پرۆگرامێکی نوێی ناوەند بۆ پاڵپشتی دەستپێشخەری کۆمەڵگە لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی

پرۆگرامی پاڵپشتی بۆ دەستپێشخەریی کۆمەڵگە، یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی کە ناوەند لە چوارچێوەی "پرۆژە کۆکارییەک بۆ برەودان بە دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان"دا دەستی پێکردووە. ئەم پرۆژەیە بە هاوکاریی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لە ڕێگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (IFA)ـەوە جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی پرۆگرامەکە پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی توانای بڕیاردانی گەنجانە، تاکو بتوانن لە ڕوانگەی خۆیانەوە چارەسەر بۆ کێشە هەنووکەییەکانی ناوچە خۆجێییەکانیان بدۆزنەوە.
لە سەرەتای پرۆگرامەکەدا، ناوەند لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە نۆ گەنجی لە پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان کرد. لە ٢٢-٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، لە ڕاهێنانێکی دوو ڕۆژەدا، بەشداربووان فێری شێوازە نوێیەکانی داڕشتن و بەڕێوەبردنی پرۆژە کران، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە دەستپێشخەرییەکانیان لەسەر بنیات نراون. دوای تەواوبوونی قۆناغی ڕاهێنان، بەشداربووان، کە زۆربەیان دەرچووی کۆلێژی یاسا بوون، بەسەر دوو گرووپدا دابەش کران. گرووپی یەکەم بڕیاری دا چارەسەر بۆ کێشەی توندڕەوی بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا گرووپی دووەم کاری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی وتاری توندوتیژ کرد. ئەنجامی کار و هەوڵەکانیان بەم شێوەیە بوو: گرووپی یەکەم خولێکی ڕاهێنانی سێ ڕۆژەی بۆ کۆمەڵێک توێژەری کۆمەڵایەتی لە هەڵەبجە سازدا سەبارەت بە بەکارهێنانی ڕێگەچارە ئاشتیانەکان لە ژیاندا. هاوکات، ڤیدیۆیەکیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و گرنگیی پێکەوەژیان ئامادە کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەرچاوەکانی هەڵەبجەدا بڵاویان کردەوە. گرووپی دووەمیش کتێبێکی چیرۆکی منداڵانیان بە ناوی "وتە خراپەکانی بێچووە کەروێشکەکە" ئامادە کرد، کە کۆمەڵێک چیرۆکی وێنەداری لەخۆ گرتبوو بۆ فێرکردنی منداڵان لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی وتاری توندوتیژ. ئەم کتێبە بەسەر ژمارەیەک قوتابخانەی سەرەتایی لە پارێزگای هەڵەبجەدا دابەش کرا.
لە درێژەی پرۆگرامەکەدا بۆ ساڵی ٢٠٢٤، گرووپێک خوێندکاری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سلێمانی دەستنیشان کران، دوای سەرکەوتنیان لە پێشبڕکێی خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکان لە کەمپی هاوینەی ناوەنددا کە لە ٤-٨ی ئابی ٢٠٢٤ بۆ خوێندکارانی کۆلێژی یاسای زانکۆکانی کوردستان ڕێکخرابوو. پرۆژەی ئەم گرووپە لەسەر پرسی "تیرۆری ژینگەیی" (Ecocide) چڕ بووەوە. ئەوان نامیلکەیەکی هۆشیارییان لەسەر مەترسییەکانی تیرۆری ژینگەیی لە کاغەزی دۆستی ژینگە ئامادە کرد. هەروەها کارگەیەکی یەک ڕۆژەیان بۆ گرووپێک پارێزەر لەسەر لایەنە یاساییەکانی تیرۆری ژینگەیی سازدا. لە هەمان کاتدا، سیمینارێکیان لە ئامادەیی سەڵاحەدینی نموونەیی پێشکەش کرد و نامیلکەکانیان بەسەر خوێندکاراندا دابەش کرد.
ناوەند بەردەوامی بەم ئەم پرۆگرامەی دەدات، ئەمەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و بەرزڕاگرتنی ڕۆڵی یاسا لە چارەسەرکردنی ئەو قەیران و گرفتانەی کە کۆمەڵگەی کوردی پێیانەوە گیرۆدەیە.