پۆختە
گەرەنتی پاراستنی مافەکانی پەنابەری بەگشتی و
بەتایبەتی پەنابەری سیاسی لە چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتیدا، جێگای مشتومڕ و
سەرنجی کومەڵگای نێودەوڵەتی بوە، بە گرتنەبەری ڕێبازی وەسفی و شیکاری ئامانج لەم
توێژینەوە دەرخستنی ئەو زانیاریانەن لەسەر ماهیەتی پەنابەری سیاری هەن، بەتایبەتی
ژماردنی جۆرەکانی پەنابەری و بەراوردکردنیان لەگەل پەنابەری سیاسی کە بەبابەخترین
جۆری پەنابەری دادەنرێت، هەروەها دیاری کردنی مافەکانی پەنابەری سیاسی بەگشتی و
تایبەتی. لەگەل باس کردنی ئەو گەرەنتیانەی دەبنە هۆی پاراستنی مافی پەنابەری سیاسی،
بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەو بەلگەنامە نێودەوڵەتیانەی دەرکراون گەرەنتی بنەڕەتی
پاراستنی مافی پەنارەنە لەپاڵیدا هەوڵی وڵاتان بو پاراستنی پەنابەری یکێکی ترە لە
گەرەنتیە هەرە پێویستەکان، کە لەغیابی ئەودا یاساکان مردن، بەپێی یاسا
ناوخۆیەکانیش دەستور وەک چەکێکی بەهێزە بەدەست پەنابەرانەوە کە گەرەنتی مافەکانی
دەکات بەدەرکردنی یاسایەکی تایبەت.
١ پێشەکی
هەر لەبوونی مروڤایەتیەوە دیاردەی پەنابەری
هەبووە، رەنگە ئەوکات پەنابەری بەهۆی کارەساتە سروستیەکانەوە بێت کە دەبووە هۆی
ماڵوێرانی مروڤەکان ومەترسی لەسەر ژیان وماڵیان، یاخود سیفەتە شەرانگیزیەکەی
مروڤە کە لایەنی بەهێز هەوڵی لەناوباردنی لایەنی بێهێز دەدا بە تالانکردن
وداگیرکاری کە دەبۆە هۆی مەترسی لەسەر ژیان و ئازادی ئەو گەل ونەتەوەیە، هەڵهاتنی
بەناچاری پەنایان بو شوێنە پیروزەکان و سەختەکان دەبرد کەدوربێت لە چاوی هەر
دوژمنێک. دوای گورانکاری سەردەم لە سەدەی ٢٠ پەنابەری جێگای سەرنجی کومەلگای
نێودەوڵەتی بو کە ئامارە نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بە زیادبونی ژمارەی پەنابەران
دەکرا هەوڵدرا مافەکانی پەنابەران رێکبخرێت مافی پەنابەری بە هەموو کەسانێک بدەن
کە بەناچاری بەهۆی مەترسیەک هەلدێت و پەنا بۆ دەولەتێک دەبات، لەبەر ئەوەی هەمیشە
ئامانج لە پەنابەری دوزینەوەی پەناگەیەکی ئارام و سەلامەت بووە کە ئەم مافەیش
بەیەکێک لە مافە هەرە بنەڕەتیەکانی مروڤ دادەنرێت کە جارنامەی جیهانی مافی مروڤ
دانی پێدانراوە.
پەنابەری جۆر و شێوەی زوری هەیە، یەکیک لەوانە
پەنابەری سیاسیە، کە پەیوەندی بە سیستەمی سیاسی دەوڵەتەوە هەیە، بەهۆی گۆشەگیری دەسەڵاتەوە
هەڵدێت کە مەترسی لەسەر ژیان و ئازادی هەیە، هەمیشە چاوی لە پەناگەی وڵاتە
دیموکراسیەکانە بەو باوەڕەی کە مافەکانی وەک پەنابەرێکی سیاسی لەو وڵاتە بەدەست
دەهێنی. لەئێستاداش ئەم دیادەی پەنابەری سیاسیە ڕوو لەزیادبوونە کەجێگەی سەرنجی
هەموو کومەلگایە لەو توێژینەوەیە باس لەو گەرەنتیە دەکرێت کە دەبێتە هۆی پاراستن و
پارێزگاری لە مافی پەنابەری سیاسی بەپێی رێساکانی یاسایی نێودەوڵەتی و ناوخۆی
وڵاتاندا.
٢ ماهییەی
پەنابەری سیاسی
ڕەنگە سەرچاوەی مەترسی کارەساتی سروشتی بێت یان
مرۆڤ خۆی بێت، کە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە ناچاری بە دوای پەناگەیەکدا هەڵبێت، بەهۆی ئەو دوخە ناسەقامگیر و
ترسەی هەیە لەسەر ژیان، بەناچاری و لەپێناو مانەوە بەسەڵامەتی پەنا بو رێگایی پەنابەری دەبات، کە
ئەم ڕێگایەش راکردنە لە مەترسی و نەهامەتی لەو ناچەیە کە بوتە هۆی مەترسی لەسەر
خۆی و بەرژەوەندیەکانی. بەو پییە پەنابەری، مروڤ لە دۆخێکی مەترسی و ناسەگامگیرەوە
دەگوازێتەوە بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیرەوە، یەکێک لە جۆرەکانی پەنابەری بریتییە
لە پەنابەری سیاسی کە بەهۆی بیروبوچونێک یان بەرژەوەندیەکەوە مەترسی لەسەر ژیانی
دروست دەبێ، بو رزگاربون لەو مەترسیە هەوڵدەدات لەو دۆخ و ناوچە مەرترسیە کە
وەڵاتی خۆیەتی بەجێبهێڵێت و هەڵبێت بو دۆخ ئارام لە ناوچەی وڵاتێکی تر کە لەوێ ژیانی
پارێزراوتر دەبێ.
لە نبەڕەتدا هەموو مرۆڤێک لە مافە سەرەتاییەکاندا یەکسانن، پەنابەری
سیاسیش مافێکە، بناغەی پێدانی ئەم مافە، بوونی پێشێلکاری ماف و ئازادییەکانی
مرۆڤە، کە ناچاری دەکات لەژێر فشاردا وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت. کە بیرۆکە و ناسینەوەی
دیاردەی پەنابەری سیاسی دەگەرێتەوە بۆ شارستانییەتە مۆدێرنەکان کە تێگەی پەنابەری
سیاسی لە دەیان ساڵەی ڕابردوودا پەرەیسەند. مرۆڤ هەندێک جار بە هۆی هەڵوێستی فیکری
یان سیاسییەوە تووشی گۆشەگیری دەبێت، بە ناچاری بە دوای پەناگەدا هەڵدێت، بۆیە
ڕەنگە پەنابەری سیاسی گونجاوترین بژاردە بێت بۆ ئەو کەسە. بەم پێیە پەنابەری سیاسی
تایبەتمەندییەکی هەیە کە لە جورەکانی تری پەنابەری جیای دەکاتەوە، کە کومەلێک
گەرەنتی یاسایی هەن بۆ پاراستنی پەنابەرانی سیاسی.
هەر بەم پێیە لەم باسەدا یەکەم جار تێگەی
پەنابەری سیاسی رووندەکرێتەوە، ئەوجا باس لە گەرەنتی مافی پەنابەرانی سیاسی لە
یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆدا دەکڕێت.
٢.١ تێگەی پەنابەری سیاسی
لەم دواییانەدا بەهۆی چەند هوکارێکەوە بە
تایبەتی هوکاری ناسەگامگیری، دیاردەی پەنابەری زیادی کرد، کە بووە هۆی ئەوە کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی بیر لەوە بکاتەوە چۆن کۆتایی بەم دیاردەیە بهێنێت، ڕێگایی رێکەوتننامە
و پەیماننامەی نێودەوڵەتیان گرتەبەر، کە تا رادەیەک هۆکار بۆ بووکەمکردنەوەی ئەم
دیاردەیە، بەم پێیە لە مادەی یەکەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی
١٩٥١ کە تایبەتە بە دۆخی پەنابەران، بەم شێوەیە پێناسەی دەستەواژەی 'پەنابەر' کراوە "هەر کەسێک لە ئەنجامی ڕووداوەکانی
پێش ١ی ژانویەی ١٩٥١ و بەهۆی ترسێکی بنەمادار لە گۆشەگیری(للاضطهاد) هەبێت، بەهۆی ڕەگەز،
ئایین، نەتەوە، ئەندامێتی لە گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، یان بۆچوونی سیاسی، لە
دەرەوەی وڵاتی ڕەگەزنامەکەی خۆی و ناتوانێت یان نایەوێت، بەهۆی ئەو ترسەوە، سوود لە
پاراستنی وڵاتەکەی وەربگرێت، یان هەر کەسێک کە ڕەگەزنامەی نەبێت و لە دەرەوەی وڵاتی
خۆی بێت کە پێشتر بە شێوەیەکی ئاسایی نیشتەجێ بووە لە ئەنجامی ئەو جۆرە ڕووداوانە
و ناتوانێت، یان بەهۆی ئەو ترسەوە، ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە". بەپێی
ئەم پێناسەیە چەند جۆر وشێوەی پەنابەری بەدیار دەکەوێ، بەتایبەتی پەنابەری سیاسی
کە بابەتی توێژینەوەکەیە.
ناساندنی چەمکە سەرەتاییەکان یەکێکە لە بوارە
هەرە گرنگەکان کە لەبەرچاو دەگیرێت، ئەم باسە دەروازەیەکی تێگەییە لەبارەی چەمکی پەنابەری
سیاسی، دابەشدەکرێت بو سێ بەش: بەشی یەکەمی پێناسەی پەنابەری سیاسی دەکرێ، بەشی
دووەمی باس لە جور و جیاوازی پەنابەری سیاسی لەگەل هاوشێوەکانی دەکرێت.
٢.١.١ پێناسەی پەنابەری سیاسی
بەگەرانەوەمان بو
چەمکە ڕەسەنەکەی کە دەستەواژەی 'پەنابەر'ە زیاتر قول دەبینەوە لە تێگەی پەنابەری
سیاسی. سەرەتا پەنابەر
لە زمانەوانیدا: وشەیەکە لە 'پەنا' وەرگیراوە، بە واتای پەنابردن دێت بو شتێک یان
چارەسەرێک، هەروەها وشەی 'پەناگە' بەمانای شوێنێکی پارێزراو دێت. بەم پێیە وشەی
پەنابەر لەڕووی دەستەواژەوە: بەومانایەدێت کەسێک بە دوای شوێنێکی پارێزراودا
دەگەرێت بۆ ژیانکرن. سەبارەت بە زانایان: کوک نین لەسەر پێناسەیەکی گشتگیر، بەڵکو
هەر یەکەو بەپێی گوشەنیگایەک پێناسەیان بو پەنابەر کردوە، بەشێک لە زانایان
پێیانوایە پێناسەی پەنابەری سیاسی "کەسێکە پەنا دەباتە بەر باڵیۆزخانە، کەشتییەکی
جەنگی یان حکومەتێکی بیانی بۆ ئەوەی سوود لە پاراستنی ئەو وڵاتە وەربگرێت بۆ ئەوەی
ڕزگاری بێت لە گۆشەگیری حکومەتەکەی یان دوژمنێک کە وڵاتەکەی داگیردەکات، بەجۆرێک کە
مەترسی لەسەر ئازادی و سەلامەتی و ژیانی هەبێت".
ئەو پێناسانەی سەرەتاکان دەکران تەسکرابوون بەهۆکارە
سیاسیەکان، دواتر یاسای نێودەوڵەتی ئەو بازنەیەی فراوانتر کرد و ئێستا پەنابەری سیاسی
هۆکاری ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیش لەخۆدەگرێت. بەو پێیە پەنابەری سیاسی:
بریتیە لە "زاراوەیەکی یاسایی، ئاماژە بەو کەسەدەدات کە وڵاتی ڕەسەنی خۆی جێهێشتووە
یان لێی دوورکەوتووتەوە بە هوکاری فریودان، ڕەگەزی، تائیفی، یان بە ڕێگەی جۆراوجۆری
تۆقاندن و تیرۆر بە هوکاری سیاسی، بۆ پاراستن و بژێوی ژیانی پەنای بۆ وڵاتێکی دیکە
دەبات، بەو پێیەی ڕێگری لێکراوە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆی. بە مانایەکی تر
"پەنابەری سیاسی ئەو کەسەیە کە لە ترسی گۆشەگیری و نادادپەروەری وڵاتی خۆی بەجێهێشتووە،
یان دوورخرایتەوە. کەواتە، پەنابەری سیاسی بەهۆی بارودۆخی سیاسی ناچاردەکرێت وڵات
بەجێبهێڵێت، بەدوای سەلامەتی وپاراستن لە شوێنێکی تردا بگەڕێن، بۆ وڵاتێکی بێگانە،
یان بۆ یەکێک لە باڵیۆزخانەکانی، یان یەکێک لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی، یان بۆ یەکێک
لە کەشتیەکانی یان فڕۆکەکانی، بە مەبەستی مانەوە بۆ ماوەیەک، یان چوون بۆ شوێنێکی
تر.
پەیمانگای(معهدی) یاسای نێودەوڵەتی پەنابەری سیاسی
بەو پاراستنە پێناسە دەکات، کە دەوڵەتێک دەیبەخشێتە ئەو تاکەی کە داوای دەکات
جا لە خاکی خۆیدا بێت یان لە هەر شوێنێک کە لە ژێر دەسەڵاتی بێت، کەواتە دەوڵەت
مافی پەنابەری وەک پارێزگارییەکی یاسایی بە بیانییەکان دەبەخشێت لە بەرامبەر کردەوەکانی
دەوڵەتەکەی، ئەمەش پێچەوانەی ڕێسای گشتی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیانی خۆیەتی.
بۆیە تەنها لە کاتی پێویستدا پێدەدرێ.
ئەو پێناسانە سنوورداربوون بە هۆکاری گۆشەگیری و
بە پاساوی نەتەوە، ڕەگەز، ئایین یان بۆچوونی سیاسی، ئەو کەسانەی نەگرتەوە کە بەهۆی
ترس لە ژیانی خۆیان لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی لە وڵاتەکەیان هەڵدێن. یان لە ئەنجامی
شەڕانگێزی دەرەکی، داگیرکاری، یان کۆنترۆڵی دەرەکی بۆیە ڕێککەوتننامەی ڕێکخراوی یەکێتی
ئەفریقا بۆ کاروباری پەنابەران لە ساڵی ١٩٦٩ پێناسەی پەنابەری فراوانتر کرد، کە ئەو
کەسانەش دەگرێتەوە کە بەهۆکاری داگیرکاری بیانی، دەستدرێژی یان کۆنترۆڵی دەرەکی یان
بەهۆی ئەو ڕووداوانەی بە شێوەیەکی جددی سیستەمی گشتی تێکدەدەن لە هەموو یان بەشێک
لە خاکی دەوڵەتی ڕەسەن، ناچارن بەجێبهێڵن.
٢.١.٢ جۆرەکانی پەنابەر و جیاوازیان لەگەل پەنابەری
سیاسی
بەو پێیەی دیاردەی پەنابەری حاڵەتێکی
دێرینە، بۆیە پەنابەری زۆر جۆرەی هەیە، جا هۆکارەکانی پاڵنەری پەنابەری
مرۆیی بن یان سروشتی هەمیشە لە گۆڕانکاریدان، دەبنە هۆی لەناوچوونی هەندێک جۆر ودروستبوونی
جۆری دیکە، لێرەوە ئاماژە بە هەموو جۆرە ناسراوەکانی پەنابەری دەدەین، لەگەڵیدا
جیاوازییان لەگەڵ پەنابەری سیاسی بەدیار دەکەوێ.
٢.١.٢.١ یەکەم : پەنابەری سیاسی
مەبەست لە پەنابەری سیاسی
ئەوەیە کە بەهۆی بارودۆخی سیاسی وڵاتێکی دیاریکراوەوە، خەلکانێک گۆشەگیر دەکرێن و
ناچاردەبن وڵات بەجێبهێڵن بەدوای شوێنێکی تردا بگەڕێن جا بۆ وڵاتێکی بێگانە بێت
یان بۆ یەکێک لە باڵیۆزخانەکانی، شوێنەکانی ژێر کۆنترۆڵی، فڕۆکە، کەشتیە
جەنگیەکانی، یان چوونە شوێنێکی تر بە مەبەستی مانەوە لە ژانێکی سەلامەتی و پارێزراویدا،
ئەمەش کاتێک بەدی دێت کە پەیوەندی نێوان تاک و وڵاتەکەی تێکچوبێت جا بە هۆکاری ناوخۆی
بێت یان دەرەکی کەبە گۆشەگیری سیاسی ناسراوە، ئەم پەنابەرییەش دەدرێت بەو کەسانەی
گۆشەگیرییان لەسەرە، کە رێکار و ڕێوشوێنی یاسایی یان کردارین، کە حکۆمەت
دیگرێتەبەر لە دژی بەشێک لە هاووڵاتیان کە زیان بە ژیان و سەلامەتی جەستەیی، ئازادی،
یان موڵک و ماڵی ئەوان دەگەیەنێت، بەهۆی ئایین، ڕەگەز، بۆچوونی سیاسی، یان سەر بە
مەزهەبێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، کە ئەمەش بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردن، خراپ
بەڕێوەبردن، چەوساندنەوە، یان پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان(٣/٢٢)،
زۆرجار لەو وڵاتانەدا ڕوودەدات کە ڕژێمی دیکتاتۆری و سەرکوتکەریان هەیە کە بۆچوونی
ئەوانی دیکە قبوڵ ناکەن.
پەنابەری سیاسی جیاوازە
لە جۆرەکانی تری پەنابەری، کە دیاردەی پەنابەری سیاسی دوای زوربوونی دەوڵەتەکان
زیاتر ناسرا، وە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی مافی پەنابەری سیاسی دەکەن بەتایبەتی
ڕێککەوتننامەی ژنێڤی ساڵی ١٩٥١ و پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٦٧ بە ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی
بەرگری لێدەکرێ، کە مافێکە کە دەبێت هەموو وڵاتان ڕێزی لێبگرن. سەڕەڕای ئەمە زۆربەی
وڵاتان یاسای تایبەت بەسەر پەنابەری سیاسیدا دەسەپێنن، تەنانەت بەشێکیان لە دەقەکانی
دەستووردا ئاماژە بە پەنابەری سیاسی دەکەن وەک عێراق.
هەروەها دوو جۆر پەناگەی
سیاسی هەیە یەکەمیان ناسراوە بە 'پەناگەی هەرێمی' لەلایەن دەوڵەتەوە لە چوارچێوەی
خاکەکەیدا پێی دەدرێت. دووەمیان ناسراوە بە 'پەناگەی دیپلۆماسی' یان پەنابەری دەرەوەی
هەرێم کە دەوڵەت لە شوێنەکانی دەرەوەی خاکی خۆی بەتایبەت لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانیدا
دەیدات.
٢.١.٢.٢ دووەم: پەنابەری دیپلۆماسی
ئەم جۆرە پەنابەرییە بە چەندین زاراوە ناودەبرێت،
وەک 'پەنابەری دیپلۆماسی'، 'پەنابەری ناوخۆیی'، 'پەنابەری دەرەوەی هەرێمی'،
تەنانەت هەندێک پێی دەڵێن 'پەنابەری نێودەوڵەتی'، یاخود 'پەنابەری سیاسی، پەناگەی
سیاسی لەسەر دوو ڕەگەز دامەزراوە: یەکەمیان پەناگەیەکی کاتییە. دووەمیان پەنابەر پەنا
دەباتە شوێنێکی ناو وڵاتەکەی کە یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆی ڕێگری دەکات لە چوونە
ژوورەوەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەکەی بۆ ناوی، بەم پێیە دەوڵەت لە شوێنەکانی تری دەرەوەی
هەرێمی خۆی ئەم پەنابەرییە دەبەخشێت، کە لەژێر سەروەری تەواوەتی خۆیەتی، وەک باڵیۆزخانە
و کونسوڵخانە و کەشتی و فڕۆکە و بنکە سەربازییەکانی کە لە خاکی وڵاتانی دیکەدان، لەو
کاتەی پەناخواز دەچێتە ناوی وەریدەگرن ومافی پەنابەری پێدەدەن، ئازاد دەبێت لەو مەترسییەی
کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەم جۆرە پەنابەریە دەدرێتە پەناخواز کە ژیان وئازادی لە وڵاتەکەیدا
لە مەترسیدابێت، بە هۆی پرسێکی سیاسی یان دیپلۆماسییەوە، بۆ پاراستنی خوی پەنایی
بۆی دەبات. لێرەدا هۆکارەکانی پەنابردن سروشتێکی سیاسییان
هەیە هەر ئەمەش وایکردووە ئەم جۆرە بە پەنابەری سیاسیش ناوببرێت.
لە ڕێککەوتننامەی هاڤانا
سەبارەت بە پەنابەری دیپلۆماسی ساڵی ١٩٢٨ 'مافی پەنابەری دیپلۆماسی تەنها لەسەر بنەمای
مرۆیی و لە حاڵەتی بەپەلە دەدرێت، بۆ ماوەیەک کە گەرەنتی سەلامەتی پەنابەرەکە بکات.
بەڵام دەوڵەتی میواندار دەسەڵاتی ئەوەی نییە یاسا ناوخۆییەکانی بەسەریدا بسەپێنێت،
ئەمەش بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای دیپلۆماسی جیاوازی لە نێوان تۆمەتبارەکاندا
ناکات و کە تا ئێستاش جێگای مشتومڕە. لەسەر ئەم بنەمایە، واپێناسەیان کردووە کە
“داڵدەدانی تاوانباری سیاسییە لە شوێنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی یان کونسوڵگەری، کە ڕادەستی
دەسەڵاتی ناوچەکە ناکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر داواش بکەن”. بەم پێیە پەنابەری دیپلۆماسی
بەسەر دوو بەشدا دابەشکراوە کە یەکەمیان پەنابردن بۆ باڵیۆزخانەکان، دووەمیان پەنابردن
بۆ کونسوڵخانەکان.
