ناوەند کۆبوونەوەیەکی گرێدا لەسەر ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە هەرێمی کوردستان

بە ئامانجی سەر ڕێ خستنی زیاتری هەوڵ و کۆششەکانی پەیوەست بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی «پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە هەرێمی کوردستان دا» لە چوارچێوەی پرۆژە کۆکارییەک بۆ برەودانی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا. لە ڕێکەوتی ١٣ی تەمموزی ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی پۆلێک لە دادوەران و شارەزایانی یاسایی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار سازێنرا. بە ئامانجی کۆککردنەوەی سەرنج و پێشنیارەکان بە ئاراستەی بەرهەمدارکردنی زیاتری ڕەشنووسی پرۆژە یاساکە، بەگەڕخستنی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە یاسایییانەی کە بوونیان هەیە لەناو سیستەمی دادوەری هەرێمدا لەمەڕ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی پرسی جیاکاری و چەسپاندنی دادپەروەرییدا. هەروەتر، لە چوارچێوەی ئەم کۆبوونەوەیەدا پرسی جیاکاری و جۆرەکانی لە هەرێمی کوردستان شیمانە کران لەلایەن بەشداربووانەوە. ئەوەی شایەنی باسە لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن ئامادەکارانی ڕەشنووسی پرۆژە یاساکە ڕوانینێکی فراوانیان خستە ڕوو بۆ پەشداربووان سەبارەت بەو میکانیزمانەی کە گیراونەتەبەر لە ڕەنگڕێژکردنی پلانی نووسین و داڕشتنی بڕگە یاسایییەکاندا. پاشان بەشداربووان بە شێوەی کاری گرووپ سەرنج و بۆچوونەکانیان چڕ کردەوە لەسەر ئەو تەوەرانەی کە لە ڕەشنووسی پرۆژە یاساکەدا دانرابوون کە ئەوانیش: پێشەکی و ناساندنی چەمکەکان، بەشی حوکمە گشتییەکان، جیاوازیی کردنە ڕەواکان. هەتاکوو تیمی تایبەتمەند بە یاداشت کردنی سەرنج و تێبینییەکان بتوانن بەگوێرەی هەر بەشێکی ئاماژە پێدراو یاداشتەکان گەڵاڵەکەن بە ئامانجی زیاتر دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە، ڕەنگڕێژکردنی هەنگاوەکانی دواتر لە پرۆسەی هەماهەنگی و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان، هەتاکوو سەر ڕێ بخرێت بە ئاراستەی دەرچوواندنی لە ئایندەدا وەک یاسایەکی بەرکار بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرسی جیاکاری لە هەرێمی کوردستاندا. لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا بەشداربووان و تیمی ناوەند و ڕاهێنەران پێکەوە بەشدارییان کرد لە یادکردنەوەی سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەند. بەدەم گێڕانەوەی بەسەرهات و ئاڵنگارییەکان، خواستنی بەرهەمداربوونی زیاتری ناوەند لە ئایندەی کار و چالاکییەکانیدا کۆتایی هێنرا بە کۆبوونەوەکە.