وەزیری دادی هەرێم پێشوازی لە تیمی ناوەند دەکات و پاڵپشتی بۆ پرۆژە یاساییەکانیان دووپات دەکاتەوە

لە ڕێکەوتی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە پارێزگای هەولێر تیمی ناوەند لە میانەی کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا بە دیدەنی "كاك فرسەت ئەحمەد"، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و ڕاوێژکاری یاوەریان بەڕێز (د. کرمانج عوسمان) شادبوون. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ناوەند (هاوڕێ ئەحمەد) تیشکی خستە سەر دواین ئەو کار و چالاکیانەی کە ناوەند لە ساڵانی ڕابردوو و هەنووکەدا سەرڕێی خستوون لە خزمەت بە پرسی بەناوخۆیی کردنی یاسای نێودەوڵەتی و ئاشناکردنی دادوەران لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بە دواین تەوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی، میکانیزمەکانی دادگای دادپەروەرانە و چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. هەروەتر، بەڕێزیان ئاماژەی دا بەو پرۆژە یاسایانەی کە ناوەند لە ڕێگەی شارەزاکانیەوە ئامادەی کردوون کە پەیوەندیدارن بە پرسی دژە-جیاکاری و لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. پاشان، د. حەسەن حسێن، ئەندامی بۆردی جێبەجێکاری ناوەند، کورتە باسێکی خستەڕوو لەسەر ڕێبەری یاساسازی لە هەرێمی کوردستان، وەک هەوڵێکی نوێی ناوەند بۆ پاڵپشتی پەرلەمانی کوردستان و نیشاندانی ئاسۆی نوێی یاساسازی لەم بوارەدا. لە درێژەی باس و خواسەکاندا، د. شیراز ئیبراهیم، ئەندامی بۆردی جێبەجێکاری ناوەند، ناساندنێکی بۆ ڕێبەری یاسای تاوانی نێودەوڵەتی کرد وەک هەوڵێکی ناوەند بۆ پاڵپشتی لایەنی هزری ئەندامانی خێزانی دادوەری و دەزگاکانی داواکاری گشتی و ڕاوێژکارە یاساییەکان و یاساناسان، لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی پەڕاوی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لەمەڕ دادبینی بوونی هەیە لە سیستەمی یاسای نێوخۆیی لە لێپێچینەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا.
لە کۆتاییدا، بەڕێز وەزیری داد بە گرنگی و بایەخەوە ڕوانییە کار و چالاکییەکانی ناوەند. جەختی کردەوە لەوەی کە بەشێک لە ستراتیژی وەزارەتی داد بەرەو ڕێچکەی ئەو دونیابینییە یاساییە دەڕوات کە هاوتەریبە لەگەڵ دیدگای یاسای نێودەوڵەتی. ئامانجیانە پاڵپشتی لەم کاروانە بکەن کە ناوەند پێوەی سەرقاڵە و خزمەتی تێدا دەکات. هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی وەزارەتی داد و تیمی یاوەری دووپات کردەوە بۆ ناوەند لە دەستنێژی کاری پێکەوەیی و خزمەتی زیاتر بە خێزانی دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا.