لە
ڕێکەوتی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە پارێزگای هەولێر، تیمی ناوەند لە میانەی
سەردانێکی فەرمیدا سەردانی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ (د. مونا یاقو) و
ڕاوێژکاری یاوەریان (ناصر کریت)یان کرد. مەبەست لە دیدارەکە ئاشناکردنی بەڕێزیان
بوو بە دواین کار و چالاکی و بڵاوکراوەکانی ناوەند. لە دەستپێکی باس و خواسەکاندا،
کورتەیەک خرایە ڕوو لەسەر پرۆژەکانی ناوەند و ئامانجگیری دوورمەودای ناوەند لە
پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا. پاشان کۆششی شارەزایانی ناوەندی لە مەڕ ئامادەکردنی
ڕەشنووسی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە هەرێمی کوردستان" خرایە
بەرباس، هاوتەریب بە باسێکی گشتگیری لەسەر چۆنێتی ئامادەکردنی ڕێبەری یاساسازی لە
هەرێمی کوردستان. لە بەرسڤدا، دەستە چالاکییەکانی ناوەندی بە هەوڵێکی نوێگەرانە
پەسن کرد لە پاڵپشتی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆڵی یاسا و
یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. ئەوەی شایەنی باسە، لە بۆتەی ئەم
دیدارەدا تیمی ناوەند جەختیان لە گرنگی ناردنی پرۆژە یاسای دژە-جیاکاری کردەوە کە
لە ڕێگەی دەستەوە ئاراستەی پەرلەمان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەستە لە ڕێگای
لیژنەیەکەوە پێشوازی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە نیشاندا. لە پەراوێزی
کۆبوونەوەکەدا، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە لەگەڵ تیمی ناوەند ئەنجامدرا. ڕەنگڕێژی
قۆناغەکانی کارکردن لەسەر پرۆژە یاساکە کرا لەمەڕ کۆکردنەوەی سەرنج و پێشنیارەکانی
دەستە لەسەر پرۆژە یاساکە، ئامادەسازی بۆ پێڤاژۆکانی هەماهەنگی و کاری داهاتووی
لیژنەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەتاکو نیازمەندی بە یاساکردنی ئەم پرۆژە
یاسایە بێتە دی لە ناو پەرلەمانی کوردستاندا.