لە ٧ی
نیسان ١٩٩٤دا، جینۆسایدی کەمینەیەک لە ڕواندا دەستی پێ کرد؛ جینۆسایدی توتسییەکان.
بە یەکێک لە خێراترین جینۆسایدەکانی مێژوو دادەنرێت، چونکە لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا
نزیکەی هەشت سەد هەزار کەسی سەر بە کەمینەی توتسی (Tutsi) لەلایەن زۆرینەی هوتووەکان(Hutu)ەوە
کوژران. تەنیا توتسییەکانیش نا، بەڵکو هوتووە میانڕەوەکان و
کەمینەیەکی تریش بە ناوی توا (Twa) پێوە بوون
و بوونە قوربانیی ماشێنی ڕق و تۆڵەکردنەوە. وەک
ئەوەی لێی دەگێڕنەوە، گەورە بچووکی کوشتووە، پزیشک نەخۆشەکانی کوشتووە، مامۆستا
خوێندکارەکانی کوشتووە؛ کوشتنێکی بێپەروا و بێسنوور. جگە لە تێوەگلانی دەزگاکانی
دەوڵەت لەو جینۆسایدەدا، میدیا و خەڵکی خواساییش بەشدار بوون. وەک گەلێکی ستەمدیدە
و زیاد لە جارێک جینۆسایدکراو، گرنگە کورد هەم ئاگای لەو کەیسانە بێت و هەمیش
هاوسۆز و هاوبیری گەلانی تری جینۆسایدکراو. بۆیە لێرەدا و بەو بۆنەیەوە هەوڵ
دەدەم، گەر بە کورتییش بێت، بەراوردێکی جینۆسایدی توتسییەکان لە ڕواندا و جینۆسایدی
کوردی باشوور (ئەنفال) بکەم. هەرچەندە ئەنفال لە هەشت قۆناغ و نزیکەی حەوت مانگدا
بەڕێوە چوو (شوبات تا ئەیلول)، بەڵام بەو پێیەی مانگی نیسان کە هاوکاتە لەگەڵ
قۆناغی سێی ئەنفال (ئەنفالی گەرمیان) کراوەتە ساڵیادی فەرمیی لە هەرێمی کوردستان،
بۆیە لەو بەستێنەدا نیسانم وەک مانگی ژەهراویی جینۆساید ناو بردووە. بە خوێندنەوەی
هەواڵ و ڕاپۆرتەکان دەربارەی جینۆسایدی توتسییەکانی ڕواندا، هەندێک لێکچوون و
جیاوازی لەگەڵ ئەنفال بەدی دەکەم، کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەم بۆ ئەوەی بزانرێت
چی ڕووی دا و بۆچی ڕووی دا.
دەوڵەت وەک
ئامرازی تۆڵەسەندنەوە
وەک لە پێناسەی
چەمکی جینۆساید لە پەیماننامەی ڕێلێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆسایدی ١٩٤٨
(پەیماننەمەی جینۆساید)دا هاتووە، نیازی پشتەوەی جینۆساید لە هەموو کەیسەکاندا یەک
شتە، لەناوبردنی سەرتاسەری یان هەندەکیی کۆمەڵەیەکی ئاینی، ئیتنی، یانیش نەتەوەیی.
بەڵام هۆکارەکانی جینۆساید، یان ئەو پاڵنەرانەی وا دەکەن هانا بۆ لەناوبردنی
کۆمەڵێک بدرێت، زۆرن و دەشێت جیاواز بن. بۆ نموونە، کۆمەڵەی یەک دەیەوێت
کۆمەڵەی دوو بەتەواوی یان هەندێکیان، بسڕێتەوە و بکوژێت، بەمەش دەچێتە
خانەی جینۆسایدەوە. بەڵام بۆچی دەیەوێت وا بکات؟ دەکرێت هۆکار یان فشاری ئابووری،
سیاسی، یان هی تری لە پشتەوە بێت.
لە ڕوی
دەوڵەتدارییەوە هەردوو جینۆسایدی کورد و توتسی، جیاوازن. کورد لە عێراقدا،
پێچەوانەی توتسییەکانی ڕواندا، لە کاتی جینۆسایدەکەدا فەرمانڕەوای وڵات نەبوون.
ڕەنگە تاک و تەرا کورد گەیشتبنە پۆستی پەرلەمانی یان حکومی، بەڵام بەگشتی و وەک
نەتەوە، کورد لە دەرەوەی دەوڵەتەوە بووە و لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک خۆبەڕێوەبردن
و خۆژیاندن و لە زۆر قۆناغیشدا مافە کەلتوورییەکانی وەک زمانی خۆی، بێبەش بوو.
جینۆسایدی کورد
گرێدراوی خودی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقە لە پاش یەکەمین جەنگی جیهان و سەردەمی
ئینتیدابی بەریتانییەوە، کە تێیدا کەمینەی سوننە دەکرێنە فەرمانڕەوای وڵات، کورد و
زۆرینەی شیعە دەدرێنە دواوە و لەوێوە ململانێی درێژی نێوان ئەو سێ پێکهاتەیە، شێوە
دەگرێت. سەرکوتکردنی کورد و شیعە لەلایەن سوننەوە دەیان ساڵ درێژەی کێشا، تا ئەوەی
لە پاش کەوتنی بەعسەوە لە ٢٠٠٣ (کە هاوکات کەوتن و کۆتایی حوکمڕانیی سوننەکان
بوو)، شیعەکان دەستیان دایە تۆڵەکردنەوە لە سوننەکان و تا بە ئەمڕۆش دەگات، هەوڵی
ڕامکردن و پەراوێزخستنی زیاتریان دەدەن. سوننەکان، کۆتا جار بە سەرکردایەتیی سەدام
حسێن، حوکمی وڵاتیان دەکرد و بە ئاگر و ئاسن، کوردیان سەرکوت دەکرد و بە
"پاژنەی ئاخیلیس"ی پرۆژەی نیشتمانی عەرەبیی مەزن یان پرۆژەی پان-عەرەبیزمیان
دادەنان. ئەمانەش زیاد لە جارێک لە وتار و لێدوانەکانی تیۆریسیەنی سەرەکیی
بەعسیزمی عەرەبی، میشێل عەفلەقدا، دووپات کراونەتەوە. لە ڕوانداش بە هەمان شێوە،
پێش سەربەخۆیی و لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی بەلجیکیدا (تا ١٩٦٢)، کەمینەی توتسی (کە
نزیکەی ٩٪ی دانیشتووان بوون و پاڵپشت بە تیۆریای زانستیی هەڵە یان بەلاڕێدابراو، دەوترا
زیاتر دەچنەوە سەر سپیپێستی ئەوروپی نەک ئەوەی لە بنەڕەتەوە سەر بە نەژادی
ڕەشپێستی ئەفریقا و ڕواندا بن) دەسەڵاتێکی زۆریان درابوویە و وڵاتیان بەڕێوە
دەبرد. زۆرینەی هوتووەکانیش ئاسان و ئاسایی دەستیان بە هەندێک خزمەتگوزاریی
بنەڕەتی، وەک تەندروستی و خوێندن، نەدەگەیشت. دوای سەربەخۆییش هەموو ململانێکان،
سارد بن یان گەرم، درێژەیان هەبوو. تا ئەوەی لە نیسانی ١٩٩٤دا تەقینەوە و لە تەنیا
١٠٠ ڕۆژدا سەدان هەزار کەس کوژران. بەوەش هەردوو جینۆساید لەو ڕووەوە لێک دەچن، کە
ڕیشەی مێژوویی درێژتریان بەراورد بە ساڵ و ساتی ڕوودانیان هەیە. نە ئەنفال و نە
جینۆسایدی توتسییەکان تەنیا پێوەست نین بە ١٩٨٨ و ١٩٩٤ەوە.
