سەرەتاوتار و شیکاری

نوێترینەکان

ڕێبەر بۆ ژنانی باوەڕدار لە هەرێمی کوردستان

داونلۆدی ڤێرژنی PDF

ئەم ڕێبەرە  (ڕێبەری ژنانی باوەڕدار) بە مەبەستی بەهێزکردن و تێکەڵکردنی ژنانی باوەڕداری هەرێمی کوردستان داڕێژراوە، لەپێناو گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی باوەڕ و دادپەروەرییەوە. هەرێمی کوردستان لە چەندان نەریتی ئایینی جیاواز پێکهاتووە، لەوانە ئیسلام، مەسحییەت، ئێزیدی، زەردەشتی، کاکەیی، بەهایی، سابئی-مەندائی و جوولەکە. ژنان لەم جۆرە کۆمەڵگا هەمەچەشنەدا بە شێوەیەکی ناوازە ڕۆڵیان لە خێراکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەدا هەیە كە پەیوەستن بە بونیاتنانی ئاشتی، دادپەروەری، داكۆكی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. ئەم ڕێبەرە بە تیشک خستنە سەر دادپەروەری و چارەسەر، لەنێو دیمەنی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ئایینی، سیاسیدا کار دەکات.
ئەم ڕێبەرە دان بە ماتەوزەی بەهێزی ئاییندا دەنێت وەک سەرچاوەیەکی هاوچەرخ بۆ گەشەپێدان، هەروەها دان بەوەشدا دەنێت کە كەسایەتییە ئایینییەکان دەبێت بەردەوام هاودەنگ بن بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی بەردەوام. ژنانی باوەڕدار دیدگایەکی ناوازەیان هەیە بۆ هاوئاهەنگکردنی میراتی ڕۆحیی خۆیان لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری، یەکسانی، و دادپەروەری لە کۆمەڵگاکانیاندا.

ئەم ڕێبەرە ئاماژە بەو کارە کردەییانەش دەکات کە ژنان دەتوانن ئەنجامی بدەن، وەک ڕێکخستنی گفتوگۆ و دیالۆگ، نووسینی سکاڵا، هەماهەنگیكردن لەگەڵ سەرکردەکان و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە. هەروەها سەرنجی ئەوانی دی دەهێنێتە سەر ڕێگاکانی چارەسەرکردنی نادادپەروەری لە کۆمەڵگاکاندا و جەخت لە گرنگیی پەیوەندیکردنی ژنان لەپێناو زیادکردنی هێزی بەكۆمەڵیان لە سەرتاسەری کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، دەکاتەوە. ئەم ڕێبەرە هەوڵ دەدات ئامراز و نموونە پێشکەش بکات بۆ بەهێزکردن و ئیلهام بەخشین بە ژنان بۆ ڕابەرایەتیكردنی دەستپێشخەرییەکان و دروستکردنی دەرفەتی سەرکردایەتی کە دەتوانرێت لە ڕێگەیانەوە بەربەستە کولتوورییەکان تێپەڕێنن، تاکوو ژینگەیەک بۆ خۆبەهێزکردن و گۆڕانکاریی ئەرێنی دروست بکەن. هەر بەشێک بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ژنان لەسەر ڕێگایەکی نوێ ڕێنمایی بکات بەرەو  بیركردنەوە لە دادپەروەری لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەویش بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و ئاشتەواتر کە ژنان تێیدا لە پێشەنگی داكۆكی و بڕیارداندا بن.