ناوەند وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژی لە شاری سلێمانی لەسەر یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بۆ پۆلێک لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکخست

لە درێژەی چالاکییەکانی ناوەند بۆ ئاشناکردنی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، لە ڕێکەوتی ٢٧-٢٨ / ٨/٢٠٢٤ لە پارێزگای سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی میدیا و هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی ڕێکخست بۆ ٢٢ ئەفسەری پلەباڵای سەر بە فیرقەی دووی پیادەی وەزارەت لە پارێزگای سلێمانی. لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژدا، بەشداربووان ئاشناکران بە ڕێبەری یاسای پێکدادانی چەکداری تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن بەڕێز (د. توانا عەبدولڕەحمان). ئەوەی شایەنی باسە ئەم ڕێبەرییە بەرهەمی ماندووبوونی ساڵێکی تیمی شارەزایانی ناوەندە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و چەندین بابەتی گرنگی لەخۆگرتووە سەبارەت بە خستنەڕووی بنەما لە پێشینەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ململانێی چەکداری و ڕێگریکردن لە تاوانی جەنگ. دواتر بەڕێز (د. ئاوارە حسێن) ڕاگری کۆلێژی یاسا و کارگێڕی زانکۆی هەڵەبجە لە چوارچێوەی بابەتێکی پڕ زانیاریدا بەشداربووانی ئاشناکرد بە دەروازەیەک بۆ یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و پوختە باسێک لەسەر دادگا نێودەوڵەتییەکان و ئەو دادگایانەی کە دادبینی تێدا دەکرێت بۆ ئەو تاوانانەی کە ڕەگەزی تاوانی نێودەوڵەتیان هەیە لەوانە: تاوانی جینۆساید، کۆمەڵکوژی، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی. پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، بەڕێز (د. محەمەد ڕەشید) بابەتێکی پێشکەشکرد لەسەر کردەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و چۆنێتی لێپێچینەوەیان بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی.
لە دەستپێکی دووەم ڕۆژدا، لە چوارچێوەی بابەتێکدا بە ناونیشانی "بنەماکانی نەهێشتنی تاوانی بەرپرسیارێتی" کە بەڕێز (د. محەمەد ڕەشید) پێشکەشی کرد، بەشداربووان ئاشنابوون بەو ڕەگەزە گرنگانەی کە بەرپرسیارێتی تاوانیان پێدەناسرێتەوە لە ساتەوەختی ململانێ چەکدارییەکاندا. هاوتەریب بەو میکانیزمانەی کە دەگیرێنە بەر لە نەهێشتنی تاوانی بەرپرسیارێتی بەگوێرەی پێوەرە سەردەمییەکان کە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی فەراهەمی کردوون. هەروەها، دوا بابەتی وۆرکشۆپەکە تایبەت بوو بە شیکردنەوەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لە ڕوانگەی بنەماکانی (جیاکردنەوە، هاوسەنگی و پێویستی). لە چوارچێوەی ئەم بابەتەشدا ئەفسەرەکان چیرۆکەکانی خۆیان گێڕایەوە لە بەرەکانی جەنگ دژ بە هێزە تاریکپەرستەکانی داعش و ڕەچاوکردنی بنەما مرۆییەکان لە پاراستنی شوێنە گشتییەکان و خەڵکی سیڤیل. دواجار ئەم زنجیرە گێڕانەوەیە زیاتر بووە پاڵپشتی گەیاندنی پەیامی وۆرکشۆپەکە و چەسپاندنی لایەنی تیۆری یاسای نێودەوڵەتی.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەشدا، بە ئامادەبوونی بەڕێز (عەمید شوان مەحمود ئەحمەد) جێگری بەڕێوەبەرایەتی میدیا و هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاهێنەرانی خولەکە، بڕوانامەی بەشداری بەخشرا بە ئەفسەرانی بەشداربووی وۆرکشۆپەکە و بە گرتنی وێنەی بەکۆمەڵ کۆتایی بە چالاکی ناوبراو هێنرا.