سەرتاوتار و شیکاری

بڕیاری ژمارە ٦٨٨ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و ساڵانی ڕووداوە مەزنەکان

پێش ٣٥ ساڵ، عێراق کوێتی داگیر کرد (ئەوەش ڕووداوێکی پڕ مەزن بوو). پێش ٣٤ ساڵ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی لە بارەی گەلی کوردەوە دەرکرد. ئەوەش وای کرد ساڵانی ١٩٩٠ و ١٩٩١ ساڵانی ڕووداوی مەزن بن بۆ گەلەکەمان. پاش ڕاپەڕینەکەی ئازاری ١٩٩١ و ئازادکردنی باشوووری کوردستان، بە کەرکووکیشەوە، لە چەپۆکی حکومەتەکەی بەعس و سەدام (کە یەک لە مەزنترین ڕووداوەکانە)، خەڵک دەترسان بەعس تۆڵە بکاتەوە. دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆردومانی چڕ هەبوو. دەوترا هێرشی پێچەوانەی بەعس نزیکە و ئەمڕۆ نا سبەی هەر ڕوو دەدات. لەو دۆخە دەروونی-کۆمەڵایەتییەدا، خەڵک تێکڕا، چەندی پەرژان، لە ماڵ و حاڵ کۆیان کردەوە و بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا هەڵهاتن. بەوەش دەوترێت کۆڕەو(exodus)ە ملیۆنییەکەی ١٩٩١ (یەکێکی تر لە ڕووداوە مەزنەکان).

بەهۆی ژمارەی پەنابەرانەوە فشارێکی زۆر خرایە سەر ئێران و تورکیا، دەبوو هاوکاریی مرۆیی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن کورد دابین بکەن، لە چادر و ئاو و نان و خۆراک و ئاسایش. دەبوو هاوکاری دەزگا فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان بن، تا بتوانن بەبێ گێچەڵ و مەترسیی ئەمنی، کار بکەن. ئەوەش واتە تەرخانکردنی سەرچاوەی مرۆیی و دارایی. بۆ کێش؟ بۆ کورد! واتە ئەوەی ئەوان ئاواتی لەناوبردنیان دەخواست، ئێستا ئیتر ناچار بوون بیپارێزن و جێشیان بکەنەوە. بەو پێیەی خەڵکیش لەسەر سنوورەکان بوون، سنوورەکانی ئێران و تورکیاش، هەمان سنوورەکانی کوردستانە (ڕۆژهەڵات و باکوور)، بۆیە زۆرترینی ئەو ئەرک و میوانداری و زەحمەتکێشانە، کەوتنە سەر شانی کوردانی ناوچە سنوورییەکان. لەو دۆخەدا بوو، هەرسێ نوێنەری هەمیشەیی تورکیا و ئێران و فەرەنسا، یەکەمیان لە ٢ی نیسان، دووەمیان لە ٣ و ٤ی نیسان، سێیەمیشان لە ٤ی نیسانی ١٩٩١ نامەیان دایە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش و لەو دۆخە ناهەموارە ئاگاداریان کردەوە. ئەنجوومەنی ئاسایشیش، پاش کۆبوونەوە و گفتۆگۆی خێرا، لە ٥ی نیسان بڕیاری ژ. ٦٨٨ی دەرکرد (کە یەکێکی ترە لە مەزنترین ڕووداوەکان).

ئەو بڕیارە لە زۆر لایەنەوە بایەخدارە. بۆ کورد، دیارە کە بە دوای ئەو بڕیارەدا هێزی نێودەوڵەتی هاتنە ناوچەکە و هاوکاریی گەیەنرایە ئاوارە و پەنابەران و دواتریش گەڕانەوە و کۆتا جاریش، ناوچەی دژەفڕین وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ٦٨٨ و پاراستنی کورد لە تۆڵەسەندنەوەی سەدام و بەعس، چەسپێنرا. لە ئاستی جیهانیشدا، ئەو بڕیارە بێوێنە و بێپێشینە بوو. پاش دووەمین جەنگی جیهانی، کە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یو.ئێن) دامەزرا، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو ڕێکخراوەش هەمان چارەنووسی کۆمەڵەی گەلان-ی نابێت و بەزوویی ناکەوێت، دەبوو هەندێک جیاوک(ئیمتیاز) بدرێت بە زلهێزە براوەکانی جەنگەکە. بۆ ئەوەش، هەر پێنج دەوڵەتی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و یەکێتیی سۆڤیەتی [کە پاش ڕووخانی لە ١٩٩٠-١٩٩١ ڕوسیا بوو بە میراتگری] کرانە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و لە پرسە جەوهەری (یان ناڕێکارییەکان)دا، مافی ڤیتۆیان پێ درا. بۆ پرسە جەوهەرییەکان نابێت هیچکام لەو پێنج ئەندامە، ڤیتۆی بڕیارێک بکەن، ئەگینا دەرناچێت و نابێتە بڕیار. بەو هۆیەوە و لە ئەنجامی ڕاجیاوازی و بەرژەوەندیی جیاوازەوە، لە پرسە مرۆییەکاندا نەتوانراوە هیچ بڕیارێک بە کۆی دەنگ دەربکرێت. تاکە ئاوارتە، دۆسیەی کۆریایە لە ١٩٥٠، پاش ئەوەی کۆریای باکوور پەلاماری کۆریای باشووری دا، ئەنجوومەن بە کۆی دەنگ بڕیاری هاوکاری و بەدەمەوەچوونی کۆریای باشووری دا. بەڵام لەو بڕیارەدا، یەکێتیی سۆڤیەتی ئامادە نەبوو، ئەگینا دەکرا ڤیتۆی بکات. تا کاتی کۆڕەوەکە و پاش داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە لە ١٩٩٠، جگە لە هەبوونی چەند حاڵەتێکی دەستوەردانی مرۆڤدۆستانەی تاکلایەنە (بۆ نموونە دەستوەردانی هندستان لە باشووری پاکستان [دواتر: بەنگلادیش] لە ١٩٧١ و دەستوەردانی تانزانیا لە ئوگەندا لە ١٩٧٩)، هیچ حاڵەتێکی دەستوەردانی مرۆڤدۆستانەی دەستەجەمی، نەبووە. بۆیە دەکرێت بڕیاری ٦٨٨ وەک پێشینەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی لە پرسی دەستوەردانی مرۆڤدۆستانە و پێشێلکردنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەت لەبەر پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ، سەیر بکرێت.

چەند هۆکارێک هاوکار بوون لە دەرچوواندنی بڕیاری ٦٨٨دا. یەکەمیان، بێگومان داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە و درروستبوونی ڕایەکی جیهانیی خراپ لەسەر عێراق، یان کۆدەنگییەک لە دژی، چونکە ئەو داگیرکردنە بۆ خۆی ڕوداوێکی دانسقە بوو، دەمێک بوو شتی وا لە جیهاندا نەقەومابوو. پاش دووەم جەنگی جیهانی و دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەند جارێک دەوڵەتان هێزیان دژی یەکتر بەکارهێناوە، بەڵام داگیرکردنی تەواوەتیی (full scale)ی وەک ئەوەی عێراق دژی کوێت، نەبووە. دووەمیان، چوونی کوردانی ئاوارە بۆ سەر سنوورەکان و بەوەش گۆڕینی مۆرکی دۆخەکە، لە دۆخێکی "ناوخۆیی"یەوە بۆ دۆخێکی "نێودەوڵەتی"، کە کاریگەریی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت. چونکە وەک بنەما، گەر ڕووداوێک لە هەمان سنووری جوگرافیی دەوڵەتێکدا بێت، بە ڕووداوێکی ناوخۆیی دەناسرێت، بەڵام گەر بگاتە سنووری دەوڵەتانی تر، ئەوکات لە ناوخۆییبوون دەکەوێت و وەک ڕووداوێکی نێودەوڵەتی دەبینرێت. سێیەمیان، تورکیا دژی پەنادانی کوردان و مانەوەیان لەسەر سنوورەکان بوو. چوارەم، ئاوارەبوون و کۆڕەوی کوردان، بەشێک یان لێکەوتەیەکی بەکارهێنانی هێزی نێودەوڵەتی بوو دژی عێراق بەمەبەستی وەدەرنانی لە کوێت. چونکە پاش ئەوەی لە عێراق درا و شکستیان پێ چەشت و بە زەبری هێز لە کوێت کرایە دەرەوە و ژێرخان و سەرخانی سەربازیی وێران کرا، کورد و شیعە هەلەکەیان قۆستەوە و ڕاپەڕیین. ئەوەش واتە جڤاتی نێودەوڵەتی، بەهۆی ئەو پەیوەندییەی نێوان کۆڕەوەکە و خودی وەدەرنانی عێراق لە کوێتەوە، ئەرکێکی زیاتری دەکەوتە سەر شان و دەبوو کاردانەوەیەکی هەر هەبێت.

