ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هەوڵە کۆکارییەی کە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان خستوویەتیە سەر ڕێ، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی سازدا بۆ ١٠ دادوەر لە ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٥-٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە پارێزگای سلێمانی. لە دەستپێکی ڕۆژی یەکەمدا، هەر یەک لە بەڕێزان (د. ئاسۆس براخاس) و (د. توانا عەبدولرەحمان) (د. سەركەوت جەلیل) زەمینەیان بۆ بەشداربووان سازاند تاکوو سەرنج و بۆچوونەکانیان بخەنەڕوو سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دژە جیاکاری لە هەرێمی کوردستاندا کە لەلایەن بەڕێزانی ناوبراوەوە ڕەشنووسی یەکەمی ئامادەکراوە. لە چوارچێوەی وەرگرتنی سەرنجی بەشداربووان لەمەڕ پڕۆژە یاساکە، دادوەران هەر یەکەو لە گۆشەنیگای یاسایی خۆیەوە شەن و کەوی بڕگە یاساییەکانیان کرد کە لەناو ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا هاتبوون. هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی گفتوگۆکان، تەواوی سەرنج و پێشنیارەکان لەلایەن تیمی ناوەندەوە تۆمارکران هەتاکو زیاتر ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکەی پێ دەوڵەمەند بکرێت و ڕەنگدانەوەی ئەو هەلومەرجەش بێت کە لە ئەمڕۆدا لە سیستەمی دادوەریدا بەرجەستە بووە. پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکەمیش تەرخانکرا بۆ (دادوەر د. سەردار عەزیز) بۆ ئاشناکردنی بەشداربووان بە ڕێبەری یاسایی دادگای دادپەروەرانە. ئەوەی شایەنی باسە ئەم ڕێبەرنامەیە لەلایەن شارەزایانی ناوەندەوە ئامادەکراوە بە ئامانجی پەرەپێدانی ئەو بنەما جەوهەریانەی کە پێویستە هەبن لەناو دادگاکاندا هەتاکوو پرسی دادگای دادپەروەرانە فەراهەم بێت بۆ هاونیشتیمانیان. هەروەها، بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕێبەرنامەیەش سوود وەرگیراوە لەو بنەما گەردوونیانەی کە دەستەبەری مافی یەکسانی و دادپەروەری بۆ تاک دەکەن لەناو دادگاکاندا، هاوتەریب لەگەڵ ئەو مافانەی کە یاسا ناوخۆییەکان فەراهەمیان کردووە بۆ تاک لەناو دادگاکاندا لە پەیوەند بە ڕاگەیشتن بە پرسی دادپەروەریدا.
دەستپێکی ڕۆژی دووەمی وۆرکشۆپەکە بە بابەتێکی پەیوەست بە تایبەتمەندییەکانی دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد کە لەلایەن (د. ئانی پیوس)، شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی و پارێزەری قوربانیان لە دادگای تایبەتی کۆسۆڤۆ، پێشکەشکرا. پاشان وەک تێهەڵكێشی هەمان بابەت، بەشداربووان ئاشنای قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری کران بۆ ئەو تاوانانەی کە گرێدراوی تاوانە نێودەوڵەتییەکانن لەناو دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا. پاش نیوەڕۆی کۆتا ڕۆژی وۆرکشۆپەکەش تەرخانکرا بۆ ئاشناکردنی بەشداربووان بە قۆناغەکانی دادبینی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەناو دادگای نێودەوڵەتی و دادگا تایبەتمەندەکان لەلایەن (د. ئانی پیوس)ـەوە. پاشان قۆناغەکانی پێداچوونەوەی پرۆسەی دادبینی تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە لایەن (د. محمد ڕەشید)ـەوە خرایەبەرباس. ئەوەی شایەنی باسە لە چوارچێوەی خستنەڕووی بابەتەکاندا، بەشداربووان بە خستنەڕووی سەرنجەکانیان توانیان تێگەیشتنی خۆیان بۆ سیستەمی یاسای نێودەوڵەتی فراوان بکەن، ئەو کەلێنانەش بدۆزنەوە کە بوونیان هەیە لە سیستەمی یاسایی نیشتیمانیدا هەتاکوو ڕەنگڕێژی هەنگاوەکانی چاکسازی بکەن لەو سنوورەی کە تێیدا دەتوانن کاریگەر بن لە هێنانەدی گۆڕانکاری و نوێگەری لە پرۆسەی دادبینیدا.