ناوەند دووەم گفتووگۆى کراوەى سەبارەت بە ناوخۆییکردنى یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی لەگەڵ پەرلەمانى کوردستاندا ئەنجامدا

ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی، بە پاڵپشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدڕاڵ، لە ٢٦ـی تەمموزی ٢٠٢٢، مێزگردێکی لەگەڵ نوێنەرانی چوار لیژنە لە پەرلەمانی کوردستان ڕێکخست، ئەوانیش لیژنەکانی (یاسایی، مافەکانی مرۆڤ، شەهیدان و کاروباری کۆمەڵایەتیی). هێژای گووتنە سەرۆکی پەرلەمان و ڕاوێژکارە یاساییەکان و نوێنەری کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەى دانیشتنەکە بوون.

لە سەرەتادا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی، سوپاسی هاریکاریی و پاڵپشتیی سەرۆکی پەرلەمان و بەڕێوەبەری یەکەی توێژینەوەی پەرلەمانی کرد، هەروەها مەبەست و ئامانجەکانی کۆڕبەندەکە و ئامانجی گشتیی پڕۆژەکە، کە بەتاوانناساندنی تاوانە مەترسیدارەکانە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، سەرتاپێ ڕوون کرایەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر 'ڕێواز فایەق' لە وتەکەیدا گوتی: "ئەگەر پرسی بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ زۆرێک لە نەتەوەکانی جیهان بابەتێکی ئەکادیمیی و گرێدراو بێت بە مافەکانی مرۆڤەوە، ئەوا بۆ گەلی ئێمە هێشتا بابەتی مان و ژیانە، چونکە هێشتا زۆر پێشێلکاریی یاسایی نێودەوڵەتیی بەرانبەر گەلەکەمان دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، پاڵپشتیی گفتوگۆیەکی کراوە دەکەین لەم کۆبونەوەیەدا، هەروەتر هیواشی خواست کۆتایی گفتوگۆکە ئامانجی باش بەدەستەوە بدات و وەڵامی پرسە یاساییەکان لەمەڕ بەناوخۆییکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بداتەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەشدا داوای لە ئامادەبووان کرد کورتەیەک لە باسە گرنگەکان ئامادە بکەن، بەم ڕەنگە پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت وەک داڕشتنی پڕۆژە یاساکە بەکاری بهێنێت، ئەمەش بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی کورستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی. لە کۆتاییدا داوای لە ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی کرد تا پاڵپشتیی زیاتری پەرلەمانی کورستان لە داڕشتنی پڕۆژە یاساکاندا بکات، ئەمەش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. تایبەتیش ئەو گفتوگۆیەى ئێستا هەیە لەمەڕ پڕۆژەیاسای دژ بە جیاکاریی لە هەرێمی کوردستاندا. 

پاشان هەردوو بەڕێز دکتۆر 'محەمەد ڕەشید و دکتۆر 'شیراز ئیبراهیم' پوختەی توێژینەوەکەیان پێشکەش کرد و  دەرەنجام و پێشنیارەکانیان لەمەڕ  بەناوخۆییکردنی یاسایی تاوانی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق خستە ڕوو. هەروەها بەشداربووان تاوتوێی ئاڵەنگاریی و چارەسەر و پێشنییارەکانییان کرد.

بەشداربووان لە کاتى گفتووگۆکردنى بە ناوخۆییکردنى یاساى تاوانی نێودەوڵەتیی