منداڵ، بەپێی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و یاسای مەدەنیی عێراقییش، هەر کەسێکە هەژدە ساڵی تەواو نەکردبێت. بەو پێیەی مرۆڤ لەو کات و تەمەنەدا توانای هەڵگرتنی بەپرسیارێتی و بڕیاردانی نیە، بۆیە ئاوڕدانەوەی جدی لە مافەکانی، پێویستییەکی هەنووکەیی و هەمیشەییە.
دایباب، مامۆستایان، ڕاگەیاندنکاران، لە سەرووی ئەوانیشەوە حکومەت، پێکڕا بەرپرسیارن لە دابینکردن و ممسۆگەرکردنی مافەکانی منداڵ. دەبێت حکومەت و پەرلەمان و دادوەری و تەنانەت کەرتی تایبەتیش، لە هەر بڕیار و ڕێوشوێنێکی دەیگرنە بەر، باشترین بەرژەوەندیی منداڵان لەبەرچاو بگرن. بەگوێرەی پێودانگە نێودەوڵەتییەکان، منداڵ مافی ژیان و مانەوە و پەرەپێدانی هەیە. مافی هەبوونی ناو و ناسنامە، دەربڕین و خۆبەیانکردن و ئازادیی ئاین و باوەڕ و بیرکردنەوەی هەیە. منداڵ دەبێت پارێزراو و دوور بێت لە توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی، لە بازرگانیکردن پێوەی، لە پشتگوێخستن و مامەڵەی نەشیاو و بەکارهێنانی بۆ مەرامی دیکە، لەوانەش مەرامی سێکسی.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک یاسا هەن، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیان و چۆنێتیی ژیانی منداڵانەوە. لەوانە دەستووری عێراق، یاسای باری کەسی ، یاسای چاودێریی ناکامەکان ، یاسای چاودێریی نەوجەوانان ، یاسای کار ، یاسای ڕەگەزنامە ، یاسای سزادان ، لەگەڵ یاسای توندوتیژیی خێزانیی هەرێمی کوردستان. بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، یاسایەکی تایبەت بە پاراستن و مافەکانی منداڵ نیە. ئەوەش لەکاتێکدا لە هەردوو پەرلەمانی وڵات، ساڵانێکە پرۆژەیاسا هەیە، بەڵام لەبەر ڕێگری و کەمتەرخەمی، تا ئێستا نەخوێنراونەتەوە و دەرنەچووێنراون.
لەبەر خراپیی باری ئابووری و گوزەران، لەبەر لاوازیی هۆشیاریی خەڵک بە منداڵ و قۆناغەکانی منداڵی، لەبەر نەبوونی دیدی نیشتمانی و بنیاتنەرانە، مافەکانی منداڵ وەک پێویست بەهەند ناگیرێن. کارکردنی منداڵان لە عێراق و هەرێمیش، ئاسایی سەیر دەکرێت (کە ڕەنگە ئەم کارە هەندێک جار کارەکە قورس بێت و لەگەڵ جەستەیی منداڵدا نەگونجێت. یان کاتەکەی نەشیاوە، وەک ئەو منداڵانەی تا درەنگانی شەو لە دەرەوە دەمێننەوەو کار دەکەن). بەو پێیەی لە وڵاتدا هەندێک کێشەی گەورە و سەرەکی هەن و زەق هەن، لەوانەش نایەکسانیی جێندەری، منداڵانیش لەو کێشەیە بەدەر نین و جیاکاری لەنێوان منداڵی کوڕ و کچدا بەدی دەکرێت. لە لایەکی ترەوە، ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی منداڵان (خوار تەمەنی هەژدە ساڵی) بەپێی یاسای باری کەسی، قەیرانێکی گەورەیە و هەر لەو تەمەنەوە منداڵ لە زۆرێک لە ماف و ئازادییەکانی بێبەش دەبێت و زیانێکی زۆریش بە جەستە و دەروونی دەگات، بەتایبەت بۆ کچان لە سەروەختی سکپڕی و مناڵبووندا.
دەکرێت ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و یاساییەکان، فشار بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمیش بێنن، بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکان بکەن بە یاسا و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش ناچار بە جێبەجێکردنیان بکەن. لە وڵاتدا جگە لە نەبوونی یاساکان، کێشەی پشتگوێخستنی و ناسەروەریی یاسا، دیاردەیەکی بەرچاوە. هۆکارەکەش بە پلەی یەکەم، نەبوونی ویستی سیاسیی ڕاستەقینەیە، ویستێک کە بتوانێت بەسەر بیرکردنەوەی خیڵەکی و نەریتییدا زاڵ بێت. ئەگەرنا چۆن دەبێت لە وڵاتدا زیاتر لە ٩٠٪ی منداڵانی تەمەن یەک تا چواردە ساڵ، توندوتیژییان لەگەڵ بکرێت! ساڵانەش نزیکەی دوو هەزار سکاڵای توندوتیژی بەرامبەر منداڵان، تۆمار بکرێن!