ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی ڕەشنووسی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە هەرێمی کوردستان" ئامادە دەکات

داونلۆدی ڤێرژنی PDF

ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی (KCIL) بەشانازییەوە تەواوکردنی ڕەشنووسی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە هەرێمی کوردستان" ڕادەگەیەنێت. ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی تری ناوەندە بۆ پێشخستنی یەکسانی، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ لە هەموو لایەنەکانی ژیان لە کوردستاندا.

پرۆسەکە
گەشتی نووسینەوەی ئەم یاسایە تا ڕادەیەک گشتگیر بوو. ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی دەنگ و بەشداریی خەڵکی لە سەرتاسەری کوردستان بۆ کۆ کردەوە. پرۆسەکە بە دەستنیشانکردنی سێ پسپۆڕی یاسایی بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی سەرەتایی، دەستی پێکرد. دوای تەواوبوونی ڕەشنووس، ناوەند لە نێوان نیسان و تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ و بۆ پەرەپێدانی ڕەشنووسەکە، حەوت وۆرکشۆپ و مێزگردی ڕێک خست. ئەم دانیشتنانە کۆمەڵێک لایەنی جیاوازی تێدا بەشدار بوون، لەوانە ڕاوێژکارانی پەرلەمان، دادوەران، داواکاری گشتی، ئەکادیمیک، یاساناسان و پارێزەران. بۆچوون، ڕەخنە و پێشنیازەکانیان زۆر بەنرخ بوون بۆ باشترکردنی ڕەشنووسە سەرەتاییەکە. هەروەها درا بە پێنج پسپۆڕی یاسایی و دادوەری تر، کە سەرنجی نووسراوی وردیان پێشکەش کرد. ئەم هەوڵە بەکۆمەڵە بۆ ئەوە بوو کە دڵنیا بین لەوەی ڕەشنووسەکە، ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی جیاوازە و ئاڵنگارییە ڕاستەقینەکانی یەکسانی و دادپەروەری لە کوردستاندا، لەخۆ دەگرێت. پاشان، تیمی یاسایی ناوەند بەوردی هەموو ئەو سەرنجانەی لە وۆرکشۆپ و وەڵامە نووسراوەکانەوە هاتبوون، هەڵسەنگاند. دوای تەواوکردنی یەکەم وەشانی کوردی، وەرگێڕدرایە سەر عەرەبی. ئێستا هەردوو وەشانەکە ئامادەن بۆ پێشکەشکردن بە پەرلەمانی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.

چی لە ڕەشنووسەکەدا هەیە
یاسا پێشنیازکراوەکە چوارچێوەیەکی گشتگیرە، کە مامەڵە لەگەڵ جیاکاری بە شێوە جیاوازەکانییەوە دەکات. بەشە سەرەکییەکان ئەمانە لەخۆ دەگرن:
پێناسەکان: ڕوونکردنەوەی تەواوەتیی دەستەواژەکانی وەک جیاکاری، هەراسانکردن و گوتاری ڕقاوی، هەروەها تایبەتمەندییە پارێزراوەکانی وەک ئیتنیک، پێشخانی ئایینی، ڕەگەز، کەمئەندامێتی و هی تریش.
حوکمە گشتییەکان: ڕێساگەلی قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری؛ لەسەر تاکەکەس و کەسانی یاسایی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتیشدا، جێبەجێ دەکرێن.
جیاکاری ڕێگەپێدراو یان کردەوە ئەرێنییەکان: چەند حوکمێک بۆ ڕێگەدان بە کردەوەی ئەرێنی بۆ پێشخستنی یەکسانی، بەتایبەت لە چارەسەرکردنی نادادییە مێژووییەکاندا.
سزا و لێپرسینەوەکان: سزاگەلی ڕوون بۆ کردەوەکانی جیاکاری، لەوانەش بەندکردن، غەرامە و سزای جێگرەوەی وەک خزمەتی جڤاتی.
چاودێریی دامەزراوەیی: پێکهێنانی یەکەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە ناو دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی یاساکە.

گرنگیی ئەم یاسایە
جیاکاری پێکهاتەی کۆمەڵێکی دادپەروەر، بنکۆڵ دەکات. ئەم یاسایە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دروستکردنی کوردستانێک کە هەموو کەسێک، بێ گوێدانە پێشخان و ناسنامەیان، دەرفەتی یەکسانیان هەبێت. یاساکە مامەڵە لەگەڵ کێشە درێژخایەنەکان دەکات، گرووپە لاوازەکان دەپارێزێت و کەلتوورێکی ڕێزگرتنی دوولایەنە، فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە پەرە پێ دەدات.

هەنگاوەکانی داهاتوو
ئێستا کە ڕەشنووسی یاساکە تەواو بووە، قۆناغی داهاتوو پێشکەشکردنییەتی بە پەرلەمانی کوردستان، هەر کاتێک خولی نوێی پەرلەمانی دەستبەکار بوو. هاوکات ناوەندی کوردستان لە ڕێی کارکردنی نزیک لەگەڵ پەرلەمان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و پسپۆڕانی یاساییەوە، پلان بۆ هەڵمەتێکی داکۆکیکاری دادەنێت بۆ پشتگیریکردنی پەسەندکردنی یاساکە. ئەم هەوڵانە بەردەوام دەبن تا ڕەشنووسەکە دەبێتە یاسا.