لێرەدا و لە باسی
جینۆسایددا، ستەمی لایەنێک لە لایەنێکی تر، نابێتە پاساوی جینۆساید و کوشتنی سەدان
هەزار کەس. هێندە هەیە کە ئەو ستەمەی بە درێژایی ساڵانێک دەکرێت، بۆ خۆی لێکەوتەی
ستەم و ناهاوسەنگیی هێز و پێکهاتەکانە، کە دەبێت بیری لێ بکرێتەوە و چارەی بۆ
بدۆزرێتەوە. بە دەربڕینێکی تر، نەبوونی دیموکراسی و سەروەریی پەیمانێکی
کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە لە نێوان پێکهاتەکاندا، لە قۆناغێکی دواتردا سەر دەکێشێت بۆ
توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە. هەردوو کەیسەکە و کەیسی تری هاوشێوەیش، هەمان شتمان پێ
دەڵێن. گەر عێراق و ڕواندا، گەر کورد و سوننە و شیعە، گەر هوتوو و توتسی و توا،
شکۆ و ماف و بەشداریی کارایان لە حوکمڕانیدا مسۆگەر بووایە، کەمتر ئەگەری
سەرهەڵدان و یاخیبوون و پێکدادانی چەکداری و دواجاریش جینۆساید دەبێت. هەوڵدان بۆ
قۆرخکردنی دەوڵەت و دەزگاکانی، وەک گەورەترین سەرچاوە و مۆڵگەی
"دەسەڵات"، دەشێت هۆکاری سەرەکیی پاڵنان بێت بەرەو جینۆسایدی ئەوانی تر
کە ناچاریت دەسەڵاتیان لەگەڵ بەش بکەیت.
کەیسی ڕواندا و
جینۆسایدی توتسییەکانیش، هەمان شتمان بۆ ئاشکرا دەکات. پاش سەردەمانێک ململانێ و
ناکۆکیی ناوخۆیی نێوان هوتوو و توتسییەکان پێش ١٩٩٤، کاتێک هوتووەکان دەبنە
فەرمانڕەوا و جێپێی خۆیان قایم دەکەن، وردە وردە گشت دەزگاکانی دەوڵەت بۆ
تۆڵەکردنەوە لە توتسییەکان دەخەنە گەڕ. سوپا، میدیا، گرووپی چەکداری تایبەت، هەموو
پێکەوە هەڵمەتی پاکتاو و قڕکردنی توتسییەکان بەڕێوە دەبەن. بەبێ دەزگاکانی دەوڵەت،
مەحاڵ بوو بتوانن وەها هەڵمەتێکی سەرتاسەریی بەڕێوە ببەن و تێشیدا سەرکەوتوو بن؛
ئەوەی تەنیا لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بکوژرێن و سەدان هەزاری
تریش ئاوارە و پەنابەر بن، کارێکی هەروا سانا نییە، کە بە گرووپێک چەکدار یان
کۆمەڵەیەکی چکۆلەی یاخی بکرێت. لە حاڵێکی واشدا، واتە گەر کۆمەڵەیەک نیازێکی واشی
هەبێت، دەوڵەت دەتوانێت ڕێیان لێ بگرێت و نەهێڵێت کارەکەیان بەئەنجام بگات.
هەرچەندە نیزامی نێودەوڵەتی بەگشتی، لەسەر ناوەندێتیی دەوڵەت بنیات نراوە و هەمیشە
پەیماننامە و یاساکان ڕووی دەمیان لە دەوڵەتە، بەوەشەوە هێشتا ڕۆڵی دەوڵەت و
دەزگاکانی، یان قۆستنەوەیان لەلایەن گرووپێکەوە دژی گرووپێکی تر، کۆتایی نەهاتووە.
