سەرتاوتار و شیکاری

جینۆسایدی گەلی کورد لە ژێر تیشکی بڕیاری دادگای ناوخۆیی لاهای لە کەیسی "فرانس فان ئانرات"دا

پوختە
دادگای ناوخۆیی شاری لاهای وەکوو دادگاییەکی نیشتمانیی دەوڵەتی هۆڵەندا لە ٢٠٠٥ دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی خۆی سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە خرابوونە پاڵ کەسێک بە ناوی "فرانس فان ئانرات" کە گوایە لە مەودای شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێراق و ئێراندا لە تاوانی شەڕ و تاوانی کۆمەڵکوژی گلاوە. دادگا بە پشتبەستن بە ڕووداوەکان و ئەو فاکت و داکەوتانەی لەبەردەستیدا بوون و لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی و هەروەها پەیماننامەی رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید ١٩٤٨ـی نەتەوەیەکگرتووەکان دەیسەلمێنێت کە گەلی کورد کۆمەڵکوژ کراوە. لە حوکمی دادگا باس لەوە کراوە کە تاوانی شەڕ و تاوانی جینۆساید لە هەر دوو وڵاتی ئێران و ئێراقدا بەتایبەت بەرانبەر بە گەلی کورد روویداوە. بڕیاری کۆتایی بەشی تاوانکاری دادگای لاهای هەندێک رەهەندی جێ­سەرنجی تێدایە. بۆ یەکەمجار دادگایەکی نیشتمانی دەوڵەتێک دان بە جینۆسایدی گەلی کورددا دەنێت. بۆیە ئەم وتارە لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە کە دادگای لاهای پشت بە چ بنەما و فاکتێک دەبەستێت بۆ پێناسەکردنی جینۆسایدی گەلی کورد و خاڵە گرینگەکانی بڕیاری ئەو دادگایە چین کە دەکرێت کورد وەکوو بەڵگەیەکی یاسایی بەکاریانبێنێت. بڕیارەکە باسی جیاوازی هێزە کوردیە دژبەرەکانی سەددام لەگەڵ گرووپی تێرۆریستی دەکات و هەندێک پێوەری یاسایی ئەخاتە بەرچاو بۆ جیاوازی نێوان ئەم دوو هێزە. هێزە کوردیەکان بە رزگاریخواز و بەرهەڵستکار و بەرخۆدێر ناو دەبات و پێوەری یاسایی دەخاتەبەرچاو بۆ ئەم مژارانە.

پێشەکی
بەشی تاوانکاری دادگای پارێزگای لاهای لە وڵاتی هۆڵەند کە یەکێکە لەدادگا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە ساڵەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئێراقدا لە 18ی ئاپریلی 2005 بە دەرکردنی تۆمەتنامەیەک بازرگانێکی هۆڵەندی بە ناوی "فرانس فان ئانرات" تۆمەتباردەکات بە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکۆژیی و تاوانی جەنگ. ناوبراو لەو کاتەدا لە وڵاتی ئیتاڵیا لە بەر تاوانێکی دیکە لە گرتووخانەدا دەبێت. داواکاری گشتی ناوچەی لاهای داوای رادەستکردنەوەی دەکات. لە سەر ئەساسی ئەم داوایە فرانس فان ئانرات رادەستی دادگای لاهای دەکرێتەوە و وەکوو دادگایەکی نیشتمانی دادگاییکردنی تۆمەتبار دەستپێدەکات. دادگای شاری لاهای دەستی کرد بەدواداچون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی خۆی سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە خرابوونە پاڵ کەسێک بە ناوی "فرانس فان ئانرات" کە گوایە ناوبراو لە مەودای شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێراق و ئێراندا لە تاوانی شەڕ و تاوانی کۆمەڵکوژی گلاوە. لە کۆتاییدا پاش دادگاییکردنی ناوبراو و سەلماندنی تاوانەکانی لە ٢٠٠٥ بە هۆی دابین کردنی ماددە و ماکی خاو و سەرەتایی بۆ سازکردنی بۆمبی کیمیاوی لە لایەن رێژیمی بەعسی لەناوچوو مەحکوومکرا و تۆمەتەکانی پشتڕاسکرانەوە و وەکوو تاوانبار ناسێندرا. لە پێشدا تۆمەتی تاوانی شەڕ و تاوانی جینۆساید واتە جینۆساید خرابوونە پاڵی بەڵام پاش دادگاییکردنی، تەنیا تاوانی شەڕی بە سەردا شکایەوە، ئەگەرچی دادگا بە پشتبەستن بە ڕووداوەکان و ئەو فاکت و داکەوتانەی لەبەردەستیدا بوون و لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی و هەروەها پەیماننامەی رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید ١٩٤٨ـی نەتەوەیەکگرتووەکان دەیسەلمێنێت کە گەلی کورد کۆمکوژ کراوە، بەڵام ئەم تاوانە بە سەر "فرانس ڤان ئانرات"دا ساغ نابێتەوە. لە حوکمی دادگا باس لەوە کراوە کە تاوانی شەڕ و تاوانی جینۆساید لە هەر دوو وڵاتی ئێران و ئێراقدا بەتایبەت بەرانبەر بە گەلی کورد روویداوە.

فرانس فان ئانرات بە درێژایی ساڵەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق دەستی داوەتە دابینکردنی کەرەستەی سەرەتایی و ماددەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی بۆ حکومەتی ئەو کاتەی ئێراق. دادگا لە تۆمەتنامەکەی خۆیدا ئاماژە بەوەدەکات کە پشتبەستن بە ماددەکانی 48 و 57 لە کۆیاسای تاوانى نێودەوڵەتیی و ماددەی 8 لە یاسای دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی، بە روونی بۆمان دەرکەوتووە کە تۆمەتبار بە ئەنقەست و بە مەبەستی بەدەستهێنانی سوود و قازانجی ماددی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەستاوە یارمەتیدان بە بەرنامە و پرۆژەی چەکی کیمیایی لە ئێراقدا لە ساڵەکانی 80ی سەدەی رابردوودا. ئەم یارمەتیدانە دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە کە هێرشی بەربڵاو بە گازی خەردەل بکرێتە سەر هاووڵاتیانی بێدیفاع  و ئاسانکاریی بۆ ئەم هێرشانە کراوە. ئەم هێرشانە تاوانی قورسی شەڕ ئەژماردەکرێن. دادگا فرانس فان ئانرات تۆمەتبار دەکات بە تێوەگلان لە جینۆساید و تاوانی شەڕ. لە کۆتاییدا دادگا دەگات بەو بڕیارەی کە ناوبراو لە تاوانی شەڕدا بەشداربووە، بەڵام لە تاوانی جینۆساید بێبەریدەکرێت.

بڕیاری کۆتایی بەشی تاوانکاری دادگای لاهای هەندێک رەهەندی تێدایە کە بۆ یەکەم جارە لە دادگایەکی نیشتمانی و ناوخۆیی وڵاتێکدا باسی لێوەدەکرێت و بە بڕوای نووسەر داهێنانێکی بەنرخ و جێ­سەرنجە و بە گشتی بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە زەرەرمەندی هێرشە کیمیاویەکانی رێژیمی "بەعس"ن و بۆ گەلی کورد گرینگی خۆی هەیە. بۆ یەکەمجار دادگایەکی نیشتمانی دەوڵەتێک دان بە جینۆسایدی گەلی کورددا دەنێت و بە لێکدانەوەی ئەو کردارانەی بەرانبەر بە گەلی کورد کراوە رادەگەیەنێت کە کورد وەکوو گرووپێکی نەتەوەیی لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە بە مەبەستی لەناوبردن و پاکتاوکردن کەوتووتەبەر هێرش و پەلاماردان. بۆیە ئەم وتارە لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە کە دادگای لاهای پشت بە چ ئەساس و بنەما و فاکتێک دەبەستێت بۆ پێناسەکردنی جینۆسایدی گەلی کورد و خاڵە گرینگەکانی بڕیاری ئەو دادگایە چین کە دەکرێت کورد جەختیان لەسەربکاتەوە و وەکوو بەڵگەیەکی یاسایی بەکاریان بهێنێت. لەگەڵ پێناسەکردنی جینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن ئەم دادگایەوە، بڕیارەکە باسی جیاوازی هێزە کوردیە دژبەرەکانی سەددام لەگەڵ گرووپ و تاقم و دەستەی ئاژاوەگێڕ و هێزی تێکدەر و تێرۆریستی دەکات و هەندێک پێوەری یاسایی ئەخاتە بەرچاو بۆ جیاوازی لە نێوان ئەم دوو هێزە. هێزە کوردییەکان بە رزگاریخواز و بەرهەڵستکار و خۆڕاگر و بەرخۆدێر ناو دەبات و پێوەری یاسایی دەخاتە بەرچاو بۆ ئەم مژارانە. هەموو ئەم بابەتانە لە بڕیاری دادگاکەدا لە روانینی یاسای نێودەوڵەتییەوە لێکدراوەتەوە و باسی دەسکەوتەکانی داگاکە ئەکرێت و لایەنە گرینگەکانی بڕیاری دادگا ئەخرێتە بەرچاو کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە.

تۆمەتەکانی تۆمەتبار
دادگا لە سەرەتادا تێوەگلان لە دوو تاوان وەکوو تۆمەت ئاراستەی تۆمەتبار دەکات. هەر دوو تاوان، لە تاوانە قورسە نێودەوڵەتییەکانن کە ئەکەونە بەر شیانی جیهانی دادگاکان. تاوانی کۆمەڵکوژیی و تاوانەکانی شەڕ کە لە ماددەی 5ی بنەڕەتنامەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا لە گەڵ تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕەنگێزیی مژاری شیانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیین. ئەم تۆمەتانە بە پێی بڕگەی ئەلفی ماددەی 314 لە یاسای دادبینی تاوانکاری هۆڵەند دەستنیشانکرابوون و بۆ ساڵەکانی 1980 تا 1988 باسیان لێکرابوو. فرانس فان ئانرات تۆمەتباردەکرێت بە پێشێلکردنی یاساکانی هۆڵەندا تایبەت بە کاتی پێکدادانى چەکداریی، یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لە پەیماننامە و باوە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا و هەروەها پێشێلکردنی پەیماننامەی 1948ی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە رێگریکردن و سزادانی تاوانی جیۆساید.

بنەماکانی شیانی دادگا
بە پێی یاساکانی هۆڵەندا ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانەکانی شەڕ، لەو تاوانەن کە کات و شوێن نایانگرێتەوە و دادگاکانی ئەو دەوڵەتە شیانی ئەوەیان هەیە بە بێ لەبەرچاوگرتنی کات و شوێنی روودانی تاوانەکە لێپێچینەوەوەی بۆ بکەن. بە واتایەکیتر گرێدراوی کات و شوێن نین و لە هەموو کات و شوێنێکدا بە تاوانی قورس ئەژماردەکرێن. سەرەڕای ئەم بابەتە، ئەو تۆمەتانە ئاراستەی کەسێک کراون کە هاووڵاتی هۆڵەندییە و بە پێی ماددەی 5ی یاسای دادبینی تاوانکاری هۆڵەند دەکرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت و دادگاییبکرێت. بە پێی ماددەی 2ی هەمان یاسا و رێساکانی تایبەت بە شیانی دادوەری لە یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا، دادگاکانی هۆڵەند شیانی دادگاییکردنیان هەیە. دادگا رادەگەینێ کە ئەوەی کە تاوانەکان تاوانی نێودەوڵەتین شتێک لە راستییەکان ناگۆڕێت. دادگا سەرەڕای هەبوونی شیانی نیشتمانی، هەندێکجار خۆی بۆ لای شیانی جیهانی رادەکێشێت.

یاسای بەرکار
لە کەیسی فرانس فان ئانراتدا دادگای لاهای لەگەڵ تێکەڵەیەک لە یاسای نێوخۆیی و یاسای نێودەوڵەتیی رووبەڕوودەبێتەوە. لەم کەیسەدا دادگا پشت بە یاسای نێوخۆیی و یاسای نێودەوڵەتیی دەبەستێت. یاسای نێوخۆیی هۆڵەندا تایبەت بە کاتی پێکدادانى چەکداریی و یاسای پەیماننامەیی  و یاساى نێودەوڵەتی مرۆیی و هەروەها قەدەغەبوونی جینۆساید دەبەستێت. دادگا پاش بیستنی وتەکانی چاوەرەکان و بەرگری تۆمەتبار و پارێزەرەکانی، روودانی تاوانەکانی شەڕ و کۆمەڵکوژی بۆ یەکلادەبێتەوە. بە مەبەستی سەلماندنی روودانی ئەم تاوانانە، پابەندێتییە نێودەوڵەتییەکانی هۆڵەندا و باو و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها یاسا نێوخۆییەکانی هۆڵەند بە بنەمادەگرێت.
بۆ لێکدانەوەی تایبەتمەندی تاوان و پێناسەکردن و دەستنیشانکردنی سنووری بەرپرسیاریەتیی بەپێی یاسای تاوانکاری، دادگای هۆڵەندا دەبێت لەم بوارەدا بە ئاراستەی یاسای نیونەتەوەییدا هەنگاوبنێت. وەکوو ئەوەی کە لە ماددەی 9 بنەڕەتنامەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا هاتووە و پێکهێنەرەکانى تاوان دەبێت وەکوو ئامرازێک بۆ شڕۆڤەکردنی تاوانەکان کەڵکیان لێوەربگیرێت.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە یاسای بەرکار و ئەگەری ناتەبابوون یان بەریەککەوتنی یاساکان لە نێوان یاسای ناوخۆیی و یاسای نێودەوڵەتییدا دادگا دەگات بەوەی کە دەبیت یاسای نێودەوڵەتیی پێشبخریت و بەرکاربێت.

پێناسەی دادگا بۆ تاوانی جینۆساید
جینۆساید بریتییە لە کوشتنی بە ئەنقەست، لەناوبردن، پاکتاوکردن و قڕکردنی گرووپێک یان ئەندامانی ئەو گرووپە. لە سەرەتادا ئەم تاوانە بە بەشێک لە تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەژماردەکرا. جینۆساید لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و لە بنەڕەتنامەى دادگای تاوانى نێودەوڵەتییدا باسی لێوەکراوە و ماددەی 2ی پەیماننامەی جینۆساید و ماددەی 6ی ئەم دادگایەدا بەم شێوە باسی ئەم تاوانەیان کردووە:
مەبەست لە جینۆساید هەر کام لەم کردەوانەی خوارەوەیە کە بە "مەبەستی لە ناوبردن"ی هەموو یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، نەژادى، ڕەچەڵەکی یان ئایینی جێبەجێ دەکرێت:
کوشتنی ئەندامانی گرووپێک.
زیانگەیاندنی قورسی جەستەیی و دەروونى بە ئەندامانی گروپێک.
خستنە بەر جەوروستەم بە مەبەستى لەناوبردنى بەشێک یان تێکراى گرووپێک..
سەپاندنی کردەوەگەلێک بە مەبەستی پێشگرتن لە زاووزێى گروپێک.
گواستنەوەی زۆرەملی منداڵان لە گرووپێکەوە بۆ گرووپێکى دیکە.
ئەم تاوانە بۆ یەکەم جار لە لایەن "رافائێل لێمکین" یاساناس لە ساڵی 1933 دا هاتەئاراوە و هەر بۆ خۆی لە ساڵی 1945 دا هێنایە ناو وێژەی یاساییەوە دواتر لە ساڵی 1948 لە پەیماننامەی قەدەغە و سزادانی تاوانی جینۆساید لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ناسێندرا و تاوەکوو ئەمڕۆ وەکوو مەترسیدارترین و قێزەونترین تاوانی نێودەوڵەتیی ناوزەدکراوە و بە تاوانی تاوانەکان دەیناسێنن. پایەى یاسایی تاوانی جینۆساید لە یاسایی نێودەوڵەتییدا لە سەر بنەمای پەیماننامەی جینۆساید پێناسەدەکرێت کە بەپێی راگەیندراوی دادگای دادی نێودەوڵەتیی و دادگاى تایەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان وەکوو یاسای نێودەوڵەتی نەریتى و تەنانەت رێسا فەرماندەرەکان خاوەن پێگەی یاساییە. جینۆساید تاوانی تاوانەکانە و لە دادگای تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی لە رۆواندا لە کەیسەکانی "کامبادا" و "کایشما و رۆزیندا" ئەم راستییە لە لایەن دادگاوە پشتڕاستکراوەتەوە. لە تاوانی جینۆسایددا، تاوانلێکراو یان قوربانیی، تاکەکەس نیە بەڵکوو گرووپە. ئەوە راستییەکە کە لەناوبردنی گرووپ لە رێگای کوشتن و قڕکردنی ئەندامانی گرووپەکەوە مسۆگەردەبیت بەڵام ئەگەر تاوانکار تەنیا بەمەبەستی کوشتن و لەناوبردنی کەسیک یان چەند کەس، کەسەکان بکوژێت بەبێلەبەرچاوگرتنی ئەوەی  کە ئەندامی گرووپێکن و لەبەر ئەندامێتی لەو گرووپە نەکرابێتنە ئامانج، ئەوا ناکریت بە تاوانی جینۆساید مەحکوم بکرێت. تەنانەت ئەگەر دەستنیشانکردنی قوربانییەکان لەبەر هۆکاری ئەندامبوونیان لە گروپێکی رەچەڵەکی، ئایینی یان نەتەوە و ئەتنیکێکی تایبەتدا بێت. لەم حاڵەتەدا دەبێت بە تاوانی چەوسانەوە وەک بەشێک لە تاوانى دژەمرۆڤایەتى ئەژماربکرێت.

دادگای لاهای باس لەوە دەکات کە کردەوەکانی بکەرەکان کە پێکدێن لە بەرپرسانی رێژیمی بەعس و "فرانس فان ئانڕات"، لە گەڵ کردەوەکانی ناو پەیماننامەی جینۆساید دەخوێنێتەوە و وەکوو یەکن؛ واتا، کوشتنی رێبەران و سەرۆکەکانی دەستەیەک و لێدانی زام و برینی قورسی جەستەیی و گیانی لە ئەندامانی دەستە. دادگا بە پێی پەیماننامەی جینۆساید ئەم مژارە دەخاتە بەرباس کە جینۆساید کاتێک روودەدات کە کردارێک راشکاوانە و بەمەبەسەتی لەناوبردنی گشت یان بەشێک لە دەستەیەک یان تاقمێکی تایبەت جێبەجێبکرێت. دادگا ئاماژە بە هەندێک پێوەر دەکات بۆ ناسینی تاقمێکی تایبەت وەکوو دەستەیەک کە دەبێت بپارێزرێن و دەڵێ ئەو دەستەیەی کە بوونەتە قوربانی دەبێ هەڵگری ئەو پێوەرە بن و ئەگەر وا بێت دەبێت پارێزراوبن.

