زەمینەسازیی بۆ بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودوڵەتيی و ڕێکارەکانی بەرلێگرتنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە کوردستان

ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدڕاڵ، ئامانجێتی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی  (زەمینەسازیی بۆ بە ناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودوڵەتيی و ڕێکارەکانى بەرلێگرتنى تاوانە نێودەوڵەتییەکان  لە کوردستان) لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا و لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی یاسایی جێبەجێ بکات.

  • بە شێوەیەکی گشتیی چالاکییەکانی پڕۆژەکە بۆ سەر  شەش  ئاستی بنەڕەتیی دابەش دەبن، کە ئەمانەن:
    - بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتيی لە ڕێی وەرگێڕانی پەیماننامە و بنەڕەتننامە پەیوەندییدارەکان بە یاسای تاوانی نێودەڵەتیی .
    - ئاشناکردنی کەسانی نێو دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی یاسادانان لە ھەرێمی کوردستان بە بنەماکانى یاساى تاوانى نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێی خولی  ڕاهێنانەوە.
  • - بە سوودوەرگرتن لە دەرئەنجامی توێژینەوەکان و شارەزایانى  ناوەندى کوردستان بۆ یاساى نێودەوڵەتیی، ناوەند تیمێکى شارەزا بە مەبەستى  پێدانىڕاوێژ بە پەرلەمانى کوردستان تەرخاندەکات، ئەمەش بە مەبەستى  پێداچوونەوە بە یاسا دەرچووێندراوەکان و یارمەتیدانى پەرلەمان لە کاتى نوسینەوەى یاساى نوێ بە گوێرەى بنەماکانى یاساى نێودەوڵەتیی.
    - ڕێکخستنی کەمپی خوێندنگەی ھاوینە بۆ خوێندکارانی کۆلێژی یاسا بە مەبەستی ئاشناکردنیان بە سیستەمی یاسایی تاوانی نێودەوڵەتیی و  یاساى نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ.
    - ئامادەکردنی پەیڕەوی پەیوەست بە ڕێکارەکانی ڕێگریی لە تاوانی جەنگ بۆ وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى ھەرێمی کوردستان. بە ئامانجی بەکارھێنانی پەیڕەوەکەش، ناوەند زنجیرەیەک خولی ڕاھێنان بۆ کەسانی سەربازیی بە ئاڕاستەى بەگەڕخستنی ڕێکارەکانی ڕێگریی لە تاوانەکانی جەنگ و ھۆشیاریی بەرانبەر لێکەوتەکانی تاوانى جەنگ  بەگوێرەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی، ڕێکدەخات.
    - لە پرۆژەکەدا، ناوەندى کوردستان بۆ یاساى نێودەوڵەتیی هەوڵدەدات بە هاوکارى ناوەندێکى بیانى تایبەت بە یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی خولێکى پێگەیاندنى ڕاهێنەرانى تایبەت بە یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ (١٠) ڕاهێنەر بسازێنێ.
  •  

پڕۆژەکە لە چوارچێوەی قۆناغی جێبەجێکردندا ڕاستەوخۆ پردێکی پەیوەندیی لەگەڵ ئەندامانی پەڕلەمان و دادوەر و داواکاری گشتی و ئەکادیمیان و نوێنەری پێکهاتەکانی کوردستان دەسازێنێت. ئەمەش بە ئامانجی زیاتر بەهێزکردنی پڕۆژەکە و جێگیرکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی، ھاوکات ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی، لە ڕێی ئەم پڕۆژەیەوە و لەم قۆناغەدا، تەنها مەبەستێتی زەمینەسازیی بکات و هەوڵی بەرزکردنەوەی توانای کەسانی ناو دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانان و کەسانی سەربازیی و شارەزایان بدات، ئەمەش لە چوارچێوەی زیادکردنی کایەی ھۆشیاریی گشتییدا. یەکێک لە ئامانجە دوورمەوداکانی ناوەند بە سوودوەرگرتن لە توانای شارەزایانی بیانیی و ئامانجە بەدیهاتووەکانی پڕۆژەکە و کەسانی ناوخۆ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ھەوڵدەدات کە پڕۆژە یاسایەک گەڵاڵە بکات و ئاڕاستەی پەرلەمانی بکات، ئەمە بە ئامانجی درووستکردنی زەمینەیەک بۆ بەناوخۆیکردنی یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی لە سیستەمی دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانانى کوردستاندا.