ناوەند لە ١٧ی مارسی ٢٠٢٥، لە پارێزگای سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی سازاند بۆ کۆمەڵێک کەسایەتی ئاینی و نوێنەری ئاینزا جیاوازەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی کۆششمەندی بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی ئاین و باوەڕ لە هەرێمی کوردستاندا، کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ستیفانۆس پشتگیری دەکرێت. کۆبوونەوەکە بە تیشکخستنەسەر کاروچالاکیەکانی ناوەند لە ساڵانی ڕابردوو و هەنوکەدا لەلایەن تیمی پرۆژەوە سەرڕێخرا. پاشان بە ڕێبەرایەتی بەڕێز خدر دڵۆمی ئاراستەی باس و خواسەکان کرا. ئەوەی شایەنی باسە بەشداربووان لە پێکهاتە ئایینیە جیاوازەکان بوون، لەوانە: موسڵمانانی سوننە و شیعە، کاکەیی، بەهایی، زەردەشتی، ئێزدی، فەیلی و کۆمەڵگەی مەسیحی. کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆیەک لەسەر تێگەیشتنی نێوان ئایینەکان و گرنگی ئازادی ئایین و بیروباوەڕ لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد. هەروەها، بەشداربوان تیشکیان خستە سەر فاکتەرە سەرەکیەکان کە پەیوەندی باش و پرسی ڕەنگاڵەیی لە نێوان گروپە ئایینیە جیاوازەکان بەهێز دەکەن. سەرباری ئەمە، بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بنەمای مرۆڤبوون جەوهەری تەواوی ئاینزا جیاوازەکانە. بابەتی پەراوێزخستن و پەڕگیری ئارایشێکی ڕۆژەڤە، پێویستی بە هەوڵی هەموانە هەتاکو ڕیشەکێش بکرێت، ئەویش بە پتەوکردنی گیانی پێکەوە ژیانە لە ئاستی تاک و کۆمەڵگەدا.
لەکۆتاییدا، لە میانەی ئێوارە خوانێکی بەربانگدا کۆبوونەوەکە بە باس و خواسی کلتور و جۆری خواردن لەناو ئاینزا جیاوازەکان بە کۆتایی هات.