دادگا لە درێژەی دادگاییکردنەکەدا رادەگەینێ کە کرداری بکەران کە بەرپرسانی رێژیمی بەعس و فرانس فان ئانراتیش لە خۆدەگرێ لە گەڵ ئەو کردارانەی کە لە پەیماننامەی جینۆسایددا هاتوون یەکدەگرنەوە؛ واتا، کوشتنی رێبەرانی گرووپی خاوەنپارێزبەندیی و زیانگەیاندنی قورسی گیانی بە ئەندامانی گرووپ. دادگا هەروەها باس لەوەدەکات کە جینۆساید تەنیا کاتێک روودەدات کە کردارێک لە راستیدا بە مەبەست و بە خواستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێک لە گرووپی خاوەنپارێزبەندیی ئەنجامبدرێت. لێرەدا دادگا ئاماژە بە کۆمەڵێک پێوەری دیاریکراو دەکات و لە سەر بنەمای ئەو پێوەرانە گرووپی قوربانی وەکوو گرووپی خاوەن پارێزبەندیی پێناسەدەکات. یانی گرووپێک کە هەڵگری ناسنامەیەکی تایبەتن. دادگا بە پشتبەستن بەو پێوەرانە سەبارەت بە گرووپی قوربانیی یانی گرووپی خاوەنپارێزبەندی وەكوو "کورد" رادەگەینێ کە هەبوونی ئەم خاڵانەی خوارەوە پێویستن:
ئەندامانی دەستەکە زمان و چاندی هاوبەشیان هەبووە؛
یان ئەندامانی دەستەکە خۆیان بە گرووپێکی نەتەویی بزانن؛
کەسانی دیکە، بە تایبەت بکەرانی تاوانی جینۆساید، گرووپەکە بە گرووپێکی نەتەوەیی بزانن.
لە سەر ئەو بنەمایە دادگا رادەگەینێ بە شێویەکی راشکاو و باوڕپێکراو و ئەرخایەن سەلمێندراوە کە جەماوەر و حەشیمەتی کوردەکان ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەیان هەیە کە لە پەیماننامەی جینۆسایددا ئاماژەی پێکراوە. بۆیە دادگا بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی و قووڵی کارەساتەکە و هەروەها بەربڵاوی تاوانەکە و هەژماری کوژراو و بریندارەکان و هتد... رادەگەینێ کە کوردەکان لە ئێراق کۆمەڵکوژکراون. سەبارەت بە هەڵەبجە و سەردەشت و گوند و ناوچە کوردییە سنووریەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دەڵێ: "ناکرێ هیچ مەبەستێکی دیکە بێجگە جینۆساید بۆ کردەوەکانی دەوڵەتی ئێراق بوونی هەبێت." هەروەها دادگا شتێکی سەیرتر باسدەکات و رادەگەینێ کە تێرۆری سیاسی سیستەماتیک و رێکخراو دژی کوردان روویداوە.
دادگاکە رادەگەینێ کە بەئەنقەست ئەو کردەوانەی کە لە ماددەی 2ی پەیماننامەی جینۆساید و ماددەکانی ١ تاوەکوو 5 پەێماننامەی ئاکارەکی جینۆسایددا هاتووە روویانداوە و ئەو کردەوانە بەرانبەر بە گرووپێک کراوە یان بەشێک لە گرووپەکە کراوە کە بەپێی پەیماننامەی جینۆساید خاوەنپارێزبەندین. ئەو کردەوانەش بە ئامانج و لە سەر ئەساسی خواستی لە ناوبردنی گرووپەکە روویانداوە. بایەخی ئەم بەشەی بڕیاری دادگا لەوەدایە کە بۆ یەکەمجارە دادگایەک لە وڵاتێکی بیانیدا باسی کۆمەڵکوژیی کورد دەکات. ئەمە لە حاڵێکدابوو کە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق تەنانەت بە یەک وشەش قەت باسی نەکرد. بۆ ئەوەی کورد وەکوو نەتەوە و دەستەیەکی نەتەوەیی بناسێندرێ باسی زمان و چاندی هاوبەش و ویستی خۆیان بۆ خۆ بەنەتەوەزانین و هەروەها بە نەتەوە ناسینیان لە لایەن کەسانی دیکە و بە تایبەت لە لایەن بکەرانی تاوانی جینۆساید دەکات.

دادگا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە بکەرانی تاوان ویستی تایبەتی لەناوبردن و سڕینەوە و پاکتاوکردنی نەتەوەی کوردی وەکوو گرووپی خاوەن پارێزبەندی هەبووە، کۆمەڵێک پێوەری دیاریکراوی راشکاو لەبەرچاودەگرێت. ئەم پێوەرانە لە نەبوونی دانپێدانانی راستەوخۆ و راشکاوانەی بکەری تاواندا لە رووی ئەو دۆخ و هەلوومەرجەی کە تاوانەکە تێیدا روویداوە دەستنیشاندەکرێت. بە مەبەستی سەلماندنی هەبوونی ویستی لە ناوبردن و قەڵاچۆکردن و مسۆگەربوونی جینۆساید بەپێی رێچکەی دادوەریی تاوانى نێودەوڵەتیی، ئەم خاڵانەی خوارەوە رۆڵی سەرەکییان دەبێت:
چوارچێوە و بەستێنێکی گشتیی کە رووداوەکان تێیدا روویانداوە؛
دۆخێک یان رەوشێک کە گرووپی خاوەنپارێزبەندی بە شێوەی رێکخراو و سیستەماتێک تێیدا بە نایاسایی بوونەتە قوربانی؛
بەربڵاوی تاوانە کراوەکان؛
بەربەرەکانێ و رووبەڕووبوونەوەی سیستەماتیک و رێکخراو لە گەڵ قوربانییەکاندا بە هۆی ئەندامبوونیان لە گرووپێکی دیاریکراودا؛
ژمارەی قوربانییەکان؛
شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە؛
هەرێمێک کە بکەرانی تاوان تێیدا چالاک بوون؛
ویستی ئاشکرای بکەرەنی تاوان بۆ کوشتنی قوربانییەکان؛
قورسایی ئۆپەراسیۆن و شاڵاوی کۆمەڵکوژیی؛
رێژە و چەندبارەبوونەوەی کردەوەکان لە شاڵاوی کۆمەڵکوژی لە ناوچیەکی تایبەتدا؛
چوارچێوە و بەستێنی سیاسەتێکی گشتی کە تێیدا تاوانەکان روویانداوە؛
وتەکانی بکەری تاوان سەبارەت بە چارەنووسی قوربانیان و گرووپی خاوەنپارێزبەندی.
دادگاکە بۆ ئەوەی بتوانێ بیسەلمێنێ کە ویستی تایبەت بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد لەئارادا بووە بە جۆرێک پەنا ئەباتە بەر رێچکەی دادوەریی دادگا نێودەوڵەتییەکان وەکوو ئەوەی کە لقی سەرەتایی و پێداچوونەوە لە دادگای تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی لە یۆگسلاڤیا بۆ سەلماندنی ویستی لەناوبردنی قوربانییەکان لە لایەن تاوانکارەکانەوە پشتیپێدەبەستن.

