سەرەتا ئینفۆگرافیک

نوێترینەکان

بەرگریکردن لە دەوڵەت و لە مافەکانی مرۆڤ

مادەی ٥١ی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت لە مافی دانەبڕاوی بەرگریکردن لە خۆ دەکاتەوە، چ تاکلایەنە و چ بەکۆمەڵ، لە سەروەختی هێرشی سەربازیدا. ڕاستە مادەکە باسی چۆنێتیی بەکارهێنانی هێز دەکات، بەڵام هەر ئەوەندەی هێز بەکار هێنرا، پەیوەندیدار دەبێت بە هەردوو یاسای مرۆیی و مافەکانی مرۆڤیشەوە. یاسای بەکارهێنانی هێز و هەردوو یاسای مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ، تەواوکەری یەکترن و پێکڕا پەیوەستن بە کەرامەتی تاکەکەس و مەدەنییەکانەوە لە کاتی ئاشتی و جەنگیشدا.
ئەو وەڵامدانەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لە سایەی ئەو مادەیەدا ئەنجام دەدرێن، دەکرێت ببنە هۆی زیانی گیانی، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و پێلەقەبوونی هەندێک لە مافەکان، لەوانەش مافی ژیان، ئازادی و سەلامەتیی جەستەیی. یاساییبوونی بەکارهێنانی هێز لەبەر ڕۆشنایی مادەکەدا، دەوڵەتان لە ئەرکی تەریبی خۆیان لە سایەی هەردوو یاسای مرۆیی و مافەکانی مرۆڤدا، نابوورێت.
وەک ئەوەی دادگای نێودەوڵەتیی داد لە دۆسیەکانی بۆچوونی ڕاوێژکارانەی دەرهەق بە یاساییبوونی هەڕەشە یاخود بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی(١٩٩٦) و کۆنگۆ دژی ئوگەندا (٢٠٠٥)دا جەختی لێ کردووەتەوە، یاسای مرۆیی لەو کاتانەشدا کە دەوڵەتان بە یاسایی و لە دۆخی بەرگریدا هێز بەکار دەهێنن، هەر دەچەسپێت، واتە مافی بەگریکردن لە خۆ، نابێتە هۆی بوواردنی دەوڵەتان لە بەرپرسیارێتی لە سایەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تردا.
لە پەیوەندیی بە عێراقەوە، مادەی ٥١ لەلایەن چەند دەوڵەتێکەوە بەکار هێنراوە، وەک دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا دژی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک داعش. ئەو ئۆپەراسیۆنانە هەرچەندە وەک بەرگریی دەستەجەمی لەقەڵەم دراون، نیگەرانیی توندیان لە پەیوەندیی بە پاراستنی مەدەنییەکان و بنەمای گونجاوێتیی بەکارهێنانی هێزەوە لێ کەوتووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەی دانیشتووانی چڕدا. جگە لە هەندێک پێشێلکاریی بەرچاو، وەک ئەوەی ئەمەریکییەکان پاش ٢٠٠٣ لەگەڵ دیلە زیندانییەکانی ئەبو غرێبدا کردیان. هەرچی هەرێمی کوردستانە، بەو پێیەی لە نێوان بەرداشی هەڕەشە تێرۆریستییەکان و دەستوەردانی بیانیدایە، پەیوەندیی مادەی ٥١ لەگەڵ پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا، وەک ئاڵنگارییەکی یاسایی و ئاکاریی قورس دەمێنێتەوە.
بەکورتی، لەکاتێکدا مادەی ٥١ بنچینەیەکی یاسایی بۆ بەکارهێنانی هێز دەڕەخسێنێت، دەبێت ئەو بەکارهێنانە لە چوارچێوەی هەردوو یاسای مرۆیی و مافەکانی مرۆڤدا بێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرپرسیارێتی و پاراستنی مەدەنییەکان.