ناوەند خولێکی دوو ڕۆژی بۆ خوێندکارانی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین ڕێکخست:

ناوەند لە چوارچێوەی "پرۆژەیەکی کۆکار بۆ برەودان بە دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان"، لە ڕێکەوتی ٢٤-٢٥ شوباتی ٢٠٢٥، لە زانکۆی سەلاحەدین سەرکەوتووانە خولێکی یاسایی دوو ڕۆژی پێشکەش کرد کە تیایدا ٥٣ خوێندکاری یاسا بەشداریان کرد بۆ ئاشنابوون بە بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها، باسێکی تێر و تەسەل لەسەر هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ناوخۆیی کردنی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو لەپاڵ تیشکخستنەسەر میکانیزمی کاری تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیتاد" و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەمەڕ لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان.
دەستپێکی یەکەم ڕۆژ، پاش خستنەڕووی ناساندنێکی گشتگیر لەسەر کار و چالاکیەکانی ناوەند لەلایەن تیمی پرۆژەوە، د. کرمانج عثمان، ڕاوێژکاری وەزارەتی داد، وانەیەکی پڕ بایەخی پێشکەش کرد سەبارەت بە جۆرەکانی تاوان لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا، کە توانی بە شێوازێکی زانستیانە بنەما تیۆری و پراکتیکییەکان ڕوون بکاتەوە. پاشان، د. توانا حەسەن، وانەیەکی پڕ زانیاری پێشکەش کرد سەبارەت بە دەروازەیەک بۆ یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کە توانی بە شێوازێکی ئەکادیمی خوێندکاران ئاشنا بکات بە بنەما سەرەتاییەکانی ئەم بوارە گرنگە.
لە دەستپێکی ڕۆژی دووەمدا، د. سۆران بەرزنجی، ڕاوێژکاری پەرلەمانی وانەیەکی پێشکەش کرد سەبارەت بە هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ناوخۆیی کردنی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەزموون و یادی ئەو هەوڵانەی خستەبەرباس لەپاڵ ئاڵانگاریەکانی ئەم پرۆسەی بەناوخۆیکردنە. پاشان، خاتوو بانۆ عومەر، کارمەندی پێشووی یونیتاد، وانەیەکی پێشکەش کرد سەبارەت بە میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ خوێندکارە بەشداربووەکان و چۆنێتی بەکارهێنانیان لە لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان لەناو دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکاندا.
لە کۆتایی خولەکەشدا، بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژی یاسا ڕێزدار (د. بەختیار سابیر) و تیمی یاوەری، بڕوانامەی بەشداربوون پێشکەش بە خوێندکارانی بەشداربوان کرا. پاشان بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە تیمی ناوەند و ڕاهێنەران کرا لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدین، لەپای کۆشش و ماندووبوونیان. ئومێدی بەردەوامیان خواست بۆ ناوەند کە بەردەوام بێت لەم هەوڵ و کۆششە زانستیە کە ئاسۆی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا فراوانتر دەکات بە ئاراستەی ئاشنابوونیان بە تەوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی و فراوانبوونی ئاسۆی بیرکردنەوەی زانستیان.