ساڵ: 2024
لە یەکەم نیگادا دەستەواژەی (دادگایی دادپەروەرانە) هێما بۆ دوو جۆر دادگایی دەکات، جۆرێکیان دادپەروەرانەیە، لەپاڵ ویدا، دادگاییەکی دیکە ئامادەیە، یانژی دەکرێ ئامادەبێ، ئەویش دادگایی نادادپەروەرانەیە، وەلێ ئەگەر قوڵتر لە بابەتەکە بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێ دادپەروەری خەسڵەتێکی ئۆنتۆلۆژی دادگاییە، بە وشەگەلێکی دیکە، پەیوەندییەکی تەنگاتەنگ لە نێوان پێڤاژۆی دادگایی و دادپەروەریدا هەیە، بە جۆرێک دەکرێ بڵێین ئەگەر دادگاییەک دادپەروەرانە نەبێت، ئەوا دادگاییەکە لە واتا ڕاستەقینەکانی خۆی خاڵی بۆتەوە و دەکرێ بیخەینە ژێر ناونیشانی دیکە و لە قاڵبی دیکەدا دایبنێین و چیتر بە دادگایی ناودێری نەکەین، بە کورتی دادگایی یان لە ئارادا نییە، یاخود دادپەروەرانە هەیە.
لەبەر ئەم گرنگییەی دادپەروەری لە پێڤاژۆی دادگاییدا، بەشێکی دیاری کۆششی هزریی فەیلەسووفان و یاساناسان بە ئاقاری بژارکردنی ئەو نادادییانەدا ڕۆیشتووە کە لە نێو پێڤاژۆی دادگاییدا بوون، بە هۆی ئەم دەرگیربوونە تولانییەشەوە، نها بابەتی دادگایی دادپەروەرانە جێیەکی دیاری لە یاسا نێودەوڵەتی و نێشتیمانییەکاندا هەیە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چەندان پەیماننامەی نێودەوڵەتی کەم تا زۆر ڕەنگڕێژی دادگایی دادپەروەرانە دەکەن، لە ئاستی نێوخۆیشدا، دەستوور و یاسا ئاساییەکانی وڵاتان چەندان بنەواشە و ڕێسا لە پەیوەندیدا بە دادگایی دادپەروەرانەوە لە خۆ دەگرن، بۆیە مایەی سەرسوڕمان نییە ئەگەر ساڵانە چەندان پەرتووک و توێژینەوەی ئەکادیمی و ڕێبەرنامە بە سەرجەم زوانە زیندووەکانی جیهان لە بارەی ئەم بابەتەوە بێنە دەرەوە.
ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی (KCIL)، لە سۆنگەی گرنگی بابەتەکە و نەبوونی هیچ ژێدەرێک لەسەر دادگایی دادپەروەرانە بەزوانی شیرینی کوردی لە نێو کتێبخانەی کوردیدا، ئەرکی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێبەرنامەیەی لە ئەستۆ نا. سەرەتا چەند دادوەرێکی بەڕێز بە ئامادەکردنی ڕەشنووسێک ڕاسپێردران، دواتر لەگەڵ چەندان شارەزا و پسپۆڕ و خاوەنڕادا ڕەشنووسەکە بەرباس درا، پاشان بە پاڵێوەری زمانەوانیدا تێپەڕێنرا، جەمی قسەکان ئەوەیە ئەم ڕێبەرنامەیە زادەی کاری پێکەوەیی چەندان تیمە، تیمی نووسین، تیمی پشتیوانی، تیمی زمانەوانی، هەموویان لە بەستێنی پڕۆژەیەکی ناوەندی ناوبراودا دوور و نزیک ڕۆڵیان هەبووە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕێبەرنامە، بگرە یەکەم بڵاوکراوەی کوردی لەبارەی دادگایی دادپەروەرانەوە.
هەرچەندە ئەمە ڕێبەرنامەیە و توێژینەوەیەکی ئەکادیمی نییە، بەڵام سروشتی بابەتەکە وایدەخواست بە میتۆدی بەراوردکارییەوە بگیرسێینەوە، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ، ڕێبەرنامەکە گرنگی بە هەردوو لایەنی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی بابەتەکە دەدات و خۆبەخۆ دەستگیرۆیی خۆێنەر دەکات بۆ بەراورد کردنی یاسا ئێراقی و کوردستانییەکان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگایی دادپەروەرانە.
شایانی هێما بۆ کردنە، بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێبەرنامەیە یەکەم وێستگەی گەشتێکی دوورمەودای ناوەندەکەمانە سەبارەت بە دادگایی دادپەروەرانە، هەوڵەکان بە ئامانجی گەیاندنی ئەم ڕێبەرنامەیە بە ئاستێکی باڵاتر، بەردەوام دەبن، لە وەشانەکانی داهاتوودا، هەر وەک ڕێبەرنامە جیهانییەکان، لە ژێر ڕۆشنایی پێدراوە نوێیەکاندا، بابەتی نوێی بۆ زیاد دەکرێ و بە ئاستێکی باڵاتر دەگەیەنرێ، بە دەربڕینێکی دیکە، لە دیدی ناوەندەوە ئەم ڕێبەرنامەیە بناغەیەو لە داهاتوودا تەلارێکی مەزنی لەسەر هەڵدەچنین. تەنیا ماوەتەوە بڵێین ئەم ڕێبەرییە یەکێکە لە زنجیرە بڵاوکراوەکانى ناوەندەکە و وەزارەتى دەرەوەى ئەڵمانیاى فیدراڵ لە رێگەی Institut für Auslandsbeziehungen (IFA)، باربۆى کردووە.