٢.١.٢.٣ سێیەم: پەنابەری هەرێمایەتی
مەبەست لە پەنابەری
هەرێمی(ناوچەیی) ئەوەیە پەناخواز پەنا دەبات بۆ وڵاتێکی تر لە ئەنجامی گۆشەگیری لە
وڵاتەکەی بە هەر هۆکاریێکی ڕەوا. ئەم پەنابەرییە بۆ ئەو پەناخوازانەیە کە لە
ململانێ، شەڕ، یان گۆشەگیری لە وڵاتەکانیاندا هەڵدێ. دەکرێ بڵێین ئەم جۆرە پەنابەرییە
لە ئێستادا لە جیهاندا بەربڵاوترینە. بەو پێیە پەنابەری هەرێمی "بریتییە لەو
پاراستنە یاساییەی کە دەوڵەتێک دەیدات بە پەنابەرێک لە چوارچێوەی خاکەکەیدا'.
لەم بارەیەوە کۆمەڵەی
گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لە مادەی ١٤ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ ڕەچاوی ئەم
بابەتەی کردووە، بڕیاردراوە بەوەی هەموو تاکێک لە پێناو ڕزگاربوون لە گۆشەگیری،
مافی پەنابەری هەیە لە وڵاتانی تر. هەروەها ئەگەر داواکراوبێت لەسەر تاوانێکی
ناسیاسی ئەوا مافی پەنابەری پێنادرێت، یان بۆ کردەوەگەلێک کە پێچەوانەی ئامانج و
پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
سەروەری یەکێکە لە پایە
سەرەکییەکانی دامەزراندنی دەوڵەت بۆیە لەسەر بنەمای سەروەری و پێشێلنەکردنی خاکی هەر
دەوڵەتێک ئەم مافە دەدرێت، کە بناغەی(الأساس) یاساییە بۆ پێدانی ئەم پەناگە هەرێمیە
مەگەر ڕێسایەکی نێودەوڵەتی هەبێت کە دەسەڵاتەکەی سنووردار بکات، کەواتە وڵاتی میواندار
کاتێ ئەم جۆرە پەنابەرییە دەدات، کە سەروەری بەسەر هەرێمەکەدا هەبێت.
٢.١.٢.٤ چوارەم: پەنابەری ئایینی
بە یەکێک لە کۆنترین جۆر
و شێوازەکانی داوای پەنابەری دادەنرێت، زۆربەی ئایین و نەتەوە و گەلان لە کۆنەوە ڕێگەیان
پێداوە. وەک سیستەمێکی پاراستن بۆ ستەملێکراو و چەوسێنەرەکان لە بەرامبەر دڕندەیی یاسا
سەرەتاییەکان و ترسناکیی تۆڵەسەندنەوەی کەسی، لە سەردەمانی زوو ئایین تاکە ئامرازی
دەستێوەردان بوو بۆ کەمکردنەوەی توندی یاساکان و سنووردارکردنی تۆڵەسەندنەوە. کە
ئەوکات خەڵک لە تووڕەیی خوداوەندەکان دەترسا، کە باوەڕیان بەشوێنە پیروزەکان و پەرستگا
هەبوو، لە هێرشی نەیارەکانی دەپاراست، بەو باوەڕەی کە لە ژێر پاراستنی خوداوەندەکاندایە.
لە شارستانییەتە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا، مصری فیرعەونەکان، هیندستان، چین، فارس،
شارستانیەتی یۆنانی و ڕۆمانی و شارستانیەتەکانی ئەمریکای باشوور، پەرستگاکان ڕۆڵی
پارێزەر ویارمەتیدەریان دەگێڕا، پەرستگاکان نوێنەرایەتی دەسەڵاتیان دەکرد وپەنابەرانی
دەپاراست. بەم پێیە سەرهەڵدانی پەنابەری لە بنەڕەتدا ئایینی بووە، ئەم پەنابەریە بەو
کەسانە دەدرێت کە بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی، فەلسەفی، یان عەقیدەییانەوە تووشی گۆشەگیری
دەبن، پەنادەبەن بۆ شوێنە پیروزەپیروزەکان. کەواتە مەبەست لە پەنابەری ئایینی پێدانی
پاراستنە بە هەر کەسێک کە بچێتە ناو شوێنێکی ئایینی یان پیرۆزەوە.
ئەم جۆرە پەنابەرییە لە
ئێستادا کەم بووەتەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی هۆکاری گۆشەگیریی ئایینی، بەڵام شایەنی
باسە کە ئەم جۆرە گۆشەگیرییە تا ئێستاش لە هەندێک وڵاتدا بە شێوەیەکی ڕانەگەیەندراو
بوونی هەیە، یان لەوانەشە ڕاگەیەندرابێت، وەک موسڵمانان لەسەر دەستی بۆنیەکان لە بۆرما
بێبەش دەکرێن لە مافی رەگەزنامە، گۆشەگیردەکرێن، لەناودەبرێن، دەرکردەکرێن، ئەمەش
بە دەرکردنی یاسای ڕەگەزنامەی بۆرما لە ساڵی ١٩٨٢ لەسەر بنەمای ئەوەی کە موسڵمانان
بیانین، وەک پەنابەر لە سەردەمی داگیرکاری ئینگلیزدا بەنایاسایی چوونەتە ناو بۆرما.
٢.١.٢.٥ پێنجەم: پەنابەری مرۆیی
پەنابەری مرۆیی یەکێکە
لە جۆرە سەرەکییەکانی پەنابەری، کە بارودۆخێکە
لە ئەنجامی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی دەوڵەتێک بەرەو دەوڵەتێکی تر
کۆچ دەکەن بەهۆی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەلایەن ڕژێمی دەسەڵاتدارەوە
یان بەهۆی گروپە چەکدارە نایاساییەکان و لاوازی دەوڵەتی ناوەندی، پێشێلکاریی ماف و
ئازادییە گشتییەکانیان دەکرێت، ئەمەش دۆخێکی مرۆیی زۆر سەخت و مەترسیدار دروست دەکات
کە پێویستی بە جێبەجێکردنی ڕێسا پەیوەندیدارەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەتی
ڕێککەوتننامەی پەنابەرانی ١٩٥١ هەنێک مافی پێویستیان بودیاریکرد وەک مافی دابینکردنی
پەناگە و پاراستن تا بارودۆخی وڵاتەکەیان سەقامگیر دەبێت، بەسەلامەتی وئارامی بۆی
دەگەڕێنرێنەوە. کەواتە پەنابەری بە ئەو کەسانە دەدرێت کە ژیانیان لە مەترسیدایە بەهۆی
توندوتیژی، شەڕ، کارەساتی سروشتی، شەڕی چەکداری، گۆشەگیری ڕەگەزی، جیاکاری، زەلیلکردن،
بێڕێزی و هەلومەرجی دیکە کە ژیان و سەلامەتییان دەخاتە مەترسییەوە.
٢.١.٢.٦ شەشەم: پەنابەری ژینگەی
پەنابەری ژینگەیی
یاخود پێشی دەوترێت 'پەنابەری کەشوهەوا' ئەم جۆرە پەنابەرییە بەستراوەتەوە بە
هۆکاری ناچاری کە پەیوەندییان بە بابەتە سیاسییەکانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی تێکچوونی
ژینگە، کارەساتی سروشتی و پیشەسازی، گۆڕانی کەشوهەواوە سەرهەڵدەدات، مرۆڤ بەناچاری
شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەجێدەهێڵێت، کەلە وڵاتەکانیاندا ئەو
مەترسییەیان لەسەرە، پێویستیان بە پارێزگاری وڵاتانی تر هەیە بوە پەنا بۆ شوێنێکی
تر دەبەن، شایانی باسە پەنابەری ژینگەیی لە سەدەی بیستەمدا بەهۆی کێشەی ژینگەییەوە
جێگای نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو. لە بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNEP) لە ساڵی ١٩٥٨ ئەم جۆرە پەنابەرییە بەدیارکەوت، کە پەنابەرانی
ژینگەیی ناچارن شوێنی ژیانیان بەجێبهێڵن، بەهۆی سەرچاوەیەکی سروشتی یان مرۆییەوە
کە بوونیان دەخاتە مەترسییەوە، یان زیانێکی زۆر بە بارودۆخی ژیانیان دەگەیەنێت.
ئەوەی زیاتی جێگای سەرنجە بەڵگەنامەکانی ئێستا بە گشتی و بەتایبەت یاساکانی نەتەوە
یەکگرتووەکان پارێزگاری لەم جۆرە پەنابەرییە ناکەن، بەوپێیەی کە دیاردەیەکی نوێ
پێکناهێنن. ئەمەیش وایکرد کە زانایان هەوڵبدەن کۆدەنگیەک دروست بکەن تاکو بیروکەی
پێدانی پارێزگاری لە بەڵگەنامە یاسایە نێودەوڵیەتیەکاندا پێبدرێت، بەمەش بەدیار
دەکەوێت کە دەوڵەتان زیاتر مەیلیان بو پاراستنی پەنابەرانی سیاسی هەیە.
٢.١.٢.٧ حەوتەم: پەنابەری دەریایی
ئەم جۆرە پەنابەریە بە
مەترسیدارترین جۆری پەنابەری دادەنرێت، لە ئێستادا زور بەربەڵاوە بەتایبەتی لە
کیشوەری ئەوروپا کە رۆژانە سەدان کەس لەرێگایی دەریادا کۆچ دەکەن بۆ وەڵاتانی
ئەوروپا. جا چ کەشتی جەنگی بن یان کەشتی شارستانی، بۆ ماوەیەکی کورت و دیاریکراو
مافی پەنابەری بەو کەسانە دەدات کە داوای مافی پەنابەری دەکەن. لە مادەی(٩٨)ی ڕێککەوتننامەی
نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە یاسای دەریا لە ساڵی ١٩٨٢، و مادەی ١٠ی ڕێککەوتننامەی
نێودەوڵەتی سەلامەتی ژیان لە دەریادا لە ساڵی ١٩٨٠، و مادەی(١١)ی ڕێککەوتننامەی یەکخستنی
یاساکانی فریاگوزاری سەرەتایی و ڕزگارکردن لە دەریادا لە ساڵی ١٩١٠، جەخت لەوە
دەکەنەوە کە کاپتنی کەشتی پابەندەکرێت بە پێشکەشکردنی هاوکاری بەوپەڕی خێراییەوە
کاتێک ئاماژەیەک لە هەر کەسێك، کەشتییەک، فڕۆکەیەکی دەریایی، یان بەلەمێکەوە وەردەگرێت
کە مەترسی خنکانی لەسەر هەبێت تەنانەت ئەگەر دوژمنش بێت، بەو مەرجەی کەشتی و دەریاوان
و سەرنشینەکانی نەخاتە بەر مەترسییەکی گەورە. بەڵام سەبارەت بە دووژمن کاتێک
یارمەتی دەدرێت کە لێی دڵنیا دەبنەوە کە هیچ ئامڕازیکی زیان بەخشی پێنیە، لەکاتی ڕزگارکردنی
ڕاستەوخو دەستگیردەکرێت دەبێتە دیلی جەنگ نەک پەنابەر.
٢.١.٢.٨ هەشتەم: پەنابەری ئابووری
ئەم جۆرە پەنابەرییە جیاوازییەکی
بەرچاوی لەگەڵ پەنابەرانی پێش خۆی هەیە بەو پێەی پاڵنەری پشت ئەم جۆرە پەنابەریە
لایەنی ئابوریە، کە زۆرجار لەسەر بنەمای خواستی داواکارە بۆ باشترکردنی دۆخی
ئابووری و ژیانی خۆی.
٢.١.٢.٩ نۆیەم : پەنابەری دەستوری
ئەم جۆرە پەنابەرییە لە
فەرەنسا ناسرا، و بە ئازادیخوازان دەدرا، وەک لە ماددەی(٢)ی یاسای ٢٥ی تەمموزی
١٩٥٢دا هاتووە و سودی ئەم پەنابەرییە ملکەچ بوونە بە سیستەمی پەنابەری سیاسی.
٢.٢ مافەکانی پەنابەری سیاسی
پێش هەموو شتێک، پەنابەر
مرۆڤێکە، ڕووبەڕووی سەختی وکێشە بووتەوە بەناچاری ئەم ڕێگەیەی گرتووتەبەر، پێویستە
وڵاتان هاوکاری بکەن وبباپرێزن لەهەر مەترسیەک بەپێدانی ئەو مافانەی لە بەڵگەنامە
نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا بۆی دیاریکراوە، بە تایبەتی بەپێی بەڵگەنامەکانی تایبەت
بە پەنابەران، ئەمەش وادەکات کەداننان بە پێگەی پەنابەری لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەهرەمەندبوون
لە کۆمەڵێک ماف.
مافی پەنابەریش ئەو پەناگە
و پاراستنەیە کە وڵاتێک بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەیبەخشێتە کەسێک کەلە وڵاتێکی
تر هەڵدێت، بەو پێیە مافی پەنابەری بە یاسا نیشتمانییەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان
بەڕێوەدەچێت(تحکوم)، بەپێی ئەوەی لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، پەنابەران
دەتوانن داوای مافی پەنابەری بکەن، ئەگەر مەترسی گۆشەگیری لەسەربێت بەهۆکاری ئایینی،
نەتەوەیی، سیاسی یان بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی. وە ئەو کەسەی ئەو مەترسیەی لەسەر
نەبێت ئەوا مافی پەنابەری نییە، گۆشەگیری سیاسیش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ
ئەوەی وڵاتان مافی پەنابەری بدەن. لەسەر ئەم بنەمایە پاراستنی پەنابەرانی
سیاسی بریتییە لە دابینکردنی کۆمەڵێک ماف کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و یاسای
ناوخۆییدا هاتووە. مافەکانیش یان گشتین بۆ هەموو پەنابەران یان تایبەتن بۆ هەندێکیان.
٢.٢.١ مافە گشتییەکانی پەنابەری سیاسی
ماف پیوەست نیە بە
بارودۆخێک یان کەسێکی دیاریکراوەوە بەڵکو گشتگیرە(مجردە)، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ،
چ لە کاتی ئاشتیدا بێت یان لە شەڕدا، دەبێتە هۆی دیاردەی پەنابەری و هەڵاتن لە
مەترسیەکانی ژیان. کە زۆرجار هەڵاتنی پەنابەر لە وڵاتی خۆی بەهۆکاری گۆشەگیری وزەوتکردنی
ماف وئازادییە سەرەتاییەکانی، کەبۆ هەموو مرۆڤایەتی گەرەنتی کراوە بەهەموو ڕێککەوتننامە
نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی پەنابەران،
بەم پێیە باس لە گرنگترین مافە گشتیەکان دەکەین کە بو هەموو پەنابەران بە پەنابەری
سیاسیشەوە فەراهەمکراون:
٢.٢.١.١ مافی ژیان
مافی ژیان مافێکی هەمیشەییە،
یاوەری مرۆڤە بە درێژایی ژیانی، مافێکە لە بوونی مرۆڤەوە وەرگیراوە، بووە مافی ژیان
یەکێکە لە مافە هەرە گرنگەکانی مرۆڤ، بەو پێیەی پێش هەموو مافەکانی ترە، لەسەر هەموو
کۆمەڵگایەکە ژیانی هاووڵاتیانی خۆی بپارێزێت لە هەر هێرشێک کە بەسەریاندا بێت. لە
مادەی ٣ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤیشدا ئەمە دوپاتکرایتەوە کە "هەموو
تاکێک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی تایبەت بەخۆی هەیه". سەرەڕای هەموو شتێک
پەنابەری سیاسیش مرۆڤێکە کە بەهۆی بۆچوون و بیروڕایی سیاسییەوە گۆشەگیرکراوە. ئەرکی
پاراستنی ژیانی ئەوپەنابەرە دەکەوێتە سەر دەوڵەتی پەناگە.
٢.٢.١.٢ مافی هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان
هاوسەرگیری بریتییە لە
پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بەزەیی، کە ئامانجی پێکهێنانی
خێزانە، پەنابەریش ناتوانرێت لێی بێبەش بکرێت. لەبەر ئەوەی لە مادەی ١٦ی جاڕنامەی
جیهانیی مافی مرۆڤ ئەم مافە دووپاتکرایتەوە کە ههر کور و کچێک گهیشتبێتنه تهمهنی
خۆناسین(بالغ بوون)هوه، به رهزامهندیی تهواو وئازادانەیان مافی هاوسەرگیریی
و پێکهێنانی خێزانیان هەیە و دهبێ لەلایهن كۆمهڵگه ودهوڵهتهوه پشتیوانیی
لێبكرێ.
٢.٢.١.٣ مافی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئایینی و هەڵبژاردنی
پەروەردەی ئایینی بۆ منداڵانی
زۆرینەی وڵاتان لە دەستوورەکانیاندا
ئازادی بیروباوەڕ و مافی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئایینی دیاری دەکەن کە بە ڕێککەوتننامە
نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەستەبەرکراوە. هەروەها بە پێی مادەی ٤ی ڕێککەوتننامەی
پەنابەران هەموو دەوڵەتان پابەندەکات بە پێدانی ئازادی باوەڕ ومافی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە
ئاینییەکانیان و ئازادی فێرکردن و پەروەردەی ئایینی بە منداڵەکانیان، بۆ ئەوەیە
تاکو وڵاتان پابەندبن بە دەستەبەرکردنی پرەنسیپی ئازادی پەنابەران لەناو وڵاتانی میوانداریاندا.
٢.٢.١.٤ مافی دادگەری(التقاضي)
لە مادەی ١٦ی ڕێککەوتننامەی
پەنابەران، ئەو مافە بۆ پەنابەران دووپاتدەکراوتەوە کە پەنا بۆ دادگەری ببەن، هەروەک
هاوڵاتییەکی ئاسایی یان بیانییەکانی دیکە پەنابەر مافی دادبینی هەیە بە تۆمارکردنی
داوای یاسایی لەبەردەم دادگاکانی وڵاتی پەناگە، کاتێک مافەکەی پێشێل دەکرێت.
سەڕەرای ئەمە سودمەند دەبێت لە هاوکاری دادوەری و یاسایی، وەک لێخۆشبوون لە کرێی دادبینی.
٢.٢.١.٥ مافی خاوەندارێتی بیروکەی و تەکنیکی و
پیشەسازی
مافی پاراستنی خاوەندارێتی
فیکری و پیشەسازی بەپێی ماددەی ١٤ی ڕێککەوتننامەی پەنابەران گەرەنتی پاراستنی ئەو
مافانە بو پەنابەر کراوە، وەک داهێنان، دیزاین، مۆدێل، نیشانەی تۆمارکراو و ناوی
بازرگانی، هەروەها لە بواری پاراستنی موڵک و ماڵی ئەدەبی و هونەری و زانستیدا.
٢.٢.١.٦ مافی گەرەنتی کۆمەڵایەتی و هاوکاری گشتی
ڕێککەوتننامەی پەنابەران سەبارەت بە مافی سوودمەندبوون لە
یاسای کار و دڵنیایی کۆمەڵایەتی پێگەی پەنابەری لەگەڵ هاوڵاتی یەکسان کرد، هاوکات مادەی ٢٨ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت
بە مافی تاک بۆ گەرەنتی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکردوە کە “مافی هەموو کەسێکە سیستەمێکی
کۆمەڵایەتی نێودەوڵەتی هەبێت کە ئەو ماف و ئازادیانەی تەواوی بەدی بهێنرێن”، یەکسانی لە چوارچێوەی
ئەم مافەدایە لە ڕێگەی بوارەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کرێ، هاوکاری خێزان، کاتی
کارکردن، پشوو، دامەزراندن، پەروەردە، ڕاهێنانی پیشەیی، و دامەزراندنی ژنان و منداڵان،
هەمان شت بۆ ئەو مافانەش دەگونجێت کە لە ئەنجامی مردنی پەنابەرێک لە کاتی
کارکردندا دروست دەبن.
٢.٢.١.٧ مافی خوێندن
پەنابەریش هاوشێوەی
هاوڵاتی وڵاتی پەناگە مافی لە خوێندنی قۆناغی سەرەتاییدا هەیە، سەڕەرای لێخۆشبۆن
لە هەر جۆرە ڕسوماتێک و تێچوونێک، لەبەرئەوەی مافی خوێندن گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ
پەنابەران چونکە ڕێگری دەکات لەخراپ بەکارهێنان وئیستغلالکردن بەشداریکردن لە کارە نایاساییەکان. لە مادەی ٢٦ی
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا مافی خوێندنی دووپاتکردووەتەوە، کە دەبێت هەموو کەسێک
لە قۆناغە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانیدا بەبێ بەرامبەر، مافی خوێندنی هەبێت، بەڵام لە
قۆناغەکانی تری خوێندندا وەک بیانییەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەبێ ئەوەی کاریگەری
نەرێنی هەبێت لەسەر مافی دانپێدانراو بە بڕوانامەی بەدەست هێنراو.
٢.٢.١.٨ لێخۆشبوون لە مەرجی مامەڵەی
بەرامبەرایەتی(بالمثل) و ڕێوشوێنی بەدەرکراو(والتدابير الاستثنائية)
بنەمای مامڵەی بەرامبەرایەتی بە گرنگترین ڕێسایی
بەڕێوەبردنی(الحاکمة) پەیوەندی نێوان وڵاتان دادەنرێت. کە مەبەست ڵێی ئەوەیە
کە دەوڵەتی بیانی چون ماملە لەگەل هاوڵاتیانی دەکات ئەوانیش ئاوا مامڵەی ڵەگەل
هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بیانییە دەکەن، بەڵام ئەم مەرجە پەنابەران ناگرێتەوە.
هەروەها لە مادەی حەوتەمی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٥١ تایبەت بە دۆخی پەنابەران،
ئاماژەی بەوە دەکات کە مەرجە سێ ساڵ تێپەڕێت بەسەر نیشتەجێبوونی لە وڵاتی میوانداردا.