تیرۆری دەوڵەتی
یان داڵدەدانی ڕێکخراوەی تیرۆریستی لەلایەن دەوڵەتەوە، بابەتێکی کۆن و
قەیراناوییە. کۆنە، چونکە نوێ نییە، دەمێکە دەوڵەتان یان بۆ خۆیان دەبنە خوێنمژ و
تیرۆریست، یانیش باوەش بۆ کۆمەڵە و دەستەی تیرۆریستی دەکەنەوە. قەیراناوییە، چونکە
پێناسەی تیرۆر و داڵدەدان(سپۆنسەرکردن)ی تیرۆر، پرسێکی لاستیکییە و دەوڵەتان زۆر
جار بەپێی بەرژەوەندی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان لێکی دەدەنەوە. بۆ
نموونە، ئەمەریکا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و لە کاتی جەنگی ئێران - عێراقدا،
عێراقی لە لیستی دەوڵەتی تیرۆریست، لابرد. دواتر لە نەوەدەکان، پاش کەڵەگایی داگیرکردنی
کوێت و سەرێشەی چەکی کۆکوژ و کیمیایی، دیسان خستییەوە لیستەکەوە. بۆ ڕێکخراوەی
موجاهیدینی خەڵقیش هەمان شت بوو؛ لە نەوەدەکان وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریست ناسێنرا
و دواتریش لە ٢٠١٢ لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادا، دەرهێنرا. ئەم نموونەیە زۆر شتمان
پێ دەڵێت. دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران، پەیوەندیی ئەو وڵاتە و ئەمەریکا تێک چوو
و لە هاوکاری و هاوئاهانگیی ستراتیژییەوە پێی نایە قۆناغی دوژمنداری و نەیارییەوە،
لەکاتێکدا لە سەردەمی حوکمڕانیی بنەماڵەی پەهلەویدا، ئێران و سعودیە وەک دوو پایەی
هاوپەیمانیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەناسێنران. ئەوەش وای کرد
ئەمەریکا، لە سەردەمی جەنگی ئێران – عێراقدا، جگە لەوەی نەیدەویست هیچکام لە
لایەنەکان ببەنەوە و هەردووکیان لاواز بن، لە ١٩٨٤ بەدواوە بەنهێنی و ئاشکرا زیاتر
هاوکاریی عێراقی دەکرد. هەمان هاوکاری و پەیوەندی هۆکاری ئەوە بوو، کاتێک حکومەتی
عێراق شاڵاوی ئەنفالی بەڕێوە برد، کاتێک هەڵەبجە و دەوروبەری بە گازی کیمیایی
خنکاند، بە جۆرێک چاوپۆشیی لێ بکات و تەپوتۆزێکی وا بنێتەوە، لە ئەنجوومەنی
ئاسایشدا وەک بەرپرسیارێتیی هەردوو دەوڵەت، سەیری ڕووداوەکە بکرێت، نەک ئەوەی
یەکلا ببێتەوە کە عێراق چەکی کیمیایی بەکار هێناوە. بەوەش عێراق لەو کاتەدا لەوە
دەربازی بوو، وەک دەوڵەتێکی تیرۆریست یان تاوانکار بناسرێت.
گرووپەکان بۆ
لەناوبردنی یەکتر، جگە لە بەکارهێنانی دەوڵەت، هانا بۆ ڕێگەی تریش دەبەن، کە
دەکرێت بە پێشەکی یان ڕێخۆشکردن بۆ جینۆساید بناسرێن.
لەمرۆڤخستن وەک
پاساوی کوشتن
وەک ڕێسایەکی
گشتی، پێش هەر مەرگەسات و جینۆسایدێک قۆناغێک هەیە، کە دەکرێت بە قۆناغی
ئامادەکاری یان زەمینەسازی ناو ببرێت. ئەو ئامادەکاری و خۆسازدانەش لەوەدا
بەرجەستە دەبێت، کە لایەنی زاڵ، لایەنی تاوانکار و ئەنجامدەری جینۆساید، لایەنی
کوژراو و جینۆسایدکراو و بەئامانجگیراو لەمرۆڤبوون دەخات، خەسڵەتی مرۆڤایەتیی لێ
دادەماڵێت بۆ ئەوەی کوشتنی ئاسانتر بێت. سەدام حسێن و بەعسییەکان بە کوردیان دەوت
خاین، داردەستی ئیمپێریالیزم، تێکدەر و چەندان ناتۆرەی تریش. وەکچۆن هوتووەکان بە
توتسییەکانیان دەوت مار و سیسرکە. ئاشکرایە خاین و سیسرکە، یەکیان مرۆڤ و ئەوەی تر
زیندەوەر، هەردووکیان بۆ مردنن. لە زۆرێک لە سیستەمەکانی دنیادا، کەسی خاین دەبێت
بکوژرێت، وەکچۆن پانکردنەوە و پلیشاندنەوەی سیسرکەش کارێکی تەواو ئاساییە. گەر
کەسێک خیانەتی لە وڵاتی خۆی کرد، بەوەی بۆ نموونە، دەستی لەگەڵ دوژمنی وڵات تێکەڵ
کردبێت، یان کەسێک لە ئاین یان مەزەبێکی دیاریکراوەوە بچێتە سەر ئاین و مەزەبێکی
تر، ئەمانە سزاکەیان کوشتن و لەناوبردنە. ئەم قۆناغە هەمیشە جەماوەری تێدا خۆشە
(مۆبیلایز) دەکرێت، ڕووی دەمی سیاسەتمەدار و تاوانکاری جینۆساید لە جەماوەرە و
ئامانجیشی بەدیهێنانی ڕەوایەتییە بۆ کارەکانی دواتری. هەمیشە پێویستە جەماوەر
جۆرێک حیکایەتیان بۆ دابتاشرێت بۆ ئەوەی بەرهەڵستیی جینۆسایدەکە نەکەن، یان لەوەش
زیاتر، بۆ ئەوەی بەشدار و کارئاسانکەر بن. بەردەوام نیشداندانی کورد وەک خاین لە
تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆکانی بەعسەوە، بەردەوام تۆقاندنی خەڵکی عێراق بەوەی کورد مشەخۆرن،
هاتوو(دەخیل)ێکی ڕەزاقورسن بۆ سەر جەستەی پێشوەختە برینداری نیشتمانی عەرەبی، بۆ
ئەوە بوو کوشتنیان ئاسان بکرێت. پەخشکردنی دەیان و سەدان بەرنامە و بانگەشە لە
ڕادیۆکانی ڕوانداشەوە دژی توتسییەکان و هاندانی جەماوەر بۆ کوشتنیان و تەنانەت
ئاشکراکردنی شوێنی خۆحەشاردانیان بۆ خەڵک، بۆ ئەوە بوو کوشتنیان ئاسان بکرێت.
هەمان حاڵەت لە
جینۆسایدی جووەکان لە سەردەمی حوکمڕانیی نازییەکانی ئەڵمانیادا دەبینرا. نازییەکان
هەمیشە وەک مشەخۆر، سووخۆر، مشک، تێکدەر و قۆرخکاری ئابووریی ئەڵمانیا و جیهان،
باسی جووەکانیان دەکرد. جووەکان ئەو دوژمنە بوون، کە هیتلەر و نازییەکان بۆ
پڕکردنەوەی جەماوەر پێویستیان بوو، بۆ ئەوەی لە پشتیوانیی دەوڵەت و ئابووریی
سەربازی و پلان و تەماحی داگیرکاریی هەموو ئەوروپا و بەڵکو جیهانیش، بەردەوام بن.
بەبێ ئەو گوتاری ڕق و بوغزە، بەبێ نیشاندانی ئەوی تری بەئامانجگیراو وەک شتێکی
نامرۆیی، دەرەمرۆیی، زیادە و زیانبەخش، پرۆسەی کوشتنەکە ئاسان بەڕێوە ناچێت و
نەیار و بەرهەڵستکاری زۆرتر دەبن. جگە لەوەش ڕژێمە سەرکوتکار و ملهوڕەکان، بۆ
ئەوەی شاردنەوە و کپکردنەوەی ئاسەواری تاوانەکان ئاسان بکەن، پێویستییان بە
ڕازیکردنی خەڵکە بۆ ئەوەی کەمترین ڕاپۆرتیان لێ بدرێت و جیهان و جڤاتی نێودەوڵەتی،
بەو کارانە نەزانن و لەسەریان بەدەنگ نەیەن.
هەڵوێستی جڤاتی
نێودەوڵەتی
لە سەردەمێکدا
ناژین، خۆدزینەوە ئاسان بێت. خۆلادان لە کاریگەریی دەوڵەتان و کۆمەڵەکانی تر،
هەوڵێکی بێهوودەیە. سەردەمەکە جیهانگیرییە و دنیا پڕە لە تەکنۆلۆژیا و بە تۆڕێکی
ئاڵۆزی پەیوەندی، تەنراوە. لە دنیای دوای دووەمین جەنگی جیهانی یان دنیای دوای
١٩٤٥دا، هەندێک گۆڕانی گەورە هاتنە پێش. سەردەمی دوای ١٩٤٥ بە چەند خەسڵەتیک
دەناسرێتەوە. یەکیان پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانییە؛ یەکێکی تر مافی مرۆڤ و
گەلانە لە پاراستنی کەرامەت و لە مافی چارەی خۆ نووسین؛ هەروەها کەم تا زۆر
سەروەریی یاسا و تۆکمەتربوونی یاسای نێودەوڵەتی. سەردەمی دوای ١٩٤٥ یەکسەرە بە دوو
پرۆسەی دادگاییکردنی گرنگی نێودەوڵەتیی دەستی پێ کرد: دادگایی نورمبێرگ بۆ سەرانی
ڕژێمی نازی، لەگەڵ دادگایی تۆکیۆ بۆ سەرانی ئیمپراتۆریای یابانی. دوو پێشهاتی
یاسایی، کە لە هیچ قۆناغێکی تری مێژوودا هاوشێوەیان نەبووە. ئەوەی کۆمەڵی
نێودەوڵەتی دەست وەربدات و سەرانی دەوڵەتێکی تر و ڕژێمە سیاسییەکەی، لەبەر ئەو
تاوانانەی دەرهەقی خەڵکی خۆیان و گەلانی تر کردوویانە، دادگایی بکات و سزا بدات،
وەرچەرخانێکی گرنگ بوو. سەرباری ئەمانەش، حیکایەتی جینۆساید نەبڕایەوە و لاپەڕەی
تری ڕەش دەکردەوە. لە عێراق (بارزانییەکان لە ١٩٨٣، ئەنفال لە ١٩٨٨)، کۆماری
پێشووی یوگۆسلاڤیا، ڕواندا، سودان (دارفور)، دیسان لە عێراق (ئێزدییەکان لە ٢٠١٤)،
مشتێک لە خەرواری کەیسەکانی جینۆساید بوون.
وەک ئەوەی لە
پێناسەی جینۆسایددا هاتووە، ئەو تاوانە "ویژدانی مرۆڤایەتی" دەهەژێنێت.
بەڵام لێرەدا دەکەوینە بەردەم پێوانەیەکی لاستیکی: ویژدانی
مرۆڤایەتی مانای چییە؟ ئایا دەوڵەتان یان گەلان و ڕای گشتی دەبنە پێوانە و سەنگی
مەحەک؟ لێرەدا مرۆڤایەتی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی زۆر لێک نزیک دەبنەوە، هاوکات
ویژدانەکەش بە ناچاری بریتی دەبێت لە چۆنێتی و شێوازی کاردانەوەی کۆمەڵی
نێودەوڵەتی بۆ کەیسەکانی جینۆساید. بە دیاریکراوتر، ئێستا کە دەوترێت کۆمەڵی
نێودەوڵەتی، زیاتر لە دەوڵەتان و کۆمپانیاکان و ڕێکخراوە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکان
و چەند کەس و لایەنیکی تر دەگرێتەوە، کە لە تۆڕێکی نوێ و ئاڵۆزی پەیوەندی و
کارلێکدا پێکەوە دەیگوزەرێنن. وەڵامی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەبێت چی و چۆن بێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی
ئەو پرسیارە، ناچار بیر لە میکانیزمە یاساییە بەردەستەکان بکرێتەوە. ئەوەشی هەیە،
میکانیزمەکانی نێو پەیماننامە و گرێبەستەکانی نێوان دەوڵەتان و لایەنەکانی ترە.
یەکێکیش لەوانە، پەیماننامەی جینۆسایدە. بەپێی پێناسەی جینۆساید لەوێدا، تەنیا
تاوانی جەستەیی و لەناوبردنی فیزیکی وەک جینۆساید لەقەڵەم دراوە. لە شوێنی تردا
باسی ئەوەم کردووە، کە بەداخەوە سەرباری ئەوەی سەرەتا هەوڵەکان بەو ئاقارەدا بوون،
دواجار "جینۆسایدی کەلتووری" وەک تاوانێکی شایەنی سزا، لە
پەیماننامەکەدا جێ نەکرایەوە. بەپێی پەیماننامەکە لە کاتی قەومانی جینۆسایددا، جگە
لە بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان لە سزادان(punishment)ی تاوانکارانی جینۆساید، دەشتوانن
داوای هاوکاری لە دەزگایەکی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن و ڕێ لە تاوانەکە
بگرن (prevention). باشترین و بەهێزترین دەزگای
نەتەوە یەکگرتووەکانیش، چ بەگشتی و چ بۆ کەیسێکی وا، ئەنجوومەنی ئاسایشە. چونکە
بەپێی بنەڕەتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەرکی سەرەکیی دەزگای ئەنجوومەنی ئاسایش،
پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە. مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە، کە ئایا
تاوانەکانی جینۆساید و تاوانەکانی تریش (تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی)،
دەچنە چێوەی "ئاشتی و ئاسایسی نێودەوڵەتی"یەوە یان نا. لێرەدا بواری
خستنەڕووی وردەکارییەکان نییە. بەڵام بۆ هەر کەیسێک کە ئەنجوومەنەکە بە پێویستی
بزانێت، دەتوانێت دەست وەربدات و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ و توندوتیژییەکان بکات
و لە حاڵەتی لاسارییشدا، پاڵپشت بە بەندی حەوتەمی بنەڕەتنامەکە، ڕێگە بە بەکارهێنانی
هێز دژی سەرپێچیکاران بدات. لێرەدا کە دەوترێت بەرپرسیارێتیی یان هەڵوێستی جڤاتی
نێودەوڵەتی، مەبەست لە کاردانەوە و هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی
ئاسایش و ڕیکخراوە ناوچەییەکانی تریشە لە کاتی ڕوودانی جینۆسایدی وەک ئەوەی ئەنفال
و ڕواندادا. ئەوەش جگە لە باسی شەقام و کۆمەڵی مەدەنی و گەلان، کە زۆربەی جار
دەتوانن فشاری جدی دروست بکەن و کاریگەرییشیان لەسەر ناوەندی بڕیاری وڵاتەکانیان
هەبێت.