ئەو بابەتانەی کە دادگا بۆ سەلماندنی تاوانی جینۆساید بەرابەر گەلی کورد جەختیان لەسەردەکات بە جۆرێک پشتبەستن و پابەندبوونە بە رێچکەی دادوەری دادگاکانی دیکە. لە کەیسی "ئاکائیسۆ"دا دادگای تایبەت بە تاوانى نێودەولەتیی لە رواندا رایدەگەینێ کە دەرپەڕاندنی و کۆچپێکردنی پلان بۆداڕێژراوی گرووپی قوربانی لە لایەن تاوانکارانەوە وەکوو یەکێک لەو کردەوانە پێناسەدەکرێت کە "خستنە ناو دۆخێکی نالەباری ژیان کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی لەناوچوونی فیزیکی هەموو یان بەشێک لە گرووپەکە" لەخۆدەگرێت و بە مانی روودانی جینۆساید ئەژماردەکرێت. داواکاری گشتیی لە دادگای تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یۆگسلاڤیا  لە دووتۆی تۆمەتنامەکەدا کە دژ بە "رادوان کارادزیج" و "راتکۆ مێلادیچ" ئاراستەکرابوو ئەو تۆمەتانە ئەخاتەبەرباس کە دەرپەڕاندنی سەدان هەزار مۆسڵمانی بۆسنیایی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٣ و هەستان بە پاکتاوی ڕەچەڵەکى لە ناوچەکانی خۆر‌هەڵاتی بۆسنیا و کراجینا و سێربرێنیتسا تێیدا روویانداوە. داواکاری گشتیی ئەم کردەوانە وەکوو جینۆساید دژی مۆسڵمانەکانی بۆسنیا پێناسەدەکات. ئەم مژارانە لە بۆچوونەکانی دادوەرەکانی دادگای شاری لاهای و بڕیاری دادگادا بە روونی رەنگیداوەتەوە.  بۆیە دادگاکە ئەو راستییانە لەبەرچاودەگرێت کە کۆی تاوانە یەک لەدوای یەکەکان بەرانبەر بە گرووپی نەتەوەیی کورد لە ئێراقدا بە درێژی ساڵانێکی زۆر روویانداوە.
دادگا بە ئاماژەدان بەو خاڵانەی سەرەوە و هەروەها هەڵاوردن و سەرکوتکاریی سیستەماتیک دژی گرووپی کورد و شەڕی توندوتیژی ئێراق لە گەڵ کوردەکان لە هەر بڕگەیەکی زەمەنیدا، رادەگەینێ کە دادگا ناتوانێ بێجگە جینۆساید بە بابەتێکیتر راڤەی بکات. دەکرێت بۆ سەلماندنی ئەم مژارە بە توندوتیژی سەرکوتکاری بەربڵاو و عەرەباندنی ناوچە کوردییەکان، پاکتاوکردن و شوێنبزرکردن لە ئاستێکی بەربڵاودا، کوشتنى سەرەڕۆیانە بێدادگاییکردن، هێرشی سەرگوندەکان و خاپوورکردنیان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەڵاچۆکردن و پاکتاوکردنی گشتیی لە شاڵاوی ئەنفالدا بەڵگاندنی بۆ بکرێت.
دادگا سەبارەت بە بابەتی هەڵەبجە و سەردەشت و گوند و ناوچە سنوورییەکان کە بەر چەکی کیمیایی کەوتن و کە هەموویان کوردن، بابەتەکە وا شڕۆڤەدەکات کە هیچ تاوانێکی دیکە کە کردەوەکانی دەوڵەتی ئێراقدا بێجگە لە جینۆساید ناخوێندرێتەوە. دادگا بڕیارەکەی خۆی لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە پتەو و پشت ئەستووردەکات:
هەبوونی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ سەرکوتکاریی سیستەماتیکی گرووپی کورد؛
زۆربوونی ژمارەی قوربانیانی کورد، کە دادگا لەو باوەڕەدایە بە دڵنیاییەوە ژمارەی قوربانیان دەیان هەزار کەس تێدەپەڕێنێ کە لە ئاکامی هێرش و کوشتنى بەکۆمەڵدا روویانداوە؛
بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکە کیمیاوییەکان دژی گرووپی جەماوەری کورد کە لە بەر تایبەتمەندی ئەم جۆرە چەکانە لە کاتی بەکارهێنانیاندا نەکرێت هیچ جیاوازییەک لە نێوان کەسانی مەدەنی و سەربازییدا بکەن، ئەم چەکانە جگە لەوەی زیانێکی زۆر گەورەی لە دانیشتوان داوە، بەڵكوو بوونەتە هۆی تۆقین و ترساندنی خەڵک و وایکردووە کە شار و گوندەکان جیگای ژیان نەبێت و چۆڵبکرێت؛
خاپوورکردن و لەناوبردنی بەربڵاوی گوندە کوردییەکان و دواتر دەرپەڕاندنی خەڵکی مەدەنی؛
وتە و قسەکانی نوێنەرانی رێژیمی بەعس بە تایبەت عەلی حەسەن مەجید کە سەلمێنەر و نیشاندەری سووکایەتی بە گرووپی جەماوەری کوردە.
لە سەر بنەمای ئەو داکەوت و فاکتانەی سەرەوە دادگا دەگات بەو بڕوایەی کە سەرجەم هێرشەکان بە مەبەست و ویست و خواستی جینۆساید روویانداوە. هەروەها دەڵێت کە تیرۆری سیاسی دژی گەلی کورد روویداوە. دادگا بڕاوی وایە کە ویستی لەناوبردنی کورد بە تەنیا نیشانسەری ئەو راستییەیە کە بکەری تاوان، یەک بە یەکی قوربانییەکانی تەنیا لە بەر ئەندامبوونیان لە گرووپی خاوەنپارێزبەندییدا کردووتە ئامانج و کوشتن و سووکایەتی و بەدرەوشتی لەگەڵ ئەندامانی ئەو گرووپە لە راستیدا نیشاندەری ویستی لەناوبردنی گرووپەکەیە. ئەم بۆچوونەی دادگا لێرەدا پشت بە رێچکەی دادوەریی دادگا نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەبەستێت.

دادگا، سەرەڕای ئەوەی کە دەسەلمێنی کورد جینۆسایدکراوە و سەددام حسێن وەکوو حاکمی رەهای ئێراق و عەلی حەسەن مەجید وەکوو ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و فەرماندەی شاڵاو و هێرشەکانی ئەنفال و حسێن کەماڵ حەسەن مەجید وەکوو یەکێک لە فەرماندەکانى سووپا بە بکەری سەرەکی تاوانی جینۆساید ئەژماردەکات و ویستی تایبەت بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بە مسۆگەر دادەنێ، فرانس فان ئانرات لە تۆمەتی کۆمەڵکوژیی بێبەریدەکات. لەبەر ئەوەی کە دادگا ناتوانێ بیسەلمێنێ کە فرانس فان ئانرات ویستی تایبەتی لەناووبردنی گەلی کوردی هەبووبێت. راستە کە کورد جینۆسایدکراوە بەڵام ئانرات بە کرادارەکانی خۆی ویستی لەناوبردنی کوردی نەبووە و ناکرێت بەشداری لە تاوانی جینۆسایدی کورددا بخرێتە ئەستۆی. چونکوو دادگا هیچ بەڵگەیەکی بەدەستەوە نیە کە بیسەلمێنێ کە فرانس فان ئانرات لە ویستی دەوڵەتی بەعس بۆ لەناوبردنی گەلی کورد ئاگەداربووبێت و هەر لە سەر ئەم بنەمایە، ئەم تاوانەی بەسەردا ساغنابێتەوە.

پێناسەی دادگا بۆ تاوانی شەڕ
ماددەی 8ی بنەڕەتنامەی دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی پەسەندکراوی کۆنفرانسی 1998 رۆما بە پشتبەستن بە پەیماننامە چوارێنەکانی 1949 جنێڤ و پرۆتۆکۆڵە هاوپێچەکانی 1977 و هەروەها یاساى نێودەوڵەتیی مرۆیی سەبارەت بە شەڕی چەکداریی و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بەم جۆرە تاوانەکانی شەڕ پێناسەدەکات:
مەبەست لە تاوانی شەڕ لە بنەڕەتنامەی دادگای تاوانى نێودەوڵەتییدا ئەنجامدانی هەریەک لەم کردەوانەی خوارەوەیە بە تایبەت کاتێک کە ئەم کردار و تاوانگەلە لە دووتۆی پلان و بەرنامە  یان سیاسەتێکدا رووبدەن یان زنجیرەیەک لە تاوانی هاوشێوەبن و لە ئاستێکی بەرفراواندا ئەنجامبدرێن:
پێشێلکردنی قورسی پەیماننامەکانی 1949ی جنێڤ، واتا هەر یەک لەو کردارانەی دژی کەس و موڵک و ماڵ و داراییانەی کە لە لایەن ئەم پەیماننامەگەلەوە پارێزراون؛
پێشێلکردنی قورسی یاسا و رێسا باوەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و ئەو یاساگەلەی زاڵن بەسەر پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیدا؛
لە حاڵەتی روودانی شەڕی نانێودەوڵەتیدا، بنپێکردنی قورسی ماددەی 3ی هاوبەش لە چوار پەیماننامەکەی جنێڤ 1949 واتا هەریەک لەو کردارانەی کە دژ بەو کەسانە دەکرێت کە هیچ جۆرە بەشدارییەکی کارایان لە شەڕدا نیە؛
پێشێلکردنی قورسی ئەو بەشەی لە یاسا و رێسای نێودەوڵەتیی کە بەرکارن لە کاتی پێکدادانى چەکداریی نانێودەوڵەتیدا؛
دادگا پاش ئەوەی رووداوەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق دەگێڕێتەوە و بە شێوەیەکی یاسایی وەکوو ئەوەی خوارەوە لێکدانەوەیان بۆ دەکات:
لە مەودای نیوان 1980 بۆ 1988 پێکدادانى چەکداریی نێودەوڵەتیی لە نێوان ئێران و ئێراقدا هەبووە؛
لە خاکی ئێراقدا لە نێوان سووپاى حکوومەتی ئێراق و گرووپە بەرهەڵستکار و بەرخۆدێرە کوردەکاندا لە لایکەیترەوە پێکدادانى چەکداریی نانێوودەوڵەتی (لە چوارچێوەی واتایی یاسای پێکدادانى چەکداریی)دا بوونی هەبووە، ئەم شەڕە نانێودەوڵەتییە زۆر لە پێشووترەوە دەستیپێکردبوو و لە مەودای کاتیی تۆمەتەکەشدا هەر بەردەوامبووە.
دادگا بۆ ئەو زانیاریانەی تایبەتن بە نەتەوەی کورد  و شۆڕشەکانی دژی حکومەتی بەعس و راپەڕینەکانی کورد پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی زانستی و مێژوویی دەبەستێت کە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی باوڕپێکراو ئەخاتە بەرچاو کە هەندێکیان نووسەرانی بەناوبانگی بیانی بەرهەمیان هێناوە و هەندێکیان بەلگەنامەی ناوەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانن. سەرجەم ئەو سەرچاوانە لە لایەن دادگاکەوە شڕۆڤەی یاسایی بۆ کراوە و وەکوو بەڵگەنامە و فەکت بۆ سەلماندی راستییەکان کەڵکیان لێوەرگیراوە. بۆیە دادگا دەگات بەوەی فرانس فان ئانڕات ناتوانێ خۆی بێئاگا لەو بابەتانە لە قەڵەمبدات.
فرانس فان ئانرات ئاگەداری شەڕی نێوان ئێراق و ئێران و هەروەها ئێراق و گرووپی بەرهەڵستکاری کورد بووە و لەم رووەوە زانیاری تەواوی هەبووە، سەرەڕای ئەم زانیارییە هەڵساوە بە دابینکردنی مادەی خاو بۆ بەهەمهێنانی بۆمبی کیمیایی بۆ دەوڵەتی ئێراق. دادگا دەگات بەو باوەڕەی کە بە پێی ئەو بەڵگە و راستییانەی بەردەستن فرانس فان ئانرات ئاگاداری دۆخەکە بووە و ئەو پێداویستییانە بۆ دەوڵەتی عیراق دابینکردووە کە بۆ تاوانی شەڕ کەڵکی لێوەرگرتوون و ئەو ماددە و پێداویستییانەی بە دەوڵەتی ئێراقی فرۆشتوون تەنی و تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی کەڵکیان لێوەردەگیرێ.
دادگا رایدەگەینێ بەڵگە باوڕپێکراوەکان دەیسەلمێنن کە دەوڵەت و سووپاى ئێراق بە چەندینجار یاسا و رێساکانی پێکدادانى چەکداریی و باوە یاساییەکانی مرۆڤدۆستی نێودەوڵەتیی و پرۆتۆکۆڵی جنێڤ ١٩٢٥ و ماددەی ١٤٧ى پەیماننامەی چوارەمی ١٩٤٩ـى ژنێڤ سەبارەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنیی و هەروەها ماددەی ٣ـی هاوبەشیی هەر چوار پەیماننامەکەی ١٩٤٩ـی جنێڤیان بنپێکردووە و ئانراتیش لەم پێشێلکارییە قورسەدا بەشدارە و هاوکاری سووپاى کردووە و کەرەستە و ئامرازی تەواوی بۆ دابینکردوون. هێرشی کیمیاوی لە ١٩٨٧ بۆ سەر ئاڵوت و ١٩٨٧ بۆ سەر سەردەشت و ١٩٨٨ بۆ سەر هەڵەبجە و ١٩٨٨ بۆ سەر زەردە و ١٩٨٨ بۆ سەر شاری شنۆ و دەیان ناوچەی دیکە کراوە کە بووتە هۆی مەرگ و لەناوچوون و برینداربوونی هەزاران کەس و زیانی گیانیی و رۆحیی بەجێهێشتووە. ئەم کردەوە بە ئەنقەست و بە بەربڵاو و بە دەیان جار کراوە. ئانرات ئامرازی دروستکردنی بۆمبی کیمیایی بۆ ئەنجامدانی تاوانی قورسی نێودەوڵەتیی دابینکردووە. بە زانیاری تەواو و بە مەبەستی بەدەستهێنانی پارە و قازانج یارمەتی پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی ئێراقی داوە. یارمەتییەکانی ئەو بووتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس لە ئاکامی هێرشە کیمیاوییەکانی رێژیمی بەعسدا.