لێرەدا پەنابەر ماملەیەکی باشتی لەگەل دەکرێت
لەچاو بیانیەکان، چونکە سود لە پاراستنی وڵاتی ڕەسەنی خۆی نابینێت، ناتوانێت بارودۆخی
دەوروبەری بگۆڕێت، چونکە هاوڵاتی نیە بەڵکو بێگانەیەکی نائاساییە کە لە ترسی ژیان
و ئازادیی خۆی ناچار بووە وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت.
٢.٢.١.٩ مافی بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی ناسنامەی کەسی و
پاسپۆرت(جواز السفر)
مافی وەرگرتنی بەڵگەنامە
یەکێکە لەو مافە گرنگ وسەرەتاییانەی کە پەنابەر لە دۆخێکی سەقامگیریدا دەهێڵێتەوە.
بۆیە زۆر گرنگە بۆ پەنابەرێک کە بەڵگەنامەو ناسنامای هەبێت تاکو ڕێکارەکانی کارگێڕی
وچالاکییەکانی دیکەی لەژیانی ڕۆژانەدا ئاسانتربێت. ئامانجی یاسایی نێودەوڵەتیش ئەوەیە
پەنابەران بتوانن نیشتەجێ ببن وژیانێکی تەندروست بژین، بۆیە پێویستە وڵاتان ناسنامەی
کەسی وبەڵگەنامەی گەشتکردن بدەنە پەنابەران تاکو بتوانن لەڕێیەوە ژیانی ئاسایی خۆیان
بەڕێوەببەن بەکاری بێنن بۆ خوێندن وکار وشتی تر کەپێویستی بە بەڵگەنامە هەیە، هەر
لەسەر ئەم بابەتە لە مادەی ٢٧و٢٨ی پەیماننامەی پەنابەران دا هاتوە کە دەبێت دەوڵەتانی
ئەندام ناسنامەی کەسی بدەنە هەر پەنابەرێک کە لە ناوخاکەکەیاندایە، وە دەوڵەتانی پەیمانبەست
بەڵگەنامەی گەشتکردن دەدەنە ئەو پەنابەرانەی کە بەردەوام لە خاکەکەیاندا نیشتەجێن
بۆ ئەوەی بتوانن گەشت بکەن بۆ دەرەوەی ئەم خاکە، مەگەر بە هۆکارێک یان دۆخێكی پەیوەست
بە ئاسایشی نیشتمانی یان سیستەمی گشتیەوە ڕێگری لە بەدیهاتنی ئەم کارە بکەن.
٢.٢.١.١٠ مافی پێکهێنان یان سەر بە کۆمەڵە و
ڕێکخراوەکان
پەنابەران مافی پێکهێنان
و پەیوەستبوونیان بە کۆمەڵە و ڕێکخراوە ناسیاسییەکانیان هەیە، بە مەرجێک کە سروشتێکی
سیاسی نەبێت، وە ئامانجیشی بەدەستهێنانی قازانج نەبێت. هەروەک لە مادەی(١٥)ی ڕێکەوتنەکەدا
پەنابەراندا هاتووە کە دەوڵەتانی پەیمانبەست دەبێت پالپشتی لەو پەنابەرانە بکەن کە
بە شێوەیەکی رێکوپێک(نظامیة) لە خاکەکەیاندا نیشتەجێن کەپەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە ناسیاسی
وقازانج نەویستەکان وسەندیکا پیشەییەکان هەیە کە باشترین ماملەی گونجاو لە هەمان
بارودۆخدا بە هاووڵاتیانی وڵاتێکی بیانی دەدرێت.
٢.٢.١.١١ مافی ئازادی لە کارکرن
مافی کارکردن یەکێکە لە
مافە هەرە گرنگەکانی پەنابەران، بەهۆی ئەو ئاستەنگییە ئابوورییەی کە پەنابەران بەدەستیەوە
دەناڵێنن، کە کارکردن سەرچاوەی داهاتە بویان، چاویان لە دەستی هاوکاری کەس نابێت، خۆبژێوی
و ئەمنیەت بۆ پەنابەران بەرقراردەکاتت، جگە لەمە سودی هەیە لە چالاککردنی ئابوری ئەو
وڵاتەی تێیدا دەژین، هەر لەم بارەیەوە ڕێککەوتننامەی پەنابەران سێ بابەت لەخۆدەگرێت.
یەکەمیان کرێکاری، مافی پەنابەرە لەبەرامبەر بڕەپارەیەک کاربکات بۆ ئەوەی کەرامەتی خۆی بپارێزێت وکاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کۆمەڵگایە نەبێت کە تێیدا دەژی، ئەم مافەش لەلایەن دەوڵەتانەوە بە پەنابەران دەبەخشرێت بۆ ئەوەی لە دۆخێکی باشدا کاربکەن، تاکۆ نەبن بە بارگرانی بەسەر ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین.
دووەمیان کاری خۆبەخشی، هەر پەنابەرێک بە شێوەیەکی یاسایی نیشتەجێیبێت ئەوا مافی خۆیەتی جۆرەها کاری خۆبەخش بکات، لەسەر حسابی خۆی، جا چ لە بواری کشتوکاڵی، پیشەسازی یان کاردەستی و هی تر.
سێیەم پیشەی ئازادانە، پەنابەر مافی کردنی پیشەی ئازادانەی هەیە کە لەگەڵ پسپۆڕییەکانیدا یەکدەگرێتەوە، ئەمەش لە حاڵەتێکدا کە پەنابەرەکە خاوەنی بڕوانامەیەکی دانپێدانراوبێت لەلایەن دەسەڵاتی کارامەی دەوڵەت، کە مافی ئەوەی پێبدات. جگە لەمە مافی دامەزراندنی کۆمپانیای بازرگانی یان پیشەسازی هەیە لە چوارچێوەی خاکی وڵاتی پەناگەدا.
٢.٢.١.١٢ مافی ڕەگەزنامەدان یاخود هاوڵاتیبوون(التجنس)
مافی هاوڵاتیبوون(رەگەزنامە - الجنسیة)، لە مادەی ٣٤ی ڕێککەوتننامەی پەنابەراندا هاتووە دەبێت دەوڵەتانی
پەیمانبەست ئاسانکاری بکەن لە وەرگرتنی پەنابەران وخێراکردنی ڕێکارەکانی پێدانی ڕەگەزنامەی
خۆیان، لە مادەی ٥٤دا هاتووە مافی ڕەگەزنامەدان مافێکی مەدەنی پەنابەرە، لەڕێیەوە
مافی پەنابەری ڕێکدەخرێت، هەروەها مافێکی کەسی پەنابەرە، لە پرۆسەی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی
وڵاتی پەنابەریدا. سەرەڕای ئەمە لە مادەی ١٥ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا هاتووە
کە "هەموو تاکێک مافی بەهاوڵاتی بوونی هەیە" هەروەها " نابێ له مافی ڕەگەزنامەدان یان گۆڕینی رەگەزنامە
بێبهش بكرێ"، هەربۆیە پێویستە وڵاتانی میواندار هەموو هەوڵێک بدەن لە
ئاسانکاری وەرگرتنی پەنابەران، بە زووترین کات ڕەگەزنامەی خۆیان پێ بدەن، دەبێت
بارگرانی و کرێی ڕێکارەکانی ناسنامەدان بۆ کەمترین ئاست کەم بکەنەوە.
٢.٢.١.١٣ مافی خاوەندارێتی موڵک
مەبەست لێی مافی خاوەندارێتی
لە موڵکی گواستراوە(منقول) و نەگواستراوە(عقار)، بەپێی مادەی(١٤)ی ڕێککەوتننامەی پەنابەران،
دەوڵەتانی پەیمانبەست پێوستە باشترین ماملە لەگەل پەنابەنابەراندا بکەن، لە هیچ حاڵەتێکدا
نابێت چاودێری کەمتر بێت لەوەی کە لە هەمان کاتدا بە بیانییەکان بە گشتی دەدرێت، لەسەر
ئەم بنەمایە پەنابەر مافی خاوەندارێتی موڵکی گواستراوە و نەگواستراوەی هەیە، وەک
مافی کڕین، فرۆشتن، یان بەکرێدا، بەڵام ئەم مافە بە هەمان ئەو مەرجانەی کە بۆ کەسێکی
بیانی وبەپێی یاساو سیستەمی(الأنظمة) نیشتمانی هەر وڵاتێک بەدیدێت وجێبەجێدەکرێت،
کەواتە وەڵاتان سەرپشکن لە دانی ئەم مافە، تەنهاش بەیاسایی تایبەت دەدرێت.
٢.٢.١.١٤ مافی ئازادی هاتووچۆکردن، هەڵبژاردنی شوێنی
نیشتەجێبوون
ئازادی هاتووچۆکرن مافێکی
گرنگی تاکەکانە، بە ئارەزووی خۆیان بەهەر شێوەیەک(ئاسمانی، وشکانی، ئاویی، کە
باوترینیان وشکانییە) دەتوانن شوێنەکانیان بگۆڕن. پەنابەریش بێبەشنیە لەومافە، دەتوانێت
بە ئارەزووی خۆی هاتووچۆبکات لەناو خاکی وڵاتی پەناگەدا، بە مەرجێک ڕێز لەو ڕێسا وسیستەمە
بگرێت کە دەوڵەت بەگشتی یاخو بەتایبەتی لە هەندێک شوێندا سەپاندویەتی. شایانی باسە
ئەم مافە سەرچاوەی خۆی لە زۆرێک لە ڕێککەوتن و میساقەکاندا دەبینێتەوە کە پەیوەندییان
بە مافی کەسیی تاکەوە هەیە، وەک لە مادەی ٢١و٢٦ی ڕێککەوتننامەی پەنابەرانی ساڵی
١٩٥١دا هاتووە "پەنابەران مافی هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوون وهاتوچۆکردنی
ئازادانەیان هەیە" هەروەها لە مادەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیشدا
هاتووە کە "مافی هەموو کەسێکە له نێو ههروڵاتێكدا بەئازادانه هاتوچۆ بكات
و بەویستی خۆی شوێنی ژیانی ههڵبژێرێ، هەروەها مافی ئهوهی ههیه ههر
وڵاتێك به وڵاتهكهی خۆشییهوه بهجێبێڵێ یان بگهڕێتهوه وڵاتی خۆی.
سەبارەت بە پەنابەرانی سیاسی، مافی رویشتن و جێهێشتنی هەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی
تر، بەجێهێشتنی وڵات و گەڕانەوەی بۆی بێ ڕێگریکردن مەگەر بە پێی یاسا، ئەمەش لە پێناو
پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی ناوەوە و دەرەوەی دەوڵەت، و پاراستنی ئابووری
نەتەوەیی.
