ناوەندی کوردستان بۆ یاسایی نێودەوڵەتیی (KCIL) لە ڕێکەوتی ٢٤ و ٢٥ ی ئایاری ٢٠٢٣ -بە هەماھەنگی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی IFA و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا. خولێکی ئاشناکردنی سەبارەت بە ناساندنی تاوانی نێودەوڵەتیی بۆ دادوەران، داواکاری گشتی، و لێکۆڵەرانی دادوەری ڕێکخست.
ئامانج لەم خولە خستنەڕوو تێگەیشتنێکی فراوان و هەمەلایەن بوو سەبارەت بە گرنگی بەناوخۆیکردنی یاسایی تاوانی نێودەوڵەتیی لە چوارچێوەی سیستەمی یاسادانانی هەرێمی کوردستاندا. بابەتەکانی خولەکە لەلایەن ڕاهێنەرانی بەئەزموون دکتۆر گورگن پترۆسیان، دکتۆر توانا حەسەن د.محەمەد ڕەشید و هاوڕێ ئەحمەد پێشکەشکران. لەمیانەی بەرێوەچوونی خولەکەدا بەشداربوان و ڕاهێنەران گفتوگۆیەکی چڕوپڕیان کرد دەربارەی لایەنە جیاوازەکانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و سیستەمی دادوەری لە دادگای تاوانی نێودەولەتیدا.
هاوتەریب بەم باسانە بەشێک لە گفتوگۆ و پرسیارەکان بە ئاراستەی دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتی نیشتیمانی بوو بۆ لێپێچینەوە لەو تاوانانەی کە هەڵگری ڕەگەزی تاوانی نێودوڵەتی و شاتاوانی دژ بە مافی مرۆڤن. بەسود وەرگرتن لە میکانیزمەکانی یاسایی تاوانی نێودەوڵەتیی و بنەڕەتنامەکانی تایبەت بە یاسایی تاوانی نێودەولەتی و پەیماننامەى جینۆساید. هەروەتر ئەوەی جێی ئاماژەیە بەشداربووان تێڕوانینەکانی خۆیان خستەروو سەبارەت بە کردەی تاوانی جینۆساید و توانای دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی و ناخۆی لە پرۆسەی دادگایکردندا. هاوکات سەرجەم ئەو تێڕوانینە هەڵانە شیمانەکران کە پێشترهەبوون سەبارەت بە بەناوخۆیکردنی یاسایی تاوانی نێودەوڵەتیی لە سیستەمی دادوەری نیشتیمانیدا. لەکۆتایشدا، ڕاهێنەران جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە دادوەران و داواکارانی گشتی بەگرنگیەکی زیاترەوە برواننە پرۆسەی بەناوخۆیکردنی سیستەمی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی و پرسی جینۆساید لە کاروانی کارکردنیاندا لەناو سیستەمی دادوەریدا کە دواتر ڕەنگبداتەوە لەناو زەمینەی سیستەمی یاسایی ئێراقیدا بۆ لێپیچینەوە لەو تاوانانەی کە سروشتی تاوانی نێودەوڵەتیان هەیە.