بڕیاری دادگا
بەپێی بڕیاری دادگا تۆمەتی یەکەم کە تایبەت بوو بە بەشداری لە جینۆسایدی گەلی کورددا لەسەر لائەچێ، بەڵام دادگا بە پشتبەستن بە راستییەکان و بەڵگە حاشاهەڵەنگرەگان دەگات بەوەی کە جینۆسایدی گەلی کورد روویداوە. سەبارەت بە تۆمەتی دووهەم دادگا رایدەگەینێ کە بەڵگەکان دەسەلمێنن کە تاوانی شەڕ روویداوە و فرانس فان ئانرات راستەوخۆ بەشداری لەم تاوانەدا کردووە و تەنانەت پاش کیمیاباران هەڵەبجەش سەردانی پایتەختی ئێراقی کردووە و ناوی بازرگانیی خۆشی گۆڕیووە بۆ ئەوەی کە نەناسرێتەوە و هاوکارییەکانی بۆ پرۆژەی چەکە کیمیاوییەکانی ئێراق بەردەوامبووە. تەنانەت هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ناوبراو پەشیمان بووبێتەوە یان بە بەزەییەوە چاوی لە قوربانییان کردبێت تێیدا بەدینەکراوە. بۆیە لە کۆتاییدا بە پێی یاسای هۆڵەندا قورسترین سزای بەسەردا دەسەپێندرێ بۆ بەشداریکردن لە تاوانەکانی شەڕدا لە رێگەی هاوکاریکردنی رێژیمی حاکمی ئەوکاتەی ئێراقەوە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ و كیمیاویی.

