ناوەند وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژی لە شاری هەولێر لەسەر یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بۆ پۆلێک لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکخست

لە چوارچێوەی کۆششەکانی ناوەند بۆ سازاندنی زەمینەیەکی نوێگەر بۆ ئاشنابوون بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا، لە ڕێکەوتی ٢٠-٢١ /٨/ ٢٠٢٤ وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی بۆ ٢٢ ئەفسەری پلە باڵا لە پارێزگای هەولێر ڕێکخست بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە – بەڕێوبەرایەتی میدیا و هۆشیاری نیشتیمانی. ئامانجی بنچینەیی لەم چالاکییەدا ئاشناکردنی فەرماندە بەشداربووەکان بوو بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و فراوانکردنی دونیابینی یاساییان لە ساتەوەختی ململانێ چەکدارییەکاندا بە سوود وەرگرتن لە ژێدەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی و یاسا سەربازییە بەرکارە نێوخۆییەکان لە چۆنێتی ئاراستەکردنی ململانێ سەربازییەکاندا.
لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژدا، لەلایەن بەڕێز (د. توانا عەبدولڕەحمان)ـەوە بەشداربووان ئاشناکران بە ڕێبەرنامەی یاسایی ناوەند کە تایبەتە بە پێکدادانی چەکداری هێزی پێشمەرگەی کوردستان. لە چوارچێوەی ئەم بەشەی وۆرکشۆپەکەدا تیشک خرایە سەر ناوەرۆکی ڕێبەرنامەکە و چۆنێتی سوود وەرگرتن لە ڕێنماییە یاساییەکانی نێوی لە ساتەوەختی ڕوودانی ململانێ سەربازییەکان. سەرباری ئەمە، بەشداربووان گۆشەنیگای خۆیان لەسەر ڕێبەرنامەکە خستەڕوو لەمەڕ چۆنێتی پەرشکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە ڕێبەرنامەکە فەراهەمی کردووە بەناو هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەدا کە سەرجەمیان هەڵێنجراوی ناو یاسا و بنەڕەتنامە نێونەتەوەییەکانی بواری یاسای مرۆیین. لەپاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا، ڕاهێنەر (د. کرمانج عوسمان) ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی داد، بابەتێکی پێشکەشکرد بە ناونیشانی "دەروازەیەک بۆ ئاشنابوون بە جۆری تاوانەکان لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆییدا". پاشان دانیشتنێکی مشتومڕئامێز بەڕێوەچوو لەسەر بابەتی ناوبراو. ئەفسەرەکان ئەزموونی خۆیان لە بەرەکانی جەنگ و ڕەچاوکردنی بەها مرۆییەکانیان گێڕایەوە کە دواتر ئەم گێڕانەوەیە بووە تێهەڵکێشێک بۆ ئەو زانیاریانەی کە بەڕێز (د. کرمانج عوسمان) خستبوویە ڕوو لەسەر جۆری تاوانەکان و گرنگی بوونی هۆشیارییەکی یەکانگیر لە ڕێگری ڕوودانی هەر کردەیەکی نامرۆڤانە لە ساتەوەختی جەنگەکاندا.
لە دەستپێکی کۆتا ڕۆژی وۆرکشۆپەکەشدا، بەڕێز (د. محەمەد ڕەشید) بەشداربووانی ئاشناکرد بە بنەماکانی نەهێشتنی بەرپرسیارێتی تاوانکاری لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هاوتەریب بە هێنانە بەر باسی کۆمەڵێ ڕووداوی مێژوویی پەیوەست بەو تاوانانەی کە لە ساتەوەختی جەنگە جیهانی و ناوخۆییەکان ئەنجامدراون بەمەبەستی زیاتر دەوڵەمەندکردنی ناوەرۆکی بابەتەکە. دواتر بەڕێز (د. شیراز ئیبراهیم) لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی بابەتێکدا بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی شیکردەوە لە ڕوانگەی بنچینە جەوهەرییەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی کە ئەوانیش بریتیبوون لە (جیاکردنەوە، هاوسەنگی و پێویستی) لە ساتەوەختی ململانێ چەکدارییەکاندا. کۆتا وانەی وۆرکشۆپی ناوبراویش تایبەت بوو بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا کە لەلایەن بەڕێز (د. حەسەن حوسێن) پێشکەشکرا. لە دووتوێی ئەم وانەیەدا تیشک خرایە سەر دوایین ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەناو دنیای تەکنەلۆژیادا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی ململانێ سەربازییەکاندا لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەشدا بە ئامادەبوونی بەڕێز ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە (لیوا بەختیار محەمەد) و بەڕێز (لیوا عوسمان محەمەد مستەفا) بەڕێوەبەری میدیا و هۆشیاری نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، نوێنەری ڕاوێژکاری سەربازی ئەڵمانیای فیدڕاڵ لە هەرێمی کوردستان (ڕائید. ماتیاس)،پاش خستنەڕووی کورتە وتارەکانیان لەسەر وۆرکشۆپەکە، ئومێدی بەردەوامیان خواست بۆ چالاکییەکانی ناوەند لەم کایەدا بۆ خستنەسەر ڕێی کۆششی زیاتر لە ڕێکخستنی چالاکی هاوشێوەدا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. بە ئامادەبوونی ناوبراوان، بەشداربووان بڕوانامەی بەشداربوونیان پێدرا و بە چرکاندنی وێنەی بەکۆمەڵ کۆتایی بە چالاکی ناوبراو هێنرا.