هیچ بڕیارێکی
ئەنجوومەنی ئاسایش، باسی ئەنفال و جینۆسایدی لە عێراقدا نەکردووە. لە ١٩٨٨ و لە
حەوت مانگی بەڕێوەچوونی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، بەو پێیەی حکومەتی عێراقی بۆردومانی
کیمیایی هەڵەبجە و سەردەشت و چەند شوێنێکی تری کرد، لە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی
ئاسایشدا ئەوەیان باس کراوە. لەوانەش بڕیاری ٦١٢ لە ئایاری ١٩٨٨ و بڕیاری ٦٢٠ لە
ئابی ١٩٨٨. هەرچەندە لەو بڕیارانەشدا کە سەرکۆنەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کراوە،
یەکلا نەکراوەتەوە کێ و چۆن و چەندێک بەکاری هێناوە. تەنیا داوا لە کۆماری
ئیسلامیی ئێران و عێراق دەکات، لەو ناکۆکییەی نێوانیاندا، واز لە بەکارهێنانی چەکی
کیمیایی و بایۆلۆژی و چەکی تری قەدەغەکراو بهێنن. جگە لەو چەند ئاماژە
ناڕاستەوخۆیە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، هیچی تر لە بارەی ئەنفال و
هەڵەبجەوە نەوتراوە و نەنووسراوە. بۆ جینۆسایدی ١٩٩٤ لە ڕواندا، دۆخەکە هەندێک
جیاواز بوو. بەپێی بڕیاری ٩٢٩ی ئەنجوومەنی ئاسایش، هێزێکی ئاشتیپارێزی فرەنەتەوەیی
لە ڕواندا جێگیر کرا. بەگوێرەی بڕیاری ٩٣٥ تیمێکی پسپۆڕ بۆ لێکۆڵینەوە و
تۆمارکردنی پێشیلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، پێک هێنرا. ئەمانە هەبوون و
کران، بەڵام هیچ ڕۆڵێکیان لە بنبڕکردن یان کەمکردنەوەی توندوتیژییەکاندا نەبوو. تا
کاتێک یاخیبوونی چەکداریی توتسییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە، توانی حکومەتی هوتووەکان
بڕووخێنێت و سنوورێک بۆ جینۆساید دابنێت، ئەوەی ئەنجامدەران دەیانویست، کردیان و
ڕەنگە بە زیادیشەوە. خاڵێکی سەرەکیی جیاکەرەوەی هەردوو کەیسی ئەنفال و ڕواندا،
شێوازی دادگاییکردنی تاوانکارانە.
لە کەیسی
ئەنفالدا، پاش ڕووخاندنی حکومەتی بەعس و سەدام و دادگایی عەلی کیمیایی و چەند
کەسێکی تر، کە لە کاتی شاڵاوەکەدا و بەپێی پلەی سەربازی و دەوڵەتییان، بەرپرسی
بڕیاردەری شاڵاوەکانی ئەنفال بوون، بە سزای خۆیان گەیشتن. دوای ڕووخاندنی
حکومەتەکەی بەعس، بە فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دادگایەکی باڵای
تاوان بۆ دادگاییکردنی سەرانی بەعس لە پای تاوانەکانیان دەرهەقی گەلانی عێراق، پێک
هێنرا. سەدام حسێن لەسەر کەیسی کوشتنی دانیشتووانی گوندی دوجەیل و عەلی کیمیاییش
لەسەر تاوانەکانی ئەنفال، لەسێدارە دران. هەمان ئەو دادگایە و دواتریش ئەنجوومەنی
نوێنەرانی عێراق، ئەنفالیان وەک جینۆساید دژی کورد، لەقەڵەم دا. بەڵام بۆ دادگاییکردنی
ئەنجامدەرانی تاوانکارانی ڕواندا، جۆرێکی تر بوو. یەکێک لە ڕێکارەکانی وەڵامگۆیی کۆمەڵی
نێودەوڵەتی و بەدەمەوەهاتنی گەلی توتسیی جینۆسایدکراو، بڕیاری ٩٥٥ی ئەنجوومەنی ئاسایشە
لە ٨ی تشرینی دووەمی ١٩٩٤. بەپێی ئەو بڕیارە، دادگایەکی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ
لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ساڵی ١٩٩٤ لە ڕواندا، پێک هێنرا کە تا ساڵی ٢٠١٢ چالاک
بوو. واتە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق، کە بۆ دادگاییکردنی سەدام و
هاوکارەکانی پێک هێنرا، پشتی بە یاسای ناوخۆیی و بڕیاری فەرمانڕەوای مەدەنیی عێراق
دەبەست، لەکاتێکدا ئەوەی ڕواندا لە ڕێی بەشداری و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشەوە،
مۆرکێکی نێودەوڵەتی بە تاوانەکان درا و دەنگدانەوەشی زیاتر بوو. بە دەربڕینێکی تر،
ئەنفال وەک پرسێکی ناوخۆیی عێراق و ڕواندا وەک پرسێکی نێودەوڵەتی، مامەڵەیان لەگەڵ
کرا. ئەنفال، بە زمانی ئەنجوومەنی ئاسایش بدوێین، کاریگەری و ئاسەواری لەسەر
"ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی نەبوو" بەڵام جینۆسایدی توتسییەکان هەیبوو.
ئەوەش جۆرێک لە کورتبینیی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەردەخات، بەتایبەت ئەمەریکا، چونکە
هەر سێ ساڵ دوای ئەنفال و لە کۆڕەوەکەی ١٩٩١دا کاریگەریی چەوسانەوەی کوردمان لەسەر
وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، زیاتر بۆ دەرکەوت.
ڕامان لە جینۆساید
بۆچی جینۆساید ڕوو
دەدات، چۆن و چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕوو نەداتەوە، پرسیارێکی واقوڕمێنە. لە هەردوو
ئەزموونی جینۆسایدی کورد لە عێراق و توتسی لە ڕواندا، هەندێک وانە و پەندی هاوبەشی
گرنگ فێر دەبین. بۆچی بەعس نزیکەی دوو سەد هەزار کوردی کوشت؟ بۆچی حکومەتی
هوتووەکان جگە لە هوتووە میانڕەوەکان و تواییەکان و خەڵکی تریش، هەشت سەد هەزار
توتسیی کوشت، کە پێکڕا نزیکەی ملیۆنێک و سەد هەزار کەس دەبوون؟ باشترین
کاردانەوەیەک بەرامبەر جینۆساید، بیرکردنەوەیە لێی، کە چۆن ڕێ لە دووبارەبوونەوەی
بگیرێت.
دادپەروەری،
سزادانی تاوانکاران، دیموکراسی و مافی گەلان، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ،
لە خاڵە سەرەکییەکانی چاکسازیی سیستەماتیکن کە بشێت دوای جینۆساید، یان بۆ ڕێگرتن
لە سەرهەڵدانەوەی مەیلی جینۆساید، بگیرێنە بەر. دادپەروەری و سزادانی تاوانکاران
پێوەستن بە هەموارکردنەوەی یاساکانەوە. دەبێت ئەو خاڵ و جێگەیانەی نێو یاساکان کە
جیاکارییان تێدایە و ڕێخۆشکەرن بۆ توندوتیژی، لاببرێن و چاک بکرێن. بۆ نموونە، لە
عێراقی دوای سەدام و بەعسدا، لابردنی هەموو ئەو مادە و بڕگانەی یاسای سزادان کە
پێوەست بوون بە خودی حیزبی بەعس و هیماکانییەوە، لەلایەن فەرمانڕەوای مەدەنیی
ئەوکاتەوە، پەک خران. دەبوو دوای پەسەندکردنی دەستوور و هێنانەئارای 'عێراقی نوێ'،
پێداچوونەوەیەکی جدی بۆ سەرجەمی سیستەمە یاساییەکە بکرایە و تەنیا یاسای سزادان
نەگرێتەوە. بۆ نموونە، ئەو هەموو بڕیارەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بۆ
دەستگرتن بەسەر زەوی و موڵکی کورداندا لە
ناوچەکانی مادەی ١٤٠، تا ئێستا بەرکارن. هەندێک یاساکان کە جیاوازی لەسەر بنچینەی
ڕەگەزو جیندەر، یان ئاین و باوەڕ دەکەن، هێشتا وەک خۆیانن. لە ڕووی دیموکراسی و
مافی گەلانیشەوە، سەرباری بەشداریی پێکهاتەکانی عێراق لە حوکمڕانیدا، هێشتا وەک
پێویست نییە.
لێرەدا کێشەی هەرە
جەوهەری، بریتییە لە سیستەمی سیاسی و ئیداریی وڵات. لە کۆی هەژدە (ئێستا بە
هەڵەبجەوە نۆزدە) پارێزگا، تەنیا یەک هەرێمی فیدراڵ (هەرێمی کوردستان) لە وڵاتدا هەیە کە پێش
ڕووخاندنی بەعس و سەدامیش، هەمان ستاتۆی هەبوو. واتە عێراق تاکە وڵاتە لە جیهاندا،
کە بە دەستوور و بە مەرەکەبی سەر کاغەز، فیدراڵە، بەڵام لە باری واقیعدا،
نافیدراڵە و شتێکی تر پێڕەو دەکات، ئیتر گرنگ نییە ناوەندێتییە یان ناناوەندێتی.
گرنگ فیدراڵیزم لە عێراقدا، وەک ئەوەی دەبوو هەبێت، نییە. ئەوەش یەک مانای هەیە،
ئەوانەی پێشتر وڵاتیان بەڕێوە بردووە و ئەوانەشی ئێستا بەڕێوەی دەبەن، لە
قووڵاییدا باوەڕیان بە مافی پێکهاتە جیاوازەکان نییە کە هەوڵی دامەزراندنی
فیدراڵیزم بدەن و کاراتر لە حوکمڕانیدا، لە ڕێی فیدراڵیزمەوە، بەشدار بن.
هەوڵەکانی ساڵانی دواتری بەغدا و فەرمانڕەوایانیشی دژی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێکن
کە ئەوان ئاواتەخواز بن ئەو تاقە هەرێمەش نەمێنێت و کورد ئەو چۆڕە سەربەخۆییەی نەبێت.
ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیش لە عێراقدا نەک نەچوونەتە پێش، بگرە لە هدنێک
لایەنەوە پاشەکشەیان کردووە. پەیوەندییەکانی پێکهاتەی سوننە بە دەوڵەتەوە وەک جاران
نییە، نە وەک جاران فەرمانڕەوای وڵاتن و نە وەک پێویستیش خاوەنی ژێرخان و سەرخانی
خۆیانن. لە دوایین پەلامار و تێکدانەکانی داعشدا، ناوچە سوننییەکان زۆرترین
زیانیان بەر کەوت، چونکە داعش بە پلەی یەکەم لەو ناوچانەدا، لە موسڵەوە تا نزیکی
کەرکوک و تکریت و ئەنبار، جێگیر بوو. زۆربەی ئاوارەکانیش بەهۆی جەنگی دژی داعشەوە،
لەو پێکهاتەیەن لە پارێزگاکانی دیالە و تکریت و موسڵ و ئەنبار. کوردیش سەرباری هەر
ماف و ئیمتیازێکی لە عێراقی دوای بەعسدا هەیەتی، هێشتا زۆرێک لە کێشە گەورە و
سەرەکییەکانی چارە نەکراون. نە پێشمەرگە وەک بەشێکی سوپای عێراق ددانی پێدا نراوە،
نە چارەنووسی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ یەکلا کراوەتەوە، نە کێشەی بەشەبودجە و زمانی
کوردی لە ناوەڕاست و باشووری وڵات، کۆتاییان هاتووە. سەرباری هەمووشی، پرسی
مافەکانی هەندێک لە چینەکان، لەوانەش ژنان و کرێکاران و منداڵان و کەمئەندامان، زۆر
لە پاشەوەیە. تا بە ئێستاش دەگات، سەرباری بڕیاری دادگای باڵای تاوان لە عێراق و
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکۆمار لە پای ئەنفال و هەڵەبجە و تاوانەکانی تری
ڕژێمی بەعس، بەفەرمی داوای پۆزشی لە گەلی کورد نەکردووە. لە ڕووی کردارییشەوە،
هەنگاو بۆ بنیاتنانی عێراقێکی دوور لە شەڕی ناوخۆ و جینۆساید، نەنراوە. باشترین
بەڵگەش بۆ ئەو قسەیە، جینۆسایدی ئێزدییەکانە لە ٢٠١٤ بە دەستی داعش. گەر دوای
ئەنفال، کورد و لایەنەکانی تریش، بەشدارییەکی بنیاتنەرانەیان لە عێراقێکی بەڕاستی
'نوێ'دا بکردایە، نەک تەنیا لە ڕووی شێوە و دەزگاکان و ڕووکەشانە، دەکرا ڕێ لە
جینۆسایدی ئێزدییەکان بگیرێت. بەڵام ئێستاش هەمان هەڵەی ستراتیجیک لە بیرکردنەوەی
فەرمانڕەوایانی وڵاتدا دەبینرێت و هیچ گەرەنتییەک نییە جینۆسایدی تر نەبینین.
لە ڕوانداش هەمان
گلەیی و تێبینی هەن و بەردەوام دەوترێنەوە. سستیی سیستەمی دادوەری و دادگاییکردن و
سزادانی تاوانکاران و دواتریش قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان، لە زەقترین گازندەکانن.
بەڵام هەرچییەک بێت، ئەوەی دەرهەقی توتسی و توا و هوتووە میانڕەوەکان کرا، هەم لەلایەن
کۆمەڵی نێودەوڵەتی، بە سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەمیش لەلایەن دەوڵەتی
ڕوانداوە بە جینۆساید ناسێنراوە و لەسەر ئەو بنچینەیەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. پێشتر
ئەڵمانەکان و دواتریش بەلجیکییەکان، کە لە ١٩١٦دا ڕواندا داگیر دەکەن، سیاسەتی
'پەرت بکە و زاڵ بە' پێڕەو دەکەن؛ ئاماری دانیشتووان دەکەن و خەڵک بەگوێرەی
بنەماڵە بۆ سەر هوتوو، توتسی و توا دابەش دەکەن. هاوکات کەمینەی توتسییەکان بەسەر
زۆرینەی هوتووەکاندا زاڵ دەکەن. پاش گۆڕینی حوکمڕانیی پاشایەتیی توتسییەکان بۆ
کۆماریی هوتووەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، هێرشی پێچەوانە دەست پێ دەکات.
شەڕ بەردەوام دەبێت تا لە ٧ی نیسانی ١٩٩٤دا دەتەقێتەوە و لە ١٠٠ رۆژدا زیاتر لە
ملیۆنێک کەس دەکوژرێن. دوای جینۆساید کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ هەڵگیران. یەک لەوانە
ئەو دادگای تاوانە بوو، کە بە فەرمانی ئەنجوومەنی ئاسایش دامەزرا. یەکێکی تر
هەڵوەشاندنەوەی سەرژمێریی دانیشتووان بوو لەسەر بنچینەی بنەماڵە و ئاین. یەکێکی تر
هێشتنەوەی شوێنی هەندێک لە ڕووداوەکان بوو وەک مۆنیومێنت و بیرخەرەوەی تاوانەکان،
وەک ئەو قوتابخانەیەی لە هەشت کاتژمێردا پەنجا هەزار توتسیی تێدا کوژرا. تۆمەتباران
هێندە زۆر بوون، زیندانەکان پڕ بوون، دەیان هەزار کەس سزای خۆیانیان وەرگرت. جگە
لەوەش، بەشداریی دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش وێڵد ڤیژن، گرنگ بوو.
دەیان هەزار منداڵ (بەهۆی جینۆساید و شەڕەوە، سەد هەزار منداڵ لە دایبابیان
دابڕابوون) گیرانە خۆ و پرۆگرامی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی تاوانکاران و هاوکات
ئامادەکردنی ڕزگاربووان بۆ لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوە، جێبەجێ کران. وەلێ هیچکام
لەمانە لە ئەنفال و دوای ئەنفالدا نەبینرا. کەمترین ئاوڕ لە ژنان و منداڵانی
ڕزگاربوو دراوەتەوە. بەهۆی پرسگەلی کۆمەڵایەتیی وەک شەرەف و ترس و شەرمەوە، هیچکەس
پێی خۆش و ئاسایی نەبوو خۆی وەک نەخۆش و تراومادیدە بناسێنێت، یان گەر تاوانێکی
سێکسیی بەرامبەر کراوە، دەنگ هەڵبهێنێت و بۆ مێژووی تۆمار بکات. وەک ئەوەی لە
ڕواندا کرا، منداڵان خولی وینەکێشان و مۆسیقا و سەمایان بۆ ڕێک نەخرا بۆ ئەوەی هەم
هەستەکانی خۆیان بەیان بکەن، هەمیش لەگەڵ ئەو ڕابردووە تاڵ و ئازاراوییەدا ئاشت
ببنەوە و فێر ببن چۆن مامەڵە دەکەن. لە ئەنفالدا هەندێک منداڵ بەتەنیا لە
خێزانەکانیان مانەوە و بە 'تاقانەکانی ئەنفال' ناویان چوو. لەبەر نەبوونی پرۆگرامی
ئامادەکردنەوە و هەڵسەنگاندنی پێویست، چەند دانەیەکیان سەریان لە کێشە و کوشتن و
جۆری تری لادانەوە، دەرهێنا.
پێش جینۆسایدی
توتسییەکان، کاتێک کەسێک ڕەچەڵەکی نادیار بووایە، کۆمەڵەکەی بەپێی ژمارەی
مانگاکانی دیاری دەکرا. گەر دە مانگا و زیاتری هەبووایە، بە توتسی لەقەڵەم دەدرا.
چەند ساڵێک دوای جینۆساید و پاش چەندان پرۆگرامی ئاشتبوونەوە، یەکێک لە هوتووەکان
دەڵێت: "ئێستا ئیتر مانگا هەر مانگایە، ڕەمزی هیچ شتێکی تر نییە. مانگا چیتر
ئامرازێک نییە بۆ دیاریکردنی چین و تویژەکانی دانیشتووان". بەڵام ئێمە دوای
ئەنفال، چەند سەربازی عێراقیمان ڕاهێنایەوە؟ چەند پرۆگرامی ئاشتبوونەوە و
لێبووردنمان لە نێوان ڕزگاربووان و تاوانکاراندا، ڕێک خست و بەڕێوە برد؟ تا چەندێک
توانیمان دەوڵەتی عێراق بە جۆرێک شەرمەزار بکەین، جارێکی تر باسی جینۆساید
نەبیستینەوە؟ هەڵبەت نەکرا و نەمانتوانی، ئەگینا جینۆسایدی ئێزدییەکان نەدەبوو.
بەڵام لە چوارچێوە گشتییەکەدا یەک جیاوازیی گەورە لە نێوان هەردوو کەیسەکەدا هەیە.
کورد دوای ئەنفال، تەنیا توانی بەشێکی هەرێمەکەی خۆی ڕزگار بکات و بەشێکی تری،
هاوڕێ لەگەڵ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەروەک جاران لە بن دەستی بەعسدا
مانەوە. لەکاتێکدا لە ڕواندا، ئەوە شۆڕشگێڕە توتسییەکانی دەرەوە بوون لە مانگی
حەوتی ١٩٩٤دا، حکومەتی هوتووەکان دەڕووخێنن و کۆتایی بە جینۆساید دەهێنن و پرۆسەی درێژمەودای
سزادان و ئاشتەوایی بەڕێوە دەبەن، بە جۆرێک کە ئێستا کەسێکی توتسی (پۆل کاگامێ، سەرکردەی بەرەی
نیشتمانیی ڕواندا لە ١٩٩٤، کە کۆتاییان بە حوکمڕانیی هوتووەکان هێنا) سەرکۆماری
وڵاتەکەیە. واتە توتسییەکان دوای جینۆساید، حوکمڕانیی وڵاتیان کەوتە دەست و
توانییان ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە بکەن. کوردیش دوای ڕزگارکردنی بەشێکی هەرێمی
کوردستان لە ١٩٩١دا، یەکەمین کارێکی کردمان، لێخۆشبوونی بێ کۆتوبەند بێ هیچ حساب و
کتابێکی جاش و مستەشار و تێوەگلاو و تۆمەتبارانی ئەنفال بوو، کە تەنانەت پاش
ئەوەشی دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن، هەر
ڕادەست و بەرەوڕووی دادگا و دادگایی و سزادان، نەکرانەوە.
ئێستا ئیتر؟
کاتی ڕامان و بیرکردنەوەی جدیترە لە جینۆساید، لە
ئەنفال وەک یەکێک لە کەیسە زەقەکانی جینۆساید، لە هەڵەبجە وەک یەکێک لە گەورەترین
کەیسەکانی کیماییبارانکردن لە مێژوودا، کە دەکرێت جینۆساید و دەکرێت تاوانی
دژەمرۆڤایەتییش بێت. کاتی ئەوەیە جۆری یادکردنەوەمان بگۆڕین، لە شیوەنەوە بۆ
بیرکردنەوە؛ چی بکرێت بۆ ئەوەی جینۆساید لە عێراقدا نەبێتەوە، بۆ ئەوەی کورد جۆری
نوێی جینۆسایدی بەسەردا تاقی نەکرێتەوە. کاتی ئەوەیە قووڵایی بیرهێنانەوەی ئەنفال
و جینۆساید لە هەرێم و هەولێرەوە، ببرێنە عێراق و بەغدا، ببرێنە شارە جیاوازەکان و
خۆشیان بێت یان ترش ئەو مێژووە ناشرین و خوێناوییەیان بەچاودا بدرێتەوە. هەرچەندە
کۆمەڵ دینامیکییە و هاوکێشەکان زوو بێت یان درەنگ دەگۆڕێن، بەڵام هیچ نەبێت دەکرێت
هەندێک هەنگاو بنرێن. وەک هەندێک کەسی تریش پێشنیازیان کردووە، لەبری بنیاتنانی
مۆنیومێنت لە ڕزگاری و تۆپزاوا و سەنگاو، یان با بڵێین جگە لەوانەی ناوخۆی هەرێم،
هەوڵ بدرێت لە بەغدا و شارەکانی تری عێراقیش، دروست بکرێن. هەوڵ بدرێت شوێنی
تاوانەکان بکرێنە ئاسەوار و بەشێک لەو مێژووە، هەروەها هەرچی زووتر پرسی دۆزینەوە
و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوە و ناسینەوەی قوربانییان لە ڕێی
پشکنینی ترشی ناوکی(DNA)ەوە، خێراتر
و کاراتر بکرێت. مێژووی جینۆسایدەکانی کورد و وردەکارییەکانیان، بکرێتە بەشێکی
پرۆگرامی خوێندن و هەموو ئەو ئاماژە و سیاسەتنامە و هەوڵانەی کورد وەک مشەخۆر و جرج
و داردەست وێنا دەکەن، بسڕێنەوە و بگۆڕدرێن. هەموو ئەوانەش دابڕاو نین لە کەش و لە
بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گشتییەکە. چاکسازیی سیاسی و ئیداری لە عێراق و لە
هەرێم ، دیموکراسی و بەشداریی زیاتری ڕاستەوخۆی خەڵک و کۆمەڵەکان، مافەکانی مرۆڤ و
ئازادییە بنەڕەتییەکان، ڕوونی و بەرپرسیارێتی و یاساسەروەری، ڕیفۆرمی دەزگاکان بە
جۆرێک گرووپێک بۆی نەبێت هانا بۆ جینۆسایدی گرووپێکی تر ببات، هۆکار و ڕێخۆشکەرن
بۆ بنیاتنانی کۆمەڵەیەکی باشتر و ئارامتر. هەقە بپرسین، بۆچی لە ڕواندا سی ساڵە (١٩٩٤
- ٢٠٢٤) جینۆساید نەبووەتەوە، بەڵام لە عێراق و لە سی
ساڵدا (١٩٨٣ - ٢٠١٤) سێ و چوار جار کورد جینۆساید کران؟