لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی بەڕێز ئەدریان ئایسڵستاین، کونسوڵی گشتی هۆڵەندا، خاتوو سیسکا، سکرتێری دووەم، و نوێنەرانی دامەزراوەی دادپەروەری کەڤین، لە کونسوڵخانەی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە پارێزگای هەولێر، تیمی ناوەندی بەشداریان لە دیدار و گفتوگۆیەکی هەمەلایەن کرد لەگەڵ بەڕێز: (سایمۆن مینکس)، داواکاری گشتی هۆڵەندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز مینکس چەند باسێکی خستەڕوو لەمەڕ ئەو کاروچالاکیانەی کە ساڵانێکە سەرڕێی خستوون لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا. هەروەها، تیشکی خستەسەر ئەزموونی کارکردنی لە کەیسی ئەو کۆمپانیا هۆڵندیانەی کە تێوەگلابوون لە هاوکاری ڕژێمی پێشوو بۆ دەستخستنی چەکی کۆمەڵکوژ، ساڵانی کار و بەدواداچوونی لە جینۆسایدی ئێزدیەکان باسکرد.
سەربار، تیمی ناوەندی تیشکیان خستەسەر خەرمانی کاروچالاکی ناوەند لە بواری بە ناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، ئامادەکردنی پرۆژە یاسای پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، پرسی دژە-جیاکاری. زیاتر، پرۆژەکانی ناوەند لە بەهێزکردنی ڕۆڵی یاسا و خێزانی دادوەری هەرێمی کوردستان بەئاراستەی ئاشنابوونی زیاتر بە ڕەهەندەکانی یاسای نێودەوڵەتی خرانە بەرباس.
ئەوەی شایەنی باسە، بەڕێز مینکس ڕوانگەکانی خۆی خستەڕوو سەبارەت بە سیستەمی دادوەری عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ پێشخستنی ڕێگاکانی دادوەری بۆ کۆتایی هێنان بە دەستپارێزی و دەستگەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەموو قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق و وڵاتە ئەوروپاییەکان. هەروەها، بەڕێز ئەدریان ئایسڵستاین بیروبۆچوون و پشتگیری خۆی نیشاندا بۆ بەهێزکردنی ڕایەڵەکانی نێوان دامەزراوە و ڕێکخراوە یاساییەکانی حکومەتی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان و ناوەند وەک ڕێکخراوێکی کارا لەم بوارەدا بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو ئاڵەنگاریانەی کە لەبەردەم خێزانی دادوەری هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا هەن لە لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا.