ساڵ: 2024
ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی ماوەی سێ ساڵە پرۆژەیەكی بۆ بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە كوردستان سەرپێخستووە، ئامانج لە پرۆژەكە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە نزیكترین مەودادا، یاسایەك بۆ یاساغكردنی تاوانە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستاندا دەربچوێنێت، بۆ ئەم مەبەستە، هەم یاسایەكی ڕەشنووس كردووە و هەم چەندان ڕاهێنانی بۆ دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و پارێزەران ئەنجامداوە.
وەك بەشێك لە هەوڵە بەردەوامەكان بۆ بەناوخۆیكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە كوردستاندا، ناوەند ئەم ڕێبەرەی لەسەر لایەنە ڕێكارییەكانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بە زمانی كوردی ئامادە كردووە، ڕێبەرەكە بۆ ماوەی شەش مانگ كاری لەسەر كراوە و لە لایەن سێ پسپۆری بە توانای بوارەكەوە نووسراوە، ئامانج لێی، پركردنەوەی ئەو بۆشاییەیە كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان، لەمەڕ دادبینی سەبارەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەكان هەمانە.
دەستپێشخەریی نووسینەوەی ڕێبەرێکی گشتگیری یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بە کوردی، خزمەت بە چەند مەبەستێک دەکات. ڕێبەرەکە بە پلەی یەکەم، دەیەوێت چوارچێوەی یاسایی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و توانای پسپۆڕە یاساییەکان زیاتر بکات، ئەمەش دڵنیایی دەدات لەوەی ئەندامانی خێزانی دادوەری و دەزگاکانی داواکاری گشتی و ڕاوێژکارە یاساییەکان و یاساناسان، مەعریفەی پێویستیان بۆ بەڕێوەبردنی پەڕاوی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هەبێت. ڕێبەرەکە پێشینەیەک دەبێت بۆ ڕێبەرە یاساییەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستاندا. لە ڕێی زەقکردنەوەی سوودی ڕێبەرە ڕێکارییەكانی تایبەت بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ پسپۆڕە یاساییەکان، هەروەها هانی سەرپێخستنی سەرچاوەی هاوشێوە لە بوارە یاساییەکانی تریشدا، دەدات. ئەم ڕێبازە ڕوو-لە-داهاتووە دڵنیایی لە پەرەسەندن و پتەوکردنی بەردەوامی جڤاتی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا، دەدات.