لە کاتی دەنگدان لەسەر بڕیارەکەدا، ١٠ دەوڵەت بە بەڵێ دەنگیان دا، ٣ دەوڵەت بە نا (کوبا، یەمەن، زیمبابوێ)، ٢ دەوڵەتیش خۆیانیان بوارد (چین و هندستان). خۆبواردن (بە ئینگلیزی: abstention - بە عەرەبی: الامتناع) لە یاسادا دۆخێکە دەوڵەتێک بڕیار دەدات نە بە بەڵێ و نە بە نا، دەنگ لەسەر بڕیارێک نەدات. واتە دەنگنەدان. ئەوەش لەم دۆخەدا زۆر باش بوو، چونکە چین کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنە، دەیتوانی ڤیتۆ بکات و نەیکردووە. گەر ڤیتۆی بکردایە، بڕیارەکە دەرنەدەچوو. هەندێک دەڵێن ئەمەریکا، زۆرترین لۆبیی بۆ دەرچوواندنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی پەیوەست بە عێراق و تەنگژەی کەنداو(Gulf Crisis)ەوە کردووە. لەوانەش هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی یەکێتیی سۆڤیەتی و چین بەوەی بڕیارەکان ڤیتۆ نەکەن. بۆ ئەوەش، چاوی لە هەندێک ڕووداو پۆشیوە، وەک پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لیتوانیا و ئیستۆنیا لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتییەوە، هەروەها توندوتیژییەکانی مەیدانی تیانێمن لە چین و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر چین، کە بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەوە بەسەریدا سەپاندبوونی.

ئەوەی بڕیاری ٦٨٨ ڕێی بە بەکارهێنانی هێز دژی عێراق داوە یان نا، یەکلا نییە. هەندێک دەڵێن ئاماژەکردنی ئەنجوومەن بە "هەڕەشەی سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی" و لەقەڵەمدانی قەیرانی ئاوارەبوونی کوردان وەک یەکێک لەو هەڕەشانە، وای کردووە بڕیارەکە لە سایەی بەشی حەوتەمی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەربکرێت. بەشی حەوتەم تایبەتە بە ڕێگەدان بە بەکارهێنانی هێزی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، دێنە ئەژمار. بەڵام هەندێکیش دەڵێن نا، ئەوە بەس نییە. ئەنجوومەن لە هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە تەنگژەی کەنداو (کە ناوێکە مەبەست لێی داگیرکردنی کوێتە لەلایەن عێراقەوە لە ١٩٩٠) بەڕوونی ئاماژەی بە بەشی حەوتەمی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوە، بەڵام هەمان شتی لە بڕیاری ٦٨٨دا نەکردووە. بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا بە هانای کوردەوە هاتن و ناوچەی دژەفڕینیان لە باکووری هێڵی ٣٦ دروست کرد. ئەوەش هۆکار بوو، کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە و ژیان لە هەرێمی کوردستان، کەم تا زۆر، ئاسایی بێتەوە.

سەرباری ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانە، لە ئاستی ناوخۆییدا زۆری نەخایاند، حیزبە کوردییەکان دەستیان دایە یەخە و بیناقاقای یەکتر و شەڕی ناوخۆی چوار ساڵە هەڵگیرسا، کە ئەویش لە ١٩٩٨ و بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، کۆتایی پێ هێنرا (کە هەم شەڕەکە و هەم کۆتاییەکەشی، دوو ڕووداوی مەزن بوون). بەڵام ئەمڕۆش هێشتا ئاسەوارەکانی ئەو شەڕە ناوخۆییە ماون و تارمایی ئەو شەڕە و لێکەوتەکانی، هێشتا بەسەر سەرمانەوەن. عیبرەتی ئەم بابەتە و ئەم یادە مێژووییەش ئەوەیە کە ئەنجوومەنی ئاسایش، بە پێنج زلهێزی ئەندامی هەمیشەیی خاوەن مافی ڤیتۆوە، بۆ یەکەمین جار لە دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لەسەر یارمەتیدانی کوردی چەوساوەی عێراق، یەک و کۆدەنگ بوون. بەڵام کورد خۆی ئەوسا و ئێستاش، نەیتوانیوە شێوەیەکی جێگیر و سەقامگیری یەکێتی و یەکبوون، بنیات بنێت، تا هیچ نەبێت مەرگەساتی وەک کۆڕەو و ئەنفال، شەڕی ناوخۆ و دووئیدارەیی، بەفیڕۆدان و گەندەڵی، جینۆسایدی شینگال و ئێزدی، ڕیفراندۆم و لەدەستدانی خاکی زیاتر و بەعەرەبکردنی کەرکووک و خانەقین و ناوچە دابڕاوەکانی تر، یان بنبڕ بکات، یانیش هیچ نەبێت کەمتر و خاوتر بکاتەوە.

بە مەبەستی تێگەیشتن و ئاشنابوونی زیاتری خوێنەرانی هێژا بە ناوەڕۆکی بڕیارەکە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ٥ی نیسانی ١٩٩١
بەو پێیەی ئەنجوومەنی ئاسایش،
هۆشیارە بە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سایەی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا،
حوکمەکانی مادەی ٢، بڕگەی ٧ی چارتەرەکەی لەبیرە،
زۆر نیگەرانە بە سەرکوتکردنی خەڵکی مەدەنی لە زۆر ناوچەی عێراقدا، بەوەی ئەم دواییەی ناوچە کوردنشینەکانیشەوە، کە بووە هۆکاری شەپۆلێکی مەزنی پەنابەران بەرەو و بە نێو سنوورە نێودەوڵەتییەکان و بەزاندنی ئەو سنوورانەش، کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا دەخەنە مەترسییەوە،
زۆر وەڕزە لەو ناڕەحەتییەی مرۆڤەکان لەو دۆخەدا دەیچێژن،
نامەی ڕۆژانی ٢ و ٤ی نیسانی ١٩٩١ی نوێنەرانی تورکیا و فەرەنسا، بە دوای یەکدا، بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کە درابوونە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەهەند دەگرێت،
نامەی ڕۆژانی ٣ و ٤ی نیسانی ١٩٩١ی نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کە درابووە سەرۆکی سکرتێری گشتی، بەهەند دەگرێت،
جەخت لە پابەندێتیی سەرجەم دەوڵەتانی ئەندام دەکاتەوە بە ڕێزگرتن لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سیاسیی عێراق و هەموو دەوڵەتانی تری ناوچەکەش،
ئەو ڕاپۆرتەی سکرتێری گشتی لە ٢٠ی ئازاری ١٩٩١دا ناردوویەتی، لەبیرە،

١. سەرکۆنەی سەرکوتکردنی خەڵکی مەدەنیی عێراق دەکات لە زۆر ناوچەی عێراقدا، بەوەی ئەم دواییەی ناوچە کوردنشینەکانیشەوە، کە ئەنجامەکانی [وەها سەرکوتێک] دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی؛
٢. داواکارە عێراق، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا، دەستبەجێ وەها سەرکوتکردنێک کۆتایی پێ بهێنێت. لە هەمان بەستێنیشدا هیوادارە گفتۆگۆی کراوە هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی مافە سیاسی و مرۆییەکانی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق، ڕێزلێگیراون؛
٣. سوورە لەسەر ئەوەی عێراق ڕێگە بە دەستڕاگەیشتنی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان بە هەموو ئەوانەی پێویستیانە، بدات و هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ هەڵسووڕانی ئەو ڕێکخراوانە لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا، بکات؛
٤. داواکارە سکرتێری گشتی لە هەوڵە مرۆڤدۆستانەکانی خۆی لە عێراقدا، بەردەوام بێت و گەر پێویستیشی کرد--بەرمەبنای نێردەیەکی تر بۆ ناوچەکە-- ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی نالەباری خەڵکی مەدەنیی عێراق، بە دیاریکراوی دانیشتووانە کوردەکە، پێشکەش بکات، کە بە دەست هەموو جۆرەکانی سەرکوتکاری لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، دەناڵێنن؛
٥. هەروەها داواکارە سکرتێری گشتی، هەموو سەرچاوەکانی بەردەستی بەکار بهێنێت، بەوەی ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، تا بەپەلە ئاوڕ لە پێویستیی تەنگەتاویی پەنابەران و خەڵکی ئاوارەی عێراقی، بدرێتەوە؛
٦. خوازیارە هەموو دەوڵەتانی ئەندام و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان، لەم هەوڵە فریاگوزارییە مرۆڤدۆستانەیەدا بەشدار بن؛
٧. داواکارە عێراق بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، هاوکاریی سکرتێری گشتیی بکات؛
٨. بڕیار دەدات بە وردی چاودێریی ئەم پرسە بکات.