ناوەند بەمەبەستی برەودان بە تواناکانی
پارێزەران لە پرسەکانی پەیوەست بە یاسای نێودەوڵەتی و ئاشنابوون بە بنەماکانی
دادپەروەری، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژی لە چوارچێوەی "پرۆژەی کۆکار بۆ برەودان بە
دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان" بۆ پارێزەران سازدا لە ڕۆژانی ٢١-٢٢ی شوباتی
٢٠٢٥ لە پارێزگای سلێمانی. وۆرکشۆپەکە چەندین بابەتی گرنگی یاسای نێودەوڵەتی
لەخۆگرت، لەوانە: ڕێنمایی دادگایی دادپەروەرانە، لێکۆڵینەوەکانی سەرەتایی دادگای
تاوانی نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەسی، تاوانەکانی جەنگ، لێکۆڵینەوە
لە تاوانەکان، پشتڕاستکردنەوەی تاوانەکان، ژووری پێش دادگایی، تاوانەکانی
جینۆساید، و تاوانەکان دژی مرۆڤایەتی.
وۆرکشۆپەکە لە ڕۆژی یەکەمدا بە ناساندنێکی
کورتی ناوەند دەستی پێکرد لەلایەن تیمی پرۆژەوە، دواتر دکتۆر سەردار عەزیز بابەتی
"دەستپێکی دادگایی دادپەروەرانە" پێشکەش کرد. پاش پشوویەکی کورت، دکتۆر
محەمەد ڕەشید بابەتی "قۆناغە سەرەتاییەکان لە لێکۆڵینەوە لە تاوانە
نێودەوڵەتییەکان" خستەڕوو. دواتر دکتۆر عیباد ڕوحی بابەتی "بەرپرسیارێتی
تاوانکاری تاکەکەسی" پێشکەش کرد. ئەوەی شایەنی باسە، بەشداربووان لە تەواوی
تەوەرەکاندا تێڕوانینەکانی خۆیان خستەڕوو کە ڕەنگدانەوەی کاری ڕۆژانەی
پارێزەرێتیان بوو هەتاکوو دیدگایەکی هاوبەشی نوێ چنگ بخەن لەناو دادگاکاندا کە
هاوبنەمای میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بێت. پاش پشووی نیوەڕۆ، دکتۆر عیباد ڕوحی
جارێکی تر باسی لە "تاوانەکانی جەنگ" کرد و ڕۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکە بە
بەشی پرسیار و وەڵام و گفتوگۆ کۆتایی هات.
لە ڕۆژی دووەمدا، وۆرکشۆپەکە بە پوختەیەک
لە بابەتەکانی ڕۆژی یەکەم دەستی پێکرد، پاشان دکتۆر محەمەد ڕەشید باسی لە
"لێکۆڵینەوەی تاوانەکان" کرد. دواتر بابەتی "پشتڕاستکردنەوەی
تۆمەتەکان و هۆبەی پێش دادگایی" بۆ بەشداربووان شیمانە کرد. پێش پشووی
نیوەڕۆ، دکتۆر ئاوارە حسێن بابەتی "تاوانەکانی جینۆساید" پێشکەش کرد.
تەوەری باسەکەی بە تەتەڵەکردنی چەند کەیسێکی ناو دادگا تایبەت و نێودەوڵەتییەکان
دەوڵەمەندتر کرد. دواتر بابەتی "تاوانەکان دژی مرۆڤایەتی" بۆ پارێزەران
خستەبەرباس، هاوتەریب بە ئاماژەپێدانی چەند ڕێکارێکی پراکتیکی کە پارێزەران
دەتوانن ڕەچاوی بکەن لە جوڵاندنی هەر کەیسێکی پەیوەست بە تاوانەکانی دژ بە
مرۆڤایەتی و تاوانە نێودەوڵەتییەکان. کۆتایی وۆرکشۆپەکەش بە پێبەخشینی بڕوانامەی
بەشداربوون و چرکاندنی وێنە کۆتایی بە وۆرکشۆپەکە هێنرا.