Global control)  یوگسلاڤیا بوون، ئەوەی دوایی بووە بەشدارێکی ڕاستەوخۆی جەنگەکە. بەگوێرەی ئەو بڕیارە تەنیا ناردنی چەک و یارمەتی دارایی بەس نین بۆ ئەوەی وڵاتێک ببێتە لایەنێکی جەنگ بەڵکوو دەبێت بەشدار بێت لە پلان دانان و سەرپەرشتی کردنی ئۆپەراسیۆنەکان، واتە وڵاتەکە بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ سەرپەرشتی چالاکییە سەربازییەکانی گرووپێکی چەکدار دەکات. لەسەر هەمان ڕێچکە، دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە کەیسی بەرلێگرتنى تاوانی جینۆساید و سزادانی تاوانبارەکانى ساڵی ٢٠٠٧ لە نێوان سربیا و مۆنتینیگرۆ لە لایەک و بۆسنا و هەرزەگۆڤینیا لە لایەکی تر، هەمان بۆچوونی دووپات کردەوە. نموونەیەکی زەقی ئەو حاڵەتە گرووپی چەکداری واگنەری نزیک لە ڕووسیا کە لە ژێر چاودێری ڕووسیا و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لە ئۆکراینا و چەند وڵاتێکی کیشوەری ئەفریقا وەک مالی چالاکی ئەنجام دەدەن. هەروەها دەتوانین حەشدی شەعبیش وەکوو نموونە وەرگرین، هەرچەندە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٤٠ی ساڵی  ٢٠١٦ و چەند ڕێنمایییەکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی رێکخراون و تێکەڵ بە دامەزراوەی سەربازی عێراق کراون، بەڵام بەشێکیان وەکوو گرووپی حزب اللە یان عەسائیب ئەهلی حەق بە کردەیی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقن و لە ژێر کاریگەری سوپای پاسدارانی ئێرانن و چالاکییە سەربازییەکانیان خزمەت بە ئێران دەکات.

ئەگەرچی ئەو بڕیارەی سەرەوە تایبەت بوو بە جەنگێکی نا نێودەوڵەتیی، کەڵک وەرگرتن لە هەمان پێوەر بۆ جەنگێکی نێودەوڵەتیی ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دیاریکردنی چەند پێوەرێک کە دەتوانین لە ڕێگەیانەوە بزانین ئایا لە جەنگی ئۆکراینا وڵاتانی ڕۆژئاوا بوونەتە بەشداری ڕاستەوخۆی جەنگەکە یا نا. کەواتە لە لایەک ناردنی یارمەتی دارایی، پڕچەککردن و  ڕاهێنانی هێزە ئۆکراینەکان لە ناوخۆی وڵاتە ئەورووپییەکان، بۆ نموونە مەشق پێکردنی نزیکەی دە هەزار سەربازی ئۆکراینی لە ناو خاکی شانشینی یەکگرتوو. لە لایەکی ترەوە، بەشداری تاک لایەنەی خۆبەخشە ئەورووپییەکان یان ئەمریکییەکان بە بێ ڕەزامەندی وڵاتەکانیان وەک دابینکردنی ئینتەرنێتی خۆڕایی لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە بۆ ئۆکراینا،  بەس نین لە ڕووی یاسایییەوە کە ئەو وڵاتانە بە بەشداریکەرێکی ڕاستەوخۆی جەنگی ئۆکراینا دابنێین.

 بە پێچەوانەوە لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراو ئەو وڵاتانە دەبنە لایەنێکی ڕاستەوخۆی جەنگەکە، ئەوەش بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی دەوڵەتێک لە جەنگەکە بە ناردنی سوپاکەی، ئەو بەشداریکردنە دەکرێت وشکانی، ئاویی یان ئاسمانی بێت، یان بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە دانان یان سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، بۆ نموونە پێدانی زانیاریی هەواڵگریی. لەو بارەیەوە، بەپێی بنکووڵکاریەکی ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمز لە ١٤ی مانگی ئایاری ٢٠٢٢، سوپای ئۆکراینا بە سوود وەرگرتن لە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، نزیکەی ١٧ ژەنەراڵی رووسی کردە ئامانج، دزە پێکردنی ئەو زانیارییە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتیش ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای جەنگەوە تا وەکوو ئەمڕۆ ئەگەر بۆ جارێکیش بێت بوونەتە لایەنێکی جەنگ. لەبەر ئەمەش ئیدارەی بایدن ڕای گەیاند کە ئامانج لە ئاڵوگۆڕی هەواڵگری لەگەڵ ئۆکراینا تەنیا ئامانج لێی بەرگریکردنە لە خاکی ئۆکراینا نەک بە ئامانج گرتنی پلە بەرزەکانی ناو سوپای ڕووسیا.

حاڵەتێکی تریش، ڕەزامەندی دان لە بەکارهێنانی خاک یان ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی تر، لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، دەتوانین بێلاڕووس بە نموونە بهێنینەوە کە ڕێگەی بە هێزەکانی ڕووسیا دا لە ڕێگەی خاکەکەی  هێرشی زەمینی بکەنە سەر  خاکی ئۆکراینا و بەم دوایییانەش ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی بێلاڕووس ڕەزامەندی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بڵاوەپێکردنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی رووسیا لە نێو خاکی بێلاڕووسیا. بەو ڕەفتارەی بێلاڕووسیا بووەتە لایەنێکی ڕاستەوخۆی جەنگەکە و چیتر بە وڵاتێکی بێلایەن دانانرێت. نموونەیەکی هاوشێوەش، بەکارهێنانی خاکی کوەیت و قەتەر بوو لەلایەن ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی داگیرکەرییەکەی بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣.

سێیەم: بۆمان دەرکەوت کە ناردنی چەک پێشێلکاریی نییە نە بۆ بنەمای بێلایەنیی نە بۆ یاسای پێکدادانە چەکدارییەکان، بەڵام ئایا ناردنی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراینا پێشێلکارییە بۆ ماددە دووی بڕگە چواری بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان؟ بەگوێرەی ئەو ماددەیە کە بنچینەی نەتەوەیەکگرتووەکانە، دەوڵەتان [لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیاندا، خۆیان لە هەڕەشەی پەنابردنە بەر هێز یان بەکار‌هێنانی هێز، بە دوور بگرن، کە دژی یەکێتیی خاک یان سەربەخۆیی سیاسیی هەر وڵاتێک، یان بە هەر شێوەیەک بێت و لەگەڵ ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان نەگونجێت]. لەو بارەیەوە، دەتوانین بڕیارێکی دادگای لاهای وەکوو پێوەر وەربگرین، بۆ نموونە لە کەیسی چالاکییە سەربازیی و نیمچە سەربازییەکان لە نیکاراگوای ساڵی ١٩٨٦، دادگای دادی نێودەوڵەتیی ناردنی چەک و ڕاهێنانی سەربازی گرووپی کۆنتراستەکان لەلایەن ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پەنابردنە بەر هێز هەژمار کرد دژی نیکاراگوا. ئەگەرچی ئەمە بۆ جەنگێکی نا نێودەوڵەتی تەواو بێت، لۆژیک وا دەخوازێت بۆ جەنگێکی نێودەوڵەتیش بە هەمان شێوە بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەت کەسێکی سەرەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە و بە ویستی ئەو یاساکان دروست دەبن و پەرەیان پێ دەدرێت، وا پێویست دەکات کە پێوەرەکان توندتر بن بە ئامانجی پاراستنی ئەو کەسایەتییە. ئەگەر ناردنی چەک بە ڕوو کەش پێشێلکاری بێت بۆ بنەڕانامەى نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵام ناچێتە چوارچێوەی بنەمای بەرپرسیاریەتی دەوڵەت بۆ کردارە ناڕەوایە نێودەوڵەتییەکان (Internationally wrongful act) ، چونکە هەر وەکوو ئاماژەمان پێدا، ئامانج لەو هاوکارییانە پیادەکردنی بەرگری ڕەوای بە کۆمەڵە.