دەرەنجام و خاڵە گرینگەکانی بڕیاری دادگا
زۆر گرینگە کە هیچ تاوانبارێک نەتوانێ لە دەرەوەی یاسا بمێنێتەوە و رزگاری بێت لە دادگاییبوون و لە سزاوەرگرتن. بۆیە هەر دادگاییکردنێک بە دوای دوو ئامانجدا دەگەڕێت: یەکەم، دادپەروەریی و قەرەبووی قوربانییان و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ کۆمەڵگا لە رێگای سزادانی تاوانبارەوە. دووهەم، رێگریکردن لە دووبارە و چەندبارەبوونەوەی تاوان لە رێگای چاوترسێنی یاساییەوە کە هەست و خواستی ئەنجامدانی تاوان لاوازبکات. سەرەڕای ئەم بابەتانە کۆمەڵێک خاڵی جێ سەرنج لە هەموو دادگاییکردنێکدا هەن بە تایبەت لە کەیسێکی وەکوو دادگاییکردنی فرانس فان ئانراتدا دەردەکەون کە لەوانەیە گرنگێتیی و قورساییەکەیان لە بڕیاری کۆتایی دادگاکە زۆرتر بێت و تا ساڵەهای پاش دادگاییکردنەکە هەر ئاماژەی پێبدرێ و لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێ. ئەم بابەتە لە بڕیارەکانی دادگا نێودەولەتییەکاندا زیاتر بەرچاودەکەوێ هەندێکجاریش راوبۆچوونی دادوەرەکان هاوپێچی بڕیاری دادگاکە دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە کە بەردەوام ئەبنە هۆی گەشەسەندنی یاسای نێودەوڵەتیی. ئەم بابەتە لە کەیسی فرانس فان ئانراتدا لە کاتی گەنگەشەی دۆسیەکەدا و دووتۆی ئاراستەکردنی تۆمەت و بەرگری تۆمەتبار لەخۆی و بەڵگاندنەکانی دادگا و هەروەها بۆچوونی دادوەران و دادگا لە سەر هەندێک بابەت بەرچاودەکەوێ کە جێ ­سەرنج و جێگای تێرامانن.
سێ بابەت لە بڕیاری ئەم دادگادا و لە دووتۆی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا زۆر گرینگن و دەکرێت زیاتر لە سەریان راوەستەبکرێت. ئەم مژارانە بۆ نەتەوەی کورد و هێزی رزگاریخوازی کورد کە ناچاری بەرپەرچدانەوەی چەکداریی و بەرگریی رەوا دەبێت و بۆ قوربانیانی چەکی کیمیاوی دەکرێت ببێتە بەردێکی بناغە بۆ پێداگری و داواکاری لە سەر مافی قەرەبووکردنەوە و بۆ نەتەوەی کوردیش یەکەمجار لە رێگای دادگایەکی وڵاتێکی بیانی و ئەورووپیەوە بە فەرمی دان بە جینۆسایدکرندنیدا دەنرێت و ئەمەش دەبێتە بەردی بنەما بۆ کۆمەڵێک داواکاری یاسایی لە دەوڵەتی ئێراق و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
لە بڕیاری دادگادا فرانس فان ئانرات بۆ جینۆسایدی گەلی کورد مەحکووم نەکرا بەڵام بەشی هەرە زۆری بەڵگەنامە و سەرقاڵییەکانی ناو دادگاکە تەرخانکرا بۆ لێکۆڵینەوە لە جینۆسایدی گەلی کورد وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن پارێزبەندی لە بەر رووناکی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی قەدەغەبوونی جینۆسایدەوە بەو پێوەرانەی کە لەم پەیماننامەیەدا هاتوون. یەکەمجار دادگایەکی ناوخۆیی و ئەورووپی باسی جینۆسایدی کورد دەکات کە دەکرێت ببێتە بەردی بناغە بۆ داواکاری مافی ئەو نەتەوەیەی کە جینۆسایدکراوە. دادگا بە راشکاوی رادەگەینێ کە کوردەکان هەڵگری ئەو پێناسەیەن کە بۆ گرووپێکی نەتەوەیی خاوەنپارێزبەندیی لە پەماننامەی جینۆسایددا هاتووە.
یەکێک لەو تۆمەتانەی کە دەوڵەتە داگیرکەرەکان و رێژیمە رەگەزپەرستەکان بەردەوام رووبەڕووی مافخوازان و راپەڕیوانی دەستی ستەم و نادادی و داگیرکاری دەکەنەوە ئەوەیە کە هەر چەشنە داواکاری و مافخوازییەک بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەدەنەوە و ئەو گرووپ و رێکخراوانە کە بەرپەرچی سەرکوتکارییەکان ئەدەنەوە و دژی ستەم رادەپەڕن بە تیرۆریست و تێکدەر و ئاژاوەگێڕ ناوزەد دەکەن. رێژیمی بەعسیش هەر کوردێکی مافخواز و راپەڕیوی بە تێرۆریست و ئاژاوەگێڕ دادەنا و لەو چوارچێوەیەدا لە گەڵی هەڵسووکەوتی دەکرد. ئەم دادگایە بۆ یەکەمجار باسی گرووپێک دەکات کە دژی رێژیمێکی دڕندە و رەگەزپەرست بەرخۆدان دەکات و بە گرووپی بەرخۆدێر ناویان لێدەبات و رادەگەینێ کە ئەم گرووپە یەکێک لە لایەنەکانی شەڕن و هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکوو هێزێکی رزگاریخوار پێناسەدەکات و دەیخاتە ناو چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیی پێکدادانى چەکدارییەوە و لێرەشدا پێگەی یاسایی بۆ هێزی رزگاری کوردستان دادەنێت. لەسەر ئەم بنەمایە رادەگەینێت کە ئەو راستیە کە هێزە کوردیە بەرهەڵستکارەکان هەندێکجار لەگەڵ هێزەکانی ئێران هاوڕێ بوون و پێکڕا هێرشیان دەکرد نابێتە هۆی ئەوەی کە شەڕەکەیان لە شەڕی ناوخۆییەوە بگۆڕدرێ بۆ شەڕی نێودەوڵەتیی یان بەشێک لەو شەڕە. لە بەر ئەوەی کە ئێران هیچ هێز و کۆنترۆڵێکی بە سەر ئەوانەوە نەبوو و هێزەکانی بەرهەڵستکار بەردەوام بە دوای ئامانجی خۆیانەوە بوون.
بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی بەربڵاوی هێرش و پێکدادانەکانی نێوان گرووپە بەرهەڵستکارەکان و هێزەکانی دەوڵەت و ئەو چەکانەی بەکاردەهێندران و ئەو راستییەی کە هێزە کوردیەکان توانای رێکخستنی هێرشی چەکداری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە هەبووە، شێوازی رێکخستنی ئەم گرووپە بەرخۆدێرە لە رێکخستنە بەرپەرچدەرەکانی خۆیان، هیچ ئاماژە یان نیشانەیەک لە ناڕێکی ناوخۆیی و ناڕێکخراوەیی پێوە دیارنیە و کردەوەی تووندوتیژی و بێسەرەوبەرەیان لێنەکەتووتەوە. بۆیە شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی بەو مانایەی کە لە یاسای شەڕپێکدادانى چەکدارییدا هاتووە، بوونی هەبووە.
ئەو پێوەرانەی دادگا بۆ جیاوازییکردن لە نێوان هێزێکی رزگاریخواز و بەرهەڵستکار لە گەڵ هێزێکی تووندئاژۆ و تێرۆریستی و تێکدەر یان ئاژاوەگێردا ئاماژەیان پێ دەکات لە یاسای نێودەوڵەتیی پێکدادانى چەکداریەوە وەرگیراون کە بۆ هەر دۆخێکی هاوشێوە و وەکهەڤ دەکرێ کەڵکیان لێوەربگیرێ بە پێ ئەم پێوەرانە دەکرێ هێزێکی چەکداری رزگاریخواز و بەرهەڵستکاری رێژیمی رەگەزپەرست و ئاپارتاید لە هەڵچوونێکی بێ­سەرەوبەرە یان گرژی و ئاڵۆزی و تێرۆر جیابکرێتەوە. ئەم جیاوازییە دەبێتە هۆی بەفەرمی ­ناسینی هێزی رزگاریخواز لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی. بۆ ئەم مژارە دادگا ئاماژە دەکات بە فەرماندەری و سەرۆکایەتی بەرپرسیار و لێپرسراوی ئەم هێزانە، رێکخستن و سازی بوون، هێز و توانای هێرش و بەرپەرچدانەوە، خاوەن پرەنسیپ و کردار و هەڵسووکەوتی نیزامی، هەڵگری ناسنامە و جلوبەرگی تایبەت، لێدان لە ئامانجی نیزامی، خۆبواردن لە کوشتن و خەسارگەیاندن بە خەڵکی ئاسایی و مەدەنی. بنەمای ئەم پێوەرانە لە پەیماننامەکانی جنێڤى ١٩٤٩ و پرۆتۆکۆڵەکانی ١٩٧٧ـدان. بە تایبەت پرۆتۆکۆڵی دووهەمی هاوپێچ باسی خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەیی و دژەداگیرکاریی و هەروەها دژی رێژیمە رەگەزپەرستەکان دەکات کە لەسەر بناغەی مافی دیاری کردنی چارەنووس بە پێی بنەرەتنامەى رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و هەروەها پەیوەندی دۆستانە و هاریکاریی نێوان دەوڵەتەکان بنیات نراوە.
لە بڕیاری کۆتایی دادگا، تاوانبار بە بڕە پارەیەکی رەمزی وەکوو قەرەبووی زەرەر و زیان حوکمدرا و تەنانەت لە بەشەکانی کۆتایی بڕیارەکەدا تێچووی پارێزەریش لە بەرچاوگیراوە. ئەمە دەتوانێ وەکوو خاڵی بنەما چاوی لێبکرێت و بەهەندوەربگیرێت بۆ داواکاری قەرەبووکردنەوە لە دۆز و دۆسیەی نوێدا کە بە داخەوە هەتا نووکە بە گوێرەی پێویست تیشکی نەخراوەتەسەر. بەدڵنیایەوە دەکرێ داوا و سکاڵای تازە هەر لەسەر ئەو بنەما و دەسکەوتانە بجووڵێندرێ. دەکرێ ئەم هەنگاوە بۆ قوربانیانی کیمیابارانەکانی رێژیمی بەعسی لەناوچوو شتێکی لێ شین بێت. بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانی دام و دەزگا دەوڵەتیەکان زۆر پێویستە. کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێ قووڵایی ئەم زامە بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان زۆرتر بخاتە ڕوو و هانیان بدات بۆ هەنگاوێکی کرداری.

دادگای شاری لاهای