مافەکانى مرۆڤ کۆمەڵێک نۆرم و بنەما و بەهان، هەموویان تێکەڵى یەک و پەیوەست پێکەوە و شیاوى دابەشکردن نین و پێکەوە مانادارن. مافەکانى مرۆڤ بەبێ هیچ جیاوازییەکى ڕەچەڵەکیى، ئاینیی، نەژادیى، ڕەگەزیى، سیاسیى، کولتووریى و کۆمەڵایەتیى و ئابووریی بۆ هەموو مرۆڤێکن، بەشێکیان تەنانەت لە پێش لە دایکبوونەوە و لە منداڵدانى دایکەوە درووست دەبن و بەشێکیشیان هەتا دواى مردنیش درێژ دەبنەوە. بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، مرۆڤەکان سەر بە هەر چین و توێژ و پیشەیەک بن، هەڵگری ئەو مافانەن. ئەم یاسایە پاش جەنگی جیهانیی دووەم، کە ملیۆنان مرۆڤ تێیدا کوژران، بریندار بوون، ئەشکەنجە دران، ئاوارە بوون، نانبڕاو بوون. بە دیاریکراوی لە ١٠/١٢/١٩٤٨ پاش ئەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤی دەرچوواند. یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ بووە لقێکى بنەرەتى یاساى نێودەوڵەتیی. بە گشتی، یاسای مافەکانی مرۆڤ لە نۆ پەیماننامە پێک دێت، کە هەر یەکێکیان تایبەتە بە بەشێک لە مافەکان، یان بە کۆمەڵەیەک لە مرۆڤەکانەوە، ئەوانیش:
پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (١٩٦٦).
پەیماننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان (١٩٦٦).
پەیماننامەی نەهێشتنی جیاکاریی نەژادی (١٩٦٥).
پەیماننامەی نەهێشتنی جیاکاری دژی ژنان (١٩٧٩).
پەیماننامەی نەهێشتنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە و دڵڕەقانە (١٩٨٤).
پەیماننامەی مافەکانی منداڵ (١٩٨٩).
پەیماننامەی مافی کرێکارانی پەنابەر و کەسوکاریان (١٩٩٠).
پەیماننامەی دژی ونکردنى بەزۆر (٢٠٠٦).
پەیماننامەی مافی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت (٢٠٠٨).
بەو پێیەی دەوڵەتان، ئەکتەری سەرەکیین لە یاسای نێودەوڵەتیدا و هەر ئەوانیش دەسەڵاتی واژۆکردن و جێبەجێکردنی پەیماننامەکانیان هەیە، بۆیە دەوڵەت بەرپرسی یەکەم و ڕاستەوخۆیە لە چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ. بەو پێیەش، دەوڵەتان ئەرکدار و بەرپرسیارن لە ڕێزگرتن، پاراستن و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ. ڕێزگرتن: واتە دەبێت دەوڵەت ڕێگر نەبێت لەوەی مرۆڤەکان ئەو مافانەیان هەبێت.
پاراستن: واتە دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنی مرۆڤەکان، بە تاک و بە کۆ، لە سەروەختی پێشێلکردنی مافەکانیاندا.
چەسپاندن، واتە دەوڵەت دەبێت هەنگاوی کرداری هەڵبێنێت بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان خۆش بکات.
بە هەمان پێودانگ، عێراق وەک دەوڵەتێک، هەمان ئەو ئەرکانەی لەسەر شانە. جگە لە پەیماننامەی مافی کرێکارانی پەنابەر و کەسوکاریان، عێراق هەشت پەیماننامەکەی تری واژۆ و پەسەند کردووە. وەک بەشێک لە ئەرکەکانی، عێراق لە ٢٠٠٨دا کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی دامەزراند، کە پەیوەستە بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە. کۆمسیۆنەکە سێ ئەرکی سەرەکیی هەیە:
مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن و پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتدا.
پاراستنی ئەو ماف و ئازادییانەی کە لە دەستووری وڵات و ئەو پەیماننامانەدا هاتوون کە عێراق واژۆی کردوون.
چەسپاندن و برەوپێدان و پەرەپێدانی بەها و کولتووری مافەکانی مرۆڤ.
لە هەرێمی کوردستانیش لە ٢٠١٠دا یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا، دەرکرا. بەپێی یاساکە، دەستەکە بەرپرسە لە چاودێریی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە بەر ڕۆشنایی ئەو پەیماننامانەی حکومەتی فیدراڵ واژۆیان دەکات. واتە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، عێراق بڕیار دەدات کام پەیماننامە واژۆ بکات و کامیان نەکات. هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵ، ناتوانێت ڕاستەوخۆ پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ واژۆ و جێبەجێ بکات.