ناوەند و سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەندا تاوتوێی هەنگاوە هاوبەشەکانیان کرد

لە درێژەی ئەو سەردانییانەی کە ناوەند سەر ڕێی خستوون بۆ فراوانکردنی ڕایەڵەی کاری ڕێکخراوەیی لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری سازدا لەگەڵ سەنتەری توێژینەوە پەرلەمانی کوردستان. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە ڕەنگڕێژکردنی کاری پێکەوەیی، ئەنجامدانی چالاکی ناوەند بوو لەگەڵ پەرلەمانی کوردستاندا لە چوارچێوەی پرۆژە کۆکارییەک بۆ برەوادانی دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان) کە بە هاوکاری دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لەڕێگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (IFA) جێبەجێ دەکرێت.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا تیمی ناوەند ستایشی خۆی دەربڕی بۆ بەڕێوەبەری سەنتەر (د. فوئاد ئەحمەد) و تیمی یاوەری کە لێ نەبڕاوانە بەردەوام بوون لە سەرخستنی کۆششەکانی ناوەند بۆ پەرلەمانی کوردستان سەرباری وەستانی کارەکانی پەرلەمان بە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنەوە. پاشان تیمی ناوەند ئاماژەیان کرد بە ستراتیژی کارکردنی ناوەند بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی نێوان (٢٠٢٤-٢٠٢٥) کە خۆی دەبینێتەوە لە ئامادەکردنی (ڕێبەری یاسادانان)، ئەنجامدانی وۆرکشۆپ بۆ پەرلەمانتاران و ڕاوێژکارانی پەرلەمان ئاشناکردنیان بە میکانیزمەکانی دادگایی دادپەروەرانە، یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و بەرزڕاگرتنی ڕۆڵی یاسا لە بنەبڕکردنی قەیران و ململانێکاندا. تەوەرێکی تری ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی «پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە هەرێمی کوردستاندا» کە ناوەند لە ڕێگەی شارەزاکانی ئامادەی کردووە، پاش هەڵبژاردن پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستانی دەکات بە مەبەستی کارکردن لەسەری وەک پرۆژەیاسایەکی گرنگ لە بەرەنگاربوونەوەی پرسی جیاکارییدا. لە کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکەدا تیمی ناوەند ئامادەگی خۆی نیشاندا لە پاڵپشتی سەنتەری توێژینەوە بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان و ئاشناکردنی پەرلەمانتارانی نوێ بە کاری پەرلەمانتاری و میکانیزمی کارکردنی پەرلەمان لەڕێگەی شارەزای پسپۆڕ و سەرچاوەی زانستی پەیوەندیدارە بەم دەستپێشخەرییە. لە کۆتاییدا، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان پاڵپشتی تەواوی خۆی دووپات کردەوە بۆ ناوەند و هێنانە دی هەر ئامانجێکی هاوبەش کە لە خزمەت پاڵپشتی و زیاتر برەودانی پەرلەمانی کوردستان بێت.