٢.٢.١.١٥ مافی یەکسانی و جیاکاری نەکردن
جیاکاری نەکردن لە هەر
بوارێکی ژیاندا بەیەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت،
لە مادەی ٧ هاتووە "هەموو مرۆڤەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن و مافیان هەیە بەبێ
هیچ جیاوازیەک یاسا پارێزکارییان لێبکات". هەروەها پرەنسیپی جیاکاری نەکردن لە
ڕێککەوتننامەی عەرەبی ساڵی ١٩٩٤ کە تایبەتە بە دۆخی پەنابەران لە وڵاتانی عەرەبیدا
دووپاتکراوتەوە، هەروەها لە مادەی(٢)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی
ساڵی ١٩٦٦ هاتووە 'بەبێ هیچ جیاکارییەک دەبێت دەوڵەتانی ئەندام ڕێز لەو مافانە بگرێت
کە تێیدا دانپێدانراون، و گەرەنتی ئەم مافانە بکات بۆ هەموو تاکێک، کە لەچوارچێوەی
خاک و دەسەڵات(ولایتها)ەکەیدایە'. سەبارەت بە مافی یەکسانی لە نێوان باج و هەندێک ڕسوماتدا
پەنابەر دەبێت ڕسومات و باج بدات، بەمەرجێک زیاتر نەبێت لەوەی کە بەسەر هاوڵاتیانی
ئەم وڵاتەدا سەپێنراوە، بەڵام نابێ سەرپێچی یاساکانی پەیوەست بە ڕسومات و دەرکردنی
بەڵگەنامەی کارگێڕی بێت.
٢.٢.١.١٦ مافی چاودێری تەندروستی
پێویستە وڵاتی پەناگە
گەرەنتی چاودێری تەندروستی و دەستڕاگەیشتن بە پێداویستی گونجاو و خۆراکی پاکوخاوێن
بۆ پەنابەران بکات لەسەر بنەمای ئەو کەمیی خۆراک و بەهۆی ئەو برسێتی و ماندوێتیەی
لەکاتی هاتنیاندا توشیانبووە، سەرەڕایی ئەمە دەبێت پارێزگاری لە سەلامەتییان بکات.
ئەمەش لە پێناو بڵاونەبوونەوەی پەتا جۆراوجۆرەکانە.
٢.٢.١.١٧ مافی دابەشکردنی تایبەت بە هەندێک کاڵاو
کەلوپەل(السلع)
بەپێی مادەی ٢٠ی ڕێککەوتننامەی
پەنابەران، ئەم مافە کاتێ دەدرێت ئەگەر حاڵەتێکی لەناکاو لە وڵاتی پەناگەدا
هاتەپێش لەئەنجامدا ببێتەهۆی کەم بونەوەی کەلوپەل(إسماعيل حاجي،٢٠٢١:٤٥)، کە بەئاشکرا
پێویستێت بەناچاری ئەو بەرهەمانە دابەشبکات کە بەپێی پێویست بەردەست نین. ئەوا پێویستە
پەنابەرەکە هەمان مامەڵەی هاوڵاتیاینی لەگەڵ بکرێت.
٢.٢.٢ مافە تایبەتیەکانی پەنابەری سیاسی
مافە تایبەتەکانی
پەنابەران بەتایبەتی پەنابەری سیاسی لەگەڵ تایبەتمەندی وبارودۆخەکەیاندا دەگونجێت،
بەو پێیەی دۆخی پەنابەران وادەخوازێت کە جگە لە مافە گشتیەکان، مافی تایبەتیشیان پێبدرێت
کە ئامانجی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانە و نوێنەرایەتی جەوهەری سیستەمی نێودەوڵەتی
پاراستنی پەنابەران دەکات، واقیعی عەمەلی سەلماندوویەتی کە مافی پەنابەران لە
چوارچێوەی ئەو پاساو وبیانووانەدا پێشێل دەکرێت کە وڵاتان بۆ پاراستنی ئاسایشی
خۆیان بەکاریدەهێنن. گرنگترینی ئەم مافانەش بریتین لە:
٢.٢.٢.١ مافی گەڕانەوەی پەنابەری سیاسی
بەپێێ جاڕنامەی جیهانی
مافی مرۆڤ "هەموو کەسێک مافی بەجێهێشتنی وڵات وگەڕانەوە بۆی هەیە ئەگەر بیەوێت(ناچار
نییە بگەڕێتەوە)، هەر لەسەر ئەم بنەمایە لە بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
بە گرنگیەوە مافی گەڕانەوەی دووپاتکردەوە، کە تێیدا هاتووە "هەموو کەسێک مافی
گەڕانەوەی هەیە بۆ وڵاتەکەی"، بەم پێیە دەوڵەتان پابەندن ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی
پەنابەران و ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی نییە، بەبێ هیچ جیاکارییەک
لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو بۆ مافەکانی مرۆڤ. بۆ نموونەی پەنابەرانی فەلەستین و سوری و
عێراقی کە ئاوارە بوون و لە کەمپەکاندا دەژین بەشێک لە پەنابەرانی سوری و عێراقی
لەگەر سەقامگیربونی وەڵاتەکەیان گەڕانەوە. سەبارەت بە پەنابەری سیاسی کە لەدەست گۆشەگیری هەلدێت پەنا بو وڵاتێک
دەبات، لەو کاتەی ئەو وڵاتە ئەو پەنابەرە سیاسیە لەخۆیدەگرێت ومافی پەنابەری
پێدەدات ئەوا ئەرکی پاراستنی ئەو پەنابەرە دەکەوێتە ئەستو، لە کەوتنە دەستی دەوڵەتێک
کە مەترسی گۆشەگیری یان هەڕەشەی لەسەربێت یاخۆد بە زۆر نەگەڕێنرێتەوە بۆ دۆخی گۆشەگیری(عبدالرحيم
حسن،٢٠٢٢: ٤٦). مافی گەڕانەوە مافێکی یاسایی و نەتەوەییی پەنابەری سیاسیە، بۆیە باشترین
چارەسەر بۆ کێشەی پەنابەران بە گشتی گەڕانەوەی پەنابەرانە بە خواست و ئارەزوی
خۆیان هەرچەند گەڕانەوەکە بەئارەزومەندانەش بێت پێویستە دەوڵەتەکەی ڕێگە بە گەڕانەوەی
بدات، لە کاتی گەڕانەوەشدا گەرەنتی سەلامەتی وپاراستنی بکات تۆمەت نەخرێتە پاڵی وهەلومەرجی
ئەمنی بۆ ژیانی مسۆگەربکات.
٢.٢.٢.٢ مافی نەگەڕاندنەوە(دیپۆرتنەکردنەوە)ی پەنابەری
سیاسی بۆ دۆخی گۆشەگیری
ئەم مافە لە پرەنسیپی
نەگەڕانەوە(عدم الرد) وەرگیراوە، بە یەکێک لە مافە دیارەکان و بنەڕەتیەکان دادەنرێت
لە جێبەجێکردنی سیستەمی پاراستنی پەنابەران، ئەم بنەمایەی نابێت پێشێل بکرێت مەگەر
مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبێت، لەو کاتەی دەوڵەت پەنابەر وەردەگیرێت،
ئەوا پاراستنی پەنابەرەکە ئەرک و بەرپرسیارەتی دەوڵەتی پەناگەیە، بەم پێیە نابێت
پەنابەر بگەرێنرێتەوە بو وڵاتەکەی کە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە
هەموو ڕێککەوتننامە و بەیاننامەکانی تایبەت بە پەنابەران بەتایبەتی لە ماددەی ٣٢ و٣٣ی
ڕێککەوتننامەی ساڵی1951دا ئەمەیان دووپاتکردووەتەوە کە دەوڵەتی پەناگە بوی نیە پەنابەر
دەربکات یان بگەرێنێتەوە ئەگەر ژیان و ئازادییەکەی لە مەترسیدا بێت. تەنانەت ئەگەر
پەنابەرەرەکە تۆمەتباریشکرا بەتاوانێک ئەوا مافی ئەوەی هەیە بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت
وتانەی تێهەڵچوونەوە لەبڕیارەکە بدات. بەڵام لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری یاخود
کاتێک پارێزگارییەکی گونجاوی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەر دابینکرا لەوکاتەدا دەوڵەتەکە دەتوانێت
پەنابەرەکە بگەرێنێتەوە، بە هەمان شێوە سەبارەت بە پەنابەرێکی سیاسی کە بە زۆر نەگەڕێتەوە
بۆ دۆخی گۆشەگیری، بە ئەرکێک لە سەر دەوڵەتی پەناگە دادەنرێت، کە پاراستنیەتی لە کەوتنە
دەستی هەر دەوڵەتێک کە گۆشەگیری دەکات یان هەڕەشەی لێدەکات.
٢.٢.٢.٣ مافی ڕادەستنەکردنەوەی پەنابەریی سیاسی
ڕادەستنەکردنەوە
یەکێکیترە لە پرەنسیپە هەرە گرنگەکان بەیەکەم پرەنسیپ
دادەنرێت، لە سەدەی هەژدەهەمەوە ناسرا لە ڕێگەی پەیماننامەی تایبەتی دەوڵەتانەوە
رێکخرا و جێبەجێکرا. هەرچەندە لە ڕێکەوتنامەی١٩٥١ بە ڕوونی باس لە ڕادەستنەکردنەوەی
تاوانباران و گۆشەگیری سیاسی نەکردوە، بەڵام لە کۆمەڵێک ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیدا جێگیرکراوە،
لەوانەش ماددەی ٣ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئەشکەنجەدان، کە تێیدا
قەدەغەکراوە ئەوکەسانە ڕادەستبکرێنەوە بەو وڵاتانەی کە مەترسی ئەشکەنجەدانیان هەیە.
لە مادەی چوارەمی ڕێککەوتننامەی کاراکاسی ساڵی١٩٥٤ و بەتایبەتی مادەی ٤/٤ی ڕێککەوتننامەی
مۆنتیڤیدۆدا هاتووە "ڕادەستکردنەوە ڕێگەپێدراو نییە ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی
بە پێشێلکارییەکی سیاسیەوە هەبێت". بەم پێیە پاڵنەری تاوانە سیاسییەکە نابێت
کەسی بێت، بەڵکو دەبێت ئامانجی هێنانەدی گۆڕانکاری لە سیستەمی دەوڵەت و کۆمەڵگادا
بێت، لە ڕووی ئابووری، سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا یان دەوڵەت بە
باوەڕی تاوانبار، ئەمەش دەبێت لەجێبەجێکردنی پلانێکی حزبیدابێت کەتاوانبار پەیڕەوی
لێدەکات. بەم پێیە پرەنسیپەکە تەنیا لە ئەنجامدەرانی تاوانی ئاساییدا تەسکرایتەوە.
٢.٢.٢.٤ مافی سزانەدان لە چوونەناوەوەی نایاسایی بۆ
وڵاتی پەناگە
هەر کەسێک بەبێ
بەلگەنامە بچێتە ناو وڵاتێکەوە ئەوا توشی سزا و لێپێچینەوەی تاوانکاری وکارگێڕی
دەبێتەوە، بەڵام پەنابەر لەوە بەخشراوە، بەو پێیەی کاتێک پەنابەر ڕووبەڕووی گۆشەگیری
ومەترسی دەبێتەوە بەناچاری لێی هەڵدێت ئەوا لەوانەیە بێتە هۆی ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەک
لەگەڵ خویاندا هەڵنەگرێت. بە مەبەستی دابینکردنی پارێزبەندی بۆ پەنابەران، مادەی
٣١ی ڕێککەوتننامەی پەنابەراندا هاتووە کەنابێت وڵاتان سزای تاوانکاری بەسەر ئەو پەنابەرانەدا
بسەپێنن کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنەناو وڵاتەکەیاندا، بەڵام بەو مەرجەی ڕاستەوخۆ
لە وڵاتی گۆشەگیرییەوە هاتبن، پێویستە بەزووترین کات خۆیان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان
بکەن، پاساوی چوونە ژوورەوەی نایاسایی خۆیان بخەنەڕوو. لەم کاتەدا سودمەند دەبێت
لە مافی نیشتەجێبوون، بەڵام پێویستە هەمیشە ملکەچ وپیڕەوی یاساکانی ئەو دەوڵەتەبێتلەژێر
چاودێری دەسەڵاتی گشتیدا دەمێنێتەوە.
٢.٢.٢.٥ مافی وەرگرتنی پەناگە(داڵدەدان)ی کاتی
بناغە(الأساس)ی یاسایی
بیرۆکەی پەناگەی کاتی دەگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٥٩١ی تایبەت بەدۆخی پەنابەران
کە لەوێ جەختلێکرایەوە. ئەم مافە بەو مانایەدێت کە پەنابەر دەتوانێ وەک مێوانێک
بوماوەیەکی کاتی لە وەڵاتی مێوانداردا بمێنێتەوە، تاکو دۆخی وەڵاتەکەی باش و ئارام
دەبێت وئەو مەترسیە نەمێنێت، یاخۆد بتوانێت مۆڵەتی چوونەناو وڵاتێکی دیکە وەربگرێت
کە ئامادەیە لەوێ مافی پەنابەری بدات، لەوکاتەدا لەسەر دەوڵەتی مێواندارە ئاسانکاری
پێویست بۆی دابینبکات، دەوڵەتان بوی نیە پەنابەران وەرنەگرن مەگەر زیان ومەترسی
هەبێ لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی یاخود سیستەمی گشتی لەوکاتەدا دەتوانن داواکاری
پەنابری ڕەتبکەنەوە یاخود بە فەرمانێکی دادوەری بگەڕێنەوە وەڵاتەکەی ئەگەر هاتوو
مەترسی لەسەر پەنابەرەکە نەبێت. سەبارەت بە پەناگەی سیاسی، هێشتنەوەی پەنابەری
سیاسیە لە سڵامەتیدا تا ئەو کاتەی چیتر مەرسی لەسەر ژیان و ئازادی نەبێت، کە ئەم پەناگەیەش
لەوانەیە دیپلۆماسی یان ناوچەی(هەرێمی)ی بێت، بەم پییە دەبێت پارێزگاری یاسایی بۆ پەنابەری
سیاسی دابین بکرێت لە کەوتنەدەستی دەسەڵاتی گۆشەگیرکەر بەڕێگەدان بەمانەوە بۆ ماوەیەکی
کاتی یاخود تا پەناگەیەکی تر دەدوزێتەوە. بەگەرانەوەمان بو مادەی ٣١ی ڕێککەوتننامەی
ساڵی ١٩٥١ کە پێشتر باسمان لێوەکردوە سەبارەت بەو پەنابەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی
دێنەناو وڵاتێک، پێویستە بە زووترین کات بەبێ دواکەوتن خۆیان بخەنە بەردەم لایەنی
پەیوەندیدار. سەبارەت بە ئەرکەکانی پەنابەران، پێویستە پەنابەر ڕێز لەو مەرج و یاسایانە
بگرێت کە لە وڵاتی پەنابەردا زاڵن، هەروەها دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی
نەکات. بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنەکان بەتایبەتی ڕێککەوتننامەی
کاراکاس لە ساڵی ١٩٥٤، لە مادەی ٩دا وڵاتی پەناگە پابەندەکات بەوەی نابێت رێگە بە
پەنابەران بدات بەژداری چالاکییە سیاسییەکان بکات کە هەڕەشە لە ڕژێمەکانی وڵاتان بکات.
٢.٢.٢.٦ مافی قەرەبوکردنەوە
مافی قەرەبوکردنەوە
یەکێکە لە مافە هەرە ڕەواکانی پەنابەر، مافێکی زور گرنگ وپێویستە، لەکاتێکدا
پەنابەر قەرەبوودەکرێتەوە کە زیانێکی مادی و معنەوی بەرکەوتبێت، قەرەبووکرنەوەش
یان لە کاتێکی دیاری کراودایە نمونەی ئەمەش بۆ هاندانى گەڕانەوەى ئاوارەکان کە
بەهۆی شەری داعش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوە ببوون، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق
بڕیارێکی دەرکرد، هەر خێزانێکی ئاوارە لە دوای 30ـی تەممووزی ٢٠٢٤ەوە بگەڕێتەوە زێدی
خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان(چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەفزیۆنێک) بێبەش
دەبێت. یاخود قەرەبوەکە کاتێکی نادیاری کراوە وەک لە 'یاسای ژمارە (24)ی ساڵی 2005
سەبارەت بە گەڕانەوەی دەربەدەری سیاسی'دا هاتوووە ئەو سەرباز وکارمەندانە(پەنابەری
سیاسی)ی لەدەست ڕژێمی بەعس رایانکرد و پەنابەر بون، کە بوە هۆی لەدەست دانی کار و
مالی، ئەوا لە ئێستادا قەرەبوودەکرێنەوە.
٢.٢.٢.٧ مافی دابینکردنی هاوکاری پێویست و ڕێز لێگرتن
پەنابەر بەگشتی وەک
مێوانێک وایە ڕیزی لێدەگیرێت و پێداویستەسەرەتاییەکانی بۆ دابیندەکرێت، بەتایبەتی
پەنابەری سیاسی کە زور سودمەندە لەو مافە کە وڵاتی پەناگە دەبێت پارێزگاری پێویستی
بۆ دابین بکات لە هەر هەوڵێکی دەوڵەتەکەی بە ئامانجی کوشتن، تیرۆرکردن، ڕفاندن، یان
هەر بەرکەوتنێکی دیکە. سەڕەرای ئەمە دەرماڵەی مانگانەش پێدەدرێت.
٣ گەرەنتی مافی
پەنابەرانی سیاسی لە یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆدا
سەرەڕای ئەوەی
دەوڵەتان گرنگی بە کێشەی پەنابەرانی سیاسی دەدەن، بەڵام ئەگەر ڕێسا نێودەوڵەتیەکان
گەرەنتیەک نەبێت بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی مافەکانیان، ئەوا دیاریکردنی ئەومافانە
هیچ سوودێکی نییە، هەربۆیە ئەم گەرەنتیانە بە بەردی بناغەی هەموو هەوڵە
نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت. پاراستنی تەواو و هەمەلایەنە بۆ پەنابەران تەنها بە جێبەجێکردنی
ئەو پێوەرانەی لە لقەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا دانراون بەدەست دێت، بەجۆرێک کە گەرەنتیەکان
تەواوکەری مافەکانی پەنابەری سیاسی بن، کە ئەم گەرەنتیانە بە ڕۆڵی دەوڵەتان و
هاوکاری نێودەوڵەتی نێوانیان بەدی دێت.
٣.١ بەپێی ئامرازە(الصكوك) نێودەوڵەتییەکان
هاوکاری نێودەوڵەتی
بەتایبەتی داکۆکیکردن لە مافی پەنابەرانی سیاسی گەرەنتیەکی تایبەتە بۆ هاتنەدی مافەکانی
کە شەرعیەتی نێودەوڵەتی پێیدەدات، کە یەکێکە لە گرنگترین زامنەکان بو پاراستنی پەنابەری
سیاسی، چونکە دانانی یاسا و بەستنی پەیماننامەکان بە نۆسراوێکی مردوو دەمێنێتەوە ئەگەر
پابەندکەر نەبێت و بەپێی پێویست جێبەجێی بکەن، جا بەتایبەت لە حاڵەتی پەنابەری سیاسیدا،
بۆیە چڕکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان زۆر گرنگە بەمەبەستی پەسەندکردن و بەستنی
پەیماننامەکان.
هەروەها ڕێساکانی یاسای
نێودەوڵەتی گشتی زامنێکی بنەڕەتین بۆ پەنابەری سیاسی، لە ئەنجامی پابەندبوون بە ڕێساکانی
یاسای نێودەوڵەتی، زۆرینەی وڵاتان پرەنسیپی ڕادەستنەکردنەوەی پەنابەرانی سیاسییان گرتوتەبەر،
کە ئەم مافە پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەل مافی دەرنەکردن یان بە زۆر نەگەڕانەوە
هەیە. هەروەک سەرچاوەکانی یاسای نێودەوڵەتی پەنابەران بریتین لەو گەرەنتیانەی کە لەبەردەستی
پەنابەردایە وەک ڕێککەوتن و بەیاننامە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان،
سەڕەرای ئەمە کومەلێک بنەما و بەها هەن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە قبوڵکراون
و دانیان پێدانراوە و ناکرێت پشتگوێبخرێت کە دەبنە گەرەنتیەک بۆ پاراستنی مافەکانی
پەنابەر ئەوانێش بنەما گشتییەکانی یاسا، فیقهی نێودەوڵەتی، بڕیارەکانی دادگا و ڕاپۆرتە
نێودەوڵەتییەکان. گرنگرین ئەو ئامرازە نێودەوڵەتییانی دەبنە گەرەنتەیک بو پاراستنی
مافەکانی پەنابەری سیاسی:
بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان
جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٩.
ڕێککەوتننامەی ژنێڤی ساڵی ١٩٥١ کە تایبەتە بە دۆخی پەنابەران
پرۆتۆکۆڵی پەیوەست بە دۆخی پەنابەرانی ساڵی ١٩٦٧
ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە ساڵی ١٩٨٩
بەڵگەنامە هەرێمیەکان(الأقلیمیة)
ڕێککەوتننامەی ڕێکخستنی یەکێتی ئەفریقا سەبارەت بە کێشەی پەنابەران لە ئەفریقا لە ساڵی ١٩٦٩.
ڕێککەوتننامەی عەرەبی بۆ ڕێکخستنی دۆخی پەنابەران و ئاوارەکان لە وڵاتانی عەرەبی 1994
ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان 1950.
جاڕنامەی کارتاجێنای ساڵی ١٩٨٤
بنەمائ بانکۆکی ساڵی 1966.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
لیژنەی رێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی
کۆمیساریای(مفوضیة) باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNHCR)
٣.٢ بەگوێرەی یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتان
هەرچەندە وڵاتانی عەرەبی
پەیوەست(انضهام) نەبوون بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٥١ و پرۆتۆکۆڵی ١٩٦٧،
بەڵام کۆماری فیدڕاڵی عێراق یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو یاسایەکی ناوخۆی دەرکرد(یاسای پەنابەری سیاسی
عێراقی ژمارە(51)ی ساڵی 1971) بۆ ڕێکخستنی مافەکانی پەنابەری سیاسی دواتر ئەم
یاسایە بە “یاسای عێراق” ناسرا. بەو پێەی هەر یەکە لە دەستووری قەتەری
ساڵی ٢٠٠٣ و دەستووری فیدڕاڵی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ لە نێو
ئەو دەستوورە عەرەبییانەن کە کە ئاماژەیان کردوە بە ڕێکخستنی مافی پەنابەری سیاسی لە
چوارچیوەی یاسایەکی تایبەتدا یاسادانەر تەنیا چەمکی پەنابەری ڕوونکردووتەوە،
لەگەڵ بەخشینی مافی پەنابەری بە هۆکاری سیاسی یان سەربازی، کە گشتگیری وناڕوونی ئەم
دەقانە وادەکات دەسەڵاتێکی فراوان دەدات بە لیژنەی هەمیشەیی پەنابەرانی سیاسی بۆ بڕیاردان
لەسەر پێدانی پەنابەری سیاسی. لە لایەکی دیکەوە، مەترسی لەسەر پێگە و مافەکانی پەنابەر
دروست دەکات. بۆ نموونە رێگاکانی سکاڵاکردن لە بڕیاری لیژنەی هەمیشەیی پەنابەرانی
سیاسی ڕوون نەکردەوە.
لە مادەی ٥٨ی دەستووری
قەتەردا هاتووە کە “ڕادەستکردنەوەی پەنابەرانی سیاسی قەدەغەیە، مەرجەکانی پێدانی
مافی پەنابەری سیاسی بە یاسا دیاری دەکرێت”. ئەوە بو دواتر وڵاتی قەتەر لەم
دووایانە هەلسا بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت(یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٨ تایبەتە بە
ڕێکخستنی مافی پەنابەری سیاسی) تێدا مافەکانی پەنابەری سیاسی ڕێكخراوە، لە مادەی
٣ی یاساکەدا هاتووە کە مافی پەنابەری بەو کەسانە نادرێت کە تاوانێکی گەورە و
نائاسایی لەدەرەوەی خاکی قەتەر کردبێت یاخو تاوانی جەنگ، دژ بە مرۆڤایەتی و
ئەوتاوانانەی لە رێککەوننامە نێودەوڵەتیەکاندا هاتون، یاخود هەر کارێک ئەنجام بدات
دژی ئامانج و پرەنسیپەکانی نەتەوەیی بێت، هەروەها ئەوکەسەی لەژێر پاراستنی
دەوڵەتەکەتی خۆیدابێت.
سەبارەت بە دەستووری
کۆماری فیدڕاڵی عێراق، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی ٢١ دا هاتووە کە "ڕادەستکردنی هاوڵاتی
عێراقی بە لایەن و دەسەڵاتدارانی بیانی قەدەغەیە"، ئەمەش لە دوای بڵاوبوونەوەی
بنەما دیموکراسیەکان و چەسپاندنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون لە زۆربەی
دەستوورەکاندا ئاماژەی بەوە دەکەن، هەروەها لە بڕگەی دووەمدا هاتووە" مافی پەنابەری
سیاسی لە عێراق بە یاسا ڕێکدەخرێت، لە هەمان کاتدا رێگەپێنەدراوە پەنابەری سیاسی ڕادەست
بکرێتەوە بۆ شوێنێکی بیانی یان بە زۆر بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە لێی هەڵهاتووە"،
هەر لەسەر بابەتی ڕادەست نەکردنەوە لە ماددەی ٣٥٨ی یاسایی بنەما دادگەرییە
سزاییەکانی عێراق جەخت لەوە کراوتەوە کە "تاوانبار بە هوکاری سیاسی و سەربازی
ڕادەستناکرێتەوە". لە بڕگەی سێیەمی ماددەی ٢١ی دەستوردا هاتووە کە "مافی
پەنابەری سیاسی نادرێت بەوکەسەی کە تۆمەتبار بێت بە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی یان
تیرۆریستی، یان زیانی بە عێراق گەیاندبێت". ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ هەندێک ڕێککەوتنە
نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشد. هەروەک ڕێککەوتننامەی نیویۆرک
لە ساڵی ١٩٧٣ "بۆ ڕێگریکردن و سزادانی تاوانەکان دژی کەسانی پارێزراوی نێودەوڵەتی"
ئاماژەی پێکرا، بەڕاشکاوی باسی لەوە کردووە کە تاوانە تیرۆریستییەکان لە هیچ بارودۆخێکدا
ناتوانرێت بە تاوانی سیاسی هەژمار بکرێن، هەروەها پێویستە ڕادەستبکرێنەوە، هەروەها
مادەی(٩)ی ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن لە پارەدارکردنی تیرۆریزمی ساڵی ١٩٩١ کە هەموو
دەوڵەتانی ئەندام پابەند دەکات بەوەی نابێت داواکارییەکانی ڕادەستکردنەوە، هاوکاری
یاسایی یەکتر، سەبارەت بە تاوانەکانی ڕێککەوتننامەکە ڕەتبکەنەوە بە بیانووی ئەوەی
تاوانی سیاسین. پابەندبوونێکی تی لەو شێوەیە لە بڕیارنامەی ژمارە ١٣٧٧ی ئەنجومەنی
ئاسایش لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٠١دا هاتووە بەپێی بڕگەی دووەمی ئەم بڕیارنامەیە، هەموو
وڵاتان پابەندن بە ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە پارەدارکردنی تیرۆر.
سەبارەت حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕگەیەکی
یاسایی نەخستۆتە ناو یاسای ناوخۆیی خۆیەوە بۆ ڕێکخستنی دۆخی پەنابەران. بەڵام لە
ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان (2004) و (2008) ئاماژە بە یاسای پەنابەری و پەنابەران
کراوە لە مادەکانی 17 و 19. بەڵام لە ڕەشنووسی دەستووری ساڵی ٢٠٠٩ لابراوە، جێگەی
سەرنجە لە دوای شەری داعش هەرێمی کوردستان مەوانداری ملیونان پەنابەری کرد تەنانەت
ئێستاش بەشێکی زوریان ماونەتەوە و نەگەڕانەوە. بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەرچاوی
ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەوا پێویستە لە ڕەشنووسی دەستووری دواتری
خۆیدا ئاماژە بە یاسای پەنابەری و پەنابەران بکات بەتایبەتی رێکخستنی مافەکانی
پەنابەری سیاسی.
دەرئەنجام
دیارترین و گرنگترین ئەو ئەنجامانەی لەم توێژینەوەیە پێیگەیشتین بریتین لە:
تا ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر و تەواوکەر بۆ پەنابەری سیاسی نیە، لەبەرئەوەی پێناسەکردنی چەمکی پەنابەری سیاسی پرسێکی ئاڵۆزە. بەڵام پەنابەری سیاسی لە یاسای نێودەوڵەتیدا ئەو پاراستنەیە کە دەوڵەتێک دەیبەخشێتە ئەو تاکەی کە داوای دەکات.
پەنابەری سیاسی بەبایەخترین و ڕێزلێگیراوترین جۆری پەنابەری دادەنرێت بەو پییەی سودمەندە لە زۆر ماف و ئیمتیاز کە پەنابەرانی تر لێی سودمەند نین
یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگرن لەوەی دەوڵەتان سزای تاوانکاری بەسەر ئەو پەنابەرە سیاسیانەدا بسەپێنن کە تووشی مەترسی بوونە، بە شێوەیەکی نایاسایی دەچنە ناو خاکەکانیانەوە، بەومەرجەی لە هەمان کاتدا دەبێت بەبێ دواکەوتن خۆی بخاتە بەردەم دەسەڵاتدا تا نیازپاکی خۆی دەسەلمێنێت و پاساو بۆ ڕەفتارەکانی دەخاتەڕوو.
مافی پەنابەری سیاسی بەو کەسانە دەدرێت کە لە وڵاتەکەیاندا تووشی گۆشەگیری و نادادپەروەری بوون، بەهۆی ئەوەی بۆچوونەکانیان پەیوەستە بە لایەنی سیاسی، ئایینی و بیروباوەڕە، کە لەلایەن دەسەڵاتی وڵاتانی بیانی پارێزگارییان لێدەکرێتن و دەرفەتیان پێدەدەن بەبێ ترس ڕای خۆیان دەرببڕن.
مافی پەنابەری سیاسی مافێکە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەستەبەردەکراوە و بەرگری لێدەکرێت. بۆیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا پاراستنی پەنابەران لە ئەستۆی دەوڵەتاندایە و پێدانی ئەم مافەش پابەندکەرە بۆ هەموو وڵاتان.
پرەنسیپی ڕادەستنەکردنەوەی تاوانبارانی سیاسی گەرەنتییەکی گرنگە بۆ ئەو پەنابەرە سیاسیانەی کە بە تاوانێکی سیاسی تۆمەتبار کراون یان سزادراون.
یاسای نێودەوڵەتی و ڕێسا پابەندکەرەکانی بە گەرەنتییەکی بنەڕەتی و گرنگ دادەنرێت بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی مافی پەنابەرانی سیاسی، لەپاڵیدا هاوکاری نێودەوڵەتی وەک گەرەنتیەک بە تەواوکەری ئەم دەقە یاساییانە دادەنرێت، لەبەرئەوەی دەقەکە بەبێ جێبەجێکردن وەک نامەیەکی مردوو دەمێنێتەوە.
هەندێک تاوان کە بە تاوانی سیاسی نازانرێت و تاک مافی ئەوەی نییە داوای پەنابەری سیاسی بکات، وەک تاوانی تیرۆر، تاوانی جەنگ، یان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
لە دەستوری (قەتەری – عێراقی) ئاماژەیان بە یاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی مافی پەنابەرانی سیاسی کراوە. هاوکات هەردوو وڵاتەکە یاسایی تایبەتیان لەسەری دەرکردوە.
لە هەرێمی کوردستان سەڕەڕای باوەشی گەرمی پەنابەرانە بەڵام هیچ یاسایەکی تایبەت بە پەنابەران بەتایبەتی پەنابەری سیاسی دەرنەکردوە، تەنها لە پرۆژە یاسای دەسوری (2004) و (2008) ئاماژە پێیکرابوو ئەویش لە پرۆژە یاسای (٢٠٠٩) لابرا.
ڕاسپاردە
دەبێت دەوڵەتەکان کارئاسانی بکەن لە ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەڕی دەکەن، ئەمەش لەڕێگەی دامەزراندنی فەڕمانگەی تایبەت و کەسایەتیی شایستە لەم بوارەدا.
پێویستە کێشەی پەنابەران وەک کێشەیەکی هەمیشەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. و دەوڵەتەکان دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرن کە پرسی پەنابەران بە سروشتی خۆی جیهانییە و هەربۆیە ناتوانرێت تەنیا لە ئاستی ناوچەیی یان نیشتمانیدا چارەسەر بکرێت.
کاربکرێت لەسەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی مۆدێرن کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە دیاردەی پەنابەری سیاسیدا ڕوویانداوە، کە تێیدا پەنابەرانی سیاسی پۆلێن بکات و مافەکانیان مسۆگەر بکات، کوتنەکرێت لەسەر بنەمای مەرج و و پەیوەندی وڵاتان لەگەڵ یەکتر.
پێویستە دەوڵەتان بە گشتی و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە رێکخستنی مافی پەنابەری سیاسی دەربکەن.