سەرەتا پڕۆژەکان

زەمینەسازیی بۆ بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودوڵەتيی و ڕێکارەکانی بەرلێگرتنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە کوردستان

داونلۆدی ڤێرژنی PDF

ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، پرۆژەیاسایەکی گرنگ و بایەخدار و زیندووی پەیوەست بە چەسپاندنی یاسای نێودەوڵەتیی تاوان و بەرکارکردنی لە هەرێمی کوردستان، ئامادە کردووە. کارکردن لەسەری دوو ساڵی خایاند، کە تێیدا ناوەند بە هاوەڵیی شارەزایانی ئەکادیمی و دادوەران، پرۆژەی "یاسای بەرەنگاربوونەوە و سزادانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان"ی داڕشت. ئەم یاسایەش هەوڵێکی هاوبەشە بۆ بەرگرتن لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەیان لە حاڵەتی ڕوودان و دووپاتبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەشیدا.
پێڤاژۆی داڕشتنەکە زنجیرەیەک چالاکیی لە سەرەتای ٢٠٢٢ەوە لەخۆ گرت. بە توێژینەوەی قووڵ و هەڵسەنگاندنی بنەڕەتیی بۆ ڕێگەکانی موتوربەکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە نیزامی دادپەروەریی سزایی ناوخۆیی، دەستی پێ کرد. ئەو توێژینەوانە بوونە بناغەی ڕەشنووسێک، کە لەسەر نوێترین و کاریگەرترین ڕێگەکان، دامەزرابوو. پاش داڕشتنەوەی لەلایەن شارەزایانەوە، لە زنجیرەیەک وۆرکشۆپدا لەگەڵ دادوەران و داوکارانی گشتی و یاساناسان لە هەولێر و سلێمانی، تاووتوێ کرا. لەگەڵ پەرلەمانی کوردستانیشدا باس کرا و ڕەشنووسەکەیان پێ درا. بە هاوئاهەنگیی کارا لەگەڵ پەرلەمانی کوردستاندا، ئەو بۆچوونانەی بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکانی ناو ڕەشنووسەکە پێویست بوون، باس کران. سەرباری ئەوانەش، هەندێک لایەنی پرۆژەکە لە ژمارەیەک وۆرکشۆپدا لە ئەڵمانیا (٢٠٢٢) و هۆڵەندا (٢٠٢٣) گفتوگۆ کران، کە لەوێشەوە هەلی ئەوە دروست بوو پرۆژەکە بخرێتە بەردەم جەماوەرێکی فراوانی نێودەوڵەتی و تێچێنی بەهادار لە کۆمەڵێک شارەزای نێودەوڵەتیی هەڵبژێردراوەوە لە یاسای نێودەوڵەتیی تاواندا، بەدەست بێت. جگە لەوەش، ڕەشنووسەکە لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزای هەڵبژێردراو و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا بەش کرا و داوای تێچێن و تێبینییان لێ کرا. وەها ڕێگەیەکی هاریکارانە، سوودمەندبوون لە بڕێکی زۆر و هەمەڕەنگی بۆچوون و بیرۆکە، مسۆگەر دەکات.
هەنووکەش پرۆژەکە بە سێ زمان ئامادەیە: کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی. ئەم ڕێگە فرەزمانییە بەڵگەیە لەسەر پابەندبوون بە بەردەستخستنی یاساکان بۆ جەماوەرێکی فراوان، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت یانیش لە دەرەوە. بۆ هەنگاوەکانی داهاتووش، ناوەند بەتەمایە ڕەشنووسەکە پتەوتر بکات، بەوەی شارەزایی زیاتر بخاتە گەڕ و لە چەند مانگی دادێدا شارەزا و تایبەتمەندان بێنێتە مەیدان. ئامانجی کۆتاییش باشکردنی ڕەشنووسەکەیە بەپێی باڵاترین پێودانگی مومکین لە ڕێی پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی ساڵی دادێ ڕەزامەندیی لەسەر بدات. ئەم یاسایە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو مسۆگەرکردنی مامەڵەیەکی کارا لەگەڵ تاوانە نێودەوڵەتییەکان و سەپاندنی سزای پێویست لە